Tuesday 10 December 2013

تاوانی سیاسی و بکەرەکانی - به‌شی یه‌كه‌م


تاوانی سیاسی و بکەرەکانی
بەختیار عەلی

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، گورزێکی کوشندەی ترە بۆ وەهمگەرا و خۆشبین و ڕیفۆرمیستەکان، ئەوانەی کە بە هۆی جیاواز جیاواز وادەبینن واقعی سیاسی کوردستان، جیا لە واقعی سیاسی ڕۆژهەڵات، گیرۆدەی مەیلە تاریک و فاشیستییەکانی خۆی نییە. گورزێکی گەورەیە لە تیوریزەکەرەکانی گۆڕانکاری بچوک و دڵۆپ دڵۆپ، کە پێیان وایە هەڵبژاردن و دەنگدان و پەرلەمانتاریزم دەتوانێت واقعی کوردستان بگۆڕێت. نەناسینی دەسەڵات لە کوردستان، دیاری نەکردنی سروشتی وەک بەشێک و ئەڵقەیەک لە سیستمێکی گەورەتر کە سیستمی فاشیزمی خۆرهەڵاتییە، سیستمێک کە بەردەوام دیاردە و ڕژێم و حیزب و حوکمڕانی خوێناوی دروستدەکات، هێزگەلێکی وێرانکار کە یەک یەکتر تەواودەکەن، کارێک دەکات، زۆرینەی پەرچەکردارەکان بەرامبەر تاوانەکان ببن بە پەرچەکرداری نمایشی و بێ بەها.
تاوانباری ڕاستەوخۆ لە هەموو تاوانە سیاسییەکانی کوردستاندا ئاشکرایە کێیە، تاوانباری ڕاستەوخۆ و بکەری یەکەم، پارتی و یەکێتین، ئەوە نە گەڕانی دەوێت و نە هیچ کەشفێکی بلیمەتانەیە. وەک دەڵێن «ناکرێت ئەمریکا هەموو ڕۆژێک سەرلەنوێ بدۆزرێتەوە»، ئەمریکا یەکجار دۆزراوەتەوە و تەواو بووە، تاوانبار لە مێژە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیارە و دۆزراوەتەوە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کۆی سیستم، کۆی فەزای گشتی، کۆی کولتووری سیاسی، کۆی مۆراڵی فەردی و دەستەجەمعیمان چۆن مامەڵە لەگەڵ تاوان و تاوانباردا دەکەن، چۆن و بەچ ڕێگایەک دەچنەوە سەر تاوانەکە و قسەی لەسەر دەکەن.
بە بڕوای من،  هەموو ئەوانەی دەترسن لەوەی دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمدا بە ڕوونی وەک فاشیزم ناوبنێن، ئەمڕۆ دەبێت بە وردی بەسەر تەواوی سیستمی بیرکردنەوەی فیکری و ئەخلاقی خۆیاندا بچنەوە، چونکە شیوەنی درۆزنانە سوودێکی نییە کاتێک نەتەوێت بە ڕوونی دان بەوەدا بنێیت کە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت و دەجوڵێت و کاردەکات چەندەها ماشێنی فاشیستتیانەیە، کە لە هەناوی سیستمێکی تایبەتی سیاسی و ئابوورییەوە هاتونەتە دەرێ، ئەویش «کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتییە». فاشیزم مانای بوونی سیستمێک، توندوتیژیی تێیدا جەوهەرە، بڕیاردەری یەکەمە، کەرەستەی بنەڕەتی دابینکردنی دەسەڵات و دروستکردنی مۆراڵ و پاراستنی سیستمە. واتە توندوتیژیی زمانی سەرەکی کایەی سیاسەتە، زمانی گوزارشتە لە هەموو ناکۆکییەکدا، زمانی چارەیە لە هەموو ململانێیەکدا، هەموو ناتەباییەکیش بچوک بێت یان گەورە تا سنووری سووتان و خوێن و خنکان ڕادەکێشێت. لێرەوە، توڕەبوون لە گرتنی چالاکوانەکانی کوردی خۆرهەڵات  و شەهیدکردنی کاوە تەنیا لە یەک کاتدا مانای هەیە، ئەویش دەمێک باوەڕ بەوە بهێنین ئێمە لە قۆناغێکی گەشەی بەربڵاوی فاشیزمدا دەژین کە خودی سیستمی سیاسی «وە لێرەدا مەبەست تەواوی سیستمە سیاسییەکانی ناوچەکەیە، بە دەسەڵاتی کوردیشەوە» تەنیا ترۆپکی هەرەمە فاشیستییەکەن.
