Saturday 6 July 2013

خۆگێلکردن وەک ستراتیژ - سیروان عەبدول وەک نمونە



بەشی یەکەم

دوای ئەوەی نوسینێکم لەو لاپەڕەدا لە فەیسبوک کە برای ئازیز کاک گەیلان نەژاد دەیباتەڕێوە بڵاوکردەوە. کاک سیروان عەبدول، نوسینێکی لەسەر هەمان نوسین بڵاوکردەوە، بەناونیشانی «کێن ئەوانەی ناهێڵن زوو زوو شۆک بین?». بە پێویستم زانی، بەشێک لە نوسینەکەی و لەو خاڵانەدا کە بە باشی دەزانم، وەڵامبدەمەوە. لە نوسینەکەمدا گەرچی راستەو ڕاست دەمی قسەم لە سیروان عەبدولە، بەڵام وەڵامەکەم بۆ ژمارەیەک لە رۆشنبیرانی دیکەشە کە لەسەر هەمان ئاواز و بە هەمان لۆژیک و عەقڵییەت دەخوێنن. گەرچی خودی نوسینەکەی کاک سیروان بەتەنیا وەریبگرین، ڕەنگە شایەنی وەها ماندووبوونێک نەبێت، بەڵام ئەو عەقڵییەتەی لە پشت نوسینەکەوەیە، ئەو مۆدێلە لە رۆشنبیریی قاندراو بە سادییزمی ئایدۆلۆژی کە بکەری ئەمجۆرە نوسینانەن، ئەو دەمامکی دڵسۆزی و وەتەنپەروەرییە ساختەیەی، ئەم شێوانە لە نوسین دەیکەنە سەریان و وەک مارکە دەیدەن لە ناوچاوانی خۆیان، ئەمجۆرە لە داڕشتن کە لە شێواندن و داتاشین و گرێی سایکۆلۆژی و ئایدۆلۆژی چنراوە، هۆکارێکن بێدەنگبوونی هەمیشەیی لێیان، فەرامۆشکردنی بەردەوامیان کارێکی هەڵە بێت... ڕاستە دەرگیریی زۆر لەگەڵ ئەم نوسینانەدا دەشێت زیانی بەرچاو بە هەر نوسەرێک بگەێنێت، بەڵام فەرامۆشکردنی بەردەوام و بەخشندەیی زۆریش دەمانخاتە بەر بەرپرسیارێتییەکی سەختەوە، بەرامبەر ئەو تێکدان و شێواندنە زۆرەی لە خۆیان گرتووە. من گەرچی ئەمجۆرە نوسینانەم بە گشتی بە بای فەرامۆشی سپاردوە، بەڵام جار جار بۆ دەرخستنی ئەو وێرانە فیکری و سیاسییەی لە پشتیانەوە ڕادەوەستێت ، بە گرنگی دەزانم بەرامبەر هەندێکیان بێینە دەنگ.


فەنتازیای ئایدۆلۆژی ــ خوێندنەوەی هەڵە ــ زیادکردنی خەیاڵی

لەسەرەتاوە کاک سیروان عەبدول قیافەی قسەکەرێکی حەکیم وەردەگرێت و ڕوویدەمی دەکاتە من و بەمجۆرە دەست پێدەکات «بۆ من دیار نییە، (وە وەک دەردەکەوێت بۆ تۆ خۆشت دیار نییە) کە ئایا تێزی تۆ لەو دەقەدا بەدیارییکراویی چییە و بۆچی پێتوایە پێویست ناکات کەس بەوە شۆک بێت کە ئەم هەفتەیە دەزگای پەرلەمان بۆ پێشێلکردن و بێحیسابکردنی''نۆرمیدیموکراتیی دەستاودەستکردنی دەسەڵات''بەکار هێنرا». ئەمجۆرە دەستپێکردنەی کاک سیروان کە گوایە تێزی نوسینەکەی من دیار نییە، نە بۆ خۆم و نە بۆ ئەویش، فێڵێکی سادە و سەرەتاییە، بۆئەوەی نوسینەکەی من بخاتە ئەو لاوە و خۆی نوسینێکی خەیاڵی داتاشێت و لەسەر ئەو نوسینەی خۆی بدوێت نەوەک بابەتی بەردەست و نوسراوی من.

بەڕێزیان چوار خاڵی گرتووە کە بەدەرەنجامگیری خۆی پێیانگەیشتووە، و قسە لەو چوار ئەگەرە فەنتازییە دەکات کە لەوانەیە لە پشت مەبەستی منەوە بن. لە دەرەنجامگیری یەکەمدا کاک سیروان نوسیویە «یەکەم:بۆی هەیە تۆ مەبەستت ئەوە بێت کە ئەو دۆخە هیچ چاری نییە، بۆیە پێویست ناکات شۆک بین و تەنانەت پێویستیش ناکات ئیتر ئەوەندە بیری خۆمانی بهێنینەوە کە ئەو دۆخە دیکتاتۆرییەتە چونکە «دیکتاتۆرییەت لە کوردستاندا خۆی پەنجا ساڵە هەر هەیە و تازە چەند زۆرینەی پەرلەمانیشمان بەدەستەوە بێت و تەنانەت دەقی دەستوری کوردستانیش بە دڵی خۆمان بنووسینەوە، ستراکتوری دەسەڵات لە کوردستاندا هەر 
ناگۆڕێت و دیسانەوە پەنجا ساڵی تر دیکتاتۆری ناشیرینتر لە دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆ دروست دەبنەوە».


چارە هەیە یان چارە نییە

بۆ ئەوەی دەرەنجامگیری لە نوسینێک بگرین، یان دەبێت بگەڕێینەوە سەر نوسینەکە یان هیچ نەبێت لە نوسینەکانی تری نوسەردا بۆ بەڵگە و ئەرگومێنت بگەڕێین.هیچ نوسەرێک نییە ڕێزی عەقڵی خۆی و خوێنەر بگرێت، ڕێگا بەخۆی بدات دەرەنجامگیرییەک بخاتەڕوو، بێئەوەی بگەڕێتەوە سەر تێکستێک یان چەند تێکستێکی نوسەر. ئەلف و بای نوسین و بەدوادا چوون ئەوەیە لە سنووری ئەوەدا بمێنێتەوە کە نوسەر دەیڵێت. نوسەرێک بۆیە هەموو ژیانی دەنوسێت و بابەت دەگۆڕێت و ژانر دەگوازێتەوە، چونکە ئەوەی دەیەوێت بیڵێت لە یەک جێگا و یەک بابەتدا جێگای نابێتەوە. سەرەتا من دەپرسم کاک سیروان لە کوێی نوسینەکەی مندا خوێندییەوە کە من دەڵێم «چارە نییە». لە چ دێڕێک و لە چ جێگایەکدا ئەو دەرەنجامەی بەدەستهێنا. سەرەتاییترین مەرجی خوێندنەوە ئەوەیە بزانیت نوسینێک لەسەر چییە، بابەتەکەی چییە، سنووری قسەکانی لە کوێدان... من لەو تێکستەدا کەم و زۆر باسم لە بوون و نەبوونی چارە نەکردوە. پرسیاری نوسینەکەی من ئەوە نییە کە چارە هەیە یان نییە، لەبەر ئەوەی من لە بنەڕەتدا بەوجۆرە بیر لە چارە ناکەمەوە تا لە تێکستێکی وا بچوکدا وەک وانەی پۆلێکی سەرەتایی کێشەیەک و چارەکەی ڕیزبکەم و هەستمە سەرپێ و بەدرۆ ویژدانی خۆم ئاسوودەکردبێت، بەوەی وابزانم ، کێشەی دونیا و چارەکەیم لە وتارێکدا خستۆتە ڕوو، ئەمە عەقڵییەتی کەسانی وەک سیروان عەبدولە نەوەک من. من هیچ کات وا نابینم نوسەرێک ڕێزی خوێنەری خۆی بگرێت، هێند ریاکار بێت پبڵێت، من لە نوسینێکدا هەم کێشەکان و هەم چارەسەرییەکانتان پێدەڵێم. ئەمە تەنیا لەو نوسەرە بچوکانە دەوەشێتەوە، کە وادەزانن حیزب چۆن پەیمانی بەهەشت بە ئەندامەکانی دەدات، ئەوانش فەرمانیانە پەیمانی بە هەشت و چارەی سیحراوی بە خوێنەرەکانیان بدەن. هەر لەو دێڕانەوە دیارە کاک سیروان سەر بە چ کولتوورێکی نوسین و بیرکردنەوەیە و لە چ دوکەڵدانێکی ئایدۆلۆژی هاتۆتە دەرەوە.


