Sunday 17 August 2014

فاشیزم و جیاوازی



یەکێک لەو ئەرگومێنتانەی کە بەرامبەر تێزەی بوون و نەبوونی فاشیزم ڕوبەروی ببینەوە، ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێت. قسەکردن لە فاشیزم، جیاوازییەکان دەکوژێت و دەیشارێتەوە، بەو مانایەی کە چەمکی فاشیزم چەمکێکی گشتییە و وەک پۆڵی پێچەوانەی چەمکە تایبەتی و وردەکان دەردەکەوێت و ڕێز دانانێت بۆ ئەو شەبەنگە جیاوازانەی کە دەشێت لە کایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بوونیان هەبێت. لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە «کە تاکە ئەرگومێنتێکە دژ بە تێزی فاشیزم بینیبێتم و شایەنی قسەکردن بێت» لەسەر ژمارەیەک هەڵەی زۆر گەورە و شوبهاندنی زۆر سەتحی دامەزراوە کە لێرەدا هەندێکیان کورتدەکەمەوە.

    یه‌كه‌م: ئه‌م تێزەیە وا لە دونیا دەروانێت هەر کاتێک قسەمان لە فاشیزم کرد، ئیتر ناتوانین قسە لە جیاوازی بکەین، کە قسەشمان لە جیاوازی کرد ناتوانین قسە لە فاشیزم بکەین. بەوەدا لە خۆرهەڵات هێزی جیاواز هەیە کەواتە فاشیزم بوونی نییە، بەوەدا لە کوردستان یەکێتی و گۆران و پارتی و یەکگرتوو و ... هتدمان هەیە، ئیدی قسەکردن لەسەر فاشیزم، جیاوازی ئەم هێزانە دەشارێتەوە، ئەمانە هێزی رەنگاورەنگن و بوونیان خۆی دەلیلە کە فاشیزم بوونی نییە. ئەم تێزەیە وا لە دونیا دەروانێت وەک ئەوەی لەسەردەمی نازییەت و فاشییەتدا لە ئیتالیا و ئەڵمانیا، جیاوازی نەبووبێت. وەک ئەوەی بشێت یان بکرێت کۆمەڵگایەک یان قۆناغێک یان بوونێک بەبێ جیاوازیی هەبێت، وەک لە ئەڵمانیا و ئیتالیا سەردەمی نازییەت و فاشییەتدا کۆمەڵگایەکی خاڵی لە جیاوازیی حاکم بووبێت، یەکسان لە هەموو شتێکدا، تەبا و ڕێکەوتوو لەسەر فاشیزم. لەو ساتەدا کە نازییەت لە ئەڵمانیا دێتە سەر کار، ئەڵمانیا لانکەی دەیەها هێزی سیاسی و فیکرییە، بێئەوەی ئەو جیاوازییانە رێگربن لە سەرهەڵدانی فاشیزم لە هەناوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا و ڕاکێشانی ملیۆنەها مرۆڤ بۆ ژێر تۆڕ و تەپکەکانی خۆی . سادە و سەتحییەتی ئەم بۆچوونە لەوەدایە وادەزانێت کە قسەت لەسەر بونیاد کرد ئیتر قسە لەسەر جیاوازی دەمرێت، کە قسەت لەسەر سیستم کرد کەواتە جیاوازییەکان نابینیت، بێئەوەی تێبگات کە سیستم خودی ئەو میکانیزم و پەیوەندیانەیە کە لە نێوان جیاوازییەکاندا بەر قەرار دەبێت. گەر بوونی جیاوازی ئەرگۆمێنێت بێت دژ بە بوونی فاشیزم، ئەو کات دەبێت فاشیزم لە هیچ قۆناغ و سەردەمێکدا بوونی نەبووبێت، چونکە جیاوازی لە هەموو سەردەم و قۆناغێکدا بوونی هەیە، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی هەیە. بە بڕوای من تەواو بە پێچەوانەی ئەم هەڵە مەنتیقییەوە، فاشیزم ڕاکێشانی جیاوازییە بۆ پلە هەرە ڕەهاکانی، بۆ جیاکردنەوەیەکی سەرتاسەریی، بۆ گەیاندنی جیاوازیی بە پلەیەک کە هیچ هاوبەشێکی ئینسانی لە نێوان جیاوازەکاندا بەدی نەکرێت. فاشیزم ڕاکێشانی جیاوازییە بۆ پلەی راسیزم، بۆ پلەی پۆڵینی بایۆلۆژی لە نێوان «من» و «ئەویدی» دا. فاشیزم ئەوەیە هێزێک یان شوناسێک نەتوانێت  بەبێ دروستکردنی وێنەیەکی دوژمن، وێنەیەکی حەیوانی لە ئەویدی خۆی پێناسەبکات، وەک وێنەی جووەکان لای نازیزم، وەک وێنەی کافر لای تاڵیبانەکان، وەک وێنەی شیعە لای وەهابییەکان، وەک وێنەی بەهائییەکان لای شیعە، وەک وێنەی کورد لای تورک... واتە تێرمی فاشیزم، تێرمی تێڕامانە لە سروشتی جیاوازییەکان، نەوەک تێرمی لادان و سڕینەوە بێت لە بینینی جیاوازییەکاندا. فاشیزم «وەک سیستم» نەوەک پێچەوانەی جیاوازی نییە، بەڵکو ئەو رەفتار و هێڵکێشان و خۆ دوورگرتن و خۆ دیاریکردن و خۆ پێناسەکردنانەیە کە هێزە جیاوازەکان لە فەزای پەیوەندییەکانیاندا دەیگرنە بەر.

