Saturday 21 December 2013

تاوانی سیاسی‌و بکەرەکانی - به‌شی دووه‌م


 بکەری دەمامکدار
گەمەی دەرخستنی تاوان ‌وەک شتێکی نائاسایی‌و نەخۆش، ‌واتە به‌نامۆکردنی تاوان، دەرخستنی ‌وەک شتێکی سەیر، شۆکهێن‌و ڕیزپەر، ئەمە جەوهەری تەواوی ئەو پەرچەکردارانەیە کە سیستم دوای هەر تاوانێک کۆمەڵگای پێ فریودەدات. گەر دوو بکەرە ناڕاستەوخۆکە، هەموو ئەو جۆرە کەسانە بن کە به‌جۆرێک له‌جۆرەکان پاسیڤانە بەرخورد لەگەڵ ژینگەی خۆیان دەکەن، ئەوانە بن کە  ناتوانن تاوانەکان به‌سیستمەوە گرێبدەن، کەسانێک کە ئیشیان گۆڕینی تاوانەکەیە بۆ کەرنەڤاڵێکی عاتیفی‌و ئیحساساتی تا پێداویستی خۆیان بۆ رەمزەکانی شەهادەت تێربکەن، غەریزەی مەرگدۆستییان بخەنەوە سەر کار، شیوەنی ترادسیۆنیانەی خۆیان بکەنەوە به‌هەڵوێستی سیاسی، بەرهەمهێنانەوەیان بۆ ئەو جیهانە ئامادەیە بکەنەوە به‌پاڵەوانێتی، نوقمبوونیان له‌ناو هەموو ڕەگەزە تەقلیدییەکاندا بکەن به‌یاخیبوون.
لێرەدا تەواوی تێزەکە لەسەر ئەوە بەندە، کە لەوە تێبگەین، «قوربانی سیاسی» نیشانەیەکە بۆ دەرەوەی سیستم، ڕەمزی جەستەیەکە له‌ناو سیستمدا جێگای نەبۆتەوە، بەڵام بکەرەکانی تاوان، کۆی ئەوانەن کە دەیانەوێت قوربانی بکەنەوە به‌بەشێک له‌سیستم، نەوەک هەر به‌بەشێکی ئاسایی، بەڵکو بەشێکی ئۆرگانی، بەشێکی سەنتراڵ. هیچ سیستمێک بۆ ئەوە کارناکات کە جەلاد تاکە ڕەمز‌و نیشانەی بێت، بەڵکو دەبێت هەمیشە قوربانییەکی کوژراو یان دیلێکی ئەبەدی له‌ناوەڕاستی دیمەنەکەدا بێت «وەک بوونی جیفارا‌و ماندێلا له‌ناوەراستی سیستمی گلۆبالدا»، تا هەموومان لەدەوری کۆببینەوە. مەسیح سەرەتا بەشێکە له‌دەرەوەی سیستمی سەردەمی خۆی،  دواتر دەکرێتە سەنتراڵ‌و به‌پرۆسەیەکی «پیرۆزکردنی دەستەجەمعیدا» تێدەپەڕێت تا ئەوەی لەدەرەوەی سیستمە، دووبارە بهێنرێتە ناوەوە، حەسەن‌و حسێنی شیعەکان هەمان چیرۆک دووبارەدەکەنەوە، لێرەدا هەوڵی بکەرەکان بەوە دەپێورێت ئایا چەند دەیانەوێت قوربانی له‌تەنێکی نامۆوە کە هەمیشە ئاماژەیە بۆ دەرەوەی سیستم «واتە بۆ دەرەوەی سیستمی سەمبولی به‌گشتی، به‌مانا لاکانیەکەی، نەوەک بۆ دەرەوەی سیستمی سیاسی‌وەک هەندێک تەفسیری سادەبین‌و پۆپۆلیست‌و له‌سەتحدا خنکاو دەیبینن»، بکەن به‌تەنێک کە بەشێکە له‌ئێمە، له‌بەهاکانمان،‌واتە بیکەن به‌بەشێک له‌خودی سیستم‌و پرۆسەی خۆبەرهەمهێنانەوەی. بۆ نمونە هەموو ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا قوربانی کوشتن‌و گرتن بوون له‌کوردستان، جەستەگەلێکن کە ئاماژەن بۆ دەرەوەی سیستم، بۆ نیوەیەک کە جێگای نابێتەوە، بۆ درزێک کە به‌سیستم پڕناکرێتەوە، بەڵام تەواوی ئەو نمایش‌و ته‌قس‌و شیوەنە دینی‌و پەشیمانییە دەستەجەمعییەی دواتر له‌دەوری کوژراوەکان‌و گیراوەکان‌و لێدراوەکان دروست