Tuesday 16 April 2013

خوێندنەوەی سلاڤۆ ژیژیک بۆ هیگڵ

هاوڕێیەکی ڕۆشنبیر و ئازیزمان کە من ڕێزێکی تایبەتیم بۆی هەیە، لە یەکێ لە تێبینییەکانی خۆیدا شتێکی نوسیبوو لای من جێگای سەرنج بوو، قسەکەی بەڕێزیان لەسەر فەیلەسوفی ناسراو سلاڤۆ ژیژیک بوو. ئەو نوسیبووی دیوە لاکانی و هیگڵییەکەی ژیژیکی بۆ گرنگ نییە و تەنیا ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەم فەیلەسوفەی لا مەبەستە. قسەیەک تا ئەندازەیەکی زۆر هەڵە و نەگونجاو دەگاتە گوێی من، پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا دەکرێت فیکری سیاسی لای ژیژیک لە دیوە لاکانی و هیگڵییەکەی داببڕین? ئاخۆ کاری وەها لە بنەڕەتدا هەر دەشێت بیری لێ بکرێتەوە?. چەند ساڵێکە بەردەوام و بەپێی دەرفەت ژیژیک دەخوێنمەوە، ڕاشم وایە کە زۆربەی هەڵە تێگەیشتنەکان لەم فەیلەسوفە دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لەوەی ژیژیک بەجەوهەر هیگڵی ـ لاکانییە، وە گەشە پێدەری ئاڵۆزترین ڕووی لاکانییەتیشە، کە گرێدراوی ئەو زاراوە فرەدیو و ئاڵۆزەیە کە پێیدەگووترێت «ڕیال». تێگەیشتن لە فیکری سیاسی لای ژیژیک بێ تێگەیشتن لە لاکان و هیگڵ نەوەک کاری نەکردەیە بەڵکو مەحاڵی تەواوە، نەوەک هەر ئەوە بەڵکو تێگەیشتن لە نوکتەکانی ژیژیکیش، لە هەڵوێست و قسە سەیرەکانی دەمێک دەڵێت پێم بڵێن «فیدڵ» یان وێنەی ستالین هەڵدەواسێت، یان بە گاندی دەڵێت «توندوتیژترین» کەسایەتی مێژوو، بێ تێگەیشتن لە دیوە فەلسەفییەکەی مەحاڵە . تێگەیشتن لەم قسانە بە چاوی مارکسیستێکی تەقلیدی یان بە چاویلکەی نیو لیبرالێکی ئەکادیمی، یان بە عەقڵییەتێکی پۆزەتیفیستی نەشیاوە و خوێنەر دەخاتە هەڵەی گەورەوە. فیکری سیاسی لای ژیژیک وەک زۆر لە تێگەیشتنە ڕوکەشبینەکان دەیبینن «ئیتر لە چەپەکانەوە بێت یان لە راستڕەوە پۆزەتیفیستەکانەوە بێت» لە مارکسەوە دانەکەوتووە، بەڵکو لە لاکانەوە سەرچاوەی گرتووە. راستە ئەویش وەک فرانکفۆرتییەکان کەم تا زۆر کار بۆ نزیککردنەوەی فیکری چەپ و تێزەکانی دەرونشیکار دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی فرانکفۆرتییەکان هێڵی سەرەکی ژیژیک پردێک نییە لە نێوان مارکس و فرۆیددا، بەڵکو ڕێگایەکی جیاوازە لە هیگڵەوە دەچێتەوە سەر لاکان. ژیژیک نەوەک درێژکراوەی فیکری فەلسەفی چەپ نییە بەو مانا تەقلیدییەی کە لە مارکسەوە تا سەر مارکۆزە و هابرماز و بۆردیۆ دێت، بەپێچەوانەوە هێڵێکی تر و ڕەوتێکی تری فەلسەفییە، کە جۆرێکی نوێ لە سیستمی بیرکردنەوە و خەیالی سیاسی و فەلسەفیمان پێویستە تا تێیبگەین. زاراوە ڕاستەقینەکانی شۆڕش و کۆیلەیەتیش لای ژیژیک پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و چینی ژێردەست و سەردەست و ژێرخان و سەرخان نییە، بەڵکو گرێدراوی مانای ڕیال و فۆرم و دەرکەوتە بێشومارەکانێتی. بەوەدا تێگەیشتن لە ڕیال سەختە، تێگەیشتن لە لاکانیش سەختە، ئەوا تێگەیشتن لە ژیژیک سەختترە، چونکە زەمینەی سەرەکی ئیشکردنی فەلسەفەی ژیژیک ناو ڕیالە، ڕیال بەو مانایەی کە لە کولتووری ئەدەبی و هونەریی و سیاسی سەدەی بیست و بیست و یەکدا دەردەکەوێتەوە. «ریال»ـی لاکانی و ژیژیکیش، زاراوەیەکە کەم و زۆر پەیوەندی بە واقعەوە نییە، بەڵکو پۆڵی پێچەوانەی واقعە، وەک لاکان دەڵێت «لەو خەوە دەچێت کە ناگێڕدرێتەوە و ناکرێت بە چیرۆک»، کۆی هەموو ئەو شتانەیە کە نابن بە ڕیالیتەیت «واتە بەزمانی خەیاڵ و زمانی ڕەمز گوزارشتیان لێ ناکرێت»، ڕیال ئەو سیستمەیە کە واقع «ریالیتەیت» دەستی پێیداناگات