Wednesday 10 July 2013

خۆگێلکردن وەک ستراتیژ - سیروان عەبدول وەک نمونە


بەشی دووەم


بەرگریکردن لە دیموکراسییەت، بەڵام بە دەم داخستن

بەشی زۆری نوسینەکەی کاک سیروان لەسەر یەک تێزە دامەزراوە «من دەبوو بێدەنگ بم، تا شۆڕشە دیموکراسییەکەی ئەو دەگاتە کۆتایی. من لەوە تێنەگەیشتووم، قسەکانم چ ڕۆڵێکی خراپیان لە پەکخستنی ئەو بزووتنەوە دیموکراسییەی ئەودا بووە»
ئەمڕۆ بە دەگمەن لەسەر زەوی یەکێک بدۆزینەوە، بەرگری لە دیموکراسییەت نەکات. بەڵام ئەوەی لە ڕێگای دەم داخستنەوە ئەم بەرگرییە پیادەبکات، هێشتا چەکی کەمینەیەکی بچوکە، کە پێدەچێت کاک سیروان یەکێک بێت لەوانە. بەڕێزیان واهەستدەکات ڕۆشنبیریی کوردیی حیزبێکە و دەبێت یەکێک لە ناویدا ئەوە دەستنیشانبکات کێ و کەی قسەبکات و چی بڵێت. لێرەوە دەنوسێت :
«تکایە تۆ مولزەم نیت بنووسیت ئەگەر قسەت نەبێت، وە ئەوە گرفتی تۆیە و گرفتی کۆمەڵگای کوردیی نییە ئەگەر تۆ هەست بە ''گوشاری چاوەڕوانیی'' (Expectation pressure) خوێنەر دەکەیت بەسەر خۆتەوە بۆ قسەکردن لەو ڕۆژانەدا کە ڕووداوەکان چڕ دەبنەوە و خەڵک حەماسەتێک دەیگرێت بۆ بەشداریی سیاسیی. پێم خۆشە ئەمەت ئاوا توند پێ بڵێم چونکە هەم هیچ تێگەیشتنێکم بۆ ئەوە نییە کە تۆ خۆت بە مولزەم دەزانیت و پێتوایە هەرچییەک بێت هەر دەبێت شتێک بڵێیت و، هەمیش چونکە دەزانم وتار و قسەکردنی وا بێسەروبەر لە نوخبەی ڕۆشنبیرییەوە چەند زەربەی کوشندە دەدات لە دۆزی بردنەپێشەوەی پرۆسەی دیموکراتیی لەو هەرێمەدا کە بۆ هەموومان گرنگە.»
ئەم جۆرە نوسەرە لە کوێی ئازادی و ماف و بەرگریکردن لە دیموکراسییەت و کولتووری دێباتدا وەستاوە، ئەم ڕستانە دەرەنجامی چ پەروەردەیەکی سیاسی و چ ژێرخانێکی کولتووریین?. سیروان عەبدول لێرەدا ئەوە دیاریدەکات کە بەڕێزیان دەزانن چی بۆ بردنە پێشەوەی پرۆسەی دیموکراسی باشە و هەر خۆشیان فەرمان دابەشدەکەن کێ مولزەمە و کێ مولزەم نییە چی بنوسێێت و چی بڵێت و کەی بیڵێت، ئەمە جگە لەو نەرجسییەت و لە خۆ رازیبوونەی لە پشتێتی، خواستێکی هەڕەشە و دەمکوتکردنی ترسناکیشی لە پشتە. بەپێی ئەم وتارەی کاک سیروان، ئەم دیموکراسییەی کە لە کوردستاندا پرۆسەکەی بەڕێوەیە، قازانجەکانی، ڕەوتەکەی، چاک و خراپی ئەو دیاریدەکات. ئەو سەرپشکە کە چی لەم ڕەوشەدا باشە بنوسرێت و چی باش نییە. هەر وەختێ نوسەرانی کوردیش شتێکیان نوسی لەگەڵ بۆچوونی سیروان عەبدول و هاوشێوەکانیدا نەگونجا، ئەوا «زەربەی کوشندەیان» لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی داوە. ئەمجۆرە تێڕوانینە وادەزانێت دیموکراسییەت بەرنامەیەکی حیزبی و پرۆگرامێکی سیاسی دیاریکراوە کە ئەو دایڕشتووە، لێرەوە هەر تێز و بۆچوونێک ئەوە لە خۆ نەگرێت کە ئەو دەخوازێت. ئیتر مەترسی بۆ دیموکراسییەت هەیە. ئەوەی لێرەدا قسەدەکات ڕۆشنبیرێک نییە کە باوەڕی بە خەباتی سیاسییە بۆ دیموکراسییەت، بەڵکو کادێرێکی سیاسییە پێشوەخت دەزانێت مێژوو بۆ کوێ دەچێت و بۆ هەموومانی دیاریدەکات چی باشە بۆ ئەم خەباتە و چی خراپە، ئەو تەنیا پێشەنگە لینینیەکەی جەماوەر نییە کە فەرمانیان پێدەدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵکو کەسێکە، ئەوەش دیاریدەکات رۆشنبیران چی بڵێن و چی نەڵێن، کەی مولزەمن و کەی مولزەم نین، کەی قسەیان باشە و کەی قسەیان زیانی هەیە. هەر بەپێی ئەم تێڕوانینە حیزبییە، سیروان عەبدول دەیەوێت ئەوە دیاریبکات من کەی مولزەمم قسە بکەم و کەی نەیکەم... ئەمە ئەو ڕۆشنبیرە دیموکراسەیە کە هاتۆتە مەیدان و داوای ڕوخانی دیکتاتۆرییەت دەکات. هێشتا دەسەڵاتەکانی تەنیا دەسەڵاتی نوسەرێکە بەسەر قەڵەمەکەی خۆیدا، بەڵام یاسا بۆ ئەوە دادەنێت کەی بنوسین و کەی نەنوسین، کەی مولزەمین و کەی مولزەم نین. ئازیزم کاک سیروان تۆ بۆئەوەی لایەنی کەمی دیموکراسییەتی خۆت بسەلمێنیت، دەبوو کەمێک ئەفسەرە
ئایدۆلۆژییەکەی ناخی خۆت جڵەو بکردایە، و بیرت لەوە بکردایەتەوە تا ئێستا پارتی و یەکێتی بە هەموو ناشیرینی و دیکتاتۆری خۆیانەوە، ڕستەی وایان بە هیچ قەڵەمێکی کورد نەگووتووە ... گەر ئەمە خەباتی تۆ بێت بۆ بزوتنەوەی دیموکراسی، لە ئێستاوە دیارە ئەمە چ دیموکراسییەتێکە و لە سەر چ عەقڵییەتێکی پۆلیسی ڕاگیراوە.