دووه‌م: ئه‌م بۆچوونە وا سەیری جیاوازی دەکات، وەک ئەوەی کاتێک قسەمان لە جیاوازی کرد، ئەوکات قسە لە لێکچوون ناکرێت، وە کاتێک قسەمان لە لێکچوون کرد ئیتر قسە لە جیاوازی ناکرێت. ئەم بۆچوونە زادەی تێگەیشتنێکی سەتحی و میکانیکییە، کە جیاوازی وەک دۆخێکی موتڵەق وەردەگرێت . لە ئاستی فەلسەفیدا پرسی جیاوازی تەواو گرێدراوی پرسی شوناس، هاوجووتی، ترازان و هاوشێوەییە. لە دیالەکتیکی هیگڵیدا جیاوازیی هیچ نییە جگە لە ساتێکی ترازاو لە وەک یەکی و هاوشێوەیی، جیاوازی ئەو ئەگەرە ناوەکییەیە کە شوناسێک لە ناوخۆیدا هەڵیگرتووە، ئەو پارادۆکسە ناوەکییەیە کە وادەکات شوناسێک بجوڵێت و پێچەوانەکەی خۆی دروستبکات. ئەنتی تێز لای هیگڵ بەشێکی ناوەکی «تێز»ـە، واتە جیاوازی لەتبوونی «لێکچوو»یەکی پێشترە کە دژەکەی خۆی لە ناو خۆیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. لای هیگڵ، جیاوازی لەتبوونێکی ڕەها و یەکسەرە نییە بەڵکو ناکۆکی ناوەکی ناو «یەکێتییەکی پێشینەیە». دوورکەوتنەوەی شوناسێکە لەوەی چیتر «هاوجووتی پێشووی» «هارمۆنییەتی سەرەتایی» وەک خۆی بژی. نەک هەر ئەوە، خواستی گەڕانەوە بۆ لێکچوون بەشێکی گرنگی دیالەکتیکە. دیالەکتیکی هیگڵی کاتێک  لەسەر سێ لانەی «تێز ـ ئەنتی تێز ـ سنتێز» ئیشدەکات، واتە لەسەر تەوەری سێ لانەی «لێکچوون ـ  جیاوازی ـ لێکچوون» دەجوڵێتەوە. «دوا لێکچوونیش ـ واتە سنتێز» لێکچوونێکی داخراو نییە، دەرگای جیاوازیی هەمیشە دەرگایەکی کراوەیە، سنتێز هیچ نییە جگە لە ساتێک کە کرانەوەیەکی ئەبەدی لە هەناویدایە، بێئەوەی هیچ کات بگاتە ئەو ساتەی شوناس بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆیدا هاوجووت و تەبابێتەوە، واتە بێ ئەگەری جیاوازی بژی.

لە هیگڵ بترازێین، لەسەدەی بیستدا دۆلۆز فەیلەسوفی گەورەی جیاوازییەکانە. دۆلۆز باوەڕی بەوە نەبوو کە جیاوازی کارێکی بە دیالەکتیک و تێزی ناکۆکییەوە هەبێت، جیاوازییەکان لە بەرەنجامی ترازانی شوناسێکی ئەسڵی لەخۆی بەرهەم نایەن، بەڵکو جیهان لە پرۆسەی گۆڕانی بەردەوامی خۆیدا، جیاوازیی بەرهەمدەهێنێت، بێئەوەی جیاوازییەکان زادەی دژایەتی شوناسێک بن بۆ خۆی یان بۆ ئەویدی. جیاوازییەکان ئاماژە نین بۆ لەتبوونی یەکێتییەکی پێشینە، لە بنەڕەتدا هیچ ماهیییەتێکی یەکگرتوو بوونی نییە، لێرەدا دۆلۆز وەک نیتشە باوەڕی بەوەیە کە خودی جیاوازی بە مانای لێک نەچوون و دووبارەنەبوونەوە نایەت، بەڵکو ئەوەی بەردەوام دەگەڕێتەوە، ئەوەی هەمیشە دووبارەدەبێتەوە خودی جیاوازییە. بەڵام هاوشان بەم پێ داگرتنە لەسەر جیاوازیی، دۆلۆز تاکە فەیلەسوفی گەورەی خۆرئاواشە کە بە بەربڵاوی قسە لە فاشیزم دەکات، تێزی دونیایەک کە لە جیاوازیی دروستبووە لای دۆلۆز، وەک لیبرالە کورتبین و عەقڵ تەسکەکانی ئێمە، بەرەو ئەوەی نابات، فاشیزم لەو جیهانەدا نەبینێت، یاخود باوەڕی بە سیستم نەبێت، پێی وانەبێت کەپیتالیزم وەک سیستم، هێزێک و ماشێنێکی گەورەی پەکخستن و لەکارخستنی ئارەزووەکان و جیاوازییەکانە. بوونی جیاوازیی وەک جەوهەری پرۆسەی گۆڕانی هەمیشەیی لای دۆلۆز، هیچ کات بەرەو ئەو هەڵەیەی نابات بڵێت چونکە جیاوازی هەیە کەواتە فاشیزم نییە، لێرەوە دۆلۆز چەندە قسە لەسەر جیاوازی دەکات، هێندەش قسە لەسەر فاشیزم و میکرۆ فاشیزم دەکات. بوونی جیاوازی مانای ئەوە نییە کە سیستمێک نییە دژ بە ئارەزووی مرۆڤەکان کاربکات، بیانخاتە ناو یەک قاڵبەوە، یەکجۆر ئارەزوو و یاسا و نەزمیان بەسەردا بسەپێنێت. جیاوازی خۆی جیاوازییەک نییە، لە دەرەوەی پەیوەندی، لە دەرەوەی گۆڕانی بەردەوام، لە دەرەوەی دروستکردنی هەرێمی تایبەت بە خۆی، پەیوەندی تایبەت بە خۆی، ترسی تایبەت بە خۆی، هێزی تایبەت بە خۆی، جیاوازی ساتێکی داخراو نییە، جەوهەرێکی نەگۆڕ نییە بەرامبەر جەوهەرێک، بەڵکو جیاوازی و لێکچوون دوو دیوی بزۆکن، لە پەیوەندیدا دروستدەبن، کە قسە لە فاشیزم دەکەین واتا قسە لە شوناسێک دەکەین کە پەیوەندییەکی پارانۆیی بە جیهانەوە هەیە، واتە سوبێکتێکە بارکراوە بە توانای توندوتیژیی نالۆژیکی.  بوون و نەبوونی جیاوازی کار لە بوون و نەبوونی فاشیزم ناکات، چونکە جیاوازی بنەمایەکی ئەنتۆلۆژی بوونە، بەڵام فاشیزم دۆخێکی تایبەتی پەیوەندییە کە لەسەیرکردنێکی تایبەتەوە بۆ جیاوازی و لە پەیوەندی نێوان جیاوازییەکانەوە دروستدەبێت.

