Saturday 9 August 2014

شوناسی ئەبەدی/ شوناسی کاتی


شوناسی ئەبەدی/  شوناسی کاتی

هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی گۆڕان و نەگۆڕان لە دەرکەوتەکانی شوناس لە خۆرهەڵاتدا



١

لە سەد ساڵی ڕابوردوودا و لە خۆرهەڵات چەمکی شوناس، جێگایەکی سەنتراڵ و گرنگی وەرگرتوە. شوناس لە ناوەڕاستی زۆربەی کێشەکانماندایە، جەنگ لەسەر شوناسی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی ڕوکاری ئایدۆلۆژیی ئەم جەنگە پێکدەهێنێت، کە هەڵبەت لە بونیادە قووڵەکاندا هۆکاری تاریک و نەبینراوتریشیان هەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە تا ئێستا کاتێک قسە لە شوناس دەکرێت، هەندێک تەنیا باس لە دیوە کولتوورییەکەی شوناس دەکەن، شوناس وەک کایەیەک لە نەریت و نۆرم و ڕیتوال دەبینن کە جۆرە تێگەیشتن و ڕەفتارێکی دیاریکراو بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنێت. لێرەدا کە باس لە شوناس دەکەین، دوور و نزیک باس لەو دیوە کولتووری و ئەنترۆپۆلۆژییەی ناکەین، مەبەستم لە شوناس ئاماژەیە بۆ جۆرە وێناکردنێک بۆ خود، نیگارێکی خەیاڵی کە گروپێکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە خۆی هەیەتی. لێرەوە قسەکردن لەسەر خودی شوناس، قسە نییە لەسەر نەرێت و نۆرم و شتگەلێکی پابەند بە ژیانی ڕۆژانەوە، هێندەی پابەندە بە چۆنێتی ئیشکردنی سیستمی وێناکردنەوە لە لایەن گروپێکی دیاریکراو، چۆن گروپێک خۆی دەناسێتەوە و تەماشای خۆی دەکات. بەبڕوای من شوناس شتێکە تەنیا لە ڕێگای دیاریکردنی پەیوەندیی لە نێوان «ئەبەدی» و «زەمەنی» ــ «گۆڕاو» و «نەگۆراو»دا  دەخوێنرێتەوە. شوناس هێندەی پەیوەندی گروپێک بە «بوونی هەمیشەیی خۆیەوە» دیاریدەکات، ئاماژە نییە بۆ کۆمەڵێک نۆرم و نەرێتی تایبەت بەسەردەمێک. بە مانایەکی تر گرنگترین وەزیفەی شوناس ئەوەیە پەیوەندی گروپ بە ئەبەدییەتەوە بەرجەستەدەکات، نەوەک بە ئێستاوە. شوناس لەبەرئەوە گرنگە کە درێژکراوەی ئێمەیە لە داهاتوودا. کاتێک قسە لەسەر شوناسی کوردی یان ئیسلامی دەکەین، واتە قسە لە شوناسێک دەکەین بۆ ئەبەد، باس لە جەوهەرێک دەکەین بۆ داهاتوو، بوونێکی دیاریکراو بۆ هەزاران ساڵی دی کە دێت. لێرەوە بە پێچەوانەی بوونی هایدگەرییەوە، کە هەمیشە بوونێکە بۆ مردن، هەموو شوناسێک لە ڕاستیدا «شوناسە بۆ ئەبەدییەت»، بۆ مانەوە، واتە ڕاپەڕینە بە ڕووی مەرگدا، سیستمێکی تەکنکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەوتان و لەناوچوون.

شوناس بەم مانەیە، ئاماژەیە بۆ ناوکەیەکی ئەبەدیی، بۆ شتێک کە هەمیشە دەمێنێتەوە و گۆڕان دەستی پێی ناگات. جەوهەری مانەوەی دینێک یان نەتەوەیەک یان هەر شوناسێکی دی بریتییە لەوەی کە بەجۆرێکی فەنتازی، وەک وێنەیەکی نەگۆڕ و دەست لێ نەدراو لە ڕەوتی مێژوودا بمێنێتەوە. لێرەوە گەر قووڵ بڕوانین «گووتاری مانەوە ــ گووتاری شوناسی ئەبەدیی و هەمیشەیی» جەوهەرێکی میتافیزکی هەیە، لەسەر ئەو وێنە زیهنییە داڕێژراوە کە پێشوەخت شوناسێکی ئیدیال و ئەبەدی هەیە کە  مێژوو نایگۆڕێت. ئیشی هەرە سەرەکی و جەوهەریی گووتاری مانەوە، خواستی ئامادەکردنی شوناسێکی ئەبەدییە لە زیهنی فەردەکانی گروپدا، شوناسێک کە هەمیشە یەک شتە، شوناسێک کە بوونی گروپ و مانەوەی بەوەوە بەستراوە، بەو مانا ئەبەدییەوە، بەو بەشەوە لە شوناس کە هەرگیز ناگۆڕێت. هەڵبەت ئەو بەشە نەگۆڕە، شتێکی فەنتازیی ڕووتە، بوونێکی ڕاستەقینە و کۆنکرێتی نییە، تەنیا وێنەیەکی زیهنییە و هیچی تر، لە ڕاستیدا نە «کوردێکی ئەبەدی» نە «عەرەبێکی ئەبەدی» نە «شیعەیەکی ئەبەدی» ... هتد، بوونیان نییە، بەڵام کوردبوونی ئێستامان، عەرەببوونی ئێستامان، شیعەبوونی ئێستامان بەبێ ئەو وێنە ئەبەدییە کاری نەکردەیە.  بەڵام دەبێت ئەم شوناسە ئەبەدییە نەگۆرە، لە جۆرە شوناسێکی زەمەنی و گۆڕدراو جیابکەینەوە کە لە ژیانی ڕۆژانە و لە بەکارهێنانە تەکتیکییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