دیکتاتۆریەت شۆک یان خۆخەڵەتاندن

دوای ئەوەی کاک سیروان لە ڕێگای فەنتازیا و خەیاڵاتی خۆیەوە بۆی دەرکەوت کە من دەڵێم چارە نییە، هەنگاوێکی تر دەچێتەپێشێ و دەڵێت «بەوەدا چارە نییە کەواتە من دەڵێم ئەسڵەن پێویست ناکات بیر بکەینەوە کە دیکتاتۆرییەت هەیە و دەبێت لە بیر خۆشمانی بەینەوە کە دیکتاتۆرییەت هەیە». لە کوێدا من وامگووتووە? بە دڵنیاییەوە لەو تێکستە و هیچ جێگایەکی تریشدا بۆچوونی وام نەدرکاندوە و ئەوجۆرە لە دەرەنجامگیری بە تێڕوانین و بە مێژووی نوسینی من نامۆیە، ئەمە نوسینەکەی من نییە کە دەدوێت، بەڵکو خەیاڵاتی کاک سیروان خۆیەتی، سەری کەسێکە لە کونجی خۆیەوە دانیشتووە و کێشە ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکانی فشاری بۆ دەهێنن و خەیاڵاتی خۆشی پێدەبەخشن. بیرۆکەی سەرەکی من لەو نوسینەدا لەوەدا کورتدەبێتەوە بڵێم، دیکتاتۆرییەت کاتێک تووشی شۆکمان دەکات، کە هێندە ساویلکە بین هەستمان نەکردبێت کە دیکتاتۆرییەتە. یان هەستمان کردبێت دیکتاتۆرییەتە بەڵام هەر هێندە کاڵفام بین، نەزانین دیکتاتۆرییەت چی دەکات، یاخود بشزانین دیکتاتۆر چی دەکات، بەڵام باوەڕ بە عەقڵی خۆمان نەکەین و بە ئومێدی ئەوە بژین کە نەیکات. ئەو کێشەیەی نوسینەکەی من بەرەنگاریی دەبێتەوە، کێشەی بیرکردن و بیرنەکردنی دیکتاتۆرییەت نییە، ئەمە کێشەیەکی وەهمییە سەری سیروان عەبدول خۆی چنیوێتی و دوور و نزیک پەیوەندی بە بابەتەکەی منەوە نییە و مەگەر لە جەنابی شەیتان بپرسین کاکی ڕەخنەگرمان ئەمەی لە کوێ کڕاندوە، کە پێدەچێت تا ئێستا فێرنەبووبێ لەسەر ئەو شتانە بنوسێت کە دەیانخوێنتەوە. من لەو نوسینەدا بە پێچەوانەی بۆچونی سیروان عەبدولەوە بە روونی دەزانم دەڵێم چی، لەوێدا ڕووی دەمم لە تێزەیەکە کە دووبارەبوونەوەی بۆتە کێشەیەکی راستەقینە. بەبڕوای من کێشەیەکی گەورەیە ڕۆشنبیری وڵاتی ئێمە تا ئێستا گومانیان لەسەقامگیری و دێرینی و بەردەوامی دیکتاتۆرییەت هەبێت. پرسیارەکە لێرەدا هەر ئەوە نییە، ئایا دیکتاتۆرییەت هەیە یان نییە، بەڵکو کردنی ئەم پرسیارە و بەوجۆرە وەک لە ڕۆژی 30 ی حوزەیراندا دیموکراسییەت هەرەسی هێنابێت، نیشانەیەکی تراژیدیایە بۆ تێنەگەیشتن و خۆدزینەوە لە مێژوو، ئەمە تەنیا شۆکێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شۆکێکە لە جەهلی رەهای سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هاتووە. ئەمە هەر شۆک نییە، بەڵکو کەوتنە خوارەوەشە بۆ زەلکاوی تێنەگەیشتن و نەبینین و خۆخەڵەتاندن. کاک سیروان ئازادە بۆ خۆی چەند دەتوانێت تووشی شۆک ببێت، بەڵام شۆکی کاک سیروان هەر شۆک نییە، هەر ئەو دەمامکە ڕیاکارانەیەی غەمخۆری نییە کە هەندێک لەسەری دەکەن، شۆک نیشانەیە بۆ عەقڵییەت و جیهانبیینیەکی دیاریکراو. سیروان عەبدول دەتوانێ تا مردن خەریکی ئەو شێر و خەتە بێت و بپرسێت دیکتاتۆرییەت هەیە یان نییە، نیو دیکتاتۆرە یان چارەکە دیکتاتۆر یاخود دیکتاتۆری تەواو. من لەوێدا دەڵێم کە جۆرە پرسی وا هەموو بنەما عەقڵی و مەنتیقی و ئەخلاقییەکانی خۆی ونکردوە. دیکتاتۆرییەت لێرەیە، لێرەبووە، لەگەڵیدا ژیاوین و گەورەبووین، توانیوێتی ببێتە بەشێک لێمان، توانیوێتی دەمامکەکان بکاتە سەر، نە بەرهەمی ئەمڕۆیە و نە بەرهەمی دەزگا و ئەنستتیوتێکە، توانیوێتی لە بەرگی ئایدۆلۆژیی جیاواز جیاوازدا بێتە پێشێ، مۆرکی تەنیا مۆرکی حیزبی و دەوڵەتی نییە، بەڵکو لەسەروسەکوتی تێزی ناسیونالیست و مارکسی و ئیسلامیشدا هاتۆتە پێش. پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە کە دیکتاتۆرییەت هەیە یان نییە، لە دەوڵەت و پەرلەماندا چی دەکات یان نایکات. ئەوەی ئەم پرسیارە دەکات یان هیچ لە مێژووی سیاسی ئێمە نازانێت، یان رۆشنبیرێکی بێبابەت و بێ فیکر و بێ ڕوانینە و بەدیار رووداوەکانەوە دادەنیشێت تا مەرحەمەتی پارتی و یەکێتی بەسەریدا دەبارن و کارێک لە کارە خراپەکانی خۆیان دەکەن و بابەتێکی بۆ نوسین پێدەبەخشن. شۆک لێرەدا بەرگێکی وەها بێخەتا و پاک نییە، رۆشنبیر لە بەریبکات و بتوانێ وەک قەدیس خۆی بپەڕێنێتەوە، شۆک ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ شتێک لە مێژووی سیاسی ئێمە فێرنەبوویت، ئاماژەیەکە کە تۆ تا هێشتا وادەزانی پەرلەمان لە هەرێم کەرەستەیەکی ژیانی دیموکراسییە. وەڵامی من کە لە دەیان نوسین و کاری ئەدەبیدا داومەتەوە ئەوەیە، دیکتاتۆرییەت لێرەیە، بەڵام خودی تێگەیشتن لە دیکتاتۆرییەت کارێکی ئاسان نییە، وێناکردن و خوێندنەوەی ناوەکی سیستمەکەی لەوەدا کۆتایی نایەت بڵێین «بەڵێ دیکتاتۆریەت لێرەیە و بابچین بیڕوخێنین». ئەوەی من باسیدەکەم ئەوەیە وەزیفەی ڕۆشنبیر لەودیو ئەو پرسیارەوە دەست پێدەکات، وەڵامەکەش حەتمەن، ئەو وەڵامە سیاسییە، کلێشەییە، سەتحیە نییە کە لە دەمی کاک سیروان دەیبیستین.