سێهەم: بە پێچەوانەی بانگەشەی لیبراڵ و راستڕەوەکانەوە، کە گوایە بانگەشە بۆ جیاوازی بانگەشەیە بۆ دیموکراسییەت، پێداگرتنی زۆر لە سەر جیاوازی سیاسی، ڕێگایەکی نزیکە بەرەو فاشیزم. چونکە فاشیزم بریتییە لە خۆ دوورخستنەوەیەکی گەورە لە «ئەویدی». جیاکردنەوەیەکی رەهایە لە نێوان «من» و «تۆ» دا. جیاکردنەوەی «حیزبەکان» و «فەردەکان» و «نەتەوەکان»ـە بە ناوی جیاوازبوونەوە لەسەر بنەمای «چاک» و «خراپ».  پێداگرتنی زۆر لەسەر جیاوازی، لە زۆربەی دۆخەکاندا پێداگرتنە  لەسەر دابەشکردنێک کە بەرەو دوالیزمە داخراوەکانمان دەبات. هیچ کات فاشیزم بەبێ پێداگرتن لەسەر جیاوازی دروست نابێت. پێداگرتن لەسەر جیاوازی نێوان «مەسیحییەت» و «جوو»، لە نێوان «ئاریبوون» و «سامیبوون»، لە نێوان «جەرمان» و «ناجەرمان»، لە نێوان «ناسیونال سۆسیالیزم» و «لیبرالیزم و کۆمۆنیزم» دا، نازییەتی دروستکرد. فاشیزم ئەو خواستی خۆجیاکردنەوە قووڵە دروستیدەکات کە شوناسێک داگیردەکات ، بەجۆرێک بە ناوی جیاوازییەوە خۆی لە تەواوی ژینگەی سیاسی جیادەکاتەوە. وەک ساتی خۆ جیاکردنەوەی نازییەت، ساتی خۆجیاکردنەوەی سەدام حوسەین لە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و شەڕکردنی لەگەڵ نیوەی دەوڵەتانی سەر زەویدا، ساتی خۆجیاکردنەوەی قاعیدە و دابەشکردنی بۆ دونیا بە سەر دوو بەشدا. هەڵبەت ناکرێت هەموو جۆرێک لە جیاوازی و خۆجیاکردنەوە بە دەروازەی فاشیزم بزانین. جیاوازی کاتێک دەبێتە دەروازەی فاشیزم کە رەهەندێکی سیاسی رووتی هەبێت، بە ڕۆحییەتی منی باش و تۆی بەد ئیشبکات، بە ئاستێکی سەتحی فیکر قسە بۆ عەوام بکات و ختوکەی هەستە پۆپۆلیستییەکان بدات و گەشبینی درۆزن و قارەمانێتی وەهمیان تێدا بچێنێت، بیانخاتە ژێر تیرۆری هەڵوێستەوە و بیەوێت لە ژێر فشاری دابەشکردنی دونیا بۆ دوولانەی «خائین ـ نیشتیمان پەروەر»دا، عەقڵییەتی مرۆڤەکان وەک یەک لێبکات. سروت و ڕیتواڵی دەستەجەمعی بخاتە گەڕ، وەک ئەوەی «شیوەنی دەستەجەمعی» بسازێنێت تا هەمووان لەدەوری مردوەیەکی موقەدەس کۆبکاتەوە یان لە هیچە ساتەوەختی «سەرکەوتنی مێژوویی» و خورافی دروستبکات، یان بەردەوام پێویستی بە دوژمنێک هەبێت تا لەبەردەمیدا خۆی پاکتر و جوانتر نیشانبدات. مەرجەکانی ئەمجۆرە لە خۆجیاکردنەوەی فاشیستی لە زۆربەی خۆجیاکردنەوە سیاسییەکانی دونیای ئێمەدا هەیە.

