Thursday 1 May 2014

کاندید



کاندید


کاندید زادەی ئەو خورافەتە قووڵەیە کە پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ هێنایە ژیانمانەوە. ئەو بوونەوەرێکی عاشق بە دەسەڵاتە، عاشقێک دوور لە جێگای ڕاستەقینەی خۆی. ئەو بەو دەسەڵاتە بچوک و سروشتی و سنووردارە ڕازی نییە کە ئێمە هەموو لە ناو خۆماندا ‌هەڵمانگرتووە، ئەو دەسەڵاتە سروشتی و سادەیەی کە ناتوانێت بڕیار بۆ هەمووان بدات، دەسەڵاتێک کە تەنیا دەسەڵاتە بەسەر ژیان و هەڵبژاردن  و بڕیاری خۆماندا. جیاوازی نێوان کاندید و مرۆڤی ئاسایی لەوەدایە کە ئێمە نامانەوێت لە بری هەموو کۆمەڵگا یان مێژوو قسەبکەین، کاندید هەمیشە جۆرێک لە تەماح و هەڕەشە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هەڕەشەی ئەوەی گەر بە ڕێگای ئەوەوە نەبێت، ئێمە دەکەوینە دەرەوەی مێژوو، دووردەبین لە بەشداریی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا، ناگەینە  شوێنی بڕیاردان. بەڵام لەگەڵ ئەم خواستە گەورەیەی قودرەتدا، کاندید بوونەوەرێکی بچوک و لاوازە، خودی کاندیدبوون هەوڵێکی ڕاکردنی مرۆڤە لە جێگای خۆی، ترسێکی ناوەکییە لە جۆرە بێهێزی و بچوکییەکی ئیفترازیی، هەڵهاتنی مرۆڤە لە سنوورەکانی خۆی، بەوەی لە نمایشێکی گەورەدا هەموو سنوورەکانی خۆمانی دەدەینە دەست. کاندید جۆرە بوونەوەرێکی نوێیە لە دونیای ئێمەدا، بەڵام زۆریش نوێ نییە، گەر کەمێک بوەستین و ڕابمێنین دەبینین وێنەی کاندید نزیکە لە نیگاری ئەولیا و ئەسحابە کۆنەکانەوە، ئەولیاکان میدیۆم و پەیوەندگری نێوان مرۆڤەکان و خودابوون، کاندیدەکانیش هەمان شت میدیۆمێکی هاوچەرخن لە نێوان ئێمە و ئەویدی گەورەدا، ئێمە و ئەو دەسەڵاتە نادیارەی کە جەستەی کۆمەڵایەتی دەباتەڕێوە، مەشایەخەکان پەیامی ئێمەیان دەبرد بۆ خودا، کاندیدەکان پەیامی ئێمە دەبەن بۆ «ئەویدی گەورە»، بۆ ناو سیستم، بۆ تۆڕە ئاڵۆزکەی دەسەڵات.


کاندید، لە دەرەوەی ئەو هاوکێشە سارتەرییە دەجوڵێتەوە کە دەڵێت مرۆڤ خۆی ماهییەتی خۆی دروستدەکات، ماهییەتی کاندید لەلای خۆی نییە، کاندید بوونەوەرێکە تەماحی لە هێزی ئێمەیە بۆ ئەوەی هەبێت، ئەو ماهییەتی خۆی دەخاتە دەست ئێمە، تا دواتر دەست بە سەر ماهییەتماندا بگرێت، ئێمە دەبێت جارێک هەڵیبژێرین، تا ئەو بتوانێت بۆ هەمیشە بریارمان بۆ بدات... ئەو تەنیا یەک پرسیارمان لێدەکات «منتان دەوێت یان نا?». پرسیارەکەی پرسیاری سوبێکتێکی ترساو و دوودڵە، بەڵام سوبێکتێکی ترسناک، سوبێکتێک هەموو شتێک دەکات بۆئەوەی  خۆی جوانبکات، ئەو هیچ کات ناپرسێت ئێمە کێین، ئێمە لە ڕوانگەی ئەودا مەخلوقاتی بێدەموچاوین کە گرنگ نییە چیین و چۆن دونیا دەبینین، پرسیارەکە هەمیشە ئەوەیە ئەو کێیە، دەنگدەر هیچ نییە جگە لەو کۆیلە هیگڵییەی کە شەرعییەت بە بوونی ئەو و سەروەری ئەو دەبەخشێت. لە ڕاستیدا ئەو بۆشاییەکی ڕەهایە، هیچییەکە کە ناتوانێت خۆی خۆی پڕبکاتەوە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگای ئەوانی دییەوە بوونی هەیە. کاندید ئاماژەیەکە بۆ بوونی ئینسان لە دۆخی بێفۆرمیدا، بۆ بوونەوەرێک کە لە هەموو وجودی پێشینەی خۆی دڵنیانییە، کەسێکە تەنیا بە دەستبەسەراگرتن بەسەر متمانەی ئەوانی دیدا دەتوانێت بوونی هەبێت.

