Saturday 8 February 2014

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی چوار




 ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی چوار 
دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا


مەنسور تەیفوری: سیماگۆڕکێیەکی سەیری شەڕر یان شەیتان هەیە کە هەوڵدەدەم لێرەدا کەمێک وێنەی بکێشم: لە ئوستوورەکانی
 میزۆپۆتامیادا شەیتان سیمای هەیە، بەشێکە لە کایەکان و زوو زوو قوربانی دەکرێت و دەگەڕێتەوە کایەکان، بەڵام نامرێت، وەک ئوستوورەی خولقاندنی بابلی و ئاتراحاسیس. لە کتێبی پیرۆز، هەر دوو بەڵێنەکەدا، شەیتان بەشێکی هەمیشەییە لە کایەکان، دێت و وەسوەسە و خەڵەتاندنی تایبەتی خۆی پێیە، کارەکانی قابیلی بەدیکردنن و جار جاریش تەنانەت نەبی دەتوانێت قسەی لەگەڵ بکات، وەک نموونەی عیسا لە خەڵوەی چل رۆژەیدا کە شەیتان دەبینێت و قسەی لەگەڵ دەکات، یان  لە بینینەکانی یووحەننادا دەبینین کە شەیتان لە ئاخرزەماندا دەردەکەوێتەوە دەبێ بە دەستی یاوەرانی بەرخەکە یان مەسیحا بگیرێت و زیندان بکرێت، تا ئەو کاتەی کە دیسان دێتەوە. لە دەقە ئیسلامیەکانیشدا شەیتان سەروەری یەکەمی زەمینە پیش ئەوەی مرۆڤی تێدا بخولقێنرێت، مرۆڤیش لەو خاکە دەخولقێنرێت کە پیشتر خوێنی تێدا کراوە. بەڵام دوای نەمانی ئەم دەقانە و هاتنی دوایین پێغەمبەرەکان یان هاتنی مەسیحا، چیدی جیهان مەسیحاییە و سیمای شەیتان کاڵ دەبێتەوە. ئەم نەمانەی شەڕر تا سەردەمی ئەدەبی رۆمانتیک و هاتنی فرانکشتاین و دراکوولا دەخایەنێت، بەڵام دراکوولا چیدی کەسایەتیەکی شارییە، مۆدێرنە، جلی مودێرنی لەبەرە و دانیشتووی هەرێمی شەوە. خوازەی دراکوولا لای مارکس دەبێتە سەرمایە، واتە ئەو کاتەی مارکس سەرمایە بە کاری مردوو ناو دەبات کە بە مژینی کار دەژی.هەر لەم کاتەدا لای بوودلێر شەیتان لە خەودا خۆی لە سێ شیوەدا دەردەخات: خاوەنی میدیاکانی جیهان کە دەتوانێت بە بووقێکی گەورە هەموو دنیا بجوولێنێت؛ سیمای دووهەم خاوەن پارەیەکی گەورەیە کە رەنجی مرۆڤەکان لە سەر لەشی هەڵکۆڵراوە؛ سیمای سێهەم ژنێکی جوانە کە دەتوانێت هەموو دەسەڵاتەکان دەستەمۆ و کەوی بکات- بەڵام لە راستیدا عەجووزەیەکی ناشیرینە. ئەوان بوودلێر هەڵدەخرێنن و ئەو بە داخەوەیە کە ئەمانە بۆچی کاتێک بەخەبەرە و ئاگای لە خۆیەتی نایەن داوای مامەلەی لێبکەن، چونکوو بێگومان قەبووڵی دەکات. دوای ئەم سیماگۆڕینە ئاگامان لە هاتنی دەوڵەتە و نەمانی هەمیشەیی سیمای شەڕر، واتە لیڤیاتان یان هەمان شەیتانی ئوستورەیی خۆی دەبێتە دامزرێنەر و بونیادنەری رێکێتی و نەزم. چما شەڕر سیمای گۆڕیبێت یان توابێتەوە، چما لە دەزگاکاندا، لە ماشینە بۆرۆکراتیکەکانی دەوڵەتدا توابێتەوە، ئەمەیە لێرەدا دەگەین بە کافکا، واتە