چوارەم: کوشتنی جیاوازی لە فاشیزمدا لە ڕێگای ڕەتکردنەوەی جیاوازییەوە نییە. بەڵکو لە رێگای بێنرخکردن و کەم بەهاکردن و ناشیرینیکردنی جیاوازییەوەیە، واتە دەرکردنی جیاوازە لە ناو سیستم، دوورخستنەوەیەتی لە خود، دروستکردنی سنوورێکی ئاسنینە کە هەرچی بکەوێتە ئەو دیو ئەو سنوورەوە هەموو مافێکی لێ دەسێنرێتەوە. واتە فاشیزم بریتییە لە بوارنەدان بە جیاوازییەکان تا دەربکەون، تا هەموو هەمان مافیان هەبێت، نەوەک لە بنەڕەتدا هەر جیاوازیی قەبووڵ نەبێت و بۆ دۆخێکی وەک یەکی و تەبایی ئینسانیی لە نێوان هەموو شوناسەکاندا بگەڕێت. فاشیزم پیشەسازیی دروستکردنی «ئەویدییەک» ـە کە شایەنی ژیان نییە، شایەنی ئەوە نییە کە لەگەڵ سوبێکتی فاشیستیدا تێکەڵبکرێت یان بەراوردبکرێت.

پێنجەم: قسەکردن لەسەر فاشیزم مانای ئەوە نییە کە ئەو جیاوازیانەی لە فەزای سیاسیدا هەیە بایەخیان نییە. واعیزەکانی لیبرالییەت وادەزانن کە قسەت لە فاشیزم کرد، ئیتر مانای هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا قایل نیت. یان فاشیزم شتێک نییە بکرێت بەرامبەری بوەستینەوە، کە قسە لە فاشیزم دەکەین قسە لەسەر پەیرەوپرۆگرامی باش یان خراپ ناکەین، قسە لەوە نییە کە دەشێت هەڵوێستی پارتێک بەرامبەر ئەم کێشە یان ئەویدی باشتر نەبیت لەویدی. قسە لەوە نییە کە ئایدۆلۆژیاکان جیاواز نین، یان مەرجەعییەتیان وەک یەکە، یان خودایان جیاواز نییە، یان لە گەمژەترین فۆرمیدا بڵێین گوایە خۆرهەڵات لە زەمانی پێغەمبەرەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، تێگەیشتنی پێکەنیناوی وەها نەک هەر مایەی گاڵتەجاڕییە، بەڵکو نیشانەی نەخوێندەوە و بێئاگاییە لە هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر فاشیزم نوسراون. قسە لەسەر فاشیزم، قسەیە لەسەر فەزایەکی بارکراو بە گیانی توندڕەوی، بە ماشێنگەلێک کە دوای هاتنی مۆدێرنە و بەکاریگەریی ئەو پارادۆکس و فۆبیا و ململانێ نوێیانەوە کە مۆدێرنە هێناونی و وەک دەرەنجامی زنجیرەیەک میکانیزم کە بەدرێژیی لەجێگای دیدا لەسەریان وەستاوم، دروستبووە.

لێرەدا دەبێت بڵێین کە ناکرێت جیاوازی لە کایەی سیاسی خۆیدا تاکە ناو و پێناسەی جیاوازیمان پێشکەشبکات. لێرەدا جارێکی تر هەڵەی کوشندەی پۆزەتیفیست و لیبراڵەکان دەردەکەوێتەوە کە بۆ هەموو زاراوەیەک تەنیا بۆ دیوە سیاسییە ڕووتەکەی دەگەڕێنەوە و بۆ دیوە سیاسییە زۆر ڕوکەش و سەتحییەکەشی. لەم نێوکۆییەشدا جیاوازی بە مانا ڕاستەقینە و قووڵەکانی کورتدەبێتەوە بۆ هەندێک جیاوازی سیاسی کورتبڕ و هەنوکەیی و پڕوپاگەندەیی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن. بەرگریان لێرەدا لە خودی جیاوازیی نییە، بەڵکو بەرگرییەکی هەرزانە لە هەندێ لایەنی سیاسی و نیشاندانیانە وەک هەڵگری پرۆژەی لابەلابوونەی ڕادیکال. بەمجۆرە چەند جیاوازیەکی ڕوکەش لە دروشمدا لای «یەکێتی و پارتی و گۆڕان و یەکگرتوو ... هتد» بەرزدەکرێنەوە بۆ پلەی جیاوازی ڕادیکال، بۆ پلەی دابڕانی بنەڕەتی  و ستراکتوریی. هەر ئەم تێگەیشتنە بۆ خۆی شاهیدە کە ئەم عەقڵییەتە چ دیدگایەکی کاریکاتێری بۆ جیاوازیی هەیە، چۆن جیاوازییە کورتخایەن و لاوەکییەکان بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستی جیاوازی گەردونی و مێژوویی. تا لە پشت ئەم جیاوازییانەوە درێژە بە گەمە سیاسییە تەقلیدی و دووبارەکانی خۆی بدات. لەم خاڵەشدا جیاوازی وەک کەرەستەیەک بۆ خزمەتکردنی دیموکراسییەت دەرناکەوێت، بەڵکو دەبێتەوە بە کەرەستەیەک بۆ بونیادنانەوەی شوناسە لەخۆبایی و داخراو و خۆ بە پاک زانەکان، کە هەنگاوی یەکەمن بۆ بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم.