پەیوەندی گۆڕان و نەگۆڕان لە خۆرهەڵات پەیوەندییەکی ئاڵۆزە، ئەو تێزانەی کە پێیان وایە خۆرهەڵات هەرگیز نەگۆراوە و لە زەمانی دێرینەوە تا ئەمڕۆ مێژوو تەنیا خۆی دووبارەدەکاتەوە مایەی پێکەنین، بەڵام ئەوەی زیاتر مایەی پێکەنینە ئەو تێزەیەیە کە وادەبینێت خۆرهەڵات بەردەوام لە گۆڕاندایە و هیچ میحورەێک بوونی نییە، کە خۆرهەڵاتی کۆن بە ئێستاوە گرێبداتەوە. تەماشاکردنی شوناس وەک نەگۆڕ یاخود وەک گۆڕدراوێکی رادیکال، وەک شوناسێک کە بۆ خاڵێکی نەگۆڕ و ئەبەدیی ناگەڕێت لەدەوری چەق ببەستێت، هەردووکیان زادەی یەک عەقڵیەتن کە لە نێوان پارادۆکسە زەقەکاندا هەمیشە لایەک هەڵدەبژێرێت و لە ناویدا نیشتەجێ دەبێت و لەوێوە پۆزی جێگریی و ژستی هەڵوێست نواندن لەخۆدەگرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێی بڕوانم ئەو دیالەکتیکەیە کە گۆران و نەگۆڕان لە ناو یەک شوناسدا کۆنترۆڵدەکات. لە جێگایەکی دیکەدا ئاماژەم بەوەدا شیکار هەموو گۆرانەکان لە جەوهەردا ئەکتی خۆ بەهێزکردنن بۆ جۆرێک لە نەگۆڕان. ئەوەی لە خۆرهەڵات ڕوودەدات بە گەڕکەوتنی ماشێنەکان نییە بۆ پێشەوە، بەڵکو هەوڵی پاراستنی ناوکەیەکی دێرین و ئەبەدییە، هەوڵی پاراستنی حەقیقەتێکی میتافیزیکی و موقەدەسە. زۆرینەی شوناسە چالاکەکانی خۆرهەڵات، ئەو شوناسە نەگۆڕە ئەبەدییە دەیانجوڵێنێت کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە ڕابوردوویەکی موقەدەسدا و هەندێجار لە شوێنێکی موقەدەسیشدا جێگربووە. هیچ شوناس و ئایدۆلۆژیایەک نییە، رابوردووی موقەدەس و شوێنی موقەدەسی نەبێت. وەک سەردەمی خەلافەت و مەککە و مەدینە لای سوننەکان، عاشورا و کەربەلا لای شیعەکان، نەورۆز و کەرکوک لای کورد، کە پێکڕا ناوکەی شوناسێکی میتافیزیکی و هەتاهەتایی دەبەخشنە گروپ. ئەمجۆرە لە نەگۆڕ، ئەم گەرانەوە ئەبەدییە بۆ میحوەرێکی ئەبەدیی، هەموو هێزێک ناچاردەکات مۆدێرن بێت، بەو مانایەی هەوڵبدات بۆ خۆپاراستن تا دەتوانێت سوود لە کەرەستەکانی مۆدێرنە وەربگرێت. ئایدۆلۆژیاکان چەندە دێرین بن، پێویستیان بە کەرەستەکانی مۆدێرنە هەیە بیانپارێزێت. هەڵهاتن بەرەو نوێبوونەوە دەبێت بە یەکێک لە کەرەستە سەرەکییەکانی خۆپاراستن. لێرەدا گۆڕان دەبێت بە تەکتیکێکی بنەڕەتی نەگۆڕان، بە جۆرە پرۆسێسێکی مانۆرئاسا و تەکتیکی تا بکرێت بە هۆیەوە خۆمان لە هەر لابەلابوونەوە و شکانێکی قووڵی ماترێکسەکان بپارێزین.

لە ڕاستیدا ئەو پارادۆکسە قووڵەی کە لە ناخی خۆرهەڵاتدا گینگڵ دەخوات (ناکۆکی نێوان «ترس لە گۆڕان» و «ترس لە نە گۆڕان») تەنیا لەو ڕێگایەوە هێور دەبێتەوە کە شوناسەکان لە ناوەوە بە پرۆسەی دوو کەرتبوونێکی قووڵدا بڕۆن لە نێوان «شوناسێکی ئەبەدی» و «شوناسێکی زەمانی و کاتی» دا، چونکە تەنیا لە ڕێگای دابەشبوونێکی وەهاوە، سیستم و عەقڵییەت و تێڕوانینی کۆن دەتوانێت بەردەوام بژی، بێئەوەی نەگۆڕان و بەجێمان ببێتە مایەی فەوتان و مردنی. تەنیا لە ڕێگای دابەشبوونێکی لەوجۆرەوە، «ئەبەدی» و «مێژوویی» دەتوانن پێکەوە بژین، «گۆڕان» و «نەگۆڕان» لە یەک یەکەدا کۆببنەوە، «موقەدەس» و «ناموقەدەس» یەک یەکدی تەواوبکەن.