دەبێت، هێندەی دەبێتە ڕیتوالێکی دینی کە سەرلەنوێ قوربانی دەهێنێتەوە ناو سیستم‌و سیفەتی نامۆیی لێ دەستێنێتەوە، کارێکی به‌ئەکتی توڕەیی‌و یاخیبوونەوە نییە. کاتێک کاری کوشتنی قوربانییەکان‌و ئازاردانیان‌وەک کارێکی نامۆ‌و شۆکهێن سەیردەکەین، ئەوە له‌پێناوی «خودی قوربانی»‌و ئاشتکردنەوەیدایە لەگەڵ سیستمدا، ئیشی زۆرینەی بکەرەکان ئەوەیە کە  باوەش بەقوربانیدا بکەن‌و به‌مردوویی بیهێننەوە بۆ باوەشی کۆمەڵگا‌و ژینگە ڕەمزییەکەی، ئەمە له‌کاتێکدا قوربانی به‌زیندوویی بەردەوام بوونێکی نامۆ‌و دەرکراو بووە. لێرەدا دەبێت بڵێم کە خودی بکەرە ڕاستەوخۆکانیش زۆر لەم نیازە دوورنین. بکەرە ڕاستەوخۆکان ئەوانەن کە بەجۆرێکی ڕاستەوخۆ له‌فەزای کوشتنەکەدان، بەشێکی کاریگەر‌و چالاکی ئامێری حوکمن، له‌دەسەڵاتدان‌و فەرمانڕەوایی دەکەن، مەرج نییە خۆیان ڕاستەوخۆ ئاگایان  له‌تاوانەکە بێت، بەڵام ئەندازیاری ئەو کایە‌و جیهانەن کە تاوانەکانی تێدا روودەدات، پێشوەخت دەزانن کە له‌جێگایەک‌و له‌فەزایەکدان کە بێ کوشتن‌و هەڕەشە‌و توندوتیژیی، دەسەڵات تێیدا ڕێ ناکات. گەر بکەرە پاسیڤەکان تەنیا بەشێک بن له‌دیمەنەکە، پێکهێنێکی جیهانی تاوانەکە بن کە نمایشی دەقێکی پێشوەخت نوسراو‌و ئامادەدەکەن، ئەو ڕۆڵە نمایشدەکەن کە پاکژی جەستەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی زامندەکات. ئەوا بەرامبەر بەو جۆرە له‌بکەر، بکەرە ڕاستەوخۆکان، کارمەندانی دەزگا گەورە‌و گرنگەکانی دەسەڵاتن، ئەو ماشێنانەن حوکمڕانی دەپارێزێن‌و زوو زوو دەیگۆڕن بۆ دەزگای  سەربازیی‌و میلیتاری. دەسەڵات چەند دڕندە بێت، ناتوانێت بێ دەمامک بژی، مانای دەسەڵات لەوەدایە کە‌وەها‌وێنەیەک لەسەر خۆی بڵاوبکاتەوە کە تەنیا له‌ژێر فشار‌و مەترسی گەورەدا پەنا بۆ توندوتیژی شەرعی دەبات، تێزەیەک کە هەموو دەزانین  بەتوندی لای زۆربەی بیریارانی سیاسی هاوچەرخ رەتکراوەتەوە «بەتایبەت ئارێنت‌و فۆکۆ‌و ئاگامبن» . بەشی هەرە زۆری مێژووی دەسەڵات، مێژووی نمایش‌و دەمامکە. دەسەڵات، جیا له‌سیستم پاسەوانی خۆی هەیە، دەسەڵات دیوە گۆڕاوەکەی سیستمە، بەشە ناجێگرەکەیەتی... دەموچاوەکانی دەسەڵات هەمیشە له‌خودی سیستم مەترسی زیاتریان لەسەرە، بەشی زۆری گۆڕانکارییەکانی دونیا لەو دوو سەد ساڵەی ڕابوردوودا به‌پلەی یەکەم له‌سنووری گۆڕانی دەسەڵاتدا ماوەتەوە‌و کەمتر دەستکاریکردنی سیستەم بووە، هەتا شۆڕشە گەورەکانی دونیا به‌دەگمەن بەرەو دەستکاری سیستم پەڕیونەتەوە، لێرەوە مەترسی گۆڕانکاری هەمیشە ئاڕاستەی دەسەڵاتەکانە نەوەک سیستم، حوکمڕانەکان دەگۆڕێن، بەڵام سیستمی کەپیتالیستی «به‌فۆرمە جیاوازییەکانییەوە»، سیستمی پەتریارکی «به‌هەموو فۆرمە جیاوزەکانییەوە»، سیستمی چاوەدێری‌و کۆنترۆڵکردن‌و دیسپلین‌و