لەمجۆرە سیستمانەدا هیچ تاوانێک نییە، بەشێک نەبێت لە تاوانێکی تر، توندوتیژیی لە دونیای ئێمەدا هەمیشە توندوتیژییەکی زنجیرەیی و تێهەڵکێشراوە، پەرچەکردار بەرامبەر یەکێکیان و بێدەنگی بەرامبەر یەکێکی دییان جێگای گومانە. یەکێک لە هەڵە گەورەکانی تێگەیشتن و تێڕوانینی سیاسی ئێمە، وەرگرتنی تاوانەکانە وەک دیاردەی تاک و تەنیا، وێناکردنی کەیسەکانە، وەک ئەوەی یەک تاوانباری بەرەڵا و دەسەڵات پەرست کە تەنیا لە بەرئەوەی خوێنمژ ودڕندەیە، ئەنجامی دابێتن. یاخود وەک ئەوەی هەموو کوژراوەکان تەنیا یەک کەس بن و یەک ڕۆڵ دووبارەبکەنەوە، هەموویان یەک جەستەبن لە کۆمەڵـێک فۆرمدا، یەک مردن بن لە کۆمەڵێک گۆڕی جیاوازدا. بەم وێناکردنەش تاوانەکان هەموو بەجۆرێکی ترسناک لە قاڵب دەدرێن، دەخرێنە ناو یەک فۆرمەوە، ناو چێوەی یەک چیرۆکەوە، پێکڕا دەبن بەیەک حیکایەت کە هەمیشە هەمان هەست و نەست و عاتیفە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن و هەمیشە هەمان نمایش دووبارەدەکەنەوە. ئەمجۆرە لە قاڵبدانە تەنیا لە قاڵبدانی وێنەی تاوانەکان نییە، بەڵکو لە قاڵبدانی شێوەی پەرچەکردارەکانیشە. هەموو تاوانێک کە لە چوارچێوەی وێنەیەکی پێشینە و پەرچەکردارێکی دەرونی و عەقڵی ئامادەدا گیردەکرێت، دواجار وەک وێنەیەکی دووبارە، وەک چیرۆکێک کە جگە لە خۆی هیچی تر ناگێڕێتەوە، وێنادەکرێت. ئەوەی سەرنجبدات و لە تاوانە سیاسییەکانی ئەم چەند ساڵەی ناوچەی ئێمە بڕوانێت، بەردەوام هەمان تێکست و هەمان نمایش دەبینێتەوە، هەمان تاوانبار و هەمان قوربانی دێنەوە سەر سەحنە، هەمان شیوەن و هەمان قسەکەران، هەمان گووتار و هەمان عاتیفە، بەجۆرێک مرۆڤ هەستدەکات کە دەکرێت تا قیامەت بەمجۆرە لەسەر نمایش بەردەوامبین بێئەوەی هەنگاوێک بنێین بۆ تێپەڕاندنی. بە کورتی لەم نمایش و دووبارەبوونەوە «ریتوالی» و «دینیی»یـەدا، پەیوەندی قووڵی نێوان تاوانەکان و سیستم وندەکرێت. توندوتیژیی، ڕەهەندە پراکتیکی و پراگماتییەکانی بۆ دەسەڵات وندەکات و وەک ڕووداوێکی خورافی و ئەفسانەیی کە لە دەرەوەی ژیانی ڕۆژانەی سیستمە دەخرێتە ڕوو. لێرەدا مەرگ، تاوان، گرتن، زنجیرەکانی کوشتن و کوشتنی نهێنی، هێندەی ڕۆحی ئەفسانە بەهێزدەکەن، هێندەی دەبنەوە بە شیوەن و سکاڵا و خۆکوتانێکی دینی، هێندەی دەبنەوە بە بۆنە تا کەسانێک پرۆسەی «کاسارسایس ـ تطهیر» ـی سیاسی بۆخۆیان بکەن، خۆیان لە خوێنی کوژراوەکان و لە ئازاری گیراوەکان هەڵبکێشن تا شتێک لە شەبەنگی مەسیحانەی ئەوان بخەنە سەر سەریان، شتێک لە ئەفسانەی شەهادەتی ئەوان بۆ خۆیان بدزن، پرۆسەیەکی ڕوانینی ڕاستەقینە و تێفکرینی سیستماتیک ناخەنەوە.  ئەمە وایکردوە هەموو پەرچەکردارەکان بەرامبەر تاوان، پەرچەکرداری کاتی و تێپەڕ و عاتیفی و پۆپۆلیستیانە بێت، هەمیشە لە دوای تاوانەکە شەپۆلێک هەڵچوونی عاتیفی و وتاری حەماسی بەرزدەبێتەوە و پاش ماوەیەکی کورت دادەمرکێتەوە و خۆشبینەکان دەگەڕێنەوە بۆ خۆشبینی خۆیان، بۆ گووتارە لیبراڵە و چارە پەرلەمانتاریستییەکەیان.