لە خاڵی دووەمدا کاک سیروان نوسیوێتی دووەم: کەسێک بۆی هەیە وا لەو قسانەت تێبگات کەتۆ داوا دەکەیت بە خۆفەرزکردنی دەسەڵاتدارە خۆفەرزکەرەکان هەڵنەچین چونکە هیچ بەرهەمی نابێت وچارەسەر ئەوەیە بە شۆڕشێک هەمووی ژێرەوژێر بکەین و بە جۆرێکی تر ئەو کۆمەڵگایە داڕێژینەوە. ئەوەی دەرەنجامگیری وابکات، کەسێکە نە ئەو نوسینەی منی خوێندۆتەوە، نە نوسینێکی پێشتری منی خوێندۆتەوە، نە بە رەهایی دەزانێت لە بیست و چوار ساڵی رابوردوودا لە دونیای نوسینی مندا چ باس بووە، کاک سیروان عەبدول خۆشی شانمونەی نایابی ئەوجۆرە بێئاگایانەیە. کاک سیروان بەرێزت لە کامە رستە و کامە نوسینی منەوە ئەم دەرەنجامەت گرت کە من بلێم با بەخۆفەرزکردنی دەسەڵاتداران هەڵنەچین و ئەمە هیچ بەرهەمی نابێت?. مەبەستی نوسینەکەی من ئەو رستەیەیە «دیکتاتۆرییەت راستییەک نییە، گومان هەڵبگرێت». من لەو نوسینەمدا ئەمەم گەیاندوە و هیچی تر، ڕەخنەم لەوانەگرتووە کە گومانیان لە بوونی دیکتاتۆرییەت هەیە، لەوێدا نەباسم لەوە کردوە شۆڕش بکەین یان نەیکەین، نە باسم لەوە کردوە کە دیکتاتۆر خۆی سەپاند دانیشین و هیچ نەکەین، نە گووتوومە چارە هەیە یان نییە، ئەمانە هەموو کلک و گوێی تایبەتی بەڕێزتانە خستووتانەتە سەر تێکستەکە و دوور و نزیک بابەتی ئەو نوسینە نین، من نە لێرەدا و نە لە هیچ کتێب و هیچ نوسینێکی تریشمدا شتێکم بەو مانایە نەگەیاندوە، بڵێم ئەوە دیکتاتۆرە و خۆی فەرزکردوە و تەواو با دابنیشین، تۆ ئەوەت لە کوێ دەرەنجام هێناوە، ئەوەیان نازانم. خودی ئەم خاڵە نیشانەیەکی زەقە کە چ پاشاگەردانییەکی میتۆدی و بێنەزمییەک لە خوێندنەوەدا، سروشتی بیرکردنەوەی ئێوەی داگیرکردوە.
لە خاڵی سێهەم و چوارەمدا کاک سیروان هیچ ناڵێت، پتر لەوە دەچێ لەگەڵ خۆیدا قسەبکات تا لەگەڵ من یان تێکستەکەدا، بۆیە قسەکردن لەسەر ناوەرۆکی ئەو دوو خاڵە دەنێمەسەر تەوەرەکانی دیکە و لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا وەڵامیان دەدەمەوە.

دوای ئەم فەنتازیا خەیاڵی و داتاشینە هەڵانە، دوای ئەم شێوازە سەیرو سەمەرەیە لە خوێندنەوە و دەرەنجامگیری، بەسەر کۆمیدیترین پەرەگرافی نوسینەکەی سیروان عەبدولا دەکەوین. بەڕێزیان نوسیویانە «وەک دەبینیت تۆ لە یەک دەقدا بە چوار تەبریری یەک لە یەک جیاوازتر ئارگیومێنت بۆ ئەوە دەکەیت کە بۆچی پێویست ناکات شۆک بین. نەک هەر ئەمە، بەڵکو گرنگە ئەوە ببینین کە ئەو چوار تەبریرە نەک هەر تێزی جیاوازن لەیەکتر، بەڵکو موتەناقیزیشن لەگەڵ یەکتر، کەچی تۆ لەدەقێکدا کۆیان دەکەیتەوە و کەسیش پێی نازانێت».

کاک سیروان ئەم چوار خالە فەنتازییە کە خۆی نوسیوێتی و دایڕشتوە و لە خەیاڵاتی خۆیەوە دەریهێناون، بەڕاستی لای بووە بە تێزی من... کاک سیروانی بەڕێز بیریچۆتەوە کە ئەوانە گەر کۆکن یان ناکۆک هیچیان نە بە ڕستە، نە بە خاڵ، نە بە وێرگوڵ، نە بە دەلالەتی نزیک، نە بە میتافۆر پەیوەندیان بە نوسینەکەی منەوە نییە و هەمووی دەرەنجامگیرییەکی بێ بنەمان کە ئەو دایتاشیون ... نەک هەر ئەوە، نە بە دێڕێک، نیو دێڕێک، وشەیەکیش بەڵگەیەک یان ڕستەیەکی پاڵپشتی لە نوسینەکەی مندا دەرنەهێناوە قسەکانی خۆی پێ پشت راستبکاتەوە، بیسەلمێنێت ئەم دەرەنجامگیریانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە تێکستەکەی منەوە هەیە. هۆکەشی ڕوون و ئاشکرایە، نوسینەکەی من هیچ ڕستەیەکی تێدا نییە، ئەم خەیاڵپلاوانە پشت راستبکاتەوە. پرسیارەکەی من ئێستا ئەوە نییە کاک سیروان لە ڕووی سیاسییەوە دەڵێت چی، بەڵکو ئەوەیە ئەمە کارەسات نییە ئەمە نوسینی ئەکادیمییەکی کورد بێت. ئەمە میتۆدی و شێوازی دەرەنجامگیری و مامەڵەکردنی بێت لەگەڵ تێکستدا... هەر خودی ئەو چەند پەرەگرافە بەسە مرۆڤ بزانێت ئەم عەقڵییەتە لە چ کارەساتێکی مەنهەجی و لە چ پاشاگەردانییەک و بێتواناییەکی بیرکردنەوەدا دەژی، کارەساتێک ڕێگای ئەوەی لێدەگرێت دوور و نزیک بتوانێت لە هیچ تێکستێک نزیک ببێتەوە.


کێشەی گەشبین و ڕەشبین

دوای ئەو پەرەگرافە کاک سیروان بەسەر چوار خاڵە تایبەتییەکەی خۆیدا چۆتەوە و دەڵێت، لەم خاڵانەدا دیار نییە کە ئاخۆ من گەشبینم یاخود رەشبین.

هەڵبەت برای بەڕێزم کە نابێت و ناشێت دیار بێت، لەبەر دوو هۆ. یەکەم: ئەو خالانە پەیوەندیان بە منەوە نییە و تۆ خۆت نوسیوتن. ئیدی بۆچی ڕەشبینی و گەشبینی من لە شتێکدا دەربکەوێت کە نوسینی من نییە. دووەم: قسەی منیش لەو نوسینەدا کە بلاومکردۆتەوە، لەسەر گەشبینی و ڕەشبینی نییە.
بەڵام گەرچی بابەتەکەی من کەم و زۆر پەیوەندی بە ڕەشبینی و گەشبینییەوە نییە، دەمەوێت لێرەدا ئێستێک بکەم و بە کورتییەکی زۆر لەم کێشەیە بڕوانم.

کێشەی گەشبینی و رەشبینی، تەنیا کێشەی کاک سیروان نییە، گەر تەنیا کێشەی بەڕێزیان بایە، بە شایستەی راوەستان و قسە لەسەر کردنم نەدەزانی، بەڵام کێشەی ژمارەیەک ڕۆشنبیری دیشە، کە ئێستا پرسیاری «گەشبینە یاخود ڕەشبینە?» وەک زەمانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی مارکسیزم، بووە بەدەروازەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ هەموو تێزەیەکی فیکری و سیاسی، بەم لاولادا گورز دەوەشێنن و دەڵێن سەر زەوی جێگایەکی بۆ ڕەشبینی تێدا نەماوە. سەرەتا دەبێت بڵێم، ئەم پرسیارە کلاسیکییە، ئایا تۆ گەشبینی یان رەشبین? ڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەقڵییەتە مارکسییە کلاسیکییە کە لە چل و پەنجاکاندا فەرهەنگی بیرکردنەوەیان لای ئێمە بە شێوەیەکی دژوار و پڕ هەڵە داڕشت و بناغەیان بۆ دانا. لە کولتووری مارکسیستەکاندا گەر گەشبینبوویتایە، ئەوە نیشانەبوو کە باوەڕت بە گۆڕانکارییە مێژووییەکان هەیە و شۆڕشگێڕیت و ورەت بەرنەداوە، گەر ڕەشبینیش بوویتایە، ئەوە نیشانە بوو کە جەماوەر سارد دەکەیتەوە و ڕۆحی دوودڵی بۆرژوازییانە دەچێنێت و لە ژێرەوەڕا لەگەڵ چینی سەردەست و حوکمداراندا پاکتی نهێنیت هەیە. ئەم شابلۆنە وەک خۆی و بە هەموو ڕەهەندە کۆمیدیی و سەتحییەکەیەوە لەسەری کاک سیروان و زۆر ڕۆشنبیریی سیاسی دیکەشدا چاپ بۆتەوە. وەک ئەوەی مێژوو ڕۆژێکیش نەجوڵا بێت، وەک ئەوەی عەقڵییەتی بە ناو سیاسی ئێمە، لە هەمان جوغزی دێرینیدا بەدەوری وێنە و هەستە دێرینەکاندا وەک پەنجا ساڵ لە مەوبەر بجوڵێتەوە و هیچی تری لەوە زیاتر بۆ بەرهەم نەیەت کە سیاسییە شکستخواردوە دێرینەکان دروستیانکردوە و بە ئیرس جێیانهێشتووە.

