Thursday 6 November 2014

کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یۆتۆپیا




کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یۆتۆپیا
بەختیار عەلی
بەشی دووەم

ژیانی ڕووت / مەرگی ڕووت

کە دەڵێین کوبانی بەرگرییە لە ژیان، واتە دۆزینەوەی ژیانە بۆ توانایەکی مەزنی بەرگری لە خۆیدا بێئەوەی مۆتیڤی ئایدۆلۆژی بیجوڵێنێت، ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت گەر جەنگی کوبانی تەنیا مەسەلەی ژیان بووایە ئەوا کوبانییەکان دەچوون لە شوێنێکی تر دەژیان، قسەیەکی نادروستە، چونکە قسە لێرەدا لەسەر ژیان نییە وەک ئەکتی خواردن و هەناسەدان، قسە لە مانەوەی ڕووت نییە. ژیانی ڕووت و مانەوەی ڕووت دوو چەمکی تەواو جیاوازن، دوو چەمکی دژن، مانەوەی ڕووت قووڵ بە مۆراڵی کۆیلەوە گرێدراوە، بەڵام ژیانی ڕووت هێزی بەرگریکردنی مرۆڤە لە خۆی بەرامبەر بە ئامێرێکی دڕندە کە تەنیا مەرگی ڕووت بەرهەمدەهێنێت، واتە مەرگ لە سەنتەری ئارەزوو و کەرەستەکانیدایە. ژیانی رووت ئەو گووتارەیە کە کۆی گووتارەکانی تر دەکەونە پەراوێزییەوە و مانا لەو وەردەگرن. لە وتارەکەی مندا ئەوە ڕوونە کە لەو ساتەدا ئاغا بڕیاردەدات مانای ئاغایەتی خۆی لە کوشتنی کۆیلەدا ببینێتەوە، مانای وشەگەلی وەک «ئازادی، سەربەستی، سەروەری» بە مانای خودی ژیانەوە گرێدەدرێنەوە... زیندوێتی لێرەدا دەبێتە ئاماژەیەکی کراوە بۆ هەموو ئەو ئەگەرانەی وشەی ژیان هەڵیدەگرن، دەبێتە دەلالەت لەسەر نەبوونی کۆیلە بە کۆیلە، لەسەر ڕاپسکانی کۆیلە لە سیستمی ئاغا. لەم وێناکردنەدا، ژیانی هەموو منداڵێک لە کۆبانی دەبێت بەو چوارگۆشە نەگیراوەی گوزارشت لە ئازادی مرۆڤ دەکات. کاتێک ئاغا گرەو لەسەر کوشتنی کۆیلە دەکات تا ئاغایەتی خۆی ڕابگەێنێت، ژیان خۆی دەبێتە سەمبولێکی سەرەکی دژ بە کۆیلەبوون. لێرەدا دابەشکردنی ژیان بۆ ژیانی پر و ژیانی خاڵی هیچ نییە جگە لە دابەشکردنێکی ڕیتۆریکی بێسوود بۆ پێچکردنەوە بە دەوری مانای ژیان خۆیدا، دەبێتە پۆڵینکردنی بوون و دابەشکردنی ژیان بەسەر چەند نرخێکی بەرز و نزمدا. دەبێتە بێنرخکردنی جۆرێک لە ژیان و بەرزکردنەوەی جۆرێکی دیکە، کەمکردنەوە لە نرخی ژیانێک کە ناچێتە ناو شوناسی یۆتۆپیای ناسیونالیستییەوە و بەرزکردنەوەی جۆرە ژیانێکی دی کە گوزارشت لەو یۆتۆپیا ناسیونالیستییە دەکات. زاراوەی ژیانی ڕووت لای من بەرامبەر ژیانی پڕ ڕاناگیرێت، بەڵکو بەرامبەر مەرگی ڕووت ڕادەگیرێت. «ژیانی ڕووت / مەرگی ڕووت» وەک دوو تێزی سەرپەڕن کە مرۆڤ بوون لە ئاژەڵ بوون، یان ژیاندۆست لە بەربەری جیادەکەنەوە.
لێرەدا قسەکردن لەسەر «ژیانی پڕ» وەک ژیانێک تێیدا خەڵکی کوبانی لە بەردەم کۆمەڵێک ئەگەر و هەڵبژاردە و ئومێد و پڕۆژە و خەون و فەزای یۆتۆپیدابن، هیچ نییە جگە لە وێناکردنێکی نادروست بۆ دۆخی کوبانی، بریتییە لە مەکیاژکردنی برینێکی سەخت بە ئەمپوڵی فەنتازیا و یۆتۆپیا.  ئەمە جۆرێکە لە نەغمەی ئاهەنگساز «احتفالی» بۆ دوان لە کارەساتێکی سەپێنراو. وێناکردنی کوبانی وەک جێگایەک کە بەهەشتی ئەگەرەکانی مێژوو و ژیان بێت، نەوەک شارێکی وێران و بریندار، دەستبردنە  بۆ دوان لە کارەسات بە زمانێکی غەمڕەوێن کە دەشێت دواتر لە خزمەت کارەساتدا تەواوبێت. هەر ئاوازێکی ئاهەنگساز بۆ وەسفی کوبانی، ئاوازێکی ترسناکە. کوبانی، خەڵکانی کوبانی دروستیان نەکردوە، بەڵکو ئامێرە بەربەری و دڕندەکانی سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا دروستیانکردوە. جەنگ هەمیشە مرۆڤی پڕ ترس و تراوما دروستدەکات. ئەوەی خەڵک لە کوبانی خەریکی بەرگریکردنن لە ژیان، هەڵبژاردنێکی ئازادی خودی کوبانی نییە، ئەوە جەنگاوەرەکانی کوبانی نیین کە ڕایانگەیاندبێت «بەڵێ ئێمە هیچ داواکارییەکی ترمان نییە و تەنیا ژیانی خۆمان دەپارێزین». ئەم دۆخە دۆخێکی سەپێنراو و نائینسانییە کە لەوەوە هاتووە ئەمڕۆ سیستمێکی دڕندەی کەپیتالیستی هەیە، تێیدا ئاغاکان ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ، وەک ژیانی زیاد، وەک ئۆرگانی بێسوود، وەک ڕووبەری «ئەنیمالیزەکراو ـ بە ئاژەڵکراو» دەبینن. ئەوە سیستمی ئەمڕۆیە کە مەرگی ڕووت بە ملیۆنەها مرۆڤ دەبەخشێت، مرۆڤ لە کارگەکانەوە بەرەو قەسابخانەکان و مەیدانەکانی جەنگ دەبات، وەک ئاژەڵی رووت سەیری بەها و مان و نەمانی ملیۆنەها مرۆڤ دەکات. لێرەدا ژیانی ڕووت تێزێکە بەرامبەر مەرگی ڕووت ڕاوەستاوە کە داعش و ماشێنە فاشیستییەکانی تر بەرهەمیدەهێنن. ژیانی ڕووت گووتارێکی دژ بە گووتاری مانەوەشە کە ناسیونالیزمی کوردی ئیشی پێدەکات،  گووتاری مانەوە گووتاری خۆ گونجاندنی زەلیلانە و هەڵهاتن و نەفیکردنی ئیرادە و چاوەڕوانی مەهدییە. بەڵام ژیانی ڕووت، نەوەک ئاماژە نییە بۆ بەتاڵی، بەڵکو تەنها هێزێکە دەتوانێت بەرامبەر بە کاڵای سەرەکی سیستم کە مەرگی ڕووتە، بوەستێتەوە. لە سیستمێکدا کە «ئەنفال، کیمیایی، شەڕی ناوخۆ، دەیان هەزار خۆکوژ، داعش، رۆبۆسکی، سبایکەر ، کوبانی...  هتد» بەرهەمدەهێنێت، کە بوونی ئینسانی ئێمە وەک ژیانێکی زیاد سەیردەکات، کە کۆیلە چیتر ناکرێت بە کرێکار، بەڵکو سەردەبڕدرێت، لە جۆرە سیستمێکی وادا وشەگەلی وەک «ئازادی، نەتەوە، سەربەخۆیی ... هتد» تەنیا کاتێک مانایان هەیە کە داتاشراو و «ئیشتیقاقی» وشەی ژیان خۆی بن. وزەی ڕاستەقینەی گۆڕان و ڕادیکالیزەبوون لە شتێکەوە نایەت نرخی ژیان بۆ ڕەگەزێکی دووهەم فەرامۆشبکات و دایبەزێنێت و بیکات بە ڕەگەزێکی لاوەکی، چونکە خودی بەربەرییەت، خودی داعش لەسەر ئەو کولتوورە ڕاوەستاوە کە تێیدا ژیان کراوەتە ڕەگەزی دووهەم یاخود بۆتە فاکتەرێکی لاوەکی. لە سیستمێکدا کە بە بەربڵاوی ستاتیکای مەرگ بەرهەمدەهێنێت، گەڕانەوە بۆ ستاتیکای ژیان، بۆ ئەو هێزە گەورەیەی دەکەوێتە پێش ناونانە ئایدۆلۆژییەکانەوە شاڕێگای هەر سەرەتایەکە بیەوێت بە هەمان ئەو تونێلە ئایدۆلۆژی و دینییانەدا نەڕوات کە ئەم هەموو کارەساتە سامناک و دڵتەزێنانە دروستدەکەن.