کە دەڵێین دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی فاشیستییە، یان کە دەڵێین فەزای سیاسی لە خۆرهەڵاتدا بەدرێژایی سەدەی بیست و تا ئەمڕۆ هێزگەلی بەرهەم ناهێناوە خاڵی بێت لە مەیلی توندی فاشیستیانە، لەسەر ئەو راستییە کۆمەڵێک دەرەنجامگیری وەدەستدێت. لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە، توندوتیژیی دیاردەیەکی سیستماتیک و ئۆرگانییە، واتە دەرکەوتەیەکی لابەلایی نییە کە تەنیا بە حوکمی ناچاری پێویستی بە نێچیر بێت، بەڵکو بەشێکی گرنگی مانەوەی سیستەمە. لێرەدا کوشتن پێداویستییەکی شەخسی نییە کە تێیدا سیاسییەک وابزانێت شوێن و مەوقعییەتی لە مەترسیدایە و دەبێت بە کوشتن بەرگری لە خۆی بکات، کوشتن بەشێک نییە لە دووبەرەکی سیاسی، بەڵکو کوشتن و گرتن و هەڕەشە و دروستکردنی فەزای سامناک، ریتواڵێکی بنەڕەتی خۆدەرخستنی دەسەڵاتە، زمانی قسەکردنێتی، شێوازێکە لە شێوازە سەرەکییەکانی تەعبیر. تەنیا زادەی دۆخێکی پارانۆیی نییە کە تێیدا سیاسی ترس دایدەگرێت لە هێزی خۆی، بەڵکو شا نیشانەی ناو سیستمی ڕەمزیی دەسەڵاتە. لێرەدا کوشتن گوزارشت نییە لە هیچ ناکۆکییەک، پێویستی بە هیچ بەهانەیەکی گەورە نییە بۆئەوەی هەبێت، تاوانەکان پەیوەندیان بەوەوە نییە کە ئایا لە رووی سیاسییەوە مەنتیقین یاخود نا، پێویستن یاخود نا، بەڵکو تاوان ئەو میکانیزمە بنەڕەتییەیە کە سیستم لە رێگایەوە توانای خۆی لەسەر دروستکردنی پیاوکوژ و قوربانی تاقیدەکاتەوە، چونکە فاشیزم بریتییە لەوەی کۆی فەزای سیاسی دەبێتە کارخانەیەکی گەورە کە بەردەوام بکوژ و کوژراو، جەلاد و قوربانی بەرهەمدەهێنێت. کوشتن مەرج نییە تەنیا کوشتنی جەستەیی بێت، بەڵکو هەموو کوشتنێکی ڕەمزیش، هەموو توندوتیژییەکی رەمزیش دواجار بەشێکی ئۆرگانی فەزای فاشیستییە. هەر کاتێکیش ئەمانە هەبوو و نکوڵیمان لە بوونی فاشیزم کرد، دەبین بە بەشێکی ئۆرگانی لەو نمایشەی کە هەیە. نکوڵیکردن لە فاشیزم بەشێکی گرنگی فاشیزم خۆیەتی. یەکێک لە سیفەتە سەرەکییەکانی فاشیزمی خۆرهەڵاتی بریتییە لە  دوورخستنەوەی وێنەی تاوان لە سروشتە ئۆرگانییەکەی، لە نیشاندانی وەک دیاردەیەکی نائاسایی کە لە کەسانێکی نائاسایی دەوەشێتەوە. وەک شتێک کە هەمیشە ناوازەیە، ڕیزپەڕە، تووشی شۆکمان دەکات. شۆک لێرەدا هێمای توانەوەیە لە ناو عەقڵییەت و تێڕوانین و بینینی سیستمدا، دووبارەکردنەوەی سیستمە لە ڕێگای پێداگرتن لەسەر غەریبی و ڕیزپەڕی دیاردە دزێوەکانی ... هەتا وشەی تیرۆریست لەم سیاقەدا، دەبێتە وشەیەک کە لە ڕێگایەوە سیستم دەیەوێت دەمامکێک بکاتە سەر جەوهەرە توندوتیژ و نائینسانییەکەی، دەرکردنی تیرۆریست بۆ دەرەوە، نامۆکردن و قێزەونکردنی، هەوڵە بۆ شاردنەوەی جەوهەری فاشیزمانەی تەواوی سیستمە سیاسییەکە، کە تیرۆر لە تەواوی جەستەیەوە دێتەدەرێ. تیرۆریست ئەو داشی شەترەنجەیە کە سیستم دەیکاتە قوربان، تا لە ڕێگایەوە، تیرۆر و ترس لە تەواوی سیستمدا بشارێتەوە.
