Saturday 13 July 2013

ڕۆشنبیری کلاسیک



لەسەرەتای سەدەی بیستدا‌و لەسایەی ناسیونالیزمی کوردییدا زاراوەیەکی هاوشان‌و تەریب سەرهەڵدەدات کە زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردییە. ئەم زاراوەیە هاوشان بە سێ سیفەتی سەرەکی‌و کوشندە لەدایکدەبێت، کە هەرسێکیان تا ئەمڕۆ ڕۆشنبیریی ئێمەیان لەبنەوە کلۆر کردوە. یەکەم: زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردیی، کە لەدایکدەبێت، درێژکراوەی خەیاڵ‌و فەنتازیاو هەوڵەکانی دروستکردنی شوناسە لای ناسیونالیستە کوردەکان. پێناسەکردنی ڕۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی سیاسی، بەوجۆرەی لەڕۆشنبیریی ئێستادا باڵادەستە، واتە جیانەکردنەوەی شوناسی سیاسی‌و ڕۆشنبیریی لەیەک، هەڵەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لەدایکبوونە سەقەت‌و قەیسەرییەی ڕۆشنبیری کوردیی لەهەناوی ناسیونالیزمی کوردییەوە. ئەم کێشەیە، ئەو دەردە تاعوونییەیە کە وادەکات جۆرێک لەڕۆشنبیر دروستببێت کە تەنیا لەڕێگای سیاسەتەوە دەتوانێت شوناسی ڕۆشنبیریی خۆی بپارێزێت‌و سیاسەت بکاتە ئەو مەرجەعەی شوناسی ڕۆشنبیربوونی لێوەردەگرێت. سیفەتی دووەم: زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردیی لەژێر هەلومەرجێکی ئاسان‌و سەتحیدا دێتە دونیاوە، لەدونیایەکدا نەخوێندەواریی‌و جەهل تێیدا لەترۆپکدان. ئیدی زاراوەکە ئاماژەیە بۆ هەموو شێوە سەرەتاییەکانی خوێندەواریی بەرامبەر بە نەزانی‌و نەخوێندەواریی. بەهۆی ئەو زەمینەیەوە، شوناسی ڕۆشنبیر لەدونیای ئێمەدا بەجۆرێکی ترسناک لەگەڵ «خوێندەوار»دا تێکەڵدەبێت، واتە هەموو خوێندەوارێک ڕۆشنبیرە، ئەوەش کارێکدەکات، سەقفی ئەو پێداویستیانەی کەسێک بۆ ڕۆشنبیربوون پێویستی پێی بێت، بەجۆرێک نزم بێت، هەموو خوێندەوارێکی ئاساییش بگرێتەوە کە تەنیا دەتوانێت بنوسێت‌و بخوێنێتەوە. سیفەتی سێهەم: ڕۆشنبیریی لەسەرەتاوە وەک زاراوەیەک بەکارهاتووە کە ئاماژە بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتن‌و تەفسیرانەی دونیا دەکات کە لەدەرەوەی مزگەوت لەدایکدەبن، ئەمەش شەرعییەتی ڕۆشنبیریی دەبەخشێتە هەر گووتارێک کە مۆری مزگەوتی پێوە نەبێت‌و وادەکات وەک ڕۆشنبیریی بیناسێنین‌و قەبووڵیبکەین.
ئەم سێ دەردە لەسەرەتای ڕۆشنبیریی کوردییەوە تا ئەمڕۆ بەجۆرێکی بێماناو بەربڵاوو ئازاربەخش، بەردەوامییان هەیە. بەبڕوای من هەموو ئەوانەی لەمجۆرە ڕۆشنبیرەن‌و لەو جۆرە فەزا سۆسیۆلۆژی‌و کولتوورییەدا دەسوڕێنەوە، دەکرێت بەڕۆشنبیرە کلاسیکییەکان ناویان بەرین، چونکە گەرچی زەمینەی ئەوجۆرە ڕۆشنبیرە زیاد لەچل ساڵە بەسەرچووە، بەڵام ئێستاش وەک جاران خۆی دروستدەکات‌و لەشێوەی تازەو بەرگی نوێدا لەدایکدەبێتەوە. ئەمانە هێشتا وەفادارن بۆ ئەو وێنە کلاسیکییەی ڕۆشنبیر، بەو فۆرمە کلاسیکییەی کە ناسیونالیزمی کورد دروستیکردوە، هەربۆیە شایەنی هەڵگری نازناوی کلاسیکیشن. بەکورتی ڕۆشنبیری کلاسیک : «ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت بخوێنێتەوە‌و بنوسێت، بەڵام لە حوجرە نەیخوێندووە، دەتوانێت باسی سیاسەت بکات‌و هەمیشەش لەغەمی ئەوەدایە بەجۆرێک لەجۆرەکان بیسەلمێنێت کە لەهەموو ئەوانی تر سیاسیترو کوردپەروەرترو بەهەڵوێستترە».