 قسە لای من لە ژیانە وەک وزەیەک کە بەبێ موتیڤی سیاسی تەقلیدیی دەتوانێت ئیرادەی خۆی تاقیبکاتەوە، لە مرۆڤە کە خۆی وەک تەنها ڕزگارکەری خۆی دەدۆزێتەوە، یان بە تێرمێکی «سلۆتەردایک» قسە لە «سوبێکتێکە» کە لە ناکاو و لە کتوپڕدا خۆی وەک سوبێکت دەدۆزێتەوە. تێزەکەی من قسەیە لە دۆزینەوەی ژیانی ڕووت بۆ هێزە ناوەکییەکەی، بۆ خۆشەویستییە تایبەتییەکەی بۆ خۆی، بۆ زیندووبوونەوەی ئەو وزە شۆڕشگێڕییەی کە مارکۆزە پێی لەسەر دادەگرێت و لە نەرجسییەتی مرۆڤدا هەیە، لە خودئەڤینی ئینساندا هەیە بۆ خۆی و دەتوانێت وەک وزەیەکی شۆرشگێڕ و ڕادیکال کاربکات «بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە مانای شۆڕشگێڕانەی خودئەڤینی، تکام لە خوێنەرە بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەشانەی وتاری  ـ جوانییەکانی ناڕێکی ـ کە سەبارەت بە هەمان کێشەن». ژیانی ڕووت ژیانی خواردن و بەتاڵی نییە، ژیانێک نییە بێهێز و بێخەون و بێئیرادە هەناسەبدات، بەڵکو ژیانە بەر لە ناونانی ئایدۆلۆژی، بەر لە پۆڵینکردنی شوناسی سیاسی، بەر لەوەی بوون و مانای بە کۆنتێکستێکی ئایدۆلۆژی دیاریکراوەوە ببەسترێت، ئەمە ژیانی ڕووت نییە بە مانا ئاگامبنییەکەی کە ژیانێکی بێ مافە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، مافی ژیانە بەر لەوەی هیح هێزێک یان فۆرمێکی کۆمەڵایەتی یان شێوازێکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی داگیریبکات و پۆڵینیبکات و بیبەخشێت و زەوتیبکات، واتە ڕەتکردنەوەی قووڵی ژیانە بۆ بێمافی، زمانحاڵی ئەو بەشەی بوونمانە کە دژ بەو دابەشکردنەی ژیان دەوەستێتەوە بۆ ژیانی مافدار و ژیانی بێماف. لێرەوە خوێندنەوەی تێرمەکە  بە چاویلکە ئەرستۆیی، داروینی، ئاگامبنی یان هۆبزیی، نیشانەی نەخوێندنەوەیەتی. لێرەدا قسەی من لە هێز و لە نرخی ژیانە بەرلەوەی لە فۆرمێکی سیاسیدا دیلیبکەین، قسەی من لە مرۆڤە بەر لەوەی بیکەین بە ئاژەڵێکی سیاسی. کوبانی ساتی زەقبوونەوەی ئەو چرکەساتەی ژیانە کاتێک خۆی راستەوخۆ بەرامبەر مەرگی ڕووت دەبینێتەوە. لێرەدا لە بەردەم ژیانێکدا نین کە خۆی بەرەو ئەو دیوی فۆرمە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان نەفیکردبێت، بەڵکو لە بەردەم ژیانێکی نەفیکراوداین، ژیانێک سیستم وەک زیاد وێنایدەکات، ژیانێک کە جگە لەوەی لەودیو ئەم سیستمەوە، لەو دیو ئەو ماترێکسە ئاسنین و گەمارۆ هەمەلایەنەوە بۆ مانای خۆی بگەڕێت، جێگایەکی نییە تێیدا خۆی  بپارێزێت. قسە لێرەدا لە هێزی سروشتی مرۆڤە کە بۆ خۆی و لە ناو خۆیدا چالاکدەبێت، دوای ئەوەی هەموو ئاسۆیەکی چالاکبوونی لێ زەوتدەکرێت. بە کورتی من قسە لە ڕاپەرینی ئەو هێزە دەکەم کە بە «ئیرادەی مایل بە هێز» ناودەبرێت. ئیرادەیەک، ناسیونالیزم یان چەپ یان هیچ ئایدۆلۆژیایەک تا ئێستا نەیتوانیوە ئازادیبکات. تا ئێستا سیاسەت لە بری ئەوەی ئازادیبکات، بەردەوام کۆتیکردوە، لەبری ئەوەی بتوانێت بەرەڵایبکات زنجیری خستۆتە دەست. بە بڕوای من ئازادبوونی ئەم هێزی ژیانەیە کە دیاردەی کوبانی دروستدەکات.  ئایا لە چ جێگایەکدا مرۆڤی ئێمە لە کۆنتێکستی سیاسیدا چەقی بێت بەرگری زۆر گەورەی کردوە?  بۆ لە ساتی ئەنفالدا دەیان هەزار مرۆڤ بەرگرییان لە خۆیان نەکرد?  ئایا ئەوان مرۆڤی کەم و بوونەوەری بچوک بوون? لە خەڵکانی کوبانی نزمتر و نەویتر بوون? کوردایەتییەکەیان ڕەسەن نەبوو? کوردایەتی کۆبانی تۆختر و یۆتۆپیترە و کوردایەتی جێگاکانی تر کاڵ و پلە دووە?. 
کەسانی ئەنفالکراو لە کۆنتێکستێکی هاوشێوەی کوبانیدا دەبن بە قوربانی، هەمان ئەو ڕۆحە ناسیونالیستییە لە هەردوو چرکەکەدا وەک یەک ئامادەن. بەڵام ئەوەی لە کوبانی ئامادەیە ـ سەیرکردنی شەڕڤانەکانە بۆ خۆیان وەک تاکە سوبێکتی ڕزگارکەر ـ. ئەوەی کۆبانی دروستکردوە،  لەدایکبوونی زنجیرەیەکی گرێدراوی ژیانە کە هەر ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی بەهای گەورەی لای ئەوی تر هەیە، بەرزنرخاندنی بەهای تایبەتی ژیانی هەر فەردێکە کە نرخ هەم بۆ خۆی و هەم بۆ ئەوانی تر دادەنێت، وە تێگەیشتنە لەو وزە ستاتیکی و شۆڕشگێڕەی ناو مانای ژیان خۆی کاتێک بەدەر لە چاوەڕوانی هیچ یۆتۆپیا و هیچ مەهدییەکی غەیبی ئیشدەکات.  ئەوە ئەو ڕەگەزانەن کە وادەکەن کوبانییەکان بتوانن بەرگریبکەن و ئەنفالکراوەکان بێدەنگ بەرەو مردن بڕۆن. ئەوەی لە قوربانییەکانی ئەنفالدا نابینرێت و لە کۆنتێکستی سیاسی و مێژوویی ئەنفالدا مردوە، ئەم ئیرادەی ژیانەیە، نەوەک ئیرادەی کوردایەتی یان حەزکردن لە دادپەوروەری یان خواستی یەکسانی. لەم شەڕەدا نرخی شەڕڤان لەوەدا نییە چەند ناسیونالیستە، لەم شەڕەدا هیچ جەنگاوەرێک لە هاوڕێکەی ناپرسێت تۆ چەند ناسیونالیست یان دینی یان سۆسیالیستی، بەڵکو لێیدەپرسێت چەند ئیرادەی بەرگری و ژیانت تێدا ماوە. پرسیار لە ئایدۆلۆژیا، لە ئیمان، لە مەزهەب ئەوە پرسیاری بەرەی داعشە. گەر ئەم پشکنینە ئایدۆلۆژییە بگوازرێتەوە بۆ ئەمبەر، گەر جەنگاوەری کۆبانی وەک جەنگاوەری داعش ببێتە نوێنەری ئایدۆلۆژیا و ئەفسانە و مەزهەبێکی دیاریکراو، گەر تەفتیشی عەقیدە مەرجی جەنگاوەربوون بێت، لێرەدا بڕی هەرە زۆری نرخ و بەها ڕەمزییەکەی کوبانی دەدۆڕێت و لەدەستدەچێت. نرخی کۆبانی لای من گرێدراوی ئەو بڵندبوونەوەیە بەسەر عەقیدەدا. لە ساتێکدا مێژووی خۆرهەڵات لە پەنجا ساڵی رابوردوودا مێژووی ئەو ماشێنە فاشیستیانەیە کە عەقیدە دەیانبات بەڕێوە. کوبانی نە ئەفسانەیە و نە یۆتۆپیا، بەڵکو ئەکتیڤبوونی ئەو سوبێکتە ئەنتی فاشیستییەیە کە خۆشەویستی ژیان و هێزی گەڕانەوە بۆ توانای جەستەی خۆی دەیجوڵێنێت. لێرەدایە کە پێداگری لەسەر زاراوەی ژیانی رووت بە مانای ئەوە نییە، مرۆڤەکان بۆ خواردن و خەوتن زیندووبن، ئەمە تەفسیرێکی ناکامڵ و سەتحییە، مەبەست لە ژیانی ڕووت بێدەنگکردنی هەر پۆڵینێکی ئایدۆلۆژییە کە مۆرێک لە ئینسانەکان دەدەن و نرخی ژیانیان بە ڕوانین و شوناسیانەوە دەبەستن. 
ئەم ئیرادەی ژیانە لە هەناوی تراژیدیاوە هاتۆتەدەرێ، نەوەک یۆتۆپیاوە ... ئەوەی ئەم ئیرادەی ژیانە ئەکتیڤ دەکات تراژیدیایە، ئەزموونێکی ترسناکە کە هیچ لەگەڵ ژیانی پڕ یان یۆتۆپیادا کۆی ناکاتەوە، هێزێکە لە هەناوی تەنیایی و بێکەسی جەنگاوەرەکانەوە هاتووە، نەوەک لە هەناوی ناسیونالیزم  یان فیکری چەپەوە. لێرەدایە دەبێت بە ڕوونی ئەوە ببینین و بزانین بۆ نیتشە کاتێک وەسفی تراژیدیا دەکات، بە ساتی جیابوونەوەی مرۆڤی کۆیلەی دەزانێت لە مرۆڤی باڵا، تراژیدیا لێرەدا باوەشکردنە بە ژیاندا بە هەموو ترسەکانییەوە، بە  هەموو کارەساتەکانییەوە «لە وتاری  ـ نیتشە ... تێبینییەکان ـ دا، لە پەرەگراڤی 14 دا بەدرێژیی لەسەر مانای تراژیدیا لای نیتشە وەستاوم، لەوێدا قسەم لە جیاوازی نێوان تراژیدیا و نائومێدیی کردوە لە فیکری نیتشەدا، تراژیدیا ساتەوەختێکی دژە نائومێدییە، ساتەوەختی تێگەیشتن و تێپەڕاندنی بوونە وەک ئەوەی هەیە»، بە بڕوای من مانای تراژیدیای نیتشەیی، وەک چەمکی باوەشکردن بە ژیاندا لە ترۆپکی کارەساتدا، لە هەر چەمکێکی دی زیاتر بۆ وەسفی کوبانی دەگونجێت .