بیرکردنەوە لە سیاسەت و نوسین و دونیا بە پێوەری گەشبینیت یان ڕەشبینی، ئاخۆ هیوا دەچێنێت یان نائومێدیی، هێندە فۆرمێکی سواو و درۆزنانەیە، گەر نیشانەی شتێک بێت، نیشانەی ئەوەیە خاوەنی ئەمجۆرە تێڕوانینە جگە لە سیاسییەکی کورتبین زیاتر نییە کە دەیەوێ بە وەعدی درۆ و پەیمانی قەبە و مژدەی پاشەڕۆژی گوڵڕەنگ خوێنەرە غەمگین و نائومێدەکانی بخەڵەتێنێت و خۆی وەک ئەو شۆڕشگێڕە نیشانبدات کە مژدەی نان و یەکسانی بۆ هێناوین. لە هەر جێگایەکدا عەقڵییەتی ئایدۆلۆژی زاڵبوو، ئەم جۆرە ڕیکلامە ئایدۆلۆژییە هەرزانە، وەک یەکەم شت و یەکەم پێوەر لەدەستی ئایدۆلۆژیستەکاندا دێتە پێشێ و دەیکەنە قامچی دەستیان تا لە ڕێگایەوە چاک و خراپ جیابکەنەوە. لە هەر جێگایەکدا ئەم پێوەرە کەوتە کار، نیشانەیە کە سەتحییەتی سیاسی و ئایدۆلۆژی گەیشتۆتە ترۆپکی خۆی. من هیچ کات بە لۆژیکی گەشبین یان ڕەشبین ئیشم نەکردوە، ئەم جۆرە لۆژیکە بەرهەمی عەقڵی ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە کاری ڕۆشنبیریی بە پێوەری کاری سیاسی دەخوێننەوە. عەقڵییەتی رۆشنبیرییان هێشتا لە عەقڵییەتی موقەتیشی حیزبی جیانەبۆتەوە، پشکنینی نوسەران بۆئەوەی بزانین گەشبینن یان ڕەشبین لە هیچ دەور و زەمانێکدا لۆژیکی خوێندنەوەی ڕۆشنبیرێک نەبووە بۆ ڕۆشنبرێکی تر، بەڵکو کاری قۆمیسەرە ئایدۆلۆژییەکان بووە. گەشبینی و ڕەشبینی دوو دراوی ئەبەدی نین، ژیان و نوسین و مێژوو لەسەدان رووداو و لە تۆڕێکی چنراوی پێکداچوو دروستبووە، کە لە یەککاتدا سەدان ڕەگەز و هێز و کارکردی جیاواز لە ناویدا بەیەکدادەدەن، لە ناو ئەم ئاڵۆزییەدا، نە ڕەوتێکی تاک ڕێگەی دیاریکراوی لە بەردەستە، نە هێزەکانیش لە نێویدا شوناسی ئەبەدییان هەیە، تا قسە لە سەر گەشبینییەکی هەمیشەیی یان ڕەشبینییەکی هەمیشەیی بکەین، ئەم دوو جۆرە لە گەشبینی و رەشبینی ڕەها سەر بە کایەی تێفکرینی وجودین نەوەک سەر بە کایەی تێفکرینی سیاسی و مێژوویی، کاتێکیش کە دێنە سیاسەتەوە وەک ئایدۆلۆژیایەکی نزم و هەرزان دێن، نەوەک تێزی فەلسەفی و فیکری. لێرەوە ڕەشبینترین نوسەران و فەیلەسوفان لە روی وجودییەوە، هیچ کات لەوە نەکەوتوون لە رووی نوسین و بەرگریی و بەرهەڵستکارییەوە بۆ بەها ئینسانییەکان، لە هەموو گەشبینەکان چالاکتر بن. ئەمجۆر لە گەشبینی و ڕەشبینی کە لای سیروان عەبدولەکان دەیبینین، لە کارێکی فیکری دووردرێژ و لەخوێندنەوەیەکی ئۆبژێکتیفانەی واقعەوە نەهاتووە، بەڵکو دوو دراون و دوو پێوەرن لە کولتووری حیزبە کوردییەکان و ئاوازی سیاسی شەست و حەفتاکانەوە بۆ ڕۆشنبیرە ئایدۆلۆژییەکانی ئێمە ماوەتەوە، کە دەستکورتی فیکری و هەژاری مەنهەجیان بەرەو ئەوەی بردون جگە لە پرسیاری: ئایا گەشبینیت یان رەشبینیت، دەرگایەکی تریان نەبێت لێوەی بێنە ژوورێ بۆ ناو دونیای هیچ نوسەرێک و هیچ تێکستێک. لەوە بەدتر و بێماناتریش ئەوەیە، کە کاک سیروان هەر بەپێی شابلۆن و کڵێشە کۆنەکە، لای وایە رەشبینی مانای دانیشتن و خۆبەدەستەودان و هیچ نەکردن. لە ڕاستیدا کارکردنی ڕۆشنبیران هیچ کات پەیوەندی بە گەشبینی و ڕەشبینییەوە نییە، ڕەشبینەکان چالاکترین و داهێنەرترین بوونەوەرانی سەر زەوی بوون، من لە مێژووی ئەدەب و فەلسەفەدا دوو کەسم لە یادە کە بە ڕۆحی گەشبینی کاریانکردوە و گەشبینی دینامۆیان بووە، مارکس لە فیکر و والت ویتمان لە ئەدەبدا، هەڵبەت ئارنست بلۆخ لێرەدا جیادەکەمەوە، چونکە چەمکی هیوا لای بلۆخ چەمکێکی فەلسەفی ئاڵۆزترە لەوەی بیخەمە ئەم ناوکۆییەوە. والت ویتمان بۆ من وەک دەنگێکی هەرە جوانی مێژووی ئەدەب دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی گەشبینی ویتمان، گەشبینیەکی سیاسی گەمژانە نییە، گەشبینی ویتمان لە خۆشەویستی خودی ژیانەوە هاتووە، لە بانگەوازەوە هاتووە بۆ ستایشکردن و بەرزڕاگرتن و جوانپاراستنی مرۆڤ، ویتمان ئەو هەڵەیەی نەکردوە کە مارکس دەیکات، گەشبینی لە هەستێکی جوان بە ژیانەوە بگوازێتەوە بۆ یاسایەکی مێژوویی و سروشتی حەتمییەتێکی بداتێ. گەشبینی لای ویتمان هەستێکی نائایدۆلۆژیزەکراوی سروشتییە، لەزەتبردنە لە جوانییەکانی ژیان، بەڵام لای مارکسیستەکان و هاوشێوەکانیان لە کایەی سیاسیدا، هەڵبژاردنێکی ئایدۆلۆژییە. مارکس لە گەشبینە دەگمەنەکانی مێژووی فەلسەفەیە، بەڵام هیچ ڕەشبینێک لە مێژووی سیاسەت و فیکردا وەک ئەم گەشبینە تاقانە و ناوازەیەی مێژووی فیکر «مارکس» زەوی پڕنەکرد لە دیکتاتۆرییەت و زیندان و جینۆساید و ترس. لێرەوە ئەم تێگەیشتنە ساویلکانەیەی کە گوایە گەشبینی یانی ڕوناکی و بەرگری و دژایەتی دیکتاتۆرییەت، ڕەشبینیش مانای خۆ بەدەستەوەدان، هیچ نییە جگە لە بەرهەمی بێئاگاییەکی فیکری و فەلسەفی و مێژوویی، زادەی عەقڵ و خەیاڵێکی کڵێشەیی کۆن و بەسەرچووشە. لێرەوە هەندێک بۆماوەکانی چەپی تەقلیدیی و هەندێک لە نەیارەکانیشیان لە پۆزەتیڤیستە ئایدۆلۆژییە نیولیبرالەکان، بە مەبەست و لە جۆرە خۆگێلکردنێکی ستراتیژیدا، ئەوە لە بیر خۆیان دەبەنەوە، کە ناشیرینترین دیکتاتۆرەکانی سەد ساڵی ڕابوردوو، پێکڕا لەسەر ئەم گەشبینییە سیاسی و ئایدۆلۆژییە دامەزراون و گەشبینی دەلیل و ڕێنیشاندەریان بووە. هەردوو سیستمی کۆمۆنیزمی دیکتاتۆری و کەپیتالیزمی نیولیبرالی دڕندە گووتاری خۆیان لە سەر پردی گەشبینییەوە پەڕاندۆتەوە. لەوەش بترازێت، تێکەڵکردنی ڕەشبینی بە خۆبەدەستەوەدان تێزێکی هەڵە و بێپاڵپشتە، ئەمە دەرەنجامی تێکەڵکردنی ڕەشبینی و نائومێدییە لەگەڵ یەکدا، کە دوو چەمکی تەواو جیاوازن و من لە زۆر جێگادا جیکاریم بۆ کردون. کاک سیروان گەر دەیویست لە قسەی سەرپێی و نوقمبوونی زۆر لە سەتحیەتدا خۆی بپارێزێت، دەبوو بگەڕێتەوە سەریان و لایەنیکەم لەوێوە قسەبکات. سیروان عەبدول گەرچی لەو نوسەرانەیە کە زۆربەی نوسینی تەنیا کۆمینتار و بەدواداچوونی سەتحی بوون بۆ کاری ئەم و ئەو، مەرجی سەرەکی ئەمجۆرە نوسینانەش ئەوەیە ئاگاداری تەواویی هەموو ئەو نوسین و تێروانین و ئایدیایەنە بیت کە ئەو کەسە لەسەری دەنوسیت، کەچی ئەوەی لە نوسینی ئەم برایەدا نەبێت ئەو مەرجە سەرەتاییەی نوسینە. گەر تۆ زۆرینەی مێژووی نوسینیت ئەوە بێت و ئەوش بەوجۆرە بەڕێوە بەریت، دەبێت هاوڕێم میسداقییەتی نوسینیت چی بێت و لە کوێوە سەرچاوە بگرێت?. من لەگەڵ ئەوەی خودی پرسیارەکەم لا بێمانایە «ئایا گەشبینیت یان ڕەشبینیت?»، بەڵام گەر هەقیش بدەینە کاک سیروان بەوجۆرە دایبرێژێت و بیکات، ئەوا لایەنیکەم چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت بچێتەوە سەر تێکست و بۆچوونەکانی من و لەوێوە قسەبکات. من لە جێگایەک و دوواندا باسم لە گەشبینی و ڕەشبینی، نەکردوە، بەڵکو لە دەیان جێگادا باسم لەو کێشەیە کردوە. ئایا گەر دەتەوێت تێبگەیت من گەشبینم بەرامبەر بارو دۆخی کوردستان یان ڕەشبین، نابێت لە مانای دوو چەمکەکە تێبگەیت لای من? ئایا ئیشی هەرە سەرەتایی نوسەرێک ئەوە نییە بۆچوونی بەرامبەرەکەی بزانێت، تێیبگات، بینوسێتەوە، بۆ خوێنەری بگوازێتەوە، ئەوسا لەسەری بنوسێت? گەر بەڕێزتان ئەمە ناکەن چی دەکەن? ئاشکرایە، تەفسیراتی خەیاڵی لەسەری خۆتانەوە دەهێنن و دەیسەپێنن بەسەر نوسینەکاندا و دواجار تێکستێک دێتەدەرێ کە هەمیشە مەنەلۆگێکی تاریکی بەڕێزتانە لەگەڵ سێبەرەکەی خۆتاندا.


