Wednesday 29 January 2014

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی سێ




 ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی - به‌شی سێ 
دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا


مەنسوور تەیفووری: کەواتە لە سەرەتاوە زاراوەیەک جیادەکەینەوە: " کاپیتالیزمی خۆرهەڵاتی" کە وەک دیارە بنچینە و کارەکانی جیاوازییان لەگەڵ کاپیتالیزمی کلاسیکی خۆرئاواییدا هەیە، جۆرێک لە کاپیتالیزم کە ئەگەری جۆرێ لۆکالێ " فاشیزمی لە هەناودایە. ئەم دوو ئایدیایە ئەو بنچینەیە دەبن کە من هەوڵ دەدەم لە بەشەکانی ئەم وتووێژەدا درێژەیان پێ بدەین. دو زاراوە کە هەست دەکەم توانای گشتاندن و داڕشتنی زیاتریان هەیە و رەنگە وەرچەرخانێک لە خودی کارە تیۆریەکانی ئێوەدا بن، لە گوتاری مانەوەوە تا ماشینە فاشیستیەکان.
بەختیار عەلی: بابەتی فاشیزم لە نوسینی مندا شتێکی نوێ نییە، نە لە واقعدا نوێیە و نە لە نوسینەکانی پێشووترمدا ... یەکەمین وتارم دوای ڕاپەڕین و لە لاپەڕەی یەکی ژمارە یەکی گۆڤاری ئازادیدا لەسەر فاشیزم بوو، بەداخەوە خۆم وتارەکەم نەماوە و نازانم گەر لای کەسێک پارێزارو بێت. دواتر، لەم قۆناغە نوێیەدا، کتێبی ئیمان و جەنگاوەرانی یەکەمین ئاگادارکردنەوەی گەورە بوو لەو فاشیزمە، فاشیزمێک لە دەوری بیرۆکەی موقەدەس دەسوڕێتەوە، موقەدەسێکی ئەسڵی و ئەبەدی کە دەشێت یەکێتی و مانا ببەخشێت بە کۆمەڵگا، فاشیزمێک بە ناوی ڕۆحی نەتەوەوە قسەدەکات و ئارەزووی زیندووکردنەوەی دیوە جەنگاوەرەکەی ئەم ڕۆحەیە. موقەدەسێک ئێستا بۆتە دەلالەتێکی خاڵی و دەکرێت هەرجارەی شتێکی بخرێتە جێگا و بە جۆرە بتێکی پیرۆز پڕبکرێتەوە، جارێک ناوی موقەدەسی دینییە، جارێک ناوی موقەدەسی ناسیونالیستییە، جارێکیش موقەدەساتە تازەکانی لیبرالییەتە، لە شێوەی چەمکی دەوڵەتی بەهێز کە دەبێت نیشتیمانمان بۆ دروستبکات، پەرلەمانی بەهێز و بازاڕی ئازاد. یاخود کۆلاجێکە لە هەموو ئەم موقەدەساتانە، بە بڕوای من هیچ کات چەمکی «کۆلاجی ئایدۆلۆژی» واتە کۆپیکردنەوەی دین لە ناو ئایدۆلۆژییەکانی تری وەک ناسیونالیزم و لیبرالییەتدا یان بە پێچەوانەوە، وەک ئەمڕۆ ڕەهەندێکی ترسناکی وەرنەگرتووە. فەزای فاشیستی هەم لە شەڕی خوێناویی ئەم موقەدەسانە و هەم لە هاوکاری و تەحالوفیان لەگەڵ یەکتردا دروستبووە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دروستبووە ناتوانێت بەبێ یەکێک لەم موقەدەساتانە بژی و هەناسە بدات. فاشیزم ئەو هێزەیە کە کۆنترۆڵی مەعبەدەکە دەکات، ڕەفتار دەبەخشێتە موقەدەسەکان، واتە ئەو وزەیەیە کە وادەکات موقەدەسێک لە موقەدەسەکان، بە جۆرێکی توند