******
ئەم پێناسەیە دەکرێت بەپێی شوێن‌و سەردەم‌و قۆناغەکان، بەشێوەی جیاواز جیاواز دابڕێژرێتەوە، بۆ نمونە بەم شێوەیەی خوارەوە دابڕێژرێت‌و ڕاڤەبکرێت:
« ڕۆشنبیری کلاسیکی دەکرێت لەزانکۆ یان ئەنستیتیوتە فەرهەنگییە بەرزەکاندا خوێندبێتی، بەڵام هەمیشە لەغەمی ئەوەدایە بیسەلمێنێت لەڕووی سیاسییەوە بوونەوەرێکی ساغ‌و سەلیمە، گەر بوێری دایە خۆی‌و بەچەشنی ناسیونالیستەکان بیری لەسیاسەت نەکردەوە، بەوە پارسەنگی دەداتەوە، وەک ناسیونالیستێکی توندڕەوە بیر لەزمان یان ئابووریی نەتەوەییمان بکاتەوە، غەمی گەورەی ئەوەیە بەردەوام بیسەلمێنێت نزیکە لەکورد، دوورکەوتنەوە لەکورد، فۆبیای هەرە گەورەیەتی. هەڵبەت ڕۆشنبیریی کلاسیکی کۆن زۆر وشەی «کورد» ی بەکاردەهێنا، بەڵام ڕۆشنبیری کلاسیکی ئێستا زیاتر وشەی خەڵک یان کۆمەڵگا بەکاردەهێنێت، بەڵام هەر دوو بەکارهێنانە نوێکە هیچ نین جگە لەگۆڕانێک لەوشەدا، بێئەوەی ئاماژەبن بۆ گۆڕانێک لەجەوهەردا. نزیکی جاران لەکوردەوە، ناوەکەی گۆڕاوە بۆ نزیکی ڕۆشنبیر لەخەڵک‌و کۆمەڵگاوە. جەوهەری شوناسی ئەم بوونەوەرە کلاسیکییە نزیکبوونە لەخەڵکەوە. ئەمە ڕۆشنبیریی ناو کایە مەعریفییەکان نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرێکی سەمبولییە لەپێناوی بەرزڕاگرتنی خەڵکدا لێرەیە وەزیفە بنەڕەتییەکەی فیکر یان مرۆڤ یان داهێنان نییە، بەڵکو تەعبیرکردنە لەڕۆحی جەماوەر، یان رۆحی نەتەوە، وەک خۆی هەندێجار دەیڵێت.
******
بەڵام دەکرێت هەمان بۆچوون بەمجۆرەش دابڕێژینەوە:
ڕۆشنبیریی کلاسیکی ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت بخوێنێتەوە‌و بنوسێت، ببێتە مامۆستا، بەڕۆژنامەنوس، بەسیاسەتمەدار، بەڵام زۆری بۆ گرنگە تەنها نەبێت، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی چالاک‌و دڵسۆز بناسرێت، دەبێت هەمووان بیبینن‌و تێیبگەن، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوانی ترە لوتفبکەن‌و شوناسی ڕۆشنبیریی پێببەخشن. بۆ ئەوەی خۆی بناسێت، سەیری ناو عەقڵی خۆی ناکات، بەڵکو سەیری ناو چاوی ئەوانی تر دەکات، دواجار ئەو منداڵ‌و بەرهەمی ئەو تێزەیەیە کە دەڵێت؛ مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسییە، لێرەوە ئەویش تەنیا کاتێک دەتوانێت ڕۆشنبیربێت، کە بیسەلمێنێت بوونەوەرێکی سیاسییە. زانیارییەکانی دیکەی‌و کاری لەکایەکانی تردا، بۆ خۆی‌و بۆ خەڵکیش لاوەکین، گرنگ نییە گەر داهێنەرە یان نا، گرنگ نییە لەئەدەب‌و هونەرو زانست‌و فەلسەفەدا چی دەڵێت، ئەوانە موجەرەداتن، دەبێت بەجۆرێکی خێرا بگەڕێتەوە بۆ شتە بەرجەستەو عەینییەکان، دەبێت لەسەر بوونەوەرە زیندووەکان بنوسێت، لەسەر سەرۆک یان دەوڵەت یان گۆرانیبێژێک یان کێشەیەکی هەنووکەیی کە خەیاڵی هەمووانی سەرقاڵکردوە. دەبێت بیسەلمێنێت پردی لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە، بەرزیانبکاتەوە یان بیانهاڕێت، جارجار سەری دونیای تیورەو تێزە ئەبستراکتەکان دەدات، بۆئەوەی بڵێت کە لەنێوان تیورەو واقعدا لەهاتوچۆدایە، لەنێوان فیکرو پراکتیکدا خەریکی جۆلانێیە. گرنگ ئەوەیە زووزوو بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی دووبارەبکاتەوە... گەر وەرزێک تێپەڕێت‌و بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی دووبارەنەکردبێتەوە، تووشی فۆبیا دەبێت، هەستدەکات ویژدانی سیاسی ئازاری دەدات، ئەو لەژێر زەبری ئەو گوناهە مێژووییەدا دەژی، کە منداڵیی سیاسەتە، دوورکەوتنەوەی لەسیاسەت تووشی خنکانی دەکات، وەک ماسییەکی لێدێت ئاوی لێبڕابێت ... ئەو تەنیا بەسیاسەت دەتوانێت سەرنجی ئەوانی تر بۆ خۆی ڕابکێشێت، سەرنجی سەرۆکە نەخوێندەوارەکانمان، سەرنجی تەلەفزیۆن‌و ڕۆژنامەکان‌و ئەندامانی پەرلەمان، خەڵک تەنیا کاتێک دەیناسن کە باسی سیاسەت بکات، میدیاکان بەدوایەوەن بۆشایی نابەبینی بەرنامەکانیانی پێ پڕبکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژانە بیبیستن