ئامانج لە کۆی پرۆسەکان، پاراستن و هەڵگرتن و هێشتنەوەی ئەو شوناسە ئەبەدییەیە، ئەمە ئەو بەشەیە لە شوناس کە نابێت دەستی بۆ ببرێت. بەڵام جگە لەم کەرتە نەگۆڕە، شوناس دەموچاوێکی تری هەیە، پارچەیەکی دەمامکدار و مەکرباز و بزۆک کە بەپێی هەلومەرج و شوێن و کات، توانای خۆگۆڕین و خۆ گونجاندن بە شوناس دەبەخشێت، بێئەوەی بهێڵێت گۆڕانکاریی ڕادیکال و ڕیشەیی تێدا ڕووبدات، بەو بەشە دەڵێین «شوناسی کاتی». گەر شوناسی ئەبەدی ئەو بەشەی شوناس بێت کە یاسا بنەڕەتییەکان تەشریعدەکات، شوناسی کاتی، دیوە پراکتیکی و ئیجرایی و جێبەجێکەر «تنفیذ» یەکەی شوناسە، کە زیاتر لەگەڵ مێژوو و کۆمەڵگا و سیاسەتدا مامەڵەدەکات، لە بری ئەوەی جەوهەرێکی میتافیزیکی هەبێت، سروشتێکی پۆزەتیڤ و پراگماتی و تەکتیکی هەیە. ئەم بەشە لە شوناس لە ناو جیهانێکی گۆڕدراودا، کەرەستەکانی مانەوە بۆ شوناسێکی نەگۆڕ و ئەبەدیی فەراهەمدەکات. واتە گوزارشت لەو بەشەی گووتاری مانەوە دەکات کە لە پێناوی مانەوەی هەمیشەیی و نەگۆڕاندا، ئامادەی گۆران و لەناوچوون و دەستبەرداربوونە.  لێرەدا و بە هۆی ئەم لەتبوونەی شوناسەوە لە نێوان دیوێکی ئەبەدیی و دیوێکی زەمەنیدا، هەم کۆمەڵگا و هەم مێژوو بە قووڵی  بەسەر «ڕوکەش» و «جەوهەر»دا دابەشدەبن.

پێش هاتنی مۆدێرنە بۆ خۆرهەڵات، قسەکردن لەسەر ڕوکەش و جەوهەر کارێکی واقعی و بنەمادار نییە، بەڵام لە ئێستادا دونیای ئێمە دابەشبۆتە سەر دوو هەرێم، لە ناو هەموو شوناسەکاندا هەرێمێکمان هەیە کە بە هەموو جۆرێک دەبێت لە گۆڕان بپارێزێت، جەوهەرێک هەیە دەبێت مۆدێرنە دەستی بۆ نەبات، دەبێت گۆڕان نەیگاتێت، ئەوە جەوهەری شوناسەکانە، کە لە سەرییەوە دەمامکێکی ڕوکەش و گۆڕاو دەکاتە سەر و نمایشی خۆگونجان و کرانەوە دەکات. بەپێی ئەم شوناسە ئەبەدییە گروپ توانای وێناکردنەوەی خۆی لەدەستدەدات، خۆی وەک ژانرێکی بایۆلۆژیی دەبینێت کە جگە لە زاوزێی یەک تەرز، ڕەگەزێکی تری لێوە بەرهەم نایەت، بەڵام شوناسی کاتی جۆرە مانۆێکی سیاسی و سایکۆلۆژییە کە شوناس دەیکات تا عەقیدە و بنەماکانی «شوناسی ئەبەدی» لە کاتی جەنگی مانەوەدا دەستی نەگرن و نەبنە کۆسپ.  گووتاری مانەوە ئیشی ئەوەیە بەردەوام لەسەر ئەم شوناسە ئەبەدییە کاربکات، ئامادەیبکاتەوە، لە ژێرەوە بیپارێزێت، هەموو گۆڕانکارییەکی ناپێویست بکاتەدەرێ، ئەو گووتارانە بهێنێتە پێش کە چوارچێوە نەگۆڕەکانی ئەم جیهانە دەپارێزێن. شوناسی ئەبەدی، وەک غایەتێک لە ئاستی هەست و نەستی تاکەکاندا ئیشدەکات، ئەو بەشەی شوناسە کە هەرگیز نامرێت، لە دوای هەموو تێکشکان و هەرەسێک کۆمەک بە شوناس دەکات جارێکی تر بە شێوە کۆنەکانی خۆی زیندووببێتەوە. لە ڕاستیدا شوناسی ئەبەدی بەشە هەرە شەڕانگێزەکەی شوناسە، چونکە بەردەوام خۆی لە لێواری مەرگدا نیشاندەداتەوە، لە لێواری ترسی لە ناوچووندا. ڕەنگە ململانێی فەلەستین و جووەکان بەڵگەیەکی زەقی ئەمجۆرە لە شوناس بێت کە بەردەوام دوو شوناسی دوور و لێک نەچوو، خۆیان لە لێواری مردن و لە ناوچوون و فۆبیای نەماندا پیشاندەدەن تا بەڵگەی مانەوە و زیندوێتی خۆیان بە شەڕانگێزترین شێوە پیشانبدەن.

بەڵام گووتاری مانەوە، تەنیا زامنکەری مانەوەی ئەبەدییانەی شوناس نییە، بەڵکو ئامادەکردن و دەرهێنانی نمایشی مردنیشێتی. شوناس بۆئەوەی بمێنێتەوە، بۆئەوەی هەموو وزەی ژیانی خۆی بخاتەکار، بۆئەوەی بە هەموو وەحشییەتێک بەرەنگاریی لە بوونی خۆی بکات و چی تینێکی شەڕانگێزیانەی هەیە بینێرێتەدەرێ، ناچارە خۆی لە لێواری مردندا وێنابکات، وا دەربکەوێت کە بوونە ئەبەدییەکەی لە مەترسیدایە، وەک ئەوەی هەمیشە هەنگاوێک لە مردنەوە دوور بێت، وەک ئەوەی هەمیشە لە شەڕی مان و نەماندا بێت. ئەو تینە وەحشییەی کە هێزەکان لە خۆرهەڵات دەریدەخەن، زادەی پرۆسێسێکی ناوەکی قووڵە، زادەی ئەو بڕوا ئایدۆلۆژییە ترسناکەیە کە لە سوبێکتەکاندا چێنراوە و باوەریان وایە، ئەوپەڕی توندوتیژی تەنیا ڕێگای دەربازبوونە لە شەڕی مان و نەماندا، پێیان وایە دوژمن دەیەوێت ئەو لە بنەوەڕا لە ڕیشە هەڵکەنێت، بۆیە دەبێت ئەویش هەوڵبدات دوژمن لە ڕیشەوە هەڵبکەنێت، لێرەوە قەسابەکان لە خۆرهەڵات، تەنیا کاتێک دەتوانن ببنە قەساب کە لە ترسەکانی خۆیاندا، سەری بڕاوی خۆیان بەدەستی دوژمنەکانیانەوە ببینن. هەموو ئەوانەی لە خۆرهەڵات بە دڕندەترین شێوە دەکوژن، ئەوانەن کە لە خەونەکانیاندا بە دڕندەترین شێوە کوژراون. ئەم خەونە خەونێکی بونیادیی و بنەڕەتییە تا شوناس بەهانەیەکی ڕوونی بۆ جەنگەکانی خۆی هەبێت. شوناسی ئەبەدی، بەراورد بە شوناسی کاتی، پتر ڕۆڵی شوناسێکی یاسادانەر و ستراتیژکار دەبینێت، ئیشی ئامادەکردنی ترس و وزەی پەرچەکردارەکانە، ئیشی پەروەردەکردنی ئەو سوبێکتەیە کە هەستدەکات بۆ پەیامێکی موقەدەس و جاوید ئیشدەکات. جەنگاوەرە فاشیستەکان هەرگیز بۆ شوناسێکی تێپەڕ ناجەنگن، هەموو خوێنڕێژە گەورەکان بۆ بەهایەکی گەورە و ئەبەدی شەڕدەکەن، کە واهەستدەکەن خەریکە لە ناودەچێت... لە هەر جێگایەکدا شوناسێک هاتە سەرەوە و ترسی لە ناوچوون و نەمان تەنگی پێهەڵچنی، فاشیزم لە هەناوی ئەو هەراس و ترسەوە دێتەدەرێ. لە ڕاستیدا لێرەدا میکانیزمێکی زۆر گرنگ هەیە دەبێت لە یادی نەکەین... شوناس لێرەدا خۆی واپیشان نادات کە نەمردوە و نایەوێت بمرێت، بەڵکو کۆی وێنەکە پێچەوانە دەکاتەوە، شوناس خۆی وادەردەخات کە مردوە و لە مردنەوە گەڕاوەتەوە. گەر ورد بڕوانین هەندێک لەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە لەو ڕێگایەوە نایەنەوێت بمرن، بەڵکو لەو ڕێگایەوە لە مردن دەگەڕێنەوە، خۆکوژ کەسێک نییە لە ژیانەوە بەرەو مردن بڕوات، بەڵکو لە قوولایی بڕواکانی خۆیدا مردویەکە بەرەو ژیان و نەمری دەگەڕێتەوە، لای ئەو خۆتەقاندنەوە ئەکتی خۆکوشتن نییە، بەڵکو ئەکتی زیندووبوونەوە و هەستانەوەیە. لە خۆرهەڵات، هەموو شوناسەکان ئەو ساتی مردن و کۆتابوونە ترسناکەیان هەیە. هۆلۆکۆست لای جووەکان نمونەی ئیدیالی ئەو شوناسەیە کە مردوە و لە مەرگ گەڕاوەتەوە، هەموو جوویەک لەگەڵ ئەو ئەزموونەدا خۆی دەستنیشاندەکات، وەک ئەوەی دۆزەخی بڕی بێت و لەوێوە هاتبێتەوە. ئەنفال بۆ کورد، ناوی ئەو پرۆسێسەیە ... ئێمە ئێستا میللەتێکین لە مەرگەوە هاتووینەوە، وەک شیعەکان کە هەمیشە دەکوژرێن و زیندوودەبنەوە... شوناسی ئەبەدی شوناسێک نییە کە نامرێت، بەڵکو شوناسێکە دەیسەلمێنێت کە مردنی بەزاندووە و لەوێوە گەڕاوەتەوە.


٢

لە بەرامبەر ئەم دیوە «تەشریعی» و «ئەبەدی» یەدا، «شوناسی کاتی» بە پێچەوانەی «شوناسی ئەبەدی»یەوە، کە بە گووتاری مانەوە ئیشدەکات، بە گووتاری گۆڕان و نوێبوونەوە و خۆگونجاندن ئیشدەکات. شوناسی کاتی، مامەڵە لەگەڵ ئەو بەشەی جیهاندا دەکات کە هەمیشە دەگۆڕێت، واتە ئەوە دەردەخات کە شوناس توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دونیا و دەوروبەردا هەیە. ئەم دوجۆر شوناسە دژ بە یەک نین، بەڵکو تەواوکەریی یەکن، یان لە ڕاستیدا شوناسی کاتی هیچ نییە جگە لە دیوە مێژوویی و زەمانی و واقعییەکەی «شوناسی ئەبەدی» کە دەبێت لە هەموو سەردەم و زەمانێکدا بە جێگیریی بمێنێتەوە. لە ئێستادا هیچ شوناسێکی دینی یان تایەفی یان نەتەوەیی نییە، چەند داخراو و کۆنزەرڤاتیڤ بێت، پێویستی بە کەرەستەکانی مۆدێرنە نەبێت بۆ پاراستنی ژیان و مانەوەی خۆی. لێرەدا ئەو هەرێمانەی تێیدا قسە لە گۆڕان دەکرێت، دەبنە کۆمەڵێک جێگای تایبەت کە توخنی ئەو دیوە ناکەون کە نوێنەرایەتی شوناسی ئەبەدی دەکات. ئەو بەشەی دونیا کە دەبێت بگۆڕدرێت لەو بەشەی جیادەکرێتەوە و دادەبڕدرێت کە ناگۆڕدرێت... شوناسی کاتی، دەستکاریکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەکنیکی شوناسە، بەجۆرێک بتوانێت هێند بەهێزبێت بەرگری لە مانەوەی هەتاهەتایی بکات. لێرەدایە کە پرۆسەی گۆڕانکاری ڕۆحێکی کۆنزەرڤاتیڤانە وەردەگرێت، ئەوەی پێیدەگووترێت گۆڕان دەستبردن نییە بۆ شکاندنی ئەو چوارچێوە نەگۆڕ و ڕەق و وشکانەی گووتاری مانەوە دەستنیشانیکردوە، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ ئیشکردنی ئەم گووتارە لە هەموو ئان و ساتەکاندا. گۆڕان لێرەدا ئاماژە نییە بۆ گۆڕینی خودی دونیای ئێمە، بۆ گۆڕینی پرۆسەی سوبێکتسازیی و دەستکاریکردنی شوناس بۆ وێنەی خۆی، بەڵکو مانای تازەکردنەوەی سیستەم بۆ ئەو کەرەستانەی کە ئامانجە کۆنەکانی پێ ڕادەگەێنێت.

بەوەدا لە دونیای نوێدا بەردەوام شتی نوێ دێت و گۆڕان وەک جەبرێک دێتە پێشێ، هیچ شوناسێک نییە ناچار نەبێت سیما و ڕوخساری تازە بداتە خۆی. شوناسی کاتی، هەوڵی گونجاندنی دونیایەکی نەگۆڕە، لەگەڵ ئەو جیهانە گۆڕاوەدا. لەم جیهانە نوێیەدا زۆربوونی ئامێر و ماشێنی نوێ، کە بە حوکمی برەوی بەردەوامی مۆدێرنە لە کۆمەڵگادا بڵاودەبنەوە، نابێتە ئاماژە بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو دەبێتە نیشانە بۆ ڕۆحێکی پراگماتی کە دەتوانێت سوودێکی زۆر لەو کەرەستانە ببینێت کە تێیان ناگات. وەک چۆن مرۆڤی سەرەتایی دەتوانێت سوود لە بەرد وەربگرێت بۆ دروستکردنی چەک و کەلوپەلی جۆراوجۆر، بێئەوەی هیچ لە ماهییەتی بەرد بزانێت، مرۆڤی نوێی خۆرهەڵاتیش هەمانشێوە سوودێکی زۆر لە ئامێرە مۆدێرنەکان دەبینێت، بێئەوەی شتێک دەربارەی تەکنۆلۆژیا و حەقیقەتە زانستییەکانی پشتیان بزانێت ... لێرەدا بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا وێنەی جیهانی کۆن لە مێشکی ئێمەدا ناسڕێتەوە، بەڵکو هەمان ئەو جیهانە بە ڕەنگێکی تر بۆیەدەکات. لێرەدا چۆنێتی ژیان خۆی بەدیوارێکی ئەستوور لە چۆنێتی بیرکردنەوە دادەبڕێت، چڵەپۆپەی زیندەگی مۆدێرن دەتوانێت هاوشان بێت بە چڵەپۆپەی عەقڵی خێڵەکی و بەدەویانە.

 ئەم جۆرە پارادۆکسە زەبەلاحە، لە هەندێک شاری وەک دوبەیدا دەگاتە ترۆپکی ترسناکی خۆی. لەم شارانەدا چۆنێتی مۆدێرنی ژیان بە خەتێکی ئەستوور لە چۆنێتی بیرکردنەوە جیاکراوەتەوە، لە پاڵ نوێترین جۆری ژیاندا لەسەر زەوی کۆنترین شێوەی بیرکردنەوە و داخراوترین سیستمی عەقڵ دەژی... شارێکی وەک دوبەی نیشانەیەکی زەقی ئەو دابڕانەشە کە لە نێوان شوناسی ئەبەدی و کاتیدا دروستبووە. شوناسی ئەبەدی دوورگەی عەرەب، وەک سەرزەمینێکی داخراو و نەگۆڕدارو خۆی بە دیکۆرێکی زەبەلاح دادەپۆشێت، لێرەدا هەموو مۆدێرنە دەبێت بە دەمامک بۆئەو شتەی کە هەرگیز ناتوانێت مۆدێرن بێت، هەموو مۆدێرنە دەبێت بە دیکۆر بۆ جیهانێک کە لە قووڵاییدا ئەستەمە بتوانێت مۆدێرن بێت. لەم ئاستەدا دووبارە غیابی «هۆمۆفابەر» مرۆڤی دروستکەر دەبینینەوە  «کە لەجێگایەکی تردا بە درێژیی باسم لێوەکرد». عەقڵی ئەنسترۆمێنتاڵ لێرەدا ناتوانێت کەرەستەکان وەک کەرەستەی گۆڕان و کەشف بەکاربهێنێت، بەڵکو ئەو کەرەستانە، تەنیا وەک چەکی مانەوە و خۆڕازیکردن و سوودمەندبوونی ڕاستەوخۆ و لەزەتبردنی کاتی بەکاردەهێنێت. لێرەدا مۆدێرنە کورتدەبێتەوە بۆ کەرەستەیەک کە دەستکاری شاردەکات، بەڵام دەستکاری شارنشین ناکات، دەستکاری شێوەی ژیان دەکات، بێئەوەی دەستکاری فەلسەفە و ماناکانی بکات. شێوازی ژیان دەگۆڕێت، بەڵام ڕوانین هەر بەوجۆرە دروستدەکاتەوە کە هەبووە. واتە چاو شتێکی نوێ دەبینێت و لەش فەزای تازە تاقیدەکاتەوە، بەڵام عەقڵ بە هەمان نەزمی دێرین و بە هەمان نیگای پێشوو شتەکان تەفسیردەکات. بەو شێوەیە لە خۆرهەڵات ئەو شارانە دروستدەبن کە دیکۆرەکانیان مۆدێرنە، بەڵام هەستکردنی نیشتەجێکانیان بە ژیان هێشتا لە فۆبیایەکی سامناکی هەموو گۆڕانکارییەکدا دەژی، لێرەوەیە تا مۆدێرنە لە ئاستی سەتحدا زیاتر بکشێت، لە ئاستی قووڵدا سوبێکت پتر هیستریی و پارانۆئید دەبێت، تا شوناسی کاتی ئەکتیڤتر دەستکاری رووکەش بکات، شوناسی ئەبەدیی قووڵتر سوبێکت بە خۆیەوە دەنوسێنێت و دەیگۆڕێت بۆ ماشێنێکی جەنگاوەر.