دونیای پاک و پیسی خۆی جیابکاتەوە، ماترێکسێکی دینی ئەبەدی زیندووبکاتەوە. فاشیزم ئەو ماترێکس یان ئەو بۆتەیەیە کە موقەدەساتە گەورەکان کۆدەکاتەوە، قاڵبی دیلکردنی شتەکانە لە دوو لانەی باش و خراپ، خێر و شەڕ، ئەوی شەیتان و ئێمەی جەنگاوەرانی ڕێگای عەدالەت. رووی وشەی فاشیزم لەم ماترێکسەیە. زاراوەی فاشیزم تا ئەندازەیەکی زۆر بۆئەوەیە سیفەتی خراپ و شەیتانی لە فەردەکان بکەینەوە، بۆئەوەی «لە ناو پەیوەندییەکاندا ـ مۆتیڤەکاندا ـ شێواندنە قووڵەکانی غەریزەدا ـ پێکدادانی سەمبولەکاندا ـ پیشەسازیی دروستکردنی وەهمدا ـ ئیشی سیستماتیکی تەکنۆلۆژیادا ـ شێوەی دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا ـ دروستبوونی هێزی نوێی سەربازیدا ... هتد» بۆ ڕیشەی ئەم هەموو خوێنە بگەڕێین. شوێنی گەڕان بە دوای فاشیزمدا، مۆراڵی باش و خراپی ئینسانەکان نییە، خودی زاراوەکە بۆ شکاندنی دوالیزمە گنوسییەکانە سەبارەت بە تاریکی ـ روناکی، پاک ـ پیس، خائین ـ جوامێر، جەنگاوەر ـ کۆیلە، بەڵکو گێڕانەوەیەتی بۆ هۆکارەکانی لە ناو ئەو ڕەفتارە گشتیانەی، کە لە لێکدانی مۆدێرنە و کەپیتالیزم و فۆرمە سیاسییەکانی پێش مۆدێرنە دروستبووە، واتە گێڕانەوەیەتی بۆ بنەما ئۆبێکتیڤ و مێژووییەکانی. کە قسە لە ماشێنی فاشیستی دەکەین مانای ئەوە نییە لای مرۆڤە تاکەکان بۆ فاشیزم بگەڕێین، بەڵکو سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە، هەوڵە بۆ گێڕانەوەی توندوتیژیی بۆ ناو سیاقەکان، بۆ ئەو جەبر و ترسەی کە مرۆڤەکان و شوناسەکان تێیدەکەون. لە ڕاستیدا گەر من بمگووتبایە ئەوە هەندێ سیاسی نەخۆش، یاخود حیزبی نەخۆش، یان مۆدێلێکی سیاسی هەڵە کارەساتەکەی دروستکردوە، ئەوکات دەشێت ئەم دەرەنجامگیرییەی لێ بکرێت، بەڵام من لە سەرەتاوە قسەم لە بونیادێکی گەورەیە، لە پارادیم و ژێرخانێکی مەتریالی و عەقڵییە، هەوڵی من بۆ تێگەیشتن لە فاشیزم تێپەڕاندن و لادانی ئەو قاڵبەیە، قسە لە سەرەتاوە لەسەر بونیادێکی مێژوویی دیاریکراوە کە بە کاریگەریی کۆمەڵێک فاکتەری مەتریالی و دەرونی زۆر گەورە وادەکات پەیوەندی نێوان شوناسەکان ببێتە پەیوەندییەکی خوێناوی... پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ هەموو پەیوەندییە سیاسییەکان بە ئەگەری تەقینەوەی کوشندە بارکراون? بۆ «بەرزەمنی سیاسی» لە ناو گروپ و فەردەکاندا هێند بەهێزە? بۆ «وێنەی دوژمن» هەمیشە لە «وێنەی ئاژەڵ» نزیکدەبێتەوە? بۆ «نەستی سیاسیمان» سروشتێکی پارانۆیی وەردەگرێت? چی سیستمی نوێی توندوتیژیی بە فۆرمە کلاسیکییەکانی توندوتیژییەوە دەبەستێتەوە?. ئیشی من لە ناو وەڵامی ئەو پرسیارانەدایە.
