Sunday 22 December 2013

فاشیزم هات ... بابڕۆینەوە بۆ ماڵ و دانیشین ؟؟!!ا



هەڵەترین تەفسیرێک لە کۆی قسەکانی من سەبارەت بە فاشیزم کرا بێت، بەرخوردی هەندێک برای نوسەرە، کە بۆچوونی من  وا تەفسیردەکەن، گوایە تێزەکەی من بەمجۆرەیە «لە کوردستان فاشیزم باڵادەستە.. ئیتر هیچ ناکرێت، تەواو بابڕۆینەوە ماڵ و دانیشین و چاوەڕێبین، بزانین کەی کۆتایی دێت».
ئەم لێکدانەوە و دەرەنجامگیرییە لەوەوە نەهاتووە کە من لە هیچ جێگایەکدا شتێکی لەوجۆرەم گووتبێت، یان بۆچوونێک لە بۆچوونەکانم دەرەنجامگیری وای لێ بکرێت.  ئەم قسانە بە هەر بەهانەیەک و بۆ هەر مەبەستێک بن، بە هۆیەکی گونجاویان دەزانم، قسەیەکی زۆرتر لەسەر کێشەکە بکەم و ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر بۆ ئەو برا ڕەخنەگرانە بنوسم، بەڵکو تێبینییەکانم مایەی لێک تێگەیشتنی زیاتر بن.
کاتێک قسە لە فاشیزم دەکەین، مانای دەسەڵاتی سیاسی و سیستم، بە شێوازە سادە و کۆن و دووبارەکان، قابیلی تێگەیشتن  و ڕووبەڕووبوونەوە نین. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، زۆرینەی کەرەستە و فۆرمە کۆنەکانی بەرەنگاری لەگەڵ دەسەڵاتدا، بوون بە بەشێک لە خودی سیستم و لەکارکەوتون. گووتار و دروشمە تەقلیدییەکان، ئێستا چەندە توڕە و ئاگراوی و ئینفیعالاتی دەربکەون و نمایش دەربهێنن و قسەبکەن، هێندەی تر بەرەو ئەم دونیا و واقعەمان دەگێڕنەوە کە ئێستا تێیدا دەژین. قسەکردن لەسەر فاشیزم هیچ کات بەو مانایە نییە ناوێکی خێرا و توند و توڕە لە سیستمی ئێستامان بنێین و بڕۆینەوە بۆ ماڵ، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنەوە لە سەرەتاوە، بۆ خۆپاکردنەوە لە کۆمەڵێک تێزی ڕێگر کە ناهێڵن بە روونی پەیوەندی سیستم و دەسەڵات وەک خۆی ببینین، واتە ڕەخنەکردنی ئەو جیهانبینییەی کە شتەکانی لە قاڵبداوە و ڕوانینی ڕۆشنبیرانی ئێمەی لە بازنەی سیاسی تەسکدا بەستۆتەوە، بەجۆری لەو بازنەیەوە تەنیا ئەوە دێتەدەرێ کە پێشتر هەبووە. زاراوەکە جگە لەوەی زەمینەی مێژوویی و واقعی خۆی هەیە، لە رووی میتۆدییەوە بەجۆرێکە بکرێت دوور لە دانانی دوکانی سیاسی و حەماسەتسازی و خۆ بە شەمشون زانین، بیر لە دونیای خۆمان و گۆڕینی بکەینەوە. وشەی فاشیزم هیچ کات بۆئەوە نییە کە کار بۆ گۆڕینی دونیا نەکەین، بەڵکو شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوە و کارکردنی ئێستامان بگۆڕین. وشەکە هەوڵە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ڕوانین و ئاسۆکانی بینینمان دەرهەق بەو جیهانەی تێیدا دەژین، بە نیازی تێگەیشتن لەو دەریایە لە خوێن کە زیاد لە سەدەیەکە خۆرهەڵات تێیدا نوقمە، هەوڵە بۆ بیرنەکردنی قوربانییەکانی رابوردوو و قوربانییەکانی داهاتووش، گرێدانەوەی بازنەکانی توندوتیژییە بەیەکەوە، جیانەکردنەوەیە لە نێوان قوربانییەکاندا بە هۆی نەتەوە و ڕەگەز و ئینتیماوە. لە ڕاستیدا هیچ کات ئەوە ناشارمەوە کە هەتا بەبێ زاراوەی فاشیزمیش، دوور لە هەر جەبر و ناچارییەک کە ئەم زاراوەیە دەیسەپێنێت، باوەڕم بەوەیە کە پێویستییەکی گەورەمان بە گۆڕینی پارادایم لە خوێندنەوەی سیستمی سیاسی لە کوردستان و خۆرهەڵاتدا هەیە.  بەبڕوای من زاراوەی فاشیزم زنجیرەیەک وەزیفەی گرنگمان بەسەردا دەسەپێنێت، کە جیاوازە لەو وەزیفەیەی ئینشانوسەکان و عاتیفە فرۆشەکان بازاڕیان بۆ گەرمکردوە، کە هەندێکیان بەمجۆرە کورت دەکەمەوە.
