Monday 27 October 2014

کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یوتوپیا


کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یوتوپیا
 «بەشی یەکەم»
«هەندێک سەرنج و وەڵام»

کوبانی بۆنەیەکی باش بوو، هەندێک تێز خۆیان بە بەرگری قارەمانانەی ئەم شارەدا هەڵواسن و بیگۆڕن بۆ  بکەرێک کە گوایە بەشێک لە ئازایەتی کوبانی  بەر ئەوانیش دەکەوێت. لە مێژە گووتراوە، شکست خاوەنی نییە، بەڵام سەرکەوتن ساحێبی زۆرە. کوبانی نمونەیەکی باشی ئەم دۆخەیە. کە لە وتارێکی پێشوودا گووتم کوبانی بەرگرییە لە ژیان، چاوەروان بووم کە تێزەکە هەندێک توڕەیی لێ بکەوێتەوە.  ئایدۆلۆژیستەکان ناتوانن بەبێ ئەفسانە سازی، بەبێ بارکردنی دیاردەکان بە فەنتازیا سیاسییەکانی خۆیان بژین. لای هەندێک لەوانەی قسەیان لە کۆبانی کرد، پێیان کەم بوو، بڵێین کوبانی بەرگری لە ژیان دەکات. شەڕکردن بۆ ژیان وەک جۆرێک لە کەمکردنەوەی نرخی کوبانی دەبینرا، وەک بڵێن ژیانی بچوک چییە، تا کۆبانی مەزنی پێ بپێوین. جۆرە هەڵوێستێکی وەها نە سەیرە، نە چاوەڕواننەکراوە، بەڵکو تەواو لەگەڵ ئەو نەزمە ئایدۆلۆژییەدا دەگونجێت کە تێڕوانینی ئێمەی بۆ ژیان تێدا شێوەگیر بووە. ئایدۆلۆژیا لە خۆرهەڵات دەبێت چی بێت، جگە لە بە هیچ زانینی ژیان و بە موقەدەسکردنی ئایدیا و فیکر و ئاڕاستە سیاسییەکان. لەناو سیستمی فیکریی دینیدا «قودسییەتی ئیمان» جێگای «قودسییەتی ژیان»ـ دەگرێتەوە، ئەم لادانەی ژیان و پەراوێز کەوتنەی، تەنیا سیفەتی بۆچوون و روانینی دینی نییە، بەڵکو سیفەتی تەواوی سیستمە ئایدۆلۆژییەکانیشە، کە مێژوویان مێژووی بێنرخکردنی ژیانە. با بۆ کەمێک لەگەڵ خاوەنی ئەو بۆچوونانەدا تەبا بین و بڵێین «بەڵێ، کوبانی بەرگریی نییە لە ژیان. کوبانی جێگای گەمارۆدانی هەزاران مرۆڤ نییە لە لایەن هێزێکی فاشیستییەوە کە دەزانین جگە لە مردن هیچ دیارییەکی تری پێ نییە». بەڵام کە دەڵێین بەرگریکردن لە ژیان بێنرخکردنی کۆبانییە، مانای شتێک هەیە لەلامان لە ژیان گرنگترە، واتە بەهایەک و نرخێک هەیە کە دەکەوێتە سەرو نرخی ژیانەوە، یان سەرو نرخی مرۆڤەوە بە گشتی. لێرەدا لە بەر دوو وەڵامداین، یان دەڵێین ژیان و ژیانی مرۆڤ وەک نرخێکی باڵا، وەک بەهایەک کە هیچ بەهایەک لەوە گرنگتر نییە، شایەنی شەڕی گەورەیە و تاکە شتێکی زۆر مەزنیشە مرۆڤ لە پێناویدا بجەنگێت و مانای بوونی خۆی لە رێگای ئەو جەنگەوە بدۆزێتەوە. یان بە پێچەوانەوە دەڵێن کۆمەڵێک نرخ و بەهای ئایدۆلۆژی و دینی و فەلسەفی هەن کە نرخیان لە نرخی ژیانی ڕووت گەورەترە و مردنی مرۆڤ لە پێناوی بەهاکانی وەک دین یان ناسیونالیزم یان مارکسیزمدا نرخێکی باڵاتر دەبەخشێتە مرۆڤ، کە لە بنەڕەتدا مردنی خۆی، بوونی ڕووتی خۆی ناتوانێت هەڵگری بێت. لێرەدا بە ڕوونی دەڵێین مردنی مرۆڤ چییە گەر نەزمێکی ناسیونالیستی یان دینی یاخود ئایدۆلۆژیی نەیەت و مانا بەم مەرگە نەبەخشێت. ڕەنگە کێشەکە لێرەدا کێشەی نرخ بێت، ژیان لای من ناوێکە بۆ ئیرادەی ناو مرۆڤ بەر لەوەی لە ناو سیستمی ڕەمزیدا ناوی لێ بنرێت، وە ڕەمزێکە بۆ ڕەهەندە یونفێرسال و هاوبەشەکەی ناو هەموو ئینسانەکان کە شوناسە دینی و نەتەوەیی و چینایەتییەکان تێدەپەڕێنێت. ژیان ناوێکە بۆ ئەو وزەیەی کۆمەکماندەکات بۆئەوەی بکرێت جارێکی دی دووبارە و لە شوێنێکی ترەوە دەست پێبکەینەوە. واتە لەو جێگایەدا کە شوناس خۆی دەبێتە مەترسی لەسەر شوناس، ئایدۆلۆژیا بەر دیواری هەرەسە حەتمییەکانی خۆی دەکەوێت، وزەیەکی ترمان هەیە کە مرۆڤبوونمان دەپارێزێت و مرۆڤایەتیبوونمان لێک نزیک دەکاتەوە. شوبهاندنی ژیانی ڕووت بە بەتاڵی بەرهەمی بەتاڵییەکە بەبێ ژیان. ئەمە بەشێکی قسەکانی ئەم تەوەرەیە کە لە درێژەی وتارەکەدا دەچمەوە سەری. بەڵام بە گشتی، پرسیاری من ئەوەیە؛ بۆ ژیانی ئینسان وەها بێ نرخ دەبێت کە مردنی مرۆڤ لە پێناوی ژیانی خۆیدا ناکرێت و ناشێت بە مردنی کەسانێک بەراورد بکرێت کە لە پێناوی ئیمانێکی دیاریکراو یان مەسەلەیەکی سیاسیدا دەمرن? ئایا داعش خۆی کوڕی ئەم کولتوورە نییە کە تێیدا نرخی ئیمان دەکەوێتە سەرو نرخی ژیانەوە? پرسیاری من دەربارەی پاشەکشەی بەهای ژیانە لە بەردەم بەهای ئایدیادا. لەم ڕووەوە کۆبانی ڕوویەک پێشکەشدەکات جیاواز لەو ساتە مێژوویانەی تر... ساتی سەرکەوتنی هێزی ژیانە بەسەر هێزی ئیماندا. هێزی دەستپێکردنەوە بەسەر هێزی دووبارەکردنەوەدا ـ ئەمە بە ڕەچاوکردنی مانا فەلسەفییەکانی هەر یەک لە دوو زاراوەی «دەستپێکردنەوە» و «دووبارەکردنەوە». لەم نوسینەدا لەسەر هەندێک تەوەر دەوەستم کە پێم وایە وێنەیەکی ڕاست لەسەر کوبانی ناگوێزنەوە، وەک حاڵەتێکی ناوازە، وەک ساتێکی پڕ بەها کە بە سیستمە ئایدۆلۆژییە ناسراو و دێرینەکان تەفسیر ناکرێتەوە. گەرچی من باوەڕم بە  یۆتۆبیزەکردن و بە ئەفسانەکردنی کوبانی نییە، بەڵکو باوەڕم بەو مانا ڕادیکال و یونفێرسالە هەیە کەدەشێت لە کوبانی بەدەستبهێنین، هەوڵدەدەم ئەم خاڵەم لە نوسینەکەدا زیاتر ڕوونبکەمەوە، کە هەندێکیان ڕونکردنەوە و فراوانکردنی بۆچوونەکانی پێشتری منن، هەندێکیشیان وەڵامن  بۆ هەندێک نوسەر، لە پێش هەموویانەوە بۆ کاک مەریوان وریا کە لە وەڵامی نوسینێکی پێشتری مندا هەندێک سەرنج و بۆچوونی نوسیبوو.

