Wednesday 7 August 2013

دڵی تاریکی


بەر لە نزیکی ساڵ و نێوێک لە مەوبەر ڕۆژنامەی «دی ڤێلت» ـی ئەڵمانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فەیلەسوفی فەرەنسی «ئەندریە گلۆکسمان» بڵاوکردەوە. ئەوکات تازە نازییەکان هەندێ هێرشی کوشندەیان لە ئەڵمانیا ئەنجامدابوو، زۆریش نەبوو لە نەرویژ و لەدورگەیەک نزیک ئۆسلۆ گەنجێک هەشتا کەسی کوشتبوو، گەنجێک وەک هەموو فاشیستەکانی تری دونیا بەهانەی ئەخلاقی و سیاسی بۆ کارەکەی خۆی هەبوو، بە ناوی نرخ و بەهای بەرزەوە قسەیدەکرد ... ئەندریاس بێرینگ برایفیگ، شتێتک نەبوو لە شێتخانە ڕایکردبێت، ئایدۆلۆژیستێک بوو، لە هەناوی مێژووی ئەوروپییەوە هاتبووە دەرێ... دۆخێکی سەرپەڕ نەبوو، بەڵکو وێنەیەکی خەوتووی ناو ڕۆحی ئەوروپی بوو، کە ئەوروپا دەیویست لە بیر خۆی بەرێتەوە، وەک نائەگەر و نەشیاو و نەکردە مامەڵەیبکات. گلۆکسمان لەو چاوپێکەوتنەدا پێیوایە ئەوروپا بە دۆخێکی سڕبووندا دەڕوات، ئەوروپییەکان پێیان وایە گەیشتوونەتە کۆتایی مێژوو، هەر کەسێکیش گەیشتبێتە کۆتایی مێژوو ئیدی دوژمنی نییە و لە ناوچەی مەترسی دەرچووە. گلۆکسمان رای وایە ئەوە ئەو چاویلکە گوڵرەنگە ترسناکەیە کە هەم سیاسەت و هەم ئابووری لە ئەوروپا کردویانەتە چاویان، چاویلکەی دڵنیایی، چاویلکەیەکە تاریکییەکانی ناخ نابڕێت، نازانێت دەشێت لە ژێر پێست و ڕوکەشەکاندا چ زوڵمەتێک شاردرابێتەوە. گلۆکسمان باس لە کۆمەڵگای دڵنیایی دەکات کە پێیوایە «ئیتر کارەساتی گەورە»ـی تێدا ڕوونادات... کۆمەڵگایەک چیتر چاو نابڕێتە تاریکی ناو ناخی خۆی. کۆمەڵگایەک پێی وایە بەرێگایەکی عەقلانیدا دەروات و گەرانەوەی بەرەو دوا کاری نەکردەیە. گلۆکسمان ئەم دڵنیاییە درۆزنە ناگێڕێتەوە بۆ فۆکۆیاما و تێزەی کۆتایی مێژوو، بەڵکو بۆ هیگڵ کە ڕای وابوو، شەڕی 1806 کۆتایی هەموو جەنگەکانی مێژووە. «بڕوانە: دی ڤێلت. ژمارەی 2011.12.01 چاوپێکەوتنی ریتشارد هێرتزینگەر لەگەڵ گلۆکسمان»
هەوڵی خۆرئاوا بۆ بینینی تاریکی ناو ناخی خۆی، یەکێکە لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەو کولتوورە. لە رۆمانەکەی کۆنراد «دڵی تاریکی» دا بەر ئەو گەشتە سەمبولییە درێژ و قووڵە دەکەوین، گەشتی مرۆڤی خۆرئاوایی بۆ تاریکییەکانی ناخ. پرسیاری سەرەکی بەدرێژایی رۆمانەکە ئەوەیە، ناخی تاریکی چی تێدایە. لەگەڵ تێپەڕینی هەرچی زیاتری کەشتییەکەی مارلۆدا بە ناو