یەکەم/ باوەڕم وایە ڕەخنەی سیاسی لە کوردستان لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدا دەژی، بووە بە ریتۆریکێکی سواو و زانراو و بێکەڵک، کە جگە لە ئینشانوسی سیاسی  هیچی تر بەرهەمناهێنێت. ئەم ڕەخنەیە جگە لەوەی هیچ شتێکی گرنگمان دەربارەی دونیای خۆمان پێ ناڵێت، بووە بە دامەزرێنەری کولتوورێکی سیاسی، گەرچی زۆر ئاگرین و شۆڕشاوی خۆی نیشاندەدات، بەڵام هەموو ئەو نمایشەی لە ڕاستیدا بۆ شاردنەوەی بەتاڵییەکی ناوەکی و هەژارییەکی قووڵە لە رادیکالیزمدا. ئەم رەخنەیە، سنوورەکانی کاری ڕەخنەگرانە، لە داوای ریفۆرمی سیاسی بچوکدا گەمارۆ دەدات، بۆ سنووردارکردنی وەزیفەی ڕەخنە لە دونیای ئێمەدا ئیشدەکات، جۆرە ڕیتۆریکێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییە بۆ خۆدزینەوە لە بیرکردنەوەی زیاتر و دوورتر لە سیستم. بەو مانایەی کە ڕەخنە لە دەسەڵاتی «پارتی و یەکێتی» لە ڕەخنە لە تەواوی کایەی سیاسی جیادەکاتەوە، دەسەڵاتی کوردی وەک زادەی سیستمی سیاسی کوردی و کوڕی کولتوورێکی دێرینتر و قووڵتر تەماشاناکات و تەواو لە ڕەخنەگرتنی گشتی جیای کردۆتەوە، واتە تەنیا بەشێکی دونیای سیاسی ئێمە دەخاتە بەر سەرنجی خۆی و بەشەکانی تری دەنێتە لاوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو سیستمی سیاسی کوردی لە سیستمی سیاسی خۆرهەڵاتی دادەبڕێت و وەک جەستەیەکی جیاواز و ناوازە و دابڕاو تەماشایدەکات، هەموو پردەکانی پەیوەندی و ئەڵقەکانی وابەستەگی لە نێوان سیستمی سیاسی ئێمە و سیستمی کەپیتالیستی دونیادا دەپسێنێت و لە بری ئەوەی ئەم پەیوەندییە وەک یەکێک لە کێشە هەرە جەوهەرییەکانی دونیای ئێمە ببینێت و دەسەڵاتی کوردی بە ئەڵقەیەکی تایبەتی  ناو سیستمێکی گلۆباڵ سەیربکات، وەک جیهانێکی سەربەخۆ تەماشایدەکات کە پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە سیستمێکی یۆنفێرسالی لە خۆی گەورەترەوە نییە، لەوەش بگوزەرێت ڕیشەکانی خوێندنەوەی ئەم سیستمە هەم لە مێژووی کۆمەڵایەتی ئێمە و هەم لە مێژووی مۆدێرنە دادەبڕێت... بە کورتی «ڕەخنەی سیاسی» لە کوردستان لە دۆخی قەیراندایە، تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە تەنیا بە بەهێزکردنی ئاسۆکانی ئەم ڕەخنەیە و دەرچوون لە جوغزە تەسکەکانی ئێستای دێتەدی.