بە کورتی هەموو تاوانێکی کوشتنی سیاسی، شتێکە لە هەناوی سیستمی سیاسییەوە دێتەدەرێ، لە قووڵایی گرێ ناوەکییەکانی ئەو کایەیەوە هەڵدەقوڵێت، بەرهەمی راستەوخۆی ئیشکردنی سیاسەتە وەک چالاکییەک کە بارکراوە بە ڕۆحی توندوتیژیی و دەسەڵاتپەرستی. کوشتن لێرەدا سروشتی تێکستێکی شانۆیی هەیە، جۆرێکە لە نمایش بە کۆمەڵێک ڕۆڵ و بکەری جیاوازەوە. پێداگرتن بە تەنیا لە سەر بکوژ و کوژراو، هەوڵێکە بۆ بیربردنەوەی کۆی نمایشەکە، هەوڵێکە بۆ ونکردنی ڕیشەکانی تاوانەکە، پاککردنەوەی سیستم و فەزا و بکەرە مێژووییەکانە لە ڕۆڵی خۆیان، کورتکردنەوەی تێکستەکەیە بۆ یەک دیمەن، تیشکخستنە سەر یەک دیو و یەک بەش و یەک بکەر، واتە شێواندنی تێکستی راستەقینەی تاوانەکەیە کە تێکستێکی ئاڵۆز و فرە جەمسەر و فرە کاراکتەرە.
لێرەدا وەک نمایشێک سەیری تاوانی سیاسی دەکەم، نمایشێک کە ئەکتەری خۆی هەیە.
 نمایشی کوشتن لێرەدا چوار ئەکتەر«یان بکەر» ی سەرەکی هەیە، چوار بکەر کە کە بەپێی دوورونزیکیان لە کوژراوەکەوە دەکرێت پۆڵینیانبکەین. دووانیان، تەواو دوورن لەوەی راستەوخۆ پەیوەندیان بە تاوانەکەوە هەبێت، بەڵام بەشێکی ئۆرگانی ئەو فەزایەن کە نمایشی کوشتنەکە پێکدەهێنێت، بکوژ نین، بەڵام هاوشانی هەمیشەیی فەزای تاوانن و ڕێگرن لەوەی دەموچاوە راستەقینەکەی تاوانی سیاسی و سروشتە فاشیستییەکەی دەربکەوێت. دوو بکەرەکەی دیکەش، کاراکتەری سەرەکی گوناهەکەن، دەستێکی ڕاستەوخۆیان لە تاوان و شاردنەوەیدا هەیە. دوو بکەرە ناراستەوخۆکە ئەمانەن:
1. بکەری پاسیڤ: کە زۆرینەی کەسانی بێباک و بێخەیاڵی ناو کۆمەڵگا دەگرێتەوە، ئەمانە دوورترین بکەری ناو سیستمن، بینەرێکی کەمتەرخەم و بێلایەن و بێ تێفکرینن لە  تەواوی نمایشەکە. بینەرێکن وادەردەکەوێت وەک کاریان بە هیچەوە نەبێت، لە دەرەوەی هەموو شتەکانن، کە دەیانبینین وا هەستدەکەین لە نێوان ئەو و جیهاندا هیچ پەیوەندییەک نییە، وادیارە وەک بکەونە دەرەوەی فەزای سیاسی، وەک بێگوناهێکی بێلایەن بن... ئەمجۆرە بکەرە، دەرهەق بە ژینگەی خۆی بوونەوەرێکی بێدەنگە ، وەک چۆن گیاندارێک هەلومەرجەکانی ژینگە قەبووڵدەکات، ئەویش بە هەمان شێوە نە دەیەوێت ڕابمێنێت، نە بیردەکاتەوە، نە تێدەفکرێت. ئەم بکەرە، کۆمەڵگا و ژیان و بوونی وەک خۆیان، بە هەمان چۆنێتی ئەسڵییانەوە قەبووڵە. ئەمجۆرە مرۆڤانە لە دۆخی ئاساییدا وادەردەکەون وەک ئەوەی دەستیان لە هیچ گوناهێکدا نەبێت، بەڵام گەر ڕاستگۆبین، ئەمانە ناوکەی ڕاستەقینەی سیستم دروستدەکەن.  ئەمجۆرە بکەرانە، ئەو بەشەن کە کۆڵەکەی سەرەکی مانەوەی سیستمن. ڕاستە ئەم بکەرە بێگوناهـە، کەس ناکوژێت، بەڵام هەندێجار هەموو گوناهـ لە ناو بێگوناهیدا بەرجەستەدەبێت. گوناهی گەورە لێرەدا هەر بێباکی و کەمتەرخەمی نییە، بەڵکو تێنەگەیشتنە لە تەواوی ئەو سیستمەی کە تێیدا دەژین، سیفەتی سەرەکی بکەری پاسیڤ بێدەنگی نییە، بەڵکو تێنەگەیشتن، یان نەبوونی هەر هەوڵێکی تێگەیشتنە. بێدەنگی بکەری پاسیڤ، لە تێنەگەیشتنەوە دێت. ئەو بینەرێکی ئەبەدی نمایشگەلێکە کە ناتوانێت لە تێکستەکەی تێبگات، تێنەگەیشتن لێرەدا نەزانین نییە، نابێت تێکەڵی نەزانینی بکەین، بەڵکو