کاندید بە چەند شتێکی سەرەکیدا پێناسەدەکرێت، یەکەم: تەنیا بە قەبووڵی ئێمە، بە بەخشینی دەسەڵاتی ئێمە، بوونی هەیە، بەر لەو هیچ نییە جگە لە مرۆڤێک کە ناتوانێت خۆی خۆی پێناسەبکات، هەڵەیەکی گەورە و باوە کە کە زۆرینەی خەڵکی وادەڕوانن کە کاندید بەر لەوەی خۆی هەڵبژێرێت، خۆی دەناسێت و دەزانێت کێیە و هێزی چەندە، بۆیە خۆی کاندید دەکات، بە پێچەوانەوە کاندید نازانێت کێیە، وجودێکی ترساو و ونە بەڵام بە تەماحێکی ئەهریمەنییەوە. دووهەم: کاندید، لە ڕێگای خاڵیکردنەوەی مرۆڤەکانی تر لەدەسەڵاتیان، دەتوانێت بژی، هێزی ئەو لەوەدایە کە هەزارن مرۆڤ ئازادانە دەسەڵاتی خۆیانی پێببەخشن، پەیمانێکی لەگەڵدا مۆربکەن، پەیمانێک لە هەموو شتێک دەچێت لە پەیمان نەبێت، ئیمزایە لەسەر کاغەزێکی سپی. لە ڕاستیدا پەیمانی فاوەست لەگەڵ شەیتاندا، باشترە لە پەیمانی ئێمە لەگەڵ کاندیدەکاندا، فاوەست ڕۆحی خۆی دەبەخشێت و زانستی بێسنوور وەردەگرێت، ئێمە هەموو دەسەڵاتی خۆمان دەبەخشین و هیچ وەرناگرینەوە. لێرەدایە دەتوانین بڵێین «مێستۆفێلس ـ شەیتان» دادپەروەرتر بوو لە ڕۆسۆ. پەیمانی فاوەستی لەگەڵ هەموو دیوە شەیتانییەکەیدا، پەیمانێکی عادیلانەترە لە پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ. کاندید کاغەزێکی سپی دەهێنێت و دەیەوێت ئەوانی تر ئیمزایبکەن. بوونی کاندید نیشانەی نەبوونی هیچ جۆرە پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە. بوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سیستمی ئێستا تەنیا لەسەر بێدەسەڵاتکردنی ڕەهای مرۆڤەکان لە دەسەڵاتی سروشتی خۆیان دەژی. گەر «دەسەڵات» دەرکەوتەیەک بێت کە لە هەموو لایەکەوە دێت و لە هەموو جێگایەکەوە هەڵدەقوڵێت، کەواتە مرۆڤەکان هەموو وە بۆ هەمیشە و لە هەموو جێگایەکدا دەبێت خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان بن، بەڵام کاندید ئەو بوونەوەرەیە کە ئەو دەسەڵاتە سروشتییە دەوەستێنێت، کاندید بوونی خۆی لەسەر نەفیکردنی دەسەڵاتی سروشتی ئینسانەکانی دی داڕشتووە، کاندید بەو مانایە نوێنەرمان نییە، ئێمە بگەێنێتە دەسەڵات، بەڵکو نوێنەرمانە دوای ئەوەی لە هەموو دەسەڵاتێکمان دەخات. ئەو تەنیا لەسەر نەفیکردنێکی ڕەهای ئێمە بوونی هەیە، بوونی ئەو نیشانەیەکی گەورەیە کە ئێمە نین، کە ئێمە هەموو دەسەڵاتەکانی خۆمان بەخشیوە. ئەمجۆرە لە خود نەفیکردنە، نەفییەکی دیالەکتیکی نییە، بەڵکو جۆرە دەستبەرداربوونێکی هەمیشەییە، شەرعییەتبەخشینە بە نەفییەکی هەمیشەیی، کاندید نیشانەیە بۆئەوەی مرۆڤەکان دەتوانن لە دەسەڵاتی خۆیان، لە هێزە سروشتییەکانی خۆیان هەڵبێن. مرۆڤ یەکجار و بۆ یەک کاندید دەستبەرداری دەسەڵاتی خۆی نابێت، بەڵکو یەکجار و بۆ هەمیشە دەستبەرداری دەسەڵاتی خۆی دەبێت، گەر بە مانا لاکانییەکە بدوێین، مرۆڤ یەکجار و بۆ هەمیشە و بێ پێداچوونەوە، هەموو مەرج ویاسا و بڕیارەکانی سیستمی ڕەمزی قەبووڵدەکاتەوە و ئیتر تا کۆتایی کەسانێکی تر لە بری ئەو دەژین و بڕیاردەدەن. کاندید نیشانەی نەفیکردنی مرۆڤەکانە بۆ روخساری خۆیان، ئەو تەنیا کەسێک نییە کە ئێمە دەکات بە ماسک، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ئێمە دەیکەینە ماسک. کاندید و دەنگدەر دوو سوبێکتی خاڵێین کە لە ناو یەکدا بۆ یەکتر دەگەڕێن. کاندید بۆشاییەکە کە خۆی بە بۆشاییەکی تر کە دەنگدەرە دادەپۆشێت.

پرسیارێک کە زۆر ڕەوایە بکرێت ئەوەیە: ئایا دەسەڵات لە بنەڕەتدا بەشدەکرێت?. تەواوی سیستمی سیاسی مۆدێرن لەسەر تێزی دابەشکردنی هەرچی زیاتری دەسەڵات دروستبووە. هاوکێشەکە خۆی لە خۆیدا نالۆژیکییە. دەسەڵات لە بنەرەتدا دابەشبووە، دەسەڵات هیچ کات لە یەک جێگا و سەرچاوەوە نایەت، تەواوی جەستەی کۆمەڵایەتی و تەواوی پنتەکان مینڕێژن بەدەسەڵات، هەموو مرۆڤێک پنتێکی تایبەتی درەوشانەوەی دەسەڵاتە. پرسیارەکە ئەوەیە: دابەشکردنی دەسەڵات، لەم  سیستمەدا کە ئێمە لە ناویدا دەژین، مانای چی?. لە ڕاستیدا دەسەڵاتە ڕاستەقینەکانی ناو سیستم دابەش ناکرێن، دەسەڵاتی ئابووری و دەسەلاتی ئەنستیوتە گرنگەکان و دەسەڵاتی سەرکوتکەری دەزگا دەوڵەتییەکان، ئەوە ئەو بەشەی دەسەڵاتن کە گوایە دەبێت بێلایەن بمێننەوە و دابەش نەبن. لە ساڵانی رابوردوودا تەنیا دروشمێک کە بەرزکرایەوە، ئەوەیە ڕەخنە لە دەستوەردانی حیزب بگرین لە بازاڕ، لە قەزا، لە زانکۆ، لە سوپا، لە ئەنستیوتەکانی تر. هەڵبەت ئەم ڕەخنەیە ڕەخنەیەکی گرنگ و ڕەوایە، بەڵام ڕەخنەیەکی نوقسانە، ڕەخنەیەکە گەر خۆی تەواونەکات، گەر لە ڕەخنەی حیزبەوە نەپەڕێتەوە بۆ ڕەخنەکردنی ئەو ئەنستیویتانەی تری دەسەڵات کە لە بواری ئابووری و قەزا و زانست و ئاسایشدا چالاکن، وەک ئەوەیە ڕەخنەکردنی حیزب دەمامکێکی ناشیرین بێت بۆ شاردنەوەی حەقیقەتی ترسناکی هەموو ئەو پرۆسێسانەی کە لە هەناوی ئەنستیوتەکانی تردا ڕوودەدەن. وەک ئەوەی سیستم پارچەیەک لە خۆی بکاتە قوربان تا درێژە بە تەمەنی 
بەشە بنەڕەتی و گرنگەکانی خۆی بدات.
 
ساڵانێک لەوەبەر، دەمێک قسەی زۆرم لەسەر تێزەی مەرگی حیزب کرد، هەمان مەبەستم بوو. مەبەستی گواستنەوەی ڕەخنە لە ڕەخنەی ڕووتەوە لە حیزب، بەرەو ڕەخنە لە تەواوی ئەو زنجیرە پرۆسێسە گەورەیە، کە کایەکانی تر دەبات بەڕێوە. چەندین ساڵە ڕەخنە تەنیا لە ئاستی ڕەخنەدا لە دەستوەردانی حیزب لە ئابوری و سوپا و زانست وەستاوە، وەک ئەوەی گەر حیزب دەستی کێشایەوە ئەم کایانە بۆ خۆیان هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی ترسناکیان نەبێت. قسە لێرەدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتە. وەک ئەوەی گەر حیزب دەستی لە بازاڕ کێشایەوە، کەپیتالیستەکانی تر خۆیان فریشتەبن. یان گەر حیزب دەستی لە سوپا و ئاسایش کێشایەوە، ئەم دەزگایانە ببن بە موڵکی هەمووان، یان گەر حیزب دەستی لە زانکۆ بەردا، راستەوخۆ عەقڵ ئازاد بێت و بەهرەکان بتەقنەوە و زانست لە ناو خۆیدا هیچ ڕێگرێکی ترسناکی نەبێت. سیستم لە چەندەها لق دروستبووە کە دەسەڵاتی تێدا بەش ناکرێت. بەڵام کاندید ئەو کەسەیە کە وەهمی دابەشکردنی دەسەڵات دەبەشێتەوە.

کاندید ئەکتەرە، دەزانێت کۆمەڵگا پێویستی بە دوو جێگا هەیە، یەکێکیان فەرمانڕەوا ڕاستەقینەکان تێیدا حاکمن، جێگایەکە  دەزگا ئابووری و عەسکەری و قەزایی و زانستییەکان کاری خۆیانی تێدا دەکەن، جێگایەکە دەسەڵات فرەیی و هەمەرەنگی و زۆر مۆدێلی قەبووڵ ناکات. لەگەڵ جێگایەکی دووهەمدا، جێگایەک وەکو شانۆیە، کارخانەیەکە ئەو وەهمە دروستدەکات گوایە هەموومان لە دەسەڵاتدا بەشدارین. کاندید کاڵای سەرەکی ئەو جێگا دووهەمەیە، ئەو ئامێرەیە کە ئەو وەهمە دەگوازێتەوە و دەیچەسپێنێت کە هەموو خاوەنی دەسەڵاتین، کە خۆمان ئەو جیهانە دروستدەکەین کە تێیدا دەژین، ئەو سیستمەی هەیە دەرەنجامی هەڵبژاردن و بڕیاری ئازادی ئێمەیە.  کاندید پردێکی کاتییە، ئەو دەمامکەیە سیستەم دەیکاتە سەری تا ناوێکی تر لە خۆی بنێت کە ناوی خۆی نییە، لە کاتێکدا سیستەم بە سەرمایەدارە گەورەکان و بنەماڵە گەورەکان و ئەفسەرە گەورەکان و دیندارە گەورەکان و سەرۆکە ئەبەدییەکانی خۆی حوکمدەکات، کاندید ئەو ئەکتەرە بچوکەیە کە لەسەر شانۆ ئەو وەهمە سەوزدەکات کە ئەو دەسەڵاتێکی هەیە و ئێمەش لە ڕێگای ئەوەوە دەسەڵاتێکمان هەیە... ئەو ئاماژەیەکی درۆزنە، کە بەجۆرێکی وەهمی ئارەزووی بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا لای زۆرینەی مرۆڤەکان تێردەکات.