و ناگیرێت و کۆنترۆڵ ناکرێت. واقع «ڕیالیتەیت» سەر بە دونیای «ڕەمزی» یە لە دابەشکردنەکەی لاکاندا، دونیای ڕەمزیش دونیای دەسەڵاتە، دونیای زمانە، دونیای سەمبولەکانی باوکە، دونیای فەرمایشتەکانی «ئەویدی گەورە»یە، دونیای لێک تێگەیشتن و ڕۆشنی و ڕوونکردنەوەکانە، واقع بریتییە لەو جیهانە رەمزییەی دەسەڵاتەکان دروستیانکردوە و سیستمی ئاماژەیی و سیمۆلۆژی خۆیان پێبەخشیوە. لە کتێبی سێوی سێهەمدا و لە وتاری ئایا دەتوانین بە کۆمەکی لاکان شۆڕشگێڕبین قسەیەکی زۆرم لەسەر مانای ڕیال کرد، وەک سەرەتا خوێنەر بۆ زانیاری زیاتر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ئەو وتارە. لێرەدا ئەوەندە دەڵێم ژیژیکی سیاسی ناکرێت لە ژیژیکی هیگڵی و لاکانی جیابکرێتەوە. بەر لەوەی بە کۆمەڵێک حیکایەتی ژیژیکییەوە بگەڕێمەوە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری چەمکی ڕیال «کە ئەوە باسێکی تایبەتی ترە و تێکەڵ بە مەبەستی ئەم نوسینەی ناکەم». بە پێویستی دەزانم سەرەنجی خوێنەر بۆ تەفسیری ژیژیک بۆ هیگڵ رابکێشم. چەندە زاراوەی «ڕیال» لە تێگەیشتنی جیهانبینی ژیژیکیدا گرنگە ، تێگەیشتنی ژیژیکیش بۆ هیگڵ هێندە گرنگە، بەبێ تێگەیشتن لە تەفسیری ژیژیک بۆ هیگڵ لە جیاوازی قووڵی ژیژیک لە مارکسیستەکانیش تێناگەین، ئەو جیاوازییەی وادەکات دەمێک دەچێت بۆ وتار خوێندنەوە لە کەمپی « بزاڤی ئۆکیوپای» لە فرانکفۆرت بە پەیامنێرەکەی ڕۆژنامەی «دی تزایت» بڵێت «فەک. ئێستا دەبێت لەگەڵ خۆپیشاندەرە چەپەکاندا قسەبکەم، بەڕاستی ڕقم لێیانە، لێیان دەترسم» «بروانە ڕاپۆرتەکەی مۆریتز فۆن ئۆسلار، بەناوی «بیرکردنەوەی کێویی» لە هەفتەنامەی «دی تزایت». ژمارە 49 ی 1 ـ 12 ـ 2011» . ئەمجۆرە ڕستانە بەرهەمی جیهانبینی فەلسەفی ژیژیکە، کە بە چاویلکە تەقلیدییەکان لێیان تێناگەین. بانگەشەی ژیژیک ڕۆشنە «گەڕانەوە لە مارکسەوە بۆ هیگڵ»... بەڵام چ هیگڵێک? ئەوە پرسیارە سەرەکییەکەیە. لەو ساڵانەی دواییدا کەس نییە بە ئەندازەی ژیژیک لەسەر هیگڵی نوسیبێت. بەتایبەت هەوڵی گەورەی ژیژیک ڕزگارکردنی هیگڵە لەو وێنەیەی لە دوای خۆی پێیدراوە یان وەک ئەو دەڵێت بەسەریدا سەپێنراوە. هیگڵی ژیژیک تەواو جیاوازە لەو هیگڵەی پێشتر دەیناسین، هیگڵی کیرکەگارد، هیگڵی مارکس، هیگڵی پۆپەر، هیگڵی پۆست مۆدێرنەکان. پێشتر هیگڵمان بە دوو تێرمی گەورە و سەرەکیدا دەناسییەوە، یەکێکیان «فەیلەسوفی تۆتالیتاریەت ـ کۆبگیریی»، لەگەڵ «فەیلەسوفی حەتمییەت ـ ناچاری و دەبێکاریی».
ئەو خەوشە و ڕەخنە گەورانەی لە هیگڵ دەگیرێن، ئەوەیە دونیا دەخاتە ناو یەک پرۆسێسەوە و بەپێی ڕیزێک یاسا و ڕێسای حەتمی دەیخاتە جوڵە و سەما. یاساکانی ئەو سەرتاسەرین، لە هەرجێگایەکدا بوەستین، لە هەر سەردەمێکدا بین بەبڕوای ئەو یاساکانی پێشکەوتن و گۆڕان هەمان یاسا دیالەکتیکییەکانن و جیهان لەو کاتەوەی لە نەبوونەوە دەرهاتووە، تا ئەمڕۆ یەک لۆژیک دەیبات بە ڕێوە کە لۆژیکی جوڵەی عەقڵی ڕەها خۆیەتی. لۆژیکیک هەم لە ناو عەقڵ خۆیدا ئیشدەکات، هەم لە ناو سروشت، هەم لەناو مێژوودا... هەمیشەش کاری ئەوەیە ناکۆکی ناوەکی شتەکان هەڵبگرێت و لە فۆرمێکی یەکگرتوودا دژەکان بۆ پلەیەکی باڵاتری گەشە سەربخات. ئەم پرۆسە گەردونییە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت و یاسای هەموو جوڵەیەک و ئاڕاستەی هەموو بزاڤێک دەخاتە ناو قاڵبێکی حەتمییەوە، ئەوەی کە بووە بەرهەمی عەقڵە و دەرەنجامی دیالەکتیکی جوڵەی ئەو عەقڵە ئایدیالیستییە گەردونییەیە کە هەموو شت بە سیستمێکی دیاریکراو دەبات بەڕێوە. ئەمە ئەو هیگڵەیە کە تا ئەمڕۆ دەیناسین، هیگڵێک هەموو هەمەڕەنگی دونیا کورتدەکاتەوە بۆ چەند یاسایەک و بۆ ناو شەپۆلێکی گەورەی یەک ئاڕاستە کە کۆی شتەکان بە یەک بواردا دەبات و ڕێڕەوێکی حەتمیان دەداتێ . ژیژیکیش دروست لەم خاڵانەدا کە کەم تازۆر هەمووان لەسەری کۆکن، دەڵێت تێگەیشتنی ئێمە بۆ هیگڵ هەڵەبووە، لە بری ئەم هیگڵە، جۆرە هیگڵێکی دی پێشنیار دەکات کە وێنەیەکی تەواو جیاوازە لەو وێنە حەتمی و تۆتالیتارەی کە ئاشناین پێی، ئەو وێنەیەی وادەکات کارل پۆپەر لەگەڵ ئەفلاتون و مارکسدا بە باوکی هەموو دیکتاتۆرەکانی بزانێت، پۆستمۆدێرنەکانیش بەو مۆتەکەیەی بزانن کە دەبێت دەستوبرد بەلاوە بخرێت. ژیژیک سەبارەت بەو ڕق و نەفرەتە قووڵەی سەدە و نیوێک زیاترە دژی هیگڵ گەشەدەکات دێتە دەنگ و دەنوسێت «هیگڵ بۆ فەلسەفە بۆتە کێشەیەکی گەورە، تەواوی فەلسەفەکانی دوای هیگڵ دەیانەوێت لەدەست هیگڵ دەربازیان بێت، دەیانەوێت خۆیان لەو مۆتەکە و خەوەتاڵەی ئەو بەرجەستەیدەکات پاکبکەنەوە. بەڵام هەڵەکە بەبڕوای من لەوەدایە، بۆ ئەوەی ئەو کارە برواتە ڕێوە، وێنەیەک بۆ هیگڵ دادەڕێژن کە دەشێت بەو دیاردەیە بیشوبهێنین لەدەرونشیکاردا ناویدەنێن«شاردنەوەی یاد» «ژیژیک لێرەدا ئاماژە بۆ میکانیزمێکی دەرونی دەکات، بەهۆیەوە منداڵ یادگارە ناخۆش و بریندارکەرەکانی لە ڕێگای خۆلادان و لەبیربردنەوە یاد دەکات و دەیانچەپێنێت، هەڵبەت زاراوەکە تێرمێکی ناسراوی فرۆیدییە ـ ب .ع ـ ». هیگڵی شێت، ئایدیالیستی موتڵەق، چەوتەکار، ئەوەی باوەڕی وابووە دەتوانێت بیرکردنەوەی خودا بخوێنێتەوە، باوەڕی وابووە لە بزاڤی عەقڵی خۆیەوە دەتوانێت هەموو شت دەرەنجام بهێنێت، هەموو ئەم ناو و ناتۆرانە جۆرێکن لە شاردنەوەی یاد، لە ڕێگایەوە هەوڵدەدرێت. خۆیان لەو کارە بدزنەوە کە هیگڵ ئەنجامیداوە» «بڕوانە : سلاڤۆ ژیژیک. دژڕەو بە ناو ڕیالدا *، بنکەی چاپی پاساژن، ڤییەنا. 2010 . ل 57» . ژیژیک مامەڵەی سەدەی نۆزدە و بیست لەگەڵ هیگڵدا ڕەتدەکاتەوە. گەر لای نیتشە و پۆپەر و پۆستمۆدێرنەکان «هیگڵ» فەیلەسوفی حەتمییەتێکی کوێر و کەسنەناس بێت، فەیلەسوفی «ناچاری» بێت، دوژمنی سەرەکی ڕێکەوت و ئەگەرکاری بێت. ئەوا لای ژیژیک سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە. هیگڵ فەیلەسوفی ناچاری و یەک ڕێگایی نییە، بەڵکو فەیلەسوفی ڕێکەوتە، مێژووی وەک گەشەیەکی جەبری و ئەبێکار و خۆسەپێن سەیرنەکردوە، باوەڕی وانەبووە ئەوەی روویداوە دەکرا وە دەبوو هەر بەوجۆرە بێت، هیگڵ لای ژیژیک هەر لە بنەرەتدا هەوڵی خوێندنەوەی مێژووی نەداوە، واتە بە پێچەوانەی مارکسەوە کە زۆری فەلسەفەکەی پێشبینیکردنی مێژووە، هەوڵە بۆ دیتنی ئەوەی سبەینێ ڕوودەدات، کاری هیگڵ لەسەر ئەوەبووە کە ڕوویداوە. هیگڵ لە تێڕوانینی ژیژیکدا گوناهێکی لەودیوە «مێژووبین»ـەی ناو مارکسیزمدا نییە کە ژیژیک هەمان شێوەی ئالان بادیۆ بە توندی ڕەتیدەکاتەوە. «بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو . ل. 40». هیگڵ بەراورد بە مارکس، پتر مێژوونوسێکی فەلسەفییە، لەکاتێکدا مارکس دوور ـ بین و پێشبنیکەرە، کەسێکە چۆتە سەر بەرزاییەک و لەوێوە جاڕی بینینی پاشەڕۆژ دەدات، لەکاتێکدا لای هیگڵ هەڵوێستێکی بەوجۆرە نابینرێت. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئارنۆ ڤیدمان بۆ «فرانکفۆرتە ئەلگەماینە» کە لە «3 ی کانونی یەکەمی 2012» دا بڵاوکراوەتەوە ژیژیک بە ڕوونی خۆی لەو کولتوورە پاکدەکاتەوە کە پێیوایە دەشێت پێشبینی مێژوو بکرێت، ئەوە و هەزار ڕەگەزی تریش ژیژیک لەو چەپە تەقلیدیانەی ئێستا جیادەکاتەوە . لای ئەو هیگڵ زۆر لە مارکس لێمان نزیکترە، لەوێدا دووبارە وتە بەناوبانگەکەی هیگڵ «پەپوەکەی مێنرڤا تەنیا دەمی خۆرئاوا دەداتە شەقەی باڵ» وەک بەڵگە دەهێنێتەوە... واتە ئەوە بڕوای هیگڵ بووە کە دەبێت شتەکان ڕووبدەن ئەوسا عەقڵ دەستی خۆی بوەشێنێت و بکەوێتە تەفسیرکردن، تا نەگەینە ئێوارە عەقڵ نایکرێت بجوڵێت و بفڕێت و ببینێت. عەقڵ ناتوانێت پێش مێژوو بکەوێت و هەموو شتێکی بۆ دیاریبکات، هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی لەو جۆرەش بۆ هیگڵ خوێندنەوەیەکی هەڵەیە. ژیژیک دەڵێت گەر هیگڵ ئاگای لە مارکس بایە «تۆمەتی ئایدیالیستی دەنایە پاڵ، مارکس لەو باوەرەدا بوو مرۆڤ لەو هەلومەرجەی کە خۆی تێدا دەبینێتەوە نەوەک دەتوانێت هەموو شت ڕاست هەڵبسەنگێنێت و بڕیاری لێبدات، بەڵکو لەوێشەوە پاشەڕۆژ بنێتە بندەستی خۆی. هیگڵ لەو ڕووەوە و دەرهەق بە بۆچوونی وەها واقعی تر بووە، ئەو دەیزانی مرۆڤ لەو دۆخەی کە تێیدا چەقیوە ناتوانێت ڕوانگە و دیدی تەواوی بەسەر دیمەنەکەدا هەبێت». واتە مرۆڤ کە لە ناو پرۆسێسە مێژوویەکاندا بوو ناتوانێت وێنەیەکی پانۆرامایی وای دەستبکەوێت هەم ئێستا و هەم پاشەڕۆژیش بەدروستی بخوێنێتەوە.


2



یەکێک لەو زاراوە گرنگانەی لە ڕێگایەوە دەتوانین باشتر لە تەفسیری ژیژیک بۆ هیگڵ تێبگەین، زاراوەی «ریترۆئەکتیف»ـە. ریترۆئەکتیف واتە شتێکی کە ڕۆشن نابێتەوە بۆمان تا نەگاتە کۆتایی و ماناکانی لە ڕێگای شتێکی دییەوە ئاشکرا نەبێت. بۆ نمونە وەک ژیژیک دەڵێت تا کافکا دەرنەکەوێت ناتوانین بزانین کە شتێک بە ناوی جیهانی کافکایی لای «ئەدگار ئالان پۆ» یان «دستیۆفسکی» هەیە، دەبێت کافکا هەبێت ئەوسا دەزانین کە پێش کافکا «جیهانی کافکایی» بوونی هەبووە. واتە کە رووداوێک هێشتا ڕووینەداوە نازانین ڕوودەدا یان روونادات یان چۆن ڕوودەدات، بەڵام دوای ئەوەی کە ڕوودەدات قسە لە پێویستی ڕوودان یان حەتمییەتی روودانی دەکەین. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئولریش گوتمایەر و کریس فلۆردا دەڵێت «ئەوەی لە دونیای فیرتوئیل «مەجازی» دا ـ هەڵبەت مەبەست دونیای ئینتەرنێت و کۆمۆنیکاتسیۆنی نوێیە. ب.ع ـ تووشی شۆکمان دەکات، ئەوە نییە کە پێشتر دونیایەکی واقعی ڕاستەقینە بوونی هەبووە و ئێستا تەنیا دونیایەکی مەجازیمان هەیە، ئێمە تەنیا دوای ناسین و ئاشنابوون بە دونیای مەجازی و بەجۆرێکی ریترۆئەکتیڤ بۆمان ڕوونبووەوە کە دونیای واقعی خۆی هیچ کات بوونی نەبووە، واقع هەمیشە مەجازی بووە، بەڵام ئێمە سووک و سادە هیچ کات سەرنجمان نەدابوو». «چاوپێکەوتنەکە لە تێلۆپۆلس. 7ـ 10 ـ 1998 بە ناونیشانی هیستریا و سایبەرسپەیس بڵاوبۆتەوە». لێرەدا مانای ڕیترۆئەکتیف گەلەک ڕوونە، ئێمە تەنیا دوای سەرهەڵدانی دیاردەیەکی نوێ دەتوانین لە چۆنێتی دیاردەیەکی پێشووتر تێبگەین. ئەوەی کە دوێنێ ڕوویداوە بەرهەمی پێویستییەک و ناچارییەک نەبووە کە پێرێ ئامادەبووە، بەڵکو بەرهەمی پێویستییەکە کە ئەمڕۆ ئێمە لە دوێنێدا هەستی پێدەکەین. ئەوەیە ڕیترۆئەکتیف. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر دەگەڕێمەوە سەر سەرەتای کتێبی «دەردەئاماژەکەتت وەکو خۆت خۆشبوێت» کە تێیدا ژیژیک باسی میدیا و جاک لاکان دەکات. لەوێدا ژیژیک دەردەئاماژ «سمبتۆم ـ اعراض المرض» واتە نیشانەکانی نەخۆشی دەرونی بە هەمان شێوە دەخوێنتەوە، دەردەئاماژ لەدەرونشیکاردا شتێک نییە هەبێت و بمانەوێت ڕوونیبکەینەوە، واتە دراوێکی پێشوەخت نییە، بەڵکو تەنیا لە کاتی شیکاری دەرونیدا بەیەکەوە دەنرێت و دروستدەکرێت و کۆدەکرێتەوە. دەردەئاماژ شتێک نییە لە ڕابوردودا بووبێت و ئێمە بیدۆزینەوە، بەڵکو شتێکە خولقێنراوی کەسی دەرونشیکارە و لە پرۆسەی شیکاردا دروستیدەکات. «بڕوانە : سلاڤۆ ژیژیک. دەردەئاماژەکەتت وەکو خۆت خۆشبوێت. دەرونشیکاریی جاک لاکان و میدیاکان. بنکەی چاپی مێرڤن. بەرلین. 1991 . ل. 9 و 10». لێرەدا چەمکی «سمبتۆم» و «ناچاری ـ ضرورة» ـی هیگڵی لای ژیژیک گەلێک هاوواتا و نزیکەماڵن. ژیژیک بە بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە بۆ هیگڵ مەبەستێتی بڵێیت چەمکی ناچاریی لای هیگڵ، چەمکێک نییە پێش مێژوو و ڕووداوەکان بکەوێت. ئەوەی پێیدەگووترێت «پێویستییەکی مێژوویی بوو» تەنیا دوای ڕوودانی ئەو هەلومەرجە لەگەڵ خۆی دەهێنێت وادەربکەوێت پێویست بووە. بۆ نمونە شەڕی عێراق ـ ئێران هیچ پێویستییەکی مێژوویی نییە، دەکرا ڕوونەدات، دەکرا فیشەکێک لەسەر سنوورەکان نەتەقێت، بەڵام کە ڕوودەدات ئەوسا سیفەتی ناچاریی پێدەدرێت و وەک پێویستی مێژوویی وێنادەکرێت. هیگڵ لەو کەسانە نییە کە بڵێت ئەگەر ناپلیۆنیش نەبایە دەکرا کەسێکی تر بە ناوێکی تر و بە ڕوخسارێکی ترەوە هەمان ڕۆڵ بگێرێت. «بڕوانە دژڕەو بەناو ریالدا . ل39». نا گەر ناپلیۆن یان هیتلەر یان سەدام حوسەین نەبوونایە، مێژوو هەمان ئەم مێژووەی ئێستا نەدەبوو، واتە دەرکەوتنیان ئەو ڕێکەوتەیە بەجۆرێکی ڕیترۆئەکتیڤ وەک پێویستی و حەتمی لەقەڵەمدەدرێت. بۆیە هیگڵەکەی ژیژیک هیچ کات دەبێکارێکی «حەتمییەکی» کوێر نییە، یەک هێڵ بۆ مێژوو بکێشێت و بڵێت هەر دەبوو بەسەر ئەو راستە شەقامەدا بهاتبایە و هەر لەسەر ئەو ڕاستە شەقامەشدا تێپەڕێت و بمێنێتەوە، هیگڵ تەواو وەک خودی ژیژیکە کە نازانێت سبەێنێ چی ڕوودەدات. ئەم بیرۆکەیە گرنگە بۆئەوەی لەخودی ژیژکیش بەوردی تێبگەین. بۆ نمونە وشەی کۆمۆنیزم کە ژیژیک بەکاریدەهێنێت کارێکی بە مانای کۆمۆنیزمی تەقلیدییەوە نییە «خۆی لە زۆر بۆنەدا ئەوە دوبارەدەکاتەوە»، کۆمۆنیزمێک کە دەزانێت پاشەڕۆژ چۆنە و کێ دروستیدەکات و بە چ هۆکارێک دروستدەکرێت. کۆمۆنیزم لای ژیژیک فۆرمێکی دیاریکراوی ژیان و دەوڵەت و ڕێکخستنی ئابووری نییە لە پاشەڕۆژدا، بەڵکو ناوێکی گشتییە بۆ پاشەڕۆژ، بۆ پاشەڕۆژێک کە شێوەی نازانین و فۆرمی لێرەوە دیاری ناکرێت . کۆمۆنیزم لای ژیژیک «هەڵبەت لەو جێگایانەدا کە بە مانا ژیژیکییەکەی خۆی بەکاریدەهێنێت» ناوێک نییە بۆ ئایدۆلۆژیایەک یان فۆرمێکی دیاریکراو کە دەزانین چییە و چۆنە و چۆن پێیدەگەین، کۆمۆنیزم لای ژیژیک ئەو شتەیە کە دەبێت بیدۆزینەوە، چەمکێکە بۆ دروستکردن و کار لەسەر کردن، بۆ دەرچوون لە دۆخی ئێستای کەپیتالیزم، نەوەک ڕەچەتەیەکی ئایدۆلۆژی بێت دەرمانی دەردەکانی ئەمڕۆ و مژدەی بەهەشتی پاشەڕۆژی پێبێت. کۆمۆنیزم لای ژیژیک وەک هەمووجار ئاماژەی پێدەدات، مانای ڕیال. واتە ئەوەی سیستم نایگرێت، ئەو درزەیە کە پێکهاتی سمبولی بۆی داناخرێت. لێرەوە هەموو ئەوانەی ژیژیک بەجۆرێکی حەرفی وەردەگرن ناتوانن تێیبگەن ژیژیک دەڵێت چی، چونکە ژیژیک لە یەککاتدا دەڵێت «من کۆمۆنیستم» وە بەردەوامیش ئەوە دووبارەدەکاتەوە کە «کۆمۆنیزم بەشێکە لە کێشەکە، نەوەک چارەسەر بێت». گەر یەکێک مانای کۆمۆنیزم هەر بەو تێگەیشتنە کلاسیکییە وەربگرێت کە زانراوە، تێناگات ئەو هەموو ناکۆکییە لەقسەی ژیژیکدا لەکوێوە دێت. لە کاتێکدا هیچ جۆرە ناکۆکییەک لە گۆڕێ نییە، ستراتیژی