ئایا دیکتاتۆرییەت جینیتیکە یان دیاردەیەکی مێژوویی؟

کاک سیروان دوای ئەوەی دەڵێت من پێموایە دیکتاتۆرییەت سەقامگیرە و هیچی لە دژ ناکرێت، ئەو دەرەنجامگیرییەی کردوە کە وەک کاک مەریوان وریا، بپرسێت ئاخۆ دیکتاتۆرییەت جینیتیکە?. بە بروای من دیموکراسییەت و شۆڕشگێرییەکەی کاک سیروان و هاوشێوەکانی چەندە جینیتییکە، دیکتاتۆرییەتی دیکتاتۆرەکانیشمان هەر ئەوەندە جینیتیکە. ئەوەی نوسینەکەی من بخوێنێتەوە دەبینێت، من بە ڕۆشنی ئەوەم دیاریکردوە کە مێژووی دیکتاتۆرییەتی سیاسی لەگەڵ سەرهەڵدانی حیزبی کوردیدایە، ئەوەشم بەتەنیا لەم وتارەدا نەکردوە، لە دەیان کاری ئەدەبی و نوسینی تیوریدا و لە دەیان لایەنی جیاوازەوە قسەم لەسەر ئەو مێژوو و کولتوورە کردوە. دیکتاتۆرییەت لای ئێمە دیاردەیەکی مێژووییە و تەواوی کاری ئەدەبی و فیکری من لەو بیست ساڵەی دواییدا پشکنینی ناوەکی بووە بۆ ئەو ستراکتور و سایکۆلۆژیا و خەیاڵ و تێڕوانینانەی لەسایەی ئەم پێکهاتەدا هەبوون و دەشێت هەبن. من لە مەرگی تاقانەوە تا کەشتی فریشتەکان، لە وتاری «قەیرانی ئیرادەگەریی» و «ڕۆشنبیریی تاک رەهەندەوە» تا دەگاتە سەر «جوانییەکانی ناڕێکی» قسەم لەسەر مێژووی ئەو دیکاتۆرییەت و شێواندنە ناوەکییەکان و مۆدێلە ئینسانییە ڕادەستەکانی و تێکدانە سیستماتیکییەکانی بووە، ئەوەی لەو بوارەدا نوسیومە لە چەندین هەزار لاپەڕە سەرووترە، ئێستا کاک سیروان عەبدول و هاوشێوەیەکی دێن لە من دەپرسن «دیکتاتۆرییەت جینیتیکە یان دیاردەیەکی مێژووییە?». ئەم پرسیارە جگە لەوەی زادەی خۆگێلکردنی ئەنقەست و چاوبەستنەوەی خۆویستە، بەرهەمی هیچی تر نییە. دیکتاتۆرییەت جینیتیک نییە، بەڵکو سیستمێکی گەورە و ئالۆز و مەحکەمە. پرسیاری من هیچ کات ئەوە نەبووە شت بکەین دژی دیکاتتۆرییەت یان نەیکەین... دروستکردنی ئەم پرسیارە جگە لە خۆ گێلکردن و بەهەڵەدا بردنی خوێنەر هیچی تر نییە. ئەوە وەڵامەکەی روونە و هەر کەسێک کتێبێکی منی خوێندبێتەوە وەڵامی دەزانێت. کێشەی من ئەوەیە کە عەقڵییەتی سیاسی رووت، عەقڵییەتێک کە چەکی شیکردنەوەی بۆ دیکتاتۆرییەت لە زمانی سیاسەت، لە شیکردنەوەی ڕۆژانەی سیاسی، لەوەسفی ململانێی حیزبی ناو کایەکان، لە دیاردەکانی ژیانی سیاسی ڕۆژانە تێنەپەڕێت ناتوانێت نە لە سیستمی سیاسی ئێستا و نە لە جەوهەری دیکتاتۆرییەت تێبگات. خودی شۆکبوونی سیروان و هاوشێوەکانیشی نیشانی ئەو تێنەگەیشتنەیە، نیشانی ئەو چەقینەیە لە ڕۆژانە و تێپەڕ و سەتحیدا، کە بینینی کۆی دیمەنە مێژوویی و گشتییەکەی لێ سەندونەوە. پرسیاری ئەوەی شت بکەین یان نەیکەین، پرسیارێکی بێشەرمانەیە کە هەندێک موزایەدەچی ئیفلیچ دروستیدەکەن، تا بڵێن گوایە من دەمەوێت هیچ دژ بە دیکتاتۆرییەت نەکەین. ئەم وێنە ساختەیە، کەسانی تریش پیش کاک سیروان هەوڵیان بۆ کێشانی داوە. کێشەکە لای من ئەوەیە کە وەزیفەی رۆشنبیر، جیاواز لە ئۆپۆزسیۆن، جیاواز لە خەڵک، تایبەتمەندی چییە. پرسیاری من لەسەر شێوەی مامەڵەکردنی فیکرە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا، ڕۆشنبیر نە نوێنەری خەڵکە، نە نوێنەری ئۆپۆزسیۆنە، نە نوێنەری مێژووە، نوێنەری عەقڵ و یژدان و کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خۆیەتی. پرسیارەکە هیچ کات ئەوە نییە شت بکەین یان نایکەین، بەڵکو پرسیار ئەوەیە چۆن وەک ڕۆشنبیر، نەوەک سیاسی، خەبات دژ بە دیکتاتۆرییەت بکەین. ئەمە ئەو پرسیارە جەوهەرییەیە کە کاراکتەری ڕۆشنبیر لە حیزبییە موزەیەفەکان جیادەکاتەوە کە خزاونەتە کایەی ڕۆشنبیرییەوە تا بە ئایدۆلۆژی و حیزبی بکەن. پرسیارەکە ئەوەیە: چی بکەین، بۆ ئەوەی شوناسی فیکری و ئینسانیمان لەو خەباتەدا بە تۆز و تەمتومانی ئایدۆلۆژی پیس نەبێت? چی بکەین، پاکی و ئۆبژێکتیفییەت و ئازادی خۆمان لەدەست نەدەین تا بتوانین ڕێزی ئازادی و مرۆڤ بۆ سەردەمەکانی تریش زامنبکەین و شەڕی بەرە سیاسییەکان لە خوێن و پیسی خۆیاندا نوقممان نەکەن?. ئەمە و هەندێ لە رۆشنبیرانی کورد، لە بری سەرقالی ئەو وەڵامە بن کە رۆشنبیر وەک بیریار، وەک داهێنەر، وەک خوێنەری مێژووی فیکر، وەک هەلگری تێز و تێڕوانینی تایبەت، وەک پارێزەری قودسییەتی مرۆڤ دەبێت بە کۆمەڵگا و کایەی ئیشکردنی خۆی بداتەوە، سەرقاڵی وەڵامدانەوەی سیاسەتن بە خودی سیاسەت. وەڵامی رۆشنبیر بە دیکتاتۆرییەت، وەک وەڵامی پەرلەمانتارێک یان وەڵامی سیاسییەکی ئۆپۆزسیۆن یان وەڵامی فەرمانبەرێک یان کەسێکی گوندەکی نییە. وەڵامی بیکاسۆ بە فرانکۆ وەک وەڵامی کۆمۆنیستەکانی سەنگەر نەبووە، وەڵامی تۆخۆلسکی بۆ هیتلەر وەک وەڵامی سۆسیال دیموکراتەکان نەبووە. پرسیاری من لەوەدایە بۆ لەم قۆناغەدا هەندێک رۆشنبیری کورد ناتوانن وەک ڕۆشنبیر سەیری دونیا بکەن و دابەزیون بۆ ئاستی ئەکتیفیستێکی سیاسی بچوک و تووتی ئاسا بەردەوام هەندێ رستەی بێسوود دەڵێنەوە?. بۆ کەوتوونە جوغزێکەوە نەدەتوانن ڕۆشنبیر بن و نە سیاسی?. ئەمە پرسیاری هەرە گەورەی ئەم دێباتەیە... هەندێک چرکەساتی دەگمەنی لێدەربکەیت، مەیدانی خەباتی ڕۆشنفیکران و سیاسیان لە دژی دیکتاتۆرییەت ئەگەر یەک ئامانجیش بووبێت، یەک مەیدان نەبووە. رۆشنبیر دەشێت لەگەڵ سیاسیدا یەک ئامانجی ببێت، بەڵام هیچ کات یەک زمان و یەک دونیابینی نییە، کە وای لێهات لەگەڵ سیاسیدا بوو بە هەڵگری یەک زمان و یەک دونیابینی، لەوە دەکەوێت بتوانێت لە دونیا تێبگات و دەبێت بە برغویەک لە مەکینەیەکی ئایدۆلۆژی. ڕۆشنبیر تەنیا لە حاڵەتی هەرەس و کەوتن و مردنیدا وەک رۆشنبیر بە زمانی سیاسەت قسە لە سیاسەت دەکات. ئەوەم نەگووتبێت کە خۆی پسپۆڕی سیاسەت یان ڕۆژنامەنوسی سیاسی بێت و ئیدیعای دیکەی نەبێت. کەوادەڵێم مەبەستمە بڵێم؛ ڕۆڵی سیاسیانەی ڕۆشنبیر دەمێک کە وەک رۆشنبیر کاریگەریی بۆ سەر سیاسەت دەبێت، «نە وەک فەرمانبەری ئایدۆلۆژیی هێزێک یان تاقمێکی دیاریکراو» چەندین جار گەورەترە لە کاریگەریی سیاسییەکان خۆیان. ئەوەی ستراتیژییە، گۆرینی ئاڕاستەی کاریگەرییە لە کاریگەریی سیاسییەوە لەسەر ڕۆشنبیریی، بۆ ئاڕاستە دژ و پێچەوانەکەی، کاریگەریی ڕۆشنبیریی لەسەر سیاسی. ئەو کاریگەرییەش تەنیا لەسەربەخۆیی تەواوی کەسی بیرکەرەوەدا دێتە دی، لەوەدا دێتەدی کە ڕۆشنبیر لە تەپوتۆزی ململانێ رۆژانەکان و گووتارە حەماسییە زوو تێپەڕەکاندا نەخنکا بێت. من هیچ کات قسەم لە خاڵیکردنەوەی ڕۆشنبیریی لە سیاسەت نەکردوە، وەک هەندێ لە پۆزەتیفیستە نیولیبرالەکان و بە مەبەستی شێواندن دەڵێن، بە پێچەوانەوە باس لە ئازادکردنی ئەو کایەیە دەکەم لە ژێر دەسەڵاتی کایەی سیاسیدا، تا بیکرێت بە وەزیفەی سیاسی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت، کە کاریگەرییە لە هوشیاریی مرۆڤەکان، بەدەر لە هەر سەفسەتە و هەرتەقەیەکی حیزبی و ئایدۆلۆژی. بەدرێژایی مێژوو، رۆشنبیران گەر تێکەڵ مەجرای سیاسەتیش بووبن بۆ ماوەی کورت بووە و هیچ کاتیش لەبەر هەمان ئەو پالنەرە ئایدۆلۆژیانە نەبووە کە سیاسییەکانی جوڵاندوە. ئەزموونی ڕۆشنبیران لە ژێر سایەی حوکمی سۆڤێتیدا، قەلاچۆکردنی ماو بۆ ڕۆشنبیرانی چینی، ئەزموونی ڕۆشنبیرە جووەکانی وەک هانا ئارێنێت لەگەڵ بزوتنەوەی زایۆنیدا، ئەزموونی تراژیدی و کورتی زۆربەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسی لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسیدا، نامۆیی ڕۆشنبیرانی عەرەب لەگەڵ واقعێکدا کە لە سەلەفییەت و عەلمانیەتی عەسکەر و دیموکراتییەتی پۆستاڵ، زیاتر هیچی تر بەرهەمناهێنێت، نیشانەی ئەو دوو زەمینی و دوو دونیاییە کە بەدرێژایی مێژوو ڕۆشنبیرانی لە سیاسییەکان جیاکردۆتەوە و زمان و بیرکردنەوەی تایبەتی پێبەخشیون. ئەوەی من لە دەیان جێگادا گووتوومە و دەیڵێمەوە ئەمە کورتەکەیەتی «ئەم دەمامکی خەباتگێڕەی کە هەندێ ڕۆشنبیری کورد کردویانەتە سەریان کە گوایە لە دژی دیکتاتۆرییەت خەباتدەکەن، بێئاگای ئەم هاوڕێیانە خۆیان و بە وەفاداریان بۆ ئەو کولتوورەی خودی دیکتاتۆرییەت بۆ ڕۆڵی رۆشنبیریی ڕەسمکردوە، لەدەرگاوە بێت یان پەنجەرە، گەڕاونەتەوە ناو هەمان ئەو بونیادەی کە دەبێت دژی خەباتبکەن. ئەمجۆرە هەڵوێستگیرییە و بەمشێوەیە، ڕاستییەکی تاڵی تر دەشارێتەوە کە ئەم ڕۆشنبیرانە جارێکی تر کایەی ڕۆشنبیرییان گۆڕیوەتەوە بۆ کایەیەکی سێبەر، بۆ کایەیەکی ئیفلیج و بێبەرهەم. ئەمە کەم تا زۆر پەیوەندی بە خەباتگێڕییەوە نییە، ئەمە گەڕانەوەی هەیمەنە و باڵادەستی ئایدۆلۆژییە بەسەر گووتاری ڕۆشنبیرییەوە، ئەمە گۆڕینەوەی کایەی رۆشنبیرییە بۆ کایەیەکی پاشکۆ بۆ هەندێک دروشم و تێزەی سیاسی دیاریکراو، گۆڕینی کەسی ڕۆشنبیرە بۆ پاشکۆی کەسی سیاسی، گەڕانەوەی مۆدێلی رۆشنبیرە کلاسکییە ئایدۆلۆژییەکەیە بۆ سەپاندنەوەی باڵادەستی سیاسەت و خنکاندنی بۆ تەواوی کایە فیکرییەکان، سەپاندنی دیکتاتۆرییەتە لە دونیای عەقڵدا، بە ناوی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت لە دونیای سیاسەتدا، ئەمە گەمارۆدانی ڕۆشنبیرە لە جوغزێکدا نەدەتوانێت سیاسی بێت و نە ڕۆشنبیر. واتە لە کاتێکدا دەبوو ڕۆشنبیران پردی نێوان کایەی سیاسەت و کایەکانی دیکەی وەک فەلسەفە و سایکۆلۆژیا و ئەفسانە و ئەدەب و هونەر بن، ڕۆشنبیران بوون بەو وەستایەی دیوار لەدەوری کایەی سیاسەت هەڵدەچنن و لە ناو میتۆلۆگیا و خورافەتە ڕۆژانەکانیدا نوقمبوون» ئەمە چرکراوەی بۆچوونەکانی من بووە و لە چەندەها نوسیندا بەدرێژایی لەسەری وەستاوم، نەوەک ئەو وڕێنە و خەیاڵپڵاوانەی سیروان عەبدول بە هەوای شانی خۆی ڕیزیکردون و فەنتازیای خواروخێچیان دەربارەوە دەکات. «ماویەتی»

