Saturday 13 July 2013

ڕۆشنبیری کلاسیک



لەسەرەتای سەدەی بیستدا‌و لەسایەی ناسیونالیزمی کوردییدا زاراوەیەکی هاوشان‌و تەریب سەرهەڵدەدات کە زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردییە. ئەم زاراوەیە هاوشان بە سێ سیفەتی سەرەکی‌و کوشندە لەدایکدەبێت، کە هەرسێکیان تا ئەمڕۆ ڕۆشنبیریی ئێمەیان لەبنەوە کلۆر کردوە. یەکەم: زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردیی، کە لەدایکدەبێت، درێژکراوەی خەیاڵ‌و فەنتازیاو هەوڵەکانی دروستکردنی شوناسە لای ناسیونالیستە کوردەکان. پێناسەکردنی ڕۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی سیاسی، بەوجۆرەی لەڕۆشنبیریی ئێستادا باڵادەستە، واتە جیانەکردنەوەی شوناسی سیاسی‌و ڕۆشنبیریی لەیەک، هەڵەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لەدایکبوونە سەقەت‌و قەیسەرییەی ڕۆشنبیری کوردیی لەهەناوی ناسیونالیزمی کوردییەوە. ئەم کێشەیە، ئەو دەردە تاعوونییەیە کە وادەکات جۆرێک لەڕۆشنبیر دروستببێت کە تەنیا لەڕێگای سیاسەتەوە دەتوانێت شوناسی ڕۆشنبیریی خۆی بپارێزێت‌و سیاسەت بکاتە ئەو مەرجەعەی شوناسی ڕۆشنبیربوونی لێوەردەگرێت. سیفەتی دووەم: زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردیی لەژێر هەلومەرجێکی ئاسان‌و سەتحیدا دێتە دونیاوە، لەدونیایەکدا نەخوێندەواریی‌و جەهل تێیدا لەترۆپکدان. ئیدی زاراوەکە ئاماژەیە بۆ هەموو شێوە سەرەتاییەکانی خوێندەواریی بەرامبەر بە نەزانی‌و نەخوێندەواریی. بەهۆی ئەو زەمینەیەوە، شوناسی ڕۆشنبیر لەدونیای ئێمەدا بەجۆرێکی ترسناک لەگەڵ «خوێندەوار»دا تێکەڵدەبێت، واتە هەموو خوێندەوارێک ڕۆشنبیرە، ئەوەش کارێکدەکات، سەقفی ئەو پێداویستیانەی کەسێک بۆ ڕۆشنبیربوون پێویستی پێی بێت، بەجۆرێک نزم بێت، هەموو خوێندەوارێکی ئاساییش بگرێتەوە کە تەنیا دەتوانێت بنوسێت‌و بخوێنێتەوە. سیفەتی سێهەم: ڕۆشنبیریی لەسەرەتاوە وەک زاراوەیەک بەکارهاتووە کە ئاماژە بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتن‌و تەفسیرانەی دونیا دەکات کە لەدەرەوەی مزگەوت لەدایکدەبن، ئەمەش شەرعییەتی ڕۆشنبیریی دەبەخشێتە هەر گووتارێک کە مۆری مزگەوتی پێوە نەبێت‌و وادەکات وەک ڕۆشنبیریی بیناسێنین‌و قەبووڵیبکەین.
ئەم سێ دەردە لەسەرەتای ڕۆشنبیریی کوردییەوە تا ئەمڕۆ بەجۆرێکی بێماناو بەربڵاوو ئازاربەخش، بەردەوامییان هەیە. بەبڕوای من هەموو ئەوانەی لەمجۆرە ڕۆشنبیرەن‌و لەو جۆرە فەزا سۆسیۆلۆژی‌و کولتوورییەدا دەسوڕێنەوە، دەکرێت بەڕۆشنبیرە کلاسیکییەکان ناویان بەرین، چونکە گەرچی زەمینەی ئەوجۆرە ڕۆشنبیرە زیاد لەچل ساڵە بەسەرچووە، بەڵام ئێستاش وەک جاران خۆی دروستدەکات‌و لەشێوەی تازەو بەرگی نوێدا لەدایکدەبێتەوە. ئەمانە هێشتا وەفادارن بۆ ئەو وێنە کلاسیکییەی ڕۆشنبیر، بەو فۆرمە کلاسیکییەی کە ناسیونالیزمی کورد دروستیکردوە، هەربۆیە شایەنی هەڵگری نازناوی کلاسیکیشن. بەکورتی ڕۆشنبیری کلاسیک : «ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت بخوێنێتەوە‌و بنوسێت، بەڵام لە حوجرە نەیخوێندووە، دەتوانێت باسی سیاسەت بکات‌و هەمیشەش لەغەمی ئەوەدایە بەجۆرێک لەجۆرەکان بیسەلمێنێت کە لەهەموو ئەوانی تر سیاسیترو کوردپەروەرترو بەهەڵوێستترە».
******
ئەم پێناسەیە دەکرێت بەپێی شوێن‌و سەردەم‌و قۆناغەکان، بەشێوەی جیاواز جیاواز دابڕێژرێتەوە، بۆ نمونە بەم شێوەیەی خوارەوە دابڕێژرێت‌و ڕاڤەبکرێت:
« ڕۆشنبیری کلاسیکی دەکرێت لەزانکۆ یان ئەنستیتیوتە فەرهەنگییە بەرزەکاندا خوێندبێتی، بەڵام هەمیشە لەغەمی ئەوەدایە بیسەلمێنێت لەڕووی سیاسییەوە بوونەوەرێکی ساغ‌و سەلیمە، گەر بوێری دایە خۆی‌و بەچەشنی ناسیونالیستەکان بیری لەسیاسەت نەکردەوە، بەوە پارسەنگی دەداتەوە، وەک ناسیونالیستێکی توندڕەوە بیر لەزمان یان ئابووریی نەتەوەییمان بکاتەوە، غەمی گەورەی ئەوەیە بەردەوام بیسەلمێنێت نزیکە لەکورد، دوورکەوتنەوە لەکورد، فۆبیای هەرە گەورەیەتی. هەڵبەت ڕۆشنبیریی کلاسیکی کۆن زۆر وشەی «کورد» ی بەکاردەهێنا، بەڵام ڕۆشنبیری کلاسیکی ئێستا زیاتر وشەی خەڵک یان کۆمەڵگا بەکاردەهێنێت، بەڵام هەر دوو بەکارهێنانە نوێکە هیچ نین جگە لەگۆڕانێک لەوشەدا، بێئەوەی ئاماژەبن بۆ گۆڕانێک لەجەوهەردا. نزیکی جاران لەکوردەوە، ناوەکەی گۆڕاوە بۆ نزیکی ڕۆشنبیر لەخەڵک‌و کۆمەڵگاوە. جەوهەری شوناسی ئەم بوونەوەرە کلاسیکییە نزیکبوونە لەخەڵکەوە. ئەمە ڕۆشنبیریی ناو کایە مەعریفییەکان نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرێکی سەمبولییە لەپێناوی بەرزڕاگرتنی خەڵکدا لێرەیە وەزیفە بنەڕەتییەکەی فیکر یان مرۆڤ یان داهێنان نییە، بەڵکو تەعبیرکردنە لەڕۆحی جەماوەر، یان رۆحی نەتەوە، وەک خۆی هەندێجار دەیڵێت.
******
بەڵام دەکرێت هەمان بۆچوون بەمجۆرەش دابڕێژینەوە:
ڕۆشنبیریی کلاسیکی ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت بخوێنێتەوە‌و بنوسێت، ببێتە مامۆستا، بەڕۆژنامەنوس، بەسیاسەتمەدار، بەڵام زۆری بۆ گرنگە تەنها نەبێت، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی چالاک‌و دڵسۆز بناسرێت، دەبێت هەمووان بیبینن‌و تێیبگەن، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوانی ترە لوتفبکەن‌و شوناسی ڕۆشنبیریی پێببەخشن. بۆ ئەوەی خۆی بناسێت، سەیری ناو عەقڵی خۆی ناکات، بەڵکو سەیری ناو چاوی ئەوانی تر دەکات، دواجار ئەو منداڵ‌و بەرهەمی ئەو تێزەیەیە کە دەڵێت؛ مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسییە، لێرەوە ئەویش تەنیا کاتێک دەتوانێت ڕۆشنبیربێت، کە بیسەلمێنێت بوونەوەرێکی سیاسییە. زانیارییەکانی دیکەی‌و کاری لەکایەکانی تردا، بۆ خۆی‌و بۆ خەڵکیش لاوەکین، گرنگ نییە گەر داهێنەرە یان نا، گرنگ نییە لەئەدەب‌و هونەرو زانست‌و فەلسەفەدا چی دەڵێت، ئەوانە موجەرەداتن، دەبێت بەجۆرێکی خێرا بگەڕێتەوە بۆ شتە بەرجەستەو عەینییەکان، دەبێت لەسەر بوونەوەرە زیندووەکان بنوسێت، لەسەر سەرۆک یان دەوڵەت یان گۆرانیبێژێک یان کێشەیەکی هەنووکەیی کە خەیاڵی هەمووانی سەرقاڵکردوە. دەبێت بیسەلمێنێت پردی لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە، بەرزیانبکاتەوە یان بیانهاڕێت، جارجار سەری دونیای تیورەو تێزە ئەبستراکتەکان دەدات، بۆئەوەی بڵێت کە لەنێوان تیورەو واقعدا لەهاتوچۆدایە، لەنێوان فیکرو پراکتیکدا خەریکی جۆلانێیە. گرنگ ئەوەیە زووزوو بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی دووبارەبکاتەوە... گەر وەرزێک تێپەڕێت‌و بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی دووبارەنەکردبێتەوە، تووشی فۆبیا دەبێت، هەستدەکات ویژدانی سیاسی ئازاری دەدات، ئەو لەژێر زەبری ئەو گوناهە مێژووییەدا دەژی، کە منداڵیی سیاسەتە، دوورکەوتنەوەی لەسیاسەت تووشی خنکانی دەکات، وەک ماسییەکی لێدێت ئاوی لێبڕابێت ... ئەو تەنیا بەسیاسەت دەتوانێت سەرنجی ئەوانی تر بۆ خۆی ڕابکێشێت، سەرنجی سەرۆکە نەخوێندەوارەکانمان، سەرنجی تەلەفزیۆن‌و ڕۆژنامەکان‌و ئەندامانی پەرلەمان، خەڵک تەنیا کاتێک دەیناسن کە باسی سیاسەت بکات، میدیاکان بەدوایەوەن بۆشایی نابەبینی بەرنامەکانیانی پێ پڕبکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژانە بیبیستن کاتێک تێزە ئەبەدییەکانی دووبارەدەکاتەوە. مەرج نییە بخوێنێتەوە، گرنگ نییە بنوسێت، گرنگ نییە ڕابوردووییەکی فیکری هەبێت، یاخود هیچ ڕستەیەکی نوێی پێ بێت، ئەو منداڵی دووبارەی مۆزەخانەکانی دونیای ئێمەیە، لەکاتێکدا بەهەموو هێزی خەریکی دروستکردنەوەو دووبارەکردنەوەی دونیایە وەک خۆی، پێیوایە بەهەموو هێزی خەریکی گۆڕینی مێژووە. ئەم بوونەوەرە تەواوی لوتکەی شکۆو گەورەیی ئەو کاتەیە کە هەستدەکات، قەرزە ئەخلاقی‌و مێژووییەکەی خۆی داوەتەوە. سیاسەت لای هەڵوێستێکی ئەخلاقی نییە بۆ بەرگریکردن لەئازادی ئینسان، بەڵکو جۆرە دەردە دوودڵییەک «عصابی وسواسی» دەیکرۆژێت، بەردەوام دەیەوێت خۆی وەک ئەو کەسە پیشانبدات کە هاتۆتە دەنگ، لەو ڕووەوە مرۆڤێکی بەرزو بەهەڵوێستە، بەڵام کە هێندە ڕۆڵەکەی دووبارەدەکاتەوە، مرۆڤ سەرسام دەبێت‌و نازانێت، ئەمە چەندی هەڵوێست‌و چەندی نمایشە. بەڵام ئەم بوونەوەرە گەرچی بەردەوام باسی سیاسەت دەکات، بەڵام کەمجار بەمانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت، دەبێتە سیاسی، لەسەر پردێک وەستاوە نەدەوێرێت تەواو وەک ڕۆشنبیر بژی، نەدەشوێرێت تەواو ئەرکە سیاسییەکان بگرێتە ئەستۆ. نەوەی یەکەم لەم ڕۆشنبیرە کلاسیکیانەی ئێمە، نەوەیەکی حیزبی بوو، بەڵام نەوەی دووەم کەم تا زۆر سیاسەت دەباتە دەرەوەی حیزب ... گەرچی ئەم بردنە دەرەوەیەی سیاسەت‌و جیاکردنەوەی لەحیزب، دەستکەوتێکی گرنگی مێژووییە، گەرچی کارێکی زۆر پۆزەتیڤە، بەڵام مەرجدارو ترسناکیشە. کێشەکەی لە دوو خاڵدایە، یەکەم : ئەم جیاکارییەو بەمجۆرە، حیزب دەگۆڕێت بۆ جێگایەک کە ڕۆشنبیر تیا ناژی‌و ڕیسوادەکرێت‌و سەنگی لێدەسێنرێتەوە، واتە هەر لەبنەڕەتدا ڕۆشنبیر وا وێنادەکات گوایە بۆ ژیانی ناو حیزب دروست نەکراوە، کە ئەمە دەرەنجامێکی نادروست‌و کلێشەییە، دەرەنجامێکە لەهەموو سات‌و شوێنێکدا‌و بۆ هەموو ڕۆشنبیرێک ڕاست نییە. بەم تێگەیشتنە لەژیانی حیزبی، ڕۆشنبیری کلاسیکیمان، تەواوی دەسەڵاتی سیاسی دەبەخشێتە سیاسییە نەخوێندەوارو تەکتیکچی‌و پاشقولگرەکان. ڕۆشنبیر کە لەحیزب دێتەدەرێ، دەبێت ئەو دوورکەوتنەوەیە بخاتە پاراستنی هەیبەتی مەعریفەو تیورەو سەربەخۆیی عەقڵەوە لەهەموو جێگاکاندا، نەوەک بیکات بەکەرەستەی نیشاندانی لاوازیی‌و ڕیسواکردن‌و پشتکردنە عەقڵ لەناو حیزبدا. من زۆرجار ئەو هەستەم هەیە، ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە کە ئەو هەموو پێداگرییە لەسیاسەت دەکات، بێئەوەی خۆی سیاسەت بکات، بەشی هەرە زۆری ئەم بانگەشەیەی بۆ وەک کردنەوەی ڕێگاو ئاسانکارییە بۆ هێزە نەخوێندەوارو کلاسیکییەکانی ناو حیزب، بەبڕوای من ڕۆشنبیری کلاسیکی، ڕۆشنبیرێکی سیاسی ڕووتە، دوورکەوتنەوەی لەحیزب کارێکی سەتحی‌و نمایشییەو نەگەیشتۆتە جێگا قووڵەکان‌و مانا کاریگەرییەکانی خۆی، ئەمە کارێکی کردوە ئەمجۆرە ڕۆشنبیرانەی هەر وەزیفە ترسناک‌و خراپەکانی کادێری ئیعلامی حیزب بگێڕن، بەڵام لەدەرەوەی حیزب. دووەم: ئەم ڕۆشنبیرە بۆ ئەوەی پارسەنگی هاتنەدەرەوەی لەحیزب رابگرێت، هەموو ژیان لەدەرەوە بەسیاسەت بارگاویدەکات، هەموو کایەکانی نوسین دەکات بەکایەی سیاسی، لەهەموو ئەو جێگایەنەش کە دەبێت قسەی تر بکرێت، ئەو بەعەقڵێکی بەلشەفیکی تێزە ئایدۆلۆژییەکانی خۆی دادەبەزێنێت... واتە لەو جێگایەدا کە دەبێت سیاسەت بکات، مەعریفە بگوازێتەوە ناو سیاسەت‌و هەیبەتی فیکر بەرامبەر سیاسی بودەڵەو نەزان ڕابگرێت، بێدەنگ دەبێت. لەو جێگایەشدا کە دەبێت سیاسەت بێدەنگ بکات‌و فیکر بێتە قسەو عەقڵ‌و ویژدان لەسەنگی گوناهە سیاسییەکان پاکبکاتەوە، خەریکی بەسیاسیکردن‌و بەئایدۆلۆژیزەکردنە. ڕۆشنبیریی کلاسیکی لەدەرەوەی حیزبدا بێت یاخود ناوەوە، هەمیشە هەر کادێرێکی حیزبە... بەپێچەوانەی ڕۆشنبیری نوێ وە کە بەبڕوای من لەهەر جێگایەکدا بێت، لەناو حیزبدا بێت یان دەرەوە، بۆ ڕاگرتنی هەیبەتی فیکرو تێرامان‌و بیرکردنەوە کاردەکات، دژ بەجەهلی سیاسی‌و دیکاتۆرییە حیزبییەکان.
******
یان دەکرێت بەمجۆرە بیبینین:
ڕۆشنبیریی کلاسیکی ئەو بوونەوەرە خوێندەوارەیە، کە ئەگەر لەبەرەی دەسەڵاتدا بێت، بەردەوام بەهانەی نەتەوەیی‌و غەمخۆریی نیشتیمانی بۆ هەڵوێستەکانی خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام زمان‌و هەڵوێستی هێندە لەقاڵبدراوو تەکتیکییە، هەموو دەرکەوتنێکی مایەی پێکەنینەو هەموو قسەیەکی خەندەیەکی تاڵ‌و گاڵتەجاڕانەمان تێدا دەبزوێنێت. بەڵام گەر لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت، ژیان‌و عەقڵ‌و ڕوانینی دەخاتە خزمەت بینینی دزێوییەکان‌و بیستنی بێشەرمییەکان‌و بۆنکردنی بۆگەنییەکانی دەسەڵاتی کوردی، وەزیفەی خۆی کورتدەکاتەوە بۆ قسەکردنی بەردەوام لەسەر ئەم بۆگەنییە. تێناگات کە هەمووان پێش ئەو، زۆرجاریش باشتر لەو بۆگەنی دەسەڵاتیان بینیوە، هەمیشە وادەزانێت دیکتاتۆرییەت‌و بۆگەنی‌و چڵکنی پارتی‌و یەکێتی شتێکە خۆی دۆزیوێتییەوە، وادەزانێت بەتایبەت چۆتە لابۆرەوەو خەڵوەتی گرتووەو ئیلهامی ئەوەی بۆ هاتووە کە پارتی‌و یەکێتی دوو هێزی دژ بەکۆمەڵگان. پێی وایە گەر ئەو ڕۆژێک بەم هێزانە نەڵێت هێزی چڵکن‌و دزێو، ئیدی پاکدەبنەوەو لەبەرچاوی خەڵکی سپی دەبنەوە. ڕای وایە تا ئەو بەسەرۆک نەڵێت دیکتاتۆر کەس نازانێت دیکتاتۆرە. ئەم ڕۆشنبیرە گەرچی لەسەر هەڵوێست دەژی، بەڵام سیفەتی سەرەکیشی ئەوەیە هەڵوێست بێمانا دەکات، دەیکات بەشتێکی بچوک‌و دووبارەو ڕۆژانە ... هێندە بەماناو بێمانا قسەکانی لەسەر حوکمدار دووبارەدەکاتەوە تا وێنەی ڕۆشنبیر لەبەرچاوی هەمووان دەگۆڕێت بۆ وێنەی توتییەک کە بەردەوام وەک یەک کاسێتی قووتدابێت، یەکجۆر قسە دەڵێتەوە. ئەمجۆرە لەڕۆشنبیر، هەڵوێست لەهەموو قووڵاییە ئەخلاقییە گەورەکانی ڕووتدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بیکات بەڕیکلامێک بۆ غەمخۆریی خۆی. بێئگایی خۆی دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵاتداران، چونکە شوێنێ ڕۆشنبیرو وەزیفەی وەها دەشکێنێت، خەڵکی وادەزانن، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە تەنیا یەک شت دەزانێت، ئەویش ئەوەیە بەجەنابی دیکتاتۆر بڵێت دیکتاتۆر. بەڵام سەیر لەوەدایە وا هەستدەکات هەموو کۆمەڵگا گوێی شلکردوە بۆ ئەوەی لەدەمی ئەوەوە بیدۆزێتەوە کە پارتی‌و یەکێتی دوو ناشیرنترین هێزی سیاسی مێژووی ئێمەن. بەسەرێک بەڕۆشنبیرانی تر دەڵێت مەبن بەپێغەمبەرو بایەخ بەشتە سادەکان بدەن، بەڵام هەر خۆی کاتێک تووشی ئەو دەردە دەبێت‌و پێیوایە حەقیقەت گەر لەزاری ئەوەوە بگاتە گوێمان زیاتر لەحەقیقەت دەچێت، بەوەش خۆی دەخاتە پلەی پەیامبەرە گەورەو ساحیرە ئەفسوناوییەکان.
ڕۆشنبیریی کلاسیکی گەرچی هەندێک جار چەکی مۆدێرنیش بەکاربهێنێت، بەڵام لەڕاستیدا بەجۆرێکی ترسناک هەمیشە لەڕابوردوودا نوقمبووە.