ژیانی ڕووت وەک تێزێکی دژە هۆبزی
کە قسە  لە مرۆڤی سروشتی دەکەین، قسە لە دۆخی هۆبزی ناکەین. شوبهاندنی قسەکردن لە ژیانی ڕووت، بە دۆخی سروشتی لای هۆبز، ئێجگار نادروستە. لە دۆخی سروشتیدا، دڕندەیی مرۆڤ بۆ مرۆڤ وادەکات تاکەکان بۆ ژێر سەقفی دەوڵەت بگەڕێنەوە، بۆ فریادرەسێک بگەڕێن ئیرادەی خۆیانی پێببەخشن و مافی بەکارهێنانی توندوتیژیی پێبدەن تا لە بری ئەوان ئارامی و ئاسایش بپارێزێت. من تەواو بە پێچەوانەوە، قسە لە تێزێکی ئەنتی هۆبزی دەکەم. یەکەم/ دەوڵەت لە خۆرهەڵات لای من ماشێنێکی فاشیستی گەورەیە کە زۆرجار خۆی جەنگی پاککردنەوەی ژیانە زیادەکان لە ئەستۆ دەگرێت. دووەم/ من قسە لە مرۆڤێک دەکەم کە وەکیلێک بە کرێ ناگرێت شەڕی مان و نەمانی بۆ بکات، دەستبەرداری ئیرادەی خۆی نابێت بۆ دەزگا و ئەنستیوت و کەسانێکی تر  لە بری ئەو بجەنگن، هەر وەختێک ئەم وەکیلە دووهەمە جێگای سەرەکی وەرگرت، بووە جێگری ئیرادەی مرۆڤی جەنگاوەر، لەو کاتەدا مرۆڤ دەستبەرداری ئیرادە و دەستبەرداری ئەگەری ئازادیی خۆی دەبێت. مرۆڤی سروشتی پێچەوانەی مرۆڤی هۆبزییە، دەتوانێت بەرگری لە ژیانی خۆی بکات، بێئەوەی چاوەڕوانییەکانی بخاتە ملی ئەوانی تر، بێئەوەی ئایدۆلۆژییەکانی کردبێت بە شائاماژ یان بە ئەویدی گەورەی خۆی. مرۆڤی سروشتی کەسێکە  پێویستی بەوە نییە ئایدۆلۆژیایەک بانگیبکات تا بە فەرمانی خۆی هەستێت و  بە تەنگ ژیانی خۆی و ئەوانی ترەوە بێت. هەموو شتێکی ئەم جەنگە، دیوە مەرگهێن و تاریک و ترسناکەکەی سیستم سەپاندوێتی، نەوەک حاڵەتێکی سروشتی کە بێهۆ تێیدا مرۆڤەکان بەربووبێتنە گیانی یەکتر، وە تاکە ڕەهەندێکی گرنگی ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی ئەو جەنگەدا مرۆڤ خۆی وەک تاکە ڕزگارکەری خۆی دەدۆزێتەوە. ڕەنگە ئەو دۆزینەوەیە کورتخایەن بێت، هەر زوو ڕاپێچی ژێر قاڵبە ئایدۆلۆژییە باوەکان بکرێتەوە، بەڵام  گوزارشتە لە توانای ئینسانەکان لەسەر دەستپێکردنەوە، نیشانەیە بۆ گێڕانەوەی بونیاد و سیستمە ڕەمزی و ئاماژەییەکان بۆ پلەی سفر. بە بڕوای من دۆخی هۆبزی لەو تێزەیەوە نزیکە کە پێیوایە جەنگاوەرەکانی کوبانی وەکیلی هێزێکی حیزبی یان ئایدۆلۆژی یان گەردونین و ئیرادەی خۆیان بەخشیوەتە پرۆژەیەکی لە خۆیان بەرزتر. بەڵام قسەی من لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەسەر چرکەیەکی بەرچاو ڕوونییە کە تێیدا جەنگاوەر دەبینێت کە جۆرە وەکیلی وەها بوونی نییە، گەر هەشبێت ڕزگارکەر نییە، بەڵکو دڕندە و تێکشکێنە یاخود دیماگۆگ و درۆزنە.

جاک دێریدا و ڕزگارکەرێک کە هەرگیز ناگات
قسەکردنی کاک مەریوان لەسەر مەهدیبوون بێ مەهدی، دەکرا گرنگ و سوودبەخش بێت گەر لە ناوکۆی ئەو تێکستەدا نەبایە، بەڵام هاتنی لەگەڵ ئەو کۆمەڵە تێزەیەی تردا تەواو لە نرخ و مانای دابەزاندوە. لە ڕاستیدا تێزی مەهدیبوون بێ مەهدی «کە من وەرگێڕانەکەی بە ورد نازانم» تێزێکی ناکۆکە لەگەڵ تەواوی تێزەکانی تری کاک مەریواندا کە لەم وتارەدا هاتوون. بۆ ئەوەی ئەم ناکۆکییە وردتر ڕوونبکەمەوە دەبێت کەمێک لەسەر خودی تێزەکەی دێریدا ڕابوەستم.
لە کاتێکدا کاک مەریوان لە وتارەکەیدا باس لە هاتنەدی و بەرجەستەبوونی یۆتۆپیایەکی ناسیونالیستی دەکات، مەبەستی دێریدا لە چەمکی «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر» پێچەوانەی ئەم تێزەیەیە. بناغەی سەرەکی بیرۆکەکەی دێریدا لەوەدایە کە کەسی «فریادڕەس، رزگارکەر» نەگاتە لای ئێمە. دریدا دەڵێ چاوەڕوانی ڕزگارکەر لە بەرجەستەبوونی، لە گەیشتنی بایەخدارترە. بە کورتی «مەهدی» تا ئەو کاتە مەهدییە کە نەگەیشتووە، کە دوورە، کە چاوەڕوانیدەکەین، هەرکات گەیشت هەر کات هات و گووتی من خودی مەهدیم، لەوساتەدا وەک مەهدی کۆتایی دێت. مەهدی ئەو فریادڕەسەیە کە نابێت بگات. گەر ئەم تێزەیە بگێڕینەوە ناو وتارەکەی کاک مەریوان بە ڕوونی خراپ بەکارهێنانی ئەوان بۆ تێرمەکەی دێریدا دەبینین. «مەهدیبوون بێ مەهدی» واتە چاوەڕوانکردنی یۆتۆپیا بێئەوەی هیچ کات باوەڕمان بە هاتنەدی یان بەرجەستەبوونی یۆتۆپیا هەبێت، لە کاتێکدا کاک مەریوان لە کۆی بابەتەکەیدا پێچەوانەی ئەم زمانە و ئەم ڕۆحە قسەدەکات و پێداگری لەوە دەکات کە کوبانی بەرجەستەبوونی یۆتۆپیای ناسیونالیزمی باشە. یۆتۆپیا کە هاتەدی کە بەرجەستەبوو، کە ناوێکی بۆ خۆی دۆزییەوە، ئیدی مانایەک بۆ گەڕانەوە بۆ مەهدییەکەی دێریدا نامێنێت، کە کۆبانی بەرجەستەبوونی یۆتۆپیای ناسیونالیستییە، ئیدی بۆ دەبێت چاوەڕوانی مەهدی بکات? بەم پێیە بێت مەهدی گەیشتووە، مەهدی کوبانی خۆیەتی. هەر کات مرۆڤ لە چاوەڕوانی مەهدیبوون بێ مەهدیدا بوو، هێشتا دوورە لە یۆتۆپیا... هێشتا ڕزگاری تەنیا وەک ئەگەرێک، وەک چاوەڕوانی نادیارێک لە ئاسۆکاندا دیارە، لەم دۆخەدا یۆتۆپیا هێشتا ئەگەرێکی خەیاڵییە، ئەگەرێکە دەشێت مرۆڤ لە هەر جێگایەک و کونج و کولتوورێکدا چاوەڕوانیبکات، بێئەوەی پێویستی بە ناوهێنانی کوبانی هەبێت. لە تێزەکەی دێریدادا، چاوەڕوانی مەهدیی بێ مەهدی، بە جێگایەک یان دۆخێکەوە نابەسترێتەوە، بەڵکو مەرجێکی ناوەکی هەموو جۆرە چاوەڕوانکردنێکە بۆ ڕزگاریی، تێزێک نییە بڵێین بۆ مرۆڤێک لە کوبانی دەگونجێت بەڵام بۆ کەسێکی دی لە ئەستەمبول یان تۆکیۆ ناگونجێت . هەوڵەکەی دێریدا لە بنەڕەتدا بۆ ڕزگارکردنی چەمکی «ڕزگاربوونە» لەو کۆنتێکستە دیاریکراو و دەستنیشانکراوەکەی کە مێژوو پێیدەبەخشێت. بۆ نمونە لە کتێبی تارماییەکانی مارکسدا، ستراتیژی دێریدا ڕزگارکردنی مارکسە لەو تەپوتۆز و وێنە و شوناسە تایبەتیانەی لە مێژووی سەدەی نۆزدە و بیستدا پێی بەخشرا. لای دێریدا دوای مردنی خودی مارکس، دوای بێدەنگبوونی قووڵی مارکسیزم، ئیدی ساتی ئەوە دێتە پێشێ مارکس لە مارکسیستەکان و لە فیگەری مێژوویی و سیاسی  مارکس خۆی ڕزگاربکەین. بە کورتی و بۆئەوەی زۆر دوورنەکەوینەوە، چەمکی «مەهدیبوون بێ مەهدی» تێزێکە ئاڕاستەی ئەو ئایدۆلۆژیایانە دەکرێت کە ناوێکی تایبەتی بە «ڕزگارکەرەوە» دەنوسێنن و ناوێکی تایبەتی بە ڕزگاریی دەبەخشن، واتە دەموچاو و شێوەیەکی دیاریکراوی دەدەنێ. ڕزگارکەر لەم چەمکەدا تا ئەو شوێنە مانای هەیە کە فۆرمێکی مێژوویی کۆنکرێت وەرناگرێت، لە پڕۆژەیەکی حیزبی و نەتەوەیی و مەزهەبیدا بەرجەستەنابێت. بەڵام کەسێک وتارێک بنوسیت سەرتاپای ستایشی «ناسیونالیزمی باش» «ناسیونالیزمی پاک و ئینسانی» بێت و دواتر قسە لە ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر بکات، ئەوە پارادۆکسێکی گەورەیە. قسە لای دێریدا لەسەر «وەعد یان پەیمانە» نەوەک لەسەر «پرۆگرام» «بڕوانە جاک دێریدا. تارماییەکانی مارکس. چاپی فرانکفورت 1996. ل. 124». بەڵام ناسیونالیزم، ئایدۆلۆژیا و پرۆگرام و ئەنستتیوت و دەزگاگەلی کۆنکرێتە، ڕزگارکەر لای دێریدا ناوێکی نییە، لە ڕوخسارێکدا بەرجەستە نابێت، لە پرۆگرامێکدا جێگای نابێتەوە، بەڵکو پەیمانێکە کە ئاسۆی ڕوداوێکی جیاواز دەکاتەوە... دێریدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئەو پەیمانە، سروشتێکی دینی نییە «کاک مەریوان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەم سروشتە نادینییەی چەمکەکە کردوە، بەڵام ئاماژەی بە دیوەکەی تری نەکردوە، ئەویش ئەوەیە ئەم پەیمانە سروشتێکی تەواو نا ناسیونالیستیشی هەیە. گەر کاک مەریوان ئاماژەی بەم ڕەهەندەی تریش بکردایە، ئەوا هیچ بەهانەیەک نەدەما کوبانی بە ناسیونالیزمەوە گرێبداتەوە».  دێریدا زۆر بە ڕوونی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پەیمانێکی وەها، کارێکی بە ناسیۆنەوە نییە، لە بەر ئەوەی ئەو بڕوای وایە لە بنەڕەتدا ناسیونالیتەیت یان ناسیونالیزمێک بوونیان نییە بە دین یان ئەفسانەوە گرێ نەدرابن یاخود وەک خۆی دەڵێت «مستیک» نەبن. «بڕوانە. هەمان سەرچاوەی پێشوو. ل 147». لێرەوە لە لۆژیکی دێریدادا پەیمانێک کە ڕزگارکەر پێماندەدات کە دینی نەبوو، ئەوا حەتمەن ناسیونالیستیش نییە.
ئەم «چاوەڕوانییە بێ ئاسۆی چاوەڕوانی»، ئەم پەیمانە کە دێریدا باسیدەکات، ئاماژەیە بۆ شتێک کە وەک دریدا دەڵێت وێنەیەکی پێشینەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نییە، شتێکە بە گروپێک یان هێزێک یان پەیامێکەوە نابەسترێتەوە، دووبارەکردنەوەی پڕۆژەیەک نییە کە لەبەردەستماندایە یاخود تیا ژیاوین، بەڵکو چاوەڕوانکردنی جۆرە بوونێکی جیاواز و جۆرە ژیانێکی دیکەی گەردونییە کە نە فۆرمێکی دەستنیشانکراو، نە هەڵگرێکی دەستنیشانکراوی هەیە، بەڵکو چاوەڕوانییەکە بۆ هەموومان، بۆ هەموو مرۆڤێک لە هەموو جێگایەک و لە هەموو شوێنێک. واتە وەک چۆن دەشێت بەشێک بێت لە چاوەڕوانی جەنگاوەرێک لە کۆبانی، دەشێت هەمان شێوە چاوەڕوانی نادیاری هەر مرۆڤێکی تر بێت لە هەر جێگایەکی تر. ئەم ئاسۆیە کارێکی بە ئاسۆی جەنگاوەرێکەوە نییە لە جێگایەکی دیاریکراودا، بەڵکو ئاسۆیەکی دەستنیشان نەکراوە کە کۆی ڕوانینمان بۆ پاشەڕۆژ وەک مرۆڤ دەستنیشاندەکات. ئەم چەمکەی دێریدا نزیکییەکی زۆری لەگەڵ وێناکردنی پاشەڕۆژدا هەیە لای ئەو. گەر لە مانای پاشەڕۆژ لای دێریدا تێگەیشتین، ڕوونتر لە مانای «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر» تێدەگەین. دێریدا دوو جۆر لە پاشەڕۆژ جیادەکاتەوە، پاشەڕۆژ وەک ئەوەی پلانی بۆ دەکێشرێت و بە پێی پرۆگرامێکی تایبەت و مەبەستێکی پێشوەخت دەبرێتەڕێوە، پێشبینیدەکرێت و کەم تا زۆر دەکرێت بزانین بە چ ئاڕاستەیەک دەڕوات، لەگەڵ پاشەڕۆژێکی دیکەدا کە ئەو بە «ئەفینیر »  واتە «داهاتوو» ناویدەبات. داهاتوو پاشەڕۆژی ڕاستەقینەیە، پاشەڕۆژێکی نەزانراو و نە بینراو و پێشبینی نەکراو. مژدەی هاتنی شتێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو و پرۆگرام نەکراوی پێیە، داهاتووە بە هەموو ناڕوونی و ئەگەر و نادڵنیایی خۆیەوە. «دێریدا بە ڕونی لە دیمەنی یەکەمی ئەو فیلمەی کە  هەر یەک لە کێربی دیک و زیرینگ کۆفمان ساڵی 2002 لەسەر ژیانی دروستیانکردوە، وەک تێزەیەکی سەرەکی خۆی بەو جیاکارییە دەست پێدەکات. بڕوانە تێکست سکریپتی فیلمەکە لە ماڵپەڕی realfictionfilme.de. هەروەها بڕوانە کتێبی: ئێریک ئۆدە. ڕودوای بەرگری. جاک دێریدا و زانکۆی بێمەرج. فورتزبورگ. 2006. ل206 ـ 207. یان کتێبی فیکتۆر تیبریوس ـ ئامادەکار ـ. خەلقکردنی پاشەڕۆژ. تیورەکانی گۆڕانکاریی لە داهاتوودا. وتارەکەی فێرناندۆس سواریز مولەر. شپرینگەر. فیسبادن. 2012. ل 232». ئەم «داهاتووە» وەک «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر» دووبارەکردنەوەی شتێکی پێشووتر نییە، نیازێکی پێشوەخت ڕاگەیاندراو و پلان بۆ کێشراوی نییە، هەرگیز نایەتە دەست، بەڵام نیشانە و ئاسەواری هەیە، هەرگیز نایەتە دی بەڵام چاوەڕواندەکرێت، شتێک نییە هیچ کات پێی بگەین، بەڵام شتێکە بەردەوام بۆی دەچین. واتە بە کورتی بێرۆکەی «ڕزگاربوون» و «داهاتوو» کە دوو چەمکی سەنتراڵی فیکری دێریدان، هەردووکیان تەنیا کاتێک مانایان هەیە کە نەبەسترێنەوە بە ئایدۆلۆژیا باوەکانی وەک دین، ناسیونالیزم یاخود چەپەوە،  نەبەسترێنەوە بەو ئاسۆ و پرۆگرام و بیرۆکە ئامادانەی ڕزگارییەوە کە لە بەردەستماندا هەن، بەڵکو بخرێنەوە سەر ڕیشە تاریک و ئەگەردار و پڕ چاوەڕوانییەکەیان. لێرەوە کاتێک دەڵێین کوبانییەکان نیشتمانپەروەرن، ناسیونالیستن، چەپن، لەلایەکی تریشەوە دەڵێین کە «پرۆگرامێک نییە مەرگی جەنگاوەرانی کۆبانی پێوە گرێدرابێت»، بەمە پارادۆکسێکی هێند گەورە تۆماردەکەین، مرۆڤ سەری لەوە دەسوڕمێت، چون دەکرێت لە یەک وتاردا بێ هیچ زەمینەسازییەک دوو دژ بەوجۆرە کۆبکرێنەوە.
هەر لە ڕوانگەی ئەو ڕاستیانەوە، وەرگێڕانی «  Messianisch ohne Messias» بە «مەهدیبوونی بێ مەهدی» زۆر پر کێشەیە. مانای ڕاستەقینەی « Messianisch ohne Messias» «ڕزگاربوون بێ ڕزگارکەر»یان «ڕزگاریخوازیی بێ ڕزگارکەر»  ئەوەیە بە ناوی هیچ  کەس و هیچ ڕزگارکەرێکی پێشوەخت و ناونراوەوە نەلکێت. مەهدی ناوی ڕزگارکەرە لە فۆرمە هەرە دینی و هەرە میتۆلۆگییەکەیدا، لە کاتێکدا جەوهەری تێزەکەی دێریدا ڕزگارکردنی چەمکی ڕزگاربوونە لە ناونانە خورافییە پێشینەکان، جیاکردنەوەیەتی لە هەر ڕزگارکەرێکی ئایدۆلۆژی یان مەزهەبی کە بانگەشە بۆ بیرۆکەیەکی ئایدۆلۆژی یان دینی باو بکات، لە کاتێکدا زاراوەی مەهدی بە توندی بۆ ناو ئەو جۆرە بانگشەیەمان دەباتەوە.
جگە لەم تێبینیانە، دەبێت بڵێین کە خەباتی کوبانی ناچێتە چوارچێوەی چاوەڕوانکردنی هیچ ڕزگارکەرێکەوە، بەڵکو خەباتێکە بایەخی خۆی لەوەوە وەردەگرێت، مرۆڤ خۆی وەک «ڕزگارکەری خۆی» دەدۆزێتەوە. کاک مەریوان و هەڵگرانی ئەو بۆچوونەی دی کە توانای خەباتی مرۆڤ گرێدەدەنەوە بە ڕزگارکەرێکی نادیارەوە، بە پڕۆژەیەکی لۆکاڵ یان یونفێرسالەوە، لە ناو هەمان ئەو چوارچێوە کولتوورییەدا دەسوڕێنەوە کە هەمیشە ڕزگارکردنی مرۆڤ گرێدەداتەوە بە هێزێک یان پڕۆژەیەکی دوور لە خۆی. بەکارهێنانی چەمکی مەهدیبوون بێ مەهدی، بەوجۆرەی لە وەڵامەکانی ئەودا هاتووە، دوورخستنەوەی فیکرەی ڕزگارییە لە خودی ئینسانەکان، مەحکومکردنی مرۆڤە بەوەی بۆ ئەبەد لە چاوەڕوانی ڕزگارکەرێکی مێژوویی یان دەرە مێژوویدا بێت، دوورخستنەوەی بیرۆکەی ڕزگارییە لە خودی ئەو هێزەی کە لە مەیدان و سەنگەردا دەجەنگێت. خەباتی کوبانی،  خەباتێک نییە بۆ نادیارێکی مێژوویی، بۆ چاوەڕوانی فریادرەسێک کە وەک ئەگەر لە هەناوی داهاتوودا خەوتووە. کوبانی ئاوێنەیەکی تاڵ و تاریکی دونیای ئەمڕۆیە، پنتێکی رەمزییە بۆ جیاکردنەوەی بەربەرییەت و مرۆڤبوون لە یەکتر، وەستانێکی جیاوازە لە نێوان مەرگدۆستی و ژیاندۆستیدا. کوبانی ڕوداوێک نییە بە ڕەهەندێکی میتافیزیکییەوە، بەڵکو بەرگرییەکی مەتریاڵی و حەتمی مرۆڤگەلێکە کە ناچارن هەر پڕۆژەیەکیان هەبێت بیوەستێنن، تا خۆیان بۆ بەرگریکردن لە ژیانی خۆیان تەرخانبکەن. واتە لەو ڕاستییە تاڵەوە هاتووە کە فریادرەس بوونی نییە، فریادرەس تەنیا مرۆڤ خۆیەتی و وزەی ڕاستەقینەی بەرەنگاریش تەنیا ژیان  خۆیەتی.