کاتێک کە نازانین بەڵا و شەڕر لە کوێوە دێت، نازانین دادگا کێیە و چۆنە گرێگوار دەبێتە قالۆنچەیەکی گەورە. دوای ئەویش بێکێتمان هەیە و جیهانی بەتاڵ لە مرۆڤ، مرۆڤی سەرگەردان کە تەنانەت زمانیشی بە دەستەوە نەماوە. هەموو ئەمانەش تەعبیرن لەوەی دەزگاکان چۆن دەتوانن سیمای شەڕ بشارنەوە و بمانبەنەوە سەر ئەو حوکمەی بوودلێر کە " گەورەترین فێڵی شەیتان ئەوەیە بڕوا بکەین بەوەی کە شەیتان نییە". رەنگە ئەوەش ئێوە سەبارەت بە فاشیزم دەیڵێن بکرێت بخرێتە وەها دیالێکتیکێکەوە، دیالێکتیکی دەزگاییبونەوەی شەڕ، واتە فرەجەمسەریی ئەم هێزە، بێسیمابوونەکەی، وەها دەکات کە هەستی پێنەکەین، دراکوولایەک کە نا-مردووە، کەچی هەیە، کەچی هیچکات بە تەواوی نامرێت، هەر چۆن مەسیحا تەنیا شەیتان دەخاتە چالێکی بێنەوە، یان وەیلەوە و ئەو دەکرێت بگەڕێتەوە. ئەمە کۆتایی گەلێ فیلمی ژانری وەحشەتیش پێکدێنێت، وەک پێمان بڵێت " ئەو" لەوێیە.
بەختیار عەلی: ڕاستە، هەوڵێکی ترسناک هەیە بۆ ونکردنی هەموو شتەکان، زۆر گرنگە نەزانین کێ گریگۆر سامسای کردوە بە قالۆنچە، هەر وەختێک ئەو فریوەمان خوارد کە بۆدلێر باسیدەکات، ئەوکات جۆرێک لە شۆڕشگێڕ دروستدەبێت کە وەک دەبینی بە عەقڵییەتی کاوەی ئاسنگەر بیردەکەنەوە، تەنیا جەستەی پاتریارک، سەری زوحاک، واتە جەستە تەقلیدییەکەی حاکم، تاج و سەوڵەجانەکەی سوڵتانیان بۆ گرنگە ... ئەمە جۆرێکە لە سادەکردنەوەی دەسەڵات و سیستم و شاردنەوە و ئینکارکردنی، ستراتیژی فیکری فاشیستی لەسەر ئینکاری سیستەم دروستبووە، لەسەر ئینکاری ماترێکسەکە. کورتکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سیستم و ئیشکردنەکانی بۆ ژێر ناوی یەک سوڵتان، وێنەیەکە لەسەر سیستم بۆ ناو چیرۆکی  منداڵان باشە، لە چیرۆکی منداڵاندا دەتوانین شەڕ و خراپە و ناشیرینییەکان هەمووی لە وێنەی پادشایەکی توندوتیژ و دارودەستەکەیدا نیشانبدەینەوە. هەڵبەت هەر تێزێک بیەوێت مێژووی ئەم کابوسە بخوێنێتەوە کە لە خۆرهەڵات سەد ساڵە روودەدات، لەو دیو ئەم تێزەیەوە دەست پێدەکات، سەرەتای سەرەتا دەبێت ئەم تێزەیە بخاتە ئەولاوە. من هەوڵدەدەم زۆر خۆم لە وشەی شەیتان بپارێزم، گەرچی دەزانم لای تۆ تەنیا وشەیەکی میتافۆرییە، بەڵام لای ئێمە میتافۆرەکانیش زۆر بە بارگەی ئایدۆلۆژی باردەکرێن. فاشیزم لای من، جۆرێکە لە هێز یان پۆتێنسیالیتەیتی ناو پەیوەندییەکان کە زۆر زوو دەگوازرێتەوە بۆ کرداری راستەقینە، واتە لە «ئەگەری توندوتیژییەوە» لە «توندوتیژیی ڕەمزییەوە» لە «توندوتیژیی میتافۆرییەوە» دەگوازێتەوە بۆ «توندوتیژی» بۆ «جەنگ» بۆ «پێکدادانی خوێنین». بەڵام کەی دەتوانین ئەم گواستنەوەیە لە «ئەگەرە» وە بۆ «کردار» ناوبنێین «فاشیزم»، ئەوە پرسیارە سەرەکییەکەیە?. فاشیزم ناکرێت بە تەنیا یەک هێزبێت کە دەسەڵات بگرێتە دەست و بیەوێت تەواوی هێزەکانی تر سەرکوتبکات و بیانسڕێتەوە. فاشیزم دەکرێت سیفەتی چەندەها هێزبێت کە تا ئاستی یەکدی وێرانکردن و یەکدی وردکردن، خۆیان و کۆمەڵگا ڕادەکێشنە ناو شەڕێکی گەورەی مان و نەمانەوە. فاشیزم، لەو ساتەدا زۆر ئاشکرایە کە هەمەڕەنگی ئینسانی ئەوانی دی کورتدەکرێتەوە بۆ یەک سیفەت، یەک ناونیشان، یەک ڕەهەند. بۆ نمونە کورتکردنەوەی مەخلوقێک بۆ ژێر ناونیشانی ژن، یان ناونیشانی کورد یان عەرەب یان سوننی... ئەم کورتکردنەوە ترسناکە دەرگای یەکەم بۆ وێرانکردنی ئەویدی دەخاتە سەر پشت، هەنگاوی یەکەمە بۆ کوشتن و سڕینەوە و ژێر پێخستنی ئەوانی دی. ئەم کورتکردنەوەیە، شتێک نییە تەنیا لە عەقڵی حاکم و سوڵتاندا ڕووبدات تا لەوێدا بۆی بگەڕێین، بەڵکو لە سیستمی گووتار و لە ناو جیهانبینی و لە هەناوی ئایدۆلۆژیا باوەکاندا شێوەدەگرێت، لە سایکۆلۆژیادا بنجبەستدەبێت، لە پەیوەندی بونیادی سیاسی بە سایکۆلۆژیای چەپاندن و وێناکردن و سەمبولیزەکردنەوە، لەگەڵ سەرهەڵدان و بەردەستبوونی تەکنیکی سەربازی بەهێز کە پراکتیکی توندوتیژیی هەم توند و هەم ئاسان دەکات. بە کورتی فاشیزم بوونێکی ستراکتورییە، کاری بەوەوە نییە گەر سەرۆک کوڕەزای خۆی یان کوڕی پوری خۆی دانا ئەوە سوڵتانییە، گەر هاورێکەی خۆی دانا ئەوە فاشییە، ئەمجۆرە تێزانە لە بنەڕەتدا سنووری قسەکردن لە دەسەڵات و فاشیزم کورت و بچوکدەکەنەوە. هەڵبەت فاشیزمی ئێمە « لێرەدا ئاگاداربە مەبەستم لە فاشیزمە لە فۆرمە کوردییەکەیدا». فاشیزمێک نییە خۆی لە دەوڵەتێکی تەواو ڕێکخراودا ببینێتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە وەک ئەگەرێکی ئامادە و ترسناک بوونی نییە و ناتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە دیاردەیەکی میلیتاریی و میلیشیایی و لە فاشیزمێکی سنووردار یان «سۆفت» ـەوە ببێتە  شەڕی شوناسێکی شەڕانی دژ بەوانی تر، یاخود ببێت بە شەڕی هەمووان دژ بە هەمووان. لە 17 ی شوباتدا بینینمان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێزەکانی یەکێتی، بە هێزی سەربازی و بە ڕاگەیاندنیشەوە، بوون بە جۆرێک لە میلیشیای فاشیستییانەی ڕێکخراو و گەورە، هێزەکانی پارتی رێکخراوتر و گوێڕادێرتر و فاشیستیتریشن. هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە چەند سەعاتێکدا دەتوانن هێزی چەکدار دابەزێننە سەر شەقامەکان  ... قودرەتی دروستکردنی خێرای میلیشایی فاشیستی لە ژیانی سیاسی ئێمەدا سەرسوڕهێنە، ئەم قودرەتە، ئەم توانا خێرایە لە خۆڕێکخستندا وەک میلیشیایی توندڕەو و چەکدار، تەنیا بە بڕیارێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامادەگی کۆمەڵایەتی و دەرونی قووڵی لە پشتە، ئەم خۆ ڕێکخستنە خێرایە لە شێوەی میلیشیایی فاشیستیدا لە چەندین وێستگەی گرنگی مێژووی خۆرهەڵاتدا دەبینرێت، لە شەڕی ناوخۆی لوبناندا کە لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی هێزە سیاسییەکان بوونە میلیشیای دڕندە و کۆنترۆل نەکراو، لە شەڕی ناوخۆی کوردستاندا، لە عێراقی دوای ڕوخانی سەدامدا، لە سوریای ئەمڕۆدا. با نمونەیەکی زۆر بچوکت بۆ بهێنمەوە، من  لە ساڵی  1994 و 1995 دا ماوەیەکی درێژ لە دیمەشق ژیاوم، هیچ شتێک بە ڕوکەش ئەوەی نەدەدرکاند کە فاشیزمێکی وەها ترسناک، رۆحێکی وەها ئینسانخۆر، ئەو عەشقە ترسناکە بۆ گۆشت و خوێنی ئینسانی لەم کۆمەڵگایەدا هەبێت، بەڵام لە ژێرەوە، لە توندوتیژی رۆژانەدا، لە جیابوونەوەی ژیانی رۆحی و ژیانی مادی کۆمەڵگادا، لە جیابوونەوەی کایەی فیکری و کایەی سیاسیدا، لە ئەخلاقیاتی جنسی کۆمەڵگای سورییدا، لەو جیاوازییە چینایەتییەدا کە چەندەها توێژی کۆمەڵایەتی بەجۆرێکی ترسناک تێکشکاندبوو، لەو پچڕانەدا کە هەموو جەستەی کۆمەڵایەتی گرتبووەوە، مرۆڤ تارمایی ئەمڕۆی دەبینی. خۆت دەزانی لە غیابی ئۆپۆزسیۆنێکی ئینسانی ڕاستەقینەدا، چینە تێکشکاوەکان بە ئاسانی دەبن بە کەرەستەی هێزی توندڕەو و فاشیستی. هەڵبەت لە ڕوکەشدا هیچ دیار نییە، بەڵام وەک دۆلۆز دەڵێت کەی حەقیقەت لە ناو سادە و ساکاردا نیشتەجێبووە?... ئێمە سەرەتا سەروکارمان لەگەڵ فاشیزمێکدایە کە لەسەر ئاستی وێنە و ئامادەگی و بوونی ڕەمزیی ئیشدەکات، فاشیزمێک لەسەر ئاستی خەیاڵ و بیرکردنەوە و فەنتازیا، ڕۆژانە بە ئاماژە، بە توندوتیژیی، بە ڕۆحی پەلاماردان  ئامادەیە، مەرجیش نییە فاشیزم پێویستی بەوە بێت، هەمیشە لە فۆرمی فاشیزمێکی ئۆرگانیزەکراوی دەوڵەتیدا دەربکەوێت،  ناکرێت فاشیزم کورتبکەینەوە بۆ یەک فۆرم، یان یەک دەموچاو، دەرکەوتە ڕوکەشەکان هەموو شتێکمان لەسەر خودی دیاردەکە پێ ناڵێن. بۆ نمونە : من لە نوسینەکانی پێشوومدا نوسیبووم کە کوشتنەکان یەک زنجیرەن، مەبەستم لەم تێزەیە ئەوە نییە بڵێم کە ئەو دەستەی کاوە گەرمیانی کوشتووە هەر ئەو دەستەیە کە سۆرانی مامەحەمەی کوشتوە،  تێزەکە بۆ جێگایەکی دوورتر دەڕوانێت، من دەڵێم ئەوەی لەگەڵ هاتنی مۆدێرنەدا ڕوودەدات، ئەوەی لە جێگایەکی وەک ئێران ڕوودەدات، ئەوەی فاشیزمی تورکی ئەنجامی دەدات، شەڕە ناوخۆکان لە خۆرهەڵات،  پێکرا دەکرێت لە ناو یەک بازنەی تەفسیردا بخوێنرێنەوە، ئەوەی لە زیندانە ترسناکەکانی ئێراندا روودەدەن، ئەوەی لە رۆبۆسکی ڕوویدا، ئەوەی لە کوردستانی خۆرئاوا ڕوودەدات، ئەوەی لە دوز و کەرکوک ڕۆژانە ئینسانەکان بێرەحمانە دەکوژرێن و سەردەبڕدرێن، ئەوەی لە ریفی دیمەشق دەگوزەرێت و ئەوەی لەفەلوجە دەیبینن، پێکڕا زادەی یەک سیستم و یەکجۆر پەیوەندیین، جیاوازییە ڕوکەشەکان لە نێوان تاوانێک و تاوانێکی تردا، مانای ئەوە نییە کە ماترێکسێکی گەورە نایانگرێتە خۆی. لێرەدایە کە دەشێت بپرسین ئاخۆ لە ناو ئەم ماترێکسەدا چۆن جیاوازییەکان ببینین، ئایا پەیوەندی شوناسە جیاوازەکان بەم ماترێکسەوە چییە? ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە بۆ مەبەستێکی ناڕەوا بەکاردێت، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە من لە تەواوی تێزەکەمدا هەوڵدەدەم وەڵامیبدەمەوە. لە راستیدا گرفتی سەرەکی عەقڵی لیبرالاوی لە خۆرهەڵاتدا، ئەوەیە چەمکی جیاوازیی دادەبەزێنێت بۆ سەر هەندێک جیاوازی ڕوکەش و سەتحی. دەمێک باس لە ماترێکسێکی فاشیستی دەکەین واتە باس لە کوشتنی جیاوازیی دەکەین. قسە لەسەر فاشیزم، قسەیە لەسەر دونیایەک جیاوازی ناتوانێت لە ناویدا ئازادانە هەناسە بدات، قسە لەسەر ئەوە نییە کە ئایا جیاوازی هەیە یان نییە، جیاوازیی هەمیشە هەبووە و دەمێنێت و ئەبەدییە، ژیان و کۆمەڵگا و هەتا ناخی سوبێکتە ئینسانییەکان لە جیاوازی دروستبووە، من لێرەدا دۆلۆزیم نەوەک هیگڵی، بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە ئەم هەمەڕەنگییە چۆن دەکوژرێت، چۆن سنوورداردەکرێت، چۆن دەردەکرێت و لە نێودەبرێت و دەبەسترێتەوە. دژایەتی فاشیزم هەمیشە دژایەتییە بە ناوی جیاوازییەوە، بە پێچەوانەی عەقڵییەتی لیبرالەوە کە پێشوەخت لەو سەرەتایەوە دەست پێدەکات کە جیاوازییەکان کێشەیان نییە و تەنیا ئەوەیە باش و خراپ لە ناویاندا جیابکەینەوە و لە هەڵبژاردندا دەنگ بەباشەکە بدەین و بەوجۆرە مێژوو و کۆمەڵگا ڕەنگی گوڵرەنگ و گەشبینی خۆی وەردەگرێت ...بەڵام لە ڕاستیدا قسە دەبێت لەسەر ئەوە بێت، بۆ جیاوازی بە ئازادانە ناژی و گوزارشت لە خۆی ناکات. ئەوە پرسیاری ئێمەیە. ئەوانەی دەڵێن «تێزی فاشیزمی خۆرهەڵاتی» جیاوازییەکان دەکوژێت، خودی وشەی جیاوازیی بە هەڵە بەکاردەهێنن. بە ناوی وشەی جیاوازییەوە دەیانەوێت بڵێن لە نێوان فاشیزمی سەدام حوسەین و فاشیزمی ئەتاتورکدا جیاوازی هەیە، دەڵێن لە نێوان تیرۆری قاعیدە و تیرۆری مالکیدا جیاوازی هەیە، لە نێوان کۆمیدیای هەڵبژاردن لە ئێران و کۆمیدیای هەڵبژاردن لە کوردستاندا جیاوازیی هەیە. دەیانەوێت بڵێن ئێمە لە ناو بەحرێک جیاوازی و ڕەنگ و شەبەنگی سیاسیدا دەژین، بڕۆن لە ناو ئەو ڕەنگ و شوناسانەدا بەرنامەی دڵخوازی خۆتان بدۆزنەوە، گەر ئەحمەدی نەژادتان بە دڵ نییە ئەوا ئاغای ڕۆحانیمان هەیە، گەر مورسیتان بە دڵ نییە ئەوا سیسی هەیە، گەر ئۆردوگانتان ناوێت فەتحوڵا گویلەنمان هەیە، گەر فەتحوڵا گویلەنیشتان ناوێت ئەوا دەوڵەت باغچەلیمان هەیە ... ئەمانە دەیانەوێت بڵێن «تەماشاکان فەزا پڕە لە ڕەنگی سیاسی جیاواز و بەهێز، کەچی ئەوانەی