هەر بەوجۆرەش گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە خۆرهەڵات، دەستکاریکردنی یاسا و نۆرم و ئەخلاقیاتی پشت پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو تەنیا داڕشتنەوەیانە لە ژینگەیەکی نوێدا. لە پاڵ ئەوەی کە شارەکان گەورەدەبن، کە میعمارەکان دەگۆڕێن، کە جوگرافیایەکی شارستانی نوێ لە دایکدەبێت، بەڵام شاری مۆدێرن لە بری ئەوەی بتوانێت شوناسە فەرعییەکان بکوژێت، خێڵەکان بتوێنێتەوە، مەزهەبەکان لە یەک نزیبکاتەوە، نەتەوەکان لە یەک بۆتەدا بتوێنێتەوە، دەبێت بە جێگای لێکدان و بەریەککەوتنی هەموو پارادۆکسە تاریک و ترسناکەکان، شار دەبێت بە شوێنێک کە شوناسە ئەبەدییەکان دەیگۆڕن بۆ گۆڕەپانی جەنگی ئەبەدیی خۆیان... شار لێرەدا گەرچی لە گۆڕانێکی میعماریی بەردەوامدایە، بەڵام خودی ئەم گۆڕانە تەنیا بۆئەوەیە باشتر جێگای بەها ئەبەدیی و نەگۆڕ و هەمیشەییەکان بکاتەوە و بیسەلمێنێت کە هەرگیز نامرن. لە ئێستادا میترۆپۆل و شارە مۆدێرنەکانی خۆرهەڵات گەرچی لەسەرخاندا وادیاربن کە پڕن لە خرۆش و گۆڕان، بەڵام لە ژێرەوەڕا و لە ژێرخاندا باغچەی راستەقینەی زیندووبوونەوە و هەستانەوەی ڕۆحی نەگۆڕ و خودپارێزی شوناسە دێرینەکانی خۆرهەڵاتن. شارگەلی لە بابەت قودس و بەیروت و بەغداد و کەرکوک بەدابەشبوونە ناوەکییە قووڵەکانیان نمونەی ئەو شارانەن کە تێیاندا بە ڕوونی شوناسی کاتی و شوناسی ئەبەدیی دەردەکەون، لەوێدا گۆڕینی هەمیشەیی شێوەکانی ژیان، بەر ناوکەیەکی ئەبەدی و نەگۆڕ دەکەوێت، کە کارێک دەکات زۆرجار لە نێوان شار و گۆرەپانی جەنگدا جیاوازییەکی ئەوتۆ نامێنێت. لەم شارانەدا بە ڕوونی دیارە، بەشێک لە شوناس هەیە کە دەبێت خۆی نوێبکاتەوە تا جەوهەر هەمیشە بە نەگۆڕاوی بمێنێتەوە. لەم شارانەدا خێڵ و مەزهەب و نەتەوەکان هەم خۆیان وەک مۆدێرن و هەم خۆشیان وەک تەواو کۆنزەرڤاتیڤ دەردەخەن... خێڵە شارنشینەکان چەکەکانی بوونیان نوێدەکەنەوە، بێئەوەی هیچ شتێکی ڕاستەقینە لە جیهانبینی خۆیان بگۆڕن. سوبێکتی جوو یان سوبێکتی سوننی یان شیعە یان کوردی، لەم شارانەدا وەک سوبێکتی ئایدۆلۆژیی داخراو پارێزگاری لە خۆیان دەکەن، ئەوەی تازەدەبێتەوە خودی ئەم سوبێکتە ئەبەدییانە نییە، بەڵکو تەکنیکەکانی مانەوە و خۆپاراستن و چەکەکانی جەنگە بۆ ئەم مانەوەیە. شار هیچ کات لێرەدا نابێت بە بۆتەیەکی توانەوە، بەڵکو دەبێت بە مەیدانی جەنگی مان و نەمان... هەموو شارەکانی خۆرهەڵات بە ئەگەری جەنگێکی سامناک ئاوسن، هیچ شارێک نییە لە خۆرهەڵات کە فەزای جەنگ و ترسی تەقینەوەی ترسناکی توندوتیژیی تێیدا ئامادەنەبێت، لە هەر جێگایەک دوو شوناسی جیاواز هەبوون، ئەگەری تەقینەوەیەکی سامناک هەیە، ئەم راستییە تەنیا بۆ قودس و کەرکوک و بەیروت و حەڵەب و بەغداد ڕاست نییە کە شوناسەکان لەوێدا بەجۆرێکی سامناک بە یەکدا دەدەن، بەڵکو بۆ هەر جێگایەکی دیش راستە کە تێیدا دوو شوناسی ترساوی لە خۆ گرتبێت. لێرەدا گۆڕان، بازدان نییە بەسەر ئەم پارادۆکسەدا، بەڵکو خۆئامادەکردنە بۆ  جەنگی نێوان بەرەکان. ئەوەی لێرەدا دەیەوێت بگۆرێت، لە ڕاستیدا دەیەوێت ببێتە جەنگاوەرێکی باشتر. بەم مانایە گۆڕان چەکی ئامێرە کۆنزرڤاتیڤەکەیە تا بەهێزتر لە ڕەوتی مێژوودا بەردەوام بێت. لێرەوەیە کە وشەی گۆڕان لە خۆرهەڵات دەبێتە وشەیەکی بێمانا کە کۆنزەرڤاتیڤەکان پتر لە ڕادیکالەکان بەکاریدەهێنن، چونکە لە ناوەڕۆکدا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەک لە ئاستی ئیجرایی و لە شێوازی تەکنیکی بووندا، نەوەک بۆ لابەلابوونەوەیەکی ناوەکی لە خۆپێناسەکردن و خۆناسیندا.