کاتێک تێزە ئەبەدییەکانی دووبارەدەکاتەوە. مەرج نییە بخوێنێتەوە، گرنگ نییە بنوسێت، گرنگ نییە ڕابوردووییەکی فیکری هەبێت، یاخود هیچ ڕستەیەکی نوێی پێ بێت، ئەو منداڵی دووبارەی مۆزەخانەکانی دونیای ئێمەیە، لەکاتێکدا بەهەموو هێزی خەریکی دروستکردنەوەو دووبارەکردنەوەی دونیایە وەک خۆی، پێیوایە بەهەموو هێزی خەریکی گۆڕینی مێژووە. ئەم بوونەوەرە تەواوی لوتکەی شکۆو گەورەیی ئەو کاتەیە کە هەستدەکات، قەرزە ئەخلاقی‌و مێژووییەکەی خۆی داوەتەوە. سیاسەت لای هەڵوێستێکی ئەخلاقی نییە بۆ بەرگریکردن لەئازادی ئینسان، بەڵکو جۆرە دەردە دوودڵییەک «عصابی وسواسی» دەیکرۆژێت، بەردەوام دەیەوێت خۆی وەک ئەو کەسە پیشانبدات کە هاتۆتە دەنگ، لەو ڕووەوە مرۆڤێکی بەرزو بەهەڵوێستە، بەڵام کە هێندە ڕۆڵەکەی دووبارەدەکاتەوە، مرۆڤ سەرسام دەبێت‌و نازانێت، ئەمە چەندی هەڵوێست‌و چەندی نمایشە. بەڵام ئەم بوونەوەرە گەرچی بەردەوام باسی سیاسەت دەکات، بەڵام کەمجار بەمانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت، دەبێتە سیاسی، لەسەر پردێک وەستاوە نەدەوێرێت تەواو وەک ڕۆشنبیر بژی، نەدەشوێرێت تەواو ئەرکە سیاسییەکان بگرێتە ئەستۆ. نەوەی یەکەم لەم ڕۆشنبیرە کلاسیکیانەی ئێمە، نەوەیەکی حیزبی بوو، بەڵام نەوەی دووەم کەم تا زۆر سیاسەت دەباتە دەرەوەی حیزب ... گەرچی ئەم بردنە دەرەوەیەی سیاسەت‌و جیاکردنەوەی لەحیزب، دەستکەوتێکی گرنگی مێژووییە، گەرچی کارێکی زۆر پۆزەتیڤە، بەڵام مەرجدارو ترسناکیشە. کێشەکەی لە دوو خاڵدایە، یەکەم : ئەم جیاکارییەو بەمجۆرە، حیزب دەگۆڕێت بۆ جێگایەک کە ڕۆشنبیر تیا ناژی‌و ڕیسوادەکرێت‌و سەنگی لێدەسێنرێتەوە، واتە هەر لەبنەڕەتدا ڕۆشنبیر وا وێنادەکات گوایە بۆ ژیانی ناو حیزب دروست نەکراوە، کە ئەمە دەرەنجامێکی نادروست‌و کلێشەییە، دەرەنجامێکە لەهەموو سات‌و شوێنێکدا‌و بۆ هەموو ڕۆشنبیرێک ڕاست نییە. بەم تێگەیشتنە لەژیانی حیزبی، ڕۆشنبیری کلاسیکیمان، تەواوی دەسەڵاتی سیاسی دەبەخشێتە سیاسییە نەخوێندەوارو تەکتیکچی‌و پاشقولگرەکان. ڕۆشنبیر کە لەحیزب دێتەدەرێ، دەبێت ئەو دوورکەوتنەوەیە بخاتە پاراستنی هەیبەتی مەعریفەو تیورەو سەربەخۆیی عەقڵەوە لەهەموو جێگاکاندا، نەوەک بیکات بەکەرەستەی نیشاندانی لاوازیی‌و ڕیسواکردن‌و پشتکردنە عەقڵ لەناو حیزبدا. من زۆرجار ئەو هەستەم هەیە، ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە کە ئەو هەموو پێداگرییە لەسیاسەت دەکات، بێئەوەی خۆی سیاسەت بکات، بەشی هەرە زۆری ئەم بانگەشەیەی بۆ وەک کردنەوەی ڕێگاو ئاسانکارییە بۆ هێزە نەخوێندەوارو کلاسیکییەکانی ناو حیزب، بەبڕوای من ڕۆشنبیری کلاسیکی، ڕۆشنبیرێکی سیاسی ڕووتە، دوورکەوتنەوەی لەحیزب کارێکی سەتحی‌و نمایشییەو نەگەیشتۆتە جێگا قووڵەکان‌و مانا کاریگەرییەکانی خۆی، ئەمە کارێکی کردوە ئەمجۆرە ڕۆشنبیرانەی هەر وەزیفە ترسناک‌و خراپەکانی کادێری ئیعلامی حیزب بگێڕن، بەڵام لەدەرەوەی حیزب. دووەم: ئەم ڕۆشنبیرە بۆ ئەوەی پارسەنگی هاتنەدەرەوەی لەحیزب رابگرێت، هەموو ژیان لەدەرەوە بەسیاسەت بارگاویدەکات، هەموو کایەکانی نوسین دەکات بەکایەی سیاسی، لەهەموو ئەو جێگایەنەش کە دەبێت قسەی تر بکرێت، ئەو بەعەقڵێکی بەلشەفیکی تێزە ئایدۆلۆژییەکانی خۆی دادەبەزێنێت... واتە لەو جێگایەدا کە دەبێت سیاسەت بکات، مەعریفە بگوازێتەوە ناو سیاسەت‌و هەیبەتی فیکر بەرامبەر سیاسی بودەڵەو نەزان ڕابگرێت، بێدەنگ دەبێت. لەو جێگایەشدا کە دەبێت سیاسەت بێدەنگ بکات‌و فیکر بێتە قسەو عەقڵ‌و ویژدان لەسەنگی گوناهە سیاسییەکان پاکبکاتەوە، خەریکی بەسیاسیکردن‌و بەئایدۆلۆژیزەکردنە. ڕۆشنبیریی کلاسیکی لەدەرەوەی حیزبدا بێت یاخود ناوەوە، هەمیشە هەر کادێرێکی حیزبە... بەپێچەوانەی ڕۆشنبیری نوێ وە کە بەبڕوای من لەهەر جێگایەکدا بێت، لەناو حیزبدا بێت یان دەرەوە، بۆ ڕاگرتنی هەیبەتی فیکرو تێرامان‌و بیرکردنەوە کاردەکات، دژ بەجەهلی سیاسی‌و دیکاتۆرییە حیزبییەکان.
