Wednesday 29 January 2014

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی سێ




 ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی سێ 
دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا


مەنسوور تەیفووری: کەواتە لە سەرەتاوە زاراوەیەک جیادەکەینەوە: " کاپیتالیزمی خۆرهەڵاتی" کە وەک دیارە بنچینە و کارەکانی جیاوازییان لەگەڵ کاپیتالیزمی کلاسیکی خۆرئاواییدا هەیە، جۆرێک لە کاپیتالیزم کە ئەگەری جۆرێ لۆکالێ " فاشیزمی لە هەناودایە. ئەم دوو ئایدیایە ئەو بنچینەیە دەبن کە من هەوڵ دەدەم لە بەشەکانی ئەم وتووێژەدا درێژەیان پێ بدەین. دو زاراوە کە هەست دەکەم توانای گشتاندن و داڕشتنی زیاتریان هەیە و رەنگە وەرچەرخانێک لە خودی کارە تیۆریەکانی ئێوەدا بن، لە گوتاری مانەوەوە تا ماشینە فاشیستیەکان.
بەختیار عەلی: بابەتی فاشیزم لە نوسینی مندا شتێکی نوێ نییە، نە لە واقعدا نوێیە و نە لە نوسینەکانی پێشووترمدا ... یەکەمین وتارم دوای ڕاپەڕین و لە لاپەڕەی یەکی ژمارە یەکی گۆڤاری ئازادیدا لەسەر فاشیزم بوو، بەداخەوە خۆم وتارەکەم نەماوە و نازانم گەر لای کەسێک پارێزارو بێت. دواتر، لەم قۆناغە نوێیەدا، کتێبی ئیمان و جەنگاوەرانی یەکەمین ئاگادارکردنەوەی گەورە بوو لەو فاشیزمە، فاشیزمێک لە دەوری بیرۆکەی موقەدەس دەسوڕێتەوە، موقەدەسێکی ئەسڵی و ئەبەدی کە دەشێت یەکێتی و مانا ببەخشێت بە کۆمەڵگا، فاشیزمێک بە ناوی ڕۆحی نەتەوەوە قسەدەکات و ئارەزووی زیندووکردنەوەی دیوە جەنگاوەرەکەی ئەم ڕۆحەیە. موقەدەسێک ئێستا بۆتە دەلالەتێکی خاڵی و دەکرێت هەرجارەی شتێکی بخرێتە جێگا و بە جۆرە بتێکی پیرۆز پڕبکرێتەوە، جارێک ناوی موقەدەسی دینییە، جارێک ناوی موقەدەسی ناسیونالیستییە، جارێکیش موقەدەساتە تازەکانی لیبرالییەتە، لە شێوەی چەمکی دەوڵەتی بەهێز کە دەبێت نیشتیمانمان بۆ دروستبکات، پەرلەمانی بەهێز و بازاڕی ئازاد. یاخود کۆلاجێکە لە هەموو ئەم موقەدەساتانە، بە بڕوای من هیچ کات چەمکی «کۆلاجی ئایدۆلۆژی» واتە کۆپیکردنەوەی دین لە ناو ئایدۆلۆژییەکانی تری وەک ناسیونالیزم و لیبرالییەتدا یان بە پێچەوانەوە، وەک ئەمڕۆ ڕەهەندێکی ترسناکی وەرنەگرتووە. فەزای فاشیستی هەم لە شەڕی خوێناویی ئەم موقەدەسانە و هەم لە هاوکاری و تەحالوفیان لەگەڵ یەکتردا دروستبووە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دروستبووە ناتوانێت بەبێ یەکێک لەم موقەدەساتانە بژی و هەناسە بدات. فاشیزم ئەو هێزەیە کە کۆنترۆڵی مەعبەدەکە دەکات، ڕەفتار دەبەخشێتە موقەدەسەکان، واتە ئەو وزەیەیە کە وادەکات موقەدەسێک لە موقەدەسەکان، بە جۆرێکی توند دونیای پاک و پیسی خۆی جیابکاتەوە، ماترێکسێکی دینی ئەبەدی زیندووبکاتەوە. فاشیزم ئەو ماترێکس یان ئەو بۆتەیەیە کە موقەدەساتە گەورەکان کۆدەکاتەوە، قاڵبی دیلکردنی شتەکانە لە دوو لانەی باش و خراپ، خێر و شەڕ، ئەوی شەیتان و ئێمەی جەنگاوەرانی ڕێگای عەدالەت. رووی وشەی فاشیزم لەم ماترێکسەیە. زاراوەی فاشیزم تا ئەندازەیەکی زۆر بۆئەوەیە سیفەتی خراپ و شەیتانی لە فەردەکان بکەینەوە، بۆئەوەی «لە ناو پەیوەندییەکاندا ـ مۆتیڤەکاندا ـ شێواندنە قووڵەکانی غەریزەدا ـ پێکدادانی سەمبولەکاندا ـ پیشەسازیی دروستکردنی وەهمدا ـ ئیشی سیستماتیکی تەکنۆلۆژیادا ـ شێوەی دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا ـ دروستبوونی هێزی نوێی سەربازیدا ... هتد» بۆ ڕیشەی ئەم هەموو خوێنە بگەڕێین. شوێنی گەڕان بە دوای فاشیزمدا، مۆراڵی باش و خراپی ئینسانەکان نییە، خودی زاراوەکە بۆ شکاندنی دوالیزمە گنوسییەکانە سەبارەت بە تاریکی ـ روناکی، پاک ـ پیس، خائین ـ جوامێر، جەنگاوەر ـ کۆیلە، بەڵکو گێڕانەوەیەتی بۆ هۆکارەکانی لە ناو ئەو ڕەفتارە گشتیانەی، کە لە لێکدانی مۆدێرنە و کەپیتالیزم و فۆرمە سیاسییەکانی پێش مۆدێرنە دروستبووە، واتە گێڕانەوەیەتی بۆ بنەما ئۆبێکتیڤ و مێژووییەکانی. کە قسە لە ماشێنی فاشیستی دەکەین مانای ئەوە نییە لای مرۆڤە تاکەکان بۆ فاشیزم بگەڕێین، بەڵکو سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە، هەوڵە بۆ گێڕانەوەی توندوتیژیی بۆ ناو سیاقەکان، بۆ ئەو جەبر و ترسەی کە مرۆڤەکان و شوناسەکان تێیدەکەون. لە ڕاستیدا گەر من بمگووتبایە ئەوە هەندێ سیاسی نەخۆش، یاخود حیزبی نەخۆش، یان مۆدێلێکی سیاسی هەڵە کارەساتەکەی دروستکردوە، ئەوکات دەشێت ئەم دەرەنجامگیرییەی لێ بکرێت، بەڵام من لە سەرەتاوە قسەم لە بونیادێکی گەورەیە، لە پارادیم و ژێرخانێکی مەتریالی و عەقڵییە، هەوڵی من بۆ تێگەیشتن لە فاشیزم تێپەڕاندن و لادانی ئەو قاڵبەیە، قسە لە سەرەتاوە لەسەر بونیادێکی مێژوویی دیاریکراوە کە بە کاریگەریی کۆمەڵێک فاکتەری مەتریالی و دەرونی زۆر گەورە وادەکات پەیوەندی نێوان شوناسەکان ببێتە پەیوەندییەکی خوێناوی... پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ هەموو پەیوەندییە سیاسییەکان بە ئەگەری تەقینەوەی کوشندە بارکراون? بۆ «بەرزەمنی سیاسی» لە ناو گروپ و فەردەکاندا هێند بەهێزە? بۆ «وێنەی دوژمن» هەمیشە لە «وێنەی ئاژەڵ» نزیکدەبێتەوە? بۆ «نەستی سیاسیمان» سروشتێکی پارانۆیی وەردەگرێت? چی سیستمی نوێی توندوتیژیی بە فۆرمە کلاسیکییەکانی توندوتیژییەوە دەبەستێتەوە?. ئیشی من لە ناو وەڵامی ئەو پرسیارانەدایە.