دیکتاتۆر و نۆرمالیزەکردن


دواتر کاک سیروان قسە لەسەر مەترسییەکانی نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەت دەکات. بەشێک کە لە جەوهەردا لەگەڵیدام، بەڵام لە تەفاسیل و وردەکاریدا تەواو پێچەوانەی ئەو سەیری شتەکان دەکەم. هەڵبەت نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەت شتێکی زۆر ترسناکە و دەبێت هەمیشە ئەو بەرگرییە ناوەکی و کۆمەڵایەتییەمان بەرامبەری هەبێت. بەڵام ئەوەی کاک سیروان دەیکات تەواو پێچەوانەی ئەوەیە. بەڕێزیان سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان وا نیگار دەکێشن کە سیستمێکی نیمچە دیموکراسە... شۆکیان بەرامبەر خودی دیکتاتۆرییەت نییە، بەڵکو شۆکیان زادەی بڕوا نەبوونە بە بوونی دیکتاتۆرییەت. وەختێک باوەڕمان بە بوونی دیکتاتۆرییەت هێنا، ئیتر بۆمان گرنگ نابێت سەرۆک دەڵێت چی، قسەکەرەکەی دەڵێت چی، لە پەرلەمانە ساختەکەیدا چی نمایشێک ئامادەدەکرێت، چۆن حوکمی بۆ درێژدەکەنەوە، کێ دەکەنە جێگری، ئەمانە هەمووی کڵێشە و گەمەی شانۆگەریی ناو سیستمەکەن کە بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو سیستمێکی دیکتاتۆریی ... دەمێک باوەڕمان بە دیکتاتۆرییەت هێنا، ئەوە شۆکماندەکات سیستمی دیکتاتۆری چۆن لەسەر ژیان و بیرکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ ئیشدەکات، ئەوە شۆکماندەکات میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و گەمژەکردن و سەرقاڵکردن و بەهەڵەدابردن، چۆن کۆیلەی گوێڕایەڵ و ئۆپۆزسیۆنی بێخەیاڵ و خەباتگێڕی کۆنزەرڤاتیڤ و ڕەخنەگری بیر تەسک بەرهەمدەهێنێت . شۆکی کاک سیروان لەوەوە هاتووە، وەک ئەوەی چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان لە پەرلەمانەوە دیاریکرابێت، وەک دوای بیست ساڵ تێنەگەیشتبیتین، دەوری پەرلەمانی کوردستان لەسەر ژیانی سیاسی ، بە ئەندازەی دەسەڵاتی کۆمپانیایەک نییە کە نەوت بە تانکەر دەباتە دەرەوەی هەرێم. تۆ گەر لەوە شۆک بوویتایە کە دیکتاتۆرییەت دەیکات، لەوە شۆک نەدەبووی کە لە پەرلەمان ڕوویدا... شۆکی کەسێک کە باوەڕی بە دیکتاتۆربوونی سیستمێک هەیە، وەک شۆکی کەسێک نییە کە باوەڕی بە دیموکراسییەتی هەمان سیستمەیە. لە بنەڕەتدا تۆ لە دیکتاتۆرییەت شۆک نەبوویت، لەوە شۆک بوویت کە باوەرت وایە دیموکراسییەتێک هەیە و هەڵەی کوشندەی تێدا ڕوودەدات و بەرەو دیکتاتۆری دەچێت. کێشەکە لەوەدایە، هەموو ئەو مەزهەر و پەردە و رووکەشە خەڵەتێنەی کە دیکتاتۆرییەت لە ناو سیستمی جیهانیی نوێدا بەکاریدەهێنیت، بۆ تۆ وەک بەشێک لە پرۆسەی گواستنەوە بۆ دیموکراسی سەیردەکرێن. ئەمە ئەو ئەفسانەیەیە کە من باوەڕم پێ نییە. لە ڕاستیدا ئەوەی دیکتاتۆرییەت نۆرمالیزەدەکات، ئەوەیە وابزانین کە نیودیموکراتییە ــ نیو دیکتاتۆرییە یان دیموکتاتۆرییە، یاخود وابزانین لە ناو ئەو سیستمەدا، ڕێگایەک بۆ دیموکراسییەت هەیە و بە ناو پەرلەمان و ژیانی سیاسی و سندوقی هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت. گەر وادەی سەرۆک درێژ نەکرایەوە و دەسەڵات درا بە کوڕەکەی یان ئەندامێکی تری حیزبەکەی ئەمە هەنگاوە بۆ دیموکراسییەت، گەر دەستوور باش نوسرایەوە، ئەوە ئیدی دەستوور حوکمماندەکات و وڵات دەبات بەڕێوە و لە ژێریدا هەموو دەکەوینە سایەی دیموکراسییەت. ئەمانە هەموو جوانکردنی ڕووی دیکتاتۆرییەتن. ئەوەی لە بنەوەڕا پەردە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا دەدات، کورتکردنەوەی کێشەی دیموکراسییەت و دیکتاتۆرییەتە بۆ نمایشەکانی ناو پەرلەمان، کورتکردنەوەی کێشە گەورەکانی سیستمی سیاسی و کولتووری ئێمەیە، بۆ دوو بڕگەی ناو دەستوورێک، کە باش بێت یان خراپ، هیچ کات ئیشی پێ ناکرێت... ئەمە ئەو تلیاکەیە کە وێنەی دیکتاتۆرییەت والێدەکات جوان و پڕ چاوەڕوانی و تەحەمولکراو بێت، ئەمە ترۆپکی نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەتە، نەوەک ئەوەی بە روونی و ڕۆشنی ڕوخساری دیکتاتۆرییەت ببینیت و ناوی بنێیت و چاوی لێ نەنوقێنی و پەردەی بەسەردا نەدەیت. ئەوەی بەڕێز سیروانی تووشی شۆک کردوە دیکتاتۆرییەت نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانییەتی لە سیستمی دیموکراتی هەرێم. ئەوەی تووشی شۆکی کردوە مۆراڵی چەوتی دیموکراسییەتی هەرێمە کە خەریکە بۆ دیکتاتۆرییەت دەڕوات. بەڵام ئەوەی لە 30 ی شەشدا، منی تووشی شۆک نەکرد، ئەوەیە دەزانم دیکتاتۆرییەتێکی پیر هەیە، نمایشی گەمەی پەرلەمانی دەکات و سەرچاوە و هێزی لە جێگایەکی زۆر دوورتر، لەو هۆڵە بێسوود و بێفەڕەی پەرلەمان، هەڵدەقوڵێت، ... ئەوەی من لەگەڵیدا نەبووم و لەگەڵیدا نیم ئەو تێزەیەیە کە پێیوایە شەرعییەتی حوکمڕانی لە هەرێمدا لە 30 ی حوزەیراندا لکەی کەوتبێتە سەر. کاک سیروان، شۆکەکەی بەڕێزتان، شۆکە لە 30 ی حوزەیران نەوەک لە تەواوی مێژووی دیکتاتۆریی و دیاردە تاریک و ناوەکییەکانی، تۆ تەنیا ئەوە لە
دیکتاتۆرییەت دەبینی کە لە مەیدانی ململانێی سیاسی و حیزبیدا دەیبینیت، چاویلکەکەت هەر توانای بینینی ئەو بەشە بچوکەی لە دیکتاتۆرییەت هەیە. شۆکی بەڕێزتان شۆکی یەکێک نییە بیەوێت هوشیاریمان بەرامبەر دیکتاتۆرییەت وریا و زیندوو ڕابگرێت، بەڵکو شۆکی یەکێکە لەسەر ئەوە ڕاچەنیوە کە دیکتاتۆرییەت بە زەقی دەبینێت و وەک ئەوەیە یەکەمجاری بێت بیبینێت، وەک ئەوەیە کتوپڕ باڵندەیەکی نامۆ و جانەوەرێکی ناوازەی کەوتبێتە بەرچاو. خودی ئەم هەستەشە، نەوەک دیکتاتۆرییەت نۆرمالیزەدەکات، بەڵکو مێژووەکەشی دەسڕێتەوە و میکانیزمەکانی ئیشکردن و بەردەوامیشی کورتدەکاتەوە بۆ ناو ڕوداوەکانی هۆڵی پەرلەمان. ئەمە ترۆپکی مکیاجکردن و نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەتە. ئەوەی من دژیمی ئەو ڕستەیە کە دەگووترێت «لەمڕۆوە شەرعییەتی دیموکراسی سەرۆکی هەرێم لە ژێر پرسیاردایە». ئەم ڕستەیە دەشێت بۆ سیاسییەک کە سیاسەتی ڕۆژانە دەکات، بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێمە کە شەڕی ڕاگەیاندن دەبەنە ڕێوە، وەک ڕستەیەکی ڕیتۆریکی ئاسایی وەربگیرێت، بەڵام بۆ نوسەرێک و ڕۆشنبیرێک لە زمانی ڕیتۆریک تێدەپەڕێت و دەبێتە خەلەلێکی گەورە لە تێگەیشتنیدا لە مێژووی دیکتاتۆرییەت و لە هوشیاریی سیاسیدا. ئەمە کورتکردنەوەی تەواوی تێگەیشتنە لە دیموکراسییەت و دیکتاتۆرییەت لە گرفتی ژیانی پەرلەمانی