دووەم/ قسەکردن لەسەر فاشیزم مانای ئەوە نییە هیچ نەکەین، بەڵکو بیرێکی نوێ لە پەیوەندی تیور و پراکسیس بکەینەوە. لە ڕاستیدا بە بڕوای من ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ ماڵ و وازیان لە پرۆژەی گۆڕینی دونیای ئێمە هێناوە، ئەوانەن کە چەمکی گۆڕانیان لە فۆرمی «ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی» دا تواندۆتەوە. چەمکی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان و لە خۆرهەڵاتدا بە گشتی لە هەموو ریشەیەکی تیوری پچڕاوە. بیرکردنەوەی سیاسی هاوچەرخ لە هەوڵی پراکسیسی نوێ پچڕاوە. گەرچی ڕۆشنبیرانی ئێمە تەواو لە «چالاکوانی ـ ئەکسیۆنیزم» دا نوقمبوون، بەڵام لەو بوارەشدا خەیاڵیان بەجۆرێک خنکاو و بێبەرهەمە، کە جگە لە ڕێکخستنی هەندێک پرۆتێستی نمایشی بێ کاریگەر و جگە لە دەرکەوتن لە هەندێک بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا، شتێکی دیان نەجوڵاندوە. لەمڕوەوە باوەڕم وایە بەبێ گێڕانەوەی نرخ بۆ تیورە، ئەستەمە بتوانین بیر لە پراکسیسێکی سیاسی نوێ بکەینەوە. گێرانەوەی بایەخ بۆ تیورە بەشێکی گرنگی دروستبوونی پراکتیکی نوێیە. خۆدزینەوەی بەردەوام لە کاری تیوریزەکردنی سیستم خۆدزینەوەیەکی بەردەوامیشە لە پرۆسەی گۆڕینی راستەقینەی سیستم، ئۆپۆزسیۆنێکی بێ فیکر و بێ تیورە هەر دیوی ئەودیوی دەسەڵاتێکی بێ فیکر و بێ تیورەیە. قسەکردن لەسەر فاشیزم مانای ئەوە نییە بڕۆینەوە بۆ ماڵ، بەڵکو سەر لە نوێ تیوریزەبکەینەوە و پراکسیسی کاراتر تاقیبکەینەوە، یان هیچ نەبێت بیر لە پەیوەندی تیور و پراکسیس بخەینەوە ناو باس و بیکەینەوە بە بابەت، واڕەفتارنەکەین وەک ئەوەی ئەمجۆرە لە چالاکی سیاسی کە ئێستا هەیە، بەس بێت بۆ ئەم هەموو گەشبینییە درۆزنەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاودەکرێتەوە.