Wednesday 10 July 2013

خۆگێلکردن وەک ستراتیژ - سیروان عەبدول وەک نمونە


بەشی دووەم


بەرگریکردن لە دیموکراسییەت، بەڵام بە دەم داخستن

بەشی زۆری نوسینەکەی کاک سیروان لەسەر یەک تێزە دامەزراوە «من دەبوو بێدەنگ بم، تا شۆڕشە دیموکراسییەکەی ئەو دەگاتە کۆتایی. من لەوە تێنەگەیشتووم، قسەکانم چ ڕۆڵێکی خراپیان لە پەکخستنی ئەو بزووتنەوە دیموکراسییەی ئەودا بووە»
ئەمڕۆ بە دەگمەن لەسەر زەوی یەکێک بدۆزینەوە، بەرگری لە دیموکراسییەت نەکات. بەڵام ئەوەی لە ڕێگای دەم داخستنەوە ئەم بەرگرییە پیادەبکات، هێشتا چەکی کەمینەیەکی بچوکە، کە پێدەچێت کاک سیروان یەکێک بێت لەوانە. بەڕێزیان واهەستدەکات ڕۆشنبیریی کوردیی حیزبێکە و دەبێت یەکێک لە ناویدا ئەوە دەستنیشانبکات کێ و کەی قسەبکات و چی بڵێت. لێرەوە دەنوسێت :
«تکایە تۆ مولزەم نیت بنووسیت ئەگەر قسەت نەبێت، وە ئەوە گرفتی تۆیە و گرفتی کۆمەڵگای کوردیی نییە ئەگەر تۆ هەست بە ''گوشاری چاوەڕوانیی'' (Expectation pressure) خوێنەر دەکەیت بەسەر خۆتەوە بۆ قسەکردن لەو ڕۆژانەدا کە ڕووداوەکان چڕ دەبنەوە و خەڵک حەماسەتێک دەیگرێت بۆ بەشداریی سیاسیی. پێم خۆشە ئەمەت ئاوا توند پێ بڵێم چونکە هەم هیچ تێگەیشتنێکم بۆ ئەوە نییە کە تۆ خۆت بە مولزەم دەزانیت و پێتوایە هەرچییەک بێت هەر دەبێت شتێک بڵێیت و، هەمیش چونکە دەزانم وتار و قسەکردنی وا بێسەروبەر لە نوخبەی ڕۆشنبیرییەوە چەند زەربەی کوشندە دەدات لە دۆزی بردنەپێشەوەی پرۆسەی دیموکراتیی لەو هەرێمەدا کە بۆ هەموومان گرنگە.»
ئەم جۆرە نوسەرە لە کوێی ئازادی و ماف و بەرگریکردن لە دیموکراسییەت و کولتووری دێباتدا وەستاوە، ئەم ڕستانە دەرەنجامی چ پەروەردەیەکی سیاسی و چ ژێرخانێکی کولتووریین?. سیروان عەبدول لێرەدا ئەوە دیاریدەکات کە بەڕێزیان دەزانن چی بۆ بردنە پێشەوەی پرۆسەی دیموکراسی باشە و هەر خۆشیان فەرمان دابەشدەکەن کێ مولزەمە و کێ مولزەم نییە چی بنوسێێت و چی بڵێت و کەی بیڵێت، ئەمە جگە لەو نەرجسییەت و لە خۆ رازیبوونەی لە پشتێتی، خواستێکی هەڕەشە و دەمکوتکردنی ترسناکیشی لە پشتە. بەپێی ئەم وتارەی کاک سیروان، ئەم دیموکراسییەی کە لە کوردستاندا پرۆسەکەی بەڕێوەیە، قازانجەکانی، ڕەوتەکەی، چاک و خراپی ئەو دیاریدەکات. ئەو سەرپشکە کە چی لەم ڕەوشەدا باشە بنوسرێت و چی باش نییە. هەر وەختێ نوسەرانی کوردیش شتێکیان نوسی لەگەڵ بۆچوونی سیروان عەبدول و هاوشێوەکانیدا نەگونجا، ئەوا «زەربەی کوشندەیان» لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی داوە. ئەمجۆرە تێڕوانینە وادەزانێت دیموکراسییەت بەرنامەیەکی حیزبی و پرۆگرامێکی سیاسی دیاریکراوە کە ئەو دایڕشتووە، لێرەوە هەر تێز و بۆچوونێک ئەوە لە خۆ نەگرێت کە ئەو دەخوازێت. ئیتر مەترسی بۆ دیموکراسییەت هەیە. ئەوەی لێرەدا قسەدەکات ڕۆشنبیرێک نییە کە باوەڕی بە خەباتی سیاسییە بۆ دیموکراسییەت، بەڵکو کادێرێکی سیاسییە پێشوەخت دەزانێت مێژوو بۆ کوێ دەچێت و بۆ هەموومانی دیاریدەکات چی باشە بۆ ئەم خەباتە و چی خراپە، ئەو تەنیا پێشەنگە لینینیەکەی جەماوەر نییە کە فەرمانیان پێدەدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵکو کەسێکە، ئەوەش دیاریدەکات رۆشنبیران چی بڵێن و چی نەڵێن، کەی مولزەمن و کەی مولزەم نین، کەی قسەیان باشە و کەی قسەیان زیانی هەیە. هەر بەپێی ئەم تێڕوانینە حیزبییە، سیروان عەبدول دەیەوێت ئەوە دیاریبکات من کەی مولزەمم قسە بکەم و کەی نەیکەم... ئەمە ئەو ڕۆشنبیرە دیموکراسەیە کە هاتۆتە مەیدان و داوای ڕوخانی دیکتاتۆرییەت دەکات. هێشتا دەسەڵاتەکانی تەنیا دەسەڵاتی نوسەرێکە بەسەر قەڵەمەکەی خۆیدا، بەڵام یاسا بۆ ئەوە دادەنێت کەی بنوسین و کەی نەنوسین، کەی مولزەمین و کەی مولزەم نین. ئازیزم کاک سیروان تۆ بۆئەوەی لایەنی کەمی دیموکراسییەتی خۆت بسەلمێنیت، دەبوو کەمێک ئەفسەرە
ئایدۆلۆژییەکەی ناخی خۆت جڵەو بکردایە، و بیرت لەوە بکردایەتەوە تا ئێستا پارتی و یەکێتی بە هەموو ناشیرینی و دیکتاتۆری خۆیانەوە، ڕستەی وایان بە هیچ قەڵەمێکی کورد نەگووتووە ... گەر ئەمە خەباتی تۆ بێت بۆ بزوتنەوەی دیموکراسی، لە ئێستاوە دیارە ئەمە چ دیموکراسییەتێکە و لە سەر چ عەقڵییەتێکی پۆلیسی ڕاگیراوە.


دیکتاتۆر و نۆرمالیزەکردن


دواتر کاک سیروان قسە لەسەر مەترسییەکانی نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەت دەکات. بەشێک کە لە جەوهەردا لەگەڵیدام، بەڵام لە تەفاسیل و وردەکاریدا تەواو پێچەوانەی ئەو سەیری شتەکان دەکەم. هەڵبەت نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەت شتێکی زۆر ترسناکە و دەبێت هەمیشە ئەو بەرگرییە ناوەکی و کۆمەڵایەتییەمان بەرامبەری هەبێت. بەڵام ئەوەی کاک سیروان دەیکات تەواو پێچەوانەی ئەوەیە. بەڕێزیان سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان وا نیگار دەکێشن کە سیستمێکی نیمچە دیموکراسە... شۆکیان بەرامبەر خودی دیکتاتۆرییەت نییە، بەڵکو شۆکیان زادەی بڕوا نەبوونە بە بوونی دیکتاتۆرییەت. وەختێک باوەڕمان بە بوونی دیکتاتۆرییەت هێنا، ئیتر بۆمان گرنگ نابێت سەرۆک دەڵێت چی، قسەکەرەکەی دەڵێت چی، لە پەرلەمانە ساختەکەیدا چی نمایشێک ئامادەدەکرێت، چۆن حوکمی بۆ درێژدەکەنەوە، کێ دەکەنە جێگری، ئەمانە هەمووی کڵێشە و گەمەی شانۆگەریی ناو سیستمەکەن کە بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو سیستمێکی دیکتاتۆریی ... دەمێک باوەڕمان بە دیکتاتۆرییەت هێنا، ئەوە شۆکماندەکات سیستمی دیکتاتۆری چۆن لەسەر ژیان و بیرکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ ئیشدەکات، ئەوە شۆکماندەکات میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و گەمژەکردن و سەرقاڵکردن و بەهەڵەدابردن، چۆن کۆیلەی گوێڕایەڵ و ئۆپۆزسیۆنی بێخەیاڵ و خەباتگێڕی کۆنزەرڤاتیڤ و ڕەخنەگری بیر تەسک بەرهەمدەهێنێت . شۆکی کاک سیروان لەوەوە هاتووە، وەک ئەوەی چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان لە پەرلەمانەوە دیاریکرابێت، وەک دوای بیست ساڵ تێنەگەیشتبیتین، دەوری پەرلەمانی کوردستان لەسەر ژیانی سیاسی ، بە ئەندازەی دەسەڵاتی کۆمپانیایەک نییە کە نەوت بە تانکەر دەباتە دەرەوەی هەرێم. تۆ گەر لەوە شۆک بوویتایە کە دیکتاتۆرییەت دەیکات، لەوە شۆک نەدەبووی کە لە پەرلەمان ڕوویدا... شۆکی کەسێک کە باوەڕی بە دیکتاتۆربوونی سیستمێک هەیە، وەک شۆکی کەسێک نییە کە باوەڕی بە دیموکراسییەتی هەمان سیستمەیە. لە بنەڕەتدا تۆ لە دیکتاتۆرییەت شۆک نەبوویت، لەوە شۆک بوویت کە باوەرت وایە دیموکراسییەتێک هەیە و هەڵەی کوشندەی تێدا ڕوودەدات و بەرەو دیکتاتۆری دەچێت. کێشەکە لەوەدایە، هەموو ئەو مەزهەر و پەردە و رووکەشە خەڵەتێنەی کە دیکتاتۆرییەت لە ناو سیستمی جیهانیی نوێدا بەکاریدەهێنیت، بۆ تۆ وەک بەشێک لە پرۆسەی گواستنەوە بۆ دیموکراسی سەیردەکرێن. ئەمە ئەو ئەفسانەیەیە کە من باوەڕم پێ نییە. لە ڕاستیدا ئەوەی دیکتاتۆرییەت نۆرمالیزەدەکات، ئەوەیە وابزانین کە نیودیموکراتییە ــ نیو دیکتاتۆرییە یان دیموکتاتۆرییە، یاخود وابزانین لە ناو ئەو سیستمەدا، ڕێگایەک بۆ دیموکراسییەت هەیە و بە ناو پەرلەمان و ژیانی سیاسی و سندوقی هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت. گەر وادەی سەرۆک درێژ نەکرایەوە و دەسەڵات درا بە کوڕەکەی یان ئەندامێکی تری حیزبەکەی ئەمە هەنگاوە بۆ دیموکراسییەت، گەر دەستوور باش نوسرایەوە، ئەوە ئیدی دەستوور حوکمماندەکات و وڵات دەبات بەڕێوە و لە ژێریدا هەموو دەکەوینە سایەی دیموکراسییەت. ئەمانە هەموو جوانکردنی ڕووی دیکتاتۆرییەتن. ئەوەی لە بنەوەڕا پەردە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا دەدات، کورتکردنەوەی کێشەی دیموکراسییەت و دیکتاتۆرییەتە بۆ نمایشەکانی ناو پەرلەمان، کورتکردنەوەی کێشە گەورەکانی سیستمی سیاسی و کولتووری ئێمەیە، بۆ دوو بڕگەی ناو دەستوورێک، کە باش بێت یان خراپ، هیچ کات ئیشی پێ ناکرێت... ئەمە ئەو تلیاکەیە کە وێنەی دیکتاتۆرییەت والێدەکات جوان و پڕ چاوەڕوانی و تەحەمولکراو بێت، ئەمە ترۆپکی نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەتە، نەوەک ئەوەی بە روونی و ڕۆشنی ڕوخساری دیکتاتۆرییەت ببینیت و ناوی بنێیت و چاوی لێ نەنوقێنی و پەردەی بەسەردا نەدەیت. ئەوەی بەڕێز سیروانی تووشی شۆک کردوە دیکتاتۆرییەت نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانییەتی لە سیستمی دیموکراتی هەرێم. ئەوەی تووشی شۆکی کردوە مۆراڵی چەوتی دیموکراسییەتی هەرێمە کە خەریکە بۆ دیکتاتۆرییەت دەڕوات. بەڵام ئەوەی لە 30 ی شەشدا، منی تووشی شۆک نەکرد، ئەوەیە دەزانم دیکتاتۆرییەتێکی پیر هەیە، نمایشی گەمەی پەرلەمانی دەکات و سەرچاوە و هێزی لە جێگایەکی زۆر دوورتر، لەو هۆڵە بێسوود و بێفەڕەی پەرلەمان، هەڵدەقوڵێت، ... ئەوەی من لەگەڵیدا نەبووم و لەگەڵیدا نیم ئەو تێزەیەیە کە پێیوایە شەرعییەتی حوکمڕانی لە هەرێمدا لە 30 ی حوزەیراندا لکەی کەوتبێتە سەر. کاک سیروان، شۆکەکەی بەڕێزتان، شۆکە لە 30 ی حوزەیران نەوەک لە تەواوی مێژووی دیکتاتۆریی و دیاردە تاریک و ناوەکییەکانی، تۆ تەنیا ئەوە لە
دیکتاتۆرییەت دەبینی کە لە مەیدانی ململانێی سیاسی و حیزبیدا دەیبینیت، چاویلکەکەت هەر توانای بینینی ئەو بەشە بچوکەی لە دیکتاتۆرییەت هەیە. شۆکی بەڕێزتان شۆکی یەکێک نییە بیەوێت هوشیاریمان بەرامبەر دیکتاتۆرییەت وریا و زیندوو ڕابگرێت، بەڵکو شۆکی یەکێکە لەسەر ئەوە ڕاچەنیوە کە دیکتاتۆرییەت بە زەقی دەبینێت و وەک ئەوەیە یەکەمجاری بێت بیبینێت، وەک ئەوەیە کتوپڕ باڵندەیەکی نامۆ و جانەوەرێکی ناوازەی کەوتبێتە بەرچاو. خودی ئەم هەستەشە، نەوەک دیکتاتۆرییەت نۆرمالیزەدەکات، بەڵکو مێژووەکەشی دەسڕێتەوە و میکانیزمەکانی ئیشکردن و بەردەوامیشی کورتدەکاتەوە بۆ ناو ڕوداوەکانی هۆڵی پەرلەمان. ئەمە ترۆپکی مکیاجکردن و نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەتە. ئەوەی من دژیمی ئەو ڕستەیە کە دەگووترێت «لەمڕۆوە شەرعییەتی دیموکراسی سەرۆکی هەرێم لە ژێر پرسیاردایە». ئەم ڕستەیە دەشێت بۆ سیاسییەک کە سیاسەتی ڕۆژانە دەکات، بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێمە کە شەڕی ڕاگەیاندن دەبەنە ڕێوە، وەک ڕستەیەکی ڕیتۆریکی ئاسایی وەربگیرێت، بەڵام بۆ نوسەرێک و ڕۆشنبیرێک لە زمانی ڕیتۆریک تێدەپەڕێت و دەبێتە خەلەلێکی گەورە لە تێگەیشتنیدا لە مێژووی دیکتاتۆرییەت و لە هوشیاریی سیاسیدا. ئەمە کورتکردنەوەی تەواوی تێگەیشتنە لە دیموکراسییەت و دیکتاتۆرییەت لە گرفتی ژیانی پەرلەمانی و پەیوەندی ئەم پەرلەمانە بە دەوڵەتەوە. ئەمە ئەو وەهمەیە کە هەندێ ڕۆشنبیرانی کورد ئەستوور و قایمیدەکەن و ئەو وێنەیە دەخولقێنن، وەک ئەو ژیانە سیاسییەی لە کوردستان هەیە هەمان فۆرم و کێشە و فەزای ململانێی دروستکردبێت کە لە خۆرئاوا و وڵاتە دیموکراسییەکان هەیە. ئەم نمایشە کە دەسەڵاتێکی خێڵەکی و ئەرستۆکراتی و پریمتیڤ بەباشی گەمەیدەکات، ئەو وەهمەی دروستکردوە، وەک بکرێت دیکتاتۆرییەت لە پەرلەمانەوە شەڕی لەگەڵ بکرێت، وەک گۆڕینی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و دەوڵەت کلیلی چارەسەری دیکتاتۆرییەت بێت. خودی ئەم وێنەیەیە کە دیکتاتۆرییەتی کاڵکردۆتەوە، ئەم سیستمەی وەها پڕ چاوەڕوانی کردوە، تۆ و هاوشێوەکانت تووشی شۆک بن، کە دەبینن دیکتاتۆرییەت بە هەر شێوە و ڕێگایەک بێت دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە. نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەت بەوەدا ناڕوات، بە ڕوونی و ڕۆشنی بوونی دیکتاتۆرییەت و مێژووە تاریکەکەی ببینین، بەڵکو بەوەدا دەڕوات بەردەوام لە گومانی ئەوەدا بین دیکتاتۆرە یان دیکتاتۆر نییە. پێمانوابێت ئەم دیکتاتۆرە شەرعییەت و هێزی خۆی لە دەستگا و ئەنستتیوتە دیموکراسییەکانی هەرێمەوە وەرگرتووە، ململانێ وەهمییەکانی ناو ئەو دەزگایانەمان بۆ شتێکی پڕ بەها بێت... ئەوە نەبینین کە ستراکتوری دیکتاتۆرییەتی کوردی، لەسەر دەسەلاتی ئەرستۆکراتییەتێکی عەسکەریی پیر دامەزراوە کە زیاد لە پەنجا ساڵە حوکمی کایەی سیاسی دەکات و هەموو ڕەگەزە ئایدۆلۆژی و فەرهەنگیی و ئەدەبییەکانی ئێمە لە بری ئەوەی ئەم دەسەڵاتە پیرە ئاشکرابکەن، یان ڕەوا سەلماندویانە یاخود بەفۆرمی دیکەی دیکتاتۆرییەتی ئایدۆلۆژی وەڵامیانداوەتەوە، یان کاڵیانکردۆتەوە و بە ناوی نیوە دیموکرات و نیوە دیکتاتۆر شەرعییەتیان پێبەخشیوە، یان تەواو دایانپۆشیوە و شاردویانەتەوە و ستایشیانکردوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە، بەجۆرێک دیکتاتۆرییەتی کوردی کاڵ و لاواز پیشاندەدات، هەتا هەندێک پێیانوایە بە گووتارێکی ئەو، بە چاوپێکەوتنێکی ئەو، کەرتێکی لێدەبێتەوە و نیوەی دەڕوخێت.
باسکردنی کاک سیروان بۆ شۆک و هێنانەوەشی بۆ نمونەی دۆعا، بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر مانا و سروشتی شۆک لای بەڕێزیان. ئەو نمونەیە بەڵگەیە کاک سیروان، وەک چۆن تا نەیبینی لە پەرلەمان ماوەی سەرۆکایەتی درێژکرایەوە، ڕووی ڕاستەقینەی دیکتاتۆرییەتی بۆ دەرنەکەوت، تا بەفیدیۆیش تاوانی کوشتنی دۆعا نابینێت، شۆک نابێت و نازانێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا چ تاوانێک ڕوودەدات، تاوانگەلێک من لە «مەرگی تاقانەی دووەم» و «ئێوارەی پەروانە» دا بە درێژایی هەموو بکەر و فەزا مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەم نیگارکردوە. کە وادەڵێم مەبەستم موزایەدە نییە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم ئەم جۆرە تاوانانە لە ناو پێکهاتی بنچینەیی واقعدان، بەشێکی چنراوی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا پەتریارکی و دیکتاتۆریی ئێمەن. سێ ساڵ لە مەوبەر لە وتارێکدا کە هەر گرێدراوی کێشەی دۆعابوو، باسم لەو جۆرە ویژدانە موزەیەفە کرد کە پێویستی بە وێنەیەکی دۆکۆمێنتکراو و گیراوە تا وریابێتەوە، بەڵام توانای بینینی هەموو ئەو تاوانانەی نییە کە کامێرا نایانگەێنێت. حاڵەتی کاک سیروان بە وردی و ڕۆشنی بەڵگەی ئەو جۆرە دۆخەیە. کاک سیروان لێرەدا باس لەوە دەکات کە چەند گرنگە لێرەدا تووشی شۆک بووە، چۆن خۆی خستۆتە شوێنی دۆعا، ئەمجۆرە لە شۆکبوون بە گرنگ دەزانێت. من تەواو بە پێچەوانەوە، ئەمە بە شۆکێکی کاتی و کورت دەبینم کە بۆ ماوەیەکی کورت دێت و دەڕوات. کاک سیروان چونکە هوشیاریی بە ڕیشەکان و بونیاد و ستراکتوری دیکتاتۆرییەت نییە، تەنیا لە ژێر کاریگەریی ئەو وێنانەدا تووشی شۆک دەبێت کە میدیا بۆی دەگوێزنەوە، تەنیا لەو ساتەدا هەستە ئایدۆلۆژی و ئینسانییەکانی دەجوڵێن کە میدیا بابەتێکی پێدەبەخشن و ڕووداوێکی نیشاندەدەن و کێشەیەکی بۆ گەرمدەکەن. کاک سیروان لە نوسینەکەیدا بە ڕۆشنی ئەوە دیاریدەکات گەر فیدیۆکەی دۆعا نەبایە، گەر ئەوەی پەرلەمان نەبایە تووشی شۆک نەدەبوو، کێشەی منیش لەگەڵ کاک سیروان و هاوشێوەکانیدا لەو خاڵەدایە، کە ویژدانی سیاسی و مرۆڤانەیان توانای بینینی نەخشەی راستەقینەی ستەم و دیکتاتۆرییەت و زوڵمی نییە تا شتێکیان نەخەیتە بەردەست، تا وێنەیەک نەبێت بیانجوڵێنێت. ئەوەی کاک سیروان باسیدەکات ئەو شۆکە نییە کە دژ بە دیکتاتۆرییەت پێویستمان پێیەتی، شۆکێک لە بینینی راستییەکانەوە هاتبێت، کە بێئەوەی میدیا و ئۆپۆزسیۆن و کامێرا بۆمان بگوازنەوە دەبێت بیانبینین، شۆکێک نییە ویژدانمان هەمیشە بەزیندوویی ڕابگرێت، بەڵکو موچڕکی کەسێکی خەوتووە کە لەسەر وێنەی مۆتەکەیەک وریادەبێتەوە و هاوارێکی گەورە دەکات و دوایی دەخەوێتەوە... ئەمە شۆکی مرۆڤێک نییە کە لە شتە نامرۆڤانەکان ڕاچەنیبێت، شۆکی ئایدۆلۆژیستێکە کە چاوەڕوانییە ئایدۆلۆژییەکان و خەونە سیاسییەکانی بەتاڵ دەبنەوە. ئەمە ئەو جۆرە شۆکەیە کە لە 17 ی شوباتدا گووتم، شۆڕشگێری ساتەوەختی و مەوسمی دروستدەکات و دوایی دەچنەوە ژێرەوە و ئیتر نابینرێنەوە. ئەمە شۆکێک نییە لە موچڕکی یەکەمدا گووتارێک بەرهەمبهێنێت و لە موچڕکی دووەمدا گووتارێکی باڵاتر... ئەمجۆرە شۆکە کورت و خێرا و تێپەڕانە، بەردەوام لە ساتێکدا لە سفرەوە بەرزدەبنەوە تا دوا پلەی پێوانەیی تەرمۆمیترەکە، دوایی دەگەڕێنەوە سەر سفر، لە شۆکی دووەمیشدا لە سفرەوە دەست پێدەکەنەوە. ئەوە نییە لە شۆکی یەکەمدا بە گووتارێکی سیاسییەوە بێن و لە شۆکەکانی دواتردا بە گووتارێکی باڵاترەوە، تا بزانین هوشیاری لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی گۆڕاوە و گەشەی کردوە... ئەو لە هەموو شۆکەکاندا یەک ترسی هەیە «سیستمی هەرێم نەبێت بە دیکتاتۆریی» . لە شۆکی دواتریشدا بە هەمان گووتارەوە دێتەوە پێشێ، سەدجاریش تووشی شۆک بووە، بەڵام بە هەمان زمان و شێوازی گفتمان و ئاستی هوشیاری شۆکی یەکەمجارەوە دەست پێدەکاتەوە. کێشەکە لە خودی شۆکدا نییە، بەڵکو لەوەدایە لە هەموو شۆکێکدا بە هەمان ئاستی زمان و گوتار و هوشیارییەوە دێتەوە دەرێ... هەمیشە بە هەمان قسە و هەست و گووتاری دووبارەوە دەگەڕێتەوە.