ژیژیک ئەوە نییە کە نهێنی مانەوەی سەرمایەداری لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا ببینێتەوە، کە تێرمی موقەدەسی هەموو مارکسییەکی ئارسۆزێکسییە، بەڵکو لە ئیشکردنیدا لەسەر خەیاڵی دەستەجەمعی، لەسەر «ڕیال». لێرەوە ئەو هێندەی بایەخ بە تێگەیشتنی هۆلیود دەدات، خۆی بە شیکردنەوەی سوڕی سەرمایە و پەیوەندی کار و کەپیتالەوە سەرقاڵ ناکات. چەکی سەرەکی تێگەیشتنی ئەو لە نهێنی کەپیتالیزم بەپلەی یەکەم لاکانە، نەوەک مارکس بێت، وە هەوڵی تێپەڕاندنی لە ڕێگای بەهێزکردنی دیوە نەفیکەرەکەی هیگڵە. سوبێکتی شۆڕشگێڕی بەو مانایە کە لای مارکس هەیە «پرۆلیتاریا» لای ژیژیک بوونی نییە، هەر ئەمەشە وادەکات لە کۆنفرانسی کۆمۆنیزمدا کە لە 2010 دا لە بەرلین کرا، کەسێکی وەکو «ئەنتۆنیۆ نیگری» «شێخی نیومارکسیستەکان» لە فەلسەفەی ژیژیک نیگەران بێت «بڕوانە ڕاپۆرتەکەی فیلیپ ئۆیمکە لە شپیگل. ژمارە 27 .2010». لە موحازەرەکەی هایدلبێرگیدا لە سەر روداوەکانی «2011» کە بە ناوی «2011 ساڵی خەونە ترسناکەکان » بوو. ژیژیک جارێکی تر پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە ئەو زەمانەی تێیدا سەرمایەداری لەگەڵ خۆی دیموکراسییەتی بەدیاری دەهێنا بەسەر چوو، بەڵام هەر لەوێدا قسە لەسەر وازهێنان لە پارادایمی «مارکس ــ هۆڵدەرلین» دەکرێت، ڕووە و گەڕانەوە بۆ «هیگڵ ــ فاگنەر». ئەوەی لای ژیژیک گرنگە، لەگەڕانماندا بۆ ئەلتەرناتیڤ نیگا دێرینەکانمان بەجێبهێڵین و دۆخەکان بەشێوەیەکی تر ببینین، بە مانایەکی تر ئەو چاوەی تا ئەمڕۆ ئەلتەرناتیڤی نەبینیوە بەهەمان سروشتی جاران و بە هەمان ڕوانگەوە هەر ناتوانێت ئەلتەرناتیڤ ببینێت، لێرەوە وەرگەڕانی ڕادیکال لە شێوەی بینیندا تێزێکی بنەڕەتی ژیژیکە، جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ سەرەتا واتە بۆ ڕووتکردنەوەی سیستەم بە مەبەستی کردارێکی نەفی نوێ، یاخود نەفیکردنی ڕادیکال بە هەموو شێوەکانییەوە، لێرەشدا گرنگی هیگڵ بۆ خودی ژیژیک دەردەکەوێت. گەر لەگەڵ شیکارەکەی ژیژیکدا بڕۆین، مارکس هەوڵێکە بۆ داخستنی سیستمی نەفی هیگڵی، بەجۆرێک وەک ئەوەی لە پرۆسەیەکی نەفیدا تەنیا یەک ڕێگا و یەک بەرهەم و یەک ئەگەرمان لەبەردەمدا بێت. مارکس باوەڕی بە بوونی خودێک «سوبێکتێک» هەیە کە کۆنترۆڵی مێژوو دەکات، «سوبیکتێکی» هوشیاری شەفاف «ترانسپارێنت» کە هەم خۆی و هەم دونیا دەبینێت و تێیاندەگات و دروستیاندەکات و بەسەر ڕێگرە مادییەکاندا سەردەکەوێت، ئەم سوبێکتە مارکسییە درێژکراوەی سوبێکتی دیکارتییە، سوبێکتێکی ڕۆشن و خوێنراوە و کۆنترۆڵکراو کە توانای بینینی خۆی و دونیای هەیە. هەموو پێیانوایە ئایدیالیزمی ئەڵمانی لە کانت و هیگڵەوە دروستکەر و داڕێژەری گەورەی ئەمجۆرە سوبێکتە هوشیار و ڕوناک و خوێندراوەیەیە، کە هەڵبەت لە دژ و بەرامبەریدا فەلسەفەی فەرەنسی نوێ ڕادەوەستێت، کە تێکشکانی ئەو سوبێکتە دەبێتە نیاز و پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوە و بەلاوەنانی دەبێتە ستراتیژی کاری . سوبێکت لەگەڵ فرۆید و پۆستمۆدێرنە و پۆست ستراکچەرالیستەکاندا دەبێت جێگایەکی پڕ لەدەلاقە و تاریکی، دەبێتە توخمێکی پەڵەپەڵەی نەخوێندراوە، کەبەسەر هوشیار و ناهوشیار، خۆویست و خۆنەویستدا دابەشبووە، واتە یەکڕەنگی و یەکێتی و هاوشێوەیی خۆیی لەدەستدەدات. ژیژیک لە نێوان ئەم دوو جیاوازییەدا دەسوڕێتەوە، گرنگترین کتێبی ژیژیک لەمڕەوەوە «شەوی جیهان ــ دەرونشیکار و ئایدیالیزمی ئەڵمانی» یە. لێرەدا ژیژیک هەوڵدەدات