******
یان دەکرێت بەمجۆرە بیبینین:
ڕۆشنبیریی کلاسیکی ئەو بوونەوەرە خوێندەوارەیە، کە ئەگەر لەبەرەی دەسەڵاتدا بێت، بەردەوام بەهانەی نەتەوەیی‌و غەمخۆریی نیشتیمانی بۆ هەڵوێستەکانی خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام زمان‌و هەڵوێستی هێندە لەقاڵبدراوو تەکتیکییە، هەموو دەرکەوتنێکی مایەی پێکەنینەو هەموو قسەیەکی خەندەیەکی تاڵ‌و گاڵتەجاڕانەمان تێدا دەبزوێنێت. بەڵام گەر لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت، ژیان‌و عەقڵ‌و ڕوانینی دەخاتە خزمەت بینینی دزێوییەکان‌و بیستنی بێشەرمییەکان‌و بۆنکردنی بۆگەنییەکانی دەسەڵاتی کوردی، وەزیفەی خۆی کورتدەکاتەوە بۆ قسەکردنی بەردەوام لەسەر ئەم بۆگەنییە. تێناگات کە هەمووان پێش ئەو، زۆرجاریش باشتر لەو بۆگەنی دەسەڵاتیان بینیوە، هەمیشە وادەزانێت دیکتاتۆرییەت‌و بۆگەنی‌و چڵکنی پارتی‌و یەکێتی شتێکە خۆی دۆزیوێتییەوە، وادەزانێت بەتایبەت چۆتە لابۆرەوەو خەڵوەتی گرتووەو ئیلهامی ئەوەی بۆ هاتووە کە پارتی‌و یەکێتی دوو هێزی دژ بەکۆمەڵگان. پێی وایە گەر ئەو ڕۆژێک بەم هێزانە نەڵێت هێزی چڵکن‌و دزێو، ئیدی پاکدەبنەوەو لەبەرچاوی خەڵکی سپی دەبنەوە. ڕای وایە تا ئەو بەسەرۆک نەڵێت دیکتاتۆر کەس نازانێت دیکتاتۆرە. ئەم ڕۆشنبیرە گەرچی لەسەر هەڵوێست دەژی، بەڵام سیفەتی سەرەکیشی ئەوەیە هەڵوێست بێمانا دەکات، دەیکات بەشتێکی بچوک‌و دووبارەو ڕۆژانە ... هێندە بەماناو بێمانا قسەکانی لەسەر حوکمدار دووبارەدەکاتەوە تا وێنەی ڕۆشنبیر لەبەرچاوی هەمووان دەگۆڕێت بۆ وێنەی توتییەک کە بەردەوام وەک یەک کاسێتی قووتدابێت، یەکجۆر قسە دەڵێتەوە. ئەمجۆرە لەڕۆشنبیر، هەڵوێست لەهەموو قووڵاییە ئەخلاقییە گەورەکانی ڕووتدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بیکات بەڕیکلامێک بۆ غەمخۆریی خۆی. بێئگایی خۆی دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵاتداران، چونکە شوێنێ ڕۆشنبیرو وەزیفەی وەها دەشکێنێت، خەڵکی وادەزانن، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە تەنیا یەک شت دەزانێت، ئەویش ئەوەیە بەجەنابی دیکتاتۆر بڵێت دیکتاتۆر. بەڵام سەیر لەوەدایە وا هەستدەکات هەموو کۆمەڵگا گوێی شلکردوە بۆ ئەوەی لەدەمی ئەوەوە بیدۆزێتەوە کە پارتی‌و یەکێتی دوو ناشیرنترین هێزی سیاسی مێژووی ئێمەن. بەسەرێک بەڕۆشنبیرانی تر دەڵێت مەبن بەپێغەمبەرو بایەخ بەشتە سادەکان بدەن، بەڵام هەر خۆی کاتێک تووشی ئەو دەردە دەبێت‌و پێیوایە حەقیقەت گەر لەزاری ئەوەوە بگاتە گوێمان زیاتر لەحەقیقەت دەچێت، بەوەش خۆی دەخاتە پلەی پەیامبەرە گەورەو ساحیرە ئەفسوناوییەکان.
ڕۆشنبیریی کلاسیکی گەرچی هەندێک جار چەکی مۆدێرنیش بەکاربهێنێت، بەڵام لەڕاستیدا بەجۆرێکی ترسناک هەمیشە لەڕابوردوودا نوقمبووە.

8 comments:

  1. هەستدەکەم تەنها رەهەندێکی سیفاتی ئەو رۆشنبیرانەت وەگرتووە ئەویش پابەندبوونیان بە سیاسەت و حیزبە کوردییەکانەوە، بە ڕای من رۆشنبیرە کلاسیکەکان خاوەنی چەند سیفەتێکی ناوازەن کە دەتوانرێت کاری جییدیان لەسەر بکرێت. بۆ نمونە ئاستی مەعریفی و خوێندنەوەیان بۆ دونیای ئەدەب و هونەر و خولانەوەیان لە چەند بازنەیەکی بچووکی کوشندە لە ئایدیۆلۆژیا و دین و بەها تایبەتەکانی میللەت!! من هەستدەکەم بە خوێندنەوەی قوڵی خۆتەوە دەتوانیت کاری زۆرتر لەسەر ئەم پیناسە بکەیت کە تەنها کاردانەوەیەکی هەنوکەیی کۆمەڵایەتی نەبێت بۆ هەقیقەتی هەنووکەیی رۆشنبیری کوردی. زۆر سوپاس و کوانوی نوسینیت هەردەم گەرم. برات عەباس بۆسکانی

    ReplyDelete
  2. کاک بەختیار، کارەساتە ئەوەندە کڵۆڵ و نەخوێندەوار بیت. کارەسات لەوەیش گەورەتر ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک هەستی پێ نەکەیت. ٢٤ ساڵ لە نووسین زۆرە بۆ ئەوەی پێشنەکەویت، درک بە هەڵەکانت نەکەیت، گوێ لە ڕەخنەی خەڵک نەگریت، تەنانەت لە هیچ سەرنج و تێبینیێک تێنەگەیت و وا بزانیت ئەوە خەڵکە وا کەروگایە و لە تۆ تێناگات. تۆ بە هەمان شێوەی مەسعود بارزانی و سیاسییەکانی تر، گەیشتوویتە ئەو ڕادەیەی لەخۆبایی بوون و نەگەڕانەوە، کە چیدی گوێگرتن و بیرکردنەوە لە چاکسازی و پاکسازی و گۆڕان هیچ سوودێکی نییە. تازە تۆ سنووری هەموو هیوایەکت تێپەڕاندووە. وەک لە باسێکی دیکتاتۆرییەتدا خۆت ئاماژەت پێداوە: ئیتر تۆ بووە بە قەدەر و چارەنووست، گەڕانەوەت بۆ نییە تا نەگەیتە پەتەکە. وەک دیکتاتۆرەکان، سوور