وەزیفەیەکی ئایدۆلۆژییە، ونکردن و یادکردن و لەبیربردنەوەی ڕاستی شتەکانە. واتە جەهل نییە، بەڵکو جۆرێکە لە هەڵوێست، سەنگەری سەرەکییە بۆ مانەوەی شتەکان وەک خۆیان، میکانیزمێکی گەورەی بەرگریی سیستمە لە خۆی. بکەری پاسیڤ لە ڕێگای دژایەتیکردنی تەفسیرەوە، لە ڕێگای تێنەگەیشتنەوە ، لە ڕێگای دووبارەکردنەوەی گۆشەنیگای باوەوە جیهان دەپارێزێت. پاسیڤێتی بکەری پاسیڤ لەوەدایە کە هەمان چیرۆکی ئامادە و هەڵوێستی ئامادە دووبارەدەکاتەوە، بکەری پاسیڤ گەر هاوسۆزی قوربانی بێت یان جەلاد، هیچ لە هیچ ناگۆڕێت، چونکە دواجار زامنی بەرهەمهێنەوەی جیهانە وەک خۆی... لە ڕێگای تێنەگەیشتنییەوە، تەنیا زەمینە بۆ دووبارەکردنەوەی تاوانەکە خۆش ناکات، بەڵکو زەمینە بۆ دووبارەبوونەوەی هەموو سیستم خۆشدەکات.
2. بکەری کۆمبارس: ئەمجۆرە بکەرە، کە تا ئەندازەیەکی زۆر بەشی هەرە زۆری قسەکەران و توێژەرەوانی سیاسی و شیوەنگێڕان دەگرێتەوە، کە بۆ چەند ڕۆژێک میدیاکان پڕدەکەن و تەواوی کۆمەڵگا پڕ دەکەن لە هەستێکی دەستەجەمعی بە تاوان و شیوەنێکی ئینشایی بەرپادەکەن و پرسەیەکی ڕیتۆریکی دادەنێن. ئەمجۆرە بکەرە ڕۆڵێکی هەیە نزیک لە ڕۆڵی کۆرس لە درامای گریکییدا، خۆی نەوەک بەشدارییەکی لە کردەی کوشتندا نییە، بە پێچەوانەوە لەوانەیە لایەنگرێکی سەرسەختی قوربانیش بێت، لەوانەیە بەخوڕتر لە دایک و بابی قوربانییەکان فرمێسک بڕێژێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمجۆرە بکەرە پێکهێنێکی سەرەکی شانۆی تاوانەکەیە،  لە پەراوێزی هەموو کردەیەکی فاشیدا دەردەکەوێت، ڕۆڵی وەک ڕۆڵی تەرازوویەک وایە کە هاوسەنگی دەرونی دەگێڕێتەوە بۆ ئەو دونیایەی بەردەوام شانۆی تاوانی ترسناکە. هیچ ڕەحمێک بە تاوانبار ناکات، لەوانەیە زۆر سەرسەختانەش بۆی بگەڕێت، بەڵام وەزیفەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا وەک کۆ و سیستم وەک تاوانباری سەرەکی لە شوبهەت و گومانی خەتاکارانە دووربخاتەوە.
پێشتر لەگەڵ سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەشدا، ئەم بکەرە هەر وایکرد... بە هۆی ئەوەوە، تاوانەکان لە بری ئەوەی ببن بە کەرەستە بۆ تێگەیشتن لە بونیادی تاوان لە کۆمەڵگادا، ببن بە هۆکار بۆ بینینی هەرچی ڕوونتر و زیادتری فاشیزم، دەبنە تاوانی جودا، تاک و تەنها، ناوازە، سەمبولیک کە لە ڕێگایانەوە کۆمەڵگا پێداویستی خۆی بۆ شەهیدی رەمزیی  و مەرگپەرستی تێردەکات. ئەم بکەرە وەزیفەیەکی زۆر سەنتراڵ و گرنگی هەیە، لەوەدا ئاراستەی هەستی گشتی کۆمەڵگا بکات تا چۆنێتی بەرخوردی لەگەڵ تاوانەکەدا ئاشکرابکات. بۆ ئەنجامدانی ئەو وەزیفەیەش، دوو هەستی گەورە و بەگوژم تێکەڵدەکات. یەکەم «هەستکردن بە تاوان» دووەم «هەستکردن بە پەشیمانی و پاکی». ئەم دوو هەستە ململانێی نێوان هەستی فەردی و هەستی دەستەجەمعی دەردەخاتەوە، لە بەشێکی ئەم تێکستە ئۆدیبییەدا ویژدانمان دەنوسێت «ئێمە وەک کۆمەڵگا هەموو تاوانبارین»، لە بەشێکی تری تێکستەکەدا ویژدانمان دەنوسێت «من وەک فەرد هیچ گوناهێکم نییە، بەڵکو تائەوپەڕی هاوسۆزیی و عەشق لەگەڵ قوربانییەکەدا هاوسۆزم، قوربانییەکە بەشێکە لە من، من بەشێکم لەو».