لە ئاستی ئابووریشدا گۆڕانکارییە سەتحییەکان هەمان سەربوردمان بۆ دەگێڕنەوە، گۆڕانکاری ئابوری سیستمێکی چینایەتی و پەیوەندییەکی نوێی نێوان هێزە بەرهەمهێنەکان ناهێنێتە مەیدان، پەیوەندی ئاغا و کۆیلە لێرەدا وەک خۆی بەردەوامە، چینە ژێردەست و سەردەستەکان جێگای خۆیان دەپارێزن، گەشەی کەپیتالیزمی بەرخۆریی گۆڕانکارییەکی قووڵ لە سیستمی چینایەتیدا دروست ناکات، بەڵکو بەجۆرێکی بێڕەحمانە هەلومەرجە دێرینەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لە فەزایەکی تازەدا دادەڕێژێتەوە. لێرەدا مۆدێرنیزەبوونی ئابووری، هەڵگێڕانەوەی نەزمی چینایەتی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی ئەو نەزمەیە لە ناو سیستمێکی تازەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و سەرمایەدا. سوڕی هاتوچۆی کەپیتال هەر بە کەناڵە هەمیشەییەکانی خۆیدا دەڕوات، بێ هیچ لابەلابوونەوەیەکی گرنگ، هەر بۆیە گواستنەوە لە فیودالیزمەوە بۆ سیستمی کەپیتالیزمی نوێ لە جەوهەردا گواستنەوە نییە لە دەسەڵاتی چینێکەوە بۆ چینێکی تەواو تازە، بەڵکو لێکدانی چەند نەزمێکی ئابوورییە لە سیستمێکدا، بەجۆرێک پەیوەندییە ئابوورییە کۆنەکان گۆڕانکارییەکی ڕادیکال بەخۆیانەوە نەبینن، بۆ نمونە هاتنی سیستمی بانکی بۆ خۆرهەڵات هێندەی پرۆسەی دێرینی دابەشبوونی سەروەت و سامان ڕێکدەخات نوێی ناکاتەوە.