کوبانی و پۆلس
ئایا پرسیاری سەرەکی لەم هەفتانەی دواییدا لە کوبانی چی بووە? کوبانی چۆن خۆی ببات بەڕێوە یان چۆن بەرگری لە خۆی بکات?. کوبانی چۆن ببێت بە یۆتۆپیای تۆماس مۆر یان چۆن ژیانی خۆی بپارێزێت?. لە راستیدا ئەوەی لە کوبانیدا ئێستا ناکرێت بکرێتە بابەتی باس فۆرمی ئیدارە و شێوازی دەوڵەت و سروشتی هاوڵاتی بوونە، چونکە هەموو ئەم شتانە لە دۆخی جەنگێکی سەختی مان و نەمان و گەمارۆدا نە جێگیردەبن، نە دادەمەزرێن، نە بیریان لێ دەکرێتەوە. لە کوبانی، ئەوانەی لە شارەکەدا  ماونەتەوە نە پۆلس دادەمەزرێنن و نە یۆتۆپیا، بەڵکو بە کۆ وەک لەشکرێک کاردەکەن، لەشکرێک کە شارەکە و زیندووەکانی ناوی لە هێزێکی دڕندە دەپارێزن کە گەر بێت و هێڵەکانی بەرگری بشکێت، ئەگەر هەیە هەمووان ڕەشەکوژ بکرێن. هەڵبەت وەک لەشکرێک کە هەم توانای بەرگی و خۆڕێکخستن و بەردەوامیان هەیە، وە ژنان ڕۆڵێکی گرنگ لەم لەشکرەدا دەبینن، شایەنی هەموو ڕێز و سەرسامییەکن، بەڵام پێمان وابێت کە فۆرمی ئەم لەشکرە، فۆرمێکی یۆتۆپیانەی کۆمەڵگاشە، ئەمە هەم بۆچوونێکی هەڵەیە و هەم ترسناکیشە. کێشەی ئەم شارە لێرەدا ئەوە نییە چۆن خۆی ببات بەڕێوە،  چۆن کێشەی نێر و مێ چارەسەربکات، بوونی ژن بە جەنگاوەر لەم ساتانەدا چەندە گرنگ و هێمادارە، بەڵام هیچ کات بە مانای ئازادی ژن نییە، مانای ئەوە نییە دوای تەواوبوونی بەرگری و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، ژنان لە کۆیلەیەتی ڕزگایان دەبێت و کۆبانی دەبێتە هەرێمێکی دابڕاو و جیاواز لە دنیای موحافەزەتکاری دەوروبەری خۆی. ژن لە زۆربەی سوپاکان و هێزە چەکدارەکانی دونیادا هەبوون، بێئەوەی ئەمە مانای ئەوە بێت کە ژن لەو جێگایەنەدا ئازاد بوون، خەباتی کوبانی ئێستا ئەوە نییە ئەو کێشانە چارەبکات کە بەشەرییەت لە مێژووی خۆیدا چارەسەری نەکردون، بەڵکو ئەوەیە چۆن بەر بە ماشێنێکی فاشیستی گەورە بگرێت کە سادیستانە دەکوژێت و مازۆشیانە دەمرێت. ئازایی ژنانی کوبانی لەوەدایە کە بەوەزیفەی خۆیان دژ بە دڕندەیی و بەربەرییەتی نوێ دەوەستنەوە. بەڵام ئاخۆ ئەم خەباتە دەبێتە سەرەتایەک دژ بە ستەمی ناوخۆ، دژ بە ستەمی ژێندەری، ئەوەیان مەسەلەیەکی تەواو جیاوازە و تێکەڵکردن و خەیاڵچنی لەو ڕووەوە سوودێکی نییە، بارکردنی کوبانی بەم ڕەهەندانە، بارکردنی کوبانییە بە خەون و فەنتازیا و خەیاڵاتی دەرەوەی ئەو هەلومەرجەی کوبانی تیادەژی.

جگە لەوانە، شوبهاندنی کوبانی بە پۆلسی یۆنانی هەڵەیەکی گەورەیە کە بەش بەحاڵی خۆم لە ڕیشەکەی تێناگەم. چەند سال لەمەوبەر نوسەرێکی دیکەمان کاک فاروق ڕەفیق مۆدێلی شار دەوڵەتی یۆنانی وەک نمونەی جفاتی سەرکەوتوو بۆ ئێمە پێشنیاردەکرد، ئەمڕۆش کاک مەریوان بە شوێنپێکانی ئەودا دەڕوات و هەنگاوێک زیاتر دەنێت، پێمان دەڵێت «پۆلسی» یۆنانی لێرەیە، ئەوەتا لە کوبانییە. ئەمجۆرە گەڕانەوەیە بۆ یۆنانی کۆن بۆ تەفسیری ئەمڕۆ، نیشانەی دابڕانی توندی خەیاڵی سیاسی و فیکری ئێمەیە لە ئێستای دونیای خۆمان. لێرەدا بەداخەوە دەبێت هەندێک زانیاری سەرەتایی لەسەر خودی پۆلسی یۆنانی تۆماربکەم کە پێویستن تا خوێنەر ببینێت کە شوبهاندنێکی لەمجۆرە چەند نەگونجاو و بێزەمینەیە.  یەکەم لە یۆنان و سەرجەم خاکی هێلینییەکاندا پتر لە 1500 یەکەی نیشتەجێ هەبووە کە ناوی پۆلسیان لێ نراوە، هەندێک جیاوازی لە نێوان ئەم پۆلسانەدا بووە، بەڵام لێکچوونی  زۆر گرنگیش کۆیکردونەتەوە «بۆ نمونە باوەڕی دەستەجەمعی پۆلسەکان بە زیوس و خوداکانی ئۆلۆمپ و پێشبینییەکانی دێلفی، بەکارهێنانیان بۆ یەک زمان، بەشدارییکردنیان بەجۆرێکی بەردەوام لە گەمە و پێشبڕکێیەی ناو پۆلسەکاندا  و سازکردنی بە نۆبەت بۆ ئەو گەمانە». پۆلس شتێک نییە  لە ناکاو لە زەوییەوە بە  ماوەی مانگێک هەڵبقوڵێت، پۆلس جێگایەی جوگرافییە کە تێیدا دەسەڵاتی لۆکاڵ لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا ناوکەی ئیدارەیەکی دەوڵەتیانەی سەربەخۆ بۆ خەڵکی شارەکە دروستدەکەن، خودی شارەکە ستراکتورێکی تایبەتی هەیە، بۆ نمونە لە ناوەڕاستی بەشی هەرە زۆری پۆلسەکاندا جێگایەکی بەرز هەیە «ئەکرۆپۆلس» کە جێگایەکی سەنتراڵی عیبادەت و ڕێزگرتنە لەخوداکان و بڕیاری گرنگی تێدا دەدرێت و هاووڵاتیان بۆ بەرزڕاگرتنی خوداکانیان جەژن و بۆنەی تێدا سازدەکەن، لە پاڵ ئەکرۆپۆلسیشدا ئاگورا هەیە، کە شوێنی بازرگانی و گۆڕینەوە و ئەنجامدانی کڕین و فرۆشتنی ڕۆژانەیە، هەروەها ئەو پەرستگا و جێ نمایشانەشی تێدایە کە زۆر پابەندی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی پۆلسەکانن. ئاگۆرا بەرامبەر ئەکرۆپۆلس هەم تەواوکەرە و هەم جیاوازیشە، جیاوازیی ئاگۆرا لەوەدایە زیاتر جێگایەکی ئابوری و کۆمەڵایەتییە و پلەو مەقامی ئاینی ناگاتە ئەکرۆپۆلس. بوونی ئەم دوو جێگایە یەکێک لە پێکهێن و جیاکەرەوەکانی مۆدێلی پۆلسن لە شارێکی ئاسایی ئەمڕۆ. بەڵام لەمانە گرنگتر ستراکتوری کۆمەڵایەتی پۆلسە،  پۆلس مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی نە خەباتگێڕ و نەدادپەروەریشە تا وەریبگرین و بیکەینە نمونەی باڵای خۆمان یاخود کوبانی پێ بشوبهێنین و وابزانین بەو شوبهاندنە ڕێزێکمان لە خەباتی ئەم شارە ناوە. پۆلسەکان لە ڕووی چینایەتییەوە نمونەی ناڕێکی و نەبوونی عەدالەتن. پۆلس لە رووی پێکهاتی کۆمەڵایەتییەوە، لە سێ گروپی بەرچاو و گەورە دروستبوون. «هاوڵاتییانی پۆلس» کە ئەوانە بوون لە پۆلسدا لەدایکبوون و نیشتەجێی ئەوێ بوون و لایەنیکەم پارچەیەک زەوییان لە ناو خاکی دەسنیشانکراوی شاردا هەبووە، ئەمانە هەڵگری مافە سەرەکییەکانی ناو شاردەوڵەتی یۆنانی بوون، ئەوەی لە پۆلسێکەوە بیگواستایەتەوە بۆ پۆلسێکی تر نەیدەتوانی لە شاردەوڵەتی نوێدا ببێتە هاوڵاتی، غەریب لە پۆلسدا بە غەریبی دەمایەوە بێئەوەی مافەکانی هاوڵاتی هەبێت. ناهاوڵاتییەکان لە زۆربەی پۆلسەکاندا توێژێکی کۆمەڵایەتی هەم گەورە و هەم بێماف بوون، بەڵام چینی هەرە گەورەی ناو زۆربەی پۆلسەکان کۆیلەکان بوون، لە پۆلسێکی وەک سپارتە، کۆیلەکان لە پێنج بەش چواربەشی دانیشتوانیان پێکدەهێنا، لە ئەتین سێ بەشی هەمان ڕێژە لە دانیشتوان کۆیلەبوون. کۆیلەکان ئەوانەبوون کە لە بازاڕدا دەفرۆشران، لە زۆربەی پۆلسەکاندا بازاڕی تایبەت بە کڕین و فرۆشی کۆیلە هەبوو، لێرەوە پۆلسەکان زیاتر لە شارەکانی دەسەڵاتی داعشەوە نزیکن تا کۆبانی. پۆلسەکان نمونەی نەبوونی یەکسانین، نمونەی دابەشبوونی چینایەتین، لانکەی کڕین و فرۆشتنی ئینسان بوون. لێرەوە یەکێک بێت بڵێت پۆلسی یۆنانی نمونەی یەکسانییە، جگە لە جێگای سەرسوڕمان مایەی هیچی تر نییە. لە هەموو شتێک زیاتر مایەی پێکەنین ئەوەیە کە ژن و منداڵ لە زۆرینەی هەر زۆری پۆلسەکاندا بە هاوڵاتی حساب نەکراون، واتە مافی سیاسیان نەبووە. پۆلس نەوەک جێگایەک نییە ژن و پیاو تێیدا یەکسان بن، بەڵکو هەر فۆرمێکی جیاوازی کە دواتر لە پێکهاتە مێژووییەکانی تردا دەبینرێتەوە، یان لە پۆلسەوە هاتووە یان لە پۆلسدا هەبووە. جیا لەوانە لە ناو خودی هاوڵاتیانی پۆلسدا، لە نێوان جوتیاران و نەجیبزادە شارییەکاندا جیاوازییەکی زۆر هەبووە کە خۆیان وەک «ئەرستۆی» ناساندوە واتە «باشەکان یان نەجیبەکان». 