بە بروای من، وەڵامی ئەم پرسیارانە لە دەرەوەی هەر بۆچوونێکی سادە دەربارەی ستراکتوریی دەسەڵات بەدەستدێت، کێشەی فاشیزم تەنیا کێشەی پەیوەندی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نییە، تەنیا کێشەی سوڵتانێک و بنەماڵەکەی نییە، تەنیا بۆ خوێندنەوەی سروشتی حاکمان نییە، بۆئەوە نییە بزانین کێ سوڵتان تەڵەبە و کێ دیموکراتە، هەر دوو هێزە فاشییەکەی ئەوروپا لە ئیتالیا و ئەڵمانیا بە شێوازی دیموکراسی و لە هەناوی سیستمی دابەشبوونی دەسەڵاتەکانەوە هاتنەدەر. کێشەکە لەوەدا کۆتایی نایەت گەر دەسەڵاتەکان لای هێزێک کۆنەبوونەوە، ئیتر ئەگەری فاشیزم بوونی نەمێنێت، ئەمڕۆ لە عێراق و سوریا دەسەڵاتەکان لای هێزێک کۆنەبوونەتەوە و بەسەر دەیان و سەدان سەنتەری گەورە و بچوکدا دابەشبوون و فاشیزمیش لە ترۆپکی چالاکی خۆیدا دەژی و لە هیچ جێگایەکی ناوچەکە، وەک ئەم دوو وڵاتە فاشیزم لە لوتکەدا نییە. گێڕانەوەی کێشەکان بۆ ئەم ئاستە و چەواشەکردنی مرۆڤەکان بەوەی کە گرفتەکانیان بە دابەشکردنی هەرچی زۆرتری دەسەڵاتەکان چارەدەبێت، بۆچوونێکە جێگای بەزەییە، ئەمە جۆرە بیرکردنەوەیەکە دەیەوێت بە عەقڵییەتی سەدەی هەژدە و زاراوەکانی پێش شۆڕشی فەرەنسی دونیا تەفسیربکات. پرسیاری سەرەکی لە ئێستادا بۆ ئێمە لە فاشیزم ئەوەیە بۆ هەموو گروپێک لە خۆرهەڵات بە دیواری توند خۆی لە دونیا جیادەکاتەوە، بۆ «ئەویدی» وەک هەڕەشەیەکی پەنهان و گەورە لە بوونی من سەیردەکرێت، هەستێک وادەکات «ئەویدی» بکەینە دەرەوە یان تەواو لێی بترسین و بمانەوێت وێرانیبکەین? واتە لە خۆرهەڵاتدا، کێشەی ئامێزانبوونی کۆمەڵایەتی ـ ئەنتیگرەیشنی شوناسە جیاوازەکان لەگەڵ یەکدا هەیە، بەوەدا «ئەویدی» هەمیشە ئەویدییەکی ترسناکە، بەوەدا شیعە هەمیشە سوننە بە شتێکی ترسناک دەبینێت، بەوەدا سوننە شیعە بە رافیزە و مەجوس تێدەگات، بەوەدا کورد لای میللەتانی دی «وێنەی دوژمن» ـی هەیە، بەوەدا خودی کوردی لە ترسێکی گەورەدا بەرامبەر دونیا و بەرامبەر «ئەویدی» دەژی، بەوەدا دەسەڵات لەسەر شەیتانیکردنی ئۆپۆزسیۆن ئیشدەکات، ئۆپۆزسیۆن لەسەر بنەمای شەیتانیکردنی هەموو یەکێک ئیشدەکات لەو نەچێت، لێرەدایە خودی سیاسەت پردەبێت لە خواستی سەربڕین، خواستی دەرکردن، خواستی خۆدوورخستنەوە و خۆپاراستن، پڕدەبێت لە کاراکتەری پارانۆیی، سیاسی ئیگۆیست. مەسەلەی فاشیزم لێرەدا، پرسیارێکە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی فۆرمی کۆمەڵایەتی و هەرەسی پرۆسەی «ئامێزان بوونی کۆمەڵایەتی» دەکرێت، واتە چی وادەکات لە خۆرهەڵات دروستبوونی کۆمەڵگا، واتە گردبوونەوە و ڕێکخستنی هاوبەش تا ئەو ئەندازەیە مەحاڵ بێت، بۆ ئەم مەحاڵبوونە لە پەرچەکرداری فاشیستیدا خۆی دەردەخات و تەنیا زمانێکی وێرانکار دەدۆزێتەوە?. وەڵامی ئەم پرسیارە بە زاراوەی سوڵتانی و پادشایی نادرێتەوە، بەس نییە بڵێین دەسەڵات لە جێگایەکدا کۆبۆتەوە و گەر ئازادیبکەین و دابەشیبکەین، ئیتر دەرگای فاشییەتمان داخستووە، ئەم زاراوانە بە کەڵکی شیکردنەوەی فۆرمە زۆر دێرینەکانی حوکمڕانیش نایەن، نەوەک بۆ ئەم فۆرمە نوێ و ئاڵۆزانەی سەردەمی جیهانگیریی بشێن. ئەمجۆرە لە دیدگا بۆ کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی بە سیستمێکی تیوریی هێند لاواز ئیشدەکات، وەک ئەوەیە لای ئەم عەقڵییەتە هێشتا مارکس ڕەخنەی لە کەپیتالیزم نەگرتبێت، هێشتا فرۆید باسی نەستی نەکردبێت، هێشتا لاکان هیچی لەسەر ئارەزوو نەنوسیبێت، هێشتا «هایدگەر» ڕەخنەی تەکنۆلۆژیای نەکردبێت، هێشتا ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر ڕەخنەیان لە عەقڵی دیالەکتیکی نەگرتبێت، هێشتا فۆکۆ لەسەر دەسەڵات و مەعریفەی نەنوسیبێت، هێشتا دۆلۆز شتێکی لەسەر «ماشێنەکانی ئارەزوو» نەگووتبێت... هێشتا لاکلاو و ژیژیک و بادیۆ لەدایک نەبووبن. وەک ئەوەی زانست و فیکر هیچ میتۆدێکیان بۆ خوێندنەوەی دیاردەکان پێ نەبەخشی بین. بۆئەوەی لە خۆرهەڵات تێبگەین، هەم پێویستمان بە تێگەیشتن لە جەوهەری تەکنۆلۆژیای مۆدێرن هەیە، هەم پێویستمان بە چەمکی نەست و غەریزەی مەرگ و ئارەزوو و لەزەت هەیە، واتە پێویستمان بە مارکس و فرۆید و لاکان و دۆلۆز و دەیان تێزەی تر هەیە کە دەبێت بیانخەینە کار، خۆرهەڵات بە هەندێک تێرمی سەرەتایی شیناکرێتەوە کە قوتابیانی سیاسەت لە کۆرسی یەکەمی پۆلی یەکەم دەربارەی مۆدێلەکانی حوکم دەیخوێنن. ناسینی خۆرهەڵاتی نوێ «لەوانە بەشە کوردییەکەشی» بە زاراوەی سیاسی سادە کە لە وەسفی حاکم و مۆدێلی حوکمڕانیدا گیردەخۆن و دەوەستن نەوەک هەر مەحاڵە، بەڵکو سادەکردنەوەی کێشەکانە تا ئەو جێگایەی بکرێت دروشمی سیاسی زەقیان بۆ بەکارهێنانی پۆپۆلیستی لێ دروستبکرێت.