تاریکیدا، هەستدەکەین گەشتی ئەم کەشتییە هیچ نییە جگە لە گەشتی مرۆڤ بۆ زوڵمەتی ناخی خۆی یان لە ڕاستیدا بۆ تاریکییەکانی شارستانییەتی مرۆڤی سپی پێستی ئەوروپی. کۆنراد لە قووڵایی جەنگەڵەکانی کۆنگۆدا، ئەو ڕاستییە دەبینێت کە ناو ناخی شارستانییەتی ئەوروپی، ئارەزوویەکی گەورەی بۆ دەسەڵات تێدایە و دەتوانێت ئەم ئارەزووەش تا شوێنی زۆر ترسناک ڕابکێشێت. کۆرتیز لە ڕۆمانەکەدا نوێنەری ئەو ڕۆحە ئەوروپیەیە کە هێشتا هەموو لاوازییەکانی مرۆڤی تێدایە، بەڵام لەدەرەوەی دیوارەکانی ئەوروپا، لەو جێگایەدا کە دەستی بە کەرەستەکانی دەسەڵات دەگات، دەتوانێت خۆی بۆ پلەی خوداوەندەکان بەرزبکاتەوە. کۆنراد لەسەرەتای سەدەی بیستدا ڕۆمانەکەی بڵاودەکاتەوە، بەڵام گەشتەکەی کۆنراد گەشتێکی پێشوەختە، زۆر پێش وەخت بە ناخی تاریکی سەدەی بیست و دێوەزەمەکانیدا، سەفەرێکی سەمبولییە بە مێژوودا، بەر لەوەی مێژوو خۆی تێبگات بەرەو کوێ دەچێت... ئیشی نوسەران هەمیشە ئەوەبووە قووڵایی تاریکی ببینن و بزانن لەویادا چی دەگوزەرێت. کۆرتێز نمونەی ئەو ڕۆحەیە کە دواتر ئەوروپا لە خوێن و خەتا هەڵدەکێشێت.
زۆر پێش جۆزێف کۆنراد ئەو هەستە بە سەرهەڵدانی هێزێکی تاریک و کوێر لای گۆتە دەبینین. لە فەسڵی کۆتایی کتێبەکەیدا «شیعر و حەقیقەت» گۆتە شتێک لەسەر «هێزێکی ئەهریمەنی» دەنوسێت، هێزێک کە هەیە، بەڵام هەندێجار لە مرۆڤێکدا کۆدەبێتەوە. دەنوسێت «بەڵام ترسناکترین دەرکەوتەی ئەم هێزە ئەهریمەنییە ئەوەیە، کاتێ بە بڕێکی زۆر لە مرۆڤێکدا دەردەکەوێتەوە، بەدرێژایی ژیانم هەم لە نزیک و هەم لە دوور سەرنجم لە بەشی جۆراوجۆری ئەو هێزە داوە، ئەو کەسە مەرج نییە کەسێکی تایبەت بێت لە رۆح و توانادا، کەمجار لە رێگای دڵنەرمییەوە خۆی دەناسێنێت، بەڵام هێزێکی بێ قەوارە گەورە نیشاندەداتەوە، توندوتیژییەکی سەرسوهێن بەرامبەر هەموو بوونەوەران پیادەدەکات، بەرامبەر مەتریاڵەکانیش ئەو توندییە بەکاردەهێنێت. وەکێش هەیە بزانێت ئەو کاریگەرییە دەشێت بگاتە کوێ و تا کوێ دەروات? هەموو هێزە تەقلیدییە گەورەکان ناتوانن بەری پێ بگرن، بێهودە گەر هەموو بەشە روناکەکەی ئینسانییەت، بیەوێت گومانی لێ بکات و بە ساختەکار و دەستبڕ بیسەلمێنن، زۆرینەی خەڵک بەرەو ڕووی دەڕۆن و شیفتەی دەبن ... ئەوانە بە هیچ شتێک نابەزێنرێن، مەگەر بە گەردون خۆی، کە ئەوان جەنگیان لە دژی راگەیاندوە». « بڕوانە رودیگەر زافرانسکی. خراپە یان درامای ئازادی. فیشەر فێرلاگ. فرانکفۆرت. چاپی نۆ. 2011. ل267». وەک ئەوەی گۆتە لێرەدا باس لەو پاڵەوانە تاریکەی کۆنراد بکات، ئەوەی لە ناخی جەنگەڵەکانی ئەفریقادا خۆی دەکاتە خودایەک بەسەر ڕەش پێستەکانەوە و دەیانگۆڕێت بۆ کەرەستەی کۆکردنەوەی دەسەڵات و سامان. بەڵام زافرانسکی ئەم پەرەگرافەی گۆتە گرێدەداتەوە بە پێشبینی دەرکەوتنی هیتلەرەوە، پێشبینکردنی ئەو هێزە تاریکەی کە ملیۆنەها مرۆڤ وەک ئەوەی مەست بن دوای دەکەون، کوێردەبن لە بینینیدا، وایان لێدێت جیهانە بچوک و گووتارە تەسک و کینە منداڵانەکانی خۆیان دەکەنە قوربانی بینینی ئەو هێزە جانەوەرئاسا و شەرانگێزەی لە ناوەوە پەپکەدەخوات.
ئەوەی جێگای سەرنجە زۆر لە عەقڵە گەورەکانیش، گەرچی ئەو هێزە تاریکە لە بەر لووتیاندایە، بەڵام چاویان وەها لەسەر هەندێ پنت و هەندێک چەمک گیردەکەن هیچ کات ناتوانن مەترسییە گەورەکان وەک خۆی ببینن. ئەدۆرنۆ لە ساڵی 1933 دا لە کاتێکدا نازییەت خەریکە دەستدەکاتە جەنگ و قڕانکردن و کاولکارییەکانی، نامەیەک بۆ زیگفرید کراکاوەر دەنێرێت بۆ پاریس و داوای لێدەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا «هەموو شتێک ئاسایی و ڕێکە، ئارامی تەواو باڵادەستە، لەو بڕوایەدام پەیوەندییەکان هەموو خۆیان دەگرنەوە». دوای ماوەیەک لەوەش گەرچی گەردەلوولی نازییەت لە بەردەمیدایە، هەر لەو بڕوایەدایە نازییەکان ناتوانن بەردەوام بن «بڕوانە : ئارێنت و ئەدۆرنۆ. سورکامپ. فرانکفۆرت. 2003. ل 37.». ئەمجۆرە گەشبینییە بەشێکە لەدیاردەکانی هەموو کارەساتێک، لێرەوە کارەساتی گەشبینەکان ئەوە نییە ناتوانن پۆستاڵە ترسناکەکانی کارەسات و توندڕەویی و دڕندەیی ناو ناخی مێژوو و کۆمەڵگا ببینن، بەڵکو تەواوی هەستی دەستەجەمعیش سڕدەکەن و ناهێڵن ئەو هەستانە ببینرێن. باسکال دەڵێت «هەمیشە چەندە ڕوناکی هەیە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببینن، ئەوەندەش تاریکی هەیە بۆ ئەوەی نایەوێت ببینێت». بەڵام وەزیفەی نوسەران و ڕۆشنبیران هەردەم ئاگادارکردنەوە بووە لەو تاریکییە، وێناکردنی بووە. فرۆید ئەم تاریکاییە بەجەوهەری ئینسان خۆی دەزانێت، شتە ترسناک و ڕامنەکراوەکان هەموو خراونەتە ژوورێکی تاریکەوە کە ناوی نەستە، هێزی گەورەی نەست لە ناخی مرۆڤدا جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو هێزە ترسناکە نییە کە گۆتە لە ناو مێژوودا باسیدەکات.
ساڵانێکی زۆر لە خۆمم دەپرسی نهێنی تێکستێکی وەک هاری پۆتەر چییە کە ملیۆنەها خوێنەری سادە ڕادەکێشێت. ئایا تەنیا ڕۆمانێکی فەنتازیی خۆشە کە لەگەڵ زەوقی خەڵکی سادە و ئەدەب نەناسدا دەگونجێت، یان نهێنێکی سایکۆلۆژی قووڵتر لە پشت تێکستەکەوەیە. بەڵام هێندەی واز لە فیلمە منداڵانەکان دەهێنیت و دەستدەکەیت بە خوێندنەوەی کتێبەکەی جوانا ڕۆلینگ. دەگەیتە ئەو جێگایەی هاگرید دەیەوێت باسی مردنی دایک و باوکی هاری بگێڕێتەوە، بەشی هەرە زۆری نهێنی ڕۆمانەکە ئاشکرادەبێت، یان لایەنیکەم ئەو بەشەی ئاشکرادەبێت کە بۆ هاری پۆتەر وەک کتێبێکی سەرنجڕاکێش و ئەفسانەیەکی کاریگەریی سەردەمی ئێمە دەمێنێتەوە. لە بەرئەوەی بە ڕوونی باس لە هاتن و نەهاتن، دەرکەوتن و ونبوونی ئەو هێزە تاریکە دەکات. کتێبەکە پێچەوانەی ڕۆحی ئەو دڵنیاییە درۆزنەیە کە گلۆکسمان لەسەرەوە باسیدەکات. ڕۆحێکی دڵنیایی کە فیلمەکانی کارەسات و قیامەت و ئەپۆکالیپسی «کۆتایی دونیا» لە هۆلیۆد، لە هەستێکی سیاسی و مێژووییەوە گۆڕیویانە بۆ هەستێکی فەنتازیی میتافیزیکی بێناوەڕۆک. لەو ساتەدا کە هاگرید دەیەوێت ناوی فۆلدەمۆرت بهێنێ ناتوانێت ئاسان ناوی بهێنێت ... فۆلدەمۆرت لێرەدا ئەو ریالە لاکانییەیە، ئەو تاریکییە رەهایەیە کە سەمبولیزە ناکرێت، ناوهێنانیش سەمبولیزەکردنە، ژیان بەبەرداکردنە، زیندووکردنەوەیە. بۆیە بەدرێژایی ڕۆمانەکە تابۆیەک لەسەر ناوهێنانی فۆلدەمۆرت هەیە. وەسفی هاگرێد بۆ فۆلدەمۆرت، نزیکە لە وەسفی ئەو بوونەوەرە تاریکەوە کە گۆتە باسیدەکات، فۆلدەمۆرت یش لە تاریکاییەکی نادیاردا نوقمبووە، هەموو دەزانن کە هێزێکی ئەفسوناویی هەیە، دەتوانێت بێشومار وەفادار و لایەنگر لەخۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لە ناکاو ونبووە، کەسانێک پێیانوایە مردوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، کەسانێکیش پێیان وایە لەدەرەوەیە، دەشێت لە هەر جێگایەکدا بێت، هەندێک باوەریان وایە هێزی نەماوە و جارێکی تر سەرناکەوێتەوە، هەندێکیش بروایان وایە کە چاوەروانی دەرفەتێکی گونجاوە دەربکەوێتەوە. «بروانە: جوانا رۆلینگ. هاری پۆتەر و بەردی حەکیمان. کارلسن. هامبورگ. 2000. ل.66».
سیحری ئەو هێزە تاریکە، دوودڵی لەدەرکەوتنی یان دەرنەکەوتنی، بەشێکی گرنگی ئەو ئەفسونەیە کە ئەم ڕۆمانە بەدرێژایی ئەو هەموو بەشە لەسەر خەیاڵ و فەنتازیا و ترس و خەونەکانی گەنجان جێیهێشت.