سروشتی ئەم شوناسە کاتییە، لە ئاستی سیاسەتدا پتر دەردەکەوێت. شوناسی کاتی لێرەدا زوو زوو دەتوانێت ماسکەکانی سەری خۆی بگۆرێت، لە مارکسیزمەوە بۆ ئیسلامیزم، لە ناسیونالیزمەوە بۆ لیبرالیزم، بێئەوەی هیچ یەکێک لەوانە قووڵ بتوانێت لابەلابوونەوەی راديكال لە خۆپێناسەكردنی شوناسدا بهێنێتەدی. ئایدۆلۆژیای سیاسی هەرچییەک و هەر چۆنێک بێت، سوبێکتەکان بێ گوێدانە ئەو ناوەڕۆکە ئایدۆلۆژییە، هەمیشە خۆیان بە نۆرم و ئەخلاق و سروشتێکی نەگۆر پێناسەدەکەن. هەر بەو هۆیەشەوە، عەقڵییەتی مەلایەک و فیمینیستێک، عەقڵییەتی پان ناسیونالیستێک و مەزهەبگەرایەک، مارکسیستێک و لیبرالیستێک لە جەوهەردا زۆر لە یەکدی دوورناکەونەوە. لێرەدا شوناسی سیاسی ناتوانێت هیچی ئەوتۆ گرنگ لە سیستمی بیرکردنەوە و هەستکردن و پەرچدانەوەکان بگۆڕێت. سیاسەت هێندەی تەکنیکێکی خۆ گونجاندنی نوێ پێشکەش بە سوبێکتەکان دەکات، هێندەی دەبێت بەو کایەیەی تێیدا سوبێکتەکان وەڵامی بانگەوازە ئایدۆلۆژییەکان دەدەنەوە، زەمینەیەک نییە بۆ گۆڕانی بیرکردنەوە و شۆڕشکردن بەسەر هەلومەرجە ترسناکەکانی بووندا. سیاسەت لە خۆرهەڵات  بووە بە مەیدانی بەستنەوەی هەتاهەتایی سوبێکت بە شوناسێکی ئەبەدییەوە. لەخۆرهەڵات سیاسەت دەبێتە گەورەترین کایەی دروستکردنی وەهم، جێگایەک بۆ گۆڕینی پرۆژەکانی گۆڕان لە پڕۆژەی ڕاستەقینە و ڕادیکالەوە، بۆ پڕۆژەی بارکراو بە ئەفسانە و فەنتازیا، بێئەوەی هیچ کات ئەم گۆرانکارییانە نە سوبێکتی نوێ، نە ڕوانینی نوێ، نە عەقڵییەتی نوێ بەرهەمبهێنن. ئیدی گواستنەوە لە نێوان ئایدۆلۆژیا سیاسییەکاندا هێندەی وەک لابردنی ماسکێک و دانانی ماسکێکی تر دەردەکەوێت، نیشانەی لابەلابوونەوە و پێچکردنەوەیەکی رادیکال نییە لە ڕوانیندا. بۆ نمونە : زۆرینەی سیاسییە کوردەکان هەم مارکسی بوون، هەم ناسیونالیست بوون، هەم لیبراڵ بوون، هەم خاڵی نین لە ڕەهەندی دینی قووڵ... هەموو ئەم زەڵاتە ئایدۆلۆژییەش نەوەک نیشانە نییە بۆ گۆڕان، بەڵکو نیشانەیە بۆ وەگەڕانی خودی گۆران بۆ پرۆسەیەکی سەتحی و کۆمیدیی ... لێرەدا کایەی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی لە خزمەت نەگۆڕێکی ئەبەدیدان، لەو پێناوەشدا ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پڕدەکەن لە مۆراڵێکی ئۆپۆرچینستیانە، شوناسەکان بۆئەوەی بژین و بمێننەوە، ئامادەدەبن هەموو جۆرە گەمە و مانۆڕ و بەهانەتاشییەک بکەن، ئیدی خودی سیاسەت کورتدەبێتەوە بۆ مانۆڕکردن و فێڵکردن و خۆگونجاندن و یەکدی فریودان، کە ئەستەمە هیچ ئایدۆلۆژیایەک بتوانێت بە عەقیدەیەکی نەگۆڕەوە تێیدا بژی. لەم فەزایدا، ئایدۆلۆژییەکان پارادۆکسە قووڵەکانی خۆیان ئاسایی و نۆرمالیزەدەکەن، دەبێتە شتێکی ئاسایی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا ببنە هاوپەیمان، لیبرالیزم ببێت بە پرد بۆ هاتنەسەرکاری هێزگەلی سەلەفی، ئەوپەڕی توندڕەوی دینی لەگەڵ جیهادی نیکاحدا کۆبکرێتەوە، فاشیزم بە دەمامکی لێبوردن و هەڵبژاردن خۆی داپۆشێت... هتد. ئەمجۆرە لە ئۆپۆرچینیزم سیفەتگەلێکی ترسناک بە سیاسەت دەبەخشێت، لەوانە: نەمانی عەقیدەی ڕۆشن  و سیاسەتی ڕۆشن. نوقمکردنی هەموو شتێک لە «ئیبهام» دا. ڕوون نەبوونەوەیەکی ئەبەدی شوناسی دۆست و دوژمن، ئەوەی هیچ هێزێک ناتوانێت متمانە بە هیچ هێزێکی دی بکات، ئەوەی ڕوون نییە چی مەترسییەکی سامناک لە هەناوی چی ئایدۆلۆژیایەکەوە دێتەدەرێ، ئەوەی روون نییە لە چ کاتێک و لەچی پنتێکدا ئەویدی پەلاماردەدات. ئەوانەش پێکڕا نیشانەی کارکردی «شوناسی کاتی»ـن کە جەوهەری ئیشی ئەوەیە، سیفەتێکی نەرم و بێ عەقیدە و پڕ ئیبهام بە شوناسەکان ببەخشێت. شوناسی کاتی ئەو فێڵ و مەکرەیە کە وادەکات شوناسی ئەبەدی، یاسای خۆپاراستن و مانەوەی هەتاهەتایی بە ناو جەنگی ماشێنە فاشیستییەکاندا تێپەڕێت و بمێنێتەوە. ئیدی خودی سیاسەتیش دەبێتە وەهمی کردار لە جیهانێکی پاسیڤ و نەبزۆکدا، دەبێتە ئەو کایەیەی هەستی گۆران پێشکەش بە گەمژەکان دەکات تا تەواو نائومێد نەبن، دەبێتە تلیاکێک بۆ سوبێکتەکان تا وابزانن لە ناو جەرگەی مێژوودا جەنگ بۆ جیهانێکی نوێ دەکەن.

بە کورتی شوناسی کاتی، بە پێچەوانەی شوناسی ئەبەدییەوە، دیوە ئیجراییەکەی شوناسە... دیوە فێڵباز و دەمامکدار و نمایشبازەکەیەتی. لێرەدا شوناس هەموو مەکری خۆی دەخاتە کار تا نەرم و دیپلۆمات و گۆڕانکار دەربکەوێت... کۆی گۆڕانکارییەکان کە هیچ لابەلابوونەوەیەکی مێژووییان بەدوادا نایەت، کۆی شۆڕشە درۆزنەکان کە بەرەو دواوە دەمانبەنەوە، کۆی دەستکەوتە تەکنۆلۆژییەکان کە هیچمان تێدا نوێ ناکەنەوە، زادەی ئەم دیوەی شوناسن، کە دونیای ئێمە پڕدەکات لە جوڵە و خرۆشانی درۆزن، تا ئەو ڕاستییە نەبینین کە لە بنەوەڕا، لە قووڵاییدا هەموو شتێک ئارام و خامۆشە.


                 

No comments:

Post a Comment