بە گشتی لە ڕوانینی مندا، نە فەرد هەیە کە بە جەوهەر فاشیست بێت، نە هێزیش هەیە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دروستبوونییەوە نوێنەری شەیتان بێت لەسەر زەوی، نە هیتلەر لە لە دایکبوونییەوە هیتلەر بووە و نە مۆسۆلینی، بەڵکو فاکتەرگەلێک یان کۆنتێکستێکی مادیی و مێژووی و کولتووری و سایکۆلۆژی هەن کە ترس لە ناو شوناسەکاندا دروستدەکەن و ئامادەگییان پێدەبەخشن بەجۆرێکی فۆبیایی و پڕ ترس لەگەڵ جیهاندا بەرخوردبکەن، ئەو سیستمەی فاشیزمی دروستکردوە ناوی کەپیتالیزمە و هەر ناونانێکی تر هەڵهاتن و خۆدزینەوەیە، نەمانی ئەگەری فاشیزم لە خۆرهەڵاتیشدا بە نەمانی ئەم فۆرمە لە کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی دڕندە و سەرەتاییەوە گرێدراوە، بەڵام کەپیتالیزم سیستمێکی سیاسی ـ ئابووری ڕووت نییە، بەڵکو ماترێکسێکی دینی و کولتووری و سەمبولی و ئەخلاقیشە، لێرەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی ڕووت نییە . خودی وشەی فاشیزمیش، زاراوەیەکی سیاسی رووت نییە ، وەک چۆن فاشیزم خۆی دیاردەیەکی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو کاریگەریی دەرکەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر فاکتەرە لە ناو کایەی سیاسییدا، کە دیارە هەوڵی منیش بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی هەندێکیانە.... بۆیە ئەم خاڵانەم باسکرد تا خوێنەر بچێتەوە سەر کۆی تێڕوانینی من و بزانێت لە سەرەتاوە هەوڵی من لە کۆی کێشەکاندا بۆ گەیشتنە بە جێگایەکی دوورتر لەوەی سیاسەت و دروشم و شەڕی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن داوایدەکەن. وشەکە راستەوخۆ بە هەموو مێژووی نوسینی منەوە نوساوە. ڕۆمان و نوسینی من خاڵی نەبووە لەو هاوارە دژ بە فاشیزم. لە مەرگی تاقانەوە، لە قەسیدەی نیشتیمانەوە، بەجۆرێکی بەردەوام لەسەر فاشیزم دەنوسم ... گەڕانەوەشی لە ئێستادا هەوڵە بۆ تەواوکردنی سوڕێکی گرنگ لە ناو بازنەکەدا، چەمکی فاشیزم، چەمکێکی گرنگە بۆئەوەی لە تەواوی چەمکەکانی تر تێبگەین کە لەو بیست و پێنج ساڵەی دواییدا کەم و زۆر بەکارمهێناون، وەک چەمکی «کۆمەڵگای پرسە» «غەیبانییەت» «گووتاری مانەوە» «کۆلاجی ئایدۆلۆژی» «مردنی حیزب» و چەندان چەمکی تریش ... چەمکی فاشیزم لای من شتێکی نوێ نییە، بەڵکو تێگەیشتنی ئەستەمە بە بێ خوێندنەوەی زۆرینەی وتارەکانی پێشووش. فاشیزم لێرەدا زاراوەیەکە تەنیا لە ڕێگای پەیوەندی بە زاراوەکانی ترەوە دەتوانێت تەواو ئیشبکات، تەنیا پێکەوەش سیستمێک لە ئامڕازی تەفسیرکردن پێکدەهێنن. ئەوەی نوێیە زاراوەی خۆرهەڵاتییە لە پاڵ فاشیزمدا. واتە تێگەیشتن لە فاشیزم لە رووبەرێکی جوگرافی و مێژوویی دیاریکراودا، تێگەیشتن لەسەر هەڵدان و بناوانە گەورەکانی لە ناو ئەو دونیا ئاڵۆزەی سەدەی بیستدا، خوێندنەوەی لە ڕێگای کۆمەڵێک تەوەر و پەیوەندی و چەمکی نوێوە. واتە گرنگ نییە بزانین فاشیزم هەیە، گرنگ ئەوەیە بزانین بۆ هەیە و چۆن هەیە و چۆن وزە وەردەگرێت و چی دەکات و چۆن درێژە بە خۆی دەدات، واتە بتوانین پەیوەندیی بە مۆدێرنەوە بخوێنینەوە، بەو زەمینەلەرزە گەورانەی هاتنی سیستمێکی نوێ لە هەناوی شوێنەکان و جەستە سیاسییەکان و شوناسەکاندا دروستیاندەکات، قسەی من لەسەر پەیوەندی توندوتیژییە لەگەڵ بنەماکانی کەپیتالیزم و هاتنی تەکنۆلۆژیاوە، قسەیە لە کارکردی مۆدێرنە لە پرۆسەی روخان و دروستبوونەوەی شوناسەکاندا لە هەناوی سەدەی بیستدا، هەڵبەت بەو ڕەهەندە سایکۆلۆژییە نوێیانەشەوە «لە ئاست سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا» کە لەم فەزایەدا هاتوونە مەیدان و ئەکتیڤ بوون. ئەمە ئەو بەشە گرنگەیە کە بە هیوام بتوانین زۆرتر قسەی لەسەر بکەین. هەڵبەت ئەوەم لە یادنەچێت، کە قسە لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی دەکەین، مانای ئەوە نییە کە فاشیزمی خۆرهەڵاتی ئەسڵەن لە هیچدا لە فاشیزمی خۆرئاوایی ناچێت، فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەڵگری زۆرینەی سیفەتەکانی فاشیزمی خۆرئاواییە، بەزیادەی چەندین دیاردە و دەرکەوتەی ترسناکتریش... کە هیوادارم لەم قسانەماندا دەرفەتمان بێت باسی لێوە بکەین.

Wednesday 22 January 2014

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی دوو


 ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی دوو 

دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا

مەنسوری تەیفوریی: بەڵام چەمکەکە بە جۆرێکی ناسروشتی، هەندێک توڕە دەکات. دەمەوێت لە هۆکەی بپرسم یان خۆتان ئەوە چۆن دەبینن?
بەختیار عەلی: دژایەتی چەمکی فاشیزم بەوجۆرە هیستیرییە، شتێکی چاوەڕوانکراوە، زاراوەکە لە گوێچکەی زۆرکەسدا زڕینگەیەکی سامناک و ناخۆشی هەیە. جگە لەوە دەتوانی هەموو ئەو وتارانە بخوێنیتەوە کە لەسەر چەمکەکە نوسراون، تا ببینیت، بە چ «عەقڵێکی کەتەلۆگی» لەسەر بابەتەکە قسەدەکرێت، عەقڵییەتێک لە چوارچێوەی وێنەیەکی زیهنیدا دەوەستێت و ناتوانێت ئاسۆی نوێ لە ناو زاراوەکەدا بکاتەوە. دڵنیام زاراوەی وەها عەقڵییەتی سیاسی ئێمە تووشی پەشێوییەکی ناوخۆیی گەورە دەکات. هیچ هێزێک قەبووڵی نییە بچێتە ژێر خانەیەکی وەها ترسناکەوە... دوائەوە زاراوەکە لەم ساڵانەی دواییدا بووە بە ژێر پەیمان و مژدەکانی پەرلەمانتاریزم و دیموکراسیەتەوە، وەک چەمکێکی فەرامۆشکراو و بیرکراوی لێهاتووە. ئێستا لە ناکاو زاراوەکە دێتەوە و دەیەوێت شتێکی نوێ بڵێت. ئەمجارە قسە هەر لەسەر هێزێکی فاشیستیش نییە لە ناو کۆمەڵێک هێزی تردا کە بە فاشیزم نامۆن، جنێوێکی سیاسی نییە بەرەیەک بیدات بە بەرەیەکی تر، بەڵکو لەوە دوورتر دەڕۆین و دەڵێین فاشیزم یەک هێز نییە، بەڵکو ژێرخانی نهێنی هەموو سەردەمەکەیە، ئەو ڕەحمەیە کە خودی پرۆسەی سیاسی تێیدا لە دایکدەبێت، پارادایمێکی گەورەیە کە کۆنترۆڵی نەستی سیاسیمانی کردوە، شوناس نییە بەڵکو ئەو فاکتەرە گەورەیە کە شوناس دروستدەکات، لێرەدا ڕاچڵەکان و شۆک و توڕەبوون شتێکی ئاساییە، من تێیدەگەم، کێشەشم لەگەڵیدا نییە. خۆت دەزانیت عەقڵییەتی سیاسی ئێمە، تەواوی هێلکەکانی خۆی فڕێداوەتە سەبەتەی شێوازیی پەرلەمانتارییەوە، هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆن ئەو فۆرمەیان وەک نیشانەیەک بۆ بوونی کۆمەڵگایەکی دیموکراس و مۆدێرن قەبووڵکردوە. کە فاشیزم لێرە بوو، گەمەی هەڵبژاردن و پەرلەمان و گۆرینی حکومەت دەبنە کۆمەڵێک یاری کە پەردە بەسەر یارییەکی ترسناکتردا دەدەنەوە. وشەکە ڕادیکالانە درۆی ئەو ژیانە سیاسییە ئاشکرادەکات کە تێیدا دەژین. فاشیزم ئەو بەشە ژەهراوییەیە کە لە هەموو سێوەکاندا هەیە، هەموو سێوێک لە سێوەکان کە لە تاریکیدا قەپاڵی لێدەگرین، دەشێت ژەهراوی بێت، ئەوەی من دەیبینم، ئەوەیە زۆربەی رۆشنبیران چراکەیان کوژاندۆتەوە و ژوورەکەیان تەواو تاریککردوە و ئەوسا قەپاڵ لەسێوەکە دەگرن، دەرەنجامی ئەو قەپاڵەش، تەسلیمبوونی ڕۆشنبیریی و سیاسەتی ئێمەیە بە ئەفسانەکانی ڕیفۆرم و پەرلەمانتاریزم و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی موئەسەسات، دەوڵەتی ئەمنی بەهێز کە تێیدا دەزگا ئەمنییەکان باش بە کاری خۆیان هەستن. واتە تەواوی ئەو تێزانەی کە بازووی دەوڵەت و دەزگاکان بەرامبەر مرۆڤی تاک و کەسی بێ ئینتیمای سیاسی بەهێزدەکات، تەواوی ئەو پرۆسەیەی کە فاشیزمی عەرەبی و تورکی وئێرانی پێیدا ڕۆیشتووە و خۆرهەڵاتی گەیاندۆتە ئێرە، بەس بە مەکیاژێکی کەمێک لیبراڵیتر. لێرەدا دەبێت دوو خاڵی گرنگی دیکە بە تەواویی ڕوونبکەمەوە:
یەکەم: کە قسە لە ڕۆشنبیریی لیبرال یان پۆزەتیڤیست دەکەم، قسەم لە کەسێک یان نوسەرێک نییە، من ڕووم لە گووتارێکی باوە، گووتارێکی زاڵ کە تەواوی ڕۆشنبیریی کوردیی گرتۆتەوە. قسەی من دەربارەی شکاندنی ئەو دیوارە ئاسنینایە کە سیستمێکی تایبەتی روانین، لە ژیان و سەرماندا چاندوێتی، کردنەوەی پەنجەرەیەکی ترە، تا بڵێین دەکرێت لێرەشەوە شتەکان بەجۆرێکی تر ببینین.