Monday 27 October 2014

کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یوتوپیا


کوبانی ـ ناسیونالیزم ـ یوتوپیا
 «بەشی یەکەم»
«هەندێک سەرنج و وەڵام»

کوبانی بۆنەیەکی باش بوو، هەندێک تێز خۆیان بە بەرگری قارەمانانەی ئەم شارەدا هەڵواسن و بیگۆڕن بۆ  بکەرێک کە گوایە بەشێک لە ئازایەتی کوبانی  بەر ئەوانیش دەکەوێت. لە مێژە گووتراوە، شکست خاوەنی نییە، بەڵام سەرکەوتن ساحێبی زۆرە. کوبانی نمونەیەکی باشی ئەم دۆخەیە. کە لە وتارێکی پێشوودا گووتم کوبانی بەرگرییە لە ژیان، چاوەروان بووم کە تێزەکە هەندێک توڕەیی لێ بکەوێتەوە.  ئایدۆلۆژیستەکان ناتوانن بەبێ ئەفسانە سازی، بەبێ بارکردنی دیاردەکان بە فەنتازیا سیاسییەکانی خۆیان بژین. لای هەندێک لەوانەی قسەیان لە کۆبانی کرد، پێیان کەم بوو، بڵێین کوبانی بەرگری لە ژیان دەکات. شەڕکردن بۆ ژیان وەک جۆرێک لە کەمکردنەوەی نرخی کوبانی دەبینرا، وەک بڵێن ژیانی بچوک چییە، تا کۆبانی مەزنی پێ بپێوین. جۆرە هەڵوێستێکی وەها نە سەیرە، نە چاوەڕواننەکراوە، بەڵکو تەواو لەگەڵ ئەو نەزمە ئایدۆلۆژییەدا دەگونجێت کە تێڕوانینی ئێمەی بۆ ژیان تێدا شێوەگیر بووە. ئایدۆلۆژیا لە خۆرهەڵات دەبێت چی بێت، جگە لە بە هیچ زانینی ژیان و بە موقەدەسکردنی ئایدیا و فیکر و ئاڕاستە سیاسییەکان. لەناو سیستمی فیکریی دینیدا «قودسییەتی ئیمان» جێگای «قودسییەتی ژیان»ـ دەگرێتەوە، ئەم لادانەی ژیان و پەراوێز کەوتنەی، تەنیا سیفەتی بۆچوون و روانینی دینی نییە، بەڵکو سیفەتی تەواوی سیستمە ئایدۆلۆژییەکانیشە، کە مێژوویان مێژووی بێنرخکردنی ژیانە. با بۆ کەمێک لەگەڵ خاوەنی ئەو بۆچوونانەدا تەبا بین و بڵێین «بەڵێ، کوبانی بەرگریی نییە لە ژیان. کوبانی جێگای گەمارۆدانی هەزاران مرۆڤ نییە لە لایەن هێزێکی فاشیستییەوە کە دەزانین جگە لە مردن هیچ دیارییەکی تری پێ نییە». بەڵام کە دەڵێین بەرگریکردن لە ژیان بێنرخکردنی کۆبانییە، مانای شتێک هەیە لەلامان لە ژیان گرنگترە، واتە بەهایەک و نرخێک هەیە کە دەکەوێتە سەرو نرخی ژیانەوە، یان سەرو نرخی مرۆڤەوە بە گشتی. لێرەدا لە بەر دوو وەڵامداین، یان دەڵێین ژیان و ژیانی مرۆڤ وەک نرخێکی باڵا، وەک بەهایەک کە هیچ بەهایەک لەوە گرنگتر نییە، شایەنی شەڕی گەورەیە و تاکە شتێکی زۆر مەزنیشە مرۆڤ لە پێناویدا بجەنگێت و مانای بوونی خۆی لە رێگای ئەو جەنگەوە بدۆزێتەوە. یان بە پێچەوانەوە دەڵێن کۆمەڵێک نرخ و بەهای ئایدۆلۆژی و دینی و فەلسەفی هەن کە نرخیان لە نرخی ژیانی ڕووت گەورەترە و مردنی مرۆڤ لە پێناوی بەهاکانی وەک دین یان ناسیونالیزم یان مارکسیزمدا نرخێکی باڵاتر دەبەخشێتە مرۆڤ، کە لە بنەڕەتدا مردنی خۆی، بوونی ڕووتی خۆی ناتوانێت هەڵگری بێت. لێرەدا بە ڕوونی دەڵێین مردنی مرۆڤ چییە گەر نەزمێکی ناسیونالیستی یان دینی یاخود ئایدۆلۆژیی نەیەت و مانا بەم مەرگە نەبەخشێت. ڕەنگە کێشەکە لێرەدا کێشەی نرخ بێت، ژیان لای من ناوێکە بۆ ئیرادەی ناو مرۆڤ بەر لەوەی لە ناو سیستمی ڕەمزیدا ناوی لێ بنرێت، وە ڕەمزێکە بۆ ڕەهەندە یونفێرسال و هاوبەشەکەی ناو هەموو ئینسانەکان کە شوناسە دینی و نەتەوەیی و چینایەتییەکان تێدەپەڕێنێت. ژیان ناوێکە بۆ ئەو وزەیەی کۆمەکماندەکات بۆئەوەی بکرێت جارێکی دی دووبارە و لە شوێنێکی ترەوە دەست پێبکەینەوە. واتە لەو جێگایەدا کە شوناس خۆی دەبێتە مەترسی لەسەر شوناس، ئایدۆلۆژیا بەر دیواری هەرەسە حەتمییەکانی خۆی دەکەوێت، وزەیەکی ترمان هەیە کە مرۆڤبوونمان دەپارێزێت و مرۆڤایەتیبوونمان لێک نزیک دەکاتەوە. شوبهاندنی ژیانی ڕووت بە بەتاڵی بەرهەمی بەتاڵییەکە بەبێ ژیان. ئەمە بەشێکی قسەکانی ئەم تەوەرەیە کە لە درێژەی وتارەکەدا دەچمەوە سەری. بەڵام بە گشتی، پرسیاری من ئەوەیە؛ بۆ ژیانی ئینسان وەها بێ نرخ دەبێت کە مردنی مرۆڤ لە پێناوی ژیانی خۆیدا ناکرێت و ناشێت بە مردنی کەسانێک بەراورد بکرێت کە لە پێناوی ئیمانێکی دیاریکراو یان مەسەلەیەکی سیاسیدا دەمرن? ئایا داعش خۆی کوڕی ئەم کولتوورە نییە کە تێیدا نرخی ئیمان دەکەوێتە سەرو نرخی ژیانەوە? پرسیاری من دەربارەی پاشەکشەی بەهای ژیانە لە بەردەم بەهای ئایدیادا. لەم ڕووەوە کۆبانی ڕوویەک پێشکەشدەکات جیاواز لەو ساتە مێژوویانەی تر... ساتی سەرکەوتنی هێزی ژیانە بەسەر هێزی ئیماندا. هێزی دەستپێکردنەوە بەسەر هێزی دووبارەکردنەوەدا ـ ئەمە بە ڕەچاوکردنی مانا فەلسەفییەکانی هەر یەک لە دوو زاراوەی «دەستپێکردنەوە» و «دووبارەکردنەوە». لەم نوسینەدا لەسەر هەندێک تەوەر دەوەستم کە پێم وایە وێنەیەکی ڕاست لەسەر کوبانی ناگوێزنەوە، وەک حاڵەتێکی ناوازە، وەک ساتێکی پڕ بەها کە بە سیستمە ئایدۆلۆژییە ناسراو و دێرینەکان تەفسیر ناکرێتەوە. گەرچی من باوەڕم بە  یۆتۆبیزەکردن و بە ئەفسانەکردنی کوبانی نییە، بەڵکو باوەڕم بەو مانا ڕادیکال و یونفێرسالە هەیە کەدەشێت لە کوبانی بەدەستبهێنین، هەوڵدەدەم ئەم خاڵەم لە نوسینەکەدا زیاتر ڕوونبکەمەوە، کە هەندێکیان ڕونکردنەوە و فراوانکردنی بۆچوونەکانی پێشتری منن، هەندێکیشیان وەڵامن  بۆ هەندێک نوسەر، لە پێش هەموویانەوە بۆ کاک مەریوان وریا کە لە وەڵامی نوسینێکی پێشتری مندا هەندێک سەرنج و بۆچوونی نوسیبوو.

کوبانی و پۆلس
ئایا پرسیاری سەرەکی لەم هەفتانەی دواییدا لە کوبانی چی بووە? کوبانی چۆن خۆی ببات بەڕێوە یان چۆن بەرگری لە خۆی بکات?. کوبانی چۆن ببێت بە یۆتۆپیای تۆماس مۆر یان چۆن ژیانی خۆی بپارێزێت?. لە راستیدا ئەوەی لە کوبانیدا ئێستا ناکرێت بکرێتە بابەتی باس فۆرمی ئیدارە و شێوازی دەوڵەت و سروشتی هاوڵاتی بوونە، چونکە هەموو ئەم شتانە لە دۆخی جەنگێکی سەختی مان و نەمان و گەمارۆدا نە جێگیردەبن، نە دادەمەزرێن، نە بیریان لێ دەکرێتەوە. لە کوبانی، ئەوانەی لە شارەکەدا  ماونەتەوە نە پۆلس دادەمەزرێنن و نە یۆتۆپیا، بەڵکو بە کۆ وەک لەشکرێک کاردەکەن، لەشکرێک کە شارەکە و زیندووەکانی ناوی لە هێزێکی دڕندە دەپارێزن کە گەر بێت و هێڵەکانی بەرگری بشکێت، ئەگەر هەیە هەمووان ڕەشەکوژ بکرێن. هەڵبەت وەک لەشکرێک کە هەم توانای بەرگی و خۆڕێکخستن و بەردەوامیان هەیە، وە ژنان ڕۆڵێکی گرنگ لەم لەشکرەدا دەبینن، شایەنی هەموو ڕێز و سەرسامییەکن، بەڵام پێمان وابێت کە فۆرمی ئەم لەشکرە، فۆرمێکی یۆتۆپیانەی کۆمەڵگاشە، ئەمە هەم بۆچوونێکی هەڵەیە و هەم ترسناکیشە. کێشەی ئەم شارە لێرەدا ئەوە نییە چۆن خۆی ببات بەڕێوە،  چۆن کێشەی نێر و مێ چارەسەربکات، بوونی ژن بە جەنگاوەر لەم ساتانەدا چەندە گرنگ و هێمادارە، بەڵام هیچ کات بە مانای ئازادی ژن نییە، مانای ئەوە نییە دوای تەواوبوونی بەرگری و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، ژنان لە کۆیلەیەتی ڕزگایان دەبێت و کۆبانی دەبێتە هەرێمێکی دابڕاو و جیاواز لە دنیای موحافەزەتکاری دەوروبەری خۆی. ژن لە زۆربەی سوپاکان و هێزە چەکدارەکانی دونیادا هەبوون، بێئەوەی ئەمە مانای ئەوە بێت کە ژن لەو جێگایەنەدا ئازاد بوون، خەباتی کوبانی ئێستا ئەوە نییە ئەو کێشانە چارەبکات کە بەشەرییەت لە مێژووی خۆیدا چارەسەری نەکردون، بەڵکو ئەوەیە چۆن بەر بە ماشێنێکی فاشیستی گەورە بگرێت کە سادیستانە دەکوژێت و مازۆشیانە دەمرێت. ئازایی ژنانی کوبانی لەوەدایە کە بەوەزیفەی خۆیان دژ بە دڕندەیی و بەربەرییەتی نوێ دەوەستنەوە. بەڵام ئاخۆ ئەم خەباتە دەبێتە سەرەتایەک دژ بە ستەمی ناوخۆ، دژ بە ستەمی ژێندەری، ئەوەیان مەسەلەیەکی تەواو جیاوازە و تێکەڵکردن و خەیاڵچنی لەو ڕووەوە سوودێکی نییە، بارکردنی کوبانی بەم ڕەهەندانە، بارکردنی کوبانییە بە خەون و فەنتازیا و خەیاڵاتی دەرەوەی ئەو هەلومەرجەی کوبانی تیادەژی.