سەرەتا هەندێک لەم بکەرانە دەکەونە ئەوەی هەستێکی دەستەجەمعی بە گوناهـ دروستبکەن، قسە لە پیسی و ناشیرینی کوردستان و مرۆڤی کورد بە گشتی دەکەن و بەجۆرێکی هیستیریی بەملاولادا تاوان دەبەشنەوە، ئەم توڕەییە هیچ کات لە هەڵچوونێکی عاتیفی ڕووت و بێ ناوەڕۆک و بێ فیکر تێناپەڕێت، ئەمجۆرە پیسی و خەتاکارییەش کە باسیدەکەن هەستێکی دینییە،  نەوەک زادەی زمان و عەقڵییەتێکی زانستی بێت کە لە تێگەیشتنی بونیادی کەپیتالیستی و فاشیستی کۆمەڵگاوە هاتبێت. تاوان لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ لادان یان «ئینحرافێکی ئەخلاقی» کە سەرچاوەکەی کۆمەڵگایە، مرۆڤەکانە، ڕۆشنبیرانە . لێرەدا تاوان لە هەموو دەلالەتە مێژوویی و سیاسییە ڕاستەقینەکانی خاڵیدەکرێتەوە و دەبێتە کەرەستەیەکی دەرونی تا بکەری کۆمبارس کینە و نەفرەت و شەڕانگێزیی خۆی خاڵیبکاتەوە، بیکات بە بەهانە بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژیی زیاتر، بۆ بەگەڕخستنەوەیەکی نوێی ماشێنە فاشیستییەکان کە لەسەر هەڵچوون و بەتاڵکردنەوەی شەڕانگێزانە دەژین. وروژاندنی «هەستکردن بە تاوان» لێرەدا لە هەستێکی بەرپرسیارێتییەوە نەهاتووە، چونکە هەستکردن بە تاوان کاتێک مانای هەیە کە هاوشانی هەوڵدان بێت بۆ تێگەیشتن لەو سیستمەی کە تاوان بەرهەمدەهێنێت، هەستکردن بە تاوان گەر ئاڕاستەی ڕۆشنکردنەوە و تێگەیشتن نەکرێت لە «بونیادی تاوان»، لە «ریشەکانی»، لە «هۆکانی»، لە «سەرچاوە دەرونی و کولتوورییەکانی»، لە «پەیوەندی سیستماتیکی تاوان بە مانا و بوونی سیستمەوە»، ئەوا هیچ نییە جگە لە عاتیفەیەکی زوو تێپەڕی دینی کە ڕیشەکانی هێندەی لە دین و هەستی گوناهی دینیدا تەواودەبێت، لە هیچ شتێکی دیدا کۆتایی نایەت. 
هەستی دووەم کە ئەم بکەرانە ئیشی لەسەر دەکەن «هەستکردن بە پەشیمانی و پاکییە».
لەلای کاراکتەری ئۆدیبی، دوای هەموو تاوانێک دەبێت قۆناغێکی پەشیمانی و شیوەن و هاودەردی لەگەڵ قوربانیدا هەبێت، وەک چۆن بەسەرێکدا دەشێت تاوانبار هەموومان بین، بەسەرێکی دیش ئەم هەستە پێویستی بە خاڵیکردنەوە و بەتاڵکردنەوە هەیە، بەوەی باوەش بەقوربانیدا بکەین، بیکەینە پارچەیەک لە خۆمان، لە ناو خۆماندا هەڵیبگرین، تا لە ڕێگای ئەو ئامێزانەوە هەستکردنمان بە گوناهـ کەمتر و کەمتر بێت، تا نەڵێین هیچمان بۆ قوربانییەکە نەکرد، تا ویژدانی خۆمان خێرا ئاسوودەبکەین و بگەڕێینەوە سەر ژیانی ڕۆژانەمان. ئەم باوەشکردنە بە قوربانیدا هێندەی هەستێکە بۆ تێپەڕاندنی تاوانەکە، بۆ کەمکردنەوەی ڕەهەندە ویژدانییە قووڵەکەی، بۆ خۆپاکردنەوەیەکی دەستەجەمعی، ئاماژە نییە بۆ جەنگێکی بونیادیی لەگەڵ توندوتیژییدا. دوای هەموو تاوانێک کە دەبێتە تاوانێکی سەمبولی، دەبێت بە تاوانێکی هەژێن و خرۆشێنەر، دەبێت تەواوی شادەمارەکانی کۆمەڵگا بە هەستێکی پاکبوونەوەی گشتیدا بڕوات، دەبێت هەر کەس بە پێی خۆی لە خۆپاکردنەوەدا لە تاوان بەشدار بێت، دەبێت هەستی فەردیمان مەودایەک و دوورییەک لە هەستی دەستەجەمعیمان بە تاوان وەربگرێت، بەجۆرێک زمانحاڵی من وەک مرۆڤ جیاببێتەوە لە زمانحاڵی گشتی.