بە بروای من، وەڵامی ئەم پرسیارانە لە دەرەوەی هەر بۆچوونێکی سادە دەربارەی ستراکتوریی دەسەڵات بەدەستدێت، کێشەی فاشیزم تەنیا کێشەی پەیوەندی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نییە، تەنیا کێشەی سوڵتانێک و بنەماڵەکەی نییە، تەنیا بۆ خوێندنەوەی سروشتی حاکمان نییە، بۆئەوە نییە بزانین کێ سوڵتان تەڵەبە و کێ دیموکراتە، هەر دوو هێزە فاشییەکەی ئەوروپا لە ئیتالیا و ئەڵمانیا بە شێوازی دیموکراسی و لە هەناوی سیستمی دابەشبوونی دەسەڵاتەکانەوە هاتنەدەر. کێشەکە لەوەدا کۆتایی نایەت گەر دەسەڵاتەکان لای هێزێک کۆنەبوونەوە، ئیتر ئەگەری فاشیزم بوونی نەمێنێت، ئەمڕۆ لە عێراق و سوریا دەسەڵاتەکان لای هێزێک کۆنەبوونەتەوە و بەسەر دەیان و سەدان سەنتەری گەورە و بچوکدا دابەشبوون و فاشیزمیش لە ترۆپکی چالاکی خۆیدا دەژی و لە هیچ جێگایەکی ناوچەکە، وەک ئەم دوو وڵاتە فاشیزم لە لوتکەدا نییە. گێڕانەوەی کێشەکان بۆ ئەم ئاستە و چەواشەکردنی مرۆڤەکان بەوەی کە گرفتەکانیان بە دابەشکردنی هەرچی زۆرتری دەسەڵاتەکان چارەدەبێت، بۆچوونێکە جێگای بەزەییە، ئەمە جۆرە بیرکردنەوەیەکە دەیەوێت بە عەقڵییەتی سەدەی هەژدە و زاراوەکانی پێش شۆڕشی فەرەنسی دونیا تەفسیربکات. پرسیاری سەرەکی لە ئێستادا بۆ ئێمە لە فاشیزم ئەوەیە بۆ هەموو گروپێک لە خۆرهەڵات بە دیواری توند خۆی لە دونیا جیادەکاتەوە، بۆ «ئەویدی» وەک هەڕەشەیەکی پەنهان و گەورە لە بوونی من سەیردەکرێت، هەستێک وادەکات «ئەویدی» بکەینە دەرەوە یان تەواو لێی بترسین و بمانەوێت وێرانیبکەین? واتە لە خۆرهەڵاتدا، کێشەی ئامێزانبوونی کۆمەڵایەتی ـ ئەنتیگرەیشنی شوناسە جیاوازەکان لەگەڵ یەکدا هەیە، بەوەدا «ئەویدی» هەمیشە ئەویدییەکی ترسناکە، بەوەدا شیعە هەمیشە سوننە بە شتێکی ترسناک دەبینێت، بەوەدا سوننە شیعە بە رافیزە و مەجوس تێدەگات، بەوەدا کورد لای میللەتانی دی «وێنەی دوژمن» ـی هەیە، بەوەدا خودی کوردی لە ترسێکی گەورەدا بەرامبەر دونیا و بەرامبەر «ئەویدی» دەژی، بەوەدا دەسەڵات لەسەر شەیتانیکردنی ئۆپۆزسیۆن ئیشدەکات، ئۆپۆزسیۆن لەسەر بنەمای شەیتانیکردنی هەموو یەکێک ئیشدەکات لەو نەچێت، لێرەدایە خودی سیاسەت پردەبێت لە خواستی سەربڕین، خواستی دەرکردن، خواستی خۆدوورخستنەوە و خۆپاراستن، پڕدەبێت لە کاراکتەری پارانۆیی، سیاسی ئیگۆیست. مەسەلەی فاشیزم لێرەدا، پرسیارێکە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی فۆرمی کۆمەڵایەتی و هەرەسی پرۆسەی «ئامێزان بوونی کۆمەڵایەتی» دەکرێت، واتە چی وادەکات لە خۆرهەڵات دروستبوونی کۆمەڵگا، واتە گردبوونەوە و ڕێکخستنی هاوبەش تا ئەو ئەندازەیە مەحاڵ بێت، بۆ ئەم مەحاڵبوونە لە پەرچەکرداری فاشیستیدا خۆی دەردەخات و تەنیا زمانێکی وێرانکار دەدۆزێتەوە?. وەڵامی ئەم پرسیارە بە زاراوەی سوڵتانی و پادشایی نