Sunday 17 August 2014

فاشیزم و جیاوازی



یەکێک لەو ئەرگومێنتانەی کە بەرامبەر تێزەی بوون و نەبوونی فاشیزم ڕوبەروی ببینەوە، ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێت. قسەکردن لە فاشیزم، جیاوازییەکان دەکوژێت و دەیشارێتەوە، بەو مانایەی کە چەمکی فاشیزم چەمکێکی گشتییە و وەک پۆڵی پێچەوانەی چەمکە تایبەتی و وردەکان دەردەکەوێت و ڕێز دانانێت بۆ ئەو شەبەنگە جیاوازانەی کە دەشێت لە کایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بوونیان هەبێت. لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە «کە تاکە ئەرگومێنتێکە دژ بە تێزی فاشیزم بینیبێتم و شایەنی قسەکردن بێت» لەسەر ژمارەیەک هەڵەی زۆر گەورە و شوبهاندنی زۆر سەتحی دامەزراوە کە لێرەدا هەندێکیان کورتدەکەمەوە.

    یه‌كه‌م: ئه‌م تێزەیە وا لە دونیا دەروانێت هەر کاتێک قسەمان لە فاشیزم کرد، ئیتر ناتوانین قسە لە جیاوازی بکەین، کە قسەشمان لە جیاوازی کرد ناتوانین قسە لە فاشیزم بکەین. بەوەدا لە خۆرهەڵات هێزی جیاواز هەیە کەواتە فاشیزم بوونی نییە، بەوەدا لە کوردستان یەکێتی و گۆران و پارتی و یەکگرتوو و ... هتدمان هەیە، ئیدی قسەکردن لەسەر فاشیزم، جیاوازی ئەم هێزانە دەشارێتەوە، ئەمانە هێزی رەنگاورەنگن و بوونیان خۆی دەلیلە کە فاشیزم بوونی نییە. ئەم تێزەیە وا لە دونیا دەروانێت وەک ئەوەی لەسەردەمی نازییەت و فاشییەتدا لە ئیتالیا و ئەڵمانیا، جیاوازی نەبووبێت. وەک ئەوەی بشێت یان بکرێت کۆمەڵگایەک یان قۆناغێک یان بوونێک بەبێ جیاوازیی هەبێت، وەک لە ئەڵمانیا و ئیتالیا سەردەمی نازییەت و فاشییەتدا کۆمەڵگایەکی خاڵی لە جیاوازیی حاکم بووبێت، یەکسان لە هەموو شتێکدا، تەبا و ڕێکەوتوو لەسەر فاشیزم. لەو ساتەدا کە نازییەت لە ئەڵمانیا دێتە سەر کار، ئەڵمانیا لانکەی دەیەها هێزی سیاسی و فیکرییە، بێئەوەی ئەو جیاوازییانە رێگربن لە سەرهەڵدانی فاشیزم لە هەناوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا و ڕاکێشانی ملیۆنەها مرۆڤ بۆ ژێر تۆڕ و تەپکەکانی خۆی . سادە و سەتحییەتی ئەم بۆچوونە لەوەدایە وادەزانێت کە قسەت لەسەر بونیاد کرد ئیتر قسە لەسەر جیاوازی دەمرێت، کە قسەت لەسەر سیستم کرد کەواتە جیاوازییەکان نابینیت، بێئەوەی تێبگات کە سیستم خودی ئەو میکانیزم و پەیوەندیانەیە کە لە نێوان جیاوازییەکاندا بەر قەرار دەبێت. گەر بوونی جیاوازی ئەرگۆمێنێت بێت دژ بە بوونی فاشیزم، ئەو کات دەبێت فاشیزم لە هیچ قۆناغ و سەردەمێکدا بوونی نەبووبێت، چونکە جیاوازی لە هەموو سەردەم و قۆناغێکدا بوونی هەیە، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی هەیە. بە بڕوای من تەواو بە پێچەوانەی ئەم هەڵە مەنتیقییەوە، فاشیزم ڕاکێشانی جیاوازییە بۆ پلە هەرە ڕەهاکانی، بۆ جیاکردنەوەیەکی سەرتاسەریی، بۆ گەیاندنی جیاوازیی بە پلەیەک کە هیچ هاوبەشێکی ئینسانی لە نێوان جیاوازەکاندا بەدی نەکرێت. فاشیزم ڕاکێشانی جیاوازییە بۆ پلەی راسیزم، بۆ پلەی پۆڵینی بایۆلۆژی لە نێوان «من» و «ئەویدی» دا. فاشیزم ئەوەیە هێزێک یان شوناسێک نەتوانێت  بەبێ دروستکردنی وێنەیەکی دوژمن، وێنەیەکی حەیوانی لە ئەویدی خۆی پێناسەبکات، وەک وێنەی جووەکان لای نازیزم، وەک وێنەی کافر لای تاڵیبانەکان، وەک وێنەی شیعە لای وەهابییەکان، وەک وێنەی بەهائییەکان لای شیعە، وەک وێنەی کورد لای تورک... واتە تێرمی فاشیزم، تێرمی تێڕامانە لە سروشتی جیاوازییەکان، نەوەک تێرمی لادان و سڕینەوە بێت لە بینینی جیاوازییەکاندا. فاشیزم «وەک سیستم» نەوەک پێچەوانەی جیاوازی نییە، بەڵکو ئەو رەفتار و هێڵکێشان و خۆ دوورگرتن و خۆ دیاریکردن و خۆ پێناسەکردنانەیە کە هێزە جیاوازەکان لە فەزای پەیوەندییەکانیاندا دەیگرنە بەر.

دووه‌م: ئه‌م بۆچوونە وا سەیری جیاوازی دەکات، وەک ئەوەی کاتێک قسەمان لە جیاوازی کرد، ئەوکات قسە لە لێکچوون ناکرێت، وە کاتێک قسەمان لە لێکچوون کرد ئیتر قسە لە جیاوازی ناکرێت. ئەم بۆچوونە زادەی تێگەیشتنێکی سەتحی و میکانیکییە، کە جیاوازی وەک دۆخێکی موتڵەق وەردەگرێت . لە ئاستی فەلسەفیدا پرسی جیاوازی تەواو گرێدراوی پرسی شوناس، هاوجووتی، ترازان و هاوشێوەییە. لە دیالەکتیکی هیگڵیدا جیاوازیی هیچ نییە جگە لە ساتێکی ترازاو لە وەک یەکی و هاوشێوەیی، جیاوازی ئەو ئەگەرە ناوەکییەیە کە شوناسێک لە ناوخۆیدا هەڵیگرتووە، ئەو پارادۆکسە ناوەکییەیە کە وادەکات شوناسێک بجوڵێت و پێچەوانەکەی خۆی دروستبکات. ئەنتی تێز لای هیگڵ بەشێکی ناوەکی «تێز»ـە، واتە جیاوازی لەتبوونی «لێکچوو»یەکی پێشترە کە دژەکەی خۆی لە ناو خۆیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. لای هیگڵ، جیاوازی لەتبوونێکی ڕەها و یەکسەرە نییە بەڵکو ناکۆکی ناوەکی ناو «یەکێتییەکی پێشینەیە». دوورکەوتنەوەی شوناسێکە لەوەی چیتر «هاوجووتی پێشووی» «هارمۆنییەتی سەرەتایی» وەک خۆی بژی. نەک هەر ئەوە، خواستی گەڕانەوە بۆ لێکچوون بەشێکی گرنگی دیالەکتیکە. دیالەکتیکی هیگڵی کاتێک  لەسەر سێ لانەی «تێز ـ ئەنتی تێز ـ سنتێز» ئیشدەکات، واتە لەسەر تەوەری سێ لانەی «لێکچوون ـ  جیاوازی ـ لێکچوون» دەجوڵێتەوە. «دوا لێکچوونیش ـ واتە سنتێز» لێکچوونێکی داخراو نییە، دەرگای جیاوازیی هەمیشە دەرگایەکی کراوەیە، سنتێز هیچ نییە جگە لە ساتێک کە کرانەوەیەکی ئەبەدی لە هەناویدایە، بێئەوەی هیچ کات بگاتە ئەو ساتەی شوناس بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆیدا هاوجووت و تەبابێتەوە، واتە بێ ئەگەری جیاوازی بژی.

لە هیگڵ بترازێین، لەسەدەی بیستدا دۆلۆز فەیلەسوفی گەورەی جیاوازییەکانە. دۆلۆز باوەڕی بەوە نەبوو کە جیاوازی کارێکی بە دیالەکتیک و تێزی ناکۆکییەوە هەبێت، جیاوازییەکان لە بەرەنجامی ترازانی شوناسێکی ئەسڵی لەخۆی بەرهەم نایەن، بەڵکو جیهان لە پرۆسەی گۆڕانی بەردەوامی خۆیدا، جیاوازیی بەرهەمدەهێنێت، بێئەوەی جیاوازییەکان زادەی دژایەتی شوناسێک بن بۆ خۆی یان بۆ ئەویدی. جیاوازییەکان ئاماژە نین بۆ لەتبوونی یەکێتییەکی پێشینە، لە بنەڕەتدا هیچ ماهیییەتێکی یەکگرتوو بوونی نییە، لێرەدا دۆلۆز وەک نیتشە باوەڕی بەوەیە کە خودی جیاوازی بە مانای لێک نەچوون و دووبارەنەبوونەوە نایەت، بەڵکو ئەوەی بەردەوام دەگەڕێتەوە، ئەوەی هەمیشە دووبارەدەبێتەوە خودی جیاوازییە. بەڵام هاوشان بەم پێ داگرتنە لەسەر جیاوازیی، دۆلۆز تاکە فەیلەسوفی گەورەی خۆرئاواشە کە بە بەربڵاوی قسە لە فاشیزم دەکات، تێزی دونیایەک کە لە جیاوازیی دروستبووە لای دۆلۆز، وەک لیبرالە کورتبین و عەقڵ تەسکەکانی ئێمە، بەرەو ئەوەی نابات، فاشیزم لەو جیهانەدا نەبینێت، یاخود باوەڕی بە سیستم نەبێت، پێی وانەبێت کەپیتالیزم وەک سیستم، هێزێک و ماشێنێکی گەورەی پەکخستن و لەکارخستنی ئارەزووەکان و جیاوازییەکانە. بوونی جیاوازیی وەک جەوهەری پرۆسەی گۆڕانی هەمیشەیی لای دۆلۆز، هیچ کات بەرەو ئەو هەڵەیەی نابات بڵێت چونکە جیاوازی هەیە کەواتە فاشیزم نییە، لێرەوە دۆلۆز چەندە قسە لەسەر جیاوازی دەکات، هێندەش قسە لەسەر فاشیزم و میکرۆ فاشیزم دەکات. بوونی جیاوازی مانای ئەوە نییە کە سیستمێک نییە دژ بە ئارەزووی مرۆڤەکان کاربکات، بیانخاتە ناو یەک قاڵبەوە، یەکجۆر ئارەزوو و یاسا و نەزمیان بەسەردا بسەپێنێت. جیاوازی خۆی جیاوازییەک نییە، لە دەرەوەی پەیوەندی، لە دەرەوەی گۆڕانی بەردەوام، لە دەرەوەی دروستکردنی هەرێمی تایبەت بە خۆی، پەیوەندی تایبەت بە خۆی، ترسی تایبەت بە خۆی، هێزی تایبەت بە خۆی، جیاوازی ساتێکی داخراو نییە، جەوهەرێکی نەگۆڕ نییە بەرامبەر جەوهەرێک، بەڵکو جیاوازی و لێکچوون دوو دیوی بزۆکن، لە پەیوەندیدا دروستدەبن، کە قسە لە فاشیزم دەکەین واتا قسە لە شوناسێک دەکەین کە پەیوەندییەکی پارانۆیی بە جیهانەوە هەیە، واتە سوبێکتێکە بارکراوە بە توانای توندوتیژیی نالۆژیکی.  بوون و نەبوونی جیاوازی کار لە بوون و نەبوونی فاشیزم ناکات، چونکە جیاوازی بنەمایەکی ئەنتۆلۆژی بوونە، بەڵام فاشیزم دۆخێکی تایبەتی پەیوەندییە کە لەسەیرکردنێکی تایبەتەوە بۆ جیاوازی و لە پەیوەندی نێوان جیاوازییەکانەوە دروستدەبێت.

سێهەم: بە پێچەوانەی بانگەشەی لیبراڵ و راستڕەوەکانەوە، کە گوایە بانگەشە بۆ جیاوازی بانگەشەیە بۆ دیموکراسییەت، پێداگرتنی زۆر لە سەر جیاوازی سیاسی، ڕێگایەکی نزیکە بەرەو فاشیزم. چونکە فاشیزم بریتییە لە خۆ دوورخستنەوەیەکی گەورە لە «ئەویدی». جیاکردنەوەیەکی رەهایە لە نێوان «من» و «تۆ» دا. جیاکردنەوەی «حیزبەکان» و «فەردەکان» و «نەتەوەکان»ـە بە ناوی جیاوازبوونەوە لەسەر بنەمای «چاک» و «خراپ».  پێداگرتنی زۆر لەسەر جیاوازی، لە زۆربەی دۆخەکاندا پێداگرتنە  لەسەر دابەشکردنێک کە بەرەو دوالیزمە داخراوەکانمان دەبات. هیچ کات فاشیزم بەبێ پێداگرتن لەسەر جیاوازی دروست نابێت. پێداگرتن لەسەر جیاوازی نێوان «مەسیحییەت» و «جوو»، لە نێوان «ئاریبوون» و «سامیبوون»، لە نێوان «جەرمان» و «ناجەرمان»، لە نێوان «ناسیونال سۆسیالیزم» و «لیبرالیزم و کۆمۆنیزم» دا، نازییەتی دروستکرد. فاشیزم ئەو خواستی خۆجیاکردنەوە قووڵە دروستیدەکات کە شوناسێک داگیردەکات ، بەجۆرێک بە ناوی جیاوازییەوە خۆی لە تەواوی ژینگەی سیاسی جیادەکاتەوە. وەک ساتی خۆ جیاکردنەوەی نازییەت، ساتی خۆجیاکردنەوەی سەدام حوسەین لە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و شەڕکردنی لەگەڵ نیوەی دەوڵەتانی سەر زەویدا، ساتی خۆجیاکردنەوەی قاعیدە و دابەشکردنی بۆ دونیا بە سەر دوو بەشدا. هەڵبەت ناکرێت هەموو جۆرێک لە جیاوازی و خۆجیاکردنەوە بە دەروازەی فاشیزم بزانین. جیاوازی کاتێک دەبێتە دەروازەی فاشیزم کە رەهەندێکی سیاسی رووتی هەبێت، بە ڕۆحییەتی منی باش و تۆی بەد ئیشبکات، بە ئاستێکی سەتحی فیکر قسە بۆ عەوام بکات و ختوکەی هەستە پۆپۆلیستییەکان بدات و گەشبینی درۆزن و قارەمانێتی وەهمیان تێدا بچێنێت، بیانخاتە ژێر تیرۆری هەڵوێستەوە و بیەوێت لە ژێر فشاری دابەشکردنی دونیا بۆ دوولانەی «خائین ـ نیشتیمان پەروەر»دا، عەقڵییەتی مرۆڤەکان وەک یەک لێبکات. سروت و ڕیتواڵی دەستەجەمعی بخاتە گەڕ، وەک ئەوەی «شیوەنی دەستەجەمعی» بسازێنێت تا هەمووان لەدەوری مردوەیەکی موقەدەس کۆبکاتەوە یان لە هیچە ساتەوەختی «سەرکەوتنی مێژوویی» و خورافی دروستبکات، یان بەردەوام پێویستی بە دوژمنێک هەبێت تا لەبەردەمیدا خۆی پاکتر و جوانتر نیشانبدات. مەرجەکانی ئەمجۆرە لە خۆجیاکردنەوەی فاشیستی لە زۆربەی خۆجیاکردنەوە سیاسییەکانی دونیای ئێمەدا هەیە.

چوارەم: کوشتنی جیاوازی لە فاشیزمدا لە ڕێگای ڕەتکردنەوەی جیاوازییەوە نییە. بەڵکو لە رێگای بێنرخکردن و کەم بەهاکردن و ناشیرینیکردنی جیاوازییەوەیە، واتە دەرکردنی جیاوازە لە ناو سیستم، دوورخستنەوەیەتی لە خود، دروستکردنی سنوورێکی ئاسنینە کە هەرچی بکەوێتە ئەو دیو ئەو سنوورەوە هەموو مافێکی لێ دەسێنرێتەوە. واتە فاشیزم بریتییە لە بوارنەدان بە جیاوازییەکان تا دەربکەون، تا هەموو هەمان مافیان هەبێت، نەوەک لە بنەڕەتدا هەر جیاوازیی قەبووڵ نەبێت و بۆ دۆخێکی وەک یەکی و تەبایی ئینسانیی لە نێوان هەموو شوناسەکاندا بگەڕێت. فاشیزم پیشەسازیی دروستکردنی «ئەویدییەک» ـە کە شایەنی ژیان نییە، شایەنی ئەوە نییە کە لەگەڵ سوبێکتی فاشیستیدا تێکەڵبکرێت یان بەراوردبکرێت.

پێنجەم: قسەکردن لەسەر فاشیزم مانای ئەوە نییە کە ئەو جیاوازیانەی لە فەزای سیاسیدا هەیە بایەخیان نییە. واعیزەکانی لیبرالییەت وادەزانن کە قسەت لە فاشیزم کرد، ئیتر مانای هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا قایل نیت. یان فاشیزم شتێک نییە بکرێت بەرامبەری بوەستینەوە، کە قسە لە فاشیزم دەکەین قسە لەسەر پەیرەوپرۆگرامی باش یان خراپ ناکەین، قسە لەوە نییە کە دەشێت هەڵوێستی پارتێک بەرامبەر ئەم کێشە یان ئەویدی باشتر نەبیت لەویدی. قسە لەوە نییە کە ئایدۆلۆژیاکان جیاواز نین، یان مەرجەعییەتیان وەک یەکە، یان خودایان جیاواز نییە، یان لە گەمژەترین فۆرمیدا بڵێین گوایە خۆرهەڵات لە زەمانی پێغەمبەرەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، تێگەیشتنی پێکەنیناوی وەها نەک هەر مایەی گاڵتەجاڕییە، بەڵکو نیشانەی نەخوێندەوە و بێئاگاییە لە هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر فاشیزم نوسراون. قسە لەسەر فاشیزم، قسەیە لەسەر فەزایەکی بارکراو بە گیانی توندڕەوی، بە ماشێنگەلێک کە دوای هاتنی مۆدێرنە و بەکاریگەریی ئەو پارادۆکس و فۆبیا و ململانێ نوێیانەوە کە مۆدێرنە هێناونی و وەک دەرەنجامی زنجیرەیەک میکانیزم کە بەدرێژیی لەجێگای دیدا لەسەریان وەستاوم، دروستبووە.

لێرەدا دەبێت بڵێین کە ناکرێت جیاوازی لە کایەی سیاسی خۆیدا تاکە ناو و پێناسەی جیاوازیمان پێشکەشبکات. لێرەدا جارێکی تر هەڵەی کوشندەی پۆزەتیفیست و لیبراڵەکان دەردەکەوێتەوە کە بۆ هەموو زاراوەیەک تەنیا بۆ دیوە سیاسییە ڕووتەکەی دەگەڕێنەوە و بۆ دیوە سیاسییە زۆر ڕوکەش و سەتحییەکەشی. لەم نێوکۆییەشدا جیاوازی بە مانا ڕاستەقینە و قووڵەکانی کورتدەبێتەوە بۆ هەندێک جیاوازی سیاسی کورتبڕ و هەنوکەیی و پڕوپاگەندەیی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن. بەرگریان لێرەدا لە خودی جیاوازیی نییە، بەڵکو بەرگرییەکی هەرزانە لە هەندێ لایەنی سیاسی و نیشاندانیانە وەک هەڵگری پرۆژەی لابەلابوونەی ڕادیکال. بەمجۆرە چەند جیاوازیەکی ڕوکەش لە دروشمدا لای «یەکێتی و پارتی و گۆڕان و یەکگرتوو ... هتد» بەرزدەکرێنەوە بۆ پلەی جیاوازی ڕادیکال، بۆ پلەی دابڕانی بنەڕەتی  و ستراکتوریی. هەر ئەم تێگەیشتنە بۆ خۆی شاهیدە کە ئەم عەقڵییەتە چ دیدگایەکی کاریکاتێری بۆ جیاوازیی هەیە، چۆن جیاوازییە کورتخایەن و لاوەکییەکان بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستی جیاوازی گەردونی و مێژوویی. تا لە پشت ئەم جیاوازییانەوە درێژە بە گەمە سیاسییە تەقلیدی و دووبارەکانی خۆی بدات. لەم خاڵەشدا جیاوازی وەک کەرەستەیەک بۆ خزمەتکردنی دیموکراسییەت دەرناکەوێت، بەڵکو دەبێتەوە بە کەرەستەیەک بۆ بونیادنانەوەی شوناسە لەخۆبایی و داخراو و خۆ بە پاک زانەکان، کە هەنگاوی یەکەمن بۆ بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم.

Friday 15 August 2014

داعش و تێڕامانێکی سەرەتایی دەربارەی تەکنیکەکانی تەفسیرکردن و بەرگری



سەرهەڵدانی داعش تا ئەندازەیەکی زۆر کۆتایی بەو خەون و خورافەتە لیبراڵییە درۆزنە هێنا کە قسە لە گۆڕانکاریی هێواش و لەسەرخۆ و قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسییەت لە خۆرهەڵات دەکات. گەشەی خێرا و دڕندانەی فاشیزم لە هەموو جێگایەکی خۆرهەڵاتدا، گەشتنی جەنگ و کوشتار و بێ ڕێزی بە ئینسان بە ترۆپکێکی نوێ، تەنیا بەشێکن لە نیشانەکانی بڵاوبوونەوەی فاشیزم، لە دەرکەوتەکانی تری ئەم پەلکوتانە گەورەیە، بڵاوبوونەوەی راسیزم و ناسیونالیزمێکی هیستیریی و پارانۆئییە، لە هەموو بەرەکاندا.
لێرەدا چیتر قسە لەسەر حەقیقەتی فاشیزم و هۆکارەکانی نییە، بەڵکو قسە لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزمە. چۆن دەتوانین بێئەوەی خۆمان ببین بە ماشێنێکی فاشیستی کە دینەکان و نەتەوەکان و ئایدیاکانی تر دەگۆڕن بۆ بوونی شەیتانی، بەرەنگاری ئەم سیستمە توندوتیژە  ببینەوە. کێشەی سەرەکی لە فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا ئەوەیە کە بە پێچەوانەی فاشیزمی خۆرئاواوە، لە ئایدیایەک یان حیزبێک یان جۆرە ڕوانینێکی سیاسی و فەلسەفییەوە نایەت، تایبەت نییە بە دەوڵەتێک یان شوناسێکی نەتەوەیی و عیرقی، بەڵکو جۆرە هێز و پۆتنسیالیتەیتی وێرانکار و تێکشکێنە کە لە هەموو شوناسەکانەوە هەڵدەقوڵێت و لە هەموو پەیوەندییە نێوبەینییەکاندا دروستدەبێت. نەبوون بە فاشیست لە فەزایەکی فاشیستیدا کارێکی ئاسان نییە، فاشیزم دواجار لە ناو هاوکێشەکانی پەیوەندی هێزدا دەجوڵێتەوە، هەمیشە دەبێت دوو هێز و دوو بەرە و پەیوەندییەک هەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕوانینەم، لێرەدا پەنا بۆ تێزێکی نیکلاس لومان دەبەم. لۆمان لە پێناسەی دەسەڵاتدا دەڵێت «دەسەڵات جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە، کە لە هەر دوو بەرەکەیدا دەشێت بە جۆرێکی تریش ڕەفتار بکرێت». چەمکی «بە جۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکرێت» لای لۆمان گرنگییەکی بێوێنەی لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا هەیە. بۆ نمونە دوو هێز کە ڕازیدەبن لە سەر کێشانی هێڵێکی دیاریکراوی سنوور لە نێوانیاندا، هەمیشە ئەگەری ئەوە دەمێنێتەوە کە هەر یەک لەم دوو هێزە، گەرچی لە ئێستادا بەو سنوورە کێشراوە ڕازیبوون و پابەندن پێوەی بەڵام دەشێت لە داهاتوودا «بەجۆرێکی ـ تر ڕەفتار بکەن»، واتە بەوجۆرە ڕیزبەندییە ڕازی نەبن. لێرەوە دەسەڵات هەمیشە لەو پەیوەندییەدا دەخوێنرێتەوە، وەک ئەوەی هەم بەری باڵادەست و هەم بەری ژێردەست لە هەنگاوێکی تردا، لە وێستگەیەکی دیکەی داهاتوودا، بەجۆرێکی تر بجوڵێنەوە. بە کورتی لە ناو خودی دەسەڵاتدا هەمیشە هەڕەشەیەکی ناوەکی و نهێنی هەیە بۆ هەڵوەشاندەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە دروست بوون. هەڵبەت لای لومان توندوتیژیی بەشێکی گرنگی دەسەڵاتە، خودی مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتیش لەلایەن دەوڵەتەوە مەرجێکی بنەڕەتی دروستبوونی کۆمەڵگا و دەزگا یاسایی و سیاسییەکەیەتی، بەڵام توندوتیژیی تا ئەو کاتە گوزارشت لە دەسەڵات دەکات کە بەکارنەهاتووە. دەسەڵات جۆرێکە لە جۆرەکانی پەیوەندی «کۆمۆنیکەیشتن»، ئەم پەیوەندییە تا ئەو جێگایە بەرقەرارە کە «سزا» وەک ئەگەرێک و هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بمێنێتەوە، دەمێک توندوتیژیی بەزەقی هاتە مەیدان مانای دەسەڵات نوشوستی هێناوە. خودی توندوتیژیی نیشانەیەکی زەقی بێتوانایی دەسەڵاتە لەوەی بگاتە جێگرییەک، بگاتە شوێنێک سەردەست و ژێردەست هاوسەنگییەک ڕابگرن و ئەو هەڕەشە ناوەکییە کە دەڵێت «دەشێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم» نەکەن بە ڕاست.
لێرەدا مەبەستم نییە تیورەکەی لومان لەسەر دەسەڵات باسبکەم، بەڵکو دەمەوێت بڵێم فاشیزم لە خۆرهەڵات ئاماژە نییە تەنیا بۆ دروستبوونی دەوڵەت «هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە، کە دەوڵەت لە خۆرهەڵات بوونی نییە، بەڵکو بەو مانایەیە کە دەوڵەت ناتوانێت وەزیفەی دەوڵەت ببینێت، هەمیشە پارادۆکسی دەوڵەت و دەرە دەوڵەت وەک بزوێنی سەرەکی کۆمەڵگا و سیاسەت دەمێنێتەوە و ئەم پارادۆکسە مێژووی سەد ساڵی پێشینی ڕەسمکردوە»، بەڵکو ئاماژەیە بۆ نوشوستی دەسەڵات لەوەی توندوتیژیی بگێڕێتەوە بۆ دواوە، بیگۆڕێت بۆ کۆدێکی نهێنی، بۆ هەڕەشەیەکی ناوەکی، بۆ ئەگەرێک لە ئەگەرەکان. واتە دەوڵەت ناتوانێت توندوتیژیی بگۆڕێت بۆ توندوتیژییەکی ناڕاستەوخۆی دەمامکدار، بەوەش خۆی وەک ئۆرگانێک کە دەبێت توندوتیژیی قۆرغ و مۆنۆپۆلبکات نوشوست دەهێنێت.
لە دۆخی ئاساییدا دوو بەرە و دوو لایەن کە دەچنە ناو پەیوەندییەکی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ دروستبوونی هەر کێشەیەکدا بە لۆژیکی «دەکرێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم» ئیشدەکەن. لە لای لۆمان دەسەڵات تەنیا کاتێک دەسەڵاتە کە دەگاتە جێگایەک و دەوەستێت، لە پنتێکدا چیتر توندوتیژیی ڕاستەوخۆ بەکارناهێنێت و وەردەگەڕێت بۆ زمانێکی ڕەمزی، سزا تەنیا وەک کۆدێک و ئازاردانی فیزیکی تەنیا وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە. بەڵام فاشیزم هەرەسی دەسەڵاتە، دەسەڵات هەمیشە بەوە دروستدەبێت کە لایەنی بەهێز لە پنتێکدا بوەستێت و بڵێت من لێرە زیاتر نایەم و لێرە بەدواوە یاساکانی من قسەدەکەن و ئەگەر تۆش بەم دۆخە ڕازی بیت ئەوا بەرقەرارییەک دێتە پێش و ئەگەر نا «دەکرێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم». لە فاشیزمدا ئەم هێڵە دەڕوخێت، هەموو هێزێک «بەجۆرێکی تر» ڕەفتاردەکات. لێرەدا سنوورێک نییە تێیدا هێزەکان بوەستن، شەڕێکی هەمیشەیی هەیە... فاشیزم ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی ڕەها، تا وێرانکردنی موتڵەق بڕوات، بەوەدا ئەوەش مەحاڵە، بەوەدا گەیشتن بە سڕینەوەی تەواوەتی ئەویدی نامومکینە، بەوەدا هەمیشە لە جەستەی دوژمن شتێکی زیندوو دەمێنێتەوە کە نامرێت، ئەوە وادەکات فاشیزم نەگاتە ئامانج، وزەیەک بێت بەپێی هەلومەرج و تێکچوون و بەرقەراری نوێی هێزەکان بتەقێتەوە، یاسای بۆ دانەنرێت و ئەگەرێکی هەمیشە کراوە و ئامادەبێت. فاشیزم بریتییە لە توندوتیژییەک کە هەرگیز ناگاتە ئامانج، هەرگیز ناتوانێت پەیامی خۆی بەتەواوەتی جێبەجێبکات، شەڕێکە هەمیشە دەبێت لە شەڕێکی دیکەدا خۆی تەواوبکات. ئەم نەگەیشتنە بە ئامانج وادەکات، هێزگەلێک بێنە مەیدان کە لە شەڕێکی هەمیشەییدا دەژین، لە جەنگێکەوە دەچن بۆ جەنگێک. تەنیا لەم ڕوانگەیەشەوە تێدەگەین بۆ هێزگەلێکی وەک بەعس و داعش دێنە مەیدان کە ناتوانن نەجەنگن، ناتوانن بوەستن، ناتوانن لە وێرانکارییەکەوە نەچن بۆ وێرانکارییەکی دیکە.


3

بە گەڕانەوە بۆ لاکان تێدەگەین کە «سیستمی ڕەمزی» لەسەر دروستکردنی تۆڕێک لە «حەرام» و تێرنەکردنی ئارەزوو دروستدەبێت. بەبێ سەرکوتی ئارەزوو و چەپاندن، دامەزراندنی سیستمی ڕەمزی کاری نەکردەیە. ئەم حەرامانەی لاکان نزیکییەکیان لەگەڵ تێزەکەی لوماندا هەیە. لای لۆمان دەسەڵات دەبێت حەرامێک بۆ خۆی بهێڵێتەوە، سنوورێک بۆ خۆی دابنێت، بەربەستێکی سوور بخاتە بەردەمی خۆی. دەسەڵات ئارەزووە تێرنەبووەکەی هەمیشە بەوە جڵەودەکات کە بڵێت « ها ... دەشێت ـ بەجۆرێکی ـ تریش ـ ڕەفتاربکەم». واتە لە بنەڕەتدا ئارەزوویەک هەیە تێری ناکەم و خواستێک هەیە هەڵیدەگرم بۆ دواهەمین جار. بەڵام لە هەمانکاتدا زمانحاڵیشی دەڵێت «دەشێت تەواوی ئەو خواستە شاردراوەیەم بۆ تێکشکاندن بهێنمەوە دەرەوە و سنووری ئەو حەرام و قەدەغەیە بشکێنم کە بۆ خۆمم داناوە». لەگەڵ فاشیزمدا، سوبێکتی فاشیستی چیتر بە لۆژیکی دەسەڵات ئیش ناکات، چیتر ناڵێت «دەشێت ـ بە جۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم». بەڵکو ئەو هەڕەشە ناوەکییە جێبەجێدەکات. «ئێستا ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاردەکەم» ئەوە بزوێنی سەرەکی چرکەساتی فاشیزمە. ئەو حەرام و قەدەغەیە کە سەرەتا نەزمێکی دیاریکراو ڕادەگرێت، دەشکێت... ئیتر هیچ یاسا و عورف و ڕێنماییەک نییە هێزەکان پەیڕەویبکەن.
داعش لەم نێوەندەدا نوێنەری ئەو لۆژیکەیە: لۆژیکی «ئێستا جۆرە ڕەفتارێکی دی لە دایک دەبێت، جەنگ جۆرە یاسایەکی دیکە و ژیان جۆرە نەزمێکی تر تاقیدەکاتەوە»، ئێستا شتێکی نوێ ڕوودەدات کە نەتانبینیوە، گورزێکی دی دەبینن کە چاوەڕوانتان نەکردوە. ئێستا هەر چی ئەو شتانەی پێشتر حەرامبووە پێچەوانە دەکرێنەوە، ئێستا نەزمێکی نوێ دێت کە لە لۆژیکی پێشینەی بەگەڕخستنی دەسەڵات و چەپاندن و لەزەتدا نەبووە. فاشیزم تەنیا ئاوەژووکردنەوەی لۆژیکی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئاوەژووکردنەوەی لۆژیکی چەپاندن و لەزەتیشە. داعش درێژکردنەوەی دین یان ناسیونالیزمی عەرەبی نییە بەشێوەیەکی تەقلیدی، بەڵکو وەستاندنی لۆژیکی دێرینەی هەموو ئەوجۆرە ئایدیایانەیە، لە کارخستنیانە بۆ جۆرە ڕەفتارێکی نوێ.
داعش لەگەڵ خۆیدا تەنیا دڕندەیی و سەری بڕاو ناهێنێت، بەڵکو جۆرە کولتوورێکی دیکەی دینی و جنسی و ئابووریش دەهێنێت. لەگەڵ داعشدا تەنیا نەزمی سیاسی هەڵناوەشێت، بەڵکو تەواوی نەزمی کۆمەڵایەتی و جنسی و کولتووری هەڵدەتەکێت و جۆرە ڕەفتارێکی تر دێتە سەرەوە. لۆژیکی «ئێستا بەجۆرێکی تر ڕەفتاردەکەم». تەنیا لە جەنگدا، لە جینۆساید و قڕانکردندا دەرناکەوێتەوە، بەڵکو ئاوەژووکردنەوەی لۆژیکی گشتییە، دروستکردنی ئیسلامێکی ترە لە ئیسلام، دروستکردنی خودایەکی دیکەیە لە خودا، دروستکردنی عیبادەتێکی دیکەیە لە عیبادەت، دروستکردنی جۆرە مۆراڵێکی جنسی ترە جیاواز لە مۆراڵی باو، دروستکردنی نەزمێکی یاسایی ترە جیاواز لە نەزمی باڵادەست، دروستکردنی جۆرێکی دیکەیە لە ئەویدی جیاواز لە وێنە و وەزیفەی ئەویدی لە ناو هەموو شوناسێکدا... هتد. لەگەڵ گواستنەوەدا لە لۆژیکی «دەشێت ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاربکەم» بەرەو لۆژیکی «ئێستا ـ بەجۆرێکی ـ تر ـ ڕەفتاردەکەم»، تەنیا سروشتی جەنگ ناگۆڕێت، بەڵکو تەواوی کایەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ناو کایە بچوکەکانی دەسەڵاتیش دەگۆڕدرێن، توندوتیژی لە هەڕەشە و کەرەستەیەکی ناڕاستەوخۆوە دەبێتە کەرەستەی ڕاستەوخۆ و ئەداتی ناو هەموو پەیوەندییە نێو بەینییەکان، لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و شوناسەکانەوە تا دەگات بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، مامۆستا و قوتابی، منداڵ و گەورە ... هتد. بە کورتی کۆی ئەو قسانەی دەکرێت سەبارەت بەوەی داعش یەکسانە بە عەرەب، داعش یەکسانە بە حەقیقەتی ئیسلام، هەموو ئەو جۆرە تێزانە هیچ نین جگە لە جۆرێک لە لیبرالیزمی بازاڕیی کە بە هەندێک کلێشەی سواو و  پوچەوە ڕووبەڕووی کۆی دیاردەکان دەبنەوە. داعش لە کارخستنی تەواوی سیستمە سیاسی و جنسی و ئەخلاقییەکانی پێشترە، بۆ دروستکردنی دۆخێکی نوێ.

4

بەرگرتن بە داعش تەنیا لەو ڕێگایەوە نابێت کە بڵێین داعش زادەی ناو فیکری ئیسلامییە، هەر کاتێک ئێمە ئیسلامی نەبووین ئیدی مەترسی وەرگەڕان و بوون بە داعش لەسەرمان نامێنێت و راستەوخۆ دەبین بە ئەنتی فاشیزم و ئەنتی داعش. بەرامبەر مۆدێلی ئیسلامی داعش، مۆدێلی ناسیونالیستی و لیبراڵ و عەلمانیانەی داعشیشمان هەیە. ئەوەی هێزەکان هەر زوو حەرامە ڕەمزییەکانی خۆیان دەشکێنن، ئەوەی کۆی شوناسەکان ئامادەگییەکی ڕوون و ترسناکیان بۆ توندوتیژیی فیزیکی و جەستەیی تێدایە، تەنیا سیفەتی داعش نییە، بەڵکو سیفەتێکی بونیادی دەسەڵاتە لە خۆرهەڵاتدا کە لە پەنجا ساڵی رابوردوودا، هەموو جۆرەکانی جەنگ وئەشکەنجە و جینۆسایدی بەخۆیەوە بینیوە. داعش لە شەپۆلە پێشووەکانی فاشیزم،  توندوتیژتر نییە ، بەڵکو تەنیا فۆرمێکی دیکەی فاشیزمە کە هەمان ئەو میکانیزمانەی پێشوو دوبارە دەکاتەوە، داعش تەنیا زادەی ئیسلام نییە، بەڵکو شێوەیەکی دیکەی بەعس، تۆرانییەت، ولایەتی فەقیە، فاشیزمی خەوتووی ناو کەمایەتی و مەزهەبەکانە. خوێنخۆریی و دڕندەیی داعش زیاتر نییە لە خوێنخۆری و دڕندەیی بەعس یان لە خوێنخۆریی مەزهەبگەرا شیعەکان کە سەدان هەزار گەنجیان بۆ مردن بەردەدایە ناو کێڵگەکانی مین و بە گیانی دەیان هەزار گەنج ڕێیان بۆ تانک و زرێپۆشەکان پاکدەکردەوە پەلاماربدات.

5

بەرەنگاربوونەوەی داعش تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا ناکرێت. بەڵکو تەنیا کاتێک دەکرێت کە لە کۆی بیرکردنەوە و تێڕوانینی فاشیستی بێینە دەرێ کە لەسەر خۆنوساندن بە شوناسی دینی وئەتنی و مەزهەبییەوە ئیشدەکات. ئەمە بەو مانایە نییە مرۆڤ دەستبەرداری شوناس بێت، وەک پڕوپاگەندە فاشیستییەکان بانگی بۆ هەڵدەدەن، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەویدییەکی نامۆ لە هیچ شوناسێکی دینی و نەتەوەیی دروست نەکرێت. جەنگ لەگەڵ داعشدا تەنیا جەنگی سەنگەر نییە، بەڵکو جەنگێکە شۆڕدەبێتەوە بۆ ساتی دروستبوونی سوبێکتی ئینسانیمان لە ژێر ڕەحمەتی بانگەوازە ئایدۆلۆژییەکاندا. بۆ ئەو ساتانەی کە تێیدا «من» ـی سوبێکتەکان لە «ئەویدی»، لە «غەریبەکان» جیادەبێتەوە، بۆ ئەو ساتەی تێیدا شوناسی فەردیمان لەگەڵ شوناسی جەمعیدا دەکەوێتە دیالۆگەوە.
ساتی شەڕ لەگەڵ فاشیزمدا، بەر لە هەر شت ساتی ئیشکردنە لەسەر پەیوەندی فەرد لەگەڵ شوناسە ئایدۆلۆژییە دەستەجەمعییەکەیدا. ئەوە تەنیا شوناسی ئیسلامبوون نییە کە دەتوانێت کەسی فاشیست بەرهەمبهێنێت، بەڵکو شوناسی عەرەببوون، فارسبوون، کوردبوون، تورکبوون، شیعەبوون، پیاوبوون، کوردبوون، عەلمانیبوون ... هتد. هەموو دەتوانن جۆرە جەبرێک دروستبکەن سوبێکتەکان بگۆڕن بۆ ماشێنێکی کوێر و توندوتیژ و  فاشیستی.

6

هەر جوڵانەوەیەک دژی داعش لە جەوهەردا تەنیا کاتێک کاریگەری قووڵی هەیە کە ڕاوەستان بێت دژ بە  فاشیزم بە گشتی. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات لە هەر کات زیاتر دروستکردنی بەرەیەک دژ بە فاشیزم پێویستە، بزاوتێک دژ بە شوناسە داخراوەکان، دژ بە هەموو ئەو بنەما ئایدۆلۆژیانەی کە توندوتیژی دروستدەکەن، لە دۆگماتیزمی دینییەوە  بگرە تا شۆڤێنیزم و ڕاسیزم کە بەجۆرێکی ترسناک لە هەموو کوچە و کۆڵانێکی خۆرهەڵاتدا بڵاوبۆتەوە. بۆئەوەی فاشیزم بوەستێنین دەبێت تیرۆری شوناس لەسەر فەردەکان بوەستێنین، تیرۆری شوناسی دینی و ناسیونالیستی و ژەندەری، دەبێت ئەم داوایە لە داوایەکی لیبرالانەی گەمژەوە بۆ هاوسەنگی نێوان شوناسەکان و دیاریکردنی بەهێزەکەیان لە رێگای هەڵبژاردنەوە، بگۆڕێت بۆ ڕەخنە لە تەواوی سیستمی هەنوکەی خۆرهەڵات و بنەماکانی ئیشکردنی کە بریتییە لە پلیشانەوەی فەرد لە ژێر جەبری شوناسەکاندا. وێرانبوونی ئینسانییەتی ئیسلامەکان لە ژێر جەبری شوناسی ئیسلامبووندا، وێرانبوونی ئینسانییەتی تورکەکان لە ژێر جەبری تورکبوون و وەرگەڕانی خودی عەرەببوون بۆ کەرەستەیەکی تێکشکێن بۆ لایەنە ئینسانییەکەی ناو سوبێکتی عەرەبی. ئێستا سیستمی ئینتیما لای مرۆڤەکان لە خۆرهەڵات وەرگەڕاوە بۆ سیستمێکی تیرۆری کوشندە. ئەنتی فاشیزم لەوەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤەکان بەجۆرێکی دی ئینتیما و شوناسی خۆیان پێناسەبکەنەوە. هەر بەرەنگاربوونەوەیەکی فاشیزم، دەبێت لەوێوە دەست پێبکات کە شوناسی پیرۆز، پەیامی پیرۆز، جەنگی پیرۆز بوونی نییە.

7

بەشی هەرە زۆری هێزە فاشیستییەکانی خۆرهەڵات هێزگەلێکن بێ پاشخانی تیوریی. فاشیزم لە خۆرهەڵات جۆرە فیکرێکی سیاسی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هەڵوێستی ئیجرایی و تاکتیکییە، کۆمەڵێک پلانی جەنگ و پڕۆژەی وێرانکردن و داگیرکردن و سڕینەوە و لادانە. لە چەند ساڵی ڕابوردوودا فیکری سیاسی بەجۆرێکی ترسناک لە کۆی ژیانی سیاسی پاشەکشەیکردوە، سیاسەت کورت بۆتەوە بۆ دیوە پراکتیکییە ڕووتەکەی. مرۆڤ ناتوانێت هیچ کات جیهانێک بگۆڕێت کە تێیناگات. شەڕکردن لەگەڵ فاشیزمدا پابەندی تێگەیشتنە لە فاشیزم. لێرەوە هەر بزاوتێک دژ بە فاشیزم ناتوانێت بزاوتێکی ئەنتی فاشیستی بێت گەر بەجۆرێکی بەربڵاو لە فیکرێکی نوێوە نەیەتە دەرێ کە توانای خوێندنەوەی تەواوی دیمەنەکەی هەبێت. هیچ بزاوتێکی ئەنتی فاشیزم، ناتوانێت بێ تیورەیەکی ڕۆشنی ئەنتی فاشیزم بژی، لێرەوەیە کە بەبێ فیکرێکی تیوریی، سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ئەنتی فاشیستی نامومکینە.

8

هەر بزاوتێکی جەماوەری دژ بە داعش و هێزگەلی لەو جۆرە، بەبێ شوناسێکی ئاشکرا، بەبێ ئەوەی شوناسێکی ڕوونی ئەنتی فاشیستی هەبێت، بەبێ ئەوەی بە ڕۆشنی دژ بە هەموو فاشیزمێک بێت، نرخی نییە. بزاوتێکی لەوجۆرە گەر هات و ڕۆژێک لە ڕۆژان لەدایک بوو، شتێکی جیاواز دەبێت لە بزاوتەکانی مافی مرۆڤ و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. هەموو بزاوتێکی ئەنتی فاشیزم دەبێت جوڵاندنەوەیەک بێت لە دەرەوەی ڕیتۆریک و بەلاغەتی لیبرالییانەی ساختەکار دەربارەی پاراستنی کەمایەتییەکان و ڕێگرتن لە جینۆساید. بزاوتێک، دەبێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتی فاشیزمدا بکات وەک ئەگەرێک کە لێرەیە و لێرەبووە. ئەنتی فاشیست لە بنەڕەتدا لەسەر هیچ تێزێکی بەلاغی و خورافی ئیش ناکات، چونکە فاشیزم حەقیقەتێکی ڕۆژانە و کۆنکرێتە، پێویستی بە هەڵوێستگیریی ڕوون هەیە لە دەرەوەی ئەوجۆرە هەڵوێستگیرییە لیبرالییە ساختەکارە کە هەڵوێستی ئاوقای بەلاغەتێکی دووبارە و زمانێکی مردو و کڵێشەیی کردوە. هەڵوێست چیتر دەبێت بەرامبەر کۆی کایەی سیاسی بێت، هەڵوێستێک بێت لەسەر سیاسەتەکانی شوناس کە لە تەواوی خۆرهەڵاتدا توندڕەویی و سەربڕین دەخاتەوە، لەسەر دەرهێنانی گروپەکان بێت لەترسی مان و نەمان، لەسەر وەزیفە و شێوازی ئیشکردنی ئایدۆلۆژیا بێت لە ئێستادا، لەسەر ترازانی سوبێکت بێت لە جەبری کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر تێپەڕاندنی سوبێکتی ملکەچ و کۆیلەئاسا بێت کە وەک ئامێرد دوای فەرمانی ماشێنە ئایدۆلۆژییەکان دەکەوێت. لەسەر ئەخلاقیاتی دەسەڵات و ڕەفتارکردن بێت لەگەڵ ئەویدیدا، لەسەر سروشتی کەپیتال و ڕۆڵی سەرەکی لە خولقاندنی فاشیزمدا، لەسەر چۆنێتی داماڵینی قودسییەت لە توندوتیژیی، لەسەر پێناسەکردنەوەی پەیوەندی دین و مۆدێرنە دوور لە کڵێشە سواوەکانی لیبرالییەت، کە بەردەوام ئەم دوو دیاردەیە وەک نەیار و ناکۆک پیشاندەدەنەوە. لەسەر تێکشکاندنی ئەو ئەفسانە پوچە بێت کە پێیوایە گەر سیاسییەکان دەستیان لە بازاڕ کێشایەوە ئەوا کەپیتال دەبێتە کەپیتالێکی مرۆڤدۆست و تەندروست و داهێنەر.
سیفەتی سەرەکی هەڵوێست لە ئێستادا ئەوەیە کورتبۆتەوە بۆ چەند گوزارشتێکی زمانەوانی و فەیسبوکی نزم بەرامبەر ئیسلام و دڕندەیی داعش. فاشیزم لەگەڵ خۆیدا پێداویستییەکی گەورە دەهێنێت بۆ پێداچوونەوەی چەمکی هەڵوێستیش. کێشەکە تەنیا ئەوە نییە ئێستا و لێرەدا دژی داعش بین، بەڵکو دەبێت دژی کۆی ئەو زەمینە و هەلومەرجە کاربکەین کە بەجۆرێکی بەردەوام فاشیزم بەرهەمدەهێنێت. زیهنییەتی لیبراڵی، شەڕی داعش وەک شەڕێکی ڕادیکال دژ بە فاشیزم وێناناکات، بەڵکو وەک شەڕی نێوان گووتاری دینی توندڕەو و دینی میانەڕەو وێنایدەکات، وەک پێک هەڵپژانی نێوان نەتەوەیەک و کۆمەڵێک گروپی لادەر و نەخۆش و توندڕەو، وەک شەڕی نێوان مۆدێرنە و دین، وەک دۆخێک کە هەندێک سیاسی نابەرپرس و فاسید دروستیانکردوە... هتد. بۆ خۆدزینەوە لەو ڕاستییەی کە داعش و بەعس و هەموو ماشێنە فاشیستییەکانی تر زادەی کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتین. وە هەموو ئەم وێناکردنانەش بە نیازی خۆدزینەوەیە لەو ڕاستییەی کە شەڕی فاشیزم کورت ناکرێتەوە بۆ شەڕی داعش، بەڵکو شەڕێکە دەبێت لە هەموو ئاستەکانی تێڕوانین و ژیان و بیرکردنەوەدا ئەنجامبدرێت.