دەزانن هەموو هەنگاوێکیان پلەیەک زیاتر ڕۆدەچن و چاڵەکە بۆ خۆیان قووڵتر دەکەن. هەموو هەنگاوێکیان ئەوەندەیتر لە پێداگری دیکتاتۆریی و لەدەستدانی ڕەوایەتی و تاکپەرستی و لەخۆباییبوون و لووتبەرزی و دوور کەوتنەوە لە میللەت نزیکیان دەکاتەوە و دەیانبات. ئەگەر تەنیا ئەم نووسینەت بە نموونە بهێنمەوە، لەم نووسینەشدا تەنیا لەسەر دێڕی یەکەم بووستیت و کەمێک سەرنج بدەیت، وڕ و کاسیش بیت نابێت نەیبینیت کە ئەو دێڕە هەڵەیە. وەک سوسور دەڵێت: بیرکردنەوە لەسەر هەمان سیستمی زمان بنیادنراوە. لاکانیش بە هەمان شیوە دەڵێت: نەستی ناوەکی مرۆڤ لەسەر سیستمی زمان داڕێژراوە. زمانت بریتییە لە بیرکردنەوەت، لە ناخت، لە پانتایی و جۆر و ڕووبەری ڕۆشنبیرییەکەت. سەرنج بدە، دێڕی یەکەمت بەم شێوەیە دەستپێدەکات: "لەسەرەتای سەدەی بیستدا‌و لەسایەی ناسیونالیزمی کوردییدا زاراوەیەکی هاوشان‌و تەریب سەرهەڵدەدات کە زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردییە."کە تۆ دەڵێیت هاوشان و تەریب، دەبێ بڵێیت هاوشانی چی و تەریب بە چی؟ هەڵبەتە دەزانم ئێستا تۆ بە مێشک و زمانە بازاڕییە جنێوفرۆشەکەی خۆت پێم دەڵێیت: هەی گەمژەی کاڵفام، تەماشای نووسینەکە بکە، ئەوسا دەبینیت هاوشانی چی و تەریب بە چی. ئەمە وەک ئەم دێڕە وایە: من ئاو وەک دەخۆمەوە. دواتر بۆت باس دەکەم وەک چی. لێرەدا بە هیچ شێوەیەک مەبەستم لە زمانزانی و ڕستەسازی و ڕێزمان و ئەم شتانە نییە، چونکە منیش لە تۆ کڵۆڵترم لەم بوارانەدا، مەبەستم لەوەیە کە تۆ زمانت بێ سەروبەر و هەڵەیە، واتە بیرکردنەوەت بێسەروبەر و هەڵەیە. هەر لە دێڕی دووەمدا خەستی دەکەیتەوە و درێژە بە هەڵەی یەکەمت دەدەیت: "ئەم زاراوەیە هاوشان بە سێ سیفەتی سەرەکی‌و کوشندە لەدایکدەبێت، کە هەرسێکیان تا ئەمڕۆ ڕۆشنبیریی ئێمەیان لەبنەوە کلۆر کردوە." ئاخر زاراوە شتێکە و سیفەت شتێک کە پێکەوە کۆناکرێنەوە. وەک ئەوەیە وێنەی مانگایەک لەسەر پەڕەیەک کێشرابێت و کانییێکی ڕاستەقینە کۆبکەیتەوە. وەک ئەوەیە بڵێم: من هاوشانی بنیادگەرایی لەدایک بووم. کێشەکە لەوەشدایە کە هەر ناڵێیت هاوشانی کام سیفەت؟ چونکە دێڕی دوای ئەوە: "یەکەم: زاراوەی ڕۆشنبیریی کوردیی، کە لەدایکدەبێت، درێژکراوەی خەیاڵ‌و فەنتازیاو هەوڵەکانی دروستکردنی شوناسە لای ناسیونالیستە کوردەکان." گوزارەی ئەو نیهادەیە نییە. بچووکترین و سەرەتاییترین شارەزایی لە زماندا ئەوەیە نیهادەکانت گوزارەیان هەبێت، ئەمە پەیوەندی بە زمانیشەوە نەبێت، پەیوەندی بەوەوەیە کە تۆ هەڵە بیردەکەیتەوە. کە خەڵک پێت دەڵێ زمانت تەواو نییە، تێبگە کە مەبەست ئەوەیە بە هەڵە بیردەکەیتەوە، بۆیە بە هەڵە دەربڕین دەکەیت. وا تێمەگە مەبەست لە ڕێزمان و شارەزاییە لە وشەسازی و ڕستە و چی و چی تر، لەمانەدا ئەگەر هەموو کوردێک لە یەک ئاستیشدا نەبێت، نزیکە لە کوردێکی ترەوە.(درێژەی هەیە)

    ReplyDelete
  3. دێمە سەر ناوەڕۆکی باسەکە. کاک بەختیار، پێت وا نییە کە لە هەموو جیهاندا و بە درێژایی مێژوو، پەیوەندی ڕۆشنبیر بە سیاسەتەوە هەر بەم شێوەیە، لایەنی کەم هەر بەم دوورییە بووە؟ کە لە کوردستاندا هەیە؟ واتە هەر لە سەرەتای بیری مرۆڤایەتی (مەبستم مێتافیزیک و فەلسەفەیە)، ئەفلاتۆن، ئەریستۆت، بە پلوت و ئۆڤید و تۆسیدید و پلوتارک و سێنێک تێبپەڕێت تا دەگاتە هیوم و هۆبس و ڕوسو و ڤۆلتێر، تا مۆدێرنەکانیش سارتر و کامو و هایدگێر و بوردیو و فوکو و بادیو و ژیژەک..تاد، هەمان پەیوەندی ئاڵۆز و نزیکیان لەگەڵ سیاسەتدا هەبووە؟ پێت وا نییە کە ڕێبین هەردی و فاروق ڕەفیق و مەریوان وریا... هەر هێندەی دولوز و دێریدا و ... دوور یا نزیکن لە سیاسەتەوە؟ پێت وا نییە کە کێشەکە لەو پەیوەندییەدا نییە، کێشەکە لەو دووری و نزیکییەدا نییە، لە مەسافەکەدا نییە، تەنانەت لە جۆری ئەو پەیوەندییەدا نییە، بەڵکو لە جۆر و چۆنێتی خودی ڕۆشنبیری و سیاسەتدایە لەو وڵاتەدا؟ ئەوەی جیاوازە لەنێوان کوردستان و بۆ نموونە فەڕەنسادا، دوور و نزیکی و پەیوەندی نێوان سیاسەت و ڕۆشنبیر نییە، جیاوازییەکە لە کوالێتی و چۆنێتی و جۆری ئەو سیاسەتە و ئەو ڕۆشنبیرییەیە کە لەو وڵاتەدا هەیە. بەم پێیەش، من تۆ بە نوێنەری ئەو جۆرە ڕۆشنبیرە دەزانم کە خۆت باسی دەکەیت و بە کلاسیک ناوی دەبەیت. ئەم وێنەیەی لە سەرەوە کێشاوتە، ئۆتۆپۆرترێتێکی تا بڵێی بەئەمەکی خۆتە. کوتومت وێنەی خۆتە. چۆن؟ لە کۆمێنتی داهاتوودا دێمە سەر ئەم خاڵە.

