Monday 1 July 2013

کێن ئەوانەی زوو زوو تووشی شۆک دەبن?




لەگەڵ داوای لێبوردنمدا لە هەمووان، ئەوەی کە دەیبینم و دەیبیستم تەنیا توڕە و بێزار و نائومێدترم دەکات. زۆر نائومێدکەرە دەبینم هەموو ڕۆشنبیرە جیدی و ئۆپۆزسیۆنە سەرسەخت و توندڕەوەکان، واقسەدەکەن وەک ئەمڕۆ شەرعییەت شکابێت، وەک دوێنی زانیبێتیان پەرلەمان هیچ نییە جگە لە حەمامێک کە مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی بە جلەوە خۆیانی تیا دەشۆن، وەک ئەگەر ئەم دوو ساڵە درێژ نەکرێتەوە، مەسعود بەرزانی و تارماییەکانی، تاڵەبانی و تارماییەکانی ئیتر لەدەسەڵاتدا نامێنن و دیموکراسییەت بەرقەرار دەبێت، وەک ئەوەی هێزی مەسعود بەرزانی لەوەوە هاتبێت، کە دەستوور و قانون و هەیئەتە شەرعییە باڵاکان پێیان بەخشی بێت، وەک ئەگەر دوو بڕگەی دەستوور دەستکاریکرا، ئیتر هێزە سیاسییەکانی ئێمە ببنە هێزی دیموکراس و دەسەڵاتی خۆیان لەو چوارچێوەدا بەندبکەن کە دەستوور دەیسەلمێنێت. من لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەمووان، هەموو ئەم شانۆگەرییە کە چەندین مانگە نمایشدەکرێت، وەک شانۆگەرییەکی کۆمیدیی بێتام و قێزەون و بێزارکەر دەبینم، کە سەیرم لێدێت ڕۆشنبیران بەجیدی دانیشتوون و سەیری دیمەنەکانی دەکەن و شیکار بۆ تێکستەکەی دەکەن. نە هیچ هەیە تێیبگەین و نە هیچ هەیە کەس بۆمان ڕوونبکاتەوە، ئەوەی هەیە، هەر ئەوەیە کە هەبووە و دووبارە و سەدبارە دەبێتەوە. ئەوە لای من جێگای سەرسامی نییە، سەرۆک جارێکی تر و دەی تریش، بەم نمایشانەوە سەرقاڵمان بکات، ئەوە جێگای سەرسامییە وابزانین شتێکی گرنگی نوێ ڕوویداوە. لە ڕاستیدا ئەو پەڕی جێگای پێکەنین و نائومێدییە، دوێنێ بۆمان دەرکەوتبێت کە کوردستان سیستمێکی دیکتاتۆریی حوکمی کردوە و حوکمی دەکات. دیکتاتۆرییەت لە کوردستان تەمەنی لەسەروو پەنجا ساڵی پڕ خوێن و ئەشکەنجە و درۆ و دیماگۆگییەتی شۆڕشگێڕانەیە، مانای چی ئێستا بڵێین «سیستمی حوکمڕانی بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات». ئەم عەقڵییەت و شێوازی نیگاکردن و ئەخلاقی تێڕامانە، مایەی نائومێدییە. ئەمجۆرە گوزارشتانەی کە بە کاردەهێنرێت «کوردستان بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات» «سەرۆکی هەرێم شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات»... وێنەکە وا دەکێشن وەک ئەوەی کوردستان سیستمێکی دیموکراسی بووبێت و دەسەڵاتەکان بە دیموکراسی و شەرعی سەقامگیربووبن. مێژووی دیکتاتۆرییەت لەگەڵ لەدایکبوونی حیزبە کوردییەکاندا دەست پێدەکات، کە لە هەناوی عەشرەت و بنەماڵە و ڕۆشنبیرانی هەلپەرست و نەخوێندەواریی