ئاڕاستەکردن، له‌جێگای خۆیانن‌و تەنیا له‌سنووری کەم‌وڕوکەشدا گۆڕانکاریان بەسەردا دێت . دەسەڵات دیوە گۆڕاو‌و ناجێگیرەکەی سیستمە،‌واتە ئەو بەشەیەتی کە هەمیشە دەترسێت‌و `له‌پێشدەم هەڕەشەدایە، لێرەوە بەردەوام ناچارە به‌دەمامکەوە دەربکەوێت، یان له‌هەوڵی دەرخستنی ڕوویەکی پاکدا بێت بۆ خۆی. فاشیستیترین جۆری دەسەڵاتیش پێویستی به‌دەمامکی ئەستوور هەیە، ناتوانێت خۆی‌وەک هەڵگری بەها‌و مۆراڵی جوان‌و بەرز نیشان نەدات. له‌خۆرهەڵاتدا زۆربەی شێوەکانی حوکمرانی دەمامک بوون بۆ جەوهەرێکی فاشیستی. بکەری دەمامکدار ئەو دیوەی دەسەڵاتە کە هەوڵدەدات‌وەک پارێزەری یاسا‌و عەدالەت‌و شەرعییەت دەربکەوێت، له‌ئێراندا گەمەی دەمامک‌و ڕوخسار له‌هەر جێگایەکی تر ڕۆشنتر دەردەکەوێت، سیستم به‌نۆبەت دەمامکەکان دەگۆڕێت،‌وەک له‌سێ کوچکەی خاتەمی ـ نەژاد ـ ڕۆحانیدا دەبینین، خاتەمی‌و ڕۆحانی هیچ نین جگە له‌دەمامکێک بۆ کاراکتەرێکی بنەڕەتی فاشیستی کە نەژادە، لێرەدا  ئۆپۆزسیۆنی ڕیفۆرمخواز هیچ نییە جگە له‌دەمامکی سیستەم، ئۆپۆزسیۆنی ڕیفۆرمیستی نوێنەری یاخیبوون نییە،  بەڵکو دەموچاوە دەمامکدارەکەی دەسەڵاتە کە هەندێجار له‌دەرەوەی حوکمەوە درێژە به‌سیستم دەدات. ڕیفۆرم له‌جیهانێکی‌وەک جیهانی‌وەک ئێمەدا تەنیا قسەکەی ئەدۆرنۆی بەسەردا دەسەپێت «هیچ ژیانێکی ڕاست له‌ناو هەڵەدا نییە»، ڕیفۆرمیستەکان کێشەیان لەگەڵ دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ دەموچاوی دەسەڵاتدا هەیە، لێرەوە گەورەترین گۆڕان له‌مێژوودا لای ئەوان ئەو کاتەیە نۆبەت بۆ حوکمڕانی دێتە سەر خۆیان. ئەوان قارەمانی ئەو دیمەنەن له‌شانۆگەرییەکە کە دەسەڵات تێیدا به‌دەمامکەوە نەوەک به‌ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیەوە دێتە سەر شانۆ، هەر دەمێک دەسەڵات به‌دەمامکەوە یاخود به‌ڕوخساری ئۆپۆزسیۆنەوە هاتەوە سەر شانۆ، ئەوکات باشتر گەمەی ئەوە دەکات کە بەشێکە له‌خەڵک ، لێرەوە کۆی دەسەڵاتە فاشیست‌و شەڕانگیزەکان پێویستیان به‌قۆناغی دەمامکدار هەیە، ڕیفۆرمیست‌و ئۆپۆزسیۆنە پەرلەمانتارییەکانیش، ئەو بەشەن کە دەتوانن بۆ فاشیزم باشترین دەمامک بن. فاشیزمی خۆرهەڵاتی‌وەک فاشیزمی خۆرئاوایی نییە به‌یەک شەپۆل بێت، له‌ڕۆژێکی دیاریکراودا سەرهەڵبدات‌و له‌ڕۆژێکی دیاریکراوی تری مێژوودا تەواوبێت، هەموو توانا‌و شوناسی خۆی له‌یەک هێز‌و حیزبدا کۆبکاتەوە، فاشیزمی خۆرهەلاتی دیاردەیەکی پچڕ پچڕ‌و پڕ ناوبڕ‌و فرەهێز‌و تەمەن درێژە، کە له‌ناو یەک شوناسدا کۆنابێتەوە، لێرەوە بکەری  دەمامکدار یان ڕیفۆرمیست بەجۆرێک لەجۆرەکان، بێویست‌و ئاگای خۆی، ئەو بەشەی حوکمە کە له‌ناوبڕەکانی فاشیزمدا دێتە سەر شانۆ. ئەم بکەرە ڕاستەوخۆ له‌ناو دەسەڵاتەوە هەوڵدەدات تاوانەکە‌وەک تاوانێکی