6 comments:

  1. کاک به‌ختیار،

    نووسراوه‌یه‌کی سرنج راکێشه‌و زۆر شتی نه‌یه‌ژین به‌وردی به‌ڵکو به‌ ئاگاداری لێکداوه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌م گرفته‌؛ "ئەم ڕۆشنبیرانە جارێکی تر کایەی ڕۆشنبیرییان گۆڕیوەتەوە بۆ کایەیەکی سێبەر، بۆ کایەیەکی ئیفلیج و بێبەرهەم. ئەمە کەم تا زۆر پەیوەندی بە خەباتگێڕییەوە نییە، ئەمە گەڕانەوەی هەیمەنە و باڵادەستی ئایدۆلۆژییە بەسەر گووتاری ڕۆشنبیرییەوە، ئەمە گۆڕینەوەی کایەی رۆشنبیرییە بۆ کایەیەکی پاشکۆ بۆ هەندێک دروشم و تێزەی سیاسی دیاریکراو، گۆڕینی کەسی ڕۆشنبیرە بۆ پاشکۆی کەسی سیاسی، گەڕانەوەی مۆدێلی رۆشنبیرە کلاسکییە ئایدۆلۆژییەکەیە بۆ سەپاندنەوەی باڵادەستی سیاسەت و خنکاندنی بۆ تەواوی کایە فیکرییەکان، سەپاندنی دیکتاتۆرییەتە لە دونیای عەقڵدا، بە ناوی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت لە دونیای سیاسەتدا"

    به‌ڵام له‌ به‌شی "چارە هەیە یان چارە نییە" به‌ مووتڵه‌ق هه‌رچی چاره‌سه‌ریه‌ به‌ ریاکاری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دیت! ئه‌مه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ چون ئه‌کته‌ری فاعل داهێنه‌ره‌و نابێته‌ مه‌فعولی کۆیله‌، داهێنه‌ریش که‌ خۆشتان جه‌ختان له‌سه‌ر کردوووه‌ته‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌ چاره‌سه‌ری

    بگه‌ڕه‌ینه‌وه‌ بۆ بنه‌ماکان؛ مرۆڤ به‌رانبه‌ری رۆباڕی خرۆشان وێستاو وتی ناتوانم بپه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام مرۆڤی فاعل هاته‌ کایه‌و داهێنه‌ری کردو شتێکی به‌ناوی پرد ساز کرد.

    گرفت له‌مه‌دایه‌ که‌ ئێمه‌ داده‌به‌زین بۆ ئاستی کۆیله‌تی‌و هاواری چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین، ره‌نگه‌ ریاکارانه‌ش نه‌بێت‌و ئیمانیشمان به‌و چاره‌سه‌ریه‌ ببێت به‌ڵام چوون له‌ ئاستی کۆیله‌تیدایه‌ چاره‌سه‌ری نیه‌، چون ئه‌کته‌ری مه‌فعول‌و کۆیله‌ ناتوانێت داهێنه‌ر بێت که‌واته‌ ده‌بێته‌ زنجیره‌یه‌کی مداوم‌و تیکراری به‌ ناو چاره‌سه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاره‌سه‌ری نیه‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌.

    هه‌ر بۆیه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین دیکتاتۆرێک ده‌ڕوات‌و دیکتاتۆرێکی دی دێت، یانی شۆڕشی مه‌فعوله‌کان به‌رانبه‌ر مه‌فعوله‌کان، یانی کۆیله‌کان به‌رانبه‌ر کۆیله‌کان که‌وتنه‌ته‌ جووڵه‌.

    ReplyDelete
  2. سڵاو کاک بەختیار : ئەم دەرفەتە، ئەقۆزمەوە تا چەند قسەیەک بکەم. من کە وتاری (کێن ئەوانەی زوو زوو تشی شۆک دەبن)م دی، نەم خویندەوە، بەڵام ئەو نامەیەم خوێندەوە کە بۆ ئیوە نێردرابوو، ئەوە هەرچیەک هەیە پەیوەندی بەمنەوەنیە ..... من ئەو وتاری ئیوەم نەخوێندەوە، چونکە لەڕۆژانی پێشوتردا زنجیرە وتاری (جوانیەکی نارێک)م دەخوێندەوە. من هەمیشە دەترسم لەخویندنەوەی نوسینەکانت، چونکە هێندە فرەبابەت و فرە ڕەهەندن دەرچون لێیان قورسە و خۆپارستن لەوەی نەکەویتە ژیر کاریگەری فکر و بیرکردنەوەی بەختیارەوە لەمەحاڵدەچێت . لەبەر ئەوە هەمیشە من پاش خوێندنەوەیەکی زۆر، دێمەوە سەر نوسینەکانی ئێوە. بەڵام نوسیەنەکانی ئێوە ئەوکەسانەی کەرەخنەتان لێدەگرن ڕاست دەکەن نازانن ئەوان ئێوە چی دەڵێن، چونکە ئیوە زیاد لەرێگەیەکەوە مەبەستی خۆتان دەگەیەنن وەهیندەش فراوانن و فرە ڕەهەندن ڕەخنەگرەکانت ناتوانن زەپتی ئەو فراوانیەبکەن. ئەمە وسف نیەوە وەسفیشم پێخۆش نیە، بەڵام ئێوە لە (خوینەری کوشند)ەدا دەلێن: << ئەبێت خوینەر سەر کەوێت بۆلای نوسەر نوسەر هەرگیزنوسەر دانابەزێت بۆڵایی خوێنەر>> بەلام بۆ چی ئێوە زۆرجار لەم باورەتان لادەدەن ؟؟!! لە (دواهەمین هەناری دنیا)دا ئەم دابەزینە بۆلای خوێنەر هێندە زۆرە بەئاشکرا دیارە سەرەتا لەئاستیکی بەرزدا مەبەست خۆتان دەڵێن، دواتر بەئاستێکی نزم تر و دواتر بەئاستێکی زۆر نزم تر و سادەتر هەمان مەبەست دەلێنەوە.(سێوی سیهەم)یش بەهەمان شێوە. بڕوا ناکەم و پێویست بە نمونەش ناکات دەنا دام دانا کەمن دەلێم نوسینی ئێوە فرە ڕەهەند و فرە بابەتن بەبێ ئەوەی چەق یا هێلی سەرکی ون بێت مەبستم ئەم دابەزاندنی ئاستەنەییە ........ هیوادارم هیندە دانەبەزن بۆلای خوینەر..... من چاورێ نەبووم ئێوە وەلام کاک سیروان بدەنەوە لەحاڵەتی وەڵام دانەوەشدا چاوەڕێ بووم بەشێوەیی (ئەدەبیاتی فڕین) وەلامی بدەنەوە کە لەو نوسینەدا وەلام چەند ڕەخنەیەکت دابویەوە بەڵام بەم شێوەیە دەنەبەزیبون بۆلای خوێنەر . بڕواش ناکەم ئیوە هەست بەمەرگ بکەن تا بەم ئاستە لە زمانی نوسین خۆتان بێنەخوارەوە چونکە وەک ئیوە خۆتان ئەلین( ڕۆشن بیر مەگەر ئەوەکاتەی هەست بەمەرگ بکات وەک سیاسیەکان قسەبکات) کە ئەمە لە ئەستەم دەچێت هەرچەند ئەونامە کراوەیەی بۆءێوە نێردرابوو زمانی نووسین دوور بوو لەزمانی نوسینەوە

    ReplyDelete
  3. سڵاو كاك به‌ختیار

    داوای لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر قسه‌كانم جۆرێك له‌ ئیستفزازی پێوه‌ دیاربێت، به‌ڵام كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ندێك براده‌ر تاوتوێی بابه‌ته‌كانی به‌رێزت و وه‌ڵامه‌كانی تۆمان ده‌كرد.