2 comments:

  1. کاک بەختیار، لەگەڵ هەموو ئەو وردبینییەی نێو ئەم یادداشتە هەم کە چۆن هەنووکە کە ترازای دەبێت لە نەترازانیش بەرگری بکەی(داڕمان‌و نەڕمان‌و ئاستی ئاڵوزی ئەم دوو چرکە ساتە)،لەگەڵ رێزی زۆرم چون بەڕاستی کەسی فرەرەهەندی وەک جنابت تاقانەیە لەم کۆمەڵگایە تەک ساحەتییەدا، بەڵام هەرچی بیر دەکەمەوە سەردەمی ئەڵمانی نازی‌و رۆژهەڵاتی نەخوێنەوار لە یەک تەرازوودان، ناخی کێشەکە روون ناکاتەوە.

    با نەختێک روون‌تر بلێم، لەگەڵ هەموو ئەو قووڵی تەفسیرانەی جنابت هەم، بەڵام لام وایە ئەم کارەساتی دۆخی فاشیستیە لە کۆمەڵگای بونیادگەرادا زۆر قووڵ‌تر‌و کارەسات‌بارترە لە کۆمەڵگایەکی فاشیستی وەک سەردەمی نازییەت لە ئەڵماندا.

    بۆچی؟ کاتێک ئەڵمان هاتە سەر رەگی فاشیستی، وڵاتێکی سەراپا عەقڵانی بوو ، ئینجا بە تاکییدیش پڕ لە جیاوازیەکان کە دواتر وردە وردە دەستی کرد بە سڕینەوەی هەموو ئەو جیاوزیانە. بەڵام چون سەرتاپا عەقڵانی‌و فاعل بوو لە دوای شکست هێنانی ملی دا بەوەی کە هەڵەی کردووە و شکستی هێناوە‌و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ هۆسڕەلەکان نەک هایدگرەکان، ئینجا ئەوە بوو کە تەرحی مارشاڵیان بە وردی قبووڵ کرد‌و تیکڕا گۆڕان.

    بەڵام کاک بەختیار، بونیادگەرایی رۆژهەڵات کە بونیادی خۆی لەسەر نەفامی‌و بێسەوادی بونیاد ناوە کارەساتێکی یەکجار گەورەترە لە فاشیست، واتا ئەم حماقەتە کە بونیادگەرایی سواری بووە هەرگیز مل بە هیچ گوڕانێک نادات، هەر بۆیە کاتێک ٢٠٠٣ ئەمریکا هات، ئەمریکییەکان کەوتنە گەشکە کە ئەڵمانێکی دیکە بە دەستی خۆمان سازدەکەین، ئینجا ئەمریکای سەرسووک هەرگیز بیری لەوە نەکردبووە کە تەرحی ماڕشاڵ لە ئەڵمانی سەرپا باسەواد‌و لێواولێو لە عەقڵانییەت، واتا مرۆڤێک کە دەفامێت شكست یانی چی!، هاتووەتە دی، نەک لە کۆمەڵگای بێ سەوادو بەدەوی رۆژهەڵات، ئەوەیە ئێستەش خۆیان هەر ماق ماون کە بۆچی ئێمە ئەو هەمووە پارەمان لە عێراق سەرف کرد(بە چەندان بەرانبەری ئەڵمان) بەڵام هیچیان بە هیچ نەبووە!

    کاک بەختیار دۆخی بونیادگەرایی دەقێق لە هەمان ئامرازەکانی هێزی فاشیسم کەڵک بەهرە دەبات، بەڵام زۆر کەسیف‌تر‌و دەر عینی حاڵ زۆر حماقەتبارتر و دەرمارگرژتر ئیش دەکات.