تایبەتی‌و یەک بارە‌و عەجایەب‌و نامەنتیقی نیشانبدرێت. لێرەوە دوای هەموو تاوانێک چۆن له‌ناو هەناوی کۆمەڵگادا، شیوەنێکی گەورە دەست پێدەکات، چۆن کۆمەڵگا کۆمەڵێک شانۆ‌و سەحنەی پرسە بۆ خۆپاکردنەوە دادەنێت، له‌ناو خودی دەسەڵاتیشدا، له‌ناو سەرانی حوکم‌و کەسایەتییە گەورەکاندا، لای دەموچاوە گرنگ‌و گەورەکان هەمان پرسە، هەمان دڵتەنگی‌و ئینکار‌و کاسارسایس دەکەوێتە کار. ئەوە تەنیا کۆمەڵگا نییە کە له‌ڕێگای بکەرە پاسیڤەکانەوە دەیەوێت خۆی پاکبکاتەوە، بەڵکو خودی دەسەڵاتیش دێتە ناو هەمان گەمەوە، له‌رێگای مەحکومکردن‌و شۆکبوون‌و ئینکارکردنەوە، دەیەوێت تاوانەکە‌وادەربکەوێت‌وەک ئەوەی بەشێک نەبێت له‌کاری هەمیشەیی‌و ڕۆژانەی سیستەم.‌وەک ئەوەی سەد ساڵ بێت خۆرهەڵات ڕۆژانە له‌ناو دەریای خوێندا نەبێت‌و هەر خوێنەش زادە‌و بەرهەم‌و درێژکراوەی ئەویدی نەبێت،‌وەک ئەوەی تاوانەکان هیچیان گرێدراوی یەک نەبن،‌وەک ئەوەی له‌خۆرهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت جیاوازبێت لەوەی له‌خۆرئاوای دەگوزەرێت‌و زادەی هەمان سیستم‌و کارکردی هەمان ئامێری فاشیستی نەبێت،‌وەک ئەوەی له‌باکور دەگوزەرێت جیاواز بێت لەوەی له‌باشور دەگوزەرێت، ئەوەی له‌بەغداد دەگوزەرێت جیاواز بێت لەوەی له‌حەلەب دەگوزەرێت ، ئەوەی ڕۆژنامەنوسێک دەکوژێت شوناسەکەی دوور‌و نامۆ بێت بەوەی کە له‌مزگەوتێکدا خۆی دەتەقێنێتەوە، ئەوەی له‌ئێران چالاکوانێک له‌سێدارەدەدات شوناسێکی زۆر جیای لەوە هەبێت کە له‌هەولێر هەمان چالاکوان دەگرێت یان دەکوژێت. بکەری دەمامکدار له‌هەموو دەسەڵاتێکدا کاری ئەوەیە نەهێڵێت حوکمڕانی خۆی به‌پارچە فاشیستییەکانی دیکەی ماشێنە فاشیستییە گەورە‌و سەرتاسەرییەکە بشوبهێنرێت، لێرەوە شۆکبوون، ڕیتۆریکی بێ گوناهی، شیوەنی بێگوناهی،‌وەک چۆن دەبێت به‌گەمەی کۆمەڵگا دەبێت به‌گەمەی دەسەڵاتیش. چۆن شۆکبوون دەبێت به‌فەلسەفە‌و نمایش‌و نمادی ئایدۆلۆژی ئۆپۆزسیۆنە ڕیفۆرمیست‌و سیستمگەرا‌و موحافەزەکارەکان، دەبێت به‌فەلسەفە‌و نمایشی خودی دەسەڵاتیش. لێرەدا دەسەڵات هەمان ئەو گەمەیە دەکاتەوە کە دەزانێت کۆمەڵگا دڵخۆشدەکات، له‌ڕێگای شۆکبوونەوە خۆی دەکاتەوە به‌بەشێک له‌خەڵک، له‌بێ تاوانی، له‌پاکی‌و مەعسومییەتی سیاسی. ئەم لاساییکردنەوەی دەسەڵات بۆ کۆمەڵگا، گەرچی لاساییەکی کۆمیدییە، بەڵام بەشدارە له‌بەگشتیکردنی ئەو حاڵەتەدا کە تێیدا تاوانی سیاسی به‌ڕوداوێکی ناوازە‌و ناسروشتی دەشوبهێنێت‌و له‌ئیقاعی ژیانی ڕۆژانە دووریدەخاتەوە. گرنگترین شت له‌تەواوی پرۆسەکەدا ئەوەیە کە هەمیشە ڕابچڵەکێین، بحەپەسێین،  تا‌وادەرنەکەوێت کە تاوان بووە به‌بەشێکی هەمیشەیی‌و میکانیزمێکی رۆژانەی مانەوە. دەمامکی ئەم بکەرە، لێرەدا دەمامکی خۆی نییە، بەڵکو دەمامکی دەسەڵاتە کە