ساڵانی چل و پەنجاوە سەرچاوەی گرتووە ... تۆوی یەکەمی دیکتاتۆرییەت لەوێوە دێت و ئەوەی ئەمڕۆ تیا دەژین، سێبەری ئەو درەختەیە کە ئەوان چاندویانە و ئێمە لە ژێریدا دانیشتووین. دیکتاتۆرییەت بە فۆرمە کوردییە، دواکەوتووە، بێدەمامکە، ناشیرینەکەی، زیاد لە پەنجا ساڵە لە ناوماندایە. ئەوەی جورئەتی ئەوەی نەبێت، بڵێت دیکتاتۆرییەت هەمیشە لێرەبووە و سەرۆکی هەرێم هیچ نییە جگە لە نوێنەری سیستمێکی ئۆتۆکراتی پیر و وابزانێت دوێنێ دیکتاتۆرییەت و ستەم دەستی پێکردوە، وێنەیەکی هەڵەی لەسەر مێژووی ستەم و تاکڕەویی لە کوردستان هەیە . لە کوردستاندا هیچ کات دەسەڵاتێکی شەرعی ڕاستەقینە بوونی نەبووە تا ئێستا بکەوێتە مەترسییەوە... ئەو ڕۆشنبیر و سیاسیانەی پێیانوایە، گەر زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنن یان دەستور بە دڵی ئەوان بنوسرێتەوە، ستراکتوری دەسەڵات لە کوردستان دەگۆڕێت، تووشی وەهمی گەورە بوون، وەهمێک وادەکات لە پەنجا ساڵی داهاتوودا ئەوانیش دیکتاتۆری ناشیرینتر لە دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆ دروستبکەن. کوردستان دەسەڵاتی نوخبەیەکی ئەرستۆکراتی داخراو حوکمیدەکات، نەوەک حکومەت و پەرلەمان. بەڵکو لەو دەساڵەی دواییدا، من هەمیشە پێداگریم لەوە کردوە کە حیزبیش بوونی نییە، ئەوەی هەیە چینێکی ئەرستۆکراتی بچوک و داخراوە کە جۆرێک لە حوکمی مەلەکی شەرمنی پیادەکردوە، کە پادشاکەی، لە چاو شێخ و شاهەنشا و مەلیکەکانی ناوچەکەدا درەنگ گەیشتۆتە سەر عەرش، لەبەرئەوە شەرمدەکات پادشایەتی خۆی ڕابگەێنێت .
لە هەموو ساڵی پار و ئەمساڵدا کە سەرقاڵی نوسینی کەشتی فریشتەکان بووم، بۆ من کۆی ڕۆمانەکە وەک گەشتێکی ئەرکیۆلۆژی بوو بە ڕۆحی ئەو نوخبە دەمامکدارەدا کە لە شۆڕشەوە تا ئەم ساتە، هێزێکی ستەمکار بوون و بەستەمکاری دەمێننەوە، ڕۆحی ئەو تاقمە ئەرستۆکراتییەی لە کوردستان حوکمدەکات لە موتوربەکردنی ڕۆحی جەلاد و ڕۆحی بازرگانێکی مشەخۆر و بێڕەحم دروستبووە، ڕۆحی تەماحکارێکی وەک کالیگۆلا و مشەخۆرێکی وەک شایلۆک، بەدەگمەنیش سیاسییەکی کورد لەو نەوە کۆنە دەدۆزینەوە تارمایی ئەم دوو ڕۆحە لە جەستەیدا نەگەڕێت، گەر کالیگۆلا نەبێت ئەوا شایلۆکە، گەر شایلۆک نەبێت ئەوا کالیگۆلایە، گەر هیچیشیان نەبێت بەتەنیا، ئەوا هەردووکیانە پێکەوە.