خاڵێکی تر کە لەم تێزەیەدا هەڵەیەکی بەرچاوە، ڕێککردنەوەی ئاستی پۆلس و یۆتۆپیایە بۆ یەک ئاست. پۆلس هیچ کات و لە هیچ پێناسەیەکدا یۆتۆپیا نەبووە، پۆلس واقعی سیاسی تەقلیدیی ناو یۆنانە، لێرەوە کە بەسەرێک بڵێیت کوبانی پۆلسە و دوای دوو دێڕیش بڵێیت کوبانی یۆتۆبیایە ئەمە ناکۆکییەکی زەقە، شوێنێک وەک پۆلس بوو ناتوانێت وەک یۆتۆپیا بێت، کە یۆتۆپیاش بوو ناتوانێت وەک پۆلس بێت.  پۆلس نمونەی دابەشبوونی چینایەتی و ڕیزبەندی مافە، یۆتۆپیاش شوێنێکە دەشێت جێگای یەکسانی و وەک یەکی بێت.

لەم دوو ڕەهەندەش بترازێت، ئەم بۆچوونە پارادۆکسێکی سەیر و سەمەرەی تریشی تێدایە، لە کاتێکدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە کوبانی نوێیە، کەچی دەیشوبهێنێت بە کۆنترین فۆرم لە فۆرمەکانی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی، کە پولسی یونانییە. لە ڕاستیدا شوبهاندنی کوبانی بە پۆلس لە جەوهەردا هیچ نییە جگە لە داپۆشین و دەمامکدانان لەسەر رەهەندە نوێکەی ئەو چرکەساتە، کە بە بڕوای چرکەساتێکی تایبەتییە و مانایەکی سەمبولی هەیە و نرخی تەنیا لەو جێگایەدا دەردەکەوێت کە  ئاسان بە شتەکانی تر نەشوبهێنرێتەوە  و نەخرێتەوە ژێر سایەی هێز و ئایدۆلۆژیا تەقلیدییەکان کە دەیانەوێت خوێنی کوبانی بکەنە ژێر درەختی سیسی خۆیان.


ئایا کوبانی ناسیونالیزمە

با وەک سەرەتا کوبانی بە ناسیونالیزمی کوردییەوە ببەستینەوە. واتە وەک ئەو نوسەرە ئازیزانە دەڵێین بڵێین «کوبانی زادەی ناسیونالیزمە»، ئەم تێزەیە قەبووڵبکەین. بەڵام قەبووڵکردن لە فیکردا مەرجی دیاریکراو و ژێر خانی تیوری و مێژوویی پێویستە. هەندێک لە نوسەرانی کورد بەردەوام باس لە گەڕانەوە دەکەن بۆ کۆنتێکستی مێژوویی، کەچی مرۆڤ هیچ کات نابینێت بگەڕێنەوە بۆ ئەم ناوکۆییە. ئەم ڕستەیە هیچ نییە جگە لە ڕستەیەکی مردوو لە نێوان دێڕەکاندا کە هیچ کات نەبۆتە تێزەیەکی تەتبیقی، قسەیەکی فڕێدراوە، بۆ ئەوەی خوێنەر ئەو هەستەی لادروست بێت کە کەسی نوسەر گەڕاوەتەوە بۆ مێژوو، بێئەوەی نە دوور و نە نزیک گەڕابێتەوە بۆ مێژوو. گەر بڵێین کوبانی زادەی ناسیونالیزمە، واتە زادەی ناسیونالیزمی کوردییە وە بشڵێین کوبانی دەبێت لە ناوکۆیی و کۆنتێکستی مێژوویی خۆیدا وەربگرین و ئەبستراکتی نەکەینەوە « کە تێزەیەکە من کێشەیەکم لەگەڵیدا نییە » ئەوا مانای کوبانی دەبێت لە سیاقی ناسیونالیزمی کوردیدا بخوێنینەوە. مێژووی ناسیونالیزمی کوردی بەدرێژایی چالاکبوونی و بەتایبەت لە پەنجا ساڵی ڕابوردوودا، مێژووی شکست بووە، مێژووی پارچە پارچە بوون و پەشیمانبوونەوەی بەردەوام و هەرەس و ئیفلیجی سەمبولەکان بووە، مۆرکی سەرەکی ئەم ناسیونالیزمە قەیرانی ئیرادەگەریی بووە. جگە لە کۆمەڵێک خۆپیشاندان و کەرنەفاڵی نمایشی ئەم ناسیونالیزمە نەیتوانیوە بچوکترین یەکێتی بخاتە ناو نەتەوەوە، نەیتوانیوە ئەکتی هاوبەشی کاریگەر دروستبکات، نەیتوانیوە دوو ناوچە لە یەکدی نزیک بکاتەوە، لە کوێدا ئەگەرێکی دابەشبوون بووبێت ئەو هاتووە و قووڵی کردۆتەوە، بزاوتێک بووە بێ فیکر و بێ ستراتیژ، بێ لایەنی کەمی هاوکاریی و ئیشی پێکەوەیی، لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکانی سەری هەمیشە بێئەندازە کوشندە و جیدی بوون، بەڵام ئەو نەیتوانییەوە لە کردار نمایشییەوە بگوازێتەوە بۆ ئەکتی کارا لەسەر ڕووداوەکان، ناسیونالیزمێکی پەرچەکردارانە بووە کە ئیشی ئەوە بووە کارەسات بێت و بەرماڵی پێبگرێت و یەخەی بگرێت و لە دوای ئەوە ئیش و بەرنامەی خۆی دابڕێژێت. ئەم قەیرانەی ناسیونالیزمی کوردییە لە پەیوەندی پارچەکانی کوردستاندا و سەرهەڵدانی ڕۆحێکی ڕیگیۆنالیستی تونددا دەردەکەوێتەوە، لە ماوەیەکی کورت لەوەوبەر و لە شەڕی هەموو بەرەکانی داعشدا، لە شەنگاڵەوە بۆ جەلاولا بەرەکان نیشانەی پارچەپارچەبوون و بێشیرازەیی و ونبوونی ڕۆحی ناسیونالیزم بوون. ماوەیەکی زۆر نییە لەوەوبەر  کە فاشیستێکی وەک ئۆردوگان بەدەنگی زۆرینەیەکی بەرچاوی کورد بووە سەرۆک کۆمار بەجۆرێک لە هەندێک لە سەنتەرە کوردییەکاندا ئۆردوگان نەوەک دەنگی زۆری هێنا، بەڵکو پێش کاراکتەرێکی سیاسی سەرنجڕاکێشی وەک دەمیرتاش کەوتەوە. کە ئەم دەرەنجامگیرییە بەڵگەی نەبوونی ئەو ناسیونالیزمە کارا و چالاکەیە بشێت لەم ساتەدا جیاواز لە مێژووی پێشووی خۆی موعجیزەیەکی نوێی پێبێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ناسیونالیزمێک کە لە مێژووی ڕاستەقینەی کۆن و نوێیدا جگە لە نوشوستی گەورە، سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمارنەکردوە، چۆن لە ناکاو، لە هەموو پێستی مێژوویی خۆی ، لە ڕەنگی خۆی، لە ژێرخانە سیاسی و ڕۆحییەکەی جیابووەوە و بوو بە خولقێنەری یۆتۆپیا و ئەفسانە و چێنەری ئازادی و یەکسانی و نەهێڵەری جیاوازی جەندەر و جیاوازی چینایەتی. واتە لە ناکاو ئەم ناسیونالیزمە شکستخواردوە بێبەرهەمە، وەک دەرمانێکی سیحراوی خواردبێت لە پڕێکدا هەموو ئەو خەونانەی مرۆڤایەتی لە مێژووی درێژی خۆیدا نەیهێناوەتە دی، لە نەمانی جێندەر و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەیهێنێتە دی و بەرجەستەیان دەکات? لە کوێش لە کۆبانی، لە شارێکی گەمارۆدراو بە فاشیستیترین ماشێنی ئەم سەردەمە، لە شارێکدا هەموو داوا لە جیهان دەکەین بچێتە دەنگیانەوە و لە جینۆساید و قڕانێکی چاوەڕوانکراو بیانپارێزێت. لە ڕاستیدا ئەم نەغمە کەرنەفالییە نەغمەی کوبانی خۆی نییە، بەڵکو نەغمەیەکی ئایدۆلۆژیانەی ناسیونالیزمە، کە لە دوورەوە، لە ڕێگای دەنگی هەندێک نوسەر و هەندێک گروپی پۆپۆلیستی ناو میدیاکانەوە، دەیەوێت لەسەر حسابی خوێن و لاشە و ئازایەتی و قوربانی پاڵەوانەکانی ئەوێ سیستمی ڕەمزی خۆی زیندووبکاتەوە. هەڵبەت خەڵکی کوبانی وەک هەر ئادەمیزادێک کە لە سەرەتای بوونەوە لەم سەر ئەستێرەیە دەژی، شار و زێد و زمان و خەڵکی خۆیان خۆشدەوێت، بەڵام تێکەڵکردنی ئەم خۆشەویستییە بە ناسیونالیزم دۆخێکی کۆمیدی دروستدەکات، وەک ئەوە وایە بڵێین مرۆڤ لە سەرەتای خەلیقەتەوە ناسیونالیزم بووە. ئەم تێزەیە بە بڕوای من هێند لە دەرەوەی کۆنتێکستی مێژوویی خودی ناسیونالیزم قسەدەکات، کەم و زۆر ئەو کۆنتێکستەی ڕەچاو نەکردوە و نەیخستۆتە بەر دیدی خۆی. کوبانی نەوەک زادەی ناسیونالیزم نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی دروستە، کوبانی زادەی نوشوستی ناسیونالیزمە. کوبانی زادەی تەنیا مانەوەی شارێکە، زادەی پچڕانی کۆمەڵێک قوربانییە لە جەستەی گشتی، زادەی هەلاهەلابوونی زەوی و کەرتکەرتبوونی نیشتیمانێکە کە ناسیونالیزمەکەی بەدرێژایی سەدەیەکە نەیتوانیوە نە پارچەکانی لە یەک نزیکبکاتەوە، نە نەخشەی ستراتیژی بۆ پاراستن و پێکەوە لکاندن هەبێت. بە کورتی ئەوە لاوازی و هەرەس و بێتوانایی ناسیونالیزمی کوردییە کە بە درێژایی مێژوو ئەو زەمینەیە سازدەکات کوردستان بکرێتە سەر کۆمەڵێک کانتۆنی دابڕاو کە قابیلی گەمارۆدان و لێدان و قڕانکردن بن.

بەڵام گەر لەو ڕاستییە مێژووییە زەقانەش بگوزەرێین کە وایکردوە هەزاران مرۆڤ لە شارێکی گەمارۆدراودا تەنیا بمێننەوە و ناچاربن لەوێدا شەڕی مان و نەمان بکەن، ئەوا پرسیارێکی سادە و گرنگی دیکە دێتە بەردەممان کە دڵنیام وەڵامەکەی جارێکی تر لەخزمەتی ئەو تێزەیەدا نییە، کە بڵێین «کوبانی زادەی ناسیونالیزمە». پرسیارەکە ئەوەیە زادەکانی ناسیونالیزم لە کوێدا دەپێورێین? کامە جێگا شانۆی ڕاستەقینەی بزاوت و بەرهەم و چالاکییە گەورەکانی ناسیونالیزمە، گەر ناسیونالیزم ئەم وزە  داهێنەرە گەورەیەی پێیە، گەر ئەم توانا لە بن نەهاتووەی بەرگری هەڵگرتووە، چۆنە ئەم وزەیە لە هەموو سەنتەرە گەورەکانی چالاکی سیاسی و ئابووریی کوردستاندا غائیبە? چۆنە ئەم هێزە یوتوپییە کە بە عەسایەکی سیحراوی جیاوازی ژێندەر و نەتەوە و چینایەتی هەڵگرتووە، هەموو مرۆڤەکانی یەکسانکردۆتەوە و کردونی بە مرۆڤی تازە لە چەند کیلۆمەترێک لەولاوە «بۆ نمونە لە قامیشلو یان عفرین ، یان حەسەکە» غائیبە? چۆنە ئەم ڕۆحە یوتوپییە لە سەنتەرە سەرەکییەکانی ناسیونالیزمی کوردی خۆیدا، لە مەهاباد و سلێمانی و هەولێر و سنە و دیاربەکر نابینرێت و تەنیا   لە شارێکی گەمارۆداروی ژێر شمشێردا دروستبووە. ئاخۆ ئەمە «یۆتۆپیای سەردەمی تاعوونە»، واتە جۆرە یۆتۆپیایەکە بەس لە گەمارۆی داعش و تاعوونەکەیدا دروستدەبێت? ئایا ئەمە یۆتۆپیایەکی کاتییە و پابەندی گەمارۆی داعشە یاخود یۆتۆپیایەکە بۆ هەمیشە?. بەڵام ئایا لە بنەڕەتدا یۆتۆپیایەکی کورتخایەن بوونی هەیە کە تەنیا لە ژێر هەلومەرجی جەنگی مان و نەماندا لەدایک بێت? ئەمانە و دەیان پرسیاری تر دەیسەلمێنن کە کوبانی زادەی نوشستێکی مێژووی ناسیونالیزمە، جێهێشتنی ناسیونالیزمە بۆ نەتەوەکەی، بێتوانایی ناسیونالیزمە لەسەر پاراستنی خاک و خەڵک.   ئەوە نوشوستی و بێباکی ناسیونالیزمە کە کوبانی گەیاندە ئەو جێگایە بەو شێوە تراژیدییە بکەوێتە تەڵەکانی داعشەوە، ببێت بە قوربانی ئەو گەمە سیاسییە چەپەڵانەی لە باکوور و باشوور لە پێناوی دەستکەوتی بچوکدا بەڕێوەدەچن. ئەوەی لە کوبانی ڕوودەدات یۆتۆپیایەک نییە ناسیونالیزم دروستیکردبێت، بەڵکو تراژیدیایەکە دەموچاوی ڕاستەقینەی ناسیونالیزم، بە ناسیونالیزمی کودی و عەرەبی و تورکییەوە پیشاندەدات.