و پەیوەندی ئەم پەرلەمانە بە دەوڵەتەوە. ئەمە ئەو وەهمەیە کە هەندێ ڕۆشنبیرانی کورد ئەستوور و قایمیدەکەن و ئەو وێنەیە دەخولقێنن، وەک ئەو ژیانە سیاسییەی لە کوردستان هەیە هەمان فۆرم و کێشە و فەزای ململانێی دروستکردبێت کە لە خۆرئاوا و وڵاتە دیموکراسییەکان هەیە. ئەم نمایشە کە دەسەڵاتێکی خێڵەکی و ئەرستۆکراتی و پریمتیڤ بەباشی گەمەیدەکات، ئەو وەهمەی دروستکردوە، وەک بکرێت دیکتاتۆرییەت لە پەرلەمانەوە شەڕی لەگەڵ بکرێت، وەک گۆڕینی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و دەوڵەت کلیلی چارەسەری دیکتاتۆرییەت بێت. خودی ئەم وێنەیەیە کە دیکتاتۆرییەتی کاڵکردۆتەوە، ئەم سیستمەی وەها پڕ چاوەڕوانی کردوە، تۆ و هاوشێوەکانت تووشی شۆک بن، کە دەبینن دیکتاتۆرییەت بە هەر شێوە و ڕێگایەک بێت دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە. نۆرمالیزەکردنی دیکتاتۆرییەت بەوەدا ناڕوات، بە ڕوونی و ڕۆشنی بوونی دیکتاتۆرییەت و مێژووە تاریکەکەی ببینین، بەڵکو بەوەدا دەڕوات بەردەوام لە گومانی ئەوەدا بین دیکتاتۆرە یان دیکتاتۆر نییە. پێمانوابێت ئەم دیکتاتۆرە شەرعییەت و هێزی خۆی لە دەستگا و ئەنستتیوتە دیموکراسییەکانی هەرێمەوە وەرگرتووە، ململانێ وەهمییەکانی ناو ئەو دەزگایانەمان بۆ شتێکی پڕ بەها بێت... ئەوە نەبینین کە ستراکتوری دیکتاتۆرییەتی کوردی، لەسەر دەسەلاتی ئەرستۆکراتییەتێکی عەسکەریی پیر دامەزراوە کە زیاد لە پەنجا ساڵە حوکمی کایەی سیاسی دەکات و هەموو ڕەگەزە ئایدۆلۆژی و فەرهەنگیی و ئەدەبییەکانی ئێمە لە بری ئەوەی ئەم دەسەڵاتە پیرە ئاشکرابکەن، یان ڕەوا سەلماندویانە یاخود بەفۆرمی دیکەی دیکتاتۆرییەتی ئایدۆلۆژی وەڵامیانداوەتەوە، یان کاڵیانکردۆتەوە و بە ناوی نیوە دیموکرات و نیوە دیکتاتۆر شەرعییەتیان پێبەخشیوە، یان تەواو دایانپۆشیوە و شاردویانەتەوە و ستایشیانکردوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە، بەجۆرێک دیکتاتۆرییەتی کوردی کاڵ و لاواز پیشاندەدات، هەتا هەندێک پێیانوایە بە گووتارێکی ئەو، بە چاوپێکەوتنێکی ئەو، کەرتێکی لێدەبێتەوە و نیوەی دەڕوخێت.
باسکردنی کاک سیروان بۆ شۆک و هێنانەوەشی بۆ نمونەی دۆعا، بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر مانا و سروشتی شۆک لای بەڕێزیان. ئەو نمونەیە بەڵگەیە کاک سیروان، وەک چۆن تا نەیبینی لە پەرلەمان ماوەی سەرۆکایەتی درێژکرایەوە، ڕووی ڕاستەقینەی دیکتاتۆرییەتی بۆ دەرنەکەوت، تا بەفیدیۆیش تاوانی کوشتنی دۆعا نابینێت، شۆک نابێت و نازانێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا چ تاوانێک ڕوودەدات، تاوانگەلێک من لە «مەرگی تاقانەی دووەم» و «ئێوارەی پەروانە» دا بە درێژایی هەموو بکەر و فەزا مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەم نیگارکردوە. کە وادەڵێم مەبەستم موزایەدە نییە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم ئەم جۆرە تاوانانە لە ناو پێکهاتی بنچینەیی واقعدان، بەشێکی چنراوی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا پەتریارکی و دیکتاتۆریی ئێمەن. سێ ساڵ لە مەوبەر لە وتارێکدا کە هەر گرێدراوی کێشەی دۆعابوو، باسم لەو جۆرە ویژدانە موزەیەفە کرد کە پێویستی بە وێنەیەکی دۆکۆمێنتکراو و گیراوە تا وریابێتەوە، بەڵام توانای بینینی هەموو ئەو تاوانانەی نییە کە کامێرا نایانگەێنێت. حاڵەتی کاک سیروان بە وردی و ڕۆشنی بەڵگەی ئەو جۆرە دۆخەیە. کاک سیروان لێرەدا باس لەوە دەکات کە چەند گرنگە لێرەدا تووشی شۆک بووە، چۆن خۆی خستۆتە شوێنی دۆعا، ئەمجۆرە لە شۆکبوون بە گرنگ دەزانێت. من تەواو بە پێچەوانەوە، ئەمە بە شۆکێکی کاتی و کورت دەبینم کە بۆ ماوەیەکی کورت دێت و دەڕوات. کاک سیروان چونکە هوشیاریی بە ڕیشەکان و بونیاد و ستراکتوری دیکتاتۆرییەت نییە، تەنیا لە ژێر کاریگەریی ئەو وێنانەدا تووشی شۆک دەبێت کە میدیا بۆی دەگوێزنەوە، تەنیا لەو ساتەدا هەستە ئایدۆلۆژی و ئینسانییەکانی دەجوڵێن کە میدیا بابەتێکی پێدەبەخشن و ڕووداوێکی نیشاندەدەن و کێشەیەکی بۆ گەرمدەکەن. کاک سیروان لە نوسینەکەیدا بە ڕۆشنی ئەوە دیاریدەکات گەر فیدیۆکەی دۆعا نەبایە، گەر ئەوەی پەرلەمان نەبایە تووشی شۆک نەدەبوو، کێشەی منیش لەگەڵ کاک سیروان و هاوشێوەکانیدا لەو خاڵەدایە، کە ویژدانی سیاسی و مرۆڤانەیان توانای بینینی نەخشەی راستەقینەی ستەم و دیکتاتۆرییەت و زوڵمی نییە تا شتێکیان نەخەیتە بەردەست، تا وێنەیەک نەبێت بیانجوڵێنێت. ئەوەی کاک سیروان باسیدەکات ئەو شۆکە نییە کە دژ بە دیکتاتۆرییەت پێویستمان پێیەتی، شۆکێک لە بینینی راستییەکانەوە هاتبێت، کە بێئەوەی میدیا و ئۆپۆزسیۆن و کامێرا بۆمان بگوازنەوە دەبێت بیانبینین، شۆکێک نییە ویژدانمان هەمیشە بەزیندوویی ڕابگرێت، بەڵکو موچڕکی کەسێکی خەوتووە کە لەسەر وێنەی مۆتەکەیەک وریادەبێتەوە و هاوارێکی گەورە دەکات و دوایی دەخەوێتەوە... ئەمە شۆکی مرۆڤێک نییە کە لە شتە نامرۆڤانەکان ڕاچەنیبێت، شۆکی ئایدۆلۆژیستێکە کە چاوەڕوانییە ئایدۆلۆژییەکان و خەونە سیاسییەکانی بەتاڵ دەبنەوە. ئەمە ئەو جۆرە شۆکەیە کە لە 17 ی شوباتدا گووتم، شۆڕشگێری ساتەوەختی و مەوسمی دروستدەکات و دوایی دەچنەوە ژێرەوە و ئیتر نابینرێنەوە. ئەمە شۆکێک نییە لە موچڕکی یەکەمدا گووتارێک بەرهەمبهێنێت و لە موچڕکی دووەمدا گووتارێکی باڵاتر... ئەمجۆرە شۆکە کورت و خێرا و تێپەڕانە، بەردەوام لە ساتێکدا لە سفرەوە بەرزدەبنەوە تا دوا پلەی پێوانەیی تەرمۆمیترەکە، دوایی دەگەڕێنەوە سەر سفر، لە شۆکی دووەمیشدا لە سفرەوە دەست پێدەکەنەوە. ئەوە نییە لە شۆکی یەکەمدا بە گووتارێکی سیاسییەوە بێن و لە شۆکەکانی دواتردا بە گووتارێکی باڵاترەوە، تا بزانین هوشیاری لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی گۆڕاوە و گەشەی کردوە... ئەو لە هەموو شۆکەکاندا یەک ترسی هەیە «سیستمی هەرێم نەبێت بە دیکتاتۆریی» . لە شۆکی دواتریشدا بە هەمان گووتارەوە دێتەوە پێشێ، سەدجاریش تووشی شۆک بووە، بەڵام بە هەمان زمان و شێوازی گفتمان و ئاستی هوشیاری شۆکی یەکەمجارەوە دەست پێدەکاتەوە. کێشەکە لە خودی شۆکدا نییە، بەڵکو لەوەدایە لە هەموو شۆکێکدا بە هەمان ئاستی زمان و گوتار و هوشیارییەوە دێتەوە دەرێ... هەمیشە بە هەمان قسە و هەست و گووتاری دووبارەوە دەگەڕێتەوە.