وێنەیەکی هەڵە بۆ شۆڕش و ڕۆشنبیر و خەڵک

سیروان عەبدول دەنوسێت :
« بۆیە سەیرکە، تۆیەک کە دێیت و داوا دەکەیت ئەو توێژە گەورەیە و ئەو هەموو خەڵکە بە حەماسەتە بۆ بەشداربوون لە سیاسەتدا،هەموو واز لەو بەشدارییەیان بێنن، ئینجا دەبێت بزانیت کە تۆ چی هاوپەیمانییەکی شەعبیی گرنگ و جیددی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا پەک دەخەیت».
کاک سیروان من لە کوێ و لە چ دێڕێکدا گووتوومە «ئەو هەموو خەڵکە» «واز لە بەشداریی بهێنن»?. سەیر نییە ئەم هەموو بوختانە ڕیزدەکەیت و باسیش لە کولتووری دێبات دەکەیت. ئەمە کولتووری دێباتە، بە ئارەزووی خۆت شتی داتاشراو و نادروست ڕیز بکەیت وبیخەتە پاڵ نوسینێک کە بە دڵت نییە? ئەمە کولتووری دێباتە یەک دێڕ لە نوسینێک نەهێنیتەوە، بەڵام دەیان حوکمی بێبنەمای لێ دەرەنجام بهێنیت?.
ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە دیکتاتۆرییەت شەرعییەتی لە بێدەنگی خەڵکەوە وەرگرتووە. شەرعییەتی لەوەوە وەرگرتووە کە هەندێک لە ڕۆشنبیران تا ئێستا باوەڕیان بە دیکتاتۆرییەت نەکردوە، ئەمە لە کوێ و بە خەڵک بڵێیت بەشداری مەکەن لە کوێ? لە کوێ بە خەڵک بڵێیت دیکتاتۆرییەت ئەو بێدەنگییە دەستەجەمعییەی خەڵک ڕایگرتووە و لە کوێ بڵێیت خەڵک بابەشداری لە ژیانی سیاسی و یاخیبووندا نەکەن?. ئەمە دوو شتی تەواو جیاوازن و بەرێزتان خوێندنەوەی هەڵە «وە بە ئەنقەست هەڵە» ت بۆ کردون. دیارە لێرەدا من دەبێت بڵێم ئەوەی تۆ دەیکەیت، خۆت بخەیتە بری خەڵک، خۆت بخەیتە بری ئۆپۆزسیۆن، خۆت بکەیت بە پێشەنگی جەماوەر، وەزیفەی ڕۆشنبیرە بە مانا بەلشەفییە لینینییەکە. تۆ ئازادیت، مۆدێلی چ ڕۆشنبرێک هەڵدەبژێریت. بەڵام ئەوەی وابزانیت هەر ڕۆشنبیرێک وەک تۆ خۆی بە پێشەنگی جەماوەر نەزانی، خائینە، ئەمەیان جۆرێکە لە مۆراڵی ئایدۆلۆژی. ڕیشەکانی لەو پاشخانە لینینی و بەلشەفییەدایە کە زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد هەیانە و ناتوانن لێی پاکببنەوە.
لێرەدا حەزدەکەم «وەک لەسەرەتای نوسینەکەدا وەعدم دا» شتێک لە سەر چەمکی چارەسەری بڵێم. کاک سیروان وای نوسیوە وەک شەپۆلانی خەڵک لەسەر جادەبن و وتارەکەی من کە لە فەیسبوک بڵاوبۆتەوە «کە ڕەنگە ئەوپەڕی پێنج سەد کەس خوێندبێتییەوە یان نا» ئەم شەپۆلانەی گێڕابێتەوە بۆ ماڵ. بەوە وادەزانێت ئەو شۆڕشە جەماوەرییەی کە دەشیا ئەو ببێتە سەرۆکی، من پەکم خستووە. ئەمە جگە لەوەی شێواندنێکی دەستە ئەنقەستە، وێنەیەکی کاریکاتێریشە بۆ خەڵک و شۆڕش. ئەمە چۆن خەڵک و شۆڕشێکە، وتارێکی هەزار و پێنج سەد وشەیی من لە شۆڕش پەشیمانیان بکاتەوە، ئەمە ئیهانەکردنی من نییە، بەڵکو بەڕاستی سووکایەتییەکی گەورەیە بە خەڵک و بە شۆڕش ... جارێ من تووشی ئەو تەوەهومە نەبووم کە دەسەڵاتێکی وا سیحراویم بەسەر خەڵکدا هەبێت، بە قسەی من بڕژێنە سەر جادە و بە قسەی من بگەڕێنەوە ژوورێ. گەر دەسەڵاتی وام هەبێ، دڵنیابە بە کارم دەهێنا، خەڵک هەموو هێزە سیاسییەکان بخەنە پەراوێزی ئیرادەی خۆیانەوە. بەڵام دڵنیام دەسەڵات و قودرەتی وا سیحریم نییە. بەڵام بۆ کاک سیروان وادەزانێت من ئەم دەسەڵاتەم
هەیە?. لە ڕاستیدا ئەمەی لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن و خۆشەویستی منەوە نییە، بەڵکو تەنیا بۆئەوەیە باری نوشوستی و فەشەلێک کە خۆی و ڕۆشنبیرە سیاسییە هاوشێوەکانی تێیدا دەژین، بکاتە ملی یەکێک، ئەو کەسەش کێیە، منم، چونکە وتارێکم نوسیوە گووتوومە، دیکتاتۆرییەت پەنجا ساڵە لێرەیە، بۆ ئێستا لە خەو هەستاون و بیرتانکەوتۆتەوە. کاک سیروان نوسیوێتی هەموو خەڵک و نوسەران خەڵکیان ئامادەکردوە، من لەولاوە هاتووم هەموو ئەو هەوڵانەم تێکداوە. ئەمە جگە لەوەی تۆمەتێکی زۆر گەورە و بێبنەما و بێئینسافانەیە، بەڵام نیشانەی خەلەلێکی گەورەشە لە تێڕوانینی بەڕێزیاندا بۆ کۆی شتەکان.
گەورەترین جیاکارییەک ڕوانینی ڕۆشنبیر لە سیاسی جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ڕۆشنبیر مرۆڤەکان وەک سوبێکت و خودی هوشیار دەبینێت، کە خۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن. کێشەی گەورەی دیکتاتۆرییەتیش ئەوەیە کە ڕێگا لە مرۆڤەکان دەگرێت هەڵبژاردن و ئیرادەی خۆیان هەبێت. ئیشی نوسەر زیندوو ڕاگرتنی ئەو ئیرادەیەیە، هەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک توانای بڕیاردانیان هەبێت، نەوەک ڕۆشنبیران خۆیان لەبری خەڵک بڕیاربدەن. یەکێک لە هەرە درۆ گەورەکانی ژیانی ئێمە ئەوەیە بڵێین «هەموو دەزانین دیکتاتۆرییەت هەیە، بەڵام نازانین چارە چییە». هیچ درۆیەک لە مێژوودا بە ئەندازەی ئەم درۆیە ناشیرین نییە. هەر کات زانیت دیکتاتۆرییەت هەیە، دەشزانی چارە چییە. هەموو ئەوانەی دەپرسن چارە چییە، یان چاوەڕوانن لە دەمی کەسێکی ترەوە چارە ببیستن، خۆیان لە ئیرادە و ئازادیی و بڕیاری خۆیان دەدزنەوە، هەر کەسێکیش لە بری ئەوان بڕیاربدات، بە هەمان شێوە، لە بە کۆیلەکردن و ژێردەستیاندا بەشدارە، مرۆڤ یان خۆی خۆی ڕزگاردەکات، یان هەمیشە لە سایەی ئاغایەکەوە دەگوازێتەوە بۆ سێبەری ئاغایەکی تر. دیکتاتۆرییەت هەیە و چارەکەشی دیارە چییە. دەبێت چارەی کۆیلەیی چی بێت، جگە لەوەی ئازادی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. کە مرۆڤەکان ئەم چارەیە هەڵنابژێرن، سەرەتا وەک تاک هەڵی نابژێرن و دواتریش وەک کۆ، هەرکات وەک تاکیش هەڵیان نەبژارد، هیچ هێزێکیش وەک کۆ ناتوانێت ئازادیانبکات. بۆ مرۆڤەکان ئازادی هەڵنابژێرن? ئەوە بابەتی دەیان فەلسەفەی گەورە و تێزی دەیان بەریانی فیکری سەرەکی ناو مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤە، ئەوە هەمیشە یەکێک بووە لە پرسیارە هەرە گەورەکانی مێژووی فیکر. ئەوەی لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەتدا بژی و بڵێت نەمزانیوە لە ژێر سایەی دیکتاتۆرییەتدا دەژیم، درۆ لەگەڵ عەقڵی خۆی و ویژدانی خۆیدا دەکات. ئەو ڕۆشنبیرەشی کە پێیوابێت گەر ئەو نەبێت خەڵک نازانن لە سایەی دیکتاتۆرییەتدا دەژین، لە هەمان وەهمدا دەژی و هەمان ئەفسانە بەرهەمدەهێنێتەوە . لە هیچ جێگایەکی مێژوودا نوسەر ئەو بڕیارەی بۆ خەڵک نەداوە چی بکەن. ئەوە بڕیاری گەورە و چارەنوسسازی هەموو کەسێک بە تەنیا خۆیەتی، هەر مرۆڤە و بەتەنیا بۆ خۆی بڕیاردەدات و خۆی شێوازی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش هەڵدەبژێرێت... ڕاستە خەڵک خۆیان دیکتاتۆرییەت هەڵنابژێرن، بەڵام خۆیان خەباتکردن یان خەبات نەکردن هەڵدەبژێرن. خەباتکردن دژی دیکتاتۆرییەت بڕیاری ئازادانەی هەموو مرۆڤێک خۆیەتی، نەوەک فەرمانێکی سیاسی بێت لە ڕۆشنبیرەوە بۆ خەڵک دەربچێت. ڕۆشنبیر کەسێک نییە بتوانێت لە بری تۆ بڕیاربدات. کە کۆیلەیەک کۆیلەیەتی قەبووڵدەکات، هۆکەی ئەوە نییە هوشیار نییە و ڕۆشنبیریی نییە، کە کەسێک دەچێتە خزمەتی دیکتاتۆرییەتەوە هۆکەی ئەوە نییە ناهوشیارە و نازانێت، ئەمانە هەمووی درۆی گەورەن کە هەندێ لە خوێندەوارە سیاسییەکان دایدەڕێژن تا لە ڕێگایەوە ببنە سەرۆک و ڕابەر و فەرماندەی نەتەوە. لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر ڕستەکەی مارکس کە دەڵێت «کاری فەیلەسوفان تا ئێستا تەفسیری دونیا بووە، ئێدی کاتێتی بیگۆڕن». ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە بەڕێزتان و هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکان و پۆزەتیفیستە لیبرالەکانیش لە خۆرهەڵات باوەڕیان پێیەتی. لە ژێر باڵی ئەم رستەیەوە هەموو دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیست هاتنەدەرێ. وەزیفەی ڕۆشنبیران تەفسیری دونیایە، وەزیفەی گۆڕینی دونیا، وەزیفەی هەموو مرۆڤێکە، وەزیفەی هەمو ئیرادەیەکی ئازادە کە قەبووڵی ناکات کەس زەوتیبکات و خۆی بریاری خۆی دەدات، گۆرینی دونیا لە ئازادکردنی مرۆڤەوە دێت لەترسە قووڵەکانی خۆی لە ئازادی. چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە خەڵک لە نێوان دیموکراتییەت و دیکتاتۆرییەتدا دوودڵ بن، ئەوەیان پرسیارێکە کۆتاییهاتووە و بڕاوەتەوە، بەڵکو ئەرکێکی سەختتر و دوورودرێژتر و گەورەتر لە بەردەمدایە، کە ڕۆشنبیران بەوە خۆیانی لێدەدزنەوە ببنە ئەکتیفیستی سیاسی، کادێری حیزبی، مەسرەفکەری هەست و دروشم و ئیحساساتی پۆپۆلیستی. وەزیفەی ڕۆشنبیران لە ئاستی سیاسیدا ئێستا ئەوەیە لە کۆیلەیەتی و لە نهێنی بەردەوامبوونی دیکتاتۆرییەت و مانەوە و گەڕانەوەی بەردەوامی تێبگەن. ئیشی ڕۆشنبیر داڕشتنی ئەو زانست و هونەرانەیە کە وادەکەن، مرۆڤ ڕۆشنتر لە خۆی و لە ترسەکانی و لە کۆتە ناوەکییەکانی بڕوانێت، ڕوونتر لە ئازادی لە ڕەهەندە فراوان و گەورەکەیدا تێبگات. ڕوناکتر بتوانێت چەمکی ئینسان و کۆمەڵگا و گۆڕان ڕۆشنبکاتەوە و کورتیان نەکاتەوە بۆ چەند کڵێشەیەکی سیاسی مردوو. بەشی هەرە زۆری ئەوەی ڕۆشنبیران بەرهەمیدەهێنن ڕەنگە قابیلی تەرجەمە نەبێت بۆ سیاسەت. ئەوەی فیکر لە مێژوودا بەرهەمی هێناوە، تەنیا بەشێکی زۆر کەمی وەرگەڕاوەتە سەر زمانی سیاسەت، وە ڕەنگە بەشە هەرە گرنگەکانیشی ئەوانە بێت، کە ناخرێنە سەر گوازرشتی سیاسی. ئیشی رۆشنبیر هیچ کات ئەوە نییە مرۆڤی سیاسی باش دروستبکات، بەڵکو ئەوەیە مرۆڤێکی دیدە فراوانتر و ئازادتر و قووڵ بینتر و دووربینتر دروستبکات. چارەی ڕۆشنبیر بۆ دونیا بەرنامەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرهەمێکی فیکرییە لە ناو ڕۆح و عەقڵ و ویژدانی مرۆڤەکاندا بمێنێتەوە و نەوە بەدوای نەوە زیندوو بێت و بیری لێبکرێتەوە و بیری پێ بکرێتەوە. ئیشی ڕۆشنبیر دروستکردنی مرۆڤی حیزبی نییە، دروستکردنی مرۆڤی ئەکتیڤیست نییە، بەڵکو مرۆڤی هەستکەر و بیرکەرەوەیە. بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە مرۆڤەش، تەنیا نەفرەتکردن لە دیکتاتۆرییەت بەس نییە، بەڵکو تێگەیشتن لە هۆکانی بەردەوامی و قەبووڵکردنی مرۆڤ بۆ کۆیلەیەتی گرنگە، وە پشکنینی ڕێگاکانی شکاندنی مرۆڤ بۆ کۆتەکانی خۆی، لە خواستە گرنگەکانی ڕۆشنبیرە. ئەوانە جومگە سەرەکییەکانی کاری ڕۆشنبیرانە، نەک سەرسوڕمان لەوەی لە پەرلەمان چی دەبێت یان نابێت، یاخود جەنابی سەرۆک قەبووڵی دەکات حاکممان بێت یان نا... ئەمەی دووەمیان شانۆگەرە وەهمییە هەڵەکەیە و دەقی ئەسڵی لەسەر شانۆیەکی تر گەمەدەکرێت و ڕۆشنبیر دەبێت لەو هۆڵەی تریاندا بێت، نەوەک ئەم هۆڵەی لە ئەکتیفیستە ئایدۆلۆژییەکان و کەسانی وەک کاک سیروان بووە بە شوێنی سەرەکی نمایشەکە. کە ئیشی ڕۆشنبیر دابەزی بۆ ئیشی ڕۆژنامەنوسێکی ڕۆژانە، بوو بە شیکردنەوەی سیاسیانەی ڕووت، واتە دەستبەرداری هەموو ئەو کەرەستانە بووە کە وای لێدەکەن لە بونیادی عەقڵی و دەرونی و فەرهەنگی هەم دیکتاتۆر و هەم ژێردەستەکانی تێبگات. بە بڕوای من ئەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیرە و هەر ئەوەش لە ئەکتیڤیستی سیاسی بچوک و شیکەرەوەی هەواڵ و کادێری حیزبی جیایدەکاتەوە.
پێشموایە ئەو وەهمەی کە وادەزانێ، خەڵک بۆیە نایەنە سەرجادە چونکە ئێمە پێیان ناڵێین وەرنە سەر جادە، ئەوە نیشاندەداتەوە کە ئەم ڕۆشنبیرانە «گەرچی هەندێکیان دەمامکی خاکێتی و سادەییان لە سەرکردوە و بەردەوام دژی نوخبەگەرایی قسەدەکەن» چ هێزێکی پێغەمبەرانە و چ دەسەڵاتێکی ئەفسوناوییان داوەتە خۆیان. ئەوەی واتێبگەیت دونیا بۆیە ناگۆڕێت چونکە ئێمەی ڕۆشنبیر هێشتا داوای گۆڕانیمان نەکردوە، و فەرمانمان بۆ گۆڕانی دەرنەکردوە، ئەمە نەوەک هەر نادروست و ناواقعییە، بەڵکو لە پشتییەوە بەخشینی هێزێکی ئەفسوناوی و سیحرییە بە رۆشنبیر کە لە هیچ دەور و زەمانێکدا خاوەنی نەبووە. گەر بەم پێیە بێت دەبێت بپرسین بۆ ئەو هەموو ڕۆشنبیرە گەورەیەی ئەڵمان، نەیانتوانی بەر بە هیتلەر بگرن، یان بڵێین نوسەرانی وەک دستۆفسکی و تولستوی و چیخۆف و مایکۆفسکی و یەسەنین بەرپرسن لەوەی روسیا بە درێژایی مێژووی خۆی تا ئەمڕۆ دیکتاتۆریی بووە. ئەم بۆچوونە نەوەک هەر هەڵەیە، بەڵکو لەسەر تێنەگەیشتنێکی مێژوویی قووڵ دروستبووە.
پرسیارێکی گەورە لێرەدا بیکەین ئەمەیە: بەڕێز کاک سیروان و هەموو ئەو برایانەش کە وەک تۆ بیردەکەنەوە، هەموو ئەوانەی پێتان وایە، ڕۆشنبیریی کوردی حیزبێکە و ئێمە ئەندامین لەو حیزبەدا و ئەو حیزبە پەیڕەو و پرۆگرامی نەنوسراوی هەیە و ئێوە چاودێری ئەخلاقی جێبەجێکردنی ئەو پەیڕەوپڕۆگرامەن و کارتانە بە نوسەران بڵێن کەی بنوسێت و چی بنوسێت، کەی مولزەمە و کەی مولزەم نییە... پرسیاری هەرە گەورە ئەوەیە، بۆ ئەم عەقڵییەتە نابەنە ناو خودی سیاسەتەوە? بۆ خەباتی سیاسی بەجۆرە حیزبی و مەیدانییەکەی ناکەن? . گەر ئێوە لە ڕۆشنبیرییدا هەر ئەو کارەدەکەن کە کاری کادێرێکی حیزبییە، یان کاری چالاکوانێکی ئایدۆلۆژییە، بۆ ئەم کارە کە لە بنەڕەتدا کاری خەباتی مەیدانییە هێناوتانەتە ناو کایەی ڕۆشنبیرییەوە?... بۆ نیوەی ئەو ڕەنجەت ناکەیت بەخەباتی سیاسی ڕاستەقینە?. ڕۆشنبیر کەسێکە دەتوانێت خەباتی خۆی وەک مرۆڤ و بەرپرس، لە نوسیندا جێبەجێبکات. ئەوە دونیاکەیەتی و ئەوە سنوورەکانێتی ... تۆ کە خەونی ئەوەت هەیە شەقام بجوڵێنیت و پێشەنگی بکەیت، لایەنی کەم دەبێت خۆت لەسەر شەقام بیت کە ئەو داوایە دەکەیت، ئەوە بچوکترین بنەمای ئەخلاقی فیکری و سیاسیشە. لە راستیدا هۆی ئەوەی کە بەڕێزتان ئەوە ناکەن دوو شتە: یەکەم: ترسنۆکی سیاسی و نەوێرانی تاقیکردنەوەی خۆت، ئەگین هیچ بەهانەیەک نییە بەردەوام باس لە گرنگی خەباتی سیاسی بکەیت و داوا لە نوسەرانی تر بکەیت وەک ئەکتیفیستی سیاسی ئیشبکەن و خۆت لە ماڵەوە دانیشتبیت. من نە ئەوە بروامە و نە ئەوە تێگەیشتنمە و نە ئەوەش سەیرکردنمە بۆ فیکر و رۆشنبیریی تا کاری وەها بکەم. ئەوە بڕوای تۆیە و تێڕوانینی خۆتە و دەبێت خۆت جێبەجێی بکەیت، نەوەک خەڵک بەکرێ بگریت بۆت جێبەجێبکەن. دووەم: یان ئەوەیە نوسینی سیاسی، بەمجۆرە زمان و زانیاریی و بەلاغەتە، تاکە ئیشێکی ئاسانە کە دەتوانیت بیکەیت و وەک چەکی موزایەدەکردن بەسەر ڕۆشنبیرانی تردا بەکاریبهێنیت.


لە کۆتاییدا

دوابەشی بۆچوونەکانتان لەسەر دیموکراسییەت، وەڵام نادەمەوە، چونکە لە دەیان شوێن و وتار و چاوپێکەوتندا قسەم لە سەر تێگەیشتنی خۆم بۆ دیموکراسییەت کردوە، بەڕێزتان دەتوانن بگەڕێنەوە سەری. من لەو وتارەدا بە هیچ وشەیەکیش باسی جەوهەری دیموکراسییەتم نەکردوە، باس لە دیکتاتۆرییەتێک دەکەم کە سیستمێکی پیر و بەهێزە... من بڕوام وایە کەسێک پێیوابێت لە کوردستان ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لە رێگای هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانەوە، پارتی و یەکێتی بڕوخێنێت و بەرپرسەکانیان بداتە دادگا، تووشی تەوەهم بووە و هیچی تر، نەک هەر ئەوە، باوەڕیشم وایە هیچ لە ستراکتوری دەسەڵات و دەوڵەت لە کوردستان تێنەگەیشتووە. گەر بەڕێزتان بۆچوونتان وایە کە دەکرێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە دیموکراسی بکرێت، وەک لە نوسینەکەتدا جەختت لەسەر کردوە، پێموایە لە کوردستان شانۆگەرییەکی دیموکراسی باش چنراو هەیە، دەتوانن لەگەڵ خۆتان و خۆێنەرەکانی خۆتاندا ڕاستگۆبن و تێیدا بەشداربن، دڵنیابە من لە یەکەم دڵخۆشان و ستایشکەرانتان دەبم. گەر باوەڕیشتان بەوەیە شەپۆلانی خەڵک لەسەر شەقامە، باوەڕناکەم هیچ کەس ڕێگای لەوە گرتبێت ئێوە لەگەڵیان بچنە سەر شەقام و ڕۆڵی ئەو پێشەنگە لینینییە ببینن کە دەبێت بیبینن... ئەگەر ڕاشت وایە من بە وتارێک لە فەیسبوک شۆڕشەکەی بەرێزتانم پەکخستووە، دڵنیابە بە هەڵەدا چوویت. من نەدەمەوێت هیچ شۆڕشێک هەڵگیرسێنم و نە هیچ شۆڕشێک پەکبخەم، ئەوە بڕیاری مێژوویی و ستراتیژیی خەڵک خۆیەتی، ئەوە هەڵبژاردنی ئازادی تاکەکان خۆیانە، ئەوە بەر پرسیارێتی فەردەکانە بەرامبەر ژیانی خۆیان و کۆمەڵەکەیان. گەر بەڕێزتان و لەگەڵیشتاندا هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکانی تر ئەو ڕێگایەتان هەڵبژاردوە، لایەنی کەم چاوەروانی ئەوەتان لێ دەکرێت، راستگۆبن لەگەڵ خۆتان و لەگەڵ خوێنەرەکانتاندا. بە بڕوای من نە دەرگای ژیانی پەرلەمانی لە ڕووتاندا داخراوە تا بچن و لەوێوە ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستی ئازادی دەسەڵات پیادەبکەن کە بڕواتان پێیەتی و من بڕوام پێی نییە، نە ڕێگای شەقامتان لێ گیراوە، دابەزن و پێشەنگایەتی بکەن. من وەک چۆن لە حەفدەی شوباتدا گووتم، هەر کات خەڵک هاتە سەر شەقام، وەک مرۆڤ و هاوڵاتییەکی کورد بێ دوودڵی لەگەڵیان دێم، بە مەرجێک ئەو بزاوتە سروشتێکی کۆنزەرڤاتیڤی نەبێت و نەکەوێتە خزمەت ئیرتیجاع و گێڕانەوەی کۆمەڵگای ئێمە بۆ دواوە. بەڵام من تەنیا وەک مرۆڤ و هاوڵاتی ئەوە دەکەم، ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگ و سەرکردە و بەلاغنوس ببینم، ئەوە نە لەگەڵ ئارەزوومدایە، نە لەگەڵ بڕوامدایە، نە لەگەڵ تێڕوانینمدایە بۆ ئیشی ڕۆشنبیر. بەڵام ئەوەی بەڕێزتان داواتانکردوە ئێمە دەممان دابخەین تا پرۆسەی شۆڕشە دیموکراسییەکەی ئێوە سەردەگرێت «ئەو نیازەی کە لە پشتی هەموو وشە و دێڕێکی ئەم نوسینەتانەوەیە» لەگەڵ داوای لێبوردندا، داوایەکی زۆر نادیموکراسی و نامرۆڤانەیە ... ئێمە دیکتاتۆرە گەورەکان بێدەنگیان نەکردوین، بۆ دەبێت ئێستا بۆ دیکتاتۆرێکی تر بێدەنگ بین کە هێشتا لە بەربەیانی خەونەکانی خۆیایەتی و تازە گاگۆڵکێ دەکات...


******

دوا قسەم بۆ کاک سیروان نییە، بەڵکو بۆ خوێنەرە. من لە ژیانی خۆمدا وەک نوسەر کەمجار وەڵامی خەڵکم داوەتەوە، ڕەنگە لەو بیست و چوار ساڵەدا کە شت بڵاودەکەمەوە، پێنج جار شتم نوسیبێت ناوی وەڵامی لێ بنرێت. ئەمجارەش کاک سیروان تەنیا بیانوویەک بوو، بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیار کە زۆرجار لێرەو لەوێ دێنە بەردەممان. هەڵبەت ڕاستکردنەوەی شێواندن و بوختانە گەورەکانی، کە زۆریان تۆمەتی سیاسی شاخداربوون و هەموو سنوورێکی تێپەڕاندوە، بەشێک بووە لە نیازی من. بەڵام لە کاک سیروان بگوزەرێین، نیازم وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانیش بوو، کە لێرەدا زۆریان پێکەوە کۆبوونەوە، لەو ئاستەدا کاک سیروان تەنیا بەهانەبەخشێک بووە و هیچی تر. لە دونیای کورددا ڕستەیەکی کۆمیدیمان هەیە کە بە هەموو کەس دەگووترێت، هەر هێندەی وەڵامی تێکستێکت دایەوە دەڵێن «ڕەخنەی قەبووڵ نییە»، هەندێ کەس ئەم ڕستەیان لێ بستێنیتەوە، وشەیەکی دیکە و کۆمێنتێکی تریان لەسەر هیچ قسەوباسێک نییە، بینوسن. لێرەدا رووی دەمم لەوجۆرە کەسانە نییە، بەڵکو لەو خوێنەرە ڕاستەقینانەیە کە لەدەرەوەی ئەم کڵێشە مردووانەوە بیر لە نوسین دەکەنەوە. من هەر کاتێک نوسیبێتم هیچ کات زمانی موجامەلە و دوو ڕووییم بەکارنەهێناوە، کە وەڵاممداوەتەوە ئەوەی پێویستە بگووترێت گووتوومە. لەو نوسەرانە نەبووم کۆرس چی گۆرانییەکی گووت من لەگەڵیدا بیڵێمەوە و کۆراڵ چ نەغمەیەکی خوێند منیش بیخوێنم. ئەو شتانەی باوەڕم پێ بوون تا سەر ئێسقان باوەڕم پێ بوون و ئەوانەیش کە باوەڕم پێ نەبوون هەر تاسەر ئێسقان باوەڕم پێ نەبوون. بەبڕوای من تۆلێرانس بۆ ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بۆئەوە نییە یەکێک بوختانت بۆ هەڵبەستێت و تۆمەتت بۆ داتاشێت و تۆ بڵێیت ڕاستدەکەیت، تا بیسەلمێنیت تۆلێرانست هەیە. ئەخلاقی دیالۆگ لای هەندێ کەسی ئێمە هەمیشە ئەمە بووە، ئەو نوسینەکەت بشێوێنێت، تۆ بڵێی بەڵێ. زیادەی خۆی بخاتەسەر، تۆ بڵێی بەڵێ. دەرەنجامگیری لێ بگرێت کە هەڵگری نییە، تۆ بڵێی بەڵێ، بتکات بە خائین، تۆبڵێی بەڵێ. بڵێ تۆ لەگەڵ دیکتاتۆردایت و شۆڕشی من هەڵدەوەشێنیتەوە، تۆ بڵێی بەڵێ. بڵێ تۆ مولزەم نیت بنوسیت، تۆ بڵێی بەڵێ. هەموو بیروبۆچوونت بشێوێنێت تۆبڵێی بەڵێ. بەڵام گەر شتەکانت بە ناوی خۆیانەوە ناونا، گەر گووتت ئەمە شێوانە، گووتت ئەمە فەنتازیای برای ڕەخنەگرە، بڵێی نوسینی من ناچێتەوە سەر ئەو مانایە، بڵێی ئەمە تەخوین و بوختانە... ئیتر ئەمە لای ئەو بەڕێزانە ئەخلاقی دیالۆگ نییە، ئەخلاقی دیالۆگ لای ئەوان ئەوەیە قولاپی شێواندنەکان قووتبدەیت و لێ گەڕێی بەدوای خۆیدا ڕاتبکێشێت. لە ڕاستیدا ئەمە ئەخلاقێکی جوانی دیالۆگە، بەڵام بۆ ئەوان، بۆ ئەو خوێنەرانەش کە تەنیا لە سوچێکەوە و بەشێکی بچوکی کۆی دیمەنەکە دەبینن و دەیانەوێت لەو بەشە بچوکەدا بچەقێن. بەڵام بۆ من، بۆئەوەی تەواوی ڕاستییەکەی دەوێت، بۆئەو خوێنەرەی بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە و بەراوردی دروستی بیروڕاکان دەگەڕێت، بێگومان ئەمە شێوازی دیالۆگ نییە، بەڵکو جۆرێکی دییە لە سادیزمی ئایدۆلۆژی کە دەمامکی مۆراڵیستییانەی کردۆتە سەر. من زۆربەی وەخت بێدەنگیم هەڵبژاردوە، بەڵام کە هاتبێتمە دەنگ وەک مۆراڵیستێکی دەمامک لەسەر رەفتارم نەکردوە. من نە لە شیعرمدا، نە لە رۆمانمدا، لە نوسینی فیکریمدا هیچ کات مۆراڵیستێکی دەمامکدار نەبووم، تا لەوەڵاممدا بەوجۆرەبم. بەدرێژایی ئەو بیست و چوار ساڵە بەردەوام سەرنجی یەک شتیشم داوە، دیاردەیەک هەمیشە دووبارە بۆتەوە و دووبارەدەبێتەوە. ئەمجۆرە کەسانە لە «ئایدۆلۆژیستە شەڕانگێزەکان»، کە بەزمانی هەڕەشە و فەرمان دەستپێدەکەن، بە زمانی «پێت دەڵێم» «باش گوێبگرە» «تۆ دەبێت تێبگەیت کە مولزەم نیت» دەنوسن... هەموو ئەمانە کە ئەرگومێنتەکانیان تا دوا پلە رووتدەکرێتەوە و دەکەوێت، دەمودەست لە شەڕانگێزی ئایدۆلۆژییەوە دەبن بە مۆراڵیستی عەیارە بیستوچوار و دەکەونە قسەکردن لەسەر لێبوردن و قبووڵکردنی ڕەخنە و کولتووری دێبات. هیچ جارێک نییە کەسێک لەمانە، لە لۆژیک و ڕوانینیدا کورتی نەهێنابێت، ڕاستەوخۆ دەمامکی مۆڕاڵیستێکی لەسەر نەکردبێت، کە گوایە دڵڕەقی بەرامبەر کراوە، زوڵمی لێکراوە، قوربانییە. ئەمە چاکترین دەمامک بووە بیکەنە سەریان تا نوشوستی مەعریفی و کولتووری شێواندنی خۆیان بشارنەوە ... مۆراڵ لای من خۆشاردنەوە نییە، لە پشت ئەم وشانەوە، مۆراڵ ئەوە نییە مرۆڤ بوختان بکات و دوایی داوای تۆلێرانس بکات، بۆئەوەی گوێی لە ڕاستییەکە نەبێت. مۆراڵی نوسین لای من ئەوەیە لەگەڵ وشە و هەڵوێستی خۆتدا راستگۆ بیت و هێزی بەرگریکردن و ڕوونکردنەوە و بەیانکردنیت هەبێت. مۆراڵ ئەوەیە درۆ و شێواندن و داتاشین و موزایەدەی هەرزان قەبووڵ نەکەین، مۆراڵ ئەوە نییە تا دوا پلە شتەکان بشێوێنیت و تا دوا سنوور شەڕانگێز بیت و کاتێکیش خراپی ئەرگۆمێنتەکانت دەرکەوت، ببیت بە مۆراڵیست. ئەمەش بە بڕوای من هەر لە ئەخلاقی سیاسەت و سیاسییەکانە پەڕیوەتەوە بۆ دونیای نوسین ... ئەوە سیاسییەکانن دەمێک نۆرە قسەی خۆیانە تا ئەو پەڕیی شەڕانگێزییەت فەرماندەرن و بە زمانی دەبێت و نابێت قسەدەکەن، بەڵام کە نۆبەتی قسە دێتە سەر بەرامبەرەکەیان دەبن بە مۆراڵیست. ئەمجۆرە عەقڵییەتە کە داوادەکات لێگەڕێین هەموو درۆیەک تێپەڕێت، هەموو ئیرادەیەک زەوتکرێت، هەموو شێواندنێک جوان بکرێت، ئەمەش لە ژێر ناوی دێبات و لێبوردندا بە خەڵک دەفرۆشێت، لە جەوهەردا زۆر دوورە لە سەرەتاییترین بنەماکانی دێپات و دیالۆگەوە. دڵنیاشم نەوەک ئێستا، بەڵکو لە کۆنیشدا وە لەداهاتووشدا وابووە و وادەبێت، هەموو ئەوانەی هەڵەکانیان دەیانخاتە چاڵەوە، هەوڵدەدەن بە پەیژەی قوربانیبوون و ئەخلاقدا بێنەوە سەرێ ... ئەمە یاسابووە و هەمیشەش یاسا دەبێت، بەڵام یاسایەک لە هیچ کات و هیچ شوێنێکدا نەمدیوە هیچ نوسەرێکی راستەقینە ڕێزی بگرێت و نرخێکی بۆی هەبێت.

Saturday 6 July 2013

خۆگێلکردن وەک ستراتیژ - سیروان عەبدول وەک نمونە



بەشی یەکەم

دوای ئەوەی نوسینێکم لەو لاپەڕەدا لە فەیسبوک کە برای ئازیز کاک گەیلان نەژاد دەیباتەڕێوە بڵاوکردەوە. کاک سیروان عەبدول، نوسینێکی لەسەر هەمان نوسین بڵاوکردەوە، بەناونیشانی «کێن ئەوانەی ناهێڵن زوو زوو شۆک بین?». بە پێویستم زانی، بەشێک لە نوسینەکەی و لەو خاڵانەدا کە بە باشی دەزانم، وەڵامبدەمەوە. لە نوسینەکەمدا گەرچی راستەو ڕاست دەمی قسەم لە سیروان عەبدولە، بەڵام وەڵامەکەم بۆ ژمارەیەک لە رۆشنبیرانی دیکەشە کە لەسەر هەمان ئاواز و بە هەمان لۆژیک و عەقڵییەت دەخوێنن. گەرچی خودی نوسینەکەی کاک سیروان بەتەنیا وەریبگرین، ڕەنگە شایەنی وەها ماندووبوونێک نەبێت، بەڵام ئەو عەقڵییەتەی لە پشت نوسینەکەوەیە، ئەو مۆدێلە لە رۆشنبیریی قاندراو بە سادییزمی ئایدۆلۆژی کە بکەری ئەمجۆرە نوسینانەن، ئەو دەمامکی دڵسۆزی و وەتەنپەروەرییە ساختەیەی، ئەم شێوانە لە نوسین دەیکەنە سەریان و وەک مارکە دەیدەن لە ناوچاوانی خۆیان، ئەمجۆرە لە داڕشتن کە لە شێواندن و داتاشین و گرێی سایکۆلۆژی و ئایدۆلۆژی چنراوە، هۆکارێکن بێدەنگبوونی هەمیشەیی لێیان، فەرامۆشکردنی بەردەوامیان کارێکی هەڵە بێت... ڕاستە دەرگیریی زۆر لەگەڵ ئەم نوسینانەدا دەشێت زیانی بەرچاو بە هەر نوسەرێک بگەێنێت، بەڵام فەرامۆشکردنی بەردەوام و بەخشندەیی زۆریش دەمانخاتە بەر بەرپرسیارێتییەکی سەختەوە، بەرامبەر ئەو تێکدان و شێواندنە زۆرەی لە خۆیان گرتووە. من گەرچی ئەمجۆرە نوسینانەم بە گشتی بە بای فەرامۆشی سپاردوە، بەڵام جار جار بۆ دەرخستنی ئەو وێرانە فیکری و سیاسییەی لە پشتیانەوە ڕادەوەستێت ، بە گرنگی دەزانم بەرامبەر هەندێکیان بێینە دەنگ.


فەنتازیای ئایدۆلۆژی ــ خوێندنەوەی هەڵە ــ زیادکردنی خەیاڵی

لەسەرەتاوە کاک سیروان عەبدول قیافەی قسەکەرێکی حەکیم وەردەگرێت و ڕوویدەمی دەکاتە من و بەمجۆرە دەست پێدەکات «بۆ من دیار نییە، (وە وەک دەردەکەوێت بۆ تۆ خۆشت دیار نییە) کە ئایا تێزی تۆ لەو دەقەدا بەدیارییکراویی چییە و بۆچی پێتوایە پێویست ناکات کەس بەوە شۆک بێت کە ئەم هەفتەیە دەزگای پەرلەمان بۆ پێشێلکردن و بێحیسابکردنی''نۆرمیدیموکراتیی دەستاودەستکردنی دەسەڵات''بەکار هێنرا». ئەمجۆرە دەستپێکردنەی کاک سیروان کە گوایە تێزی نوسینەکەی من دیار نییە، نە بۆ خۆم و نە بۆ ئەویش، فێڵێکی سادە و سەرەتاییە، بۆئەوەی نوسینەکەی من بخاتە ئەو لاوە و خۆی نوسینێکی خەیاڵی داتاشێت و لەسەر ئەو نوسینەی خۆی بدوێت نەوەک بابەتی بەردەست و نوسراوی من.

بەڕێزیان چوار خاڵی گرتووە کە بەدەرەنجامگیری خۆی پێیانگەیشتووە، و قسە لەو چوار ئەگەرە فەنتازییە دەکات کە لەوانەیە لە پشت مەبەستی منەوە بن. لە دەرەنجامگیری یەکەمدا کاک سیروان نوسیویە «یەکەم:بۆی هەیە تۆ مەبەستت ئەوە بێت کە ئەو دۆخە هیچ چاری نییە، بۆیە پێویست ناکات شۆک بین و تەنانەت پێویستیش ناکات ئیتر ئەوەندە بیری خۆمانی بهێنینەوە کە ئەو دۆخە دیکتاتۆرییەتە چونکە «دیکتاتۆرییەت لە کوردستاندا خۆی پەنجا ساڵە هەر هەیە و تازە چەند زۆرینەی پەرلەمانیشمان بەدەستەوە بێت و تەنانەت دەقی دەستوری کوردستانیش بە دڵی خۆمان بنووسینەوە، ستراکتوری دەسەڵات لە کوردستاندا هەر 
ناگۆڕێت و دیسانەوە پەنجا ساڵی تر دیکتاتۆری ناشیرینتر لە دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆ دروست دەبنەوە».


چارە هەیە یان چارە نییە

بۆ ئەوەی دەرەنجامگیری لە نوسینێک بگرین، یان دەبێت بگەڕێینەوە سەر نوسینەکە یان هیچ نەبێت لە نوسینەکانی تری نوسەردا بۆ بەڵگە و ئەرگومێنت بگەڕێین.هیچ نوسەرێک نییە ڕێزی عەقڵی خۆی و خوێنەر بگرێت، ڕێگا بەخۆی بدات دەرەنجامگیرییەک بخاتەڕوو، بێئەوەی بگەڕێتەوە سەر تێکستێک یان چەند تێکستێکی نوسەر. ئەلف و بای نوسین و بەدوادا چوون ئەوەیە لە سنووری ئەوەدا بمێنێتەوە کە نوسەر دەیڵێت. نوسەرێک بۆیە هەموو ژیانی دەنوسێت و بابەت دەگۆڕێت و ژانر دەگوازێتەوە، چونکە ئەوەی دەیەوێت بیڵێت لە یەک جێگا و یەک بابەتدا جێگای نابێتەوە. سەرەتا من دەپرسم کاک سیروان لە کوێی نوسینەکەی مندا خوێندییەوە کە من دەڵێم «چارە نییە». لە چ دێڕێک و لە چ جێگایەکدا ئەو دەرەنجامەی بەدەستهێنا. سەرەتاییترین مەرجی خوێندنەوە ئەوەیە بزانیت نوسینێک لەسەر چییە، بابەتەکەی چییە، سنووری قسەکانی لە کوێدان... من لەو تێکستەدا کەم و زۆر باسم لە بوون و نەبوونی چارە نەکردوە. پرسیاری نوسینەکەی من ئەوە نییە کە چارە هەیە یان نییە، لەبەر ئەوەی من لە بنەڕەتدا بەوجۆرە بیر لە چارە ناکەمەوە تا لە تێکستێکی وا بچوکدا وەک وانەی پۆلێکی سەرەتایی کێشەیەک و چارەکەی ڕیزبکەم و هەستمە سەرپێ و بەدرۆ ویژدانی خۆم ئاسوودەکردبێت، بەوەی وابزانم ، کێشەی دونیا و چارەکەیم لە وتارێکدا خستۆتە ڕوو، ئەمە عەقڵییەتی کەسانی وەک سیروان عەبدولە نەوەک من. من هیچ کات وا نابینم نوسەرێک ڕێزی خوێنەری خۆی بگرێت، هێند ریاکار بێت پبڵێت، من لە نوسینێکدا هەم کێشەکان و هەم چارەسەرییەکانتان پێدەڵێم. ئەمە تەنیا لەو نوسەرە بچوکانە دەوەشێتەوە، کە وادەزانن حیزب چۆن پەیمانی بەهەشت بە ئەندامەکانی دەدات، ئەوانش فەرمانیانە پەیمانی بە هەشت و چارەی سیحراوی بە خوێنەرەکانیان بدەن. هەر لەو دێڕانەوە دیارە کاک سیروان سەر بە چ کولتوورێکی نوسین و بیرکردنەوەیە و لە چ دوکەڵدانێکی ئایدۆلۆژی هاتۆتە دەرەوە.


دیکتاتۆریەت شۆک یان خۆخەڵەتاندن

دوای ئەوەی کاک سیروان لە ڕێگای فەنتازیا و خەیاڵاتی خۆیەوە بۆی دەرکەوت کە من دەڵێم چارە نییە، هەنگاوێکی تر دەچێتەپێشێ و دەڵێت «بەوەدا چارە نییە کەواتە من دەڵێم ئەسڵەن پێویست ناکات بیر بکەینەوە کە دیکتاتۆرییەت هەیە و دەبێت لە بیر خۆشمانی بەینەوە کە دیکتاتۆرییەت هەیە». لە کوێدا من وامگووتووە? بە دڵنیاییەوە لەو تێکستە و هیچ جێگایەکی تریشدا بۆچوونی وام نەدرکاندوە و ئەوجۆرە لە دەرەنجامگیری بە تێڕوانین و بە مێژووی نوسینی من نامۆیە، ئەمە نوسینەکەی من نییە کە دەدوێت، بەڵکو خەیاڵاتی کاک سیروان خۆیەتی، سەری کەسێکە لە کونجی خۆیەوە دانیشتووە و کێشە ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکانی فشاری بۆ دەهێنن و خەیاڵاتی خۆشی پێدەبەخشن. بیرۆکەی سەرەکی من لەو نوسینەدا لەوەدا کورتدەبێتەوە بڵێم، دیکتاتۆرییەت کاتێک تووشی شۆکمان دەکات، کە هێندە ساویلکە بین هەستمان نەکردبێت کە دیکتاتۆرییەتە. یان هەستمان کردبێت دیکتاتۆرییەتە بەڵام هەر هێندە کاڵفام بین، نەزانین دیکتاتۆرییەت چی دەکات، یاخود بشزانین دیکتاتۆر چی دەکات، بەڵام باوەڕ بە عەقڵی خۆمان نەکەین و بە ئومێدی ئەوە بژین کە نەیکات. ئەو کێشەیەی نوسینەکەی من بەرەنگاریی دەبێتەوە، کێشەی بیرکردن و بیرنەکردنی دیکتاتۆرییەت نییە، ئەمە کێشەیەکی وەهمییە سەری سیروان عەبدول خۆی چنیوێتی و دوور و نزیک پەیوەندی بە بابەتەکەی منەوە نییە و مەگەر لە جەنابی شەیتان بپرسین کاکی ڕەخنەگرمان ئەمەی لە کوێ کڕاندوە، کە پێدەچێت تا ئێستا فێرنەبووبێ لەسەر ئەو شتانە بنوسێت کە دەیانخوێنتەوە. من لەو نوسینەدا بە پێچەوانەی بۆچونی سیروان عەبدولەوە بە روونی دەزانم دەڵێم چی، لەوێدا ڕووی دەمم لە تێزەیەکە کە دووبارەبوونەوەی بۆتە کێشەیەکی راستەقینە. بەبڕوای من کێشەیەکی گەورەیە ڕۆشنبیری وڵاتی ئێمە تا ئێستا گومانیان لەسەقامگیری و دێرینی و بەردەوامی دیکتاتۆرییەت هەبێت. پرسیارەکە لێرەدا هەر ئەوە نییە، ئایا دیکتاتۆرییەت هەیە یان نییە، بەڵکو کردنی ئەم پرسیارە و بەوجۆرە وەک لە ڕۆژی 30 ی حوزەیراندا دیموکراسییەت هەرەسی هێنابێت، نیشانەیەکی تراژیدیایە بۆ تێنەگەیشتن و خۆدزینەوە لە مێژوو، ئەمە تەنیا شۆکێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شۆکێکە لە جەهلی رەهای سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هاتووە. ئەمە هەر شۆک نییە، بەڵکو کەوتنە خوارەوەشە بۆ زەلکاوی تێنەگەیشتن و نەبینین و خۆخەڵەتاندن. کاک سیروان ئازادە بۆ خۆی چەند دەتوانێت تووشی شۆک ببێت، بەڵام شۆکی کاک سیروان هەر شۆک نییە، هەر ئەو دەمامکە ڕیاکارانەیەی غەمخۆری نییە کە هەندێک لەسەری دەکەن، شۆک نیشانەیە بۆ عەقڵییەت و جیهانبیینیەکی دیاریکراو. سیروان عەبدول دەتوانێ تا مردن خەریکی ئەو شێر و خەتە بێت و بپرسێت دیکتاتۆرییەت هەیە یان نییە، نیو دیکتاتۆرە یان چارەکە دیکتاتۆر یاخود دیکتاتۆری تەواو. من لەوێدا دەڵێم کە جۆرە پرسی وا هەموو بنەما عەقڵی و مەنتیقی و ئەخلاقییەکانی خۆی ونکردوە. دیکتاتۆرییەت لێرەیە، لێرەبووە، لەگەڵیدا ژیاوین و گەورەبووین، توانیوێتی ببێتە بەشێک لێمان، توانیوێتی دەمامکەکان بکاتە سەر، نە بەرهەمی ئەمڕۆیە و نە بەرهەمی دەزگا و ئەنستتیوتێکە، توانیوێتی لە بەرگی ئایدۆلۆژیی جیاواز جیاوازدا بێتە پێشێ، مۆرکی تەنیا مۆرکی حیزبی و دەوڵەتی نییە، بەڵکو لەسەروسەکوتی تێزی ناسیونالیست و مارکسی و ئیسلامیشدا هاتۆتە پێش. پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە کە دیکتاتۆرییەت هەیە یان نییە، لە دەوڵەت و پەرلەماندا چی دەکات یان نایکات. ئەوەی ئەم پرسیارە دەکات یان هیچ لە مێژووی سیاسی ئێمە نازانێت، یان رۆشنبیرێکی بێبابەت و بێ فیکر و بێ ڕوانینە و بەدیار رووداوەکانەوە دادەنیشێت تا مەرحەمەتی پارتی و یەکێتی بەسەریدا دەبارن و کارێک لە کارە خراپەکانی خۆیان دەکەن و بابەتێکی بۆ نوسین پێدەبەخشن. شۆک لێرەدا بەرگێکی وەها بێخەتا و پاک نییە، رۆشنبیر لە بەریبکات و بتوانێ وەک قەدیس خۆی بپەڕێنێتەوە، شۆک ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ شتێک لە مێژووی سیاسی ئێمە فێرنەبوویت، ئاماژەیەکە کە تۆ تا هێشتا وادەزانی پەرلەمان لە هەرێم کەرەستەیەکی ژیانی دیموکراسییە. وەڵامی من کە لە دەیان نوسین و کاری ئەدەبیدا داومەتەوە ئەوەیە، دیکتاتۆرییەت لێرەیە، بەڵام خودی تێگەیشتن لە دیکتاتۆرییەت کارێکی ئاسان نییە، وێناکردن و خوێندنەوەی ناوەکی سیستمەکەی لەوەدا کۆتایی نایەت بڵێین «بەڵێ دیکتاتۆریەت لێرەیە و بابچین بیڕوخێنین». ئەوەی من باسیدەکەم ئەوەیە وەزیفەی ڕۆشنبیر لەودیو ئەو پرسیارەوە دەست پێدەکات، وەڵامەکەش حەتمەن، ئەو وەڵامە سیاسییە، کلێشەییە، سەتحیە نییە کە لە دەمی کاک سیروان دەیبیستین.

لە خاڵی دووەمدا کاک سیروان نوسیوێتی دووەم: کەسێک بۆی هەیە وا لەو قسانەت تێبگات کەتۆ داوا دەکەیت بە خۆفەرزکردنی دەسەڵاتدارە خۆفەرزکەرەکان هەڵنەچین چونکە هیچ بەرهەمی نابێت وچارەسەر ئەوەیە بە شۆڕشێک هەمووی ژێرەوژێر بکەین و بە جۆرێکی تر ئەو کۆمەڵگایە داڕێژینەوە. ئەوەی دەرەنجامگیری وابکات، کەسێکە نە ئەو نوسینەی منی خوێندۆتەوە، نە نوسینێکی پێشتری منی خوێندۆتەوە، نە بە رەهایی دەزانێت لە بیست و چوار ساڵی رابوردوودا لە دونیای نوسینی مندا چ باس بووە، کاک سیروان عەبدول خۆشی شانمونەی نایابی ئەوجۆرە بێئاگایانەیە. کاک سیروان بەرێزت لە کامە رستە و کامە نوسینی منەوە ئەم دەرەنجامەت گرت کە من بلێم با بەخۆفەرزکردنی دەسەڵاتداران هەڵنەچین و ئەمە هیچ بەرهەمی نابێت?. مەبەستی نوسینەکەی من ئەو رستەیەیە «دیکتاتۆرییەت راستییەک نییە، گومان هەڵبگرێت». من لەو نوسینەمدا ئەمەم گەیاندوە و هیچی تر، ڕەخنەم لەوانەگرتووە کە گومانیان لە بوونی دیکتاتۆرییەت هەیە، لەوێدا نەباسم لەوە کردوە شۆڕش بکەین یان نەیکەین، نە باسم لەوە کردوە کە دیکتاتۆر خۆی سەپاند دانیشین و هیچ نەکەین، نە گووتوومە چارە هەیە یان نییە، ئەمانە هەموو کلک و گوێی تایبەتی بەڕێزتانە خستووتانەتە سەر تێکستەکە و دوور و نزیک بابەتی ئەو نوسینە نین، من نە لێرەدا و نە لە هیچ کتێب و هیچ نوسینێکی تریشمدا شتێکم بەو مانایە نەگەیاندوە، بڵێم ئەوە دیکتاتۆرە و خۆی فەرزکردوە و تەواو با دابنیشین، تۆ ئەوەت لە کوێ دەرەنجام هێناوە، ئەوەیان نازانم. خودی ئەم خاڵە نیشانەیەکی زەقە کە چ پاشاگەردانییەکی میتۆدی و بێنەزمییەک لە خوێندنەوەدا، سروشتی بیرکردنەوەی ئێوەی داگیرکردوە.
لە خاڵی سێهەم و چوارەمدا کاک سیروان هیچ ناڵێت، پتر لەوە دەچێ لەگەڵ خۆیدا قسەبکات تا لەگەڵ من یان تێکستەکەدا، بۆیە قسەکردن لەسەر ناوەرۆکی ئەو دوو خاڵە دەنێمەسەر تەوەرەکانی دیکە و لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا وەڵامیان دەدەمەوە.

دوای ئەم فەنتازیا خەیاڵی و داتاشینە هەڵانە، دوای ئەم شێوازە سەیرو سەمەرەیە لە خوێندنەوە و دەرەنجامگیری، بەسەر کۆمیدیترین پەرەگرافی نوسینەکەی سیروان عەبدولا دەکەوین. بەڕێزیان نوسیویانە «وەک دەبینیت تۆ لە یەک دەقدا بە چوار تەبریری یەک لە یەک جیاوازتر ئارگیومێنت بۆ ئەوە دەکەیت کە بۆچی پێویست ناکات شۆک بین. نەک هەر ئەمە، بەڵکو گرنگە ئەوە ببینین کە ئەو چوار تەبریرە نەک هەر تێزی جیاوازن لەیەکتر، بەڵکو موتەناقیزیشن لەگەڵ یەکتر، کەچی تۆ لەدەقێکدا کۆیان دەکەیتەوە و کەسیش پێی نازانێت».

کاک سیروان ئەم چوار خالە فەنتازییە کە خۆی نوسیوێتی و دایڕشتوە و لە خەیاڵاتی خۆیەوە دەریهێناون، بەڕاستی لای بووە بە تێزی من... کاک سیروانی بەڕێز بیریچۆتەوە کە ئەوانە گەر کۆکن یان ناکۆک هیچیان نە بە ڕستە، نە بە خاڵ، نە بە وێرگوڵ، نە بە دەلالەتی نزیک، نە بە میتافۆر پەیوەندیان بە نوسینەکەی منەوە نییە و هەمووی دەرەنجامگیرییەکی بێ بنەمان کە ئەو دایتاشیون ... نەک هەر ئەوە، نە بە دێڕێک، نیو دێڕێک، وشەیەکیش بەڵگەیەک یان ڕستەیەکی پاڵپشتی لە نوسینەکەی مندا دەرنەهێناوە قسەکانی خۆی پێ پشت راستبکاتەوە، بیسەلمێنێت ئەم دەرەنجامگیریانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە تێکستەکەی منەوە هەیە. هۆکەشی ڕوون و ئاشکرایە، نوسینەکەی من هیچ ڕستەیەکی تێدا نییە، ئەم خەیاڵپلاوانە پشت راستبکاتەوە. پرسیارەکەی من ئێستا ئەوە نییە کاک سیروان لە ڕووی سیاسییەوە دەڵێت چی، بەڵکو ئەوەیە ئەمە کارەسات نییە ئەمە نوسینی ئەکادیمییەکی کورد بێت. ئەمە میتۆدی و شێوازی دەرەنجامگیری و مامەڵەکردنی بێت لەگەڵ تێکستدا... هەر خودی ئەو چەند پەرەگرافە بەسە مرۆڤ بزانێت ئەم عەقڵییەتە لە چ کارەساتێکی مەنهەجی و لە چ پاشاگەردانییەک و بێتواناییەکی بیرکردنەوەدا دەژی، کارەساتێک ڕێگای ئەوەی لێدەگرێت دوور و نزیک بتوانێت لە هیچ تێکستێک نزیک ببێتەوە.


کێشەی گەشبین و ڕەشبین

دوای ئەو پەرەگرافە کاک سیروان بەسەر چوار خاڵە تایبەتییەکەی خۆیدا چۆتەوە و دەڵێت، لەم خاڵانەدا دیار نییە کە ئاخۆ من گەشبینم یاخود رەشبین.

هەڵبەت برای بەڕێزم کە نابێت و ناشێت دیار بێت، لەبەر دوو هۆ. یەکەم: ئەو خالانە پەیوەندیان بە منەوە نییە و تۆ خۆت نوسیوتن. ئیدی بۆچی ڕەشبینی و گەشبینی من لە شتێکدا دەربکەوێت کە نوسینی من نییە. دووەم: قسەی منیش لەو نوسینەدا کە بلاومکردۆتەوە، لەسەر گەشبینی و ڕەشبینی نییە.
بەڵام گەرچی بابەتەکەی من کەم و زۆر پەیوەندی بە ڕەشبینی و گەشبینییەوە نییە، دەمەوێت لێرەدا ئێستێک بکەم و بە کورتییەکی زۆر لەم کێشەیە بڕوانم.

کێشەی گەشبینی و رەشبینی، تەنیا کێشەی کاک سیروان نییە، گەر تەنیا کێشەی بەڕێزیان بایە، بە شایستەی راوەستان و قسە لەسەر کردنم نەدەزانی، بەڵام کێشەی ژمارەیەک ڕۆشنبیری دیشە، کە ئێستا پرسیاری «گەشبینە یاخود ڕەشبینە?» وەک زەمانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی مارکسیزم، بووە بەدەروازەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ هەموو تێزەیەکی فیکری و سیاسی، بەم لاولادا گورز دەوەشێنن و دەڵێن سەر زەوی جێگایەکی بۆ ڕەشبینی تێدا نەماوە. سەرەتا دەبێت بڵێم، ئەم پرسیارە کلاسیکییە، ئایا تۆ گەشبینی یان رەشبین? ڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەقڵییەتە مارکسییە کلاسیکییە کە لە چل و پەنجاکاندا فەرهەنگی بیرکردنەوەیان لای ئێمە بە شێوەیەکی دژوار و پڕ هەڵە داڕشت و بناغەیان بۆ دانا. لە کولتووری مارکسیستەکاندا گەر گەشبینبوویتایە، ئەوە نیشانەبوو کە باوەڕت بە گۆڕانکارییە مێژووییەکان هەیە و شۆڕشگێڕیت و ورەت بەرنەداوە، گەر ڕەشبینیش بوویتایە، ئەوە نیشانە بوو کە جەماوەر سارد دەکەیتەوە و ڕۆحی دوودڵی بۆرژوازییانە دەچێنێت و لە ژێرەوەڕا لەگەڵ چینی سەردەست و حوکمداراندا پاکتی نهێنیت هەیە. ئەم شابلۆنە وەک خۆی و بە هەموو ڕەهەندە کۆمیدیی و سەتحییەکەیەوە لەسەری کاک سیروان و زۆر ڕۆشنبیریی سیاسی دیکەشدا چاپ بۆتەوە. وەک ئەوەی مێژوو ڕۆژێکیش نەجوڵا بێت، وەک ئەوەی عەقڵییەتی بە ناو سیاسی ئێمە، لە هەمان جوغزی دێرینیدا بەدەوری وێنە و هەستە دێرینەکاندا وەک پەنجا ساڵ لە مەوبەر بجوڵێتەوە و هیچی تری لەوە زیاتر بۆ بەرهەم نەیەت کە سیاسییە شکستخواردوە دێرینەکان دروستیانکردوە و بە ئیرس جێیانهێشتووە.