دووەم: دەبێت ئەوەش بە ڕوونی بڵێم کە دەڵێم فیکری نیولیبراڵ یان لیبراڵ مەبەستم لە قوتابخانەی لیبراڵی خۆرئاوایی نییە، بەڵکو قسەم لەم کۆپییە خۆرهەڵاتییەی لیبرالییەتە، لە ڕاستیدا ناوێکی تر نادۆزمەوە بۆ ناونانی، ئەگینا لکاندنی وشەی لیبرال بەمجۆرە گووتارەوە، شتێک لە زوڵمی دەرهەق بە خودی لیبرالییەت تێدایە. بەڵام چۆن مارکسیزمی خۆرهەڵاتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و فەلسەفی بە مارکسەوە نەبوو، تەنیا فۆرمێکی ئایدۆلۆژی مارکسیزم بوو کە بارکرابوو بە ڕۆحی ململانێ سیاسییە لۆکاڵەکان، لیبرالییەتی خۆرهەڵاتیش هەمان شێوە کارێکی بە مەرجەعە بنەڕەتی و فەلسەفییەکانی لیبرالییەتەوە نییە، بەڵکو قاوغە دەرەکییەکەیەتی، کاژە بێسوودەکەیەتی، کە بێ پرسیار وەرگیراوە و کراوە بە کڵێشەیەکی موقەدەس. من رام وایە ئەمڕۆ، زۆربەی تێزەکان کەوتوونەتە ژێر خانەی ڕوانینی لیبرالەوە بۆ کۆمەڵگا، ئەو ڕوانینە، ڕوانینی هەرە بەربڵاوە، پێکڕا ئەم تێزانە، وەک بەڵگەنەویست و تێزی سروشتی و بێ هیچ خوێندنەوە و گومانێک بەسەر تەواوی فەزای سیاسی و ڕۆژنامەگەری و عەقڵی گشتیدا سەپێنراون، زۆرینەی «جەماوەر» بە بڕێکی زۆری
ئەوانەشەوە کە لە ژێر کاریگەریی گووتاری دینیدان، بەو شێوەزمان و قسەیە بەستراونەتەوە و لە قاڵب دراون، بەجۆرێک قسەکردن لە بیرکردنەوەیەکی تر، لە ڕوانینێکی تر بۆ سیاسەت و دەسەڵات وەک ئەفسانە و نامومکین دەردەکەوێت. کۆی ئەمانەش لە نەبوون و بێواری تەواوەتیدا بۆ چەمکی مرۆڤ، چەمکی ئازادی، چەمکی ئارەزوو و دەیان چەمکی گرنگی دیکەدا ئەنجامدەدرێن یان گەر باسیش بکرێن، تەواوی کێشەکان دەبرێنەوە بۆ لای دەوڵەت تا چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، واتە گۆشتەکە دەخرێتەوە بەردەمی پشیلەکە. کێشەکەش لەوەدایە ئەم گووتار و دیسکۆرسەیان، وەک تاکە شێوەی بیرکردنەوەی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن بوون و خەباتکردن دژی سیستم تۆمارکردوە. ئەمە کێشەکەیە، کێشە لەگەڵ کەسێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو لەگەڵ سیستمێکی گەورە و دیکتاتۆریی و عەقڵ خەسێندایە کە جاران لە ژێر دەمامکی مارکسی، یان ئیسلامیدا ئیشیدەکرد، ئێستا لە ژێر دەمامکی هەمەڕەنگی حیزبی و پەرلەمانتاریزمدا ئیشدەکات، لە عەقڵی دینییەوە تا دەگەینە سەر عەقڵی لیبراڵی ـ پەرلەمانتاریستی هیچ شتێک لە بونیادی زیهنی و قاڵبەکانی تێفکرینی ئێمە نەگۆڕاوە. پەرلەمانتاریزم دەمامکێکی گەورەیە کە کۆمەڵێک شتی ترسناک دەشارێتەوە، پەرلەمانتاریزم درێژکردنەوەی ئەو پرۆسە غەیبانییەیە کە لە ناو ئیسلامیزم و مارکسیزم و ناسیونالیزمدا بینیمان. ڕۆحی ئەم لیبرالیزمە ئایدۆلۆژییە لەخزمەت فاشییەتدایە، لەبەرئەوەی یەکەم: لە خزمەت بەهێزکردنی ئەو دەزگا ئەمنی و پۆلیسی و عەسکەریانەدایە کە ناویان لە خۆیان ناوە حیزب، واتە شەرعییەت بەخشینە بە کۆمەڵێک دەزگای کۆنترۆڵ و دیسپلینی ترسناکی ئینسان، حیزب لە خۆرهەڵاتدا ماشێنێکی ئەمنی، دیسپلینکەر و میلیشییاییە، نەوەک یەکەیەکی سیاسی بێت، هیچ حیزبێکی گەورە لە خۆرهەڵاتدا نییە لە مێژووی پەنجا ساڵی رابوردوودا، وەک دەزگایەکی دیسپلین و ئەمنی ئیشی نەکردبێت. دووەم: جگە لە بەهێزکردنی حیزب، ئەم گووتارە لە خزمەت بەهێزکردنی دەوڵەتدایە، ترسناکترین ماشێنی فاشیستی ئەم دەڤەرە. سێهەم: لەوەش بەدتر ئەم گووتارە لە خزمەت بازاڕی ئازاددایە، کە لە خۆرهەڵات بە مانای دەستبەسەراگرتنی موتڵەق و رەهای سەرمایەی بەهێز بە سەر سەرمایەی لاوازدا، بەوەدا پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە پەیوەندییەکی بە خودی بازاڕەوە نییە و دەرەنجامی کار و بازرگانی نییە، بازاڕی ئازاد دەبێتە ئەو ماشێنەی کە بەردەوام سەرمایە دەکاتەوە بە «سەرمایەیەکی سیاسی»... واتە تەنیا ئەوانە دەیخەنە کار و ئەوانە دەیجوڵێنن و ئەوانە کەناڵی هاتوچۆی دیاریدەکەن و ئەوانە قازانجە گەورەکەی وەردەگرنەوە کە کۆنترۆڵی رەهای کایەی سیاسەتیشیان لە دەستدایە. بەوەش دوا قسەیەک کە لیبرالییەتی ئێمە لەسەر لیبرالییەت هەیبێت کۆتایی دێت. عەقڵی لیبراڵ و پۆزەتیڤیست فۆرمە نوێکەی ئەو پارادیمە فاشیستییەیە کە لە جێگاکانی تر یان لە سەردەمەکانی پێشووتردا، بەرگی ناسیونالیستی، بەرگی دینی یان تایەفەگەرا یان مارکسیستی پۆشیبوو.