گەڕانەوە بۆ حکایەتە گەورەکان

هەندێک ڕۆشنبیر هەن هیچ کات ناتوانن خۆیان لە چیرۆکە گەورەکان پاکبکەنەوە، گەرچی ئەدەبیاتیان پر بێت لە ڕەخنەکردنی حیکایەتی گەورە، بەڵام کە دەکەونە تەفسیرکردنی دیاردەیەک ڕاستەوخۆ دەستدەبەنەوە بۆ ئەو تێزە و گووتار و وێنانەی حیکایەتە گەورەکانی وەک ئیسلام یان مارکسیزم یاخود ناسیونالیزم خێرا و ئاسان دەیخاتە بەردەمیان، تا دونیای پێ تەفسیربکەن. زمانی ئەمجۆرە تێزانە هەمیشە زمانێکی سەماکەرە  کەلە نێوان دوو جەمسەردا یاریدەکات و دەیەوێت پێکەوەیان بلکێنێت. ئەمجۆرە تێزانە عەقڵێکی گونجێنەر و کۆنزێنسگەرا دەیانباتە ڕێوە زمانحاڵیان دەڵێت « ڕاستە مارکسیزم کۆمەڵێک دیکتاتۆرییەتی دروستکردوە، بەڵام زۆرجار گەڕانەوە بۆ لینین یان ستالین پێویستە» «ڕاستە ئیسلام و شەریعەت پڕن لە ڕەهەندی توندوتیژیی، بەڵام ئیسلامی دایکیشمان هەیە کە کاری بە توندوتیژییەوە نییە» «ڕاستە ناسیونالیزم هیتلەر و ئەتاتورک و سەدام حوسەینی دروستکردوە، بەڵام لە ناسیونالیزمدا ڕەگەزی باشیش هەیە»، لەدواجاردا وەزیفەی ئەم عەقڵییەتە مکیاژکردن و پینەکردنەوەی ئایدۆلۆژیا گەورەکان و ئامادەکردنەوەیانە بۆ شەڕی داهاتووی ناو ئەو ماترێکسە ئایدۆلۆژییە کە هەمووانی گرتۆتە خۆی. بە بڕوای من ئەمجۆرە عەقڵییەتانە هەموویان یەک شتن و یەک شوناسیان هەیە، ئەمجۆرە زمانەش ئاوێنەی مانەوە و دیلبوونە لە خوڵگەی حیکایەتە گەورەکاندا، پاشماوە و تەپوتۆزی عەقڵییەتی تۆتالیتارە کە ئاسان لە فیکر ناتەکێت و هەندێک نوسەر بێئاگای خۆیان دەکەونەوە ناو داو و تەڵەکانی.  ئەم گەڕانەوەیە لێرەدا دوو هۆی هەیە: یەکەم، داعش کە بە حیکایەتێکی گەورە و شاچیرۆکێکی ڕەشەوە هاتووە، بەجۆرێک لەجۆرەکان زۆربەی نەیارەکانی ناچاردەکات لە ناو هەمان ئاسۆی ئەو و فەلەکی لۆژیکی ئەودا بمێێنەو، واتە ناچاریاندەکات بە حکایەتێکی گەورە وەڵامی حکایەتێکی گەورە بدەنەوە. لێرەدا لە بەردەم فیکرێکدا نین بەرامبەر دیاردەیەک وەستابێت و بیەوێت تێیبگات، بەڵکو لەبەردەم ئایدۆلۆژیایەکداین کە شەڕی سیاسییانەی ئایدۆلۆژیایەکی تر دەکات، حکایەتێکی گەورە کە دەبێت بە حکایەتێکی گەورەی تر وەڵامبدرێتەوە. بە کورتی لەمجۆرە دۆخانەدا یەک لۆژیکی گشتی هەر دوو بەری هاوکێشەکە دەگرێتە ئامێز و یەک سیستمی بیرکردنەوە هەردوولا دەبات بەڕێوە.  بەوەدا داعش حکایەتێکی گەورەی وەک ئیسلامی کردوە بە چیرۆکی خۆی، وەڵامەکەی ئەوەیە بە حکایەتێکی گەورەی وەک ناسیونالیزم یان مارکسیزم یاخود بە ئاوێتەیەک لە هەردووکیان وەڵامی بدەینەوە.

بۆ زۆر لە ڕۆشنبیران ناتوانن لە سێبەری حکایەتە گەورەکان دەرچن? هۆکارەکان زۆر زۆرن کە وەزیفەی ئەم نوسینە نییە دوای هەموویان بکەوێت، بەڵام لێرەدا ئاماژەیەکی خێرا تەنیا بەوە دەدەم کە هۆی نەمردنی حکایەتی گەورە، زیندوێتی و کاریگەریی ئەو هێزەیە کە لاکان بە «شائاماژ  یان دەلالەتی سالار» ناوی دەبات. ئەو تێزەی نیتشە «خودا مرد» کە بەزمانی لاکان مانای «ئەویدی گەورە» مرد، نەگەیشتۆتە جیهانی ئێمە. خودای نیتشەیی تەنیا مەجازێکە بۆ خودا ڕەمزی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ناو ئایدۆلۆژیاکاندا دەبنەوە بە فەرماندەر و بانگهێشتکەرەوەی مرۆڤ. ئالتۆسێر لە هەر کەس ڕوونتر، بانگهێشتی خودا بۆ مرۆڤ و بانگهێشتی ئایدۆلۆژیا بۆ سوبێکت پێکەوەگرێدەداتەوە. حیکاتە گەورەکانی وەک ناسیونالیزم و ئیسلام و مارکسیزم، سەمبولی ئەویدی گەورەن، شائاماژی ناو سیستمن، بانگهێشتە خوداییەکەن لە فۆرمێکی تردا دەرکەوتوونەتەوە، وەسواسی بەرگریکردن لە ئایدۆلۆژیا گەورەکان و سەمبولەکانیان بەشێکی گرنگی ئیشی فەرمانبەرە  ئایدۆلۆژییەکانە. فەرمانبەرانی ئایدۆلۆژیا لە کایەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا، وەزیفەیان پاککردنەوەی ڕێگا و مەکیاژکردنی تێزەکانە، بەرزکردنەوەی ڕەهەندە یۆتۆپی و حەماسییەکان، گۆڕینی ئایدیا کۆنەکان بۆ ئامێری نوێی مژدەبەخش، بۆ هێزی ئامێزانکار کە لە پرۆسەی تێکەڵبوون «ئینتیگرەیشنی» کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵ ببینن، ئەمانە پردی نێوان سیستمی ڕەمزی و سوبێکتەکانن کە ئایدۆلۆژیا سەقفێکی پارێزەریان بۆ دروستدەکات.  بە بڕوای لاکان و « دواتریش ژیژیک، وەک نوێکەرەوەیەکی لاکان»، قسەکردن لە سەر هەڵبژاردنی ئازاد لە ناو سیستمی ئەمڕۆدا سەختە، مرۆڤەکان بە ئارەزووی خۆیان ناچنە ناو سیستمی ڕەمزییەوە، مرۆڤەکان لە بەردەم دوو هەڵبژاردەدان، یان بچنە ناو سیستمی ڕەمزی و بەپێی خواستە کولتووری و  ئەخلاقی و سیاسییەکانی بجوڵێنەوە، یاخود تووشی نەخۆشی دەرونی ببن و بۆ هەمیشە لە دەرەوەی کۆی کایەی کۆمەڵایەتی بژین. بە گشتی ئەوەی زۆجار زۆربەمان بە هەڵبژاردنی ئازادی دەزانین هیچ نییە جگە لە جەبرێکی سەپێنراو بەسەرماندا، زمانحاڵی سیستەمی ڕەمزی و فەرمانبەرانی ئەوەیە کە تۆ بۆت هەیە هەڵبژێرێت، بەڵام دەبێت ئازادانە ئەوە هەڵبژێریت کە من دیاریمکردوە. بە کورتی هیچ کات سوبێکت بواری هەڵبژاردنی ئازادی پێ نابەخشرێت، هێندەی بە هەڵبژاردنێکی ئازادیشی گەیشت، بەخێرایی دەبێت فەرمانبەرە ئایدۆلۆژییەکان ڕاپێچی ناو بازنەی سیستمی ڕەمزی بکەنەوە. هەڵوێست لە کوبانی بەجۆرێکی ئیدیال ئەو ئەکتی ڕاپێچکارکردنە زۆرەملێیە دەردەخات. لە کاتێکدا کوبانی ساتێکی تەقینەوەی وزەی ژیانە بە هەموو مانا نیتشەوییەکەی، جوڵەیەکە لە دەرەوەی کۆنتێکستی ڕەمزی کۆمەڵگای ئێمە، کە کۆنتێکستی قەیران و هەرس و قوربانیبوونی پاسیڤانەیە، هەر خێرا ئەم چرکەساتە دەبێت گەمارۆبدرێت و بخزێنرێتەوە ژیر خانەی ناسیونالیزمی کوردی یان بزوتنەوەی چەپ یان شەڕی دژە تیرۆری ئەمریکی، تا گەر مانایەکی ڕادیکال لە کوبانیدا هەبێت گەمارۆبدرێت و بئاخنرێتەوە  ژێر سایەی تەفسیرە تەقلیدی و فۆرمە ئایدۆلۆژییە باو و قەبووڵکراوەکان. لەم ساتەدایە زمانحاڵی فەرمانبەرانی ئایدۆلۆژیا هاواردەکات « کوبانی ژیانەوەیە، بەڵام ژیانەوەی ناسیونالیزمە » «کوبانی یۆتۆپیایە بەڵام نە یۆتۆپیای خۆی، بەڵکو یۆتۆپیای ناسیونالیزمە» «کوبانی بەرگرییەکی پیرۆزە بەڵام بەرگرییە لە بەهاکانی چەپی جیهانی» «کوبانی وەستانەوەیە دژ بە تیرۆر، بەڵام وەستانەوەیە لە چوارچێوەی جەنگی لیبرالیزمی جیهانیدا دژ بە تیرۆر و بەسەرکردایەتی ئەمریکا».  هەموو ئەم ڕوانینانە هیچ نین جگە لە سەندنەوە و ڕووتکردنەوەی کوبانی لە تایبەتمەندییە ڕادیکالەکەی خۆی، لە مانا ئینسانییە گشتییەکەی کە دژ بە هەر دزینێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەوەستێتەوە.  کوبانی لێرەدا هەمان پارادۆکسی هەڵبژاردنی ژیژیکی دووبارەدەکاتەوە «تۆ ئازادی لە هەڵبژاردندا بەو مەرجەی ئەوە هەڵبژێریت کە من دیاریدەکەم». کوبانی ئازادە لە شوناسی خۆیدا بەو مەرجەی کە ئەو شوناسە بێت کە دەیهێنێتەوە ژێر باڵی ئایدۆلۆژیا ناسراو و باوەکانی دونیای ئێمە. لە عەقڵی فەرمانبەرە ئایدۆلۆژییەکاندا، کوبانی نابێت وەک خاڵێکی نوێ، وەک دابڕان، وەک ئەگەرێک بۆ دووبارەنەکردەوەی سیستم سەیربکرێت، بۆیە هەر خێرا دەبێت بەرزبکرێتەوە هەم بۆ پلەی یۆتۆپیا هەم بۆ زادەی ناسیونالیزم. کوبانی زۆر گرنگە، زۆر مەزنە، نوێیە، یۆتۆپیایە، ئەفسانەسازە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی کە ئەوە بێت ئێمە دەمانەوێت، واتە لە سنووری حیکایەتە گەورەکانی وەک «ناسیونالیزمی باش» «چەپی نوێ» «لیبراڵیزمی دژ بە تیرۆر» دەرنەچێت... واتە نەبێت بە خاڵێک شتێکی لێوە بەرهەمبێت نەچێتەوە سەر ئەم شوناسانە، نەبێت بە پنتی کردنەوەی ئەگەرێکی تر، نەبێت بە گوزارشت لە ئیرادەیەکی ئازاد کە دەتوانێت بەبێ بوونی ئەمجۆرە ناونانەش هەبێت. بە کورتی کوبانی تەنیا بەو مەرجە کوبانییە کە ئەوە بێت پێشوەخت بۆی دیاریکراوە، ناسیونالیست بێت، چەپ بێت، لێبرال بێت، واتە ئەو شتە بێت کە هەر کەس ئیمانی بزربووی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، شکستی شائاماژی خۆی پێ 
داپۆشێت. 