وێنەیەکی هەڵە بۆ شۆڕش و ڕۆشنبیر و خەڵک

سیروان عەبدول دەنوسێت :
« بۆیە سەیرکە، تۆیەک کە دێیت و داوا دەکەیت ئەو توێژە گەورەیە و ئەو هەموو خەڵکە بە حەماسەتە بۆ بەشداربوون لە سیاسەتدا،هەموو واز لەو بەشدارییەیان بێنن، ئینجا دەبێت بزانیت کە تۆ چی هاوپەیمانییەکی شەعبیی گرنگ و جیددی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا پەک دەخەیت».
کاک سیروان من لە کوێ و لە چ دێڕێکدا گووتوومە «ئەو هەموو خەڵکە» «واز لە بەشداریی بهێنن»?. سەیر نییە ئەم هەموو بوختانە ڕیزدەکەیت و باسیش لە کولتووری دێبات دەکەیت. ئەمە کولتووری دێباتە، بە ئارەزووی خۆت شتی داتاشراو و نادروست ڕیز بکەیت وبیخەتە پاڵ نوسینێک کە بە دڵت نییە? ئەمە کولتووری دێباتە یەک دێڕ لە نوسینێک نەهێنیتەوە، بەڵام دەیان حوکمی بێبنەمای لێ دەرەنجام بهێنیت?.
ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە دیکتاتۆرییەت شەرعییەتی لە بێدەنگی خەڵکەوە وەرگرتووە. شەرعییەتی لەوەوە وەرگرتووە کە هەندێک لە ڕۆشنبیران تا ئێستا باوەڕیان بە دیکتاتۆرییەت نەکردوە، ئەمە لە کوێ و بە خەڵک بڵێیت بەشداری مەکەن لە کوێ? لە کوێ بە خەڵک بڵێیت دیکتاتۆرییەت ئەو بێدەنگییە دەستەجەمعییەی خەڵک ڕایگرتووە و لە کوێ بڵێیت خەڵک بابەشداری لە ژیانی سیاسی و یاخیبووندا نەکەن?. ئەمە دوو شتی تەواو جیاوازن و بەرێزتان خوێندنەوەی هەڵە «وە بە ئەنقەست هەڵە» ت بۆ کردون. دیارە لێرەدا من دەبێت بڵێم ئەوەی تۆ دەیکەیت، خۆت بخەیتە بری خەڵک، خۆت بخەیتە بری ئۆپۆزسیۆن، خۆت بکەیت بە پێشەنگی جەماوەر، وەزیفەی ڕۆشنبیرە بە مانا بەلشەفییە لینینییەکە. تۆ ئازادیت، مۆدێلی چ ڕۆشنبرێک هەڵدەبژێریت. بەڵام ئەوەی وابزانیت هەر ڕۆشنبیرێک وەک تۆ خۆی بە پێشەنگی جەماوەر نەزانی، خائینە، ئەمەیان جۆرێکە لە مۆراڵی ئایدۆلۆژی. ڕیشەکانی لەو پاشخانە لینینی و بەلشەفییەدایە کە زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد هەیانە و ناتوانن لێی پاکببنەوە.
لێرەدا حەزدەکەم «وەک لەسەرەتای نوسینەکەدا وەعدم دا» شتێک لە سەر چەمکی چارەسەری بڵێم. کاک سیروان وای نوسیوە وەک شەپۆلانی خەڵک لەسەر جادەبن و وتارەکەی من کە لە فەیسبوک بڵاوبۆتەوە «کە ڕەنگە ئەوپەڕی پێنج سەد کەس خوێندبێتییەوە یان نا» ئەم شەپۆلانەی گێڕابێتەوە بۆ ماڵ. بەوە وادەزانێت ئەو شۆڕشە جەماوەرییەی کە دەشیا ئەو ببێتە سەرۆکی، من پەکم خستووە. ئەمە جگە لەوەی شێواندنێکی دەستە ئەنقەستە، وێنەیەکی کاریکاتێریشە بۆ خەڵک و شۆڕش. ئەمە چۆن خەڵک و شۆڕشێکە، وتارێکی هەزار و پێنج سەد وشەیی من لە شۆڕش پەشیمانیان بکاتەوە، ئەمە ئیهانەکردنی من نییە، بەڵکو بەڕاستی سووکایەتییەکی گەورەیە بە خەڵک و بە شۆڕش ... جارێ من تووشی ئەو تەوەهومە نەبووم کە دەسەڵاتێکی وا سیحراویم بەسەر خەڵکدا هەبێت، بە قسەی من بڕژێنە سەر جادە و بە قسەی من بگەڕێنەوە ژوورێ. گەر دەسەڵاتی وام هەبێ، دڵنیابە بە کارم دەهێنا، خەڵک هەموو هێزە سیاسییەکان بخەنە پەراوێزی ئیرادەی خۆیانەوە. بەڵام دڵنیام دەسەڵات و قودرەتی وا سیحریم نییە. بەڵام بۆ کاک سیروان وادەزانێت من ئەم دەسەڵاتەم
هەیە?. لە ڕاستیدا ئەمەی لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن و خۆشەویستی منەوە نییە، بەڵکو تەنیا بۆئەوەیە باری نوشوستی و فەشەلێک کە خۆی و ڕۆشنبیرە سیاسییە هاوشێوەکانی تێیدا دەژین، بکاتە ملی یەکێک، ئەو کەسەش کێیە، منم، چونکە وتارێکم نوسیوە گووتوومە، دیکتاتۆرییەت پەنجا ساڵە لێرەیە، بۆ ئێستا لە خەو هەستاون و بیرتانکەوتۆتەوە. کاک سیروان نوسیوێتی هەموو خەڵک و نوسەران خەڵکیان ئامادەکردوە، من لەولاوە هاتووم هەموو ئەو هەوڵانەم تێکداوە. ئەمە جگە لەوەی تۆمەتێکی زۆر گەورە و بێبنەما و بێئینسافانەیە، بەڵام نیشانەی خەلەلێکی گەورەشە لە تێڕوانینی بەڕێزیاندا بۆ کۆی شتەکان.
گەورەترین جیاکارییەک ڕوانینی ڕۆشنبیر لە سیاسی جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ڕۆشنبیر مرۆڤەکان وەک سوبێکت و خودی هوشیار دەبینێت، کە خۆیان دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن. کێشەی گەورەی دیکتاتۆرییەتیش ئەوەیە کە ڕێگا لە مرۆڤەکان دەگرێت هەڵبژاردن و ئیرادەی خۆیان هەبێت. ئیشی نوسەر زیندوو ڕاگرتنی ئەو ئیرادەیەیە، هەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک توانای بڕیاردانیان هەبێت، نەوەک ڕۆشنبیران خۆیان لەبری خەڵک بڕیاربدەن. یەکێک لە هەرە درۆ گەورەکانی ژیانی ئێمە ئەوەیە بڵێین «هەموو دەزانین دیکتاتۆرییەت هەیە، بەڵام نازانین چارە چییە». هیچ درۆیەک لە مێژوودا بە ئەندازەی ئەم درۆیە ناشیرین