ئەوجۆرە دابەشکردن و خانەخانەیە بشکێنێت و وەک خۆی دەڵێت بە کۆمەکی لاکان، ئایدیالیزمی ئەڵمانی ئەکتیفبکاتەوە. تێزەکەی ژیژیک ئەوەیە «بە پێچەوانەی هەموو خوێندنەوە تەقلیدییەکانەوە» بیرۆکەی سوبێکتی لەتبوو، سوبێکتی تاریک و نەخوێندراوە کە ناتوانێت جیهان ببینێت و تەواو کۆنترۆڵیبکات، تێزەیەکی سەرەکی ئایدیالیزمی ئەڵمانییە لە کانتەوە بۆ هیگڵ، بۆیە لە نێوان بیرۆکەی سوبێکتی هیگڵی و ریالی لاکانیدا «یان نەستی دەرونشیکاردا» نزیکییەکی گەورە هەیە. واتە هیگڵ جارێکی دیش دوژمنی فیکری هاوچەرخ نییە و ئەو شەیتانە نییە کە سەری سندوقی مەینەتییەکانی هەڵدابێتەوە، بەڵکو فەیلەسوفێکی باش نەخوێندراوەی خیانەت پێکراوە، کەزۆربەی نەیارانی لەجەوهەردا قەرزارباری ئەون، لە زۆر جێگادا ژیژیک زیادەڕوییەک دەکات و پێیوایە دۆلۆز کە گەورەترین «ئەنتی ـ هیگڵی» چل ساڵی رابوردووە، گەورەترین هیگڵستی سەدەی بیستیشە. ئەمە بەو مانایە نییە کە ژیژیک بڵێت جیاوازی لە نێوان هیگڵ و پۆستمۆدێرنەدا نییە، بە پێچەوانەوە، دەیەوێت بە پۆستمۆدێرنەکان بڵێت خاڵی سەرەکی ئێوە کە «لەسەنتەردەرکردنی سوبێکتی عاقڵ و هوشیار و گەردونییە» کارێکە پێشتر لە ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا هاتۆتە دەستمان، دووهەم بۆئەوەی پێ لەسەر ئەوە دابگرێت هیگڵ تاکە ڕێگایەکی بەردەممانە بۆ زیندووکردنەوەی سیاسەتێکی کاریگەر لە بەرامبەر سیستم. بەڵام چۆن? ئەمجۆرە ئەکتیفکردنەوەی سیاسەت هەر بە خانەی بەرز نرخاندنی چەمکی «نەفیکردنکردن» دا ناڕوات بەرامبەر چەمکی «سنتێز»، بەڵکو لای ژیژیک بە کەناڵی کێشەیەکی قووڵتر و گەورەتریشدا دەڕوات . یەکێک لە کێشە فەلسەفییە گەورەکان کێشەی پەیوەندی نێوان پارتیکولار «جزئي» و تۆتال «کلی» یان پەیوەندی لۆکال «موقعی» لەگەڵ یونفێرسالە «کوني». دوژمنانی هیگل، ئەو بە فەیلەسوفی «تۆتال و یۆنفرسال» دەزانن بەرامبەر «پارتیکولار و لۆکاڵ» کە بەبڕوای ئەوان بە فەرامۆشکردنی مرۆڤ و شوناسە بچوکەکان کۆتاییدێت و دوا دەرەنجام دەمانباتەوە سەر فاشیزم و نازیزم. بەرامبەر بەوەش وەک هەموو دەزانین پۆستمۆدێرنە پێداگرتنە لەسەر پارتیکولار و لۆکال بەرامبەر هەر گشتگیری و شوناسێکی گەردونی کە هەمووان بخاتە ژێر یەک کاتاگۆری و یەک خانەوە. ژیژیک سەرەتا پێی وانییە کە هیگڵ پارتیکولار «جزئی» فەرامۆشکردبێت، بەڵام پێیوایە «پارتیوکلاری هیگڵی» لە ڕەوتی دووبارەبوونەوەدا هەمان شت بەرهەمناهێنێتەوە کە هەیە، واتە گەڕانەوەی ئەبەدی هەمان شت نییە، وەک لای نیتشە و فرۆید و دۆلۆز دەیبینین. ئەوەی لای هیگڵ دووبارەدەبێتەوە لە ئاستێکی بڵندتردا دووبارەدەبێتەوە. ئەمە مانای ئەوەی کە پارتیکولاری هیگڵی توانای بەرزبوونەوەی تێدایە بۆ یونفێرسال. بۆ نمونە شارستانی میسری یان چینی، دەرکەوتنی مەسیح یان موحەمەد، سەرهەڵدانی مایکل ئەنجلۆ یان باخ ڕووداوی لۆکالن، بەڵام لای هیگڵ ئەوانە هەموو بەشێکن لە ڕەوتێکی گەردونی، ماناکانیان سنووری ئەو جێگایە تێدەپەڕێنێت کە تێیدا دەردەکەون و دەبنە نیشاندەرەوەی ساتێک و سەردەمێکی گەورەتر و گەردونیتر. ژیژیک وادەبینێت کە پۆستمۆدێرنە پردی پەیوەندی نێوان لۆکال و یۆنفرسال یان پارتیکولار و تۆتال دەشکێنێت. بەناوی پاراستنی تایبەتمەندی و رزگارکردنی شتە بچوکەکانەوە لە جەبەروتی گەورەکان، شتەکان لە دیوارەکانی خۆیاندا دیلدەکات و رێگە لەوە دەگرێت هیچ مانایەکی گەردونی لەو شتانەدا ببینین یان هیچ پڕۆژەیەکی گۆڕانکاری ڕادیکال پیادەبکەین. سیاسەت لای ژیژیک بریتییە لە