لێرەوە ئەوەی من تووشی شۆکدەکات، ئەوە نییە کە مەسعود بەرزانی تا زیندووە سەرۆک بێت، ئەمە لۆژیک و سروشتی هەمیشەیی دیکتاتۆرییەتی کوردی بووە ... ئەوەی جارێک سەرۆک بوو، هەمیشە سەرۆکە. ئەوە نائومێدماندەکات ئەوەیە، ببینم هەندێ کەس وا باس لە شەرعییەت دەکەن، وەک ئەوەی بەراستی ئێمە لەم چەند ساڵەدا لە ژێر دەسەڵاتێکی شەرعیدا بووبین، وەک شەرعییەت شتێک بێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بیبەخشن، نەوەک سەدان مەرج و دیاردە و یاسای دیکەی هەبێت کە دەبێت ڕۆژانە لە کۆمەڵگادا ئامادە بن. ئەوەی لێرەدا تاوانبارە ئەو حیزبە و ئەو کۆمەڵگایە و ئەو فەزا کولتوورییەیە، کە پەنجا ساڵە بەردەوام ئەم شانۆگەرییە قەبووڵدەکات. مێژووی دیکتاتۆرەکانی ئێمە جیاوازییەکی نییە لەگەڵ مێژووی دیکتاتۆرەکانی تردا، کەسێک دەسەڵاتی بۆ دەمێنێتەوە، یان بە هەر ڕێگایەک بێت دەچێتە جێگای حوکمڕانی و ئیدی دانابەزێت. تیمێکی پسپۆڕیش دەکات بەسەرپشکی
ئەوەی دەسەڵاتی بۆ درێژبکەنەوە. لە ڕاستیدا دیکتاتۆرییەت لەوە ئاسانترە تێی نەگەین، حیکایەتی دیکتاتۆرییەتی کوردیی بەتایبەت هێندە سادە و نەفامانە و سەرەتاییە، شتێکی تێدا نییە تۆزێک ڕامانبگرێت و سەرمان لێ تێکبدات. ئەوەی لەدەستووردا چی دەنوسرێت، لە پەرلەماندا چی روودەدات، ژێراو ژێر چی پەیمانێک مۆردەکرێت و چی عەهدێک دەبەسترێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی، وەک حوکمی داخراوی گروپێکی بچوک، دەبێت هەمیشە سەلامەت بێت. ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین، دیکتاتۆری کوردیی بە مردوویش، بە ئیفلیجیش، بە بێ زمانیش هەر لەسەر عەرشی دەسەڵاتی خۆی دانابەزێت و تارماییەکەی هەر حوکمی کەسە بچوکەکانی ژێر خۆی دەکات. لە ڕاستیدا هەموو ئەم گەمانە، گەمەی نوسینەوەی دەستوور، گەمەی درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی حاکمییەت، هەموو کۆمەڵێک یاری کۆن و بێتام و بێمانا و دووبارە و سەدبارەن، من ئەسڵەن سەرم لەوە دەسوڕمێت کە دەبینم ڕۆشنبیرێک لەسەر ئەم زبڵە سیاسییە قسەدەکات و وادەدوێت وەک لەسەر شتێکی چارەنوسساز و گرنگ و بێوێنە هاتبێتە دەنگ. ئەمە نمایشێکی پڕوپوچە کە چەند ساڵ جارێک دەیهێننە پێشەوە، وەک ئەوەی کوردستان وڵاتێک بێت، دەوڵەتێک حوکمی بکات، دەستوورێک بیبات بەڕێوە، پەرلەمانێکی شەرعی هەبێت. ئۆپۆزسیۆنی ئێمەش، چونکە بە جەوهەر هەر لەدەسەڵات خۆی دەچێت، خۆشحاڵانە ئەم گەمەیە دەکات و ئەو درۆیەمان لا سەوزدەکاتەوە کە دەسەڵات پێویستی پێیەتی و خۆشکەیفە پێی. هەموو ئەم نمایشە لای من مایەی هێڵنج و ڕشانەوەیە... حاکمی هەرێمی ئێمە، شەرعییەتی خۆی نە لە پەرلەمان، نە لە دەستوور، نە لە حیزبەوە وەرنەگرتووە، بەڵکو سەرچاوەی شەرعییەتی، ئەو سەرچاوە ئەبەدییەیە کە هەموو دیکتاتۆرێکی مێژووی ڕاگرتووە «بێدەنگی خەڵک»... ئەوە تەنیا شەرعییەتێکە کە هەموو دیکتاتۆرەکان بەهێزدەکات و دەیانهێڵێتەوە.
من لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەموو برادەرانی نوسەر و هاوڕێ ئازیزەکانم کە زۆری ژیانیان لەوەدا بردۆتەسەر بۆمان بسەلمێنن بەرزانی و تاڵەبانی دیکتاتۆرن، کەچی هەموو جارێکیش تووشی شۆکدەبن کە بۆیان ڕووندەبێتەوە «بەڵێ دیکتاتۆرن»، دەپرسم چەندجاری ترتان پێویستە ئەم نمایشە پڕوپوچانە ببینن تا ئیتر بەس بێت هەوڵی ئەوەبدەن بۆمان بسەلمێننەوە کە حوکمڕانی کوردیی حوکمڕانییەکی دیکتاتۆریی دزێوە? حوکمڕانییەکە ئامادەی هەموو شتێکە کە هەر دیکتاتۆرێکی ناشیرینی تری دونیا ئامادەیە بۆی، لە نمایشی کۆمیدیی وەک دوێنێ وە بیگرە تا کوشتن و گرتن و ونکردن و بێدەنگکردن. ئەم هاوڕێیانە لە کەسێک دەچن کە هەموو بەیانییەک پیسایی نەخۆشێک دەبەن بۆ پشکنین، نیوڕۆ بۆیان دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکی کوشندەی هەیە و تووشی شۆک دەبن. سبەینێ بە هەمانشێوە پیسایی هەمان نەخۆش دەبەنەوە بۆ لابۆر و دەیخەنەوە ژێر میکرۆسکۆب، هەمان دەرەنجامی دوێنێیان دەستدەکەوێت و تووشی شۆکدەبن، دوو سبەی و سێ سبەیش هەمان شێوە و هەمان دەرەنجامیان دەستدەکەوێت و دووبارە تووشی شۆک دەبن. تا دەگەینە جێگایەک، سەرنجبدەین ئەوەی مایەی سەیر و سەرسامییە ئەوە نییە پیسایی نەخۆشەکە چی تێدایە، بەڵکو ئەوەیە بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ دەکات، شۆکدەبێت و باوەڕ بە چاو و عەقڵی خۆی ناکات ... لە ڕاستیدا من هەڵوێستی هەندێک لە نوسەران و ڕۆشنبیران، بەوە تێدەگەم، هەموو بەیانییەک پیسایی دەسەڵات دەبەن بۆ پشکنین و هەمان دەرەنجامیان دەستدەکەوێت و بەردەوامیش تووشی شۆک دەبن... لە مێژە ئەم دەسەڵاتە لەوە کەوتووە تووشی شۆکمان بکات. مێژووی دیکتاتۆرییەت لە دوێنێوە دەستی پێ نەکردوە، لە 17 ی شوباتەوە دەستی پێ نەکردوە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆراندا هەستی پێ نەکراوە، بەڵکو مێژوویەکە لەگەڵ حیزبی کوردییدا لەدایکبووە... لە هەموو سەردەمەکانیشدا مێژووی ڕەش و ترسناکی خۆی هەبووە، هیچ لاپەرەیەکیش نییە لە مێژووی کۆن و نوێی ئێمە بە پێنوسی رەشی ئەو ڕۆحە تاریکە، ناشیرین نەکرابێت. ئەوەی دەیەوێت دژی دیکتاتۆرییەت بێت، لایەنیکەم دەبێت مێژووەکەی ببینێت، ئەوانە بناسێت کە لە دروستکردن و گەورەکردنیدا بەشداربوون، هیوای بچوک و درۆزنیش وەک تلیاکی کاتی و چارەی سیحراویی بە خەڵک نەفرۆشێت، چونکە ئەوەی دیکتاتۆرییەت بەهێزدەکات، ئەو تلیاکفرۆشانەن کە گۆڕانکاری بچوک و دیاردەی بچوک وەک دەسکەوتی گەورە و هیوای مەزن بە خەڵک دەفرۆشن... دیکتاتۆرییەت ئێستا نەوەک لاواز نییە، بەڵکو بە هۆی ئەوانەوە کە وەهم و هیوای درۆزن دەفرۆشن لە هەر کات بەهێزترە.