بیرکردنەوە لە سیاسەت و نوسین و دونیا بە پێوەری گەشبینیت یان ڕەشبینی، ئاخۆ هیوا دەچێنێت یان نائومێدیی، هێندە فۆرمێکی سواو و درۆزنانەیە، گەر نیشانەی شتێک بێت، نیشانەی ئەوەیە خاوەنی ئەمجۆرە تێڕوانینە جگە لە سیاسییەکی کورتبین زیاتر نییە کە دەیەوێ بە وەعدی درۆ و پەیمانی قەبە و مژدەی پاشەڕۆژی گوڵڕەنگ خوێنەرە غەمگین و نائومێدەکانی بخەڵەتێنێت و خۆی وەک ئەو شۆڕشگێڕە نیشانبدات کە مژدەی نان و یەکسانی بۆ هێناوین. لە هەر جێگایەکدا عەقڵییەتی ئایدۆلۆژی زاڵبوو، ئەم جۆرە ڕیکلامە ئایدۆلۆژییە هەرزانە، وەک یەکەم شت و یەکەم پێوەر لەدەستی ئایدۆلۆژیستەکاندا دێتە پێشێ و دەیکەنە قامچی دەستیان تا لە ڕێگایەوە چاک و خراپ جیابکەنەوە. لە هەر جێگایەکدا ئەم پێوەرە کەوتە کار، نیشانەیە کە سەتحییەتی سیاسی و ئایدۆلۆژی گەیشتۆتە ترۆپکی خۆی. من هیچ کات بە لۆژیکی گەشبین یان ڕەشبین ئیشم نەکردوە، ئەم جۆرە لۆژیکە بەرهەمی عەقڵی ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە کاری ڕۆشنبیریی بە پێوەری کاری سیاسی دەخوێننەوە. عەقڵییەتی رۆشنبیرییان هێشتا لە عەقڵییەتی موقەتیشی حیزبی جیانەبۆتەوە، پشکنینی نوسەران بۆئەوەی بزانین گەشبینن یان ڕەشبین لە هیچ دەور و زەمانێکدا لۆژیکی خوێندنەوەی ڕۆشنبیرێک نەبووە بۆ ڕۆشنبرێکی تر، بەڵکو کاری قۆمیسەرە ئایدۆلۆژییەکان بووە. گەشبینی و ڕەشبینی دوو دراوی ئەبەدی نین، ژیان و نوسین و مێژوو لەسەدان رووداو و لە تۆڕێکی چنراوی پێکداچوو دروستبووە، کە لە یەککاتدا سەدان ڕەگەز و هێز و کارکردی جیاواز لە ناویدا بەیەکدادەدەن، لە ناو ئەم ئاڵۆزییەدا، نە ڕەوتێکی تاک ڕێگەی دیاریکراوی لە بەردەستە، نە هێزەکانیش لە نێویدا شوناسی ئەبەدییان هەیە، تا قسە لە سەر گەشبینییەکی هەمیشەیی یان ڕەشبینییەکی هەمیشەیی بکەین، ئەم دوو جۆرە لە گەشبینی و رەشبینی ڕەها سەر بە کایەی تێفکرینی وجودین نەوەک سەر بە کایەی تێفکرینی سیاسی و مێژوویی، کاتێکیش کە دێنە سیاسەتەوە وەک ئایدۆلۆژیایەکی نزم و هەرزان دێن، نەوەک تێزی فەلسەفی و فیکری. لێرەوە ڕەشبینترین نوسەران و فەیلەسوفان لە روی وجودییەوە، هیچ کات لەوە نەکەوتوون لە رووی نوسین و بەرگریی و بەرهەڵستکارییەوە بۆ بەها ئینسانییەکان، لە هەموو گەشبینەکان چالاکتر بن. ئەمجۆر لە گەشبینی و ڕەشبینی کە لای سیروان عەبدولەکان دەیبینین، لە کارێکی فیکری دووردرێژ و لەخوێندنەوەیەکی ئۆبژێکتیفانەی واقعەوە نەهاتووە، بەڵکو دوو دراون و دوو پێوەرن لە کولتووری حیزبە کوردییەکان و ئاوازی سیاسی شەست و حەفتاکانەوە بۆ ڕۆشنبیرە ئایدۆلۆژییەکانی ئێمە ماوەتەوە، کە دەستکورتی فیکری و هەژاری مەنهەجیان بەرەو ئەوەی بردون جگە لە پرسیاری: ئایا گەشبینیت یان رەشبینیت، دەرگایەکی تریان نەبێت لێوەی بێنە ژوورێ بۆ ناو دونیای هیچ نوسەرێک و هیچ تێکستێک. لەوە بەدتر و بێماناتریش ئەوەیە، کە کاک سیروان هەر بەپێی شابلۆن و کڵێشە کۆنەکە، لای وایە رەشبینی مانای دانیشتن و خۆبەدەستەودان و هیچ نەکردن. لە ڕاستیدا کارکردنی ڕۆشنبیران هیچ کات پەیوەندی بە گەشبینی و ڕەشبینییەوە نییە، ڕەشبینەکان چالاکترین و داهێنەرترین بوونەوەرانی سەر زەوی بوون، من لە مێژووی ئەدەب و فەلسەفەدا دوو کەسم لە یادە کە بە ڕۆحی گەشبینی کاریانکردوە و گەشبینی دینامۆیان بووە، مارکس لە فیکر و والت ویتمان لە ئەدەبدا، هەڵبەت ئارنست بلۆخ لێرەدا جیادەکەمەوە، چونکە چەمکی هیوا لای بلۆخ چەمکێکی فەلسەفی ئاڵۆزترە لەوەی بیخەمە ئەم ناوکۆییەوە. والت ویتمان بۆ من وەک دەنگێکی هەرە جوانی مێژووی ئەدەب دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی گەشبینی ویتمان، گەشبینیەکی سیاسی گەمژانە نییە، گەشبینی ویتمان لە خۆشەویستی خودی ژیانەوە هاتووە، لە بانگەوازەوە هاتووە بۆ ستایشکردن و بەرزڕاگرتن و جوانپاراستنی مرۆڤ، ویتمان ئەو هەڵەیەی نەکردوە کە مارکس دەیکات، گەشبینی لە هەستێکی جوان بە ژیانەوە بگوازێتەوە بۆ یاسایەکی مێژوویی و سروشتی حەتمییەتێکی بداتێ. گەشبینی لای ویتمان هەستێکی نائایدۆلۆژیزەکراوی سروشتییە، لەزەتبردنە لە جوانییەکانی ژیان، بەڵام لای مارکسیستەکان و هاوشێوەکانیان لە کایەی سیاسیدا، هەڵبژاردنێکی ئایدۆلۆژییە. مارکس لە گەشبینە دەگمەنەکانی مێژووی فەلسەفەیە، بەڵام هیچ ڕەشبینێک لە مێژووی سیاسەت و فیکردا وەک ئەم گەشبینە تاقانە و ناوازەیەی مێژووی فیکر «مارکس» زەوی پڕنەکرد لە دیکتاتۆرییەت و زیندان و جینۆساید و ترس. لێرەوە ئەم تێگەیشتنە ساویلکانەیەی کە گوایە گەشبینی یانی ڕوناکی و بەرگری و دژایەتی دیکتاتۆرییەت، ڕەشبینیش مانای خۆ بەدەستەوەدان، هیچ نییە جگە لە بەرهەمی بێئاگاییەکی فیکری و فەلسەفی و مێژوویی، زادەی عەقڵ و خەیاڵێکی کڵێشەیی کۆن و بەسەرچووشە. لێرەوە هەندێک بۆماوەکانی چەپی تەقلیدیی و هەندێک لە نەیارەکانیشیان لە پۆزەتیڤیستە ئایدۆلۆژییە نیولیبرالەکان، بە مەبەست و لە جۆرە خۆگێلکردنێکی ستراتیژیدا، ئەوە لە بیر خۆیان دەبەنەوە، کە ناشیرینترین دیکتاتۆرەکانی سەد ساڵی ڕابوردوو، پێکڕا لەسەر ئەم گەشبینییە سیاسی و ئایدۆلۆژییە دامەزراون و گەشبینی دەلیل و ڕێنیشاندەریان بووە. هەردوو سیستمی کۆمۆنیزمی دیکتاتۆری و کەپیتالیزمی نیولیبرالی دڕندە گووتاری خۆیان لە سەر پردی گەشبینییەوە پەڕاندۆتەوە. لەوەش بترازێت، تێکەڵکردنی ڕەشبینی بە خۆبەدەستەوەدان تێزێکی هەڵە و بێپاڵپشتە، ئەمە دەرەنجامی تێکەڵکردنی ڕەشبینی و نائومێدییە لەگەڵ یەکدا، کە دوو چەمکی تەواو جیاوازن و من لە زۆر جێگادا جیکاریم بۆ کردون. کاک سیروان گەر دەیویست لە قسەی سەرپێی و نوقمبوونی زۆر لە سەتحیەتدا خۆی بپارێزێت، دەبوو بگەڕێتەوە سەریان و لایەنیکەم لەوێوە قسەبکات. سیروان عەبدول گەرچی لەو نوسەرانەیە کە زۆربەی نوسینی تەنیا کۆمینتار و بەدواداچوونی سەتحی بوون بۆ کاری ئەم و ئەو، مەرجی سەرەکی ئەمجۆرە نوسینانەش ئەوەیە ئاگاداری تەواویی هەموو ئەو نوسین و تێروانین و ئایدیایەنە بیت کە ئەو کەسە لەسەری دەنوسیت، کەچی ئەوەی لە نوسینی ئەم برایەدا نەبێت ئەو مەرجە سەرەتاییەی نوسینە. گەر تۆ زۆرینەی مێژووی نوسینیت ئەوە بێت و ئەوش بەوجۆرە بەڕێوە بەریت، دەبێت هاوڕێم میسداقییەتی نوسینیت چی بێت و لە کوێوە سەرچاوە بگرێت?. من لەگەڵ ئەوەی خودی پرسیارەکەم لا بێمانایە «ئایا گەشبینیت یان ڕەشبینیت?»، بەڵام گەر هەقیش بدەینە کاک سیروان بەوجۆرە دایبرێژێت و بیکات، ئەوا لایەنیکەم چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت بچێتەوە سەر تێکست و بۆچوونەکانی من و لەوێوە قسەبکات. من لە جێگایەک و دوواندا باسم لە گەشبینی و ڕەشبینی، نەکردوە، بەڵکو لە دەیان جێگادا باسم لەو کێشەیە کردوە. ئایا گەر دەتەوێت تێبگەیت من گەشبینم بەرامبەر بارو دۆخی کوردستان یان ڕەشبین، نابێت لە مانای دوو چەمکەکە تێبگەیت لای من? ئایا ئیشی هەرە سەرەتایی نوسەرێک ئەوە نییە بۆچوونی بەرامبەرەکەی بزانێت، تێیبگات، بینوسێتەوە، بۆ خوێنەری بگوازێتەوە، ئەوسا لەسەری بنوسێت? گەر بەڕێزتان ئەمە ناکەن چی دەکەن? ئاشکرایە، تەفسیراتی خەیاڵی لەسەری خۆتانەوە دەهێنن و دەیسەپێنن بەسەر نوسینەکاندا و دواجار تێکستێک دێتەدەرێ کە هەمیشە مەنەلۆگێکی تاریکی بەڕێزتانە لەگەڵ سێبەرەکەی خۆتاندا.


ئایا دیکتاتۆرییەت جینیتیکە یان دیاردەیەکی مێژوویی؟