سێهەم/ چەمکی فاشیزم، مانای ئەوەی جەنگ لەگەڵ سیستمدا لە یەک بەرە و یەک کایەدا نییە. ئەم چەمکە بانگەشەیە بۆ دۆزینەوەی ڕیشەکانی ستەم و توندوتیژیی لە ناو کۆی ئەو پرۆسە دەرونی و مێژووییەدا کە دوای هاتنی مۆدێرنە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا بۆ ناوچەکە دەست پێدەکات. ئەمە مانای جەنگ لەگەڵ سیستمدا بە جەنگی بچوک ناکرێت، بە چەکی سیاسی ڕووت ناکرێت، فاشیزم تەنیا ڕیشەی سیاسی نییە، تا تەنیا بەسیاسەت بڕوخێت. گۆڕان لە سنووری ئەو ئەگەر و ئەلتەرناتیڤانەدا نایەتەدی کە هەر خودی سیستم خۆی دەیانکێشێت، بەڵکو لەدەستبردن بۆ ئەو هەرێمانەدا دێتەدی کە وادەزانین مەحاڵ و ئەفسانە و یۆتۆپیان، هەر شتێک سیستم وەک مەحاڵ و دەرەبیر و ناماقوڵ و ترسناک سەیریبکات، دەبێت لای ئێمە وەک کەرەستەی شۆڕشگێڕانە سەیربکرێن. جیاوازی فیکری تازەگەریی رادیکال، لەگەڵ فیکری ڕیفۆرمیست و پۆزەتیڤیستدا لەوەدایە کە جورئەتی بیرکردنەوەی لە نامومکین هەیە، هێنانەدی مەحاڵ و خەون دەهێنێتەوە ناو چالاکی سیاسی. بەبڕوای من کەسانێک ئاڵای سپیان هەڵکردوە کە  وادەزانن گۆڕان بە دروستکردنی پارتێکی سیاسی دەست پێ دەکات و بەویش تەواو دەبێت. فاشیزم خۆی تۆڕێکی چنراوە و ڕیشەکانی لە ناو ئەو سیستمە سەمبولییەدا هەیە کە دونیای پێ دەخوێنینەوە و ژینگەی خۆمانی پێ تەفسیردەکەین، گرنگ بەرەنگاری تەواوی ئەو سیستمە دەلالی و زمانەوانی و ڕەمزییەیە کە سیستم لە نەست و هەست و ڕەفتار و دونیابینی ئێمەدا چاندوێتی. مەسەلەکە تەنیا گۆڕینی بیرکردنەوەمان نییە لە سیستمی حوکم، بەڵکو جورئەتی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو هاوکێشانەن کە سنوری «ئەگەر» لە «نائەگەر» «مومکین» لە «نامومکین»، «ئاسایی» لە «نائاسایی» جیادەکەنەوە. سنورەکانی جەنگ لەگەڵ فاشییەتدا گەورەترە لەوەی بکرێت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تەواوبێت، جەنگێکە لە دەرونی مرۆڤەکانەوە دەیگرێتەوە تا ناو زمان، ناو پەروەردە، ناو سیستمی عەقڵیمان. شەڕی فاشیزم، شەڕێکە هیچ کەس ناتوانێت لە بری هەمووان بیکات،هیچ کەس ناتوانێت لە بری تەواوی کۆمەڵگا ڕابەر و سەرکردە و کاریزمای ناو ئەم ململانێیە بێت، چونکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەموو ئەو چەمکانە، بەشێکن لە فەرهەنگە فاشیستییەکەی کایەی سیاسی خۆی، جەنگێکە مرۆڤ بەرامبەر بەرپرسیارێتییە راستەقینەکانی دەرهەق بە ئازادی خۆی رادەگرێت. جەنگێک نییە ڕۆشنبیر لە جیاتی کۆمەڵگا و بۆئەوانی تر بەرپایبکات، بەڵکو وابەستەی توانای هەموو مرۆڤێک خۆیەتی لەسەر ئازادی، واتە لە قووڵاییدا لەسەر شکاندنی ترس لە ئازادی کاردەکات نەوەک تەنیا شکاندنی ترس لە دیکتاتۆرییەت. جەنگێکە کۆتایی بەو خورافەتە دەهێنێت کە سەرکەوتنی حیزبێک، رزگارکردنی بەرەیەک یان هێزێک یان گروپێک ئۆتۆماتیکی بە مانای رزگارکردنی تاکەکان و مرۆڤەکان بێت. کە دەڵێین فاشیزم لێرەیە، واتە بە هەموو مرۆڤێک بڵێین، لەم جەنگەدا هیچ کەس ناتوانێت نوێنەری کەسێکی تر بێت، چەمکی نوێنەرایەتیکردنی ڕۆسۆیی وەک چەمکێکی دەبەنگانە و سواو دەچێتە دواوە، بۆئەوەی بەر پرسیارێتی ئەخلاقیانەی مرۆڤ بەرامبەر ئازادی خۆی بێتە زمان. ئاگادارکردنەوە لە فاشیزم، هەر ئاگادارکردنەوە نییە بەتەنیا لە دیکتاتۆرییەت، بەڵکو هەوڵێکە تا نوێنەرە درۆزنەکانیش نەچنە جێگای ئیرادەی ئێمە.


No comments:

Post a Comment