«درێژەی هەیە»

Wednesday 8 October 2014

کوبانی و گەڕانەوە بۆ مرۆڤی سروشتی



کوبانی دووبارە ئێمەی وەک قوربانی هێنایەوە سەر شانۆی مێژوو. ڕۆڵی قوربانی ڕۆڵێکی دێرینی ئێمەیە، ڕۆڵێک کە هەم خۆمان بە خۆشییەوە قەبووڵی دەکەین و دووبارەیدەکەینەوە، هەم ئەو وێنە هەمیشەییەشە کە جیهان هەیەتی لەسەرمان. هەموو چەند ساڵ جارێک، ئێمەی کورد، وەک قوربانییەکی جیهانی، وەک مەسیحێکی یۆنفیرسال دەبین بە بابەتی قسە و باس. لە سیستمی جیهانی و سیستمی خۆرهەڵاتیدا، مەخلوقات و میللەتان و بوونەوەران بەسەر دوو دەستەدا دابەشبوون، ئەوانەی کە ژیانێکی هەمیشەیی و ئەبەدیی و زامنیان هەیە، لەگەڵ میللەتانێکدا کە دەبێت هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی لە ناوچووندا بن. دەستەیەک مانای خۆیان لە قڕانکردنی ئەوانی دیدا دەدۆزنەوە، لەگەڵ دەستەیەک کە وەک قوربانی ئەبەدی، وەک سەربڕاوێکی هەمیشەیی لە سوڕێکی دووبارەدا دێنەوە سەر شانۆ،  میللەتانێک کە وادەردەکەون، یان وا وێنادەکرێن و دەخرێنە پێش چاوان وەک هەمیشە پێویستیان بە پارێزگاریی هەبێت، بۆئەوەی بژین و بمێننەوە. لە ڕاستیدا، سەرهەڵدانی نەتەوە و گروهی لەو جۆرە کە بەردەوام پێویستیان بە پاراستن هەیە، دیاردەیەکی نوێیە... ئەوە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا بەر جۆرە دیاردەیەکی وا دەکەوین، لە بەردەم جۆرێکی تایبەتیداین لە بوون، بوونێکی هەڵواسراو، ژیانێک بەردەوام مانەوەی لە ژێر پرسیاردایە، ژیانێک کە دڵۆپ دڵۆپ ڕۆژانە دەبەخشرێت و نوێدەکرێتەوە، بوونێک تەنیا بە هۆی پاراستنەوە دەژی. سەرهەڵدانی ئەمجۆرە نەتەوە تازانە کە بەردەوام بە هەناسەدانی دەستکرد «تنفس صناعي» دەژین، گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە هاوکێشە هیگڵییەکەدا، وەرگەڕانێکی ئەنتۆلۆژیی گەورەیە. لە لای هیگڵ هاوکێشەی ئاغا و کۆیلە، دۆخێکە تەنیا دوو جەمسەر کۆدەکاتەوە،  ئیرادە و هێزی ئاغا دەخاتە بەرامبەر کۆیلە و ترسەکانی، کەسی سێهەم لێرەدا جێگایەکی ڕۆشنی نییە. نرخی ململانێی ئەم دووانە لەوەوە دێت کە ئاماژە بۆ ململانێیەکی سروشتی دەکەن کە هیچ کات لە مێژوودا بە جۆرێکی ساف یان هاوشێوە بە تێزە تیورییەکە بەرچاوناکەوێت، بەڵام هیچ کات لە مێژووشدا بە ئەندازەی ئێستا لایەنی سێهەم لەم دوولانەیەدا گرنگ نەبووە. چیتر هاوکێشەکە، لە نێوان «ئاغا» و «کۆیلە» دا نییە، بەڵکو ئێستا ئەوەی بەشی زۆری گەمەکە دیاریدەکات هێزێکی دیکەیە کە دەمامکی «فریادرەس» یان «پارێزەر» دەکاتە سەری ... سەردەمی نوێ مژدەی جۆرە فریادرەسێکی درۆزنی پێیە کە لاواز و ستەمدیدەکان، بوونی خۆیانی پێوەدەبەستن.

بۆ ڕۆڵی فریادرەس یان  پارێزگار وا گرنگ ده‌بێت؟

بە بڕوای من خودی ئەم گرنگییە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دێت. هاوکێشەی «ئاغا» و «کۆیلە» ـی هیگڵی لەو جێگایەدا دەوەستێت کە تێیدا کۆیلە دان بە دەسەڵاتی ئاغادا دەنێت و ڕۆڵی خۆی وەک کۆیلە قەبووڵدەکات، لای هیگڵ ئەوەی لە مەرگ ناترسێت دەبێتە ئاغا و ئەوەی لە مەرگ دەترسێت دەبێتە کۆیلە. بەڵام چی دەبێت گەر ئاغا لە جێگای خۆیدا نەوەستا، واتە لە هەلومەرجێکی مادی و دەرونیدا بوو، تەنیا بە کوشتنی ژێردەستەکان هەستی سەرکەوتن و ئاغایەتی تێیدا سەوزبوو. لای هیگڵ مانەوەی ئاغا بە ئاغایی پابەندی مانەوەی کۆیلەیە بە زیندوێتی، مەرگ لای ئاغا تەنیا هەڕەشەیە ، هێزی ئاغا لەسەر هەمان ئەو لۆژیکە ئیشدەکات کە لە چەند وتاری تردا و بە گەڕانەوە بۆ «لومان» ئاماژەم پێدا، «تۆ گەر کۆیلەیی قەبووڵ نەکەیت، دەکرێت من بەجۆرێکی تر ڕەفتار بکەم»... بەڵام چی دەبێت گەر پەیوەندی ئاغا و کۆیلە گۆڕانێکی دراماتیکی بەسەردا هات، چی دەبێت گەر وەرگەڕا بۆ پەیوەندی «جەلاد» و «قوربانی» یاخود گەیشتە پلەیەکی تراژیدیتریش و بوو بە پەیوەندی «قەساب» و «نێچێر». لێرەدا هاوکێشە هیگڵییەکە گۆرانکاری گەورەی بەسەردا دێت. ئاغا لە سیستمی نوێدا، دەتوانێت ئاغا بێت بێئەوەی پێویستی  بە دانپیانانی کۆیلە بێت، سیستمی گلۆباڵ لەمڕۆدا جۆرە هیرارشییەتێکی نوێی بەرهەمهێناوە، کە تێیدا ڕێگا بۆ بوون و سەرهەڵدانی جۆرە ئاغایەک خۆشکراوە کە دەتوانێت فەنتازیای جیهانێک بکات بەبێ «ئەویدی»، جیهانێک ئاغا لەسەر سەربڕینی بەردەوام و ڕۆژانەی کۆیلەکانی بژی. لێرەدا ئاغای خۆرهەڵاتی بە پێچەوانەی ئاغای هیگڵی، دەسەڵاتی خۆی لەسەر هەڕەشەیەکی ژێرەوانکێ و نهێنی دانامەزرێنێت، بەڵکو هێزی تەنیا لە تێپەڕاندن و شکاندن و پەڕینەوەدایە لەو هێڵەی کە دەشێت کۆیلە و ئاغا لە نێوان یەکدا کێشابێتیان. داعش زادەی ئەو فەنتازیایەیە لە رادیکالترین شێوەیدا. لای داعش ملکەچی کەسی بەرامبەر  بەوە زامن ناکرێت کە سوژدەبەرێت و کۆیلەیی قەبووڵبکات، بەڵکو بەوە زامندەکرێت کە سەری  لێ بکرێتەوە. ئاغا بچوکەکان لەم سیستمەدا، چیتر بە کرنوشی ڕۆژانەی کۆیلە، یان ملکەچی و سوژدەبردنی ڕازی نابن، بەڵکو کۆیلە تەنیا وەک مەتریالێکی رۆژانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خەونە تەماشادەکەن، خەونی جیهانێک کە جگە لە خۆیان هیچ شوناسێکی تری تێدا نەبێت.

لە خۆرهەڵاتی ئەمڕۆدا، کۆیلە چیتر ناتوانێت بە کۆیلەبوونی ژیانی خۆی زامنبکات. کۆیلە لەم سیستمە نوێیەدا پلەیەک زیاتر لە سیستمە دێرینەکان هاتۆتە خوارەوە ... لە کەپیتالیزمی تەقلیدیدا، مرۆڤ وەک کۆیلە، وەک کارگەر، وەک بوونەوەرێک کە کورتدەکرێتەوە بۆ ئیشکەرێک تەماشادەکرێت، بەڵام لەمجۆرە بونیادانەی پەراوێزدا کە لەسەر بەرهەمی ئیشی مرۆڤەکان و لەسەر زێدەبایی کار و لەسەر گۆڕینی مرۆڤ بۆ کارگەر و بەرهەمهێن ناژین، مرۆڤە لاوازەکان بەرەو پلەیەکی نزم و حەیوانی دادەبەزن. لە کەپیتالیزمی نەوتدا، کە بەشی هەرە زۆری سەرمایە لە هێزی کارەوە نایەت، شوناسی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئابوری و بەرهەمهێن تەواو دەچێتە دواوە، بۆئەوەی مرۆڤ کورت ببێتەوە بۆ حەیوانێک بە شوناسێکی سیاسییەوە، واتە بۆ بوونەوەرێک بکرێت هەر زوو توڕبدرێت و بێ نرخ تەماشابکرێت، لە کەپیتالیزمی نەوتدا شوناسە پەراوێزییەکان و مرۆڤە دامەننشینەکانی کۆمەڵگا، تەنیا وەک بەشی بەرخۆر و زیادە تەماشادەکرێن، کە وەزیفەیەکی ئۆرگانی گرنگیان بۆ سیستەم نییە، لێرەوە سەیرکردنیان وەک ئاژەڵ، یان وەک نێچیر بەرهەمێکی سروشتی و ئاسایی ناو تێڕوانینی ئایدۆلۆژیی ئەم پێکهاتانەیە. لێرەدا مرۆڤ هیچ نییە جگە لەو نێچیرەی ئاغا بە سەربڕینی، ئاغایەتی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، ئاغا لەو ساتەدا دەبێتە ئاغا کە سەری بڕاوی کۆیلەکان دەگرێت بە دەستەوە و  دەبینێت بۆ بەیانیش نێچیرێکی تری هەیە، سەری بڕاوی بەرزبکاتەوە، ئاغابوون چیتر ئەو لەزەتە نییە کە ئاغا لە جەستەی زیندووی کۆیلە دەیبینێت کاتێک تەواو دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتییەوە، بەڵکو ئەو لەزەتەیە کە لە جەستەی مردوی کۆیلە دەیبینێت، کاتێک دەتوانێت وەک زیادەیەک، وەک نامۆیەکی بێ نرخ و قێزەون فڕێیبدات. ئاغای نوێ لەسەر هەڵگرتنی سنووری نێوان ئینسان و ئاژەڵ ئیشدەکات،  لەم سیستمەدا ئاغا بچوکەکانی وەک داعش دەتوانن لەگەڵ فەنتازیاکانیاندا زۆر دوور بڕۆن، دەتوانن دڕندەیی ئاغا لە دڕندەییەکی عەقڵانی و سیستماتیکییەوە بگۆڕن بۆ دڕندەبوونێکی غەریزیی و سەرەتایی و بێ سیستم، واتە لە دڕندەیی عەقڵانییەوە کە ڕۆحی کەپیتالیزمی لەسەر بەندە بگوازنەوە بۆ شێوە دڕندەییەکی ناعەقڵانی کە تێیدا توندوتیژی لە بری سروشتە مەکیاجکراوەکەی، دیوە قێزەون و جانەوەرییەکەی دەربکەوێتەوە. داعش بەو مانایە دەبێتە هێزێکی جیهانی ترسناک، کە تێیدا کەپیتالیزم و مۆدێرنە بەر جۆرە فۆرمێکی تایبەتی خۆیان دەکەون کە دڕندەیی شاردراوە و داپۆشراوی  ناو سیستمە گشتییەکە بە شێوەیەکی ترسناک بەرجەستەدەکات. داعش ئەو بەشەی ناو سیستمی جیهانییە کە دەبێت بەردەوام حاشای لێ بکرێت و دووربخرێتەوە، واتە پرۆسەیەکی وەک ئەو پرۆسەیەی بەرامبەر پیادەبکرێت کە ژولیا کریستیڤا بە «ئەبجێکشن» و لاکان بە «فڕێدان» ناوی دەبەن. لە قووڵایی کەپیتالیزمدا پرۆسەی بە ئاژەڵکردن «ئەنیمالیزەکردن»ـی مرۆڤ هەمیشە ئامادەبووە، بەڵام لە دوو سەد ساڵی رابوردوودا ئیشی سیستەم جوانکردن و ڕازاندنەوە و چەپاندنی ئەم دیاردانە بووە کە ئەم ڕوخسارە ڕاستییە ئاشکرادەکەن، لە ئاستی سەتحدا جیاکردنەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ بووە بە دینەمۆی بەشی هەرە زۆری پرۆسە ناوەکی و گرنگەکان، دروستکردنی هەر جۆرە لێکچوونێک لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا بووە بە تابۆیەکی ترسناک، ئاگامبن یەکێکە لەو فەیلەسوفە کەمانەی لەسەر جەوهەری ئەم جیاکارییە، قسەی کردوە، کە ئەو وەک جیاکارییەکی لاواز و مۆلەق دەیبینێت. هیچ کات لە ناو تێڕوانینی ئەنسرۆپۆلۆژی مرۆڤدا، بە مرۆڤکردن «هیومانیزەکردن»ـی مرۆڤ نەگەیشتۆتە ئەوەی مرۆڤ خەتێکی جیاکەرەوەی ڕوون لە نێوان ڕەگەزی خۆی و ڕەگەزە ئاژەڵییەکانی تردا بکێشێت، هەمیشە بڕێک لەو نیگایە ماوەتەوە کە ئاژەڵ دەشێت مرۆڤەکەی بەرامبەرم بێت. ئەمجۆرە لە ئەنیمالیزەکردنەوەی مرۆڤ، سەیرکردنی مرۆڤ وەک ئاژەڵ، هەمیشە ئەگەری قووڵی گەڕانەوەی هەبووە، بەڵام هیچ کات لە مێژوودا  بەوجۆرە نەهاتۆتەوە سەرەوە وەک لە فۆرمی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا دەیبینین. زۆرینەی سیستمەکانی دی لەسەر شاردنەوەی ئەو ئەگەرە ئیشیانکردوە، دەرکەوتنی دەموچاوی سیستم وەک قەساب، هەمیشە چەپێنراوە و خراوەتە ناوەوە و بە ماسکی ئەستوور داپۆشراوە . داعش گەڕانەوە و هاتنە سەرەوەی ئەم چەپێنراوە ترسناکەی مێژووی مرۆڤ و مێژووی سیستمە گلۆباڵەکەیەتی، هاتنە سەرەوەی هێزێک و ئەگەرێکی ناوەکی سیستمە کە لەسەرەتاوە لەسەر بە ئاژەڵکردن و ئەنیمالیزەکردن ئیشیکردوە. بەڵام ئەم بەشە دەبێت بەردەوام بشاردرێتەوە و لە ئیبهامدا کاربکات، دەبێت وەک هەڕەشەیەکی ناوەکی کاربکات. دەسەڵات لە جەوهەردا دەیەوێت لەسەر ئەم هەڕەشەیە ئیشبکات «مەهێڵە ئاژەڵەکەی ناوم بێتەدەرێ» «دەتوانم جانەوەرەکەی گیانمت تێ بەردەم»، بەڵام سیحری ئەم هەڕەشەیە لەوەدایە تەنیا لە دۆخی نائاساییدا دەربکەوێت، بەڵام داعش ئەو پەردەیە دەدڕێنێت و بە زەقی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئاگامبن دەستنیشانیدەکات «دۆخی نائاسایی، دۆخی هەمیشەییە». مەترسی داعش بۆسەر سیستم بە گشتی لەوەوە دێت ئەو دیوە نادیار و تەماوی و نەدرکێنراوە بە ڕوونی دەدرکێنێت، ئەو هەڕەشەیە کە دەسەڵاتی لەسەر بەندە، لە ئیبهام دەردەهێنێت و دەیکات بە یاسای کار. واتە تەواوی ئەو دیوە ئەنسرۆپۆلۆژییەی کە سیحری کەپیتالیزم و سیستمی گلۆباڵ و پەیامە گەردونییەکەی لەسەر ڕاوەستاون، بە جۆرێکی تراژیدی لەکاردەخات. لێرەدا هێزی سێهەم کە دێت، هەوڵدەدات هەمان ئەو جانەوەرە جڵەوبکات کە خۆی بەرەڵایکردوە،  لەم سیستمەدا مرۆڤێک دروستبووە کە تەنیا لە ڕێگای فریادرەسێکەوە، لە ڕێگای هێزێکی سێهەمەوە، کە لە دەرەوەی دونیای قەساب و قوربانییەوە دێت، دەتوانێت بمێنێتەوە، بوونی ئەم بوونەوەرە لاوازە، ئەم «هۆمۆساکەر» ـە گەردونییە دەکرێت بە بەهانە تا سیستم وێنە کلاسیکییەکەی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە، وەک سیستمێکی مرۆڤدۆست کە تێکەڵکردنی ئینسان و ئاژەڵ قەبووڵ ناکات، فریادرەس لە ڕاستیدا بە فریای خۆیەوە دێت، نەوەک بە فریای قوربانییەوە، بە فریای دەمامکی خۆیەوە دێت، نەوەک بە فریای جەستەی نێچیرەکانەوە، لە بەرئەوە درەنگ و زوویی زۆر بۆ گرنگ نییە. بکەری سێهەم هێزێکی ڕزگارکەر نییە، بەڵکو ئەو هێزەیە کە دەیەوێت لە ئاستی گلۆبالدا، خۆی پەیوەندی هەموو ئاغایەک و کۆیلەیەک دیاریبکات، مەنتیقێکی جیهانی دابمەزرێنێت کە تێیدا سەردەست و ژێردەستەکان لە یەکجۆرە کولتوور سوود وەربگرن. ئەمە ئەو هێزە نییە کە کۆیلە دەپارێزێت، بەڵکو ئەو هێزەیە کە بوون و ژیان و شێوەی یاریکردن و نەخشەی دوور و نزیکی قەساب و قوربانییەکان لە یەکتر دەستنیشاندەکات. هێزی سێهەم بۆئەوەی نەهێڵێت ئەوەی سیستم لە ناو خۆیدا چەپاندوێتی بێتەوە سەرەوە، خۆی وەک فریادرەس نیشاندەدات، ژیانی قوربانی یان نێچیر لای ئەو تەنیا تا ئەو جێگایە نرخیان هەیە کە ناهێڵێت سیستم دەموچاوە راستەقینەکەی خۆی ببینێت.