باسی فاشیزم دەکەن جیاوازییەکان دەکوژن، ناهێڵن جیاوازییەکان ببینین، ئاستەنگێکیان خستۆتە بەردەممان»، بە کورتی لای ئەوان خۆرهەڵات پڕە لە هێزی جیاواز کە ناشێت بیانخەینە ناو ماترێکسێکەوە، واتە ناکرێت حیزب اللە و جبهەی نوسرە وەک بەری یەک درەخت ببینین، ناکرێت ژەنراڵەکانی سوپای پاسداران و ژەنراڵەکانی تورکیا بە زادەی یەک جۆر دەزگا و عەقڵییەتی هاوبەش ببینین، واتە نایانەوێت ئەو هێڵە هاوبەشە ببینین کە عەقڵی کۆمۆنیستێک بە عەقڵی مەلایەکەوە گرێدەدات، عەقڵی فاشیستێکی عەرەب بە عەقڵی فاشیستێکی فارسەوە گرێدەدات ... هتد. لە ڕاستیدا هاوڕێم، ئەمە قسەکردن نییە لە جیاوازیی و ستایشی جیاوازیش نییە، بەڵکو خەڵەتاندنی مرۆڤەکانە تا بتوانن لەم ساتەدا و لێرەدا لە نێوان ئەو پارادۆکسە وەهمییانەدا نوقمبن، لە نێوان شەیتان و براکەیدا یەکێکیان هەڵبژێرن و وابزانن خەباتیان بۆ مرۆڤایەتی و پاشەڕۆژ کردوە، ئەمە دەرگای کردۆتەوە هەموو هێزە وەک یەکەکان، بتوانن هەمیشە بە بەرگی نوێوە بێنەوە سەر شانۆ، بە ملیۆنەها خەڵک دوایان بکەون و خۆیان بەو درۆیە فریوبدەن کە گوایە بۆ دونیایەکی نوێ ئیشدەکەن و لە ناو شەبەنگە جیاوازەکاندا ڕەنگی دڵخوازی خۆیان دۆزیوەتەوە، وەک ئەو درۆیەی ئیخوانەکان لە میسر لەگەڵ خەڵک و شۆڕشدا کردیان و ڕیفۆرمیستەکان لە ساڵی 1997 وە لە ئێران لەگەڵ خەڵکدا دەیکەن. ئەم تەوەهومانەی جیاوازی بۆیە دروستدەکرێت تا بڵێن جیاوازیی ڕاستەقینە نەکوژراوە، بڵێن هێزی «جیاواز بوون» کە فاشیزمەکان خنکاندویانە نەچەپێنراوە و لێرەیە و هیچ کێشەیەکی نییە. دەیانەوێت بڵێن تەماشابکەن، جیاوازیی بێکێشە لەم کۆمەڵگایانەدا لە دایکدەبێت، بەرگی خۆی لەبەردەکات، بەم تێزەیەش هەم سیستم درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و هەم دەسەڵاتەکان. بە کورتی هەموو ئەو جیاوازییانەی ماشێنە فاشیسستییەکان دەیانخنکێنن و وەک یەکیان لێ دەکەنەوە لای ئەوان وەک جیاوازی ڕاستەقینە پێشکەش بە خەڵک دەکرێنەوە. واتە دەقیق ئەو میکانیزمە ناودەنێن جیاوازی کە جیاوازی دەکوژێت، ئەو خۆڵەمێشە ناودەنێن جیاوازی کە خۆی لە تێکشکان و سووتانی جیاوازییەکان دروستبووە، لەو فەزایەدا باس لە جیاوازیی دەکەن کە دەبێت تێیدا قسە لەسەر کوشتنی جیاوازیی بکەین و بانگ بۆ زیندووکردنەوەی هەڵبدەین. ئەمە هەر هەڵەیەکی مەعریفی نییە، بەڵکو ئەجندەیەکی ئایدۆلۆژییە، تۆ بڕۆ فریوی جیاوازیی و پارادۆکسە وەهمییەکان بخۆ کە تا هەتا هەتایە لە ناو یەک بازنەی وەهمیدا گیرتدەدەن، تا دەمریت ناچارتدەکەنەوە ئەوە بەرهەمبهێنیتەوە کە هەیە، بڵێ دەوڵەتی ئێران و سعودییە هیچیان لە یەک ناچێت، بڵێ گەر رەفسنجانی و موسەوی لەبری ئەحمەدی نەژاد و جەنەتی لەسەر دەسەڵات بوونایە ئێستا