نییە. هەر کات زانیت دیکتاتۆرییەت هەیە، دەشزانی چارە چییە. هەموو ئەوانەی دەپرسن چارە چییە، یان چاوەڕوانن لە دەمی کەسێکی ترەوە چارە ببیستن، خۆیان لە ئیرادە و ئازادیی و بڕیاری خۆیان دەدزنەوە، هەر کەسێکیش لە بری ئەوان بڕیاربدات، بە هەمان شێوە، لە بە کۆیلەکردن و ژێردەستیاندا بەشدارە، مرۆڤ یان خۆی خۆی ڕزگاردەکات، یان هەمیشە لە سایەی ئاغایەکەوە دەگوازێتەوە بۆ سێبەری ئاغایەکی تر. دیکتاتۆرییەت هەیە و چارەکەشی دیارە چییە. دەبێت چارەی کۆیلەیی چی بێت، جگە لەوەی ئازادی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. کە مرۆڤەکان ئەم چارەیە هەڵنابژێرن، سەرەتا وەک تاک هەڵی نابژێرن و دواتریش وەک کۆ، هەرکات وەک تاکیش هەڵیان نەبژارد، هیچ هێزێکیش وەک کۆ ناتوانێت ئازادیانبکات. بۆ مرۆڤەکان ئازادی هەڵنابژێرن? ئەوە بابەتی دەیان فەلسەفەی گەورە و تێزی دەیان بەریانی فیکری سەرەکی ناو مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤە، ئەوە هەمیشە یەکێک بووە لە پرسیارە هەرە گەورەکانی مێژووی فیکر. ئەوەی لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەتدا بژی و بڵێت نەمزانیوە لە ژێر سایەی دیکتاتۆرییەتدا دەژیم، درۆ لەگەڵ عەقڵی خۆی و ویژدانی خۆیدا دەکات. ئەو ڕۆشنبیرەشی کە پێیوابێت گەر ئەو نەبێت خەڵک نازانن لە سایەی دیکتاتۆرییەتدا دەژین، لە هەمان وەهمدا دەژی و هەمان ئەفسانە بەرهەمدەهێنێتەوە . لە هیچ جێگایەکی مێژوودا نوسەر ئەو بڕیارەی بۆ خەڵک نەداوە چی بکەن. ئەوە بڕیاری گەورە و چارەنوسسازی هەموو کەسێک بە تەنیا خۆیەتی، هەر مرۆڤە و بەتەنیا بۆ خۆی بڕیاردەدات و خۆی شێوازی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش هەڵدەبژێرێت... ڕاستە خەڵک خۆیان دیکتاتۆرییەت هەڵنابژێرن، بەڵام خۆیان خەباتکردن یان خەبات نەکردن هەڵدەبژێرن. خەباتکردن دژی دیکتاتۆرییەت بڕیاری ئازادانەی هەموو مرۆڤێک خۆیەتی، نەوەک فەرمانێکی سیاسی بێت لە ڕۆشنبیرەوە بۆ خەڵک دەربچێت. ڕۆشنبیر کەسێک نییە بتوانێت لە بری تۆ بڕیاربدات. کە کۆیلەیەک کۆیلەیەتی قەبووڵدەکات، هۆکەی ئەوە نییە هوشیار نییە و ڕۆشنبیریی نییە، کە کەسێک دەچێتە خزمەتی دیکتاتۆرییەتەوە هۆکەی ئەوە نییە ناهوشیارە و نازانێت، ئەمانە هەمووی درۆی گەورەن کە هەندێ لە خوێندەوارە سیاسییەکان دایدەڕێژن تا لە ڕێگایەوە ببنە سەرۆک و ڕابەر و فەرماندەی نەتەوە. لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر ڕستەکەی مارکس کە دەڵێت «کاری فەیلەسوفان تا ئێستا تەفسیری دونیا بووە، ئێدی کاتێتی بیگۆڕن». ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە بەڕێزتان و هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکان و پۆزەتیفیستە لیبرالەکانیش لە خۆرهەڵات باوەڕیان پێیەتی. لە ژێر باڵی ئەم رستەیەوە هەموو دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیست هاتنەدەرێ. وەزیفەی ڕۆشنبیران تەفسیری دونیایە، وەزیفەی گۆڕینی دونیا، وەزیفەی هەموو مرۆڤێکە، وەزیفەی هەمو ئیرادەیەکی ئازادە کە قەبووڵی ناکات کەس زەوتیبکات و خۆی بریاری خۆی دەدات، گۆرینی دونیا لە ئازادکردنی مرۆڤەوە دێت لەترسە قووڵەکانی خۆی لە ئازادی. چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە خەڵک لە نێوان دیموکراتییەت و دیکتاتۆرییەتدا دوودڵ بن، ئەوەیان پرسیارێکە کۆتاییهاتووە و بڕاوەتەوە، بەڵکو ئەرکێکی سەختتر و دوورودرێژتر و گەورەتر لە بەردەمدایە، کە ڕۆشنبیران بەوە خۆیانی لێدەدزنەوە ببنە ئەکتیفیستی سیاسی، کادێری حیزبی، مەسرەفکەری هەست و دروشم و ئیحساساتی پۆپۆلیستی. وەزیفەی ڕۆشنبیران لە ئاستی سیاسیدا ئێستا ئەوەیە لە کۆیلەیەتی و لە نهێنی بەردەوامبوونی دیکتاتۆرییەت و مانەوە و گەڕانەوەی بەردەوامی تێبگەن. ئیشی ڕۆشنبیر داڕشتنی ئەو زانست و هونەرانەیە کە وادەکەن، مرۆڤ ڕۆشنتر لە خۆی و لە ترسەکانی و لە کۆتە ناوەکییەکانی بڕوانێت، ڕوونتر لە ئازادی لە ڕەهەندە فراوان و گەورەکەیدا تێبگات. ڕوناکتر بتوانێت چەمکی ئینسان و کۆمەڵگا و گۆڕان ڕۆشنبکاتەوە و کورتیان نەکاتەوە بۆ چەند کڵێشەیەکی سیاسی مردوو. بەشی هەرە زۆری ئەوەی ڕۆشنبیران بەرهەمیدەهێنن ڕەنگە قابیلی تەرجەمە نەبێت بۆ سیاسەت. ئەوەی فیکر لە مێژوودا بەرهەمی هێناوە، تەنیا بەشێکی زۆر کەمی وەرگەڕاوەتە سەر زمانی سیاسەت، وە ڕەنگە بەشە هەرە گرنگەکانیشی ئەوانە بێت، کە ناخرێنە سەر گوازرشتی سیاسی. ئیشی رۆشنبیر هیچ کات ئەوە نییە مرۆڤی سیاسی باش دروستبکات، بەڵکو ئەوەیە مرۆڤێکی دیدە فراوانتر و ئازادتر و قووڵ بینتر و دووربینتر دروستبکات. چارەی ڕۆشنبیر بۆ دونیا بەرنامەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرهەمێکی فیکرییە لە ناو ڕۆح و عەقڵ و ویژدانی مرۆڤەکاندا بمێنێتەوە و نەوە بەدوای نەوە زیندوو بێت و بیری لێبکرێتەوە و بیری پێ بکرێتەوە. ئیشی ڕۆشنبیر دروستکردنی مرۆڤی حیزبی نییە، دروستکردنی مرۆڤی ئەکتیڤیست نییە، بەڵکو مرۆڤی هەستکەر و بیرکەرەوەیە. بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە مرۆڤەش، تەنیا نەفرەتکردن لە دیکتاتۆرییەت بەس نییە، بەڵکو تێگەیشتن لە هۆکانی بەردەوامی و قەبووڵکردنی مرۆڤ بۆ کۆیلەیەتی گرنگە، وە پشکنینی ڕێگاکانی شکاندنی مرۆڤ بۆ کۆتەکانی خۆی، لە خواستە گرنگەکانی ڕۆشنبیرە. ئەوانە جومگە سەرەکییەکانی کاری ڕۆشنبیرانە، نەک سەرسوڕمان لەوەی لە پەرلەمان چی دەبێت یان نابێت، یاخود جەنابی سەرۆک قەبووڵی دەکات حاکممان بێت یان نا... ئەمەی دووەمیان شانۆگەرە وەهمییە هەڵەکەیە و دەقی ئەسڵی لەسەر شانۆیەکی تر گەمەدەکرێت و ڕۆشنبیر دەبێت لەو هۆڵەی تریاندا بێت، نەوەک ئەم هۆڵەی لە ئەکتیفیستە ئایدۆلۆژییەکان و کەسانی وەک کاک سیروان بووە بە شوێنی سەرەکی نمایشەکە. کە ئیشی ڕۆشنبیر دابەزی بۆ ئیشی ڕۆژنامەنوسێکی ڕۆژانە، بوو بە شیکردنەوەی سیاسیانەی ڕووت، واتە دەستبەرداری هەموو ئەو کەرەستانە بووە کە وای لێدەکەن لە بونیادی عەقڵی و دەرونی و فەرهەنگی هەم دیکتاتۆر و هەم ژێردەستەکانی تێبگات. بە بڕوای من ئەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیرە و هەر ئەوەش لە ئەکتیڤیستی سیاسی بچوک و شیکەرەوەی هەواڵ و کادێری حیزبی جیایدەکاتەوە.
پێشموایە ئەو وەهمەی کە وادەزانێ، خەڵک بۆیە نایەنە سەرجادە چونکە ئێمە پێیان ناڵێین وەرنە سەر جادە، ئەوە نیشاندەداتەوە کە ئەم ڕۆشنبیرانە «گەرچی هەندێکیان دەمامکی خاکێتی و سادەییان لە سەرکردوە و بەردەوام دژی نوخبەگەرایی قسەدەکەن» چ هێزێکی پێغەمبەرانە و چ دەسەڵاتێکی ئەفسوناوییان داوەتە خۆیان. ئەوەی واتێبگەیت دونیا بۆیە ناگۆڕێت چونکە ئێمەی ڕۆشنبیر هێشتا داوای گۆڕانیمان نەکردوە، و فەرمانمان بۆ گۆڕانی دەرنەکردوە، ئەمە نەوەک هەر نادروست و ناواقعییە، بەڵکو لە پشتییەوە بەخشینی هێزێکی ئەفسوناوی و سیحرییە بە رۆشنبیر کە لە هیچ دەور و زەمانێکدا خاوەنی نەبووە. گەر بەم پێیە بێت دەبێت بپرسین بۆ ئەو هەموو ڕۆشنبیرە گەورەیەی ئەڵمان، نەیانتوانی بەر بە هیتلەر بگرن، یان بڵێین نوسەرانی وەک دستۆفسکی و تولستوی و چیخۆف و مایکۆفسکی و یەسەنین بەرپرسن لەوەی روسیا بە درێژایی مێژووی خۆی تا ئەمڕۆ دیکتاتۆریی بووە. ئەم بۆچوونە نەوەک هەر هەڵەیە، بەڵکو لەسەر تێنەگەیشتنێکی مێژوویی قووڵ دروستبووە.
پرسیارێکی گەورە لێرەدا بیکەین ئەمەیە: بەڕێز کاک سیروان و هەموو ئەو برایانەش کە وەک تۆ بیردەکەنەوە، هەموو ئەوانەی پێتان وایە، ڕۆشنبیریی کوردی حیزبێکە و ئێمە ئەندامین لەو حیزبەدا و ئەو حیزبە پەیڕەو و پرۆگرامی نەنوسراوی هەیە و ئێوە چاودێری ئەخلاقی جێبەجێکردنی ئەو پەیڕەوپڕۆگرامەن و کارتانە بە نوسەران بڵێن کەی بنوسێت و چی بنوسێت، کەی مولزەمە و کەی مولزەم نییە... پرسیاری هەرە گەورە ئەوەیە، بۆ ئەم عەقڵییەتە نابەنە ناو خودی سیاسەتەوە? بۆ خەباتی سیاسی بەجۆرە حیزبی و مەیدانییەکەی ناکەن? . گەر ئێوە لە ڕۆشنبیرییدا هەر ئەو کارەدەکەن کە کاری کادێرێکی حیزبییە، یان کاری چالاکوانێکی ئایدۆلۆژییە، بۆ ئەم کارە کە لە بنەڕەتدا کاری خەباتی مەیدانییە هێناوتانەتە ناو کایەی ڕۆشنبیرییەوە?... بۆ نیوەی ئەو ڕەنجەت ناکەیت بەخەباتی سیاسی ڕاستەقینە?. ڕۆشنبیر کەسێکە دەتوانێت خەباتی خۆی وەک مرۆڤ و بەرپرس، لە نوسیندا جێبەجێبکات. ئەوە دونیاکەیەتی و ئەوە سنوورەکانێتی ... تۆ کە خەونی ئەوەت هەیە شەقام بجوڵێنیت و پێشەنگی بکەیت، لایەنی کەم دەبێت خۆت لەسەر شەقام بیت کە ئەو داوایە دەکەیت، ئەوە بچوکترین بنەمای ئەخلاقی فیکری و سیاسیشە. لە راستیدا هۆی ئەوەی کە بەڕێزتان ئەوە ناکەن دوو شتە: یەکەم: ترسنۆکی سیاسی و نەوێرانی تاقیکردنەوەی خۆت، ئەگین هیچ بەهانەیەک نییە بەردەوام باس لە گرنگی خەباتی سیاسی بکەیت و داوا لە نوسەرانی تر بکەیت وەک ئەکتیفیستی سیاسی ئیشبکەن و خۆت لە ماڵەوە دانیشتبیت. من نە ئەوە بروامە و نە ئەوە تێگەیشتنمە و نە ئەوەش سەیرکردنمە بۆ فیکر و رۆشنبیریی تا کاری وەها بکەم. ئەوە بڕوای تۆیە و تێڕوانینی خۆتە و دەبێت خۆت جێبەجێی بکەیت، نەوەک خەڵک بەکرێ بگریت بۆت جێبەجێبکەن. دووەم: یان ئەوەیە نوسینی سیاسی، بەمجۆرە زمان و زانیاریی و بەلاغەتە، تاکە ئیشێکی ئاسانە کە دەتوانیت بیکەیت و وەک چەکی موزایەدەکردن بەسەر ڕۆشنبیرانی تردا بەکاریبهێنیت.