بەڵام ئەو هەر دەماکێک نییە کە سیستم دەیکاتە سەری تا نەیناسینەوە، بەڵکو دەمامکێکیشە ئێمە دەیکەینە سەری خۆمان تا بێدەسەڵاتی و زەوتکردنی ئیرادەی خۆمان نەبینن، کاندید ئەو وەهمەمان بۆ دەچەسپێنێت کە ئەو شتەی لێمان زەوتکراوە، زەوتکردن نەبووە بەڵکو بەخشین بووە. ئەو دەسەڵاتەی لێمان سەندراوە و دزراوە، خۆمان ئازادانە بەخشیومانە. سیستم ئەو هێزە تاریکەیە هەر شتێک نەتوانێت لە ڕاستیدا بیبەخشێت، بە نمایش دەیبەخشێت.  ئەو پادشا و سەرۆکانەی شەرعییەتیان نییە لە نمایشێکی گەورەدا شەرعییەتیان پێدەبەخشرێت، ئەو کۆمپانیا گەورانەی جیهان بەڕێوەدەبن، لە نمایشێکی گەورەدا دەخرێنە دواوە و بیردەبرێنەوە، ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی لای کەسانی ترە، وادەردەخرێت وەک لای ئێمە بێت، ئەو پەیمانەی مۆرمان نەکردوە وادەردەخرێت وەک مۆرمان کردبێت، ئەو هێزەی لێمان سەندراوە وادەردەخرێت کە ئازادانە بەخشیومانە.  ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەوەیە، ئەو دۆخە تەواو بیریدەچێتەوە کە کاندید دواجار ئەکتەرێکی کاتییە، ڕۆڵێکی نمایشی بچوکی هەیە، دەبێت دەربکەوێت و دواتر بڕوات و کرێی نمایشەکەی خۆی وەربگرێت و بیربچێتەوە. کاندید پێیوایە خۆی لە خۆیەوە بۆتە خاوەنی سیحرێک و شەرعییەتێک، بیریدەچێتەوە ئەو خۆی هیچ نییە جگە لە ڕۆڵەکەی. ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە مارکس تێیدا قسەی لە فیتشیزم دەکرد، وەک ونبوونی سەرچاوەی ڕاستەقینەی شتەکان، وەک وەرگرتنی قودسییەت و بەهایەک یان جەوهەرێک کە لە بنەڕەتدا لە ناخی شتەکان خۆیانەوە نەهاتوون. بۆ نمونە مرۆڤ بیریدەچێتەوە کە زێڕ خۆی کانزایەکە وەک هەر کانزایەکی تر و ئەوە مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە ئەوەیان پێ بەخشیوە کە  نرخێکی جادوویی هەبێت، مرۆڤەکان زوو لە یادیدەکەن ئەو شتانەی دەیانپەرستن لەدەستکردنی خۆیانن. کاندیدەکانیش زوو لە یادیدەکەن کە ئەوان «جگە لە بوونی ئینسانیان» نرخێکی گەورە و گران و گرنگیان نییە، جۆرێکن لە «فیتش»ی کاتی و زوو مەسرەفکراو. کاندید بوونەوەرێکی بێ ماهییەتە کە هیچ کات بەهای لە خۆیەوە هەڵناقوڵێت ، بەڵکو نرخی تەنیا بە نرخی ئەو شانۆگەرییەوە بەستراوە کە تێیدا بەشدارە. کاندیدەکان جۆرێکن لە  کاڵا کە یەک جار مەسرەف دەکرێن، دواتر توڕدەدەرێنە دەرەوە و زۆرینەیان وەک پاشەڕۆی بێکەڵکیان لێ دێت کە هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێنەوە سەر شانۆ، گەر شانسێکی دووهەمیان وەرگرت، ئەوا دیسان هەمان نمایش پێشکەشدەکەن و هەمان دەق دەخوێننەوە و هەمان پنتی مەسرەفن کە دەبێت ئامادەبن بۆ فڕێدان... کاندید بوونەوەرێکە ، تەنیا کاتێک تێدەگات لە نمایشدا بووە کە نمایش تەواو دەبێت. بوونەوەرێکە حەقیقەتی لەدەرەوەی خۆیەتی، لای کەسانێکی تر و لە جێگایەکی تر.