ئێران مێرگی ڕیفۆرم و کرانەوە بوو، بڵێ عەلاوی و مالکی دوو شەبەنگی جیاوازیی سیاسین، هەروەخت ئەم درۆیانەت بە باشی قووتدا ئەو کات دەتوانیت بە ناوی جیاوازییەوە، وەک کەسێکی سیاسی تێکەڵ بە خەباتی سیاسی بیت. وشەی فاشیزم بەو جۆرەی من بەکاریدەهێنم بۆ ئاشکراکردنی ئەم پارادۆکسە وەهمی و درۆزنانەیە، واتە قسەکردنە لەسەر خنکاندنی جیاوازییە راستەقینەکان، ئەو جیاوازییانەی لە ئینسانی تاکەوە هەڵدەقوڵێن، لە عەقڵی فەردییەوە دێنەدەرێ، لە مۆراڵی ئینسانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، لە دژایەتی گووتارە فاشیستییە دەستەجەمعییەکانەوە دروستدەبێت، لەو شوناسانەوە دێتەدەرێ کە لە فۆبیای نەماندا ناژین و پەلاماری ئەویدی نادەن. من بۆ جیاوازی ڕاستەقینە لای جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و مەسعود بەرزانی ناگەڕێم، من لە هەمە ڕەنگی ئینسانەکاندا، لە سیستمێکدا کە مافی جیاواز بوونی ڕەهای مرۆڤەکان قەبووڵدەکات و دەیپارێزێت، لەوێدا بۆی دەگەڕێم، نە لە شەڕە دروشمی نێوان سیاسییەکاندا. ئێستا لە سیستمێکی چەپێنەردا دەژین کە هەموو ئەو جیاوازیانەی کوشتووە، کە قسە لە فاشیزم دەکەین قسە لە کوشتنی جیاوازیی دەکەین، باس لە دەرکردنی مرۆڤ دەکەین، مرۆڤی تاک کە سەرچاوەی هەموو جیاوازییەکە. کە شەڕی ناوخۆ هەبوو، کە بەردەوام خوێنڕژا، کە دیکتاتۆرییەت هەبوو، کە دیموکراسییەت کوژرابوو، کە پەرلەمان ئیفلیج و کارتۆنی بوو، کەواتە جیاوازییەکان کوژراون و ناتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن. هەڵوێستی گووتاری لیبراڵ لێرەدا مایەی پێکەنین و خەندەیە، بەسەرێک خۆی قسە لە کوشتنی جیاوازییەکان دەکات، بەسەرێکیش کە دەتەوێت ناوی ئەو فەزایە بنێیت کە ئەم پرۆسەیە تێیدا ڕوودەدات، کە دەتەوێت میکانیزمەکانی ئەم کوشتنە دەستنیشانبکەیت، پەشیماندەبێتەوە و قسە لەوە دەکات کە خۆرهەڵات پڕە لە جیاوازیی. لێرەدا مرۆڤ ناتوانێت تا ئەبەد درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات، یان ئەوەیە جیاوازییەکان دەکوژرێن و ناتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن و میکانیزمێکی تواندنەوە و وەک یەک لێکردن هەیە کە لە هەموو جێگایەک ئیشدەکات، بەمەش باوەڕ بەم تێزەیە دەهێنین کە من لێرەدا بەرگری لێدەکەم، یان دەبێت بڵێیت خۆرهەڵات پڕە لە جیاوازی و جیاوازییەکان کێشەیان نییە و دەتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن و بچنە ململانێی ئازادەوە و لەوێدا هێز و بێهێزی خۆیان تاقیبکەنەوە، بەمەش هیچ مانایەک نەوەک بۆ قسەکردن لە سەر فاشیزم نامێنێتەوە، بەڵکو مانا بۆ قسەکردن لەسەر دیکاتۆرییەت و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتیش نامێنێتەوە.