کوبانی بە ڕوونی گوزارشتە لەو راستییە، واتە ئەو ئاوێنەیەیە کە سیستم هەم مێژووی خۆی هەم دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆی تێدا دەبینێتەوە. کوبانی جێگایەک نییە وەک ستالینگراد، ڕووداوێک نییە وەک کۆمۆنەی پاریس، بەڵکو شتێکە لە جۆری ئاوشفیتز... شوێنێکە تێیدا حەقیقەتی سیستم، جێگای مرۆڤ، شێوە ڕاستەقینەکانی ڕوانین لە ئینسان بە روونی دەردەکەوێت. بە بروای من مرۆڤ لە کۆبانی، بە تایبەت ئەوانەی لە جەنگی رووبەڕوو بوونەوەدان، بە پێچەوانەی هەندێک بانگەشە و ناونانەوە، نوێنەرایەتی جیهان ناکەن لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، ئەوە خراپترین ناونانێکە مرۆڤ لە جەنگاوەرانی کوبانی بنێت. ئەوان جەنگێکی راستەقینەی ئینسانی و سروشتی دەبەنەرێوە، جوانیان لەوەدایە کە بەرگری لە ژیانی ڕووت دەکەن، ژیانێک کە نرخ و مانای دەکەوێتە پێش هەر شوناسێک. واتە کەسانێکن کە ناکرێن بە سەمبولی ئایدۆلۆژی، بەڵکو سەمبولی ستاتیکین بۆ ژیان ... لە کوبانی ئینسان سەرەتاییترین شەڕی خۆی دەکات، شەڕی ئەوەی نەکرێتەوە بە ئاژەڵ، شەڕی ئەوەی بێ مەرج زیندووبێت، شەڕی ئەوەی نەبێت بە بابەت و ئوبێکتی غەریزەی ئەویتر، شەڕ لێرەدا بۆ گۆڕینی دونیا نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خودە، بۆ دەرهێنانی  خودی ژیانە لە شێواندنە گەورەکان  دەستێوەردانە سیاسییە قێزەون و ڕۆژانەکان... دڕندەیی جەنگەکە لەوەدایە کە گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ هەلومەرجیک مرۆڤ جگە لە ژیانی خۆی ناتوانێت هیچی تر دەربازبکات. بەڵام لێرەدا مانەوە بە زیندوویی بەهایەکی قووڵی هەیە، داعشییەکان لەوانەیە لە مردن نەترسن، بەڵام بێگومان لە هەموو بوونەوەرێکی جەنگاوەری زیندوو دەترسن. ئەو ترسە تەنیا ترسی داعش نییە، بەڵکو ترسی کۆی سیستمەکەیە کە دەشێت تێیدا مرۆڤ لە ساتێک لە ساتەکاندا بەهای ڕاستەقینەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە، ئەو ئیرادەیە بدۆزێتەوە کە کۆمەکیبکات لە ژێر هەر جۆرە سەقفێکی پاراستن بێتەدەرێ، لە شەڕی کوبانیدا تەنیا قەساب «ئاغای کۆن» ناچێتە ژێر پرسیار، بەڵکو فریادرەس و بەهاکانی بە توندی دەکەونە ژێر پرسیار. سیستم لێرەدا کۆنترۆڵی بەسەر دڕندەکانی خۆیدا «واتە داعش» نامێنێت، تینوێتی ئامێرەکانی سیستەم لێرەدا لەوە دەردەچێت، ملکەچی عەقڵانییەتێکی دیاریکراو بێت، کۆنترۆڵکردنی سیستم لە ڕێگای نەزمێکی گشتییەوە بەر دواهەمین سنوورەکانی خۆی دەکەوێت. ئەوەی لە کوبانی دێتەوە سەر شانۆ، ئینسانە کە دەتوانێت تەنیا بە ئیرادەی ڕووتی خۆی، بەدەستی رووتی خۆی، بە هێزی بچوکی خۆی، بێئەوەی چاوەڕوانی هیچ فریادرەسێک بێت، بەرەنگار ببێتەوە. ئەمجۆرە لە بەرگری گێڕانەوەی بەرگرییە بۆ مانا سروشتییەکەی بەر لەوەی ئایدۆلۆژیاکان بیکەنە کەرەستەی تایبەتی خۆیان و بیگۆڕن بۆ ئامڕازی خواستەکانیان. ئەوەی هیچ کەس بە پیر کوبانییەوە ناچێت، ڕەنگە هۆکەی ئەوە بێت کە دەیانەوێت ئەمجۆرە مرۆڤە، ئەم شێوەیە لە بەرگری لەسەر زەوی نەمێنێت. ئەوەی لە داعش بۆ سیستەم ترسناکترە، ئەم جۆرە لە بەرگرییە، ئەم جۆرەیە لە ئینسان کە خۆی جڵەوی بەرگریکردن لە خۆی بگرێتە دەست و تێبگات دەتوانێت موتڵەقە گەورەکان بشکێنێت. جەنگاوەرەکانی کوبانی هێمای ئەوەن کە «مرۆڤی تاک ڕەهەند» ئەو مرۆڤەی ڕەهەندی ڕەدکردنەوەی لێسەندراوەتەوە و نەستی پڕکراوە لە فەرمانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی سیستەم، بوونەوەرێکی گەردونی نییە، بەڵکو گەڕانەوە بۆ مرۆڤی سروشتی، بۆ مرۆڤێک کە کۆدەکان و کۆنترۆڵەکان نەیانکردوە بە ئامێر هێشتا لە بەر دەستدایە و دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان لە هەموو جێگایەک و لە هەموو مرۆڤێکدا زیندووبکرێتەوە. بە واتایەکی تر جەنگاوەرەکان لەو شارە بچوکەدا، مانای «بەرگری» لە هەموو تەپوتۆزە ئایدۆلۆژییەکانی دەتەکێنن و دەیگێڕنەوە سەر مانا سروشتییەکەی، وەک بەرگری لە شتێک کە ناچێتە ژێر ڕەحمەتی هیچ پێناسێکی مەزهەبی یان ئایدۆلۆژییەوە، شتێک پێش ئەوانە دەکەوێت، بەرگری وەک هەڵبژردنێکی کراوە و هەمیشەیی و لە دەست نەچوو، وەک پۆتێنسیالیتەیتێکی نەمر کە هەمیشە دەگەڕێتەوە، وەک ئەگەرێک  کە دەکرێت لە هەموو ئان و زەمانێکدا بگەڕێینەوە سەر سەرچاوە سافەکەی و لە جەنگماندا دژ بە سیستم بەکاریبهێنین.