دەیەوێت‌وەک فاشیزم دەرنەکەوێت، کاتێک دەزانێت ناتوانێت هەمیشە به‌دەموچاوە راستەقینەکەی خۆیەوە حوکمبکات. دەسەڵات دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆی‌وەک دەموچاوێکی هێزەکی «بالقوه‌» دەردەخات. هیچ کات له‌خۆرهەڵات «خوێنخۆری» ڕووی ڕەسمی دەسەڵاتەکان نەبووە، بەڵکو‌وەک «ئەگەری» ناوەکی،‌وەک ئامادەگییەکی نهێنی،‌وەک بوونێکی هێزەکی نیشاندراوە. له‌فاشیزمدا، ئەم ئامادەگییە، یان دەرکەوتنەوە‌و هاتنەدی ئەم ئەگەر ترسناک‌و تاریکانە، دەبێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، ماشێنی فاشیستیانە ئەو ئامێرانەن کە کاری هاتنەدی‌و گۆڕینی توندوتیژیی له‌بوونی «هێزەکی ـ بالقوه‌»وە‌وەردەگێڕن بۆ بوونی ڕاستەقینە،‌واتە ئیشیان گواستنەوەی فاشیزمە له‌ئەگەرەوە بۆ حەقیقەت. گەمەی راستی‌و دەمامک له‌فاشیزمدا، به‌پێچەوانەی دیموکراسییەتەوە کە دەسەڵات زۆر درەنگ درەنگ دەمامک لادەبات، گەمەیەکی خێرا‌و ڕۆژانەیە، دەسەڵات زۆر پێویستی بەوە دەبێت جەوهەرە شاردراوەکەی، ئەگەرە ناوەکییەکەی دەربخات. له‌فاشیزمدا «وەک دیموکراسییەت» دەمامک‌و ماسک دوو ڕەگەزی گرنگ‌و پێویستن، بەڵام دەمامک، دەمامکێکی بزۆکە کە ناتوانێت بەجۆرێکی بەردەوام لەسەری دەسەڵاتدا بێت، فاشیزم جۆرە سیستمێکە دەمامک تێیدا شلە، زوو زوو دەکەوێت، لەبەرئەوە هاوشانە به‌خوێن‌و گەندەڵی‌و فەزیحەی سیاسیش. فاشیزمی خۆرهەڵاتی له‌بەرئەوەی ڕیشەکانی قووڵ له‌کولتووری فیودالیزمی خۆرهەڵاتیدا ماوەتەوە، توانای لەسەر دەمامکداری لاوازترە، گەڕانەوەی ڕۆژانەی بۆ کوشتن‌و خوێن، هەر پەیوەندی بەوەوە نییە کە هەڵگری هەموو چەکە تازەکانی مۆدێرنەیە کە گەمەی ترساندن‌و تۆقاندنی بۆ ئاسان دەکەن، بەڵکو زۆر گرێدراوی ڕیشە فیوداڵیی‌و ئیسلامییەکەشێتی. بکەری دەمامکدار ئەو دیوەی دەسەڵاتە کە بۆ‌ونکردن‌و پاراستن‌و شاردنەوەی بکەرە فاشیستییەکەی دەسەڵات، پێچەوانەی شوناسە فاشیستییەکەی ئەو دەجوڵێتەوە، ئەو بەشەیەتی کە دەتوانێت ئەکتەربازی بکات‌و شانۆگەرییەکی تەریب به‌شانۆگەرییە بنەڕەتی‌وسەرەکییەکە نمایشبکات. له‌خۆرهەڵاتدا دەسەڵاتەکان هیچ کات به‌یەک دەق‌و یەک دیالۆگەوە نایەنە سەر شانۆ، هەموو دەسەڵاتێکی مەکرباز دوو دەق‌و دوو دەموچاوی هەیە. دوو زمانی لەجەوهەردا بەشێکە له‌مەکرە سەرەکییەکانی دەسەڵات، بەسە مرۆڤ سەیری «ماکبەس»‌و «ئۆتێلۆ» بکات تا ببینێت، له‌ناو تێکست‌و فێڵەکانی قودرەتدا، هەردەم دوو جۆر زمان هەن. بکەرانی دەمامکدار، ئەو کەسانەن له‌ناو دەسەڵاتەوە، له‌سەر کورسی حوکمڕانییەوە بێ گوناهی خۆیان ڕادەگەێنن، ئەوانە کەسانی بێخەتا نین کە ئاگاداری هیچ نین، ئەوانە ڕەنگە ڕاستەوخۆ ئاگایان له‌تاوانی سیستمەکە نەبێت، بەڵام ئاگایان لەوەیە کە لەدواجاردا سیستمەکە سیستمی تاوانە.