دونیای ئێمەش پڕە لەو هێزە تاریکانەی کە لە ناوەوە ئیشدەکەن، لەو هێزە تاریکانەی کە گلۆکسمان و کۆنراد و گۆتە و ڕۆلینگ و دەیانی تر لە بوونی ئاگادارماندەکەنەوە «کاری نوسەران چی بووە جگە لەوەی پێش هاتنی گەردەلوولە ڕەشەکان هاواربکەن». ئەمڕۆ کە فاشییەت لە تەواوی خۆرهەڵات و جیهانی دەوروبەرماندا تا دێت دەستی خوێناویتر دەبێت، ڕۆژانە سەدان مرۆڤ دەبن بە قوربانی هێزگەلێکی تاریک کە جڵەویان بەربووە و ناگیرێنەوە، دەبێت مۆراڵ و ویژدانی ئەوانە لە کوێ بێت، کە لە بری ئەوەی هەمووان لە زریانە تاریکەکان ئاگاداربکەنەوە، خەریکی مەکیاجکردن و داپۆشین و دەمامکسازیین ... بۆ دونیایەک تا دێت بە هەنگاوی گەورە گەورە بەرەو بەتاڵی و بێباکی و نمایش و وێرانەیی ڕۆح و هەست هەنگاودەنێت.

Tuesday 6 August 2013

بەشێک لە نوسینێک بە ناونیشانی - ئێستا ژیان نیشتیمانمە



نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت « مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانی بێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس دروست نییە... بە بڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵبدات ناتوانێت بمرێت. کورتکردنەوە و وەسفکردنی شێرکۆ لە کارە سەختەکانە. من رستەیەک شک نابەم لەوەسفیدا باسیبکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگدەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر روناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بە دڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی تر و ڕەنگە تا دوا کورد لە سەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت. مردنی کتوپڕ نەبوو، لەو جێگایەدا هات کە دەبوو بێت، وەک خۆی، وەک رووداوێک، وەک شتێک دوای خۆی رەنگی دونیا دەگۆڕێت... مردنی وەک شتێک دێت کە پێشتر زۆر بیری لێکرابێتەوە، وەک پلانی بۆ کێشرابێت، وەک ساتێک بێت، لە مێژە خۆی بزانێت لە کوێدایە و کەی دێت. مردن هەمیشە بەشێکی گرنگی جیهانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بە شاعیرانی ژیان ناویان بەرین. زۆر لەسەر مردوەکانی نوسیوە، نا بۆ ئەوەی مردنیان بگێڕێتەوە، بەڵکو بۆئەوەی زیندوویانبکاتەوە... نوسین لای شێرکۆ، پرۆسەی ژیان بە بەرداکردن بووە. نوسین لای ئەو بە دروستکردنی ژیانەوە گرێدراوە. سەردەمی شێرکۆ، بەمڕۆشەوە سەردەمی مردن و کارەساتە گەورەکان بوو. بەرامبەر بە دەسەڵاتی ڕەهای مەرگ، شیعری شێرکۆ سەمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بە ژیانی ڕەها، بە ژیانێک کە دەکرێت بە بەری هەموو مردوەکاندا، بە بەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێ نرخبوونی مرۆڤ، شیعری شێرکۆ گۆرانییەکی بەردەوام و ستایشکردنێکی بێوچانی جوانییەکانی مرۆڤە. هەموو شتێک لە شیعری شێرکۆدا دەژی و وەک مرۆڤ دەنوێنێت. نیشتیمانی شێرکۆ، نیشتیمان نییە بە مانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لە شیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاواردەکەن، دەترسن و دەژین و بۆ مانا دەگەڕێن . «گۆران» یش وەک شێرکۆ عاشقی ژیان بوو، بەڵام گۆران کوڕی ڕۆژگاری کارەساتە گەورەکان نەبوو... گرنگی شێرکۆ لەوەدایە لە ناوەراستی هەموو گەردەلوول و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات، ئەو تەنیا وابەستەی زیندوێتی خۆی نییە، بەڵکو وابەستەی لادان و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆدەدات، شیعری ئەو هیچ نییە جگە لە بەربوونی وزەی ناکۆتای ژیان لە زیندانە گەورەکانی خۆی. شێرکۆ لە سیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان و شتە بچوکەکانیش بوو، هیچ کات لە زمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لە سەفەرێکی بێوچان و قووڵ و پڕ لە سەرسامی بە ناو شتەکان و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا. یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بە شیعر... لە هەر شت سەختتر و گرنگتر بۆ من، هێزی شێرکۆ بوو لەسەر گۆڕینی سیاسەت بۆ شیعر. سیاسەت لای شێرکۆ بەشێک بوو لە دونیابینییە شیعرییەکەی، هیچ کات بە چاوی سیاسی سەیری شیعری نەدەکرد، بەڵکو هەمیشە بە چاوی شاعیر سەیری سیاسەتی دەکرد... هیچ کات هەستم نەکردوە، لەوە بپرسێت خەڵک لەسەر خۆی، لەسەر هەڵوێستی، لەسەر بڕواکانی چی دەڵێن، بەڵام هەمیشە دوودڵی ئەوەبوو لەسەر شیعری چی دەگووترێت. نە پێش ئەو و نە دوای ئەو کەسێکمان نییە بەوجۆرە دیلی شیعر بووبێت. شێرکۆ شاعیر نەبوو، بەڵکو کارخانەیەکی گەورە و سەرسوڕهێنەری شیعر بوو. هێزێکی بێوێنەی هەبوو، شیعر لە هەموو فۆرم و شێوە و ئەگەرەکانیدا تاقیبکاتەوە، شیعر تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مەحاڵ ڕابکێشێت، هەمان بیرۆکە و هەمان ئايدیا لە سەدان وێنەی جیاوازدا دابڕێژێت. ئەو هەمیشە لێرەیە... لەو مرۆڤانەیە کە تەنیا لەدایکدەبێت، مردنی هیچ نییە جگە لە میتافۆرێکی شیعری، لە مەجازێک کە هیچ کات ناتوانین وەک حەقیقەت وەریبگرین... لەگەڵ شێرکۆدا مردن هیچ کات ناتوانێت وەزیفەی تەواوەتی خۆی تەواوبکات، ئەو وەک هەموو نوسەرە گەورەکان یەک لەشی نییە، بەڵکو زیاد لە لەشێکی هەیە، مردن تەنیا دەتوانێت فۆرمێکی جەستەی بسڕێتەوە، بەڵام فۆرمەکانی تری هەمیشە لێرەن ... ئەو لەو ڕۆحانەیە چەندە مردن لە ڕاڕەوەکانی کات و شوێندا دوای بکەوێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان زیندوودەبێتەوە و سەرهەڵدەداتەوە، ئەو وەک هەموو شاعیرەکان پتر لە سەرابە تا لە گۆشت. ئەوەی شێرکۆی کرد بە کاراکتەرێکی گەورە، ئەو توانا گەورەیەی بوو، هەمیشە لە سەرەتاوە دەست پێبکاتەوە، شیعر لای شێرکۆ ئەزموونێک نییە سەرەتا و کۆتایی هەبێت، بەڵکو هەر خودی ژیانە لە جوڵە ئەبەدییەکەیدا. ڕەنگە هەموو سەرسام بووبین بە توانای لەسەر نەوەستان، لەسەر نوسین، بەڵام خۆی نا، خۆی یەکێکە لەوانەی هەمیشە لە سەرەتاوە دەست پێدەکەنەوە، بۆ ئەو ژیان ئەوە بوو بنوسێت، نەوەک هەناسەبدات. ئەو لەو مردووانەیە کە بەردەوام دەگەڕێنەوە، هەمیشە شتێکی نوێی تێدایە دەبێت بانگیبکەین و بیبینین. ئەو تەنیا مرۆڤێک نەبوو بە هەزاران قەسیدەوە، بەڵکو مرۆڤێکە سەردەمەکانی داهاتوو، ئەو ڕۆژگارانەی کە دێن، هەرگیز تێرنابن لە سەیرکردنی