جگە لەوانە، شوبهاندنی کوبانی بە پۆلسی یۆنانی هەڵەیەکی گەورەیە کە بەش بەحاڵی خۆم لە ڕیشەکەی تێناگەم. چەند سال لەمەوبەر نوسەرێکی دیکەمان کاک فاروق ڕەفیق مۆدێلی شار دەوڵەتی یۆنانی وەک نمونەی جفاتی سەرکەوتوو بۆ ئێمە پێشنیاردەکرد، ئەمڕۆش کاک مەریوان بە شوێنپێکانی ئەودا دەڕوات و هەنگاوێک زیاتر دەنێت، پێمان دەڵێت «پۆلسی» یۆنانی لێرەیە، ئەوەتا لە کوبانییە. ئەمجۆرە گەڕانەوەیە بۆ یۆنانی کۆن بۆ تەفسیری ئەمڕۆ، نیشانەی دابڕانی توندی خەیاڵی سیاسی و فیکری ئێمەیە لە ئێستای دونیای خۆمان. لێرەدا بەداخەوە دەبێت هەندێک زانیاری سەرەتایی لەسەر خودی پۆلسی یۆنانی تۆماربکەم کە پێویستن تا خوێنەر ببینێت کە شوبهاندنێکی لەمجۆرە چەند نەگونجاو و بێزەمینەیە.  یەکەم لە یۆنان و سەرجەم خاکی هێلینییەکاندا پتر لە 1500 یەکەی نیشتەجێ هەبووە کە ناوی پۆلسیان لێ نراوە، هەندێک جیاوازی لە نێوان ئەم پۆلسانەدا بووە، بەڵام لێکچوونی  زۆر گرنگیش کۆیکردونەتەوە «بۆ نمونە باوەڕی دەستەجەمعی پۆلسەکان بە زیوس و خوداکانی ئۆلۆمپ و پێشبینییەکانی دێلفی، بەکارهێنانیان بۆ یەک زمان، بەشدارییکردنیان بەجۆرێکی بەردەوام لە گەمە و پێشبڕکێیەی ناو پۆلسەکاندا  و سازکردنی بە نۆبەت بۆ ئەو گەمانە». پۆلس شتێک نییە  لە ناکاو لە زەوییەوە بە  ماوەی مانگێک هەڵبقوڵێت، پۆلس جێگایەی جوگرافییە کە تێیدا دەسەڵاتی لۆکاڵ لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا ناوکەی ئیدارەیەکی دەوڵەتیانەی سەربەخۆ بۆ خەڵکی شارەکە دروستدەکەن، خودی شارەکە ستراکتورێکی تایبەتی هەیە، بۆ نمونە لە ناوەڕاستی بەشی هەرە زۆری پۆلسەکاندا جێگایەکی بەرز هەیە «ئەکرۆپۆلس» کە جێگایەکی سەنتراڵی عیبادەت و ڕێزگرتنە لەخوداکان و بڕیاری گرنگی تێدا دەدرێت و هاووڵاتیان بۆ بەرزڕاگرتنی خوداکانیان جەژن و بۆنەی تێدا سازدەکەن، لە پاڵ ئەکرۆپۆلسیشدا ئاگورا هەیە، کە شوێنی بازرگانی و گۆڕینەوە و ئەنجامدانی کڕین و فرۆشتنی ڕۆژانەیە، هەروەها ئەو پەرستگا و جێ نمایشانەشی تێدایە کە زۆر پابەندی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی پۆلسەکانن. ئاگۆرا بەرامبەر ئەکرۆپۆلس هەم تەواوکەرە و هەم جیاوازیشە، جیاوازیی ئاگۆرا لەوەدایە زیاتر جێگایەکی ئابوری و کۆمەڵایەتییە و پلەو مەقامی ئاینی ناگاتە ئەکرۆپۆلس. بوونی ئەم دوو جێگایە یەکێک لە پێکهێن و جیاکەرەوەکانی مۆدێلی پۆلسن لە شارێکی ئاسایی ئەمڕۆ. بەڵام لەمانە گرنگتر ستراکتوری کۆمەڵایەتی پۆلسە،  پۆلس مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی نە خەباتگێڕ و نەدادپەروەریشە تا وەریبگرین و بیکەینە نمونەی باڵای خۆمان یاخود کوبانی پێ بشوبهێنین و وابزانین بەو شوبهاندنە ڕێزێکمان لە خەباتی ئەم شارە ناوە. پۆلسەکان لە ڕووی چینایەتییەوە نمونەی ناڕێکی و نەبوونی عەدالەتن. پۆلس لە رووی پێکهاتی کۆمەڵایەتییەوە، لە سێ گروپی بەرچاو و گەورە دروستبوون. «هاوڵاتییانی پۆلس» کە ئەوانە بوون لە پۆلسدا لەدایکبوون و نیشتەجێی ئەوێ بوون و لایەنیکەم پارچەیەک زەوییان لە ناو خاکی دەسنیشانکراوی شاردا هەبووە، ئەمانە هەڵگری مافە سەرەکییەکانی ناو شاردەوڵەتی یۆنانی بوون، ئەوەی لە پۆلسێکەوە بیگواستایەتەوە بۆ پۆلسێکی تر نەیدەتوانی لە شاردەوڵەتی نوێدا ببێتە هاوڵاتی، غەریب لە پۆلسدا بە غەریبی دەمایەوە بێئەوەی مافەکانی هاوڵاتی هەبێت. ناهاوڵاتییەکان لە زۆربەی پۆلسەکاندا توێژێکی کۆمەڵایەتی هەم گەورە و هەم بێماف بوون، بەڵام چینی هەرە گەورەی ناو زۆربەی پۆلسەکان کۆیلەکان بوون، لە پۆلسێکی وەک سپارتە، کۆیلەکان لە پێنج بەش چواربەشی دانیشتوانیان پێکدەهێنا، لە ئەتین سێ بەشی هەمان ڕێژە لە دانیشتوان کۆیلەبوون. کۆیلەکان ئەوانەبوون کە لە بازاڕدا دەفرۆشران، لە زۆربەی پۆلسەکاندا بازاڕی تایبەت بە کڕین و فرۆشی کۆیلە هەبوو، لێرەوە پۆلسەکان زیاتر لە شارەکانی دەسەڵاتی داعشەوە نزیکن تا کۆبانی. پۆلسەکان نمونەی نەبوونی یەکسانین، نمونەی دابەشبوونی چینایەتین، لانکەی کڕین و فرۆشتنی ئینسان بوون. لێرەوە یەکێک بێت بڵێت پۆلسی یۆنانی نمونەی یەکسانییە، جگە لە جێگای سەرسوڕمان مایەی هیچی تر نییە. لە هەموو شتێک زیاتر مایەی پێکەنین ئەوەیە کە ژن و منداڵ لە زۆرینەی هەر زۆری پۆلسەکاندا بە هاوڵاتی حساب نەکراون، واتە مافی سیاسیان نەبووە. پۆلس نەوەک جێگایەک نییە ژن و پیاو تێیدا یەکسان بن، بەڵکو هەر فۆرمێکی جیاوازی کە دواتر لە پێکهاتە مێژووییەکانی تردا دەبینرێتەوە، یان لە پۆلسەوە هاتووە یان لە پۆلسدا هەبووە. جیا لەوانە لە ناو خودی هاوڵاتیانی پۆلسدا، لە نێوان جوتیاران و نەجیبزادە شارییەکاندا جیاوازییەکی زۆر هەبووە کە خۆیان وەک «ئەرستۆی» ناساندوە واتە «باشەکان یان نەجیبەکان». 

خاڵێکی تر کە لەم تێزەیەدا هەڵەیەکی بەرچاوە، ڕێککردنەوەی ئاستی پۆلس و یۆتۆپیایە بۆ یەک ئاست. پۆلس هیچ کات و لە هیچ پێناسەیەکدا یۆتۆپیا نەبووە، پۆلس واقعی سیاسی تەقلیدیی ناو یۆنانە، لێرەوە کە بەسەرێک بڵێیت کوبانی پۆلسە و دوای دوو دێڕیش بڵێیت کوبانی یۆتۆبیایە ئەمە ناکۆکییەکی زەقە، شوێنێک وەک پۆلس بوو ناتوانێت وەک یۆتۆپیا بێت، کە یۆتۆپیاش بوو ناتوانێت وەک پۆلس بێت.  پۆلس نمونەی دابەشبوونی چینایەتی و ڕیزبەندی مافە، یۆتۆپیاش شوێنێکە دەشێت جێگای یەکسانی و وەک یەکی بێت.

لەم دوو ڕەهەندەش بترازێت، ئەم بۆچوونە پارادۆکسێکی سەیر و سەمەرەی تریشی تێدایە، لە کاتێکدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە کوبانی نوێیە، کەچی دەیشوبهێنێت بە کۆنترین فۆرم لە فۆرمەکانی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی، کە پولسی یونانییە. لە ڕاستیدا شوبهاندنی کوبانی بە پۆلس لە جەوهەردا هیچ نییە جگە لە داپۆشین و دەمامکدانان لەسەر رەهەندە نوێکەی ئەو چرکەساتە، کە بە بڕوای چرکەساتێکی تایبەتییە و مانایەکی سەمبولی هەیە و نرخی تەنیا لەو جێگایەدا دەردەکەوێت کە  ئاسان بە شتەکانی تر نەشوبهێنرێتەوە  و نەخرێتەوە ژێر سایەی هێز و ئایدۆلۆژیا تەقلیدییەکان کە دەیانەوێت خوێنی کوبانی بکەنە ژێر درەختی سیسی خۆیان.