بکەری ڕاستەقینە
بکەری ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە ڕاستەوخۆ‌و بەدەستی خۆی کرداری توندوتیژیی ئەنجامدەدات، بەڵکو نوێنەری هەموو ئامادەگییەکانی ناو سیستمە بۆ توندوتیژیی، ئەو بەشەیەتی کە ناتوانێت دەمامک بکاتە سەری. توندوتیژیی لەسەر گەمەی دەرکەوتن‌و خۆشاردنەوە کاردەکات. له‌قۆناغی دەرکەوتنیدا هەمیشە خۆی‌وەک ساتێکی تێپەڕ، ناچارییەک، کردارێکی خوێنین بەڵام پێویست کە زوو به‌زوو تەواو دەبێت، نیشاندەدات. گەر سیستمی کەپیتالیزم‌و ئایدۆلۆژیا لیبراڵەکەی لەسەر ئەو‌وەهمە کاربکەن کە هەمیشەیین، باشترین سیستمن کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە‌و ئەبەدیین، ئەوا فاشیزمی خۆرهەڵاتی به‌پێچەوانەی لیبرالیزمی کەپیتالیستییەوە، لەسەر خۆشاردنەوە، کاتیبوون، زووگوزەریی دامەزراوە. هەمیشە ئەو بڕوایە دەخولقێنێت ئەوەی کە ڕوودەدات شتێکی کاتی‌و لۆکاڵ‌و تایبەتمەند‌و قۆناغینە، کە له‌ساتی داهاتوودا‌وندەبێت‌و تێدەپەڕێت‌و بەسەردەچێت. هونەری فاشیزمی خۆرهەڵاتی لەوەدایە کە هەمیشە ئەو‌وەهمە دروستدەکات کە تۆزێکی دی بەسەردەچێت، 
لێرەوە ئایدۆلۆژیای خۆشبینی‌و گەشبینی له‌خۆرهەڵات تەنیا ئایدۆلۆژیایەک نییە کە باوەڕی به‌گۆڕان‌و مرۆڤدۆستییە، خۆشبینی خۆرهەڵاتی تەواو گرێدراوی ئایدۆلۆژیای باوی سیستمە کە بەردەوام دەیەوێت ڕووە ناشیرینەکەی بەوە بشارێتەوە کە تێپەڕە، بەیانی ڕادەگوزەرێت‌و دەڕوات‌و ڕۆژێکی نوێ سەردەردەهێنێت. مژدەی ڕۆژێکی نوێ له‌جیهانی ئێمەدا بەشێکە لەوەی ژیژیک ناوی دەنێت «خەوببینە‌و بەردەوام خەوببینە». ئومێد بریتییە له‌درێژکردنەوەی کابوسی سیستمەکە، به‌هیوای کۆتاییەک کە هێشتا تیشک‌و تاوی دیار نییە. به‌کورتی‌وێناکردنی کارەساتەکان‌وەک کرداری تێپەڕ،‌وادەکات بکەری ڕاستەقینە، هەمیشە بکەرێکی شاردراوە بێت، بکەرێک بێت دەربکەوێت‌و‌ونببێت، بوونی لەسەر‌ونبوونی بەردەوام ڕاگیرابێت. بکەری ڕاستەقینە به‌گشتی تەعبیر له‌ئەگەرە ناوەکییەکەی سیستم دەکات، بەڵام بکەرێکە نابێت دەموچاوی راستەقینەشی دەربکەوێت، دەبێت کەمتازۆر نەفرەت لێکراو بێت، نادیار بمێنێتەوە، له‌تەمومژێکی راستەقینەدا بژی.بکەرەکانی تاوانی سیاسی هەمیشە‌وەک بکەرێکی‌ون دەمێننەوە، بکەرێک کە هیچ کات بەتەواویی شوناسیان دەرناکەوێت، هەتا کە تاوانبارەکانیش دەگیرێن، کە تەواو دان به‌تاوانەکەشدا دەنێن، هەموو دەزانین‌و دڵنیایین کە ئەوانە تاوانباری ڕاستەقینە نین، هەمیشە له‌پشت تاوانبارەوە تاوانبارێکی تر هەیە، به‌جۆرێک هیچ کات نازانین دواهەمین تاوانبار، بکەری ڕاستەقینە کە بزوێنی هەموو زنجیرەکەیە دەکەوێتە کوێوە، چونکە دوا بکەر، تەنیا ئەو  ڕاستییە کە له‌قووڵایی سیستمدا خەوتووە.