ئەم دیسکۆرسە نە لەڕووی سیاسییەوە نە لە ڕووی فیکرییەوە یەک نوێنەری نییە تا ئێمە یەخەی بگرین. ئەم گووتارە پەرلەمانتارییە، لە دوای هەرەسی بلۆکی خۆرهەڵات، لە دوای ڕاپەڕین لای ئێمە، دوای شەڕی ناوخۆ، دوای گەیشتنی شەڕی چەکدار لە باکور و خۆرهەڵاتی کوردستان بە بونبەست، دوای ڕوخانی سەدام و دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی و تەقینەوەی ئابووری، دوای دەرکەوتنی دەموچاوی ترسناکی گووتاری دینی لە فۆرمی قاعیدە و تاڵەباندا، وەک دیسکۆرسێکی سیاسی سیحراوی لە هەموو جێگا و خانەیەکەوە هەڵقوڵا، جێگای بە ناسیونالیزم لێژکرد و هاتە پێشێ. قسەی من لەسەر ڕەخنەکردنی ئەو دیسکۆرسەیە. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە، ئەمە خاڵێکە دەبێت تێیدا بوەستین و بپرسین: ئایا بە راست ئێمە بە ڕێگای ڕاستەکەدا هاتووین? ئەمە ئەو پرسیارە مێژوویەیە کە غائیبە و ناکرێت.
ئێستا هەموو فیکری خۆیان لەسەر هاوجووتکردنەوەی تەواوی پەرلەمانتاریزم و دیموکراسییەت داڕشتوە، کە هاوجووتکردنەوەیەکی سەد دەر سەد هەڵەیە. هەموو هێزەکان، هێنانی کورسییەکی زیاد لە پەرلەماندا وەک سەرکەوتنێکی خورافی بەسەر زوڵم و ستەمدا سەیردەکەن. کێشە گەورەکانی وەک کێشەی ئازادی، کێشەی ئابووری، کێشەی شێوازی ژیان، کێشەی شێواندن و بەستنەوەی مرۆڤەکان بە یاسا، کێشەی بە ئاژەڵکردنی ژن، کێشەی بە قانونیکردنی ڕۆحی کۆنزەرڤاتیزم و گۆڕینی بۆ مۆراڵی سەپاو بەسەر هەموو مرۆڤەکاندا، کێشەی کۆنترۆڵی ترسناکی جەستە و نوێکردنەوەی بەردەوامی کولتووری چەپاندن، کێشەی لەدایکبوونی کۆمەڵگایەک کە هەستی جوانی و هونەری تێدا مردوە، کێشەی راسیزمی ڕۆژانەی مرۆڤەکان و شارەکان و توێژەکان دژ بەیەک، کێشەی سەرهەڵدانی میدیایەک کە بەردەوام دوای هەست و عەقڵی عەوام کەوتووە، کێشەی وەرگەڕانی منداڵان لە باوەشی خێزاندا بۆ مەکینەی ترسناکی بەرخۆریی، کێشەی مردنی شاعیرییەت و خەیاڵ لە هەموو ژیانماندا، کێشەی چاندنی کەپیتالیزم وەک دۆخێکی سروشتی و ئەبەدی و نەگۆڕ لە ناو هوشیاریی مرۆڤ و گەنجەکاندا، ئەمانە و دەیان کێشەی ستراتیژی گەورە لە هەناوی کایەی سیاسی ئێمە و لە عەقڵی بەشە توڕەکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، کورتکراوەتەوە بۆ یەک شت، بۆ کێشەی بودجە. ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێمە هەموو دونیا و گەردون و سیستمی لە جوغزێکی بچوکی خورافیانەدا کۆکردۆتەوە و ناوی ناوە کێشەی بودجە و لەو
ڕێگایەشەوە هەم مانا و هەم وەزیفەی خۆی بچوککردۆتەوە. ئەوەی من دەیڵێم، لە ناخیدا هاوارێکە بۆ وەستان، بۆ گێڕانەوەی دونیای ئێمە بۆ سەر وێنە ڕاستەقینەکەی، هەوڵە بۆ گێڕانەوەی ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ سەر مانا ڕادیکالە راستەقینەکەی. بە بڕوای من دەبێت چراکە ڕۆشنبکەینەوە و بیر لە رێگایەکی تر بکەینەوە... خواردنی سێوی سێهەم و بەمجۆرە و لە تاریکیدا، ترسناکە. فاشیزم نەخەوتووە، نەڕۆیشتوە، لێرەبووە و هەمیشەش تا ئێستا لێرەیە، هێند هەیە دەمامکەکانی زوو زوو دەگۆڕێت.
بە ڕوویەکی دیدا، گووتاری ئەنتی فاشیستییە، گووتارێک نییە بۆ بەهێزکردنی ئایدۆلۆژیایەک یان حیزبێک، یان تێزێکی دیاریکراو، بەڵکو گووتاری بەهێزکردنی فەردە بەرامبەر سیستم و کۆمەڵگا و دەزگاکان . دوورخستنەوەی مرۆڤی ئێمەیە لەو خورافەتەی وا بزانێت حیزبێک یان هێزێکی سیاسی بێ هیچ باجێک لەسەر ئازادی ئەو، هیچ جۆرە مافێکی بۆ دابیندەکات، ڕازینەبوون بە دروستبوونی هیچ دەزگایەکی بەهێز، لە ژێر هیچ ناونیشانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و چینایەتی بێئەوەی ئازادییەک بۆ ئینسانی تاک، بۆ فەردی تەنیا و بێئینتیما زامنکرابێت، تێزێک وادەزانم لە سەرەتاوە لە نوسینی مندا بوونی هەبووە. ئەوەی من باسیدەکەم، لە ناو حیزبدا دوایی نایەت، ڕەنگە هەر لەسیاسەتیشدا دوایی نەیەت، ئامانجەکانی لەوێدا نییە، بەڵکو زیاتر هەوڵە بۆ ئەوەی دۆلۆز ناویدەنێت جیاکردنەوەی ئارەزووە ئینسانییەکانمان لە ئارەزووە فاشیستییەکان. واتە هاوارە بۆ جۆرێک لە «مرۆڤبوون» کە بە ئاسانی دیسپلین نەکرێت، هەمیشە لەسەر هێڵەکانی دەربازبوون، گۆڕان، نەگیران ئیشدەکات، مرۆڤێک کە نابێت بە ئەندام یان بە دەم و دان و دەست و عەقڵ و چاوی هیچ دەزگایەک. ئەنتی فاشیزم هەمیشە نۆماد، کۆچەری و گەڕۆکە، بەجۆرێک سیستم نەتوانێت کۆنترۆڵیبکات، مەرج نییە ئازادی و یاخیبوون هەمیشە لە فۆرمی سیاسیدا دەربکەوێت، یان پێویستی بە گووتاری سیاسی ڕووت بێت تا دژی سیستم بێت، بەڵام بەردەوام دژی ئەو فۆرمانەی ئینتیما و بەستنەوەیە کە کایەی سیاسی دروستیاندەکات . ئەنتی فاشیست، بەجۆرێکی تەکتیکی دەزگاکان بەکاردەهێنێت، واتە وەک شوێنی تێپەڕین، کەناڵی پەڕینەوە، شوێنی نیشتەجێی کاتی سەیریاندەکات. لە جیهانێکدا کە وەکو فیلیکس گویتاری دەڵێت «هەموو دەیانەوێت ببنە فاشیست»، بڕوا بە هیچ دەزگایەک ناکرێت، نە لە چەپ و نە لە ڕاست، ئەوەش سەرەتا دروستکردنی فەردێکە کە هەمیشە ئامادەبێت ئینتیمای سیاسی لە پێناوی ئازادی زیاتردا بپچڕێنێت. مەبەست لە بینینی فاشیزم بە گەورەیی ئەوەیە، مرۆڤ ئەندامی هەر ڕێکخراوێک بێت، بزانێت لەگەڵ هێزێکدا مامەڵەدەکات کە پڕە لە «ئەگەری فاشیستی»، لێرەوە بە بڕوای من وشەکە، ڕادیکالانە شتەکان لە شوێنی خۆیان دەجوڵێنێت. هەر شتێکیش ئەم دونیایە دووبارە نەکاتەوە، لای پارادایمە فاشیستییەکە ترسناکە، ئەوە پرەنسیپی یەکەمی گووتاری مانەوەشە، ڕوکنە پیرۆزەکەیەتی، شتەکان دەبێت بژین و بمێننەوە و وەک خۆشیان دووبارەببنەوە. گووتاری مانەوە لە قووڵاییدا گووتاری ڕێگرتنە لە دروستبوونی جیاوازیی، بریتییە