    ئەگەر ئەڵمانی دوای شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگایەکی وێرانەدا رووبەڕوو بوو، ئەوە ئێستە ئێمە لە رۆژهەڵات هیچ لەگەڵ کۆمەڵگایەکی وێرانە رووبەڕووین، ئاوا لەگەڵ بێ سەوادترین کۆمەڵگا(بە نسبەت سەردەمی خۆمانەوە) رووبەڕووین! واتە ئەکتەرەکانی نێو ئەم کۆمەڵگاییە لە خوودی کۆمەڵگاکە وێرانتەو کارەساتبارترن، برام.

    ئینجا با ئەوەندە باسەکە بەم لاولادا نەبین، پرسیار؛ باشە بۆچی تەرحی ماڕشاڵ بە چەندین قات کەمترلە دولاری سەرف کراو بۆ ئەڵمان، وەها ئەڵمانی هاوردەوە سەر پێ، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق هیچ چرکەی نەکردووە، بگرە خراپتریش بووە؟

    لەم رووە بەڕاستی ناتوانم قبووڵی ئەم وشەی فاشیزمە بکەم، مەبەستم ئەوە نیە کۆمەڵگاکە زۆر ئازادەو پڕ لە دێموکڕاسییە، بەڵکوو بەعەکسەوە هیچ فرەرەهەندی جنابتان لە ماڵوێرانی ئەم کۆمەلگاییە تایید دەکەم، ئاوا مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە لە دۆخێکی یەکجار کارەساتبارتر لە فاشیزمدا ژیان دەبەینە سەر کە تەنانەت تەرحی ماڕشاڵەکانیش دەرەقەتی نایەت‌ چون لەسەر بونیادی بێ سەوادی ئیش دەکات‌و ئەمە خۆی یەکەمین پرسیاری سەرەتاییە؛ ئێمە چۆن ئەم ئۆبجێکتە(دەقێق مەبەستم ئەکتەرێکی مەفعوولە کە لای وایە فاعلە!) بێسەوادە کە ئێستە لە سایەی سەری دێموکڕاسیشدا بێسەوادی خۆی بە ماف وەک بوون دادەنێت کە ئەمە نەزەری منە قوربان، حاڵی بکەین؟ مەبەستم لە بوون ئەوە نیە کە ئەم ئۆبجکتە شایانی کوشتنە، مەبەستم لە بوون ئەوەیە کە ئەم مەفعوولە لای وایە فاعلە، مرۆڤی فاعل هەرگیز لە دان‌نان بەسەر شکستدا ناسڵەمێتەوە، مرۆڤی فاعل لە جێگەی کینە‌و نفرەت هەڵگرتن لە دیگەری بەرەنابەری کە دەرونی کۆڵەوارو نەمافی خستووەتە روو، شکستی خۆی قبووڵ دەکات‌و قەقنەسوار لەسەر خۆڵەمێشی خۆی ژیانێکی نوێ سازدەکات، بەڵام ئەم مرۆڤە مەفعوولەی رۆژهەڵات کە ئێستە بەدرێژایی هەزران ساڵە لە سەر هەمان ئەکتەر ژیاوەو بووەتە پیرێکی کەلاکی بێ ددان، خۆی بە خاون ئەزموونێکی کۆن دەزانێت‌و رۆژئاوا بە گەمژە کە لە حیکمەتی بێسەوادی‌و حماقەتەکەی رۆژهەڵات تێناگات‌و ئەوە رۆژئاوان کە دەبێت مل بەم ئەزموونە کۆنەی من بدەن! کارەساتێک تاکوو ئەمڕادە قووڵ‌و وێران....

    ReplyDelete
  2. هەر بۆیە کاتێک ئێمە لە وشەی فاشیزم بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی رۆژهەڵات بەهەرە دەبەین، خێرا ئەم وڵامە هەڵەیە دێتە بەردەستمان کە تەرحێکی ماڕشاڵ ئاسایی کێشەی رۆژهەڵاتیش چارەسەر دەکات، واتا هەمان هەڵە کە ئەمریکییەکان‌ کردیان! لەگەڵ رێزی بێ پایانم...

    ReplyDelete