9

بە کورتی دروستبوونی بزاوتێکی ئەنتی فاشیسستی کارێکی مومکینە، بە مەرجێ کە جۆرێک لە شکاندنی شێوازە کۆنەکانی شۆڕش و مقاوەمەت بێت. دەبێت ئەنتی فاشیستەکان، هەمان ساتەوەختی ڕادیکالی خۆیان هەبێت تێیدا بڵێن «ئێستا ـ دەشێت ـ بەجۆرێکی تر ـ ڕەفتاربکەین». بەڵام بەجۆرێکی تر ڕەفتارکردن لای ئەنتی فاشیستێک هەمیشە مەحکومە بە بوونی وێنەیەکی ڕۆشن لەو دونیایەی کە فاشیزمی دروستکردوە. ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ رەفتاربکەین مانای ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ بیربکەینەوە. مانای ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ پێناسەی خۆمان بکەین لەدەرەوەی جەبری شوناسە گەورەکان . مانای ئێستا ـ دەبێت ـ بەجۆرێکی تر ـ بدوێین و ببینین. بە بڕوای من سەرەتای هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ فاشیزمدا لەوەوە دێت بە وردی لەسەر «جۆرێکی تر لە ڕەفتار» و ئەگەرەکانی ناوی ئیشبکەین.

Saturday 9 August 2014

شوناسی ئەبەدی/ شوناسی کاتی


شوناسی ئەبەدی/  شوناسی کاتی

هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی گۆڕان و نەگۆڕان لە دەرکەوتەکانی شوناس لە خۆرهەڵاتدا



١

لە سەد ساڵی ڕابوردوودا و لە خۆرهەڵات چەمکی شوناس، جێگایەکی سەنتراڵ و گرنگی وەرگرتوە. شوناس لە ناوەڕاستی زۆربەی کێشەکانماندایە، جەنگ لەسەر شوناسی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی ڕوکاری ئایدۆلۆژیی ئەم جەنگە پێکدەهێنێت، کە هەڵبەت لە بونیادە قووڵەکاندا هۆکاری تاریک و نەبینراوتریشیان هەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە تا ئێستا کاتێک قسە لە شوناس دەکرێت، هەندێک تەنیا باس لە دیوە کولتوورییەکەی شوناس دەکەن، شوناس وەک کایەیەک لە نەریت و نۆرم و ڕیتوال دەبینن کە جۆرە تێگەیشتن و ڕەفتارێکی دیاریکراو بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنێت. لێرەدا کە باس لە شوناس دەکەین، دوور و نزیک باس لەو دیوە کولتووری و ئەنترۆپۆلۆژییەی ناکەین، مەبەستم لە شوناس ئاماژەیە بۆ جۆرە وێناکردنێک بۆ خود، نیگارێکی خەیاڵی کە گروپێکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە خۆی هەیەتی. لێرەوە قسەکردن لەسەر خودی شوناس، قسە نییە لەسەر نەرێت و نۆرم و شتگەلێکی پابەند بە ژیانی ڕۆژانەوە، هێندەی پابەندە بە چۆنێتی ئیشکردنی سیستمی وێناکردنەوە لە لایەن گروپێکی دیاریکراو، چۆن گروپێک خۆی دەناسێتەوە و تەماشای خۆی دەکات. بەبڕوای من شوناس شتێکە تەنیا لە ڕێگای دیاریکردنی پەیوەندیی لە نێوان «ئەبەدی» و «زەمەنی» ــ «گۆڕاو» و «نەگۆراو»دا  دەخوێنرێتەوە. شوناس هێندەی پەیوەندی گروپێک بە «بوونی هەمیشەیی خۆیەوە» دیاریدەکات، ئاماژە نییە بۆ کۆمەڵێک نۆرم و نەرێتی تایبەت بەسەردەمێک. بە مانایەکی تر گرنگترین وەزیفەی شوناس ئەوەیە پەیوەندی گروپ بە ئەبەدییەتەوە بەرجەستەدەکات، نەوەک بە ئێستاوە. شوناس لەبەرئەوە گرنگە کە درێژکراوەی ئێمەیە لە داهاتوودا. کاتێک قسە لەسەر شوناسی کوردی یان ئیسلامی دەکەین، واتە قسە لە شوناسێک دەکەین بۆ ئەبەد، باس لە جەوهەرێک دەکەین بۆ داهاتوو، بوونێکی دیاریکراو بۆ هەزاران ساڵی دی کە دێت. لێرەوە بە پێچەوانەی بوونی هایدگەرییەوە، کە هەمیشە بوونێکە بۆ مردن، هەموو شوناسێک لە ڕاستیدا «شوناسە بۆ ئەبەدییەت»، بۆ مانەوە، واتە ڕاپەڕینە بە ڕووی مەرگدا، سیستمێکی تەکنکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەوتان و لەناوچوون.

شوناس بەم مانەیە، ئاماژەیە بۆ ناوکەیەکی ئەبەدیی، بۆ شتێک کە هەمیشە دەمێنێتەوە و گۆڕان دەستی پێی ناگات. جەوهەری مانەوەی دینێک یان نەتەوەیەک یان هەر شوناسێکی دی بریتییە لەوەی کە بەجۆرێکی فەنتازی، وەک وێنەیەکی نەگۆڕ و دەست لێ نەدراو لە ڕەوتی مێژوودا بمێنێتەوە. لێرەوە گەر قووڵ بڕوانین «گووتاری مانەوە ــ گووتاری شوناسی ئەبەدیی و هەمیشەیی» جەوهەرێکی میتافیزکی هەیە، لەسەر ئەو وێنە زیهنییە داڕێژراوە کە پێشوەخت شوناسێکی ئیدیال و ئەبەدی هەیە کە  مێژوو نایگۆڕێت. ئیشی هەرە سەرەکی و جەوهەریی گووتاری مانەوە، خواستی ئامادەکردنی شوناسێکی ئەبەدییە لە زیهنی فەردەکانی گروپدا، شوناسێک کە هەمیشە یەک شتە، شوناسێک کە بوونی گروپ و مانەوەی بەوەوە بەستراوە، بەو مانا ئەبەدییەوە، بەو بەشەوە لە شوناس کە هەرگیز ناگۆڕێت. هەڵبەت ئەو بەشە نەگۆڕە، شتێکی فەنتازیی ڕووتە، بوونێکی ڕاستەقینە و کۆنکرێتی نییە، تەنیا وێنەیەکی زیهنییە و هیچی تر، لە ڕاستیدا نە «کوردێکی ئەبەدی» نە «عەرەبێکی ئەبەدی» نە «شیعەیەکی ئەبەدی» ... هتد، بوونیان نییە، بەڵام کوردبوونی ئێستامان، عەرەببوونی ئێستامان، شیعەبوونی ئێستامان بەبێ ئەو وێنە ئەبەدییە کاری نەکردەیە.  بەڵام دەبێت ئەم شوناسە ئەبەدییە نەگۆرە، لە جۆرە شوناسێکی زەمەنی و گۆڕدراو جیابکەینەوە کە لە ژیانی ڕۆژانە و لە بەکارهێنانە تەکتیکییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

پەیوەندی گۆڕان و نەگۆڕان لە خۆرهەڵات پەیوەندییەکی ئاڵۆزە، ئەو تێزانەی کە پێیان وایە خۆرهەڵات هەرگیز نەگۆراوە و لە زەمانی دێرینەوە تا ئەمڕۆ مێژوو تەنیا خۆی دووبارەدەکاتەوە مایەی پێکەنین، بەڵام ئەوەی زیاتر مایەی پێکەنینە ئەو تێزەیەیە کە وادەبینێت خۆرهەڵات بەردەوام لە گۆڕاندایە و هیچ میحورەێک بوونی نییە، کە خۆرهەڵاتی کۆن بە ئێستاوە گرێبداتەوە. تەماشاکردنی شوناس وەک نەگۆڕ یاخود وەک گۆڕدراوێکی رادیکال، وەک شوناسێک کە بۆ خاڵێکی نەگۆڕ و ئەبەدیی ناگەڕێت لەدەوری چەق ببەستێت، هەردووکیان زادەی یەک عەقڵیەتن کە لە نێوان پارادۆکسە زەقەکاندا هەمیشە لایەک هەڵدەبژێرێت و لە ناویدا نیشتەجێ دەبێت و لەوێوە پۆزی جێگریی و ژستی هەڵوێست نواندن لەخۆدەگرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێی بڕوانم ئەو دیالەکتیکەیە کە گۆران و نەگۆڕان لە ناو یەک شوناسدا کۆنترۆڵدەکات. لە جێگایەکی دیکەدا ئاماژەم بەوەدا شیکار هەموو گۆرانەکان لە جەوهەردا ئەکتی خۆ بەهێزکردنن بۆ جۆرێک لە نەگۆڕان. ئەوەی لە خۆرهەڵات ڕوودەدات بە گەڕکەوتنی ماشێنەکان نییە بۆ پێشەوە، بەڵکو هەوڵی پاراستنی ناوکەیەکی دێرین و ئەبەدییە، هەوڵی پاراستنی حەقیقەتێکی میتافیزیکی و موقەدەسە. زۆرینەی شوناسە چالاکەکانی خۆرهەڵات، ئەو شوناسە نەگۆڕە ئەبەدییە دەیانجوڵێنێت کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە ڕابوردوویەکی موقەدەسدا و هەندێجار لە شوێنێکی موقەدەسیشدا جێگربووە. هیچ شوناس و ئایدۆلۆژیایەک نییە، رابوردووی موقەدەس و شوێنی موقەدەسی نەبێت. وەک سەردەمی خەلافەت و مەککە و مەدینە لای سوننەکان، عاشورا و کەربەلا لای شیعەکان، نەورۆز و کەرکوک لای کورد، کە پێکڕا ناوکەی شوناسێکی میتافیزیکی و هەتاهەتایی دەبەخشنە گروپ. ئەمجۆرە لە نەگۆڕ، ئەم گەرانەوە ئەبەدییە بۆ میحوەرێکی ئەبەدیی، هەموو هێزێک ناچاردەکات مۆدێرن بێت، بەو مانایەی هەوڵبدات بۆ خۆپاراستن تا دەتوانێت سوود لە کەرەستەکانی مۆدێرنە وەربگرێت. ئایدۆلۆژیاکان چەندە دێرین بن، پێویستیان بە کەرەستەکانی مۆدێرنە هەیە بیانپارێزێت. هەڵهاتن بەرەو نوێبوونەوە دەبێت بە یەکێک لە کەرەستە سەرەکییەکانی خۆپاراستن. لێرەدا گۆڕان دەبێت بە تەکتیکێکی بنەڕەتی نەگۆڕان، بە جۆرە پرۆسێسێکی مانۆرئاسا و تەکتیکی تا بکرێت بە هۆیەوە خۆمان لە هەر لابەلابوونەوە و شکانێکی قووڵی ماترێکسەکان بپارێزین.

لە ڕاستیدا ئەو پارادۆکسە قووڵەی کە لە ناخی خۆرهەڵاتدا گینگڵ دەخوات (ناکۆکی نێوان «ترس لە گۆڕان» و «ترس لە نە گۆڕان») تەنیا لەو ڕێگایەوە هێور دەبێتەوە کە شوناسەکان لە ناوەوە بە پرۆسەی دوو کەرتبوونێکی قووڵدا بڕۆن لە نێوان «شوناسێکی ئەبەدی» و «شوناسێکی زەمانی و کاتی» دا، چونکە تەنیا لە ڕێگای دابەشبوونێکی وەهاوە، سیستم و عەقڵییەت و تێڕوانینی کۆن دەتوانێت بەردەوام بژی، بێئەوەی نەگۆڕان و بەجێمان ببێتە مایەی فەوتان و مردنی. تەنیا لە ڕێگای دابەشبوونێکی لەوجۆرەوە، «ئەبەدی» و «مێژوویی» دەتوانن پێکەوە بژین، «گۆڕان» و «نەگۆڕان» لە یەک یەکەدا کۆببنەوە، «موقەدەس» و «ناموقەدەس» یەک یەکدی تەواوبکەن.

ئامانج لە کۆی پرۆسەکان، پاراستن و هەڵگرتن و هێشتنەوەی ئەو شوناسە ئەبەدییەیە، ئەمە ئەو بەشەیە لە شوناس کە نابێت دەستی بۆ ببرێت. بەڵام جگە لەم کەرتە نەگۆڕە، شوناس دەموچاوێکی تری هەیە، پارچەیەکی دەمامکدار و مەکرباز و بزۆک کە بەپێی هەلومەرج و شوێن و کات، توانای خۆگۆڕین و خۆ گونجاندن بە شوناس دەبەخشێت، بێئەوەی بهێڵێت گۆڕانکاریی ڕادیکال و ڕیشەیی تێدا ڕووبدات، بەو بەشە دەڵێین «شوناسی کاتی». گەر شوناسی ئەبەدی ئەو بەشەی شوناس بێت کە یاسا بنەڕەتییەکان تەشریعدەکات، شوناسی کاتی، دیوە پراکتیکی و ئیجرایی و جێبەجێکەر «تنفیذ» یەکەی شوناسە، کە زیاتر لەگەڵ مێژوو و کۆمەڵگا و سیاسەتدا مامەڵەدەکات، لە بری ئەوەی جەوهەرێکی میتافیزیکی هەبێت، سروشتێکی پۆزەتیڤ و پراگماتی و تەکتیکی هەیە. ئەم بەشە لە شوناس لە ناو جیهانێکی گۆڕدراودا، کەرەستەکانی مانەوە بۆ شوناسێکی نەگۆڕ و ئەبەدیی فەراهەمدەکات. واتە گوزارشت لەو بەشەی گووتاری مانەوە دەکات کە لە پێناوی مانەوەی هەمیشەیی و نەگۆڕاندا، ئامادەی گۆران و لەناوچوون و دەستبەرداربوونە.  لێرەدا و بە هۆی ئەم لەتبوونەی شوناسەوە لە نێوان دیوێکی ئەبەدیی و دیوێکی زەمەنیدا، هەم کۆمەڵگا و هەم مێژوو بە قووڵی  بەسەر «ڕوکەش» و «جەوهەر»دا دابەشدەبن.

پێش هاتنی مۆدێرنە بۆ خۆرهەڵات، قسەکردن لەسەر ڕوکەش و جەوهەر کارێکی واقعی و بنەمادار نییە، بەڵام لە ئێستادا دونیای ئێمە دابەشبۆتە سەر دوو هەرێم، لە ناو هەموو شوناسەکاندا هەرێمێکمان هەیە کە بە هەموو جۆرێک دەبێت لە گۆڕان بپارێزێت، جەوهەرێک هەیە دەبێت مۆدێرنە دەستی بۆ نەبات، دەبێت گۆڕان نەیگاتێت، ئەوە جەوهەری شوناسەکانە، کە لە سەرییەوە دەمامکێکی ڕوکەش و گۆڕاو دەکاتە سەر و نمایشی خۆگونجان و کرانەوە دەکات. بەپێی ئەم شوناسە ئەبەدییە گروپ توانای وێناکردنەوەی خۆی لەدەستدەدات، خۆی وەک ژانرێکی بایۆلۆژیی دەبینێت کە جگە لە زاوزێی یەک تەرز، ڕەگەزێکی تری لێوە بەرهەم نایەت، بەڵام شوناسی کاتی جۆرە مانۆێکی سیاسی و سایکۆلۆژییە کە شوناس دەیکات تا عەقیدە و بنەماکانی «شوناسی ئەبەدی» لە کاتی جەنگی مانەوەدا دەستی نەگرن و نەبنە کۆسپ.  گووتاری مانەوە ئیشی ئەوەیە بەردەوام لەسەر ئەم شوناسە ئەبەدییە کاربکات، ئامادەیبکاتەوە، لە ژێرەوە بیپارێزێت، هەموو گۆڕانکارییەکی ناپێویست بکاتەدەرێ، ئەو گووتارانە بهێنێتە پێش کە چوارچێوە نەگۆڕەکانی ئەم جیهانە دەپارێزێن. شوناسی ئەبەدی، وەک غایەتێک لە ئاستی هەست و نەستی تاکەکاندا ئیشدەکات، ئەو بەشەی شوناسە کە هەرگیز نامرێت، لە دوای هەموو تێکشکان و هەرەسێک کۆمەک بە شوناس دەکات جارێکی تر بە شێوە کۆنەکانی خۆی زیندووببێتەوە. لە ڕاستیدا شوناسی ئەبەدی بەشە هەرە شەڕانگێزەکەی شوناسە، چونکە بەردەوام خۆی لە لێواری مەرگدا نیشاندەداتەوە، لە لێواری ترسی لە ناوچووندا. ڕەنگە ململانێی فەلەستین و جووەکان بەڵگەیەکی زەقی ئەمجۆرە لە شوناس بێت کە بەردەوام دوو شوناسی دوور و لێک نەچوو، خۆیان لە لێواری مردن و لە ناوچوون و فۆبیای نەماندا پیشاندەدەن تا بەڵگەی مانەوە و زیندوێتی خۆیان بە شەڕانگێزترین شێوە پیشانبدەن.

بەڵام گووتاری مانەوە، تەنیا زامنکەری مانەوەی ئەبەدییانەی شوناس نییە، بەڵکو ئامادەکردن و دەرهێنانی نمایشی مردنیشێتی. شوناس بۆئەوەی بمێنێتەوە، بۆئەوەی هەموو وزەی ژیانی خۆی بخاتەکار، بۆئەوەی بە هەموو وەحشییەتێک بەرەنگاریی لە بوونی خۆی بکات و چی تینێکی شەڕانگێزیانەی هەیە بینێرێتەدەرێ، ناچارە خۆی لە لێواری مردندا وێنابکات، وا دەربکەوێت کە بوونە ئەبەدییەکەی لە مەترسیدایە، وەک ئەوەی هەمیشە هەنگاوێک لە مردنەوە دوور بێت، وەک ئەوەی هەمیشە لە شەڕی مان و نەماندا بێت. ئەو تینە وەحشییەی کە هێزەکان لە خۆرهەڵات دەریدەخەن، زادەی پرۆسێسێکی ناوەکی قووڵە، زادەی ئەو بڕوا ئایدۆلۆژییە ترسناکەیە کە لە سوبێکتەکاندا چێنراوە و باوەریان وایە، ئەوپەڕی توندوتیژی تەنیا ڕێگای دەربازبوونە لە شەڕی مان و نەماندا، پێیان وایە دوژمن دەیەوێت ئەو لە بنەوەڕا لە ڕیشە هەڵکەنێت، بۆیە دەبێت ئەویش هەوڵبدات دوژمن لە ڕیشەوە هەڵبکەنێت، لێرەوە قەسابەکان لە خۆرهەڵات، تەنیا کاتێک دەتوانن ببنە قەساب کە لە ترسەکانی خۆیاندا، سەری بڕاوی خۆیان بەدەستی دوژمنەکانیانەوە ببینن. هەموو ئەوانەی لە خۆرهەڵات بە دڕندەترین شێوە دەکوژن، ئەوانەن کە لە خەونەکانیاندا بە دڕندەترین شێوە کوژراون. ئەم خەونە خەونێکی بونیادیی و بنەڕەتییە تا شوناس بەهانەیەکی ڕوونی بۆ جەنگەکانی خۆی هەبێت. شوناسی ئەبەدی، بەراورد بە شوناسی کاتی، پتر ڕۆڵی شوناسێکی یاسادانەر و ستراتیژکار دەبینێت، ئیشی ئامادەکردنی ترس و وزەی پەرچەکردارەکانە، ئیشی پەروەردەکردنی ئەو سوبێکتەیە کە هەستدەکات بۆ پەیامێکی موقەدەس و جاوید ئیشدەکات. جەنگاوەرە فاشیستەکان هەرگیز بۆ شوناسێکی تێپەڕ ناجەنگن، هەموو خوێنڕێژە گەورەکان بۆ بەهایەکی گەورە و ئەبەدی شەڕدەکەن، کە واهەستدەکەن خەریکە لە ناودەچێت... لە هەر جێگایەکدا شوناسێک هاتە سەرەوە و ترسی لە ناوچوون و نەمان تەنگی پێهەڵچنی، فاشیزم لە هەناوی ئەو هەراس و ترسەوە دێتەدەرێ. لە ڕاستیدا لێرەدا میکانیزمێکی زۆر گرنگ هەیە دەبێت لە یادی نەکەین... شوناس لێرەدا خۆی واپیشان نادات کە نەمردوە و نایەوێت بمرێت، بەڵکو کۆی وێنەکە پێچەوانە دەکاتەوە، شوناس خۆی وادەردەخات کە مردوە و لە مردنەوە گەڕاوەتەوە. گەر ورد بڕوانین هەندێک لەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە لەو ڕێگایەوە نایەنەوێت بمرن، بەڵکو لەو ڕێگایەوە لە مردن دەگەڕێنەوە، خۆکوژ کەسێک نییە لە ژیانەوە بەرەو مردن بڕوات، بەڵکو لە قوولایی بڕواکانی خۆیدا مردویەکە بەرەو ژیان و نەمری دەگەڕێتەوە، لای ئەو خۆتەقاندنەوە ئەکتی خۆکوشتن نییە، بەڵکو ئەکتی زیندووبوونەوە و هەستانەوەیە. لە خۆرهەڵات، هەموو شوناسەکان ئەو ساتی مردن و کۆتابوونە ترسناکەیان هەیە. هۆلۆکۆست لای جووەکان نمونەی ئیدیالی ئەو شوناسەیە کە مردوە و لە مەرگ گەڕاوەتەوە، هەموو جوویەک لەگەڵ ئەو ئەزموونەدا خۆی دەستنیشاندەکات، وەک ئەوەی دۆزەخی بڕی بێت و لەوێوە هاتبێتەوە. ئەنفال بۆ کورد، ناوی ئەو پرۆسێسەیە ... ئێمە ئێستا میللەتێکین لە مەرگەوە هاتووینەوە، وەک شیعەکان کە هەمیشە دەکوژرێن و زیندوودەبنەوە... شوناسی ئەبەدی شوناسێک نییە کە نامرێت، بەڵکو شوناسێکە دەیسەلمێنێت کە مردنی بەزاندووە و لەوێوە گەڕاوەتەوە.


٢

لە بەرامبەر ئەم دیوە «تەشریعی» و «ئەبەدی» یەدا، «شوناسی کاتی» بە پێچەوانەی «شوناسی ئەبەدی»یەوە، کە بە گووتاری مانەوە ئیشدەکات، بە گووتاری گۆڕان و نوێبوونەوە و خۆگونجاندن ئیشدەکات. شوناسی کاتی، مامەڵە لەگەڵ ئەو بەشەی جیهاندا دەکات کە هەمیشە دەگۆڕێت، واتە ئەوە دەردەخات کە شوناس توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دونیا و دەوروبەردا هەیە. ئەم دوجۆر شوناسە دژ بە یەک نین، بەڵکو تەواوکەریی یەکن، یان لە ڕاستیدا شوناسی کاتی هیچ نییە جگە لە دیوە مێژوویی و زەمانی و واقعییەکەی «شوناسی ئەبەدی» کە دەبێت لە هەموو سەردەم و زەمانێکدا بە جێگیریی بمێنێتەوە. لە ئێستادا هیچ شوناسێکی دینی یان تایەفی یان نەتەوەیی نییە، چەند داخراو و کۆنزەرڤاتیڤ بێت، پێویستی بە کەرەستەکانی مۆدێرنە نەبێت بۆ پاراستنی ژیان و مانەوەی خۆی. لێرەدا ئەو هەرێمانەی تێیدا قسە لە گۆڕان دەکرێت، دەبنە کۆمەڵێک جێگای تایبەت کە توخنی ئەو دیوە ناکەون کە نوێنەرایەتی شوناسی ئەبەدی دەکات. ئەو بەشەی دونیا کە دەبێت بگۆڕدرێت لەو بەشەی جیادەکرێتەوە و دادەبڕدرێت کە ناگۆڕدرێت... شوناسی کاتی، دەستکاریکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەکنیکی شوناسە، بەجۆرێک بتوانێت هێند بەهێزبێت بەرگری لە مانەوەی هەتاهەتایی بکات. لێرەدایە کە پرۆسەی گۆڕانکاری ڕۆحێکی کۆنزەرڤاتیڤانە وەردەگرێت، ئەوەی پێیدەگووترێت گۆڕان دەستبردن نییە بۆ شکاندنی ئەو چوارچێوە نەگۆڕ و ڕەق و وشکانەی گووتاری مانەوە دەستنیشانیکردوە، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ ئیشکردنی ئەم گووتارە لە هەموو ئان و ساتەکاندا. گۆڕان لێرەدا ئاماژە نییە بۆ گۆڕینی خودی دونیای ئێمە، بۆ گۆڕینی پرۆسەی سوبێکتسازیی و دەستکاریکردنی شوناس بۆ وێنەی خۆی، بەڵکو مانای تازەکردنەوەی سیستەم بۆ ئەو کەرەستانەی کە ئامانجە کۆنەکانی پێ ڕادەگەێنێت.

بەوەدا لە دونیای نوێدا بەردەوام شتی نوێ دێت و گۆڕان وەک جەبرێک دێتە پێشێ، هیچ شوناسێک نییە ناچار نەبێت سیما و ڕوخساری تازە بداتە خۆی. شوناسی کاتی، هەوڵی گونجاندنی دونیایەکی نەگۆڕە، لەگەڵ ئەو جیهانە گۆڕاوەدا. لەم جیهانە نوێیەدا زۆربوونی ئامێر و ماشێنی نوێ، کە بە حوکمی برەوی بەردەوامی مۆدێرنە لە کۆمەڵگادا بڵاودەبنەوە، نابێتە ئاماژە بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو دەبێتە نیشانە بۆ ڕۆحێکی پراگماتی کە دەتوانێت سوودێکی زۆر لەو کەرەستانە ببینێت کە تێیان ناگات. وەک چۆن مرۆڤی سەرەتایی دەتوانێت سوود لە بەرد وەربگرێت بۆ دروستکردنی چەک و کەلوپەلی جۆراوجۆر، بێئەوەی هیچ لە ماهییەتی بەرد بزانێت، مرۆڤی نوێی خۆرهەڵاتیش هەمانشێوە سوودێکی زۆر لە ئامێرە مۆدێرنەکان دەبینێت، بێئەوەی شتێک دەربارەی تەکنۆلۆژیا و حەقیقەتە زانستییەکانی پشتیان بزانێت ... لێرەدا بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا وێنەی جیهانی کۆن لە مێشکی ئێمەدا ناسڕێتەوە، بەڵکو هەمان ئەو جیهانە بە ڕەنگێکی تر بۆیەدەکات. لێرەدا چۆنێتی ژیان خۆی بەدیوارێکی ئەستوور لە چۆنێتی بیرکردنەوە دادەبڕێت، چڵەپۆپەی زیندەگی مۆدێرن دەتوانێت هاوشان بێت بە چڵەپۆپەی عەقڵی خێڵەکی و بەدەویانە.

 ئەم جۆرە پارادۆکسە زەبەلاحە، لە هەندێک شاری وەک دوبەیدا دەگاتە ترۆپکی ترسناکی خۆی. لەم شارانەدا چۆنێتی مۆدێرنی ژیان بە خەتێکی ئەستوور لە چۆنێتی بیرکردنەوە جیاکراوەتەوە، لە پاڵ نوێترین جۆری ژیاندا لەسەر زەوی کۆنترین شێوەی بیرکردنەوە و داخراوترین سیستمی عەقڵ دەژی... شارێکی وەک دوبەی نیشانەیەکی زەقی ئەو دابڕانەشە کە لە نێوان شوناسی ئەبەدی و کاتیدا دروستبووە. شوناسی ئەبەدی دوورگەی عەرەب، وەک سەرزەمینێکی داخراو و نەگۆڕدارو خۆی بە دیکۆرێکی زەبەلاح دادەپۆشێت، لێرەدا هەموو مۆدێرنە دەبێت بە دەمامک بۆئەو شتەی کە هەرگیز ناتوانێت مۆدێرن بێت، هەموو مۆدێرنە دەبێت بە دیکۆر بۆ جیهانێک کە لە قووڵاییدا ئەستەمە بتوانێت مۆدێرن بێت. لەم ئاستەدا دووبارە غیابی «هۆمۆفابەر» مرۆڤی دروستکەر دەبینینەوە  «کە لەجێگایەکی تردا بە درێژیی باسم لێوەکرد». عەقڵی ئەنسترۆمێنتاڵ لێرەدا ناتوانێت کەرەستەکان وەک کەرەستەی گۆڕان و کەشف بەکاربهێنێت، بەڵکو ئەو کەرەستانە، تەنیا وەک چەکی مانەوە و خۆڕازیکردن و سوودمەندبوونی ڕاستەوخۆ و لەزەتبردنی کاتی بەکاردەهێنێت. لێرەدا مۆدێرنە کورتدەبێتەوە بۆ کەرەستەیەک کە دەستکاری شاردەکات، بەڵام دەستکاری شارنشین ناکات، دەستکاری شێوەی ژیان دەکات، بێئەوەی دەستکاری فەلسەفە و ماناکانی بکات. شێوازی ژیان دەگۆڕێت، بەڵام ڕوانین هەر بەوجۆرە دروستدەکاتەوە کە هەبووە. واتە چاو شتێکی نوێ دەبینێت و لەش فەزای تازە تاقیدەکاتەوە، بەڵام عەقڵ بە هەمان نەزمی دێرین و بە هەمان نیگای پێشوو شتەکان تەفسیردەکات. بەو شێوەیە لە خۆرهەڵات ئەو شارانە دروستدەبن کە دیکۆرەکانیان مۆدێرنە، بەڵام هەستکردنی نیشتەجێکانیان بە ژیان هێشتا لە فۆبیایەکی سامناکی هەموو گۆڕانکارییەکدا دەژی، لێرەوەیە تا مۆدێرنە لە ئاستی سەتحدا زیاتر بکشێت، لە ئاستی قووڵدا سوبێکت پتر هیستریی و پارانۆئید دەبێت، تا شوناسی کاتی ئەکتیڤتر دەستکاری رووکەش بکات، شوناسی ئەبەدیی قووڵتر سوبێکت بە خۆیەوە دەنوسێنێت و دەیگۆڕێت بۆ ماشێنێکی جەنگاوەر.

هەر بەوجۆرەش گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە خۆرهەڵات، دەستکاریکردنی یاسا و نۆرم و ئەخلاقیاتی پشت پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو تەنیا داڕشتنەوەیانە لە ژینگەیەکی نوێدا. لە پاڵ ئەوەی کە شارەکان گەورەدەبن، کە میعمارەکان دەگۆڕێن، کە جوگرافیایەکی شارستانی نوێ لە دایکدەبێت، بەڵام شاری مۆدێرن لە بری ئەوەی بتوانێت شوناسە فەرعییەکان بکوژێت، خێڵەکان بتوێنێتەوە، مەزهەبەکان لە یەک نزیبکاتەوە، نەتەوەکان لە یەک بۆتەدا بتوێنێتەوە، دەبێت بە جێگای لێکدان و بەریەککەوتنی هەموو پارادۆکسە تاریک و ترسناکەکان، شار دەبێت بە شوێنێک کە شوناسە ئەبەدییەکان دەیگۆڕن بۆ گۆڕەپانی جەنگی ئەبەدیی خۆیان... شار لێرەدا گەرچی لە گۆڕانێکی میعماریی بەردەوامدایە، بەڵام خودی ئەم گۆڕانە تەنیا بۆئەوەیە باشتر جێگای بەها ئەبەدیی و نەگۆڕ و هەمیشەییەکان بکاتەوە و بیسەلمێنێت کە هەرگیز نامرن. لە ئێستادا میترۆپۆل و شارە مۆدێرنەکانی خۆرهەڵات گەرچی لەسەرخاندا وادیاربن کە پڕن لە خرۆش و گۆڕان، بەڵام لە ژێرەوەڕا و لە ژێرخاندا باغچەی راستەقینەی زیندووبوونەوە و هەستانەوەی ڕۆحی نەگۆڕ و خودپارێزی شوناسە دێرینەکانی خۆرهەڵاتن. شارگەلی لە بابەت قودس و بەیروت و بەغداد و کەرکوک بەدابەشبوونە ناوەکییە قووڵەکانیان نمونەی ئەو شارانەن کە تێیاندا بە ڕوونی شوناسی کاتی و شوناسی ئەبەدیی دەردەکەون، لەوێدا گۆڕینی هەمیشەیی شێوەکانی ژیان، بەر ناوکەیەکی ئەبەدی و نەگۆڕ دەکەوێت، کە کارێک دەکات زۆرجار لە نێوان شار و گۆرەپانی جەنگدا جیاوازییەکی ئەوتۆ نامێنێت. لەم شارانەدا بە ڕوونی دیارە، بەشێک لە شوناس هەیە کە دەبێت خۆی نوێبکاتەوە تا جەوهەر هەمیشە بە نەگۆڕاوی بمێنێتەوە. لەم شارانەدا خێڵ و مەزهەب و نەتەوەکان هەم خۆیان وەک مۆدێرن و هەم خۆشیان وەک تەواو کۆنزەرڤاتیڤ دەردەخەن... خێڵە شارنشینەکان چەکەکانی بوونیان نوێدەکەنەوە، بێئەوەی هیچ شتێکی ڕاستەقینە لە جیهانبینی خۆیان بگۆڕن. سوبێکتی جوو یان سوبێکتی سوننی یان شیعە یان کوردی، لەم شارانەدا وەک سوبێکتی ئایدۆلۆژیی داخراو پارێزگاری لە خۆیان دەکەن، ئەوەی تازەدەبێتەوە خودی ئەم سوبێکتە ئەبەدییانە نییە، بەڵکو تەکنیکەکانی مانەوە و خۆپاراستن و چەکەکانی جەنگە بۆ ئەم مانەوەیە. شار هیچ کات لێرەدا نابێت بە بۆتەیەکی توانەوە، بەڵکو دەبێت بە مەیدانی جەنگی مان و نەمان... هەموو شارەکانی خۆرهەڵات بە ئەگەری جەنگێکی سامناک ئاوسن، هیچ شارێک نییە لە خۆرهەڵات کە فەزای جەنگ و ترسی تەقینەوەی ترسناکی توندوتیژیی تێیدا ئامادەنەبێت، لە هەر جێگایەک دوو شوناسی جیاواز هەبوون، ئەگەری تەقینەوەیەکی سامناک هەیە، ئەم راستییە تەنیا بۆ قودس و کەرکوک و بەیروت و حەڵەب و بەغداد ڕاست نییە کە شوناسەکان لەوێدا بەجۆرێکی سامناک بە یەکدا دەدەن، بەڵکو بۆ هەر جێگایەکی دیش راستە کە تێیدا دوو شوناسی ترساوی لە خۆ گرتبێت. لێرەدا گۆڕان، بازدان نییە بەسەر ئەم پارادۆکسەدا، بەڵکو خۆئامادەکردنە بۆ  جەنگی نێوان بەرەکان. ئەوەی لێرەدا دەیەوێت بگۆرێت، لە ڕاستیدا دەیەوێت ببێتە جەنگاوەرێکی باشتر. بەم مانایە گۆڕان چەکی ئامێرە کۆنزرڤاتیڤەکەیە تا بەهێزتر لە ڕەوتی مێژوودا بەردەوام بێت. لێرەوەیە کە وشەی گۆڕان لە خۆرهەڵات دەبێتە وشەیەکی بێمانا کە کۆنزەرڤاتیڤەکان پتر لە ڕادیکالەکان بەکاریدەهێنن، چونکە لە ناوەڕۆکدا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەک لە ئاستی ئیجرایی و لە شێوازی تەکنیکی بووندا، نەوەک بۆ لابەلابوونەوەیەکی ناوەکی لە خۆپێناسەکردن و خۆناسیندا.