ونبوونی تاوانبار پۆڵی ئەوبەری خۆدەرخستن‌و لەخۆدانە دەستەجەمعییەکەیە، دەرنەکەوتنی بکەری ڕاستەقینە بۆ ئەوەیە بزانین کەسەروکارمان لەگەڵ هێزێکی نهێنی، بەهێز، بەزەبردایە کە مەترسییەکەی هەمیشە ئامادەیە‌و هەمیشە دەشێت بگەڕێتەوە، بکەرێک هەمیشە لەسەر سنوورەکانی دیار‌و نادیاردا دەوەستێت، فاشیزم ڕیشەی له‌ناو ئەو ترسە غەریزییەدایە له‌گەڕانەوەی هێزە تاریکەکانی ناخمان، فاشیزم  بەر لەوەی لەسەر فیکر یان ئایدیا ئیشبکات لەسەر نەستی دەستەجەمعیمان ئیشدەکات، لەسەر گەڕانەوەیەکی ڕۆژانە‌و بەردەوامی چەپێنراو، لەسەر دروستکردنی فۆبیای ئەخلاقی قووڵ، لەسەر ترساندنێکی دەرونی‌وەها کە ناچارمان بکات، بگەڕێینەوە بۆ هەموو شێوازە کۆنزەرڤاتیڤەکانی بەرگری،‌وەک شیوەنی دەستەجەمعی، مردووپەرستی، کولتووری شەهادەت، ئامادەگی بۆ خۆفیداکاری، ئەفسانەسازی . هەموو دەزانین ئەم بکەرە له‌هەناوی دەسەڵاتەوە دێت، بەڵام دەسەڵات نە دەتوانێت مالکییەتی تەواوی خۆی بۆ ئەو ئاشکرابکات‌و نە دەیەوێت حاشای تەواویشی لێ بکات، هەر مالکییەت یان حاشالێکردنێک، سیحری ئەم بکەرە دەکوژێت. بکەری ڕاستەقینەی تاوانی سیاسی، دەبێت ‌وەک بوونەوەرێکی ئازاد، بێ ئینتیما دەربکەوێت، نە لەبەرئەوەی کەس قەبووڵی نییە، بەڵکو ئەو ئازادبوونەی نیشانەی‌وابەستەبوونێتی به‌قووڵایی سیستمەوە،‌وابەستەبوونێک قووڵترە له‌هەر ئینتیمایەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، بێ شوناسییەک کە بکەرە فاشیستییەکان پێویستیان پێیەتی تا دەربکەوێت، ئەو ترسەی دروستیدەکەن، ترسێک نییە له‌هێزێکی دیاریکراو کە له‌جێگایەکی دیاریکراوەوە دێت، 
بەڵکو ئاماژەیە بۆ مەیلی هەمیشەیی دونیای ئێمە بەلای توندوتیژییدا. خودی ئەم بکەرە به‌نیازی سەپاندن‌و چەسپاندنی ئەو‌وێنەیە کە دێت کە بکەری فاشیستی له‌یەک جێگاوە نایەت، ئەوەی حیزبەکان هەموو زۆر به‌توندی ڕەتیدەکەنەوە کە ئەوان خاوەنی بکوژەکان بن، هەتا هەندێجار کۆمەڵێک ئەندامی خۆیان دەکەنە قوربانی، یان کۆمەڵێک سیناریۆ دادەڕێژن کە تەواو بکەر لەوان دووربخاتەوە، نیشانەیە بۆ ئەوەی بکەری ڕاستەقینە ناتوانێت دەموچاوی هەبێت.