جگە لەم دوو هەستە کە هەردووکیان گرنگن تا کۆمەڵگا و تاکەکان شۆکی کوشتنەکە تێپەڕێنن، ئەم بکەرە ئیشی سەرەکیتری ئەوەیە تاوانەکان وەک شتی سەیر و سەمەرە، وەک شۆکێکی ناوەخت، وەک ڕووداوێکی هەژێن و ناوازە و نائاسایی دەربخات. بەمەش دەبێت بە یەکێک لە بکەرە فاشیستییە راستەقینەکان، فاشیزم بریتییە لەو دۆخەی کە تێیدا توندوتیژی دەبێت بە زمانی رۆژانە لە هەموو شوێنێک و هەموو شتێکدا، کوشتن دەبێت بە کردەیەکی چاوەڕوانکراو لە هەر ساتێکدا، بەڵام بکەری کۆمبارس وەک دەمامکێکی توند و تاریکی سەر سەری سیستم کاردەکات، بەردەوام وا ڕەفتار دەکات وەک ئەوەی تاوان و توندوتیژیی کردەیەکی کتوپر و سەیر و نامەنتیقی بن. وەک شتێکی دەگمەن و تاک و تەنها و سمبولیک مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بەمەش تاوانەکانی فاشیزم لە تاوانی هەمیشەیی و ڕیتواڵی و بەردەوامەوە دەگۆڕێت بۆ تاوانی نامۆ و کتوپڕ. ئیشی بکەری کۆمبارس بە نامۆکردنی تاوانەکانە، واتە سەندنەوەی سیفەتی سیستماتیک بوون و هەمیشەبوون و بەردەوامبوونە لە گوناهە سیاسییەکان. تاوان لە فاشیزمدا هەم ئەکتێکی سیستماتیکە، هەم ئەکتێکی دووبارە و چەند بارەیە، واتە بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە، ئەکتێکی بەردەوامیشە کە لەگەڵ سەرەتاکانی هاتنی مۆدێرنەوە بۆ خۆرهەڵات تا ئەمڕۆ بە شێوەی جۆراو جۆر بەردەوامە. بەڵام یەکێک لە وەزیفەکانی بکەری کۆمبارس ئەوەیە کە بڵێت «نا تاوانی سیاسی زادە و کاری هەندێک سیاسین کە نەخۆشی دەرونییان هەیە و دەبێت بچن بۆ خەستەخانەی دەرونی»، بڵێت «تاوانبارەکان» شێتن و مرۆڤی سروشتی ناو ئەم سیستمە نین و زادەی خودی سیستم و کولتوور و مێژووی سیاسی ئێمە نین، بە کورتی ئەمجۆرە بکەرە لە بری ئەوەی تەواوی سیستمی سیاسی و عەقڵییەتی سیاسی و چالاکی سیاسی بنێرێت بۆ خەستەخانەی دەرونی، هەندێک سیاسی شێت بە بەرپرس دەزانێت و بەوەش شەرەفێک بە سیاسییەکان دەبەخشێت کە شایستەی نین، ئەویش شێتییە. لێرەدا گرفتەکە بەجۆرێکی ساویلکانە کورتدەکرێتەوە بۆ نەخۆشی دەرونی هەندێک بەرپرس. ئەم بکەرە ئیشی ئەوەیە کە تاوانەکە لە کۆی سیستم داببڕێت، بیبەستێتەوە بە کەسێکەوە یان هێزێکەوە یاخود بە بەشێکی نەخۆش و بچوکی سیستمەوە، بێئەوەی بهێڵێت مانای کوشتنەکە بە جۆرێک گەشەبکات، بەرەو ئەوەمان بەرێت تەواوی فەزای سیاسی و ئەکتی سیاسی و سیستمی کۆمەڵایەتی و مێژووەکەی بخەینە ژێر پرسیار. لە کاتێکدا تاوانەکان بەرهەمی عەقڵانییەتی سیستمە، بەرهەمی میکانیزمە سەرەکییەکانی مانەوەی سیستمە، کەچی وەک کاری هەندێک شێت نیشاندەدرێت، تا لەو رێگایەوە بەشە عاقڵەکەی سیستم، کە بەشە خوێنخۆر و تاوانبارەکەشێتی لە خوێندنەوە بپارێزێت. ئەم بکەرە موزەیەفە، لەگەڵ هەموو تاوانێکدا شیوەنێکی هێندە تایبەت و گەورە دادەمەزرێنێت، هێندە خسوسییەت و تایبەتمەندییەک و ناوازەییەک بە تاوانەکە دەبەخشێت تا لە ڕێگایەوە سیفەتی «بەربەرییەت و دڕندەیی سەرتاسەریی» لە سیستم بستێنێتەوە، تا بڵێت بەرپرسە نەخۆشەکان بدۆزنەوە و بیانخەنە زیندان، ئیتر هیچ عەیبێک لەم سیستمە فاشیستییە کەپیتالیستییە خۆرهەڵاتییەدا نییە، تا بڵێت ئەو بەرپرسانە سزا بدەن و بچن بۆ هەڵبژاردن، ئیتر خودی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم کەفیلی ئەوەن هەموو خەوش و گرێ و کێشەکانی کۆمەڵگا چارە ببێت.