لە ئاستی ئابووریشدا گۆڕانکارییە سەتحییەکان هەمان سەربوردمان بۆ دەگێڕنەوە، گۆڕانکاری ئابوری سیستمێکی چینایەتی و پەیوەندییەکی نوێی نێوان هێزە بەرهەمهێنەکان ناهێنێتە مەیدان، پەیوەندی ئاغا و کۆیلە لێرەدا وەک خۆی بەردەوامە، چینە ژێردەست و سەردەستەکان جێگای خۆیان دەپارێزن، گەشەی کەپیتالیزمی بەرخۆریی گۆڕانکارییەکی قووڵ لە سیستمی چینایەتیدا دروست ناکات، بەڵکو بەجۆرێکی بێڕەحمانە هەلومەرجە دێرینەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لە فەزایەکی تازەدا دادەڕێژێتەوە. لێرەدا مۆدێرنیزەبوونی ئابووری، هەڵگێڕانەوەی نەزمی چینایەتی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی ئەو نەزمەیە لە ناو سیستمێکی تازەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و سەرمایەدا. سوڕی هاتوچۆی کەپیتال هەر بە کەناڵە هەمیشەییەکانی خۆیدا دەڕوات، بێ هیچ لابەلابوونەوەیەکی گرنگ، هەر بۆیە گواستنەوە لە فیودالیزمەوە بۆ سیستمی کەپیتالیزمی نوێ لە جەوهەردا گواستنەوە نییە لە دەسەڵاتی چینێکەوە بۆ چینێکی تەواو تازە، بەڵکو لێکدانی چەند نەزمێکی ئابوورییە لە سیستمێکدا، بەجۆرێک پەیوەندییە ئابوورییە کۆنەکان گۆڕانکارییەکی ڕادیکال بەخۆیانەوە نەبینن، بۆ نمونە هاتنی سیستمی بانکی بۆ خۆرهەڵات هێندەی پرۆسەی دێرینی دابەشبوونی سەروەت و سامان ڕێکدەخات نوێی ناکاتەوە.

سروشتی ئەم شوناسە کاتییە، لە ئاستی سیاسەتدا پتر دەردەکەوێت. شوناسی کاتی لێرەدا زوو زوو دەتوانێت ماسکەکانی سەری خۆی بگۆرێت، لە مارکسیزمەوە بۆ ئیسلامیزم، لە ناسیونالیزمەوە بۆ لیبرالیزم، بێئەوەی هیچ یەکێک لەوانە قووڵ بتوانێت لابەلابوونەوەی راديكال لە خۆپێناسەكردنی شوناسدا بهێنێتەدی. ئایدۆلۆژیای سیاسی هەرچییەک و هەر چۆنێک بێت، سوبێکتەکان بێ گوێدانە ئەو ناوەڕۆکە ئایدۆلۆژییە، هەمیشە خۆیان بە نۆرم و ئەخلاق و سروشتێکی نەگۆر پێناسەدەکەن. هەر بەو هۆیەشەوە، عەقڵییەتی مەلایەک و فیمینیستێک، عەقڵییەتی پان ناسیونالیستێک و مەزهەبگەرایەک، مارکسیستێک و لیبرالیستێک لە جەوهەردا زۆر لە یەکدی دوورناکەونەوە. لێرەدا شوناسی سیاسی ناتوانێت هیچی ئەوتۆ گرنگ لە سیستمی بیرکردنەوە و هەستکردن و پەرچدانەوەکان بگۆڕێت. سیاسەت هێندەی تەکنیکێکی خۆ گونجاندنی نوێ پێشکەش بە سوبێکتەکان دەکات، هێندەی دەبێت بەو کایەیەی تێیدا سوبێکتەکان وەڵامی بانگەوازە ئایدۆلۆژییەکان دەدەنەوە، زەمینەیەک نییە بۆ گۆڕانی بیرکردنەوە و شۆڕشکردن بەسەر هەلومەرجە ترسناکەکانی بووندا. سیاسەت لە خۆرهەڵات  بووە بە مەیدانی بەستنەوەی هەتاهەتایی سوبێکت بە شوناسێکی ئەبەدییەوە. لەخۆرهەڵات سیاسەت دەبێتە گەورەترین کایەی دروستکردنی وەهم، جێگایەک بۆ گۆڕینی پرۆژەکانی گۆڕان لە پڕۆژەی ڕاستەقینە و ڕادیکالەوە، بۆ پڕۆژەی بارکراو بە ئەفسانە و فەنتازیا، بێئەوەی هیچ کات ئەم گۆرانکارییانە نە سوبێکتی نوێ، نە ڕوانینی نوێ، نە عەقڵییەتی نوێ بەرهەمبهێنن. ئیدی گواستنەوە لە نێوان ئایدۆلۆژیا سیاسییەکاندا هێندەی وەک لابردنی ماسکێک و دانانی ماسکێکی تر دەردەکەوێت، نیشانەی لابەلابوونەوە و پێچکردنەوەیەکی رادیکال نییە لە ڕوانیندا. بۆ نمونە : زۆرینەی سیاسییە کوردەکان هەم مارکسی بوون، هەم ناسیونالیست بوون، هەم لیبراڵ بوون، هەم خاڵی نین لە ڕەهەندی دینی قووڵ... هەموو ئەم زەڵاتە ئایدۆلۆژییەش نەوەک نیشانە نییە بۆ گۆڕان، بەڵکو نیشانەیە بۆ وەگەڕانی خودی گۆران بۆ پرۆسەیەکی سەتحی و کۆمیدیی ... لێرەدا کایەی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی لە خزمەت نەگۆڕێکی ئەبەدیدان، لەو پێناوەشدا ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پڕدەکەن لە مۆراڵێکی ئۆپۆرچینستیانە، شوناسەکان بۆئەوەی بژین و بمێننەوە، ئامادەدەبن هەموو جۆرە گەمە و مانۆڕ و بەهانەتاشییەک بکەن، ئیدی خودی سیاسەت کورتدەبێتەوە بۆ مانۆڕکردن و فێڵکردن و خۆگونجاندن و یەکدی فریودان، کە ئەستەمە هیچ ئایدۆلۆژیایەک بتوانێت بە عەقیدەیەکی نەگۆڕەوە تێیدا بژی. لەم فەزایدا، ئایدۆلۆژییەکان پارادۆکسە قووڵەکانی خۆیان ئاسایی و نۆرمالیزەدەکەن، دەبێتە شتێکی ئاسایی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا ببنە هاوپەیمان، لیبرالیزم ببێت بە پرد بۆ هاتنەسەرکاری هێزگەلی سەلەفی، ئەوپەڕی توندڕەوی دینی لەگەڵ جیهادی نیکاحدا کۆبکرێتەوە، فاشیزم بە دەمامکی لێبوردن و هەڵبژاردن خۆی داپۆشێت... هتد. ئەمجۆرە لە ئۆپۆرچینیزم سیفەتگەلێکی ترسناک بە سیاسەت دەبەخشێت، لەوانە: نەمانی عەقیدەی ڕۆشن  و سیاسەتی ڕۆشن. نوقمکردنی هەموو شتێک لە «ئیبهام» دا. ڕوون نەبوونەوەیەکی ئەبەدی شوناسی دۆست و دوژمن، ئەوەی هیچ هێزێک ناتوانێت متمانە بە هیچ هێزێکی دی بکات، ئەوەی ڕوون نییە چی مەترسییەکی سامناک لە هەناوی چی ئایدۆلۆژیایەکەوە دێتەدەرێ، ئەوەی روون نییە لە چ کاتێک و لەچی پنتێکدا ئەویدی پەلاماردەدات. ئەوانەش پێکڕا نیشانەی کارکردی «شوناسی کاتی»ـن کە جەوهەری ئیشی ئەوەیە، سیفەتێکی نەرم و بێ عەقیدە و پڕ ئیبهام بە شوناسەکان ببەخشێت. شوناسی کاتی ئەو فێڵ و مەکرەیە کە وادەکات شوناسی ئەبەدی، یاسای خۆپاراستن و مانەوەی هەتاهەتایی بە ناو جەنگی ماشێنە فاشیستییەکاندا تێپەڕێت و بمێنێتەوە. ئیدی خودی سیاسەتیش دەبێتە وەهمی کردار لە جیهانێکی پاسیڤ و نەبزۆکدا، دەبێتە ئەو کایەیەی هەستی گۆران پێشکەش بە گەمژەکان دەکات تا تەواو نائومێد نەبن، دەبێتە تلیاکێک بۆ سوبێکتەکان تا وابزانن لە ناو جەرگەی مێژوودا جەنگ بۆ جیهانێکی نوێ دەکەن.

بە کورتی شوناسی کاتی، بە پێچەوانەی شوناسی ئەبەدییەوە، دیوە ئیجراییەکەی شوناسە... دیوە فێڵباز و دەمامکدار و نمایشبازەکەیەتی. لێرەدا شوناس هەموو مەکری خۆی دەخاتە کار تا نەرم و دیپلۆمات و گۆڕانکار دەربکەوێت... کۆی گۆڕانکارییەکان کە هیچ لابەلابوونەوەیەکی مێژووییان بەدوادا نایەت، کۆی شۆڕشە درۆزنەکان کە بەرەو دواوە دەمانبەنەوە، کۆی دەستکەوتە تەکنۆلۆژییەکان کە هیچمان تێدا نوێ ناکەنەوە، زادەی ئەم دیوەی شوناسن، کە دونیای ئێمە پڕدەکات لە جوڵە و خرۆشانی درۆزن، تا ئەو ڕاستییە نەبینین کە لە بنەوەڕا، لە قووڵاییدا هەموو شتێک ئارام و خامۆشە.