لە گووتاری «گەڕانەوەی ئەبەدیی ئەوەی هەیە» «پاراستنی هەتاهەتایی من بە شێوەی خۆی بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان». فاشیزمیش ئەو فۆبیایەیە کە لە جیاوازی و ترسی نەمانەوە دروستدەبێت. توندوتیژیی زۆر بریتییە لەو ترسەی کە لە فۆبیای لەناوچوونەوە دروستدەبێت، لێرەوە سیفەتی سەرەکی گووتاری مانەوە، خۆبەستنەوە و دەست بەسەر گرتنی تەرمی مردووەکانە... عیبادەتی مردوو لە ژێر دروشم و بە مەبەستی جیاواز ئەوە ڕۆحی سیستمەکەیە، عیبادەتی مردوو هەر لای ئەوانە نییە کە خۆیان دەتەقێننەوە، یان لەو شیوەنە جەماعییەدا نییە کە دوای کوژرانی سەمبولێکی سیاسی بەرپادەکرێت، بەڵکو لە هەموو جێگایەک و خانەیەکدا ئیشدەکات، مردووەکان دەبێت بژین و هەبن و بمێنن. لە هەڵوێستدا بەرامبەر نەخۆشی تاڵەبانی بۆمان ڕووندەبێتەوە، چ نزیکییەکی ترسناک لە نێوان گووتاری مانەوە و مۆراڵی فاشیستیدا هەیە. «مردن» جەمسەری پێچەوانەی چەمکی «مانەوەی جاویدان و هەتاهەتاییە»، لێرەوە مردن «یان پەککەوتن و لەکارکەوتن» دەبێت هەمیشە ئینکاربکرێت، هەمیشە بشاردرێتەوە، تەنیا کاتێک دەبێت ڕابگەێنرێت کە زیندوویەکی زۆر بەهێزی تر بتوانێت دایبپۆشێت، فاشیزم ڕاگەیاندنی جاویدانەگی منە بەرامبەر شوناسەکانی تر، وەک ئەو تیرۆریستەی خۆی دەتەقێنێتەوە، بەڵام پێیوایە نامرێت، بەڵکو پێشیوایە لەو ڕێگایەوە جاویدانەگی و نەمریی خۆی ڕادەگەێنێت، ئەوەی لە تەقینەوەکەدا دەمرن، ئەوانی ترن نەوەک ئەو ... «نە ـ مردنی» ئەو تیرۆریستەی کە خۆی دەتەقێنێتەوە و «نە ـ مردنی» تاڵەبانی ، یەک میکانیزم لە پشتیانە، یەک گووتار، یەک قاڵبی زیهنی و ڕەمزی، گووتاری منێک کە نابێت بمرێت، کە هەمیشەییە، لە دەرەوەی زەمان و گۆڕان و بایۆلۆژیایە، عەقڵی فاشیستی بەمجۆرە بیردەکاتەوە: ئەوەی دەمرێت و دەبێت بمرێت ئەوانی ترن، ئەوەشی دەمێنێتەوە و جاویدانە و مردن ناتوانێت بیکوژێت ئێمەین. لە فاشیزمدا «مردن» و هاوواتاکانی تری وەک «ریسواکردن، ئابرووبردن، تەکفیر یان بەخائینکردن» هێڵی جیاکردنەوەیە، ئەو سنوورەیە کە منی سوبێکتی فاشیستی لەوانی تر جیادەکاتەوە. لێرەوە فاشیزمی خۆرهەڵاتی بەردەوام لەسەر سنوورەکان و وێنەکانی ژیان و مردن، کوشتن و زیندووبوونەوە ئیشدەکات. مردن مەجازێکی سیاسییە بۆ هەموو ئەوانەی سوبێکتی فاشی لە ژێر هەر بەهانەیەکدا بێت دەیەوێت بیانکوژێت «بە ڕەمزی بێت یان بە واقعی»، نەمری و قارەمانێتی و
جاویدانەگیش موڵکی ئەوانەیە کە ئەو پیرۆزیان دەکات. بە کورتی چەمکی فاشیزم هێزێکی شیکاری گەورەی تێدایە کە وادەکات زۆر کەس لێی بترسێت.

Tuesday 14 January 2014

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - بەشی یه‌ك


ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، بەشی یەکەمە لە دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری و بەختیار عەلیدا، هەفتانە لێرەوە بەش بەش بڵاویدەکەینەوە.

 ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی ١
دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا


مەنسوور تەیفووری: ئیدەی ئەکەمم بەم جۆرە دەست پێدەکەم، هەوڵەکەش ئەوە دەبێت لەپڕ لە ئیدەی تازە هەڵکەوین، ئەمەش وادەکات بە جۆرێک لە ژوونالیزم و پرسیاری ئامادە و وەڵامی کڵێشەییش بترازێین، بە تایبەت لەو پرسیارانەی وەک کڵێشەی نامەی ئیدارییان لێهاتووە: لە پڕ ناوێکی تازە هات، ناوێک کە رەنگە بە خەیاڵدا نەهێنرابێت، کەچی کەس وەها روون و ئاشکرا ناوی نەبرد، یان باشترە بڵێین بەدینەکردوە : فاشیزمێک خەوتووە و خەریکی بەخەبەر هاتنە. ئێوە ئەمەتان لە نێوکۆییەکدا بەکارهێناوە کە تەنیا دوو دەیەیە لە راپەڕینەکەی دژی جۆرێک فاشیزم تێدەپەڕێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە، وەک دەزانن فاشیزم دوو ماشینی گەورەی دەوڵەتیی خاوەن ریز و رێکێتیمان بیردەخاتەوە، ئاڵمان و ئیتالیا، دەزگای رێک و پێک و وردکار، ئەفسەر و لەشکری رازاوە و بەدەستوور، پیشەسازیی گەورەی جەنگی، کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و جەماوەری بە جۆش و هەڵچوو. کەچی ئەم نیشانانە لەو ناوکۆییەدا ئێوە باسی فاشیزمی تێدا دەکەن، ونە. ئەمە چۆن لێکبدەینەوە؟ با روونتر بڵێم: فاشیزم نوێبۆتەوە؟ فۆرمی گۆڕیوە؟ یان گەر بە پێی تەعبیرەکەی ئێوە بێت فاشیزم لە دەوڵەت زیاترە و دەبێ رەگەکانی لە جێگەی دیکەدا بپشکنین، ئەمە بۆیە دەلێم چونکوو " کراواتدارەکانی نێو ماشین" وەک " ئاکادمیستەکان" دەتوانن خێرا دەست ببەن بۆ قامووسێکی زاراوە سیاسیەکان و بڵێن: "ئەوەتا کێشەی میتۆد، بڕوانە نا_ئاکادیمیزم"، هاوکاتی ئەوەی زاراوەشیان بۆ پیشنیار  یان مۆرەیان بۆ هەڵدان نەبێت. بڵێین ئەمە جۆرێک گاز گرتنە لە "سێهەم سێوەکە"؟
بەختیار عەلی: نا، من بڕیارمداوە نەچمە ناو گفتوگۆی بێزەنتییەوە لەگەڵ کەسدا، بە تایبەت ئەوانەی دەتوانن چوار وتارت لەسەر بنوسین، بێئەوەی هەوڵیان دابێت هیچ شتێکی جەوهەری لە تێزەکەت بخوێننەوە. موهاتەرات و موزایەدەی سیاسی و تۆمەت بەشکردن، ئیشی من نییە. هیچ کەسێک لە مرۆڤێک ترسناکتر نییە، کە توانای نوسینی هەیە، بەڵام توانای خوێندنەوەی نەماوە، ئەمڕۆ بە بەربڵاوی سەروکارمان لەگەڵ جۆرە نوسەر و ڕۆشنبیرانێکدایە لەو جۆرە، مرۆڤ لەگەڵ ئەمانەدا جگە لە کات بە فیڕۆدان، هیچی چنگ ناکەوێت، دیالۆگ کاتێک دروستدەبێت، بەرامبەرەکەت گوێبگرێت، بخوێنێتەوە، یان لایەنیکەم بوەستێت تا تۆ خۆت ڕووندەکەیتەوە، تێزەکەت دەگەێنیتە کۆتایی. بۆ تێگەیشتن لە مانای چەمکی فاشیزم بەوجۆرەی کە من بەکاریدەهێنم، چوار مەرج یان دەروازەی سەرەتایی و پێشوەخت پێویستن، کە بەمجۆرە ڕونیاندەکەمەوە.