ئەکتیفکردنەوەی پەیوەندی نێوان پارتیکولار و یونفێرسال، واتە من بتوانم لە تراژیدیا و ئازاری خۆمەوە مانایەک ببەخشم کە ئەوانی تریش بە گشتی پەیوەندییەک لە نێوان ئازاری من و خۆیاندا ببینن، بۆ نمونە کێشەیەکی وەکو کێشەی کورد لەو ساتەدەبێت کێشەیەکی سیاسی تەواو کە تەنیا تەعبیر نەبێت لە کێشەی تایبەتی مرۆڤی کورد، بەڵکو ڕەهەندە یۆنفێرسالەکەی وەک سەمبولی ئازاری ئینسانی و نەتەوەیی، وەک سەمبولێک بۆ هەموو دەرکراو و پەراوێزخراوێک لەسەر شانۆیەکی گەورەتر کە شانۆی ڕۆحی گەردونییە دەربکەوێتەوە. بەڕای ژیژیک پۆستمۆدێرنە بە ناوی پاراستنی تایبەتمەندی پارتیکولارەوە هەموو مانایەکی سیاسی و شۆڕشگێرانە و گۆڕانکار لە شتە لۆکالەکان دەکاتەوە و دەیانگۆرێت بۆ کۆمەڵێک دوورگەی دابڕاو لە یەکتر و بۆ هەندێک ناڕازیی بچوک و کۆنترۆڵکراو. واتە هیگڵ ئەو فەیلەسوفەیە کە لە ڕاستیدا کۆمەکمان پێدەکات لە شتە بچوکەکان مانای گەردونی و گەورە دەربهێنین، سیاسەتیش لە جەوهەردا گواستنەوەیە لە پارتیکولارەوە بۆ یونفێرسال، لە گرفتی تاک یان گروپەوە بۆ پێدانی مانایەکی گەردونی، لێرەدایە کە بە بڕوای ژیژیک، هیگڵ ئەو چاڵە پڕدەکاتەوە کە پۆستمۆدێرنە دروستیدەکات. ئەو چاڵەی کەوتۆتەوە نێوان «تاک» و «گەردون» ـەوە. لێرەشدایە توڕەیی خۆی لە لاکان ناشارێتەوە کە «ترسی لە پرسیارە گەورەکان» بووە. «بڕوانە دژڕەو... ل.27».
دژ بە هەموو ئەوانەی بشێت تۆمەتی تۆتالیتاریزم بخەنە پاڵ ژیژیک، دەبێت بڵێم ئەم فەیلەسوفە نوێنەری هیچ حکایەتێکی گەورە نییە، نوێنەری هیچ فەلسەفەیەکی تۆتالیتاریی کۆن یان تازە نییە، بۆ ئەوەی لەوەش وردتر تێبگەین دەبێت تێگەیشتنەکانی لەسەر ئایدۆلۆژیا تێبگەین «کە بەداخەوە لێرەدا بواری ڕانانی نییە». ژیژیک پێ لەسەر یۆنفێرسال وەک یونفێرسالێکی ئەبستراکت و نائینسانی و ڕووتکراوە لە هەموو ڕەهەندێکی پارتیکولار داناگرێت، بە پێچەوانەوە ژیژیک پێ لەسەر ڕەهەندی یونفێرسالی هەموو پارتیکولارێک دادەگرێت، لێرەوە یونفێرسال ئەو شتە نییە کە رووتکراوەتەوە لە ڕەهەندە تاکی و تایبەتییەکانی، یونفێرسال بە پێچەوانەوە شتە تاک و تاقانە و تایبەتییەکانن کە بەرزکراونەتەوە بۆ ئاستی گەردونی و گشتی، یونفێرسال هاوواتایەکی ڕەمزی و ناوکۆییەکی هاوبەش نییە لە نێوان کێشەی هەمووماندا، بەڵکو کێشەی تاکە دەمێک مانایەکی گەردونی پێدەبەخشرێت«واتە هەمان ئەو پرۆسێسەیە کە هیگڵ لە دیالەکتیکەکەیدا دوای دەکەوت». کە ژیژیک دەڵێت «نیشانەکانی نەخۆشییەکەی خۆتت خۆشبوێت» مەبەستێتی بڵێت دەردەئاماژەکانی تۆ، ئەو بەشەیە لە تۆ کە دەرکراوە و چەپێنراوە، ئیدی خۆشت بوێت و دەستی پێوەبگرە چونکە جەوهەری هەموو یونفێرسالێک، یان جەوهەری ئەو وانە ئەخلاقی و گەردونییەی کە پێویستمان پێیەتی لەو دەردەی تۆدایە کە کۆمەڵگا و مامۆستا و کۆمەڵناس و دەرونشیکارەکانی دەیانەوێت بیشارنەوە، ونیبکەن، بیسڕنەوە.

*تێبینی : ناونیشانی ئەسڵی کتێبەکە بە ئەڵمانی «Quer durchs Reale». وشەی Quer مانای بە پانی بە جێگایەکدا بڕۆیت یان بپەڕیتەوە، واتە ستوونی لەگەڵ هێڵی ڕۆیشتندا نەڕۆیت و ئاسۆیی بیبڕیت، ئەم وشەیە لە مانا مەجازییەکەیدا وەک نیشانە بۆ جوڵاندنەوەیەکی دژە ئاڕاستە بەکاردەهێنرێت، واتە هەر بە مانای پەڕینەوە نایەت، بەڵکو بە مانای جوڵاندنەوە دژ بە ئاراستەی جوڵە دێت. لێرەوە وەرگێڕانی حەرفی کتێبەکە دەبێتە «پەڕینەوە بە پانی بە ناو ڕیاڵدا» بەڵام مانا ڕاستەقینەکەی کە ژیژیک مەبەستێتی گوزەرە بە ناو ڕیاڵدا بە ئاڕاستەیەکی دژ. «دژڕەو بە ناو ڕیالدا».