    ReplyDelete
  4. کێشەی ئەو ڕۆشنبیرەی لەم نووسینەدا وێنەی دەکێشیت، کلاسیکبوونیەتی، ڕاستە، بەڵام پێناسەی ئەو کلاسیکیبوونە بە شێوەیەک کراوە کە خۆتی لێ دەرباز بێت. ئەو چوارچێوەیەی بۆ کلاسیکیبوون کێشاوتە؛ (پەیوەندی ڕۆشنبیر بە سیاسەتەوە)، ڕووکەشە و تەنیا لایەنێک دەگرێتەوە، ئەو لایەنەیە کە خۆت بە تەنیا لێی دەردەچیت، وەک بەختیار عەلی. کلاسیکیبوونی ڕۆشنبیری کورد ئەگەر دە لای هەبێت، تۆ لە نۆ لایدا هاوبەشیت لەگەڵ ڕۆشنبیرەکەی وێنەی دەکێشیت. ئەم لایەنانەی تر کە وا دەکەن ئێمە بە ڕۆشنبیرێک بڵێین کلاسیک یا کۆن، لە کوردستان و لە ڕۆشنبیری کوردیدا بریتین لە جۆر و چۆنێتی ڕۆشنبیرییەکەی. بریتین لە جۆر و پەیوەندی ئەو ڕۆشنبیرە نەک تەنیا بە سیاسەتەوە، بەڵکو بە ژیان و کۆمەڵگا و کولتوور و مرۆڤبوونی خۆیشییەوە. بریتییە لە پەیوەندی ئەو بە ڕۆشنبیری و بیری مرۆڤایەتییەوە، پێش ئەوەی بریتی بێت لە پەیوەندی ئەو بە سیاسەتەوە. لەمانەیشدا، لە هەموویاندا تۆ و ئەو ڕۆشنبیرە کلاسیکییەمان هاوبەشن. ڕەنگە تەنیا لە پەیوەندیتان لەگەڵ سیاسەتدا هاوبەش نەبن، ئەویش پەیوەندییە ڕووکەشییەکەیە وەک وتم. پەیوەندی تۆ و ئەم ڕۆشنبیرە کالاسیکە بە ژیانەوە هەمان پەیوەندییە؛ تەماشاکەر و گەشتیار، نەک کارکەر و ژیاو بێت. بنەمای پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی و بیری مرۆڤایەتییەوە لەڕێی کتێبە کورتکراوە وەرگێڕدراوەکانەوەیە، واتە لەڕێی ئەو نەخشەیەوە کە وەرگێڕانی فارس و عەرەب بۆیان کێشاوە. پەیوەندی تۆ و ئەو ڕۆشنبیرە کلاسیکییە بە کۆمەڵگاوە بە هەمان شێوە؛ لە دوورەوە دەیبینێت و لەسەری دەدوێت؛ بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەوەیە کە زۆرینەتان لە شار و گەڕەکێکی ئەو وڵاتە زیاتر نەژیاون و تەنانەت نەتانبینیەوە. زمانیشتان نەتەنیا ژێرزاری شار و ناوچەیەکە، بگرە بە زمانی یەک گەڕەکی ئەو شار و دێیە دەدوێن کە لێوەی هاتوون. ژێرخان و ژێرزەمین و کتێبخانەکەی ناو مێشک و دەروونتان تاکە سەرچاوەی ڕۆشنبیرییەکەتانە؛ ئەم ژێرخانەیش بریتییە لە کەلاوەیەکی گەورە و فراوان، کە هەموو جۆر کاڵایەکی بەکاربراو و دەستی دوو و خەڕەکە شکاو و پارچە فافۆن و پلاستیک و گەندوگوویەکی وەرگێڕدراو و کورتکراوەی فارس و عەرەبی تێدایە. لە سەردەمێکدا ئەم ژێرخانەتان پڕکردووە، ئیتر وەک وشتری بیابان، لە هەموو سەفەرە ڕۆشنبیرییەکەی نووسینتاندا لە بەزی پشتی خۆتان دەخۆن، واتە ئەو گەندووگووەی ژێرخانەکەتان کاوێژ دەکەنەوە و دەجوونەوە و بە جۆرێکی نوێ و دەفرۆشنەوە. وشەیەک لەم لا و وشەیەک لەولا دێنن و، پاش و پێشیان پێ دەکەن و ڕستە و بابەتی نوێی پێ درووست دەکەن. (ماویەتی)

    ReplyDelete
  5. ڕۆشنبیری مۆدێرن کامەیە؟ ئەمە نە تەنیا لە نووسین و وتاردا، بگرە لە ڕۆمان و تەنانەت شیعریشدا ئەمڕۆ ڕۆشنبیری بریتییە لە بەرکەوتنی واقع. بریتییە لە داتاکردن، بریتییە لە ناسینی ئەو زەوییەی کە کاری لەسەر دەکەیت. بریتییە لە کێڵان و هەڵکۆڵینی ئەو زەوییە کە وقعە. لە واقع مەبەستم ڕەگ و ڕیشەی ئەو واقعەیە کە مێژووە. بەبێ لایەنی مێژوو، ڕۆشنبیریی دەبێتە چەنەبازی و وشەسازی و سەفسەتە. ڕۆشنبیری کلاسیک ئەو ڕۆشنبیرەیە کە بە هیچ شێوەیەک کار لە زەویدا ناکات، زەوی ناناسێت، هیچ پەیوەندیێکی ئۆرگانیکی بەو زەویەوە نییە کە کاری تێدا دەکات (کە دەبێ کاری لەسەر بکات). بۆ نموونە، فوکو چی کردووە؟ کە ئێمە دەڵێین کلاسیک نییە؟ فوکودەچێت بە هەموو بیری ڕۆژئاوادا دەچێتەوە. بۆ ئەمەیش پێویستی بە خوێندنەوەی ئەو مێژووە هەیە، نە تەنیا بیریارانی، بەڵکو ناو دەزگا و دامەزراوە و کەنیسە و هەموو ئەو شوێنانەی نووسینیان بەرهەم هێناوە. سیستمیان بەرهەم هێناوە. بەشدارن لە بەرهەمهێنانی سیستمدا. ئەو خۆی دەڵێ: بۆ ئەوەی لە مێژووی یاساکان تێبگەم، نەچووم تەماشای کتێبی یاسا بکەم، شتەکەم پێچەوانە کردەوە، دەبوو لە مێژووی تاوان بکۆڵمەوە. بۆ ئەوەی لە بیری ڕۆژئاوا و مێژووەکەی بگەم و بیخوێنمەوە، دەبوو مێژووی شێتی بناسم... فوکو بۆ هەموو کتێبێکی بە سەدان و هەزاران کاتژمێر لەناو ئەڕشیفدا کاری دەکرد، سەفەری دەکرد بۆ وڵاتێکی دوور تەنیا بەڵگەنامەیەکی مێژوویی دەسکەوێت. بەدەر لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ژن و پیاو و سیاسەت و دەسەڵات وهۆمۆسێکسوەلیتێ و هەموو ئەو واقعەی تێیدا دەژی، پەیوەندی بە بەرهەمەکانی بیرەوە پەیوەندییێکی دەستلێدراو و ڕاستەقینە بوو. نەک وەک ئیوە لە کتێبخانە و پشت مێزەکەی خۆیەوە ژنبوون و ڕۆشنبیری و کۆمەڵگا و شۆڕش و دەسەڵات...مان بۆ ئەندێشە بکات. ئەوە ئەندێشەکردنە کە تۆ پێی دەڵێیت بیرکردنەوە. ئەم دووە هێندەی باوەڕ و بیر لە یەکەوە دوورن. بنەمای ڕۆشنبیرییەکەی تۆ وەک کلاسیکی کوردی، بریتییە لە ئەندێشەکردن و خۆخواردنەوە و خەیاڵکردن، بۆیە ئەوەندە شیعری و عیرفانییە و هیچ پەیوەندی بە بیر و بەرهەمهێنانی بیرەوە نییە. (درێژەی هەیە)

    ReplyDelete
  6. لە وتارێکی ناو ئەم بلۆگەدا باسی مامۆستا و قوتابی دەکەیت. لەو وتارەدا تێگەیشتن و بینین و بۆچوونی تۆ بۆ فێربوون و زانین و ڕۆشنبیریی ڕوون دەبێتەوە. تۆ هێشتا زانین بە گەڕان لەناو تاریکی و نادیاردا دەبینیت. تاریکی و نادیار واتە عیرفان و خورافە. واتە زانینێکی ئەبستراکتی خەیاڵپڵاو، واتە ئەوەی کە (ڕۆشنبیری کلاسیکی هەمیشەیی)ئیمەی لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ گیرۆدە کردووە. بە دەربڕینی خۆت: گەوجاندووە. لە شوێنێکی ئەو وتارەدا باس لەوە دەکەیت کە فێربوون و زانین بریتییە لە "چنینی تۆڕێکی فراوان" وەک جاڵجاڵۆکە. ئەمەیش ئەو قسەیەی من دەسەلمێنێت کە لە سەرەوە کردوومە: "درووستکردنی ژێرخانێک کە وەک کەلاوەیەک وایە، پڕە لە هەموو ستێکی بێسوود، پڕە لە زبڵ و گەندوگوو"، لە کاتێکدا کە ڕۆشنبیری بریتییە لە ڕوونبوونەوە، چاکبوونەوە، نزیکبوونەوە لە هەوای کراوە (وەک نیتچە دەڵێت بۆ بەرزاییەکان، بۆ ئەو شوێنانەی هەموو کەس بەرگەی هەوای ساردی بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانیان ناگرێت(. نەک خۆبارکردن بە زانیاری و رستەکانی ئەوانیتر. جیاوازی نێوان ڕۆشنبیری و تاریکبینی کوندەپەپووئاسا لەم وێنە نەستییەدایە کە بێ ئاگا خۆت کێشاوتە: تەونی جاڵجاڵۆکە. بەدەر لەوەی ئەو هەڵە کوشندە و مێژووییەی کورد و فارس و عەرەب دووبارە دەکەیتەوە: زانین و زانست و زانیاری تێەڵ دەکەیت. وەک چۆن هەموو زانستگا و خوێندنگا و فێرگاکانمان شوێنی فرۆشتن و گەیاندنی زانیارین (واتە مەعلومات)، تۆیش پێت وایە کە مرۆڤ بە وەرگرتنی زانیاری، لەڕێی کتێب و فێربوون و قوتابیبوونەوە، دەگاتە زانین و زانست، واتە دەگاتە بیر و داهێنان، واتەیش دەبێتە ڕۆشنبیر. من پێم وایە، ڕۆشنبیر نە ئەو باڵندە غەمگینەیە کە بەسەر شتەکاندا دەفڕێت و دەقیڕێنێت، نە ئەو کەرەشە کە بە هەرچی زانیاری و نووسینی وەرگێڕدراوو کورتکراوە هەیە خۆی باردەکات. ئەم دوو بوونەوەرە هەردووکیان کلاسیکن، بەڵام کلاسیکی کوردی، نەک کلاسیکی ڕۆژئاوایی. ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوا، تەنانەت کلاسیکەکانیش، پەیوەندییان بە شتەکانەوە، مێتۆدەکانی کارکردنیان، چۆنێتی و کواڵیتی زانین و ڕۆشنبیرییەکەیان، هەموو ئەمانەیان لە ڕیشەوە لەوانەی ئێمە جیاوازە. لە هەموو ئەمانەدا، کە بە بۆچوونی من پۆزیتیڤە، ئەو گۆڕانکاریەیە کە ڕۆشنبیری ئێمە کردوویەتی لە پەیوەندی یا لە هەوڵی پەیوەندیدیکردنی لەگەڵ سیاسەتدا. (ماویەتی)