کاک سیروان دوای ئەوەی دەڵێت من پێموایە دیکتاتۆرییەت سەقامگیرە و هیچی لە دژ ناکرێت، ئەو دەرەنجامگیرییەی کردوە کە وەک کاک مەریوان وریا، بپرسێت ئاخۆ دیکتاتۆرییەت جینیتیکە?. بە بروای من دیموکراسییەت و شۆڕشگێرییەکەی کاک سیروان و هاوشێوەکانی چەندە جینیتییکە، دیکتاتۆرییەتی دیکتاتۆرەکانیشمان هەر ئەوەندە جینیتیکە. ئەوەی نوسینەکەی من بخوێنێتەوە دەبینێت، من بە ڕۆشنی ئەوەم دیاریکردوە کە مێژووی دیکتاتۆرییەتی سیاسی لەگەڵ سەرهەڵدانی حیزبی کوردیدایە، ئەوەشم بەتەنیا لەم وتارەدا نەکردوە، لە دەیان کاری ئەدەبی و نوسینی تیوریدا و لە دەیان لایەنی جیاوازەوە قسەم لەسەر ئەو مێژوو و کولتوورە کردوە. دیکتاتۆرییەت لای ئێمە دیاردەیەکی مێژووییە و تەواوی کاری ئەدەبی و فیکری من لەو بیست ساڵەی دواییدا پشکنینی ناوەکی بووە بۆ ئەو ستراکتور و سایکۆلۆژیا و خەیاڵ و تێڕوانینانەی لەسایەی ئەم پێکهاتەدا هەبوون و دەشێت هەبن. من لە مەرگی تاقانەوە تا کەشتی فریشتەکان، لە وتاری «قەیرانی ئیرادەگەریی» و «ڕۆشنبیریی تاک رەهەندەوە» تا دەگاتە سەر «جوانییەکانی ناڕێکی» قسەم لەسەر مێژووی ئەو دیکاتۆرییەت و شێواندنە ناوەکییەکان و مۆدێلە ئینسانییە ڕادەستەکانی و تێکدانە سیستماتیکییەکانی بووە، ئەوەی لەو بوارەدا نوسیومە لە چەندین هەزار لاپەڕە سەرووترە، ئێستا کاک سیروان عەبدول و هاوشێوەیەکی دێن لە من دەپرسن «دیکتاتۆرییەت جینیتیکە یان دیاردەیەکی مێژووییە?». ئەم پرسیارە جگە لەوەی زادەی خۆگێلکردنی ئەنقەست و چاوبەستنەوەی خۆویستە، بەرهەمی هیچی تر نییە. دیکتاتۆرییەت جینیتیک نییە، بەڵکو سیستمێکی گەورە و ئالۆز و مەحکەمە. پرسیاری من هیچ کات ئەوە نەبووە شت بکەین دژی دیکاتتۆرییەت یان نەیکەین... دروستکردنی ئەم پرسیارە جگە لە خۆ گێلکردن و بەهەڵەدا بردنی خوێنەر هیچی تر نییە. ئەوە وەڵامەکەی روونە و هەر کەسێک کتێبێکی منی خوێندبێتەوە وەڵامی دەزانێت. کێشەی من ئەوەیە کە عەقڵییەتی سیاسی رووت، عەقڵییەتێک کە چەکی شیکردنەوەی بۆ دیکتاتۆرییەت لە زمانی سیاسەت، لە شیکردنەوەی ڕۆژانەی سیاسی، لەوەسفی ململانێی حیزبی ناو کایەکان، لە دیاردەکانی ژیانی سیاسی ڕۆژانە تێنەپەڕێت ناتوانێت نە لە سیستمی سیاسی ئێستا و نە لە جەوهەری دیکتاتۆرییەت تێبگات. خودی شۆکبوونی سیروان و هاوشێوەکانیشی نیشانی ئەو تێنەگەیشتنەیە، نیشانی ئەو چەقینەیە لە ڕۆژانە و تێپەڕ و سەتحیدا، کە بینینی کۆی دیمەنە مێژوویی و گشتییەکەی لێ سەندونەوە. پرسیاری ئەوەی شت بکەین یان نەیکەین، پرسیارێکی بێشەرمانەیە کە هەندێک موزایەدەچی ئیفلیچ دروستیدەکەن، تا بڵێن گوایە من دەمەوێت هیچ دژ بە دیکتاتۆرییەت نەکەین. ئەم وێنە ساختەیە، کەسانی تریش پیش کاک سیروان هەوڵیان بۆ کێشانی داوە. کێشەکە لای من ئەوەیە کە وەزیفەی رۆشنبیر، جیاواز لە ئۆپۆزسیۆن، جیاواز لە خەڵک، تایبەتمەندی چییە. پرسیاری من لەسەر شێوەی مامەڵەکردنی فیکرە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا، ڕۆشنبیر نە نوێنەری خەڵکە، نە نوێنەری ئۆپۆزسیۆنە، نە نوێنەری مێژووە، نوێنەری عەقڵ و یژدان و کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خۆیەتی. پرسیارەکە هیچ کات ئەوە نییە شت بکەین یان نایکەین، بەڵکو پرسیار ئەوەیە چۆن وەک ڕۆشنبیر، نەوەک سیاسی، خەبات دژ بە دیکتاتۆرییەت بکەین. ئەمە ئەو پرسیارە جەوهەرییەیە کە کاراکتەری ڕۆشنبیر لە حیزبییە موزەیەفەکان جیادەکاتەوە کە خزاونەتە کایەی ڕۆشنبیرییەوە تا بە ئایدۆلۆژی و حیزبی بکەن. پرسیارەکە ئەوەیە: چی بکەین، بۆ ئەوەی شوناسی فیکری و ئینسانیمان لەو خەباتەدا بە تۆز و تەمتومانی ئایدۆلۆژی پیس نەبێت? چی بکەین، پاکی و ئۆبژێکتیفییەت و ئازادی خۆمان لەدەست نەدەین تا بتوانین ڕێزی ئازادی و مرۆڤ بۆ سەردەمەکانی تریش زامنبکەین و شەڕی بەرە سیاسییەکان لە خوێن و پیسی خۆیاندا نوقممان نەکەن?. ئەمە و هەندێ لە رۆشنبیرانی کورد، لە بری سەرقالی ئەو وەڵامە بن کە رۆشنبیر وەک بیریار، وەک داهێنەر، وەک خوێنەری مێژووی فیکر، وەک هەلگری تێز و تێڕوانینی تایبەت، وەک پارێزەری قودسییەتی مرۆڤ دەبێت بە کۆمەڵگا و کایەی ئیشکردنی خۆی بداتەوە، سەرقاڵی وەڵامدانەوەی سیاسەتن بە خودی سیاسەت. وەڵامی رۆشنبیر بە دیکتاتۆرییەت، وەک وەڵامی پەرلەمانتارێک یان وەڵامی سیاسییەکی ئۆپۆزسیۆن یان وەڵامی فەرمانبەرێک یان کەسێکی گوندەکی نییە. وەڵامی بیکاسۆ بە فرانکۆ وەک وەڵامی کۆمۆنیستەکانی سەنگەر نەبووە، وەڵامی تۆخۆلسکی بۆ هیتلەر وەک وەڵامی سۆسیال دیموکراتەکان نەبووە. پرسیاری من لەوەدایە بۆ لەم قۆناغەدا هەندێک رۆشنبیری کورد ناتوانن وەک ڕۆشنبیر سەیری دونیا بکەن و دابەزیون بۆ ئاستی ئەکتیفیستێکی سیاسی بچوک و تووتی ئاسا بەردەوام هەندێ رستەی بێسوود دەڵێنەوە?. بۆ کەوتوونە جوغزێکەوە نەدەتوانن ڕۆشنبیر بن و نە سیاسی?. ئەمە پرسیاری هەرە گەورەی ئەم دێباتەیە... هەندێک چرکەساتی دەگمەنی لێدەربکەیت، مەیدانی خەباتی ڕۆشنفیکران و سیاسیان لە دژی دیکتاتۆرییەت ئەگەر یەک ئامانجیش بووبێت، یەک مەیدان نەبووە. رۆشنبیر دەشێت لەگەڵ سیاسیدا یەک ئامانجی ببێت، بەڵام هیچ کات یەک زمان و یەک دونیابینی نییە، کە وای لێهات لەگەڵ سیاسیدا بوو بە هەڵگری یەک زمان و یەک دونیابینی، لەوە دەکەوێت بتوانێت لە دونیا تێبگات و دەبێت بە برغویەک لە مەکینەیەکی ئایدۆلۆژی. ڕۆشنبیر تەنیا لە حاڵەتی هەرەس و کەوتن و مردنیدا وەک رۆشنبیر بە زمانی سیاسەت قسە لە سیاسەت دەکات. ئەوەم نەگووتبێت کە خۆی پسپۆڕی سیاسەت یان ڕۆژنامەنوسی سیاسی بێت و ئیدیعای دیکەی نەبێت. کەوادەڵێم مەبەستمە بڵێم؛ ڕۆڵی سیاسیانەی ڕۆشنبیر دەمێک کە وەک رۆشنبیر کاریگەریی بۆ سەر سیاسەت دەبێت، «نە وەک فەرمانبەری ئایدۆلۆژیی هێزێک یان تاقمێکی دیاریکراو» چەندین جار گەورەترە لە کاریگەریی سیاسییەکان خۆیان. ئەوەی ستراتیژییە، گۆرینی ئاڕاستەی کاریگەرییە لە کاریگەریی سیاسییەوە لەسەر ڕۆشنبیریی، بۆ ئاڕاستە دژ و پێچەوانەکەی، کاریگەریی ڕۆشنبیریی لەسەر سیاسی. ئەو کاریگەرییەش تەنیا لەسەربەخۆیی تەواوی کەسی بیرکەرەوەدا دێتە دی، لەوەدا دێتەدی کە ڕۆشنبیر لە تەپوتۆزی ململانێ رۆژانەکان و گووتارە حەماسییە زوو تێپەڕەکاندا نەخنکا بێت. من هیچ کات قسەم لە خاڵیکردنەوەی ڕۆشنبیریی لە سیاسەت نەکردوە، وەک هەندێ لە پۆزەتیفیستە نیولیبرالەکان و بە مەبەستی شێواندن دەڵێن، بە پێچەوانەوە باس لە ئازادکردنی ئەو کایەیە دەکەم لە ژێر دەسەڵاتی کایەی سیاسیدا، تا بیکرێت بە وەزیفەی سیاسی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت، کە کاریگەرییە لە هوشیاریی مرۆڤەکان، بەدەر لە هەر سەفسەتە و هەرتەقەیەکی حیزبی و ئایدۆلۆژی. بەدرێژایی مێژوو، رۆشنبیران گەر تێکەڵ مەجرای سیاسەتیش بووبن بۆ ماوەی کورت بووە و هیچ کاتیش لەبەر هەمان ئەو پالنەرە ئایدۆلۆژیانە نەبووە کە سیاسییەکانی جوڵاندوە. ئەزموونی ڕۆشنبیران لە ژێر سایەی حوکمی سۆڤێتیدا، قەلاچۆکردنی ماو بۆ ڕۆشنبیرانی چینی، ئەزموونی ڕۆشنبیرە جووەکانی وەک هانا ئارێنێت لەگەڵ بزوتنەوەی زایۆنیدا، ئەزموونی تراژیدی و کورتی زۆربەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسی لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسیدا، نامۆیی ڕۆشنبیرانی عەرەب لەگەڵ واقعێکدا کە لە سەلەفییەت و عەلمانیەتی عەسکەر و دیموکراتییەتی پۆستاڵ، زیاتر هیچی تر بەرهەمناهێنێت، نیشانەی ئەو دوو زەمینی و دوو دونیاییە کە بەدرێژایی مێژوو ڕۆشنبیرانی لە سیاسییەکان جیاکردۆتەوە و زمان و بیرکردنەوەی تایبەتی پێبەخشیون. ئەوەی من لە دەیان جێگادا گووتوومە و دەیڵێمەوە ئەمە کورتەکەیەتی «ئەم دەمامکی خەباتگێڕەی کە هەندێ ڕۆشنبیری کورد کردویانەتە سەریان کە گوایە لە دژی دیکتاتۆرییەت خەباتدەکەن، بێئاگای ئەم هاوڕێیانە خۆیان و بە وەفاداریان بۆ ئەو کولتوورەی خودی دیکتاتۆرییەت بۆ ڕۆڵی رۆشنبیریی ڕەسمکردوە، لەدەرگاوە بێت یان پەنجەرە، گەڕاونەتەوە ناو هەمان ئەو بونیادەی کە دەبێت دژی خەباتبکەن. ئەمجۆرە هەڵوێستگیرییە و بەمشێوەیە، ڕاستییەکی تاڵی تر دەشارێتەوە کە ئەم ڕۆشنبیرانە جارێکی تر کایەی ڕۆشنبیرییان گۆڕیوەتەوە بۆ کایەیەکی سێبەر، بۆ کایەیەکی ئیفلیج و بێبەرهەم. ئەمە کەم تا زۆر پەیوەندی بە خەباتگێڕییەوە نییە، ئەمە گەڕانەوەی هەیمەنە و باڵادەستی ئایدۆلۆژییە بەسەر گووتاری ڕۆشنبیرییەوە، ئەمە گۆڕینەوەی کایەی رۆشنبیرییە بۆ کایەیەکی پاشکۆ بۆ هەندێک دروشم و تێزەی سیاسی دیاریکراو، گۆڕینی کەسی ڕۆشنبیرە بۆ پاشکۆی کەسی سیاسی، گەڕانەوەی مۆدێلی رۆشنبیرە کلاسکییە ئایدۆلۆژییەکەیە بۆ سەپاندنەوەی باڵادەستی سیاسەت و خنکاندنی بۆ تەواوی کایە فیکرییەکان، سەپاندنی دیکتاتۆرییەتە لە دونیای عەقڵدا، بە ناوی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت لە دونیای سیاسەتدا، ئەمە گەمارۆدانی ڕۆشنبیرە لە جوغزێکدا نەدەتوانێت سیاسی بێت و نە ڕۆشنبیر. واتە لە کاتێکدا دەبوو ڕۆشنبیران پردی نێوان کایەی سیاسەت و کایەکانی دیکەی وەک فەلسەفە و سایکۆلۆژیا و ئەفسانە و ئەدەب و هونەر بن، ڕۆشنبیران بوون بەو وەستایەی دیوار لەدەوری کایەی سیاسەت هەڵدەچنن و لە ناو میتۆلۆگیا و خورافەتە ڕۆژانەکانیدا نوقمبوون» ئەمە چرکراوەی بۆچوونەکانی من بووە و لە چەندەها نوسیندا بەدرێژایی لەسەری وەستاوم، نەوەک ئەو وڕێنە و خەیاڵپڵاوانەی سیروان عەبدول بە هەوای شانی خۆی ڕیزیکردون و فەنتازیای خواروخێچیان دەربارەوە دەکات. «ماویەتی»

Monday 1 July 2013

کێن ئەوانەی زوو زوو تووشی شۆک دەبن?