تێبینییەک : ئەم نوسینە تەنیا دەردەدڵێکی تایبەتی و شەخسییە، بەتایبەت بۆ ئەم پەیچەش نوسراوە. تکام وایە نە کەس بیگوازێتەوە، نە هیچ ڕۆژنامە و ماڵپەر و کەناڵێک، هیچ بەشێکی لێ دابگرێت و خەبەری لێدروستبکات. لەگەڵ سوپاس و ڕێزی زۆرم بۆ ئەوانەی هێندەیان حورمەت تێدایە، ڕێز لەم شتە بچوکانەمان دەگرن.

11 comments:

  1. دەست خۆش نوسینێکی جوانە، بەڵام بەرێزیشتان پێم ناڵێن چیتان کردوە، جگە لەداگیرساندی جگەرەو خەیاڵکردن لەژووریکی تەنیادا، ئەوەندە کەم خەلکت بینیوە کە واقح و ێتۆبیات لێتیکەڵ بووە، تکایە هەستە لەخەو ئەقسانەی تۆ هەموو کەس ئەیزانێ، خەلک لێرە دژی دەسەڵات ئەوەسێت تۆش جگەرە دائەگیرسینی و قسەی کتیبمان بۆ ئەکەی. فەرموو بزانین تۆ جیت پێئەکرێ بەکردار؟؟؟؟؟

    ReplyDelete
  2. لە خەو هەستە میلەتی کورد' گووت کردە مەوزوعەکە ،،پرسیاری(فەرموو بزانین تۆ جیت پێئەکرێ بەکردار؟؟)هیییچ نیە جگە لە پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی بەختیار ..

    ReplyDelete
  3. لە کن من دیکتاتۆریەت مێژوویەکی دوورتر لە دەرکەوتنی پارتە کوردییەکانی هەیە. پێموانییە پارتە کوردییەکان داهێنەری دیکتاتۆربن، بەڵکو ئەوانیش داهێنراوێکیی بچووکی دیکتاتۆرن.
    دیکتاتۆر شتێک نییە پارتە کوردییەکان دەستیان گرت بێت و بەسەر کۆمەڵگای کوردیاندا سەپاندبێت، نا، دیکتاتۆر کرمێکە لە هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا گەرای داناوە!
    ئەمن وا تەماشای ئەو بابەتە دەکەم، کە خودی پارتە کوردییەکانیش هیچ نین جگە لە قوربانییەکی ئەو کرمە و هەموو تاوانی ئەوان ئەوەیە کە ئەو کرمە ناناسن و بگرە خزمەتی دەکەن و ساڵ بە ساڵیش بۆ نەوەکانی داهاتووی دەگوازنەوە. لەوانەیە، ئەو کرمە و گەراکانی، دەمێک بێت لە هەناوی ئێمەدا ئاما دەبێت و درێژە بە ژیان و مانەوە خۆی بدات.
    هیچ کات لەو باوەڕەدانیم، پارتێکی خوێریلە بتوانێت دیکتاتۆریەت بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا بسەپێنێت، ئەگەر تەواوی کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا ئامادەیی نەبێت بۆ وەرگرتنی دیکتاتۆریەت.
    لەوانەیە ئێمە قۆزاخی ئەو کرمە بین و نەمانەوێت دانی پێدابنێین یان هەستی پێنەکەین و نەیناسین یان بیناسین و دوای سەدان ساڵ پاراستنی لە هەناوی خۆماندا، ئیستا وەک چۆن دایکێک کۆرپەلەکەی سکی دەپارێت و لە خەیاڵی خۆیدا منداڵێکی جوانکیلەی هەڵگرتووە، کاتێکیش منداڵەکە لە دایک دەبێت، جوانکیلە نییە و دزێوە، دایکەکەش ئەوە دەزانێت، بە دڵنایییەوە دەیزانێت، بەڵام ئامادە نییە باوەڕ بە ناشیرینی و دزێوی منداڵەکەی بکات. ئا، دوور نییە ئێمە بەو کرمە دزێوە، دووگیان بین!

    ReplyDelete
  4. ay rega chara chia ? agar sarchaway keshakan bedangbuni xalka ,to amadaet tyaya beut la saray sleman ba dangi barz hawar kait na bo bedangi na bo bedangi . tebini : bas txwa male eshi roshnbir shorsh niya.

    ReplyDelete
  5. ay dast xosh kaka Baxtyar Ali, ay aw kasay ka har wshayak la rey penusakatda benusiawa henday hazaran rozhnama u roshenbere nabinaiakane am sardama abaxshit ka dayma xareki xo gel krdn u chawgrtne xalkn bo barzhawande taybate xoian yan xareke xo dzinawa la rastiaknn.