    ReplyDelete
  7. لە سەدەی بیستدا، ڕۆشنبیریی کوردی لە حوجرە دەرباز بوو، بەلام کەوتە ناو حیزبەوە، هیچ نەبێت کەوتە ناو سیاسەتەوە. لەم خاڵەدا لەگەڵتام. بەڵام ئەمە لە بەرهەمەکانی تۆدا تێپەڕێندراوە. لەڕێی گەڕانەوە بۆ حوجرە، نەک چوون بەرەو زانست. تۆ لە ئەدەبدا عیرفان و بیری خورافیت زیندوو کردەوە، بەوەی شعرت لە کولتووری فارس و عەرەبی ئیسلامی هەڵکێشایەوە، بەرگێکی نوێی ئاینیت کردەوە بەبەردا. خۆت دەزانیت شۆڕشی گۆران لەوەدا بوو شیعری کوردی لە کێشی عەروز و لە زاراوەی عیرفانی و قورئانی و سۆفیزمی تەریقەتەکان پاککردەوە، تۆ ئەم زاراوە و مۆزیکەت جارێکی تر هێنایەوە ناو شعری کوردی: وشەگەلی وەک؛ ئەهریمەن، شەیتان، فیردەوس، گوناە، عیشق، پەری و حۆری، دەیان سەمبۆل و زاراوەی بارگاوی تریش، بارگاوی بە بیری ئاینی ئەبستراکت، دەهێنیتەوە ناو ئەدەبی کوردی. هەڵبەتە پێشت دەکەوم؛ پێدەچێت بڵێیت من ئەمانەم بە شێوەیەک بەکار هێناوە کە دەلالە و واتا و ئەرکی تری نویان پێ ببەخشم، بە شتی تر بارگاوییان بکەم، لەو (مەفهومە تەقلیدییە)ی خۆیان دایانماڵم...تاد. دەڵێم: گۆران و پیرەمێرد و قانع و چالاک و هێمن و ... ڕێسێکیان چنیبوو، پێویست نوبوو بیکەیتەوە خوری و بمانگەڕێنیتەوە سەدەی نۆزدە. لێرەدا دەڵێم؛ بەختیار عەلی وەک ئەو ڕۆشنبیرانەی ترمان کلاسیک نییە (کلاسیک بە واتای سەدەی بیستی کوردی و سیاسییبوونی ڕۆشنبیر)، پێش کلاسیکە، واتە کلاسیکی کۆنە، کلاسیکی سەدەی نۆزدەی پێش درووستبوونی حیزب و سیاسەت. (ماویەتی)

    ReplyDelete
  8. زانستە مرۆییەکان ئەمڕۆ، بەوە لە سەردەمی کلاسیک جیادەکرێنەوە؛ ١. مێتۆدی کارکردنیان جیاوازە. بۆ نموونە بوردیو تا ساڵانێک لە جەزائیر و لەناو قەبائیلەکاندا نەژیا، کتێبی لەسەر کۆمەڵناسی قەبیلەکان نەنووسی. کلود لیڤی شتراوس تا سەردەمێکی زۆر گەشتی بەناو کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا نەکرد، کتێبەکانی لەسەر تیرەناسی نەنووسی. دولوز کە لە بوارێکدا کاری دەکرد، هەموو زانیاریێکی تێدا پەیدا دەکرد، بەدەر لەوەی ماوەیەک لە ژیانی خۆی بۆ تەرخان دەکرد، ئینجا لە زانکۆدا وەک وانە دەیوتەوە، ئینجا کتێب و وتاری لەسەر دەنووسی. کە هەموو دەوروبەر و کونوکەلەبەری ئەو نووسەرە یا ئەو بابەتەی دەگەڕا و بەسەردەکردەوە، دواتر مێتۆدی پشکنینەکەی ڕوون دەکردەوە. واتە ئیشی ڕۆشنبیری مۆدێرن؛ وەک فوکو دەڵێت؛ ئەرکیۆلۆژیایە، شوێنەوارناسییە. با باسی کلاسیکەکان بکەین؛ فرۆید دەیان ساڵ لە تاقیگەدا بوو، ئنجا بەرئەنجامەکانی خۆی کردە کتێب، ئەو مارکسەی (دڵنیام تۆ یەک وشەیت نەخوێندووەتەوە و بریاری سۆزئامێزی لەسەر دەدەیت)، چل ساڵی خایاند تا کتێبەکەی (سەرمایە) بنووسێت، کە هێشتا تەواو نەبوو مرد. کارل مارکس یەکێکە لە درووستکەران و پێشبەرانی لیبڕالیزم، کتێبەکەی لە هەموو قوتابخانە ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا دەخوێنرێت. چونکە ئەو کتێبەی، کە بەرهەمی بیر و کارکردنییەتی، هیچ پەیوەندی نییە بە ئایدۆلۆژیاکەیەوە، هیچ پەیوەندی نییە بە مارکسییەتەوە، بە پارتی کۆمۆنیستەوە، کە مارکس وەک تاکە کەس و هاوڵاتی داهێنەر و لایەنگر و ئەندام بووە تێیدا. ژان ژاک ڕوسو تەنانەت بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی "ئێلۆیزی نوێ"، گەشتی دەکرد و خەڵکی دەبینی و سەردانی دەکرد کە پاڵەوان و ئەو شوێنانە چاک بناسێت لە ڕۆمانەکەدا وێنایان دەکات، ئەمە تا ئەمڕۆێش هەر وایە؛ پۆل ئوستێر، کلێزیو، کوندێرا، پاموک... وەک ڕۆژنامەوان و دۆکیومێنتاریست کار بۆ ڕۆمانەکانیان دەکەن. (ماویەتی)

    ReplyDelete