    ئه‌وه‌ی تێبینیمان كرد، پێده‌چێت به‌رێزت زۆربه‌ی كاته‌كانت به‌ خه‌وتن به‌سه‌ربه‌یت و جار جار له‌ خه‌ونه‌كانت وه‌ڵامه‌ سایكۆلۆژیه‌ توندره‌وه‌كانی ناخت بۆ درووست ده‌بێت، چونكه‌ به‌راستی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ت هی كه‌سێك نین كه‌ خه‌ڵك یارمه‌تیبده‌ن بۆ درووستكردنی بڵۆگێكی وا.

    كاك به‌ختیار .. ببوره‌ ، به‌ڵام تۆ ئه‌و كه‌سه‌ نی كه‌ له‌ خه‌وه‌كانته‌وه‌ خۆت ده‌بینیت، ئه‌وانه‌ی تۆش به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن ، له‌ بچوكه‌كانن

    ReplyDelete
  4. ڕوونکردنەوەیەک لە سۆران ئازادەوە
    ئەم بەیانییە لە هاوڕێیەکی ئازیزمەوە ئیمەیلێكم پێ گەیشتووە، کە باس لەوە دەکات لەژێر گوتاری (خۆگێلکردن وەک ستراتیژ)ی (بەختیار عەلی)دا کۆمێنتێک بە ناوی منەوە نووسراوە. ئەو هاوڕێیەم دەپرسێت ئاخۆ ئەوە منم. ئەمە کۆمێنتێەکەیە:

    (سڵاو كاك به‌ختیار

    داوای لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر قسه‌كانم جۆرێك له‌ ئیستفزازی پێوه‌ دیاربێت، به‌ڵام كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ندێك براده‌ر تاوتوێی بابه‌ته‌كانی به‌رێزت و وه‌ڵامه‌كانی تۆمان ده‌كرد.

    ئه‌وه‌ی تێبینیمان كرد، پێده‌چێت به‌رێزت زۆربه‌ی كاته‌كانت به‌ خه‌وتن به‌سه‌ربه‌یت و جار جار له‌ خه‌ونه‌كانت وه‌ڵامه‌ سایكۆلۆژیه‌ توندره‌وه‌كانی ناخت بۆ درووست ده‌بێت، چونكه‌ به‌راستی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ت هی كه‌سێك نین كه‌ خه‌ڵك یارمه‌تیبده‌ن بۆ درووستكردنی بڵۆگێكی وا.

    كاك به‌ختیار .. ببوره‌ ، به‌ڵام تۆ ئه‌و كه‌سه‌ نی كه‌ له‌ خه‌وه‌كانته‌وه‌ خۆت ده‌بینیت، ئه‌وانه‌ی تۆش به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن ، له‌ بچوكه‌كانن).

    هەر کەسێ بابەتەکانی منی خوێندبێتەوە، دەزانێت ئەو وشانە هیی من نین. خوێنەری هۆشیار بە ئاسانی ستایلی نووسەران دەناسێتەوە. ڕەنگە خوێنەر جوان لە زمانی ئەو کۆمێنتنووسە ورد ببێتەوە و لە ڕێنووس و خاڵبەندییەکەی بڕوانێت، بیناسێتەوە. لە کۆتاییی کۆمێنتەکەیدا نووسیویەتی (ئه‌وانه‌ی تۆش به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن ، له‌ بچوكه‌كانن)، لە کاتێکدا من تاکو ئەم ساتەیش (بەختیار عەلی) بە نووسەرێکی داهێنەر دەزانم و چەند جارێک لەبارەی بەرهەمەکانیەوە نووسیومە. سەیرەکە ئەوەیە، من نامەیەکی ڕەخنەئامێزی درێژم لەبارەی ئەو گوتارەیەوە نووسیوە و بۆیم ناردووە، کە بە نیازم دوای ئەوەی سەرنجەکانی خۆیم بۆ دەنووسێت، بڵاوی بکەمەوە.
    سوپاس بۆ هەموو لایەک.
    سۆران ئازاد

    ReplyDelete
  5. روونکردنەوەیەک لە سۆران ئازادەوە
    ئەم بەیانییە لە هاوڕێیەکی ئازیزمەوە ئیمەیلێكم پێ گەیشتووە، کە باس لەوە دەکات لەژێر گوتاری (خۆگێلکردن وەک ستراتیژ)ی (بەختیار عەلی)دا کۆمێنتێک بە ناوی منەوە نووسراوە. ئەو هاوڕێیەم دەپرسێت ئاخۆ ئەوە منم. ئەمە کۆمێنتێەکەیە:

    (سڵاو كاك به‌ختیار

    داوای لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر قسه‌كانم جۆرێك له‌ ئیستفزازی پێوه‌ دیاربێت، به‌ڵام كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ندێك براده‌ر تاوتوێی بابه‌ته‌كانی به‌رێزت و وه‌ڵامه‌كانی تۆمان ده‌كرد.

    ئه‌وه‌ی تێبینیمان كرد، پێده‌چێت به‌رێزت زۆربه‌ی كاته‌كانت به‌ خه‌وتن به‌سه‌ربه‌یت و جار جار له‌ خه‌ونه‌كانت وه‌ڵامه‌ سایكۆلۆژیه‌ توندره‌وه‌كانی ناخت بۆ درووست ده‌بێت، چونكه‌ به‌راستی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ت هی كه‌سێك نین كه‌ خه‌ڵك یارمه‌تیبده‌ن بۆ درووستكردنی بڵۆگێكی وا.

    كاك به‌ختیار .. ببوره‌ ، به‌ڵام تۆ ئه‌و كه‌سه‌ نی كه‌ له‌ خه‌وه‌كانته‌وه‌ خۆت ده‌بینیت، ئه‌وانه‌ی تۆش به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن ، له‌ بچوكه‌كانن).

    هەر کەسێ بابەتەکانی منی خوێندبێتەوە، دەزانێت ئەو وشانە هیی من نین. خوێنەری هۆشیار بە ئاسانی ستایلی نووسەران دەناسێتەوە. ڕەنگە خوێنەر جوان لە زمانی ئەو کۆمێنتنووسە ورد ببێتەوە و لە ڕێنووس و خاڵبەندییەکەی بڕوانێت، بیناسێتەوە. لە کۆتاییی کۆمێنتەکەیدا نووسیویەتی (ئه‌وانه‌ی تۆش به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن ، له‌ بچوكه‌كانن)، لە کاتێکدا من تاکو ئەم ساتەیش (بەختیار عەلی) بە نووسەرێکی داهێنەر دەزانم و چەند جارێک لەبارەی بەرهەمەکانیەوە نووسیومە. سەیرەکە ئەوەیە، من نامەیەکی ڕەخنەئامێزی درێژم لەبارەی ئەو گوتارەیەوە نووسیوە و بۆیم ناردووە، کە بە نیازم دوای ئەوەی سەرنجەکانی خۆیم بۆ دەنووسێت، بڵاوی بکەمەوە.
    سوپاس بۆ هەموو لایەک.
    سۆران ئازاد

    ReplyDelete
  6. من گەرچی ئەمجۆرە نوسینانەم بە گشتی بە بای فەرامۆشی سپاردوە، بەڵام جار جار بۆ دەرخستنی ئەو وێرانە فیکری و سیاسییەی لە پشتیانەوە ڕادەوەستێت ، بە گرنگی دەزانم بەرامبەر هەندێکیان بێینە دەنگ.

    ReplyDelete