خاڵی سەرەتایی یەکەم: عەقڵمان لە سنووری سلێمانی و هەولێر بهێنینە دەرێ، بتوانین کە دەڕوانین تەواوی ناوچەکە و تەواوی مێژووی سەدەی بیستمان لە بەرچاو بێت، من چەمکەکە وا بەکارناهێنم لە سنووری شارەوانی سلێمانیدا دونیای پێبخوێنینەوە، ئەوەی قسەی لەسەر دەکەین مێژووی خوێناوی خۆرهەڵاتە لە سەد ساڵی ڕابوردوودا، بە هەموو جەنگ و ئایدۆلۆژیا و دەوڵەت و حیزب و ئۆپۆزسیۆنە خوێناوییەکانییەوە. کە باس لە فاشیزم دەکەین، نیاز نییە تەنیا یەکێتی و پارتی پێ بخوێنینەوە، بەڵکو مەبەست خوێندنەوەی مێژووی توندوتیژییە لە خۆرهەڵات. من پێموایە یەک ڕووداوی گرنگ لە مێژووی خۆرهەڵاتدا هەیە، یەک جوڵاندنی گەورەی مێژوویی، ئەویش نزیکبوونەوەی خۆرهەڵات و خۆرئاوایە لە یەکدی لە ساتی هاتنی مۆدێرنەدا، هاوشان بە هاتنی سوپا ئیمپریالیستییەکان بۆ خۆرهەڵات، ئەو ساتەی کە مارکسیش دەیخوێنێتەوە دەڵێت، مێژووییەکی بەردین و دووبارە هەیە و بەم بەریەککەوتنە، جوڵەیەکی نوێ پەیدا دەکات. ئەم ساتە سەرەتای دەرکەوتنی دوو فۆرمی گرنگن، یەکێکیان کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتییە، کە فۆرمە ئابورییەکەی مۆدێرنەیە، لەگەڵ فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا، کە گوزارشتە لە پەرچەکردارە جیاوازەکانی ناو شوناسە جیاوازەکان. بە واتایەکی تر، ساتی سەرهەڵدانی زمانێکی توندوتیژی نوێیە، کە دەبێت بە شێوازی زاڵی قسەکردن لە ناو کۆی کایەی سیاسیدا .
خاڵی سەرەتایی دووەم: سەیرنەکردنی فاشیزم، وەک خەسڵەتی بزاوتێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی دیاریکراو، بەڵکو وەک ناوێک بۆ ئەو پەیوەندییە خوێناوییەی مرۆڤەکان و شوناسەکان و جیاوازییەکان بەیەکەوە گرێدەدات، واتە فاشیزمی خۆرهەڵاتی زاراوەیەکە بۆ وەسفی ئەو ڕۆحە گشتییەی لە ناو ئەو بۆتەیەدا زاڵبووە کە تێیدا دەژین، ئەو بۆتەیەی فەیلەسوفێکی وەک فۆکۆ ناوی دیسپۆزەتیڤی لێدەنێت.  واتە ئەو هێزەی کە زمانی قسەکردنمان دیاریدەکات، سروشتی حەقیقەت و سروشتی خەون دەستنیشاندەکات ، شتی مەنتیقی و نامەنتیقی، عەقڵانی و ناعەقڵانیمان بۆ جیادەکاتەوە. بە واتایەکی تر بوونی هێزێکی زۆر گەورەی چەپێنەر لە ناو جیهانبینی و سیستمی گووتار و ڕوانین و زمانماندا کە بوونی «ئەویدی» دەکات بە شتێکی ترسناک، بوونی هەموو شتێکی نامۆ  وەک  هەڕەشەیەکی وجودیی گەورە سەیردەکات، لە ناوەڕاستی فاشیزمدا هەمیشە «ئەویدییەکی» ترسناک هەیە کە یان وێرانماندەکات یان دەبێت وێرانیبکەین، ئەم «ئەویدییە» ترسناکە لە هەموو جێگایەک و لە هەموو پنتێک و لە هەموو ئایدۆلۆژیاکان و هەموو ساتە مێژووییەکان و لای کۆی شوناسەکان هەیە، لەبەرئەوە ئەمە خاڵی هاوبەشی تەواوی کایەکەیە کە ماشێنی شوناسە جیاجیاکان دەخاتە گەڕ، ئەمە دیاردەیەک نییە لای کورد هەبێت و لای عەرەب نەبێت، لای شیعە هەبێت و لای سوننە نەبێت، بە پێچەوانەوە چەپاندنی وێنەی ئینسانی ئەویدی، گۆڕینی «ئینسان» بۆ شتێکی چەپێنراو و غائیب، مرۆڤ وەک «مکبوت» دەبێتە پارادایمی سەرەکی. ئەویدی دەبێتە شتێک کە هیچ کات ناگەینە یەک، هیچ شتێک کۆمان ناکاتەوە، لێرەدا مۆنۆپۆڵکردنی وێنەی ئینسان بەس بۆ من و هاوشوناسەکانم  هەیە، من و ئەوەی من هەڵیدەبژێرم، وە ناردنی ئەویدی و ڕوانین لێی وەک بوویەکی حەیوانی، بە کورتی ئەنیمالیزەکردنی ئەویدی.  «ئەنیمالیزە ـ بە حەیوانکردنی ئەویدی» بەرەو خوێندنەوەیەکی قووڵ و بەربڵاومان لە زمان و کولتوور و خەون و سیاسەت دەبات. من لە هەموو جێگایەکی ژیان و قسە و ڕوانینی مرۆڤی خۆرهەڵاتدا، ئەو پرۆسە سایکۆ ـ سیاسییە قووڵە دەبینم، کە لەوە دەرچووە، دیاردەیەکی پەراوێزیی بێت، پرۆسەیەکە نەستی سیاسیمان بەردەوام بە تیورە و بە گووتار و بە تێزەکانی ماکیاژی بۆ دەکات و دەیشارێتەوە. ماشێنی فاشیستی ئەو جێگایەیە کە تێیدا خودی ئینسانیمان پێویستی بە ڕاگرتنی خودێکی حەیوانی دی هەیە، ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو بەرامبەر بە خۆی،  تا لە بوونی ئینسانی خۆی دڵنیابێت، فاشیزمیش  گواستنەوەی بەربڵاوی ئەم پرۆسێسە دەرونیەیە بە کۆمەلێک میکانیزم و پلەی جیاواز جیاواز بۆ ناو سیاسەت.
خاڵی سەرەتایی سێهەم: ئەم چەمکە تەواو لە دژ وە بە پێچەوانەی ئەو ڕوانینە تەقلیدییەوە بۆ سیاسەت ئیشدەکات، کە سیاسەت وەک زمانی ئایدۆلۆژی گروپێک یان شوناسێک یان چینێک دەزانێت، سیاسەت لێرەدا گوزارشتە لە ترسێکی قووڵی ناوەکی، نە کەرەستەی تەعبیری فیکری هێزێکە لە هێزەکان لە خۆی، نە ئەداتی ڕێکخستن و کۆنترۆلکردن و بەڕێوەبردنە، بەڵکو کۆبوونەوەی ناڕێک و تۆپەڵ ئاسای گروهێکی بەشەرییە لە دەوری ترسێک و داڵدەیەک و ئەمانێک، لەدەوری وێنەیەکی هاوبەشی دوژمن، یان بە مانا دۆلۆزییەکە بۆتەیەکە کە تێیدا خواستی خۆپاراستن و خۆشاردنەوە و خۆتێرکردن و خۆخاڵیکردنەوە و خۆئۆرگازمکردن ئیشدەکات. ئەوەش وادەکات کایەی سیاسی خۆی بە گشتی بە بارگەی فاشیستیانەوە و ئەگەری تەقینەوەی ترسناک بارکرابێت. لێرەدا بە کارهێنانی پێناسەکانی سیاسەت لە خۆرئاوادا، بۆ پێناسەکردنی سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا، پوچ و بێبەهایە. لە پشت زاراوەی فاشیزمەوە، پرسیارێکی بنەڕەتیتر و گەورەتر هەیە کە هەوڵدەدەم وەڵامیبدەمەوە، سیاسەت لە خۆرهەڵات چییە?. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، نە لۆک، نە ڕۆسۆ، نە مارکس ڕاستەوخۆ بەدەردمان ناخۆن، دەبێت بۆ وەڵامی فەندەمنتالتر و ڕوونتر بگەڕێین، چەمکی فاشیزم بەشێکە لەو هەوڵە، ئەو چەمکە دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، شتێک لە ناواخنی پارادایمە تاریکەکە ئاشکرادەکات، کە دەتوانین لەوێوە بڕۆینە ناوەوە یان لایەنیکەم بەجۆرێکی سەرەتایش بووە، بیری لێ بکەینەوە.
خاڵی سەرەتایی چوارەم: زیگمۆند باومان باس لە عەقڵی مرۆڤی مۆدێرن دەکات، وەک عەقڵێکی یاساخواز، کە تێیدا دەوڵەت ڕۆڵی باغەوان دەبینێت، باغەوانێک کە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی مۆدێرنە، سەبارەت بە رێکخستنی تەواو، سیستم و نەزمی جوان،  پلاندانان و دڵسۆزی بۆ کار  لە خۆی دەگرێت، ئەو پێیوایە ئەم بۆچوونە فاشیستییە سەبارەت بە «دەوڵەتی باغەوان» تەبا و هاوجووتە لەگەڵ خواست و تێگەیشتنی مۆدێرنە خۆیدا لە دەوڵەت، واتە لە نێوان ئیدیالی مۆدێرنە و ئیدیالی فاشیستیدا بۆ دەوڵەت، هێندەی لێکچوون و هاوشێوەیی هەیە لێکترازان و دابڕان نییە. ئەم تێزەیە بە بەربڵاوی هاتۆتە خۆرهەڵات و کوردستان، هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی بەهێز، دەوڵەتێک هەموومان لە خۆی بگرێت، دەوڵەتێک  هیچ ڕووبەرێک لە دەرەوەی دەوڵەت فەرامۆش نەکات، ئەرکی دروستکردنی هارمۆنییەت و گونجاندن و لە ئامێزگرتن بێت، ئەم بۆچوونە بۆ دەوڵەت کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیرە نیولیبرالەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە، پێکەوە ئیشی بۆ دەکەن، تێزەیەکی ترسناکە و جەوهەرێکی فاشیستیانەی هەیە. هەر سیاسەتێکی ئەلتەرناتیڤ، سەرەتا دەبێت ڕەخنە لە رۆحیەتی بەهێزکردنی دەوڵەت بگرێت، دەوڵەت بە گشتی، نەک دەوڵەت کە موڵکی حیزبێک بوو خراپە، بەڵام کە بوو بە موڵکی چوار حیزب، ئیتر وا وێنا بکرێت بووە بە موڵکی ئینسانەکان و کۆمەڵگا.  ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم درۆیە کە لیبرالییەت بە فاشییەتەوە گرێدەداتەوە، سەرەتایەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە تێڕوانین بۆ دەوڵەت وەک باغەوان. دەوڵەت دەزگایەکی سەربەخۆی، خودخواز و کۆنترۆڵکەرە، تا بەهێزتر بێت، تا شەرعییەتی پتر بێت، هێزی لەسەر کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردن و لە قاڵبدانی ئینسان گەورەتر دەبێت. هێزی کۆمەڵگا لەوەدایە بەشێکی بەهێزی هەمیشە لە دەرەوەی دەوڵەت بێت، لە دۆخی مقاوەمەی دەوڵەت و دەزگا سێبەرەکانیدا بێت، دژ بە چەمکی ڕێکی و دیسپلین و خزاندنی ئینسانەکان بێت بۆ ناو پڕۆژە و پلانە گەورەکان. ئەو تێزەیەی کە ئێستا  بە ناوی دەوڵەتێک کە «دەبێت نیشتیمان دروستبکات» «دەوڵەتێک دەبێت مرۆڤ و هاوڵاتی دروستبکات» بڵاوبۆتەوە، دەوڵەتێکی بەهێز کە دەبێت بە سوپایەکی بەهێز، بە دەزگای ئەمنی بەهێز هاوڵاتیانی بپارێزێت، تێزێکی فاشیستیانە و سەر بە ڕەهەندە تۆتالیتارەکەی مۆدێرنەیە. جگە لەوەی لە مێژووی مۆدێرنی خۆرهەڵاتدا، دەوڵەت هیچ کات هاوڵاتیانی لە هیچ شتێک نەپاراستوە، خودی جەنگەکانی، خودی دروشمە ناسیۆنالیستییەکانی بەشێک بوون لە ئیشێکی سیستماتیک بۆ لە ناوبردن و دیسپلینکردنی مرۆڤەکان لە چوارچێوەی خەیاڵات و خەونی فاشیستیانەی شوناسە گەورەکاندا. لێرەوە  نیولیبرالە کوردەکان، پۆزەتیڤیستەکان کاتێک فیکری لیبراڵ دەهێنن، تەنیا ئەو بەشەی دەهێنن کە بە پلەی یەک ئەفسانەی دەوڵەتێکی مرۆڤدۆست و عادیل بڵاودەکاتەوە، دەوڵەتێک لە بنەڕەتدا لەسەر زەوی بوونی نییە، ستایشی فۆرمی «دەوڵەتی باغەوان» یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی عەقڵی سیاسی ئێمە، وە بڕێکی زۆری ڕەخنەی ئەمڕۆی ئەو گووتارە نیولیبراڵەی لە کوردستان و خۆرهەڵات زاڵە لە دەسەڵات ئەوەیە کە ئیدیالی ئەم دەوڵەت باغەوانەی نەگەیاندۆتە باڵاترین پلەی خۆی، واتە نەبۆتە ئەو دەوڵەتە پێرفێکتەی کە هەموو شتێک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، لێرەدا ڕەخنەگران لە پادشا، لە خودی پادشا پادشاگەراترن، رەخنەگران لە دەستەڵات، لە خودی دەسەڵات دەوڵەت تەڵەبترن. گەر سەیری ئەو شوکر و تەقدیرانە بکەیت کە ڕۆشنبیرە ڕاستڕەوە پۆزەتیڤیستەکان ساڵانە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی دەنێرن، چونکە باش بە واجبی خۆیان هەستاون، بۆت دەردەکەوێت فیکرەی دەوڵەتی بەهێز و چالاک، بەشێکی بنەڕەتی و پێکهێنێکی بنەمایی ئەم گووتارەیە، کە بەهێزکردنی دەوڵەت بە وەزیفەیەکی ئاسایی خۆی دەزانێت و وەک بەڵگەنەویست و سروشتی وەریگرتووە و لە ناو کۆمەڵگا و مرۆڤەکانیشدا چاندوێتی. بە کورتی، بەشێکی قسەی من لەسەر فاشیزم، قسەیە لەم هێزە ئەفسانەییەی دەدرێتە دەوڵەت. واتە لادانی ئەو ماسکە لیبرالییەیە کە لە سەری زۆر لە تێزە و گووتارە فاشیستییەکاندایە.
ئەم چوار خاڵە زۆر سەرەتایین بۆ ئەوەی بزانین، لە پشت زاراوەی فاشیزمەوە قسە لە چییە و نەکەوینە ناو موهاتەرات و وڕێنە و فیشەکی وێڵ تەقاندن ... هەڵبەت دڵنیام لە کاتی قسەکردندا، بەدرێژیی دێینە سەر بەراوردی فاشیزمی خۆرئاوایی بە فاشیزمی خۆرهەڵاتیش. لێرەوە تەنیا دەتوانین قسەبکەین و دەست بە گفتۆگۆبکەین، ئەوەی ڕەخنەگران پێیان وایە فاشیزم دیاردەیەکی ئەوروپییە و ناکرێت خسوسییەتێکی خۆرهەڵاتی بدەێنێ، تێبینییەکە جێگای سەرنجە، جێگای سەرسامیشە، چونکە ئەو هاوڕێیانە بەردەوام بەدوای خسوسییەتدا دەگەڕێن، بۆ هەموو شت قایلی خسوسییەتن، بۆ فاشیزم نەبێت. هەندێکیان بەردەوام قسە لە تایبەتمەندی و خسوسییەت دەکەن، قسە لە خسوسییەتی دینی ئێمە دەکەن، خسوسییەتی ئەخلاقمان، خسوسییەتی دیموکراسییەتمان، خسوسییەتی مێژوومان، خسوسییەتی سلێمانی، خسوسیەتی هەولێر، خسوسییەتی پارتی، خسوسییەتی گۆڕان، بەڵام پێیانوایە فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەر دەبێت بێ هیچ خسوسییەتێک لە فاشیزمی خۆرئاوایی بچێت. ئەوە خالێکە دڵنیام لە کاتی قسەکردندا زۆر دێتەوە بەردەممان.