لە کۆتاییدا

دوابەشی بۆچوونەکانتان لەسەر دیموکراسییەت، وەڵام نادەمەوە، چونکە لە دەیان شوێن و وتار و چاوپێکەوتندا قسەم لە سەر تێگەیشتنی خۆم بۆ دیموکراسییەت کردوە، بەڕێزتان دەتوانن بگەڕێنەوە سەری. من لەو وتارەدا بە هیچ وشەیەکیش باسی جەوهەری دیموکراسییەتم نەکردوە، باس لە دیکتاتۆرییەتێک دەکەم کە سیستمێکی پیر و بەهێزە... من بڕوام وایە کەسێک پێیوابێت لە کوردستان ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لە رێگای هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانەوە، پارتی و یەکێتی بڕوخێنێت و بەرپرسەکانیان بداتە دادگا، تووشی تەوەهم بووە و هیچی تر، نەک هەر ئەوە، باوەڕیشم وایە هیچ لە ستراکتوری دەسەڵات و دەوڵەت لە کوردستان تێنەگەیشتووە. گەر بەڕێزتان بۆچوونتان وایە کە دەکرێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە دیموکراسی بکرێت، وەک لە نوسینەکەتدا جەختت لەسەر کردوە، پێموایە لە کوردستان شانۆگەرییەکی دیموکراسی باش چنراو هەیە، دەتوانن لەگەڵ خۆتان و خۆێنەرەکانی خۆتاندا ڕاستگۆبن و تێیدا بەشداربن، دڵنیابە من لە یەکەم دڵخۆشان و ستایشکەرانتان دەبم. گەر باوەڕیشتان بەوەیە شەپۆلانی خەڵک لەسەر شەقامە، باوەڕناکەم هیچ کەس ڕێگای لەوە گرتبێت ئێوە لەگەڵیان بچنە سەر شەقام و ڕۆڵی ئەو پێشەنگە لینینییە ببینن کە دەبێت بیبینن... ئەگەر ڕاشت وایە من بە وتارێک لە فەیسبوک شۆڕشەکەی بەرێزتانم پەکخستووە، دڵنیابە بە هەڵەدا چوویت. من نەدەمەوێت هیچ شۆڕشێک هەڵگیرسێنم و نە هیچ شۆڕشێک پەکبخەم، ئەوە بڕیاری مێژوویی و ستراتیژیی خەڵک خۆیەتی، ئەوە هەڵبژاردنی ئازادی تاکەکان خۆیانە، ئەوە بەر پرسیارێتی فەردەکانە بەرامبەر ژیانی خۆیان و کۆمەڵەکەیان. گەر بەڕێزتان و لەگەڵیشتاندا هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکانی تر ئەو ڕێگایەتان هەڵبژاردوە، لایەنی کەم چاوەروانی ئەوەتان لێ دەکرێت، راستگۆبن لەگەڵ خۆتان و لەگەڵ خوێنەرەکانتاندا. بە بڕوای من نە دەرگای ژیانی پەرلەمانی لە ڕووتاندا داخراوە تا بچن و لەوێوە ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستی ئازادی دەسەڵات پیادەبکەن کە بڕواتان پێیەتی و من بڕوام پێی نییە، نە ڕێگای شەقامتان لێ گیراوە، دابەزن و پێشەنگایەتی بکەن. من وەک چۆن لە حەفدەی شوباتدا گووتم، هەر کات خەڵک هاتە سەر شەقام، وەک مرۆڤ و هاوڵاتییەکی کورد بێ دوودڵی لەگەڵیان دێم، بە مەرجێک ئەو بزاوتە سروشتێکی کۆنزەرڤاتیڤی نەبێت و نەکەوێتە خزمەت ئیرتیجاع و گێڕانەوەی کۆمەڵگای ئێمە بۆ دواوە. بەڵام من تەنیا وەک مرۆڤ و هاوڵاتی ئەوە دەکەم، ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگ و سەرکردە و بەلاغنوس ببینم، ئەوە نە لەگەڵ ئارەزوومدایە، نە لەگەڵ بڕوامدایە، نە لەگەڵ تێڕوانینمدایە بۆ ئیشی ڕۆشنبیر. بەڵام ئەوەی بەڕێزتان داواتانکردوە ئێمە دەممان دابخەین تا پرۆسەی شۆڕشە دیموکراسییەکەی ئێوە سەردەگرێت «ئەو نیازەی کە لە پشتی هەموو وشە و دێڕێکی ئەم نوسینەتانەوەیە» لەگەڵ داوای لێبوردندا، داوایەکی زۆر نادیموکراسی و نامرۆڤانەیە ... ئێمە دیکتاتۆرە گەورەکان بێدەنگیان نەکردوین، بۆ دەبێت ئێستا بۆ دیکتاتۆرێکی تر بێدەنگ بین کە هێشتا لە بەربەیانی خەونەکانی خۆیایەتی و تازە گاگۆڵکێ دەکات...