لەگەڵ داوای لێبوردنمدا لە هەمووان، ئەوەی کە دەیبینم و دەیبیستم تەنیا توڕە و بێزار و نائومێدترم دەکات. زۆر نائومێدکەرە دەبینم هەموو ڕۆشنبیرە جیدی و ئۆپۆزسیۆنە سەرسەخت و توندڕەوەکان، واقسەدەکەن وەک ئەمڕۆ شەرعییەت شکابێت، وەک دوێنی زانیبێتیان پەرلەمان هیچ نییە جگە لە حەمامێک کە مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی بە جلەوە خۆیانی تیا دەشۆن، وەک ئەگەر ئەم دوو ساڵە درێژ نەکرێتەوە، مەسعود بەرزانی و تارماییەکانی، تاڵەبانی و تارماییەکانی ئیتر لەدەسەڵاتدا نامێنن و دیموکراسییەت بەرقەرار دەبێت، وەک ئەوەی هێزی مەسعود بەرزانی لەوەوە هاتبێت، کە دەستوور و قانون و هەیئەتە شەرعییە باڵاکان پێیان بەخشی بێت، وەک ئەگەر دوو بڕگەی دەستوور دەستکاریکرا، ئیتر هێزە سیاسییەکانی ئێمە ببنە هێزی دیموکراس و دەسەڵاتی خۆیان لەو چوارچێوەدا بەندبکەن کە دەستوور دەیسەلمێنێت. من لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەمووان، هەموو ئەم شانۆگەرییە کە چەندین مانگە نمایشدەکرێت، وەک شانۆگەرییەکی کۆمیدیی بێتام و قێزەون و بێزارکەر دەبینم، کە سەیرم لێدێت ڕۆشنبیران بەجیدی دانیشتوون و سەیری دیمەنەکانی دەکەن و شیکار بۆ تێکستەکەی دەکەن. نە هیچ هەیە تێیبگەین و نە هیچ هەیە کەس بۆمان ڕوونبکاتەوە، ئەوەی هەیە، هەر ئەوەیە کە هەبووە و دووبارە و سەدبارە دەبێتەوە. ئەوە لای من جێگای سەرسامی نییە، سەرۆک جارێکی تر و دەی تریش، بەم نمایشانەوە سەرقاڵمان بکات، ئەوە جێگای سەرسامییە وابزانین شتێکی گرنگی نوێ ڕوویداوە. لە ڕاستیدا ئەو پەڕی جێگای پێکەنین و نائومێدییە، دوێنێ بۆمان دەرکەوتبێت کە کوردستان سیستمێکی دیکتاتۆریی حوکمی کردوە و حوکمی دەکات. دیکتاتۆرییەت لە کوردستان تەمەنی لەسەروو پەنجا ساڵی پڕ خوێن و ئەشکەنجە و درۆ و دیماگۆگییەتی شۆڕشگێڕانەیە، مانای چی ئێستا بڵێین «سیستمی حوکمڕانی بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات». ئەم عەقڵییەت و شێوازی نیگاکردن و ئەخلاقی تێڕامانە، مایەی نائومێدییە. ئەمجۆرە گوزارشتانەی کە بە کاردەهێنرێت «کوردستان بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات» «سەرۆکی هەرێم شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات»... وێنەکە وا دەکێشن وەک ئەوەی کوردستان سیستمێکی دیموکراسی بووبێت و دەسەڵاتەکان بە دیموکراسی و شەرعی سەقامگیربووبن. مێژووی دیکتاتۆرییەت لەگەڵ لەدایکبوونی حیزبە کوردییەکاندا دەست پێدەکات، کە لە هەناوی عەشرەت و بنەماڵە و ڕۆشنبیرانی هەلپەرست و نەخوێندەواریی ساڵانی چل و پەنجاوە سەرچاوەی گرتووە ... تۆوی یەکەمی دیکتاتۆرییەت لەوێوە دێت و ئەوەی ئەمڕۆ تیا دەژین، سێبەری ئەو درەختەیە کە ئەوان چاندویانە و ئێمە لە ژێریدا دانیشتووین. دیکتاتۆرییەت بە فۆرمە کوردییە، دواکەوتووە، بێدەمامکە، ناشیرینەکەی، زیاد لە پەنجا ساڵە لە ناوماندایە. ئەوەی جورئەتی ئەوەی نەبێت، بڵێت دیکتاتۆرییەت هەمیشە لێرەبووە و سەرۆکی هەرێم هیچ نییە جگە لە نوێنەری سیستمێکی ئۆتۆکراتی پیر و وابزانێت دوێنێ دیکتاتۆرییەت و ستەم دەستی پێکردوە، وێنەیەکی هەڵەی لەسەر مێژووی ستەم و تاکڕەویی لە کوردستان هەیە . لە کوردستاندا هیچ کات دەسەڵاتێکی شەرعی ڕاستەقینە بوونی نەبووە تا ئێستا بکەوێتە مەترسییەوە... ئەو ڕۆشنبیر و سیاسیانەی پێیانوایە، گەر زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنن یان دەستور بە دڵی ئەوان بنوسرێتەوە، ستراکتوری دەسەڵات لە کوردستان دەگۆڕێت، تووشی وەهمی گەورە بوون، وەهمێک وادەکات لە پەنجا ساڵی داهاتوودا ئەوانیش دیکتاتۆری ناشیرینتر لە دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆ دروستبکەن. کوردستان دەسەڵاتی نوخبەیەکی ئەرستۆکراتی داخراو حوکمیدەکات، نەوەک حکومەت و پەرلەمان. بەڵکو لەو دەساڵەی دواییدا، من هەمیشە پێداگریم لەوە کردوە کە حیزبیش بوونی نییە، ئەوەی هەیە چینێکی ئەرستۆکراتی بچوک و داخراوە کە جۆرێک لە حوکمی مەلەکی شەرمنی پیادەکردوە، کە پادشاکەی، لە چاو شێخ و شاهەنشا و مەلیکەکانی ناوچەکەدا درەنگ گەیشتۆتە سەر عەرش، لەبەرئەوە شەرمدەکات پادشایەتی خۆی ڕابگەێنێت .
لە هەموو ساڵی پار و ئەمساڵدا کە سەرقاڵی نوسینی کەشتی فریشتەکان بووم، بۆ من کۆی ڕۆمانەکە وەک گەشتێکی ئەرکیۆلۆژی بوو بە ڕۆحی ئەو نوخبە دەمامکدارەدا کە لە شۆڕشەوە تا ئەم ساتە، هێزێکی ستەمکار بوون و بەستەمکاری دەمێننەوە، ڕۆحی ئەو تاقمە ئەرستۆکراتییەی لە کوردستان حوکمدەکات لە موتوربەکردنی ڕۆحی جەلاد و ڕۆحی بازرگانێکی مشەخۆر و بێڕەحم دروستبووە، ڕۆحی تەماحکارێکی وەک کالیگۆلا و مشەخۆرێکی وەک شایلۆک، بەدەگمەنیش سیاسییەکی کورد لەو نەوە کۆنە دەدۆزینەوە تارمایی ئەم دوو ڕۆحە لە جەستەیدا نەگەڕێت، گەر کالیگۆلا نەبێت ئەوا شایلۆکە، گەر شایلۆک نەبێت ئەوا کالیگۆلایە، گەر هیچیشیان نەبێت بەتەنیا، ئەوا هەردووکیانە پێکەوە.
لێرەوە ئەوەی من تووشی شۆکدەکات، ئەوە نییە کە مەسعود بەرزانی تا زیندووە سەرۆک بێت، ئەمە لۆژیک و سروشتی هەمیشەیی دیکتاتۆرییەتی کوردی بووە ... ئەوەی جارێک سەرۆک بوو، هەمیشە سەرۆکە. ئەوە نائومێدماندەکات ئەوەیە، ببینم هەندێ کەس وا باس لە شەرعییەت دەکەن، وەک ئەوەی بەراستی ئێمە لەم چەند ساڵەدا لە ژێر دەسەڵاتێکی شەرعیدا بووبین، وەک شەرعییەت شتێک بێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بیبەخشن، نەوەک سەدان مەرج و دیاردە و یاسای دیکەی هەبێت کە دەبێت ڕۆژانە لە کۆمەڵگادا ئامادە بن. ئەوەی لێرەدا تاوانبارە ئەو حیزبە و ئەو کۆمەڵگایە و ئەو فەزا کولتوورییەیە، کە پەنجا ساڵە بەردەوام ئەم شانۆگەرییە قەبووڵدەکات. مێژووی دیکتاتۆرەکانی ئێمە جیاوازییەکی نییە لەگەڵ مێژووی دیکتاتۆرەکانی تردا، کەسێک دەسەڵاتی بۆ دەمێنێتەوە، یان بە هەر ڕێگایەک بێت دەچێتە جێگای حوکمڕانی و ئیدی دانابەزێت. تیمێکی پسپۆڕیش دەکات بەسەرپشکی
ئەوەی دەسەڵاتی بۆ درێژبکەنەوە. لە ڕاستیدا دیکتاتۆرییەت لەوە ئاسانترە تێی نەگەین، حیکایەتی دیکتاتۆرییەتی کوردیی بەتایبەت هێندە سادە و نەفامانە و سەرەتاییە، شتێکی تێدا نییە تۆزێک ڕامانبگرێت و سەرمان لێ تێکبدات. ئەوەی لەدەستووردا چی دەنوسرێت، لە پەرلەماندا چی روودەدات، ژێراو ژێر چی پەیمانێک مۆردەکرێت و چی عەهدێک دەبەسترێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی، وەک حوکمی داخراوی گروپێکی بچوک، دەبێت هەمیشە سەلامەت بێت. ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین، دیکتاتۆری کوردیی بە مردوویش، بە ئیفلیجیش، بە بێ زمانیش هەر لەسەر عەرشی دەسەڵاتی خۆی دانابەزێت و تارماییەکەی هەر حوکمی کەسە بچوکەکانی ژێر خۆی دەکات. لە ڕاستیدا هەموو ئەم گەمانە، گەمەی نوسینەوەی دەستوور، گەمەی درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی حاکمییەت، هەموو کۆمەڵێک یاری کۆن و بێتام و بێمانا و دووبارە و سەدبارەن، من ئەسڵەن سەرم لەوە دەسوڕمێت کە دەبینم ڕۆشنبیرێک لەسەر ئەم زبڵە سیاسییە قسەدەکات و وادەدوێت وەک لەسەر شتێکی چارەنوسساز و گرنگ و بێوێنە هاتبێتە دەنگ. ئەمە نمایشێکی پڕوپوچە کە چەند ساڵ جارێک دەیهێننە پێشەوە، وەک ئەوەی کوردستان وڵاتێک بێت، دەوڵەتێک حوکمی بکات، دەستوورێک بیبات بەڕێوە، پەرلەمانێکی شەرعی هەبێت. ئۆپۆزسیۆنی ئێمەش، چونکە بە جەوهەر هەر لەدەسەڵات خۆی دەچێت، خۆشحاڵانە ئەم گەمەیە دەکات و ئەو درۆیەمان لا سەوزدەکاتەوە کە دەسەڵات پێویستی پێیەتی و خۆشکەیفە پێی. هەموو ئەم نمایشە لای من مایەی هێڵنج و ڕشانەوەیە... حاکمی هەرێمی ئێمە، شەرعییەتی خۆی نە لە پەرلەمان، نە لە دەستوور، نە لە حیزبەوە وەرنەگرتووە، بەڵکو سەرچاوەی شەرعییەتی، ئەو سەرچاوە ئەبەدییەیە کە هەموو دیکتاتۆرێکی مێژووی ڕاگرتووە «بێدەنگی خەڵک»... ئەوە تەنیا شەرعییەتێکە کە هەموو دیکتاتۆرەکان بەهێزدەکات و دەیانهێڵێتەوە.
من لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەموو برادەرانی نوسەر و هاوڕێ ئازیزەکانم کە زۆری ژیانیان لەوەدا بردۆتەسەر بۆمان بسەلمێنن بەرزانی و تاڵەبانی دیکتاتۆرن، کەچی هەموو جارێکیش تووشی شۆکدەبن کە بۆیان ڕووندەبێتەوە «بەڵێ دیکتاتۆرن»، دەپرسم چەندجاری ترتان پێویستە ئەم نمایشە پڕوپوچانە ببینن تا ئیتر بەس بێت هەوڵی ئەوەبدەن بۆمان بسەلمێننەوە کە حوکمڕانی کوردیی حوکمڕانییەکی دیکتاتۆریی دزێوە? حوکمڕانییەکە ئامادەی هەموو شتێکە کە هەر دیکتاتۆرێکی ناشیرینی تری دونیا ئامادەیە بۆی، لە نمایشی کۆمیدیی وەک دوێنێ وە بیگرە تا کوشتن و گرتن و ونکردن و بێدەنگکردن. ئەم هاوڕێیانە لە کەسێک دەچن کە هەموو بەیانییەک پیسایی نەخۆشێک دەبەن بۆ پشکنین، نیوڕۆ بۆیان دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکی کوشندەی هەیە و تووشی شۆک دەبن. سبەینێ بە هەمانشێوە پیسایی هەمان نەخۆش دەبەنەوە بۆ لابۆر و دەیخەنەوە ژێر میکرۆسکۆب، هەمان دەرەنجامی دوێنێیان دەستدەکەوێت و تووشی شۆکدەبن، دوو سبەی و سێ سبەیش هەمان شێوە و هەمان دەرەنجامیان دەستدەکەوێت و دووبارە تووشی شۆک دەبن. تا دەگەینە جێگایەک، سەرنجبدەین ئەوەی مایەی سەیر و سەرسامییە ئەوە نییە پیسایی نەخۆشەکە چی تێدایە، بەڵکو ئەوەیە بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ دەکات، شۆکدەبێت و باوەڕ بە چاو و عەقڵی خۆی ناکات ... لە ڕاستیدا من هەڵوێستی هەندێک لە نوسەران و ڕۆشنبیران، بەوە تێدەگەم، هەموو بەیانییەک پیسایی دەسەڵات دەبەن بۆ پشکنین و هەمان دەرەنجامیان دەستدەکەوێت و بەردەوامیش تووشی شۆک دەبن... لە مێژە ئەم دەسەڵاتە لەوە کەوتووە تووشی شۆکمان بکات. مێژووی دیکتاتۆرییەت لە دوێنێوە دەستی پێ نەکردوە، لە 17 ی شوباتەوە دەستی پێ نەکردوە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆراندا هەستی پێ نەکراوە، بەڵکو مێژوویەکە لەگەڵ حیزبی کوردییدا لەدایکبووە... لە هەموو سەردەمەکانیشدا مێژووی ڕەش و ترسناکی خۆی هەبووە، هیچ لاپەرەیەکیش نییە لە مێژووی کۆن و نوێی ئێمە بە پێنوسی رەشی ئەو ڕۆحە تاریکە، ناشیرین نەکرابێت. ئەوەی دەیەوێت دژی دیکتاتۆرییەت بێت، لایەنیکەم دەبێت مێژووەکەی ببینێت، ئەوانە بناسێت کە لە دروستکردن و گەورەکردنیدا بەشداربوون، هیوای بچوک و درۆزنیش وەک تلیاکی کاتی و چارەی سیحراویی بە خەڵک نەفرۆشێت، چونکە ئەوەی دیکتاتۆرییەت بەهێزدەکات، ئەو تلیاکفرۆشانەن کە گۆڕانکاری بچوک و دیاردەی بچوک وەک دەسکەوتی گەورە و هیوای مەزن بە خەڵک دەفرۆشن... دیکتاتۆرییەت ئێستا نەوەک لاواز نییە، بەڵکو بە هۆی ئەوانەوە کە وەهم و هیوای درۆزن دەفرۆشن لە هەر کات بەهێزترە.


تێبینییەک : ئەم نوسینە تەنیا دەردەدڵێکی تایبەتی و شەخسییە، بەتایبەت بۆ ئەم پەیچەش نوسراوە. تکام وایە نە کەس بیگوازێتەوە، نە هیچ ڕۆژنامە و ماڵپەر و کەناڵێک، هیچ بەشێکی لێ دابگرێت و خەبەری لێدروستبکات. لەگەڵ سوپاس و ڕێزی زۆرم بۆ ئەوانەی هێندەیان حورمەت تێدایە، ڕێز لەم شتە بچوکانەمان دەگرن.