    ReplyDelete
  6. ه‌ستخۆش ، نووسینێکه‌ واقعی دووره‌ له‌ وه‌هم .میسرییه‌کان پاش یه‌کدوو ساڵێک له‌ شۆڕشیان هه‌ر زوو دیکتاتۆریان ناسیه‌وه‌ ، نه‌وه‌ستان ئه‌وه‌تا ده‌یانه‌وێت راپه‌ڕین ته‌واو بکه‌ن دیکتاتۆریه‌ت نه‌هێڵن و، نه‌هێڵن سه‌رله‌نوێ پایه‌کانی خۆی داکوتێته‌وه‌ ، ئێمه‌ی کورد له‌ باشور به‌ هۆی نه‌شاره‌زایی و جه‌هاله‌ته‌وه‌ و داگیرکاریی دوای 22 ساڵ واخه‌ریکه‌ دیکتاتۆریه‌ت بناسینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ناسینه‌وه‌شیدا به‌ گومانین چی بکه‌ین!، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بکرێت دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌م وه‌همه‌ و ناسینه‌وه‌ی رووه‌ته‌کانی دیکتاتۆریه‌ته‌ و ئاماده‌کردنی که‌ره‌سته‌یه‌ بۆ جێپێله‌قکردنی و هه‌ڵکێشانی .

    ReplyDelete
  7. برای ئازیز کاک به‌ختیار،

    یه‌ک پرسیار، به‌ر له‌م 50 ساڵه‌ کورد چی بووه‌؟ کۆیله‌یه‌کی مه‌فعول‌و شه‌قاوشه‌ق خۆری سوڵتانه‌ بیانیه‌کان! جنابیشتان هه‌مان هه‌ڵه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه، وا ده‌دوێن که‌س نه‌زانێت به‌ر له‌م 50 ساڵه‌ چ مله‌تێکی سه‌رفه‌راز بووین‌و حزبایه‌تی وای پێکردین!ه‌

    ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی -قابیلی ناوی گه‌وره‌ی مله‌ت نیه‌- 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ توانی له‌ جیهانی ئازاد بگات، کام گۆڕبه‌گۆڕکراو له‌ گۆڕ ده‌ردێرین، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بێ سه‌واده‌ی که‌ ته‌نانه‌ت نه‌ی ده‌توانی لانی که‌م به‌ فارسی یان تورکی یان عه‌ره‌بی سوڵتانه‌کانشی بدوێت، چ بگات به‌وه‌ی بخوێنێته‌وه‌ یان بنووسێت، یان چ بگات به‌وه‌ی رچاوی زمانی فه‌ره‌نسی، ئه‌ڵمانی یان ئینگلیزی بکات؟!!!ه‌

    ‌هێشتا که‌ هێشتایه‌ له‌ 100دا 95ی وه‌رگێڕانی ئێمه‌ یان له‌ فارسیه‌ یان عه‌ره‌بی یان تورکی، ئه‌زانی بۆچی؟ مه‌گه‌ر ئه‌م 3 زمانه‌ له‌ کوردی دواکه‌وتووترو کوردی له‌وان زیاتر دواکه‌وتووتر چیان هه‌یه‌ وا هه‌رچی نه‌شرو بنکه‌ی رۆشنبیریه‌
    دوایانکه‌وتوون؟ راستی لێره‌دایه‌ که‌ ئێمه‌ بێسه‌وادین، بێسه‌وادو کوێر... هێشتا زمانی ئینگلیزی‌و فه‌ره‌نسی‌و ئه‌ڵمانی نازانین

    که‌واته‌ هێشتا ئیفلیجین له‌ خوێندنه‌وه‌ی جیهانی ئازاد، هێشتا سه‌د ره‌حمه‌ت به‌سه‌ر نه‌وه‌ی 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو کوێری‌‌و کۆیله‌تیه‌ توانیان کوێره‌ رێیه‌ک بۆ فاعل بوون په‌یدا بکه‌ن.

    چی گرنگه‌؟ زمانی ئینگلیزی فێربوون، تاکوو ئه‌مه‌ نه‌کرێت به‌ هیچ دریایه‌کی ئازاد ناگه‌ین، زمانی ئینگلیزی گرنگه‌ ته‌نانه‌ت له‌ زمانی زگماگیش گرنگتره‌