ئایا کوبانی ناسیونالیزمە

با وەک سەرەتا کوبانی بە ناسیونالیزمی کوردییەوە ببەستینەوە. واتە وەک ئەو نوسەرە ئازیزانە دەڵێین بڵێین «کوبانی زادەی ناسیونالیزمە»، ئەم تێزەیە قەبووڵبکەین. بەڵام قەبووڵکردن لە فیکردا مەرجی دیاریکراو و ژێر خانی تیوری و مێژوویی پێویستە. هەندێک لە نوسەرانی کورد بەردەوام باس لە گەڕانەوە دەکەن بۆ کۆنتێکستی مێژوویی، کەچی مرۆڤ هیچ کات نابینێت بگەڕێنەوە بۆ ئەم ناوکۆییە. ئەم ڕستەیە هیچ نییە جگە لە ڕستەیەکی مردوو لە نێوان دێڕەکاندا کە هیچ کات نەبۆتە تێزەیەکی تەتبیقی، قسەیەکی فڕێدراوە، بۆ ئەوەی خوێنەر ئەو هەستەی لادروست بێت کە کەسی نوسەر گەڕاوەتەوە بۆ مێژوو، بێئەوەی نە دوور و نە نزیک گەڕابێتەوە بۆ مێژوو. گەر بڵێین کوبانی زادەی ناسیونالیزمە، واتە زادەی ناسیونالیزمی کوردییە وە بشڵێین کوبانی دەبێت لە ناوکۆیی و کۆنتێکستی مێژوویی خۆیدا وەربگرین و ئەبستراکتی نەکەینەوە « کە تێزەیەکە من کێشەیەکم لەگەڵیدا نییە » ئەوا مانای کوبانی دەبێت لە سیاقی ناسیونالیزمی کوردیدا بخوێنینەوە. مێژووی ناسیونالیزمی کوردی بەدرێژایی چالاکبوونی و بەتایبەت لە پەنجا ساڵی ڕابوردوودا، مێژووی شکست بووە، مێژووی پارچە پارچە بوون و پەشیمانبوونەوەی بەردەوام و هەرەس و ئیفلیجی سەمبولەکان بووە، مۆرکی سەرەکی ئەم ناسیونالیزمە قەیرانی ئیرادەگەریی بووە. جگە لە کۆمەڵێک خۆپیشاندان و کەرنەفاڵی نمایشی ئەم ناسیونالیزمە نەیتوانیوە بچوکترین یەکێتی بخاتە ناو نەتەوەوە، نەیتوانیوە ئەکتی هاوبەشی کاریگەر دروستبکات، نەیتوانیوە دوو ناوچە لە یەکدی نزیک بکاتەوە، لە کوێدا ئەگەرێکی دابەشبوون بووبێت ئەو هاتووە و قووڵی کردۆتەوە، بزاوتێک بووە بێ فیکر و بێ ستراتیژ، بێ لایەنی کەمی هاوکاریی و ئیشی پێکەوەیی، لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکانی سەری هەمیشە بێئەندازە کوشندە و جیدی بوون، بەڵام ئەو نەیتوانییەوە لە کردار نمایشییەوە بگوازێتەوە بۆ ئەکتی کارا لەسەر ڕووداوەکان، ناسیونالیزمێکی پەرچەکردارانە بووە کە ئیشی ئەوە بووە کارەسات بێت و بەرماڵی پێبگرێت و یەخەی بگرێت و لە دوای ئەوە ئیش و بەرنامەی خۆی دابڕێژێت. ئەم قەیرانەی ناسیونالیزمی کوردییە لە پەیوەندی پارچەکانی کوردستاندا و سەرهەڵدانی ڕۆحێکی ڕیگیۆنالیستی تونددا دەردەکەوێتەوە، لە ماوەیەکی کورت لەوەوبەر و لە شەڕی هەموو بەرەکانی داعشدا، لە شەنگاڵەوە بۆ جەلاولا بەرەکان نیشانەی پارچەپارچەبوون و بێشیرازەیی و ونبوونی ڕۆحی ناسیونالیزم بوون. ماوەیەکی زۆر نییە لەوەوبەر  کە فاشیستێکی وەک ئۆردوگان بەدەنگی زۆرینەیەکی بەرچاوی کورد بووە سەرۆک کۆمار بەجۆرێک لە هەندێک لە سەنتەرە کوردییەکاندا ئۆردوگان نەوەک دەنگی زۆری هێنا، بەڵکو پێش کاراکتەرێکی سیاسی سەرنجڕاکێشی وەک دەمیرتاش کەوتەوە. کە ئەم دەرەنجامگیرییە بەڵگەی نەبوونی ئەو ناسیونالیزمە کارا و چالاکەیە بشێت لەم ساتەدا جیاواز لە مێژووی پێشووی خۆی موعجیزەیەکی نوێی پێبێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ناسیونالیزمێک کە لە مێژووی ڕاستەقینەی کۆن و نوێیدا جگە لە نوشوستی گەورە، سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمارنەکردوە، چۆن لە ناکاو، لە هەموو پێستی مێژوویی خۆی ، لە ڕەنگی خۆی، لە ژێرخانە سیاسی و ڕۆحییەکەی جیابووەوە و بوو بە خولقێنەری یۆتۆپیا و ئەفسانە و چێنەری ئازادی و یەکسانی و نەهێڵەری جیاوازی جەندەر و جیاوازی چینایەتی. واتە لە ناکاو ئەم ناسیونالیزمە شکستخواردوە بێبەرهەمە، وەک دەرمانێکی سیحراوی خواردبێت لە پڕێکدا هەموو ئەو خەونانەی مرۆڤایەتی لە مێژووی درێژی خۆیدا نەیهێناوەتە دی، لە نەمانی جێندەر و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەیهێنێتە دی و بەرجەستەیان دەکات? لە کوێش لە کۆبانی، لە شارێکی گەمارۆدراو بە فاشیستیترین ماشێنی ئەم سەردەمە، لە شارێکدا هەموو داوا لە جیهان دەکەین بچێتە دەنگیانەوە و لە جینۆساید و قڕانێکی چاوەڕوانکراو بیانپارێزێت. لە ڕاستیدا ئەم نەغمە کەرنەفالییە نەغمەی کوبانی خۆی نییە، بەڵکو نەغمەیەکی ئایدۆلۆژیانەی ناسیونالیزمە، کە لە دوورەوە، لە ڕێگای دەنگی هەندێک نوسەر و هەندێک گروپی پۆپۆلیستی ناو میدیاکانەوە، دەیەوێت لەسەر حسابی خوێن و لاشە و ئازایەتی و قوربانی پاڵەوانەکانی ئەوێ سیستمی ڕەمزی خۆی زیندووبکاتەوە. هەڵبەت خەڵکی کوبانی وەک هەر ئادەمیزادێک کە لە سەرەتای بوونەوە لەم سەر ئەستێرەیە دەژی، شار و زێد و زمان و خەڵکی خۆیان خۆشدەوێت، بەڵام تێکەڵکردنی ئەم خۆشەویستییە بە ناسیونالیزم دۆخێکی کۆمیدی دروستدەکات، وەک ئەوە وایە بڵێین مرۆڤ لە سەرەتای خەلیقەتەوە ناسیونالیزم بووە. ئەم تێزەیە بە بڕوای من هێند لە دەرەوەی کۆنتێکستی مێژوویی خودی ناسیونالیزم قسەدەکات، کەم و زۆر ئەو کۆنتێکستەی ڕەچاو نەکردوە و نەیخستۆتە بەر دیدی خۆی. کوبانی نەوەک زادەی ناسیونالیزم نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی دروستە، کوبانی زادەی نوشوستی ناسیونالیزمە. کوبانی زادەی تەنیا مانەوەی شارێکە، زادەی پچڕانی کۆمەڵێک قوربانییە لە جەستەی گشتی، زادەی هەلاهەلابوونی زەوی و کەرتکەرتبوونی نیشتیمانێکە کە ناسیونالیزمەکەی بەدرێژایی سەدەیەکە نەیتوانیوە نە پارچەکانی لە یەک نزیکبکاتەوە، نە نەخشەی ستراتیژی بۆ پاراستن و پێکەوە لکاندن هەبێت. بە کورتی ئەوە لاوازی و هەرەس و بێتوانایی ناسیونالیزمی کوردییە کە بە درێژایی مێژوو ئەو زەمینەیە سازدەکات کوردستان بکرێتە سەر کۆمەڵێک کانتۆنی دابڕاو کە قابیلی گەمارۆدان و لێدان و قڕانکردن بن.

بەڵام گەر لەو ڕاستییە مێژووییە زەقانەش بگوزەرێین کە وایکردوە هەزاران مرۆڤ لە شارێکی گەمارۆدراودا تەنیا بمێننەوە و ناچاربن لەوێدا شەڕی مان و نەمان بکەن، ئەوا پرسیارێکی سادە و گرنگی دیکە دێتە بەردەممان کە دڵنیام وەڵامەکەی جارێکی تر لەخزمەتی ئەو تێزەیەدا نییە، کە بڵێین «کوبانی زادەی ناسیونالیزمە». پرسیارەکە ئەوەیە زادەکانی ناسیونالیزم لە کوێدا دەپێورێین? کامە جێگا شانۆی ڕاستەقینەی بزاوت و بەرهەم و چالاکییە گەورەکانی ناسیونالیزمە، گەر ناسیونالیزم ئەم وزە  داهێنەرە گەورەیەی پێیە، گەر ئەم توانا لە بن نەهاتووەی بەرگری هەڵگرتووە، چۆنە ئەم وزەیە لە هەموو سەنتەرە گەورەکانی چالاکی سیاسی و ئابووریی کوردستاندا غائیبە? چۆنە ئەم هێزە یوتوپییە کە بە عەسایەکی سیحراوی جیاوازی ژێندەر و نەتەوە و چینایەتی هەڵگرتووە، هەموو مرۆڤەکانی یەکسانکردۆتەوە و کردونی بە مرۆڤی تازە لە چەند کیلۆمەترێک لەولاوە «بۆ نمونە لە قامیشلو یان عفرین ، یان حەسەکە» غائیبە? چۆنە ئەم ڕۆحە یوتوپییە لە سەنتەرە سەرەکییەکانی ناسیونالیزمی کوردی خۆیدا، لە مەهاباد و سلێمانی و هەولێر و سنە و دیاربەکر نابینرێت و تەنیا   لە شارێکی گەمارۆداروی ژێر شمشێردا دروستبووە. ئاخۆ ئەمە «یۆتۆپیای سەردەمی تاعوونە»، واتە جۆرە یۆتۆپیایەکە بەس لە گەمارۆی داعش و تاعوونەکەیدا دروستدەبێت? ئایا ئەمە یۆتۆپیایەکی کاتییە و پابەندی گەمارۆی داعشە یاخود یۆتۆپیایەکە بۆ هەمیشە?. بەڵام ئایا لە بنەڕەتدا یۆتۆپیایەکی کورتخایەن بوونی هەیە کە تەنیا لە ژێر هەلومەرجی جەنگی مان و نەماندا لەدایک بێت? ئەمانە و دەیان پرسیاری تر دەیسەلمێنن کە کوبانی زادەی نوشستێکی مێژووی ناسیونالیزمە، جێهێشتنی ناسیونالیزمە بۆ نەتەوەکەی، بێتوانایی ناسیونالیزمە لەسەر پاراستنی خاک و خەڵک.   ئەوە نوشوستی و بێباکی ناسیونالیزمە کە کوبانی گەیاندە ئەو جێگایە بەو شێوە تراژیدییە بکەوێتە تەڵەکانی داعشەوە، ببێت بە قوربانی ئەو گەمە سیاسییە چەپەڵانەی لە باکوور و باشوور لە پێناوی دەستکەوتی بچوکدا بەڕێوەدەچن. ئەوەی لە کوبانی ڕوودەدات یۆتۆپیایەک نییە ناسیونالیزم دروستیکردبێت، بەڵکو تراژیدیایەکە دەموچاوی ڕاستەقینەی ناسیونالیزم، بە ناسیونالیزمی کودی و عەرەبی و تورکییەوە پیشاندەدات.