پێداگرتن لەسەر چەند تاوانێک لێرەدا پەیوەندییەکی بە دڵسۆزییەوە نییە بۆ قوربانییەکان، بەڵکو پەیوەندی بە بەکارهێنانی هەندێک تاوانەوە هەیە وەک کەرەستە بۆ داپۆشینی هەقیقەتی سەرتاسەریی تاوان لە ناو سیستمەکەدا. هەموو شیوەنێکی گەورە و شۆکێکی گەورە کە بەرامبەر هەندێک تاوان تووشمان دێت، لەسەر حسابی بێدەنگبوون و کپبوون و خنکاندنی هەستمانە دەرهەق بە سەدان تاوانی دیکەی گەورە کە ڕۆژانە لە دەورمان ڕوودەدەن. توڕەبوون بەرامبەر تاوان چیتر لە یەک کاتدا مانای هەیە کە ببەسترێتەوە بە ڕەخنەگرتن لە جەوهەری سیستمەکەوە، واتە چیتر لە پەرچەکرداری زوو تێپەر و عاتیفیانە دەرچێت و ببێت  بەشێک لە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوی ئەو قۆناغە فاشیستییەی تێیکەوتووین .
ئەم بکەرە شیوەنگێڕە، وادەردەخات ئەوەی نەخۆشە تەنیا پارچەیەک و بەشێک و لکێکی سیستمی سیاسی و عەقڵییەتی سیاسییە، نەوەک هەموو جەستەی سیاسی. بەبڕوای من گرنگ گرێدانەوەی ئەکتی توڕەییە بە تێڕوانینێکی نوێوە بۆ تەواوی سیستمەکە، بۆ تەواوی کایەی سیاسی بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە. ئەو شیوەنە گەورەیەی ئەم بکەرە لەسەر لاشەکان بەرپایدەکات، ئەم توڕەبوونەی بەسەر مەیتەکانەوە نیشانی دەدت، جۆرە کردارێکی خۆپاککردنەوەیە، نەوەک جۆرە ئەکتێکی یاخیبوون بێت لە سیستم و بکەرە ڕاستەقینەکانی، لێرەوە زیاتر سیفەتی نمایشی هەیە تا سیفەتی هەڵوێستی سیاسی.

2 comments:

  1. ده‌ست خۆش، به‌ڕاستی له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ووته‌کانت ته‌واو جێگه‌ی خۆیان گرتووه‌ و کاتی ئه‌وه‌ هاتووه هه‌موو لایه‌ک له‌لای خۆیه‌وه‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی جێ به‌جێ بکات و چیتر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ بیرکردنه‌وانه‌ی که‌ ئه‌یکاته‌وه‌ به‌یه‌کێک له‌وچوار بکه‌ره‌ی که‌ جه‌نابت باست کردوه‌ له‌م به‌شه‌ی نوسینه‌که‌تدا

    ReplyDelete
  2. ده‌ست خۆش .. تاکه‌ که‌سیک که‌ هه‌میشه‌ ئه‌مان باته‌ ناو بیر کردنه‌وه‌ی نوێوه‌ کاک به‌ختیاره‌ ..ئه‌و تاوانه‌ی له‌ هه‌ناوی سیسته‌می کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دایه‌، به‌ هات و هاواری چه ند کاسه‌ک کۆتای نایه‌ت ..به‌ڵکو ئیشکردنێکی زۆر و کاتێکی زۆری ئه‌وێت بۆ به‌ مرۆڤ بونمان .

    ReplyDelete