تاوانی سیاسی بەمجۆرەی ئێستا له‌کۆمەڵگای ئێمەدا سەریهەڵداوەتەوە، بەجۆرێک له‌جۆرەکان گێڕانەوە‌و زیندووکردنەوەی کولتووری دینی‌و شەهادەت‌و مەرگپەرستییە کە پێشتر لە‌وتارە تایبەتییەکانی‌وەک «کۆمەڵگای پرسە»‌و «شەهید» دا کارم لەسەر کردون. ئەمڕۆ مێژوو لەسەر ئیقاعی نیتشەوییانەی «گەڕانەوەی ئەبەدی»، دەچێتەوە بۆ سەرەتاکانی خۆی، بۆ پرۆسەی مامەڵەکردنی دینی لەگەڵ کوژراوەکاندا، بۆ کرداری گێڕنەوەی دەرکراوەکان بۆ ناو هەناوی سیستم، له‌ڕێگای باوەشکردن به‌قوربانیدا‌و گۆڕینی له‌نامۆیەکەوە بۆ پاڵەوانی هەمووان. بەبڕوای من مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەم قوربانییانەدا، ئەوەیە کە لەو ڕۆڵە تەقلیدییەی قوربانی دەریانبهێنین،‌وەک نیشانە بۆ ئەو بەشە نامۆیە سەیریانبکەین کە ئاسان ناکرێنە سەمبولی سیاسی تەقلیدی‌و خوێنیان نابێت به‌کەرەستەی گەمەی سیاسی ناو سیستم، ئەم قوربانیانە تەنیا لەو کاتەدا دەتوانن بەهێزبن کە‌وەک نامۆیەکی هەمیشەیی بمێننەوە، کاتێک له‌ئێمەدا نەتوێنەوە، نەبنەوە به‌بەشێک له‌سیستمە ڕەمزییەکەی دونیای ئێمە، له‌ڕیتوریکی ڕۆژنامەوانی‌و بەلاغەتی شیوەنگێڕیی ئەم هۆز‌و قەبیله‌مۆدێرنانەدا‌ون نەکرێن،‌وەک ئەو بەشە لێیان بروانین کە ئاماژەگییەکی هەمیشەیین بۆ «سەمبۆلیزەنەکردن» «به‌مانا لاکانییەکەی»، بۆ کۆنترۆڵ نەکردن به‌مانا راستەقینەکەی، نەوەک به‌مانا سەتحییەکەی، کۆنترۆڵ نەکردنێک سنووری دەسەلاتی حوکمڕانانی ئێستا‌و ئەمڕۆ تێدەپەڕێنێت، بۆئەوەی بەرەو دەرەوەی تەواوی سیستمی سیاسی، به‌هەموو باڵ‌و شێوە‌و دەموچاو‌و ڕەهەندەکانییەوە ئاماژە بکات،‌ وەک قوربانییەک کە موڵکی هیچ هێزێکی سیاسی نین، موڵکی هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتی نین، موڵکی ئەم گشتە نین کە ئێستا به‌شانی خۆیان سیستمیان ڕاگرتووە، بەڵکو موڵکی ئەو دیوەن له‌دونیا کە تەواو دەکەونە دەرەوەی سیستم، مەرگیان ئاماژە نییە بۆ ئەودیوی ژیان، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەودیوی تەواوی ئەو فەزا‌و هێزانەی کە ئێمە له‌ناویاندا دەژین. بوون‌و مەرگی ئەم قوربانیانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زاراوەی «ئەودیو سیستم» یان «دەرەوەی سیستم» دوو زاراوەی میتافیزکی نین،‌وەک لێبرال‌و پۆزەتیڤیست‌و پراگماتیستە سیاسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، خودی ئەو کوژران‌و ئازارکێشانە نیشانەیە کە دەرەوەی سیستم هەمیشە ئەو بەشە نەگیراو ‌و تاریکەی ناو سیستم خۆیەتی کە له‌بەردەمیدا زمانی سیستم له‌قسەکردن دەکەوێت‌و ڕێکخستنی سەمبولی له‌کار دەکەوێت.  ئەو بەشەن کە ژیژیک به‌جێگای «بەرکەوتنی سیستم لەگەڵ سنوورەکانی خۆیدا» ناوی دەنێت،‌واتە دوا سنوورەکانی سیستمی گووتارن «بەزاراوەی لاکلاو».
هەوڵی گەورە بۆ هێنانەوەی ئەم قوربانیانە‌و سەمبولیزەکردنیان له‌هوشیاری ئێمەدا، پابەندی ترسی ڕاستەقینەی سیستمە له‌مانای بوونی ئەمجۆرە قوربانیانە بۆ تەواوی ئەو دونیا داخراوەی ئەو دروستیکردوە.  هەڵبەت هێشتا زۆر تەوەر‌و پرسیار ماون کە لەم بارەیەوە قسەیان لێ بکرێت، بۆ نمونە پەیوەندی سروتە نوێکانی شیوەن بە‌وتاری مانەوەوە، یاخود سنوورەکانی تێکەڵبوون‌و جیابوونەوەی نێوان «سیستم»‌و «دەسەڵات» له‌تاوانی کوشتندا، کە هەمووی پرسیارگەلی زۆر تیوری‌و گرنگن‌و لێرەدا جێگایان نابێتەوە‌و له‌هەفتەکانی داهاتوودا به‌باسی سەربەخۆ دەربارەیان قسەدەکەم.

No comments:

Post a Comment