گەڕانەوە بۆ حکایەتە گەورەکان

هەندێک ڕۆشنبیر هەن هیچ کات ناتوانن خۆیان لە چیرۆکە گەورەکان پاکبکەنەوە، گەرچی ئەدەبیاتیان پر بێت لە ڕەخنەکردنی حیکایەتی گەورە، بەڵام کە دەکەونە تەفسیرکردنی دیاردەیەک ڕاستەوخۆ دەستدەبەنەوە بۆ ئەو تێزە و گووتار و وێنانەی حیکایەتە گەورەکانی وەک ئیسلام یان مارکسیزم یاخود ناسیونالیزم خێرا و ئاسان دەیخاتە بەردەمیان، تا دونیای پێ تەفسیربکەن. زمانی ئەمجۆرە تێزانە هەمیشە زمانێکی سەماکەرە  کەلە نێوان دوو جەمسەردا یاریدەکات و دەیەوێت پێکەوەیان بلکێنێت. ئەمجۆرە تێزانە عەقڵێکی گونجێنەر و کۆنزێنسگەرا دەیانباتە ڕێوە زمانحاڵیان دەڵێت « ڕاستە مارکسیزم کۆمەڵێک دیکتاتۆرییەتی دروستکردوە، بەڵام زۆرجار گەڕانەوە بۆ لینین یان ستالین پێویستە» «ڕاستە ئیسلام و شەریعەت پڕن لە ڕەهەندی توندوتیژیی، بەڵام ئیسلامی دایکیشمان هەیە کە کاری بە توندوتیژییەوە نییە» «ڕاستە ناسیونالیزم هیتلەر و ئەتاتورک و سەدام حوسەینی دروستکردوە، بەڵام لە ناسیونالیزمدا ڕەگەزی باشیش هەیە»، لەدواجاردا وەزیفەی ئەم عەقڵییەتە مکیاژکردن و پینەکردنەوەی ئایدۆلۆژیا گەورەکان و ئامادەکردنەوەیانە بۆ شەڕی داهاتووی ناو ئەو ماترێکسە ئایدۆلۆژییە کە هەمووانی گرتۆتە خۆی. بە بڕوای من ئەمجۆرە عەقڵییەتانە هەموویان یەک شتن و یەک شوناسیان هەیە، ئەمجۆرە زمانەش ئاوێنەی مانەوە و دیلبوونە لە خوڵگەی حیکایەتە گەورەکاندا، پاشماوە و تەپوتۆزی عەقڵییەتی تۆتالیتارە کە ئاسان لە فیکر ناتەکێت و هەندێک نوسەر بێئاگای خۆیان دەکەونەوە ناو داو و تەڵەکانی.  ئەم گەڕانەوەیە لێرەدا دوو هۆی هەیە: یەکەم، داعش کە بە حیکایەتێکی گەورە و شاچیرۆکێکی ڕەشەوە هاتووە، بەجۆرێک لەجۆرەکان زۆربەی نەیارەکانی ناچاردەکات لە ناو هەمان ئاسۆی ئەو و فەلەکی لۆژیکی ئەودا بمێێنەو، واتە ناچاریاندەکات بە حکایەتێکی گەورە وەڵامی حکایەتێکی گەورە بدەنەوە. لێرەدا لە بەردەم فیکرێکدا نین بەرامبەر دیاردەیەک وەستابێت و بیەوێت تێیبگات، بەڵکو لەبەردەم ئایدۆلۆژیایەکداین کە شەڕی سیاسییانەی ئایدۆلۆژیایەکی تر دەکات، حکایەتێکی گەورە کە دەبێت بە حکایەتێکی گەورەی تر وەڵامبدرێتەوە. بە کورتی لەمجۆرە دۆخانەدا یەک لۆژیکی گشتی هەر دوو بەری هاوکێشەکە دەگرێتە ئامێز و یەک سیستمی بیرکردنەوە هەردوولا دەبات بەڕێوە.  بەوەدا داعش حکایەتێکی گەورەی وەک ئیسلامی کردوە بە چیرۆکی خۆی، وەڵامەکەی ئەوەیە بە حکایەتێکی گەورەی وەک ناسیونالیزم یان مارکسیزم یاخود بە ئاوێتەیەک لە هەردووکیان وەڵامی بدەینەوە.

بۆ زۆر لە ڕۆشنبیران ناتوانن لە سێبەری حکایەتە گەورەکان دەرچن? هۆکارەکان زۆر زۆرن کە وەزیفەی ئەم نوسینە نییە دوای هەموویان بکەوێت، بەڵام لێرەدا ئاماژەیەکی خێرا تەنیا بەوە دەدەم کە هۆی نەمردنی حکایەتی گەورە، زیندوێتی و کاریگەریی ئەو هێزەیە کە لاکان بە «شائاماژ  یان دەلالەتی سالار» ناوی دەبات. ئەو تێزەی نیتشە «خودا مرد» کە بەزمانی لاکان مانای «ئەویدی گەورە» مرد، نەگەیشتۆتە جیهانی ئێمە. خودای نیتشەیی تەنیا مەجازێکە بۆ خودا ڕەمزی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ناو ئایدۆلۆژیاکاندا دەبنەوە بە فەرماندەر و بانگهێشتکەرەوەی مرۆڤ. ئالتۆسێر لە هەر کەس ڕوونتر، بانگهێشتی خودا بۆ مرۆڤ و بانگهێشتی ئایدۆلۆژیا بۆ سوبێکت پێکەوەگرێدەداتەوە. حیکاتە گەورەکانی وەک ناسیونالیزم و ئیسلام و مارکسیزم، سەمبولی ئەویدی گەورەن، شائاماژی ناو سیستمن، بانگهێشتە خوداییەکەن لە فۆرمێکی تردا دەرکەوتوونەتەوە، وەسواسی بەرگریکردن لە ئایدۆلۆژیا گەورەکان و سەمبولەکانیان بەشێکی گرنگی ئیشی فەرمانبەرە  ئایدۆلۆژییەکانە. فەرمانبەرانی ئایدۆلۆژیا لە کایەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا، وەزیفەیان پاککردنەوەی ڕێگا و مەکیاژکردنی تێزەکانە، بەرزکردنەوەی ڕەهەندە یۆتۆپی و حەماسییەکان، گۆڕینی ئایدیا کۆنەکان بۆ ئامێری نوێی مژدەبەخش، بۆ هێزی ئامێزانکار کە لە پرۆسەی تێکەڵبوون «ئینتیگرەیشنی» کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵ ببینن، ئەمانە پردی نێوان سیستمی ڕەمزی و سوبێکتەکانن کە ئایدۆلۆژیا سەقفێکی پارێزەریان بۆ دروستدەکات.  بە بڕوای لاکان و « دواتریش ژیژیک، وەک نوێکەرەوەیەکی لاکان»، قسەکردن لە سەر هەڵبژاردنی ئازاد لە ناو سیستمی ئەمڕۆدا سەختە، مرۆڤەکان بە ئارەزووی خۆیان ناچنە ناو سیستمی ڕەمزییەوە، مرۆڤەکان لە بەردەم دوو هەڵبژاردەدان، یان بچنە ناو سیستمی ڕەمزی و بەپێی خواستە کولتووری و  ئەخلاقی و سیاسییەکانی بجوڵێنەوە، یاخود تووشی نەخۆشی دەرونی ببن و بۆ هەمیشە لە دەرەوەی کۆی کایەی کۆمەڵایەتی بژین. بە گشتی ئەوەی زۆجار زۆربەمان بە هەڵبژاردنی ئازادی دەزانین هیچ نییە جگە لە جەبرێکی سەپێنراو بەسەرماندا، زمانحاڵی سیستەمی ڕەمزی و فەرمانبەرانی ئەوەیە کە تۆ بۆت هەیە هەڵبژێرێت، بەڵام دەبێت ئازادانە ئەوە هەڵبژێریت کە من دیاریمکردوە. بە کورتی هیچ کات سوبێکت بواری هەڵبژاردنی ئازادی پێ نابەخشرێت، هێندەی بە هەڵبژاردنێکی ئازادیشی گەیشت، بەخێرایی دەبێت فەرمانبەرە ئایدۆلۆژییەکان ڕاپێچی ناو بازنەی سیستمی ڕەمزی بکەنەوە. هەڵوێست لە کوبانی بەجۆرێکی ئیدیال ئەو ئەکتی ڕاپێچکارکردنە زۆرەملێیە دەردەخات. لە کاتێکدا کوبانی ساتێکی تەقینەوەی وزەی ژیانە بە هەموو مانا نیتشەوییەکەی، جوڵەیەکە لە دەرەوەی کۆنتێکستی ڕەمزی کۆمەڵگای ئێمە، کە کۆنتێکستی قەیران و هەرس و قوربانیبوونی پاسیڤانەیە، هەر خێرا ئەم چرکەساتە دەبێت گەمارۆبدرێت و بخزێنرێتەوە ژیر خانەی ناسیونالیزمی کوردی یان بزوتنەوەی چەپ یان شەڕی دژە تیرۆری ئەمریکی، تا گەر مانایەکی ڕادیکال لە کوبانیدا هەبێت گەمارۆبدرێت و بئاخنرێتەوە  ژێر سایەی تەفسیرە تەقلیدی و فۆرمە ئایدۆلۆژییە باو و قەبووڵکراوەکان. لەم ساتەدایە زمانحاڵی فەرمانبەرانی ئایدۆلۆژیا هاواردەکات « کوبانی ژیانەوەیە، بەڵام ژیانەوەی ناسیونالیزمە » «کوبانی یۆتۆپیایە بەڵام نە یۆتۆپیای خۆی، بەڵکو یۆتۆپیای ناسیونالیزمە» «کوبانی بەرگرییەکی پیرۆزە بەڵام بەرگرییە لە بەهاکانی چەپی جیهانی» «کوبانی وەستانەوەیە دژ بە تیرۆر، بەڵام وەستانەوەیە لە چوارچێوەی جەنگی لیبرالیزمی جیهانیدا دژ بە تیرۆر و بەسەرکردایەتی ئەمریکا».  هەموو ئەم ڕوانینانە هیچ نین جگە لە سەندنەوە و ڕووتکردنەوەی کوبانی لە تایبەتمەندییە ڕادیکالەکەی خۆی، لە مانا ئینسانییە گشتییەکەی کە دژ بە هەر دزینێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەوەستێتەوە.  کوبانی لێرەدا هەمان پارادۆکسی هەڵبژاردنی ژیژیکی دووبارەدەکاتەوە «تۆ ئازادی لە هەڵبژاردندا بەو مەرجەی ئەوە هەڵبژێریت کە من دیاریدەکەم». کوبانی ئازادە لە شوناسی خۆیدا بەو مەرجەی کە ئەو شوناسە بێت کە دەیهێنێتەوە ژێر باڵی ئایدۆلۆژیا ناسراو و باوەکانی دونیای ئێمە. لە عەقڵی فەرمانبەرە ئایدۆلۆژییەکاندا، کوبانی نابێت وەک خاڵێکی نوێ، وەک دابڕان، وەک ئەگەرێک بۆ دووبارەنەکردەوەی سیستم سەیربکرێت، بۆیە هەر خێرا دەبێت بەرزبکرێتەوە هەم بۆ پلەی یۆتۆپیا هەم بۆ زادەی ناسیونالیزم. کوبانی زۆر گرنگە، زۆر مەزنە، نوێیە، یۆتۆپیایە، ئەفسانەسازە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی کە ئەوە بێت ئێمە دەمانەوێت، واتە لە سنووری حیکایەتە گەورەکانی وەک «ناسیونالیزمی باش» «چەپی نوێ» «لیبراڵیزمی دژ بە تیرۆر» دەرنەچێت... واتە نەبێت بە خاڵێک شتێکی لێوە بەرهەمبێت نەچێتەوە سەر ئەم شوناسانە، نەبێت بە پنتی کردنەوەی ئەگەرێکی تر، نەبێت بە گوزارشت لە ئیرادەیەکی ئازاد کە دەتوانێت بەبێ بوونی ئەمجۆرە ناونانەش هەبێت. بە کورتی کوبانی تەنیا بەو مەرجە کوبانییە کە ئەوە بێت پێشوەخت بۆی دیاریکراوە، ناسیونالیست بێت، چەپ بێت، لێبرال بێت، واتە ئەو شتە بێت کە هەر کەس ئیمانی بزربووی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، شکستی شائاماژی خۆی پێ 
داپۆشێت. 

«درێژەی هەیە»