******

دوا قسەم بۆ کاک سیروان نییە، بەڵکو بۆ خوێنەرە. من لە ژیانی خۆمدا وەک نوسەر کەمجار وەڵامی خەڵکم داوەتەوە، ڕەنگە لەو بیست و چوار ساڵەدا کە شت بڵاودەکەمەوە، پێنج جار شتم نوسیبێت ناوی وەڵامی لێ بنرێت. ئەمجارەش کاک سیروان تەنیا بیانوویەک بوو، بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیار کە زۆرجار لێرەو لەوێ دێنە بەردەممان. هەڵبەت ڕاستکردنەوەی شێواندن و بوختانە گەورەکانی، کە زۆریان تۆمەتی سیاسی شاخداربوون و هەموو سنوورێکی تێپەڕاندوە، بەشێک بووە لە نیازی من. بەڵام لە کاک سیروان بگوزەرێین، نیازم وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانیش بوو، کە لێرەدا زۆریان پێکەوە کۆبوونەوە، لەو ئاستەدا کاک سیروان تەنیا بەهانەبەخشێک بووە و هیچی تر. لە دونیای کورددا ڕستەیەکی کۆمیدیمان هەیە کە بە هەموو کەس دەگووترێت، هەر هێندەی وەڵامی تێکستێکت دایەوە دەڵێن «ڕەخنەی قەبووڵ نییە»، هەندێ کەس ئەم ڕستەیان لێ بستێنیتەوە، وشەیەکی دیکە و کۆمێنتێکی تریان لەسەر هیچ قسەوباسێک نییە، بینوسن. لێرەدا رووی دەمم لەوجۆرە کەسانە نییە، بەڵکو لەو خوێنەرە ڕاستەقینانەیە کە لەدەرەوەی ئەم کڵێشە مردووانەوە بیر لە نوسین دەکەنەوە. من هەر کاتێک نوسیبێتم هیچ کات زمانی موجامەلە و دوو ڕووییم بەکارنەهێناوە، کە وەڵاممداوەتەوە ئەوەی پێویستە بگووترێت گووتوومە. لەو نوسەرانە نەبووم کۆرس چی گۆرانییەکی گووت من لەگەڵیدا بیڵێمەوە و کۆراڵ چ نەغمەیەکی خوێند منیش بیخوێنم. ئەو شتانەی باوەڕم پێ بوون تا سەر ئێسقان باوەڕم پێ بوون و ئەوانەیش کە باوەڕم پێ نەبوون هەر تاسەر ئێسقان باوەڕم پێ نەبوون. بەبڕوای من تۆلێرانس بۆ ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بۆئەوە نییە یەکێک بوختانت بۆ هەڵبەستێت و تۆمەتت بۆ داتاشێت و تۆ بڵێیت ڕاستدەکەیت، تا بیسەلمێنیت تۆلێرانست هەیە. ئەخلاقی دیالۆگ لای هەندێ کەسی ئێمە هەمیشە ئەمە بووە، ئەو نوسینەکەت بشێوێنێت، تۆ بڵێی بەڵێ. زیادەی خۆی بخاتەسەر، تۆ بڵێی بەڵێ. دەرەنجامگیری لێ بگرێت کە هەڵگری نییە، تۆ بڵێی بەڵێ، بتکات بە خائین، تۆبڵێی بەڵێ. بڵێ تۆ لەگەڵ دیکتاتۆردایت و شۆڕشی من هەڵدەوەشێنیتەوە، تۆ بڵێی بەڵێ. بڵێ تۆ مولزەم نیت بنوسیت، تۆ بڵێی بەڵێ. هەموو بیروبۆچوونت بشێوێنێت تۆبڵێی بەڵێ. بەڵام گەر شتەکانت بە ناوی خۆیانەوە ناونا، گەر گووتت ئەمە شێوانە، گووتت ئەمە فەنتازیای برای ڕەخنەگرە، بڵێی نوسینی من ناچێتەوە سەر ئەو مانایە، بڵێی ئەمە تەخوین و بوختانە... ئیتر ئەمە لای ئەو بەڕێزانە ئەخلاقی دیالۆگ نییە، ئەخلاقی دیالۆگ لای ئەوان ئەوەیە قولاپی شێواندنەکان قووتبدەیت و لێ گەڕێی بەدوای خۆیدا ڕاتبکێشێت. لە ڕاستیدا ئەمە ئەخلاقێکی جوانی دیالۆگە، بەڵام بۆ ئەوان، بۆ ئەو خوێنەرانەش کە تەنیا لە سوچێکەوە و بەشێکی بچوکی کۆی دیمەنەکە دەبینن و دەیانەوێت لەو بەشە بچوکەدا بچەقێن. بەڵام بۆ من، بۆئەوەی تەواوی ڕاستییەکەی دەوێت، بۆئەو خوێنەرەی بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە و بەراوردی دروستی بیروڕاکان دەگەڕێت، بێگومان ئەمە شێوازی دیالۆگ نییە، بەڵکو جۆرێکی دییە لە سادیزمی ئایدۆلۆژی کە دەمامکی مۆراڵیستییانەی کردۆتە سەر. من زۆربەی وەخت بێدەنگیم هەڵبژاردوە، بەڵام کە هاتبێتمە دەنگ وەک مۆراڵیستێکی دەمامک لەسەر رەفتارم نەکردوە. من نە لە شیعرمدا، نە لە رۆمانمدا، لە نوسینی فیکریمدا هیچ کات مۆراڵیستێکی دەمامکدار نەبووم، تا لەوەڵاممدا بەوجۆرەبم. بەدرێژایی ئەو بیست و چوار ساڵە بەردەوام سەرنجی یەک شتیشم داوە، دیاردەیەک هەمیشە دووبارە بۆتەوە و دووبارەدەبێتەوە. ئەمجۆرە کەسانە لە «ئایدۆلۆژیستە شەڕانگێزەکان»، کە بەزمانی هەڕەشە و فەرمان دەستپێدەکەن، بە زمانی «پێت دەڵێم» «باش گوێبگرە» «تۆ دەبێت تێبگەیت کە مولزەم نیت» دەنوسن... هەموو ئەمانە کە ئەرگومێنتەکانیان تا دوا پلە رووتدەکرێتەوە و دەکەوێت، دەمودەست لە شەڕانگێزی ئایدۆلۆژییەوە دەبن بە مۆراڵیستی عەیارە بیستوچوار و دەکەونە قسەکردن لەسەر لێبوردن و قبووڵکردنی ڕەخنە و کولتووری دێبات. هیچ جارێک نییە کەسێک لەمانە، لە لۆژیک و ڕوانینیدا کورتی نەهێنابێت، ڕاستەوخۆ دەمامکی مۆڕاڵیستێکی لەسەر نەکردبێت، کە گوایە دڵڕەقی بەرامبەر کراوە، زوڵمی لێکراوە، قوربانییە. ئەمە چاکترین دەمامک بووە بیکەنە سەریان تا نوشوستی مەعریفی و کولتووری شێواندنی خۆیان بشارنەوە ... مۆراڵ لای من خۆشاردنەوە نییە، لە پشت ئەم وشانەوە، مۆراڵ ئەوە نییە مرۆڤ بوختان بکات و دوایی داوای تۆلێرانس بکات، بۆئەوەی گوێی لە ڕاستییەکە نەبێت. مۆراڵی نوسین لای من ئەوەیە لەگەڵ وشە و هەڵوێستی خۆتدا راستگۆ بیت و هێزی بەرگریکردن و ڕوونکردنەوە و بەیانکردنیت هەبێت. مۆراڵ ئەوەیە درۆ و شێواندن و داتاشین و موزایەدەی هەرزان قەبووڵ نەکەین، مۆراڵ ئەوە نییە تا دوا پلە شتەکان بشێوێنیت و تا دوا سنوور شەڕانگێز بیت و کاتێکیش خراپی ئەرگۆمێنتەکانت دەرکەوت، ببیت بە مۆراڵیست. ئەمەش بە بڕوای من هەر لە ئەخلاقی سیاسەت و سیاسییەکانە پەڕیوەتەوە بۆ دونیای نوسین ... ئەوە سیاسییەکانن دەمێک نۆرە قسەی خۆیانە تا ئەو پەڕیی شەڕانگێزییەت فەرماندەرن و بە زمانی دەبێت و نابێت قسەدەکەن، بەڵام کە نۆبەتی قسە دێتە سەر بەرامبەرەکەیان دەبن بە مۆراڵیست. ئەمجۆرە عەقڵییەتە کە داوادەکات لێگەڕێین هەموو درۆیەک تێپەڕێت، هەموو ئیرادەیەک زەوتکرێت، هەموو شێواندنێک جوان بکرێت، ئەمەش لە ژێر ناوی دێبات و لێبوردندا بە خەڵک دەفرۆشێت، لە جەوهەردا زۆر دوورە لە سەرەتاییترین بنەماکانی دێپات و دیالۆگەوە. دڵنیاشم نەوەک ئێستا، بەڵکو لە کۆنیشدا وە لەداهاتووشدا وابووە و وادەبێت، هەموو ئەوانەی هەڵەکانیان دەیانخاتە چاڵەوە، هەوڵدەدەن بە پەیژەی قوربانیبوون و ئەخلاقدا بێنەوە سەرێ ... ئەمە یاسابووە و هەمیشەش یاسا دەبێت، بەڵام یاسایەک لە هیچ کات و هیچ شوێنێکدا نەمدیوە هیچ نوسەرێکی راستەقینە ڕێزی بگرێت و نرخێکی بۆی هەبێت.

1 comment:

  1. لەو تێ ناگەم بۆ ئەم کەسەت هەڵبژارد؟ چەندین هەڵەی ئیملایی کوردی هەیە. قەڵەمت ساغ و هزرت تیژ

    ReplyDelete