Thursday 12 December 2013

نوسەرکوژی



ئەم نوسینە نزیکی سێ سال لەمەوبەر نوسراوە، تەنیا بۆ یادهێنانەوە جارێکی تر لێرەدا بڵاویدەکەینەوە

نوسەرکوژی

کوشتنی نوسەران لەسەر تێکست ئەگەرچی لێرەو لەوێ لە مێژوودا دووبارەدەبێتەوە، بەڵام دەبێت  ڕاستگۆبین و بڵێین کە  ئەمە دیاردەیەکی باو و بەربڵاو نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا زۆر دەگمەنە. واتە ژمارەی نوسەرانی ڕەخنەگر لە دونیادا سەدان و هەزاران جار لە ژمارەی ئەو نوسەرانە زۆرترن کە لە سەر تێکست دەکوژرێن یان دەگێرێن. لەم نوسینەمدا نامەوێت ئاوڕ لە کولتووری نوسەرکوشتن لە خۆرئاوادا بدەمەوە، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاستەوخۆ کەسانێک دەنگ بەرزدەکەنەوە و دەڵێن کە خۆرئاوا و خۆرهەڵات بەراورد ناکرێن و ئەمجۆرە بەراوردانە دروست نین و ڕاستی ناپێکن... بۆیە بە ناچاری دەگەڕێمەوە بۆ کولتووری ئەدەبی کۆن و لەسەر ڕوبەری هیجا و ڕوبەری کوشتن لە ڕۆشنبیری عەرەبی و ئیسلامیدا قسەدەکەم و کەمێک خۆمان بە خێڵە عەرەبییە بەدەوییەکانی هەزار ساڵ لەمەوبەر بەراور دەکەم بۆئەوەی ببینم ڕۆحی لێبوردن لای ئێمە یاخود لای ئەوان گەورەتربووە. هەڵبەت هەموو دەزانین کە هیجا یاخود «هەجو» بەشێکی گرنگی ئەدەبیاتی کۆنی خۆرهەڵاتە و هەندێ کاریگەری کەم و کاڵیشی پەڕیوەتەوە بۆ ناو ئەدەبی کوردی وەک لای شێخ ڕەزا دەیبینین. بەڵام هەتا لەسەردەمانێکدا کە دڕندەیی و هەمەجییەت باڵی بەسەر مێژووی خۆرهەڵات و عەرەبدا گرتووە زمانی هەجوکەران لە نەفرەتبارین بەردەوامبووە و نەوەستاوە، بەجۆرێک چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی هەجودا پێماندەڵێت هەجوکردن بەشێکی هەموو قۆناغەکانی ئەدەبی عەرەبییە. لە سەردەمی جاهیلییەتدا حطیئة و الاعشی و حسان بن ثابت و نابغة الذبيانی و چەندانی تریش بەڕاست و چەپدا هەجویانکردوە، لە هەجوی خۆیانەوە بگرە تا دەگاتە هەجوی زۆر لە بنەماڵە وکەسایەتی و خێڵە عەرەبەکان، لەسەردەمی ئیسلامیشدا ئەم کولتوورە بەردەوام بووە. هەجوکردنی حطیئة بۆ ئەبوبەکری سدیق «ساتێک دەکرێتە خەلیفە» بەناوبانگە، لەویادا حطیئة دەڵێت:

فقوموا و لاتعطوا اللئام مقادة ـــ وقوموا و ان کان القیام علی الجمر
اطعنا رسول اللە اذ کان صادقا ـــ فیا عجبا ما بال دین ابی بکر
ایورثنا بکرا اذا مات بعدە ـــ فتلک و بیت اللە قاصمة الظهر

بەڵام حطیئة لەسەر ئەم هیجا توندە نەکوژرا.لەسەردەمی ئەمویدا، زۆربەی خەلیفەکان بەر هەجوی توند دەکەون، بەڵام کولتووری کوشتن لەسەر ڕەخنە و هەجوکردن دەگمەنە و نابینرێت. هەجوی عتبة الاسدي بۆ معاویة و تاوانبارکردنی بەفەساد و دزی و ماڵی خەڵک خواردن بە ناوبانگە، کە دەڵێت

معاوی اننا بشر فاسجج   ـــ فلسنا بالجبال و لا الحدید
اکلتم ارضنا و جذذتمونا ـــ فهل من قائم او من حصيد

بەڵام ڕەخنەگرتن تەنیا لە ئاستی خەلیفەکاندا نەوەستاوە، یەکێکی وەک ئەبوعەلای مەعەری هەجوی دیانەتەکان و پێغەمبەرانیشی کردوە. بە جۆرێک لە کولتووری بەدەوییە دێرینەکاندا هیچ شتێک نەبووە بەر هەجو نەکەوێت، بەڵام بە دەگمەن هیجا بۆتە هۆی کوشتن و مەگەر کەسی هەجوکراو زۆر دڵرەق و دڕندەبووبێت، وەک لە حاڵەتی کوشتنی موتەنەبیدا دەیبینین. موتەنەبی یەکێکە لەو شاعیرە گەورە و دەگمەنانەی مێژوو کە لەسەر هیجا دەکوژرێت، بەڵام هۆی کوشتنەکەی ناگەڕێتەوە بۆ هەجوی ئەمیر و پادشاكان، بەڵكو موتەنەبي بەدەستي كۆمەڵێک دز و چەتە و رێگر دەکوژرێت. ئەوەی کە ئیجماعێکی گەورەی لەسەرە ئەوەیە کە بکوژی موتەنەبی کەسێکە بە ناوی فاتک الاسدي، هۆکەشی شیعرێکی هیجایە کە موتەنەبی لە خوشکی فاتکدا کە بە دایکی ضبة ناسراوە گووتووێتی. سەرەتاکەی دەڵێت

ما انصف القوم ضبة  وأمه الطرطبة
وإنما قلتُ ما قلـ      تُ رحمةً لا محبهْ

قەسیدەکە درێژترە و سەرلەبەری جنێوی ناشیرینە، بەجۆرێک زۆر لە مێژوونوسانی ئەدەب نایخەنە کتێبەکانیانەوە بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، ئەوەیە ئەم قەسیدەیە لە خراپترین و لاوازترین شیعرەکانی موتەنەبییە. هەندێک دەڵێن کە ناکرێت و ناشێت ئەمە تێکستی موتەنەبی بێت، بەڵکو ئەمە بە ناوی موتەنەبییەوە نوسراوە بۆئەوەی فاتک بکەنە دوژمنی، ئەوەی لە کۆی چیرۆکەکەشدا زۆر تراژیدییە ئەوەیە  شاعیرێکی وا گەورە لەسەر لاوازترین و کرچ و کاڵترین تێکستی بکوژرێت. دیارە هەندێکی دی دەڵێن کە ضبة پیاوێکی دز و قاسیق و دڕندەدەبێت کە حیساب بۆ ماڵ و ناموسی کەس ناکات و هەتا جارێک خۆی و چەتەکانی پەلاماری مەرقەدی ئیمام حوسەینیش دەدەن، هەرجارێکیش کە هەڵدێت خۆی لە جێگایەک دەشارێتەوە کە بە «حصن الإخیضر» بەناوبانگە و شوێنەکە ئێستاش ماوە. جارێک لەوجارانە موتەنەبی لەگەڵ ئەوانەدا دەبێت کەدەچن بۆ شەڕی «ضبة»، ئەویش کەدەزانی موتەنەبی لە ڕیزی شەڕکەراندایە لە سەر قەڵاکەوە دەکەوێتە جنێودان بە موتەنەبی و گاڵتەکردن بە خۆی و بەشیعری، هێرشبەران داوا لە موتەنەبی دەکەن وەڵامیبداتەوە، بەڵام موتەنەبی دەڵێت «ئەمە کێییە تا من بیخەمە شیعری خۆمەوە ... وەزیرێکی وەک مهلبی تامرد ئاواتی دەخواست من هەجویبکەم نەمکرد». بۆیە دەگووترێت موتەنەبی دواتر بەو قەسیدە کرچ و کاڵ و شاش و ناشیرینە هەجوی ضبةی کردوە تا شیعرەکە هەڵنەگیرێت و نەمێنێتەوە، چونکە دڵنیابووە هەجوی هەر کەس بکات دەچێتە مێژووەوە.

ئیدی موتەنەبی کە لە شیرازەوە بۆ کوفە دەگەڕێتەوە ، دەکەوێتە بۆسەی فاتکەوە و لەویادا دەکوژرێت. لەم نێوەدا دەبێت بڵێین کە أبي نصر الجبلي وای گێڕاوەتەوە کە فاتک لە کاتێکدا بەردەوام هەواڵ و دەنگوباسی موتەنەبی لەم و ئەو سۆراغکردوە، چۆتە لای ئەو و نیازی خۆی بۆئاشکراکردوە، ابي نصر پێیگووتووە کاری وامەکە، چونکە چ لە جاهلییەت و چ لە ئیسلامدا شاعیران هەجوی هەموو خەلیفە و ئەمیرێکیان کردوە و کەس نەیبیستووە تا ئێستا شاعیرێک لەسەر هەجو کوژرابێت. بۆیە زۆر لە باسکاران ڕایان وایە کە موتەنەبی بە ڕاستی لەسەر قەسیدەکە نەکوژراوە، بەڵکو لەسەر ئەو زێڕ و دیاری و خەڵاتانە کوژراوە کە بەردەوام لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتوون و چەتەیەکی وەک فاتک چاوی لەسەریان بووە. گەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا دەکرێت بڵێین موتەنەبیش ڕاستەوخۆ لەسەر هەجوەکەی نەکوژراوە.

زۆر بە کورتی گەر بەراوردی هیجای شاعیرانی کۆن و ئەم تێکستانە بکەین کە ئەمڕۆ نوسەرانی کوردی لەسەر دەکوژرێن، بۆمان دەردەکەوێت کە عەقڵییەتی نوسەرکوژەکانی ئێمە، لە خوار ... زۆر لە خوار عەقڵییەتی خێڵە بەدەوییەکانی هەزار ساڵ لەمەوبەری عێراق و دورگەی عەرەبەوەیە. هیچ تێکستێکی نوسەرانی ئێمە یەک لەسەر سەدی هیجای شاعیرێکی کۆنیان تێدا نییە کە لەناو ئەو هەموو شەڕە تیر و شەڕە شیرەدا گیانیان سەلامەت دەرکردوە. کە ئەمە بەراورد دەکەین بە دیاردەی نوسەرکوژیی لە کوردستانی ئازادا «کە دەیەوێت ئەزمونی خۆی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست «تصدیر» بکات»، بۆمان دەردەکەوێت ئێمە لە ناو چ کۆمیدیا و چ زەمانێکی سوریالیدا دەژین... چەند لە دواوەین و لە چ  پێشکەوتنێکی وەهمیدا نوقمین.

تێبینی: زانیارییەکان لەسەر کوشتنی موتەنەبی لە کتێبی اغتیال المتنبي . فیصل الیاسري وە وەرگیراوە.




No comments:

Post a Comment