    ReplyDelete
  8. ئەم ڕوونکردنەوە و ئەم ڕاشکاوییەم دەربارەی ناوەرۆک و ستراکچەری ئەقڵی بزووتنەوەی کوردایەتی پێخۆش و جوانە. بریا لە ساڵی ١٩٩١وە کە کەسانی ڕەخنەگری وەک ئێمە لەبنی هەمبانە بۆشەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، کەسانی وەک ئێوەش دوودڵ نەبوونایە لە دیکتاتۆربوونی بزووتنەوەی کوردایەتی، بەڵام بەداخەوە ئێوە نەک هەر دوو دڵ بوون لە وتنی ڕاستییەکانی ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرە، بەڵکو بەشێوەی جۆراوجۆریش خزمەتتان پێکرد. ئێستاش درەنگ نییە لە وتن و ئاشکراکردنی ناوەرۆکی بزووتنەوەی کوردایەتی بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارییەوە.ئەم جۆرە هەڵوێستە جێگای ڕێزلێنانە!
    تاهیر ساڵح شەریف

    ReplyDelete
  9. به‌ڕای من نووسه‌ر کاتێك سه‌فسه‌ته‌ی به‌رهه‌م هێناو خوێنه‌رانی خه‌یاڵ پڵاو خوێندیانه‌وه,‌ سه‌رئه‌مجام بازنه‌یه‌ک له‌ وه‌هم و لیکدانه‌وه‌ دروست ده‌کات که‌ ده‌رچوو ن ده‌ربازبوون لێی ماحاڵه‌ .تێڕامان له‌م نووسینه‌و له‌م کومینتانه‌ ،له‌ وه‌ واوه‌ تره‌بزانین کێ تووشی شۆك ده‌بێت یانه‌ ،وه‌یان پێویسته‌ تووشی شۆك نه‌بێن . لێره‌و له‌م بازنه‌یه‌دا مانه‌وه‌ له‌ تووش بوون به‌ شۆك ترسناك تره‌.ناکرێت نه‌توانی له‌ بازنه‌ێه‌ك ده‌رچێت . واته‌ زه‌رووره‌تی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ هاوی خنکینه‌ری ناو بازنه‌یه‌کی په‌نجا ساڵه‌ ده‌رك پێ نه‌که‌یت که‌چی له‌ولاوه‌ باس له‌ دکتاتۆریه‌ت و توش نه‌بوون به‌شۆك بکه‌یت. نووسه‌ر حه‌رفێکی له‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك نییه‌ که‌ دکتاتوریه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ،من نازانم ئه‌م ئومێده‌ ساوێلکه‌یه‌ چێ یه‌ به‌ بزوتنه‌ویه‌کی کوردیه‌وه‌ گرێداون ناتوانن لێی ده‌رچن ،کاتێکش دیکتاتۆرێت به‌رهه‌م ده‌‌ێنێت تووشی شۆك ده‌بن و دانی پیادانانێن .که‌سێك نه‌توانێ له‌م وه‌هه‌مه‌ ده‌رچێت ، هه‌میشه‌ پیسایی نه‌خۆشه‌که‌ ده‌بات بۆفه‌حس و تووشی شۆك بووه . ئه‌ی بۆ به‌ ڕاشکاوا نه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر قسه‌یه‌ك له‌ سه‌ر تووش به‌ شۆك نه‌کرێت ناڵێن " بزووتنه‌وی کوردی بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆنه‌په‌رست و دژی ئینسانیه‌ ،هیچ خواستێکی به‌شه‌ری نا‌هێنێته‌ دی، ئه‌مه‌ ناسیونالیزمه‌ به‌رهم هێنی شه‌ڕو کوشتارگه‌ بووه‌ له‌ دنیادا و له‌ مێژوودا کاتێك بکه‌وێته‌ گر هه‌میشه‌ وه‌ك مه‌کینه‌ی قیمه‌ دروست کردن کار ده‌کات ئاواتمان ده‌هاڕێت ..داخوازیمان ده‌هاڕێت ئازادیمان ده‌هاڕێت نانمان ده‌‌هاڕێت گۆشتمان ده‌هاڕێت...........

    ReplyDelete
  10. من ئەسڵەن سەرم لەوە دەسوڕمێت کە دەبینم ڕۆشنبیرێک لەسەر ئەم زبڵە سیاسییە قسەدەکات و وادەدوێت وەک لەسەر شتێکی چارەنوسساز و گرنگ و بێوێنە هاتبێتە دەنگ. ئەمە نمایشێکی پڕوپوچە کە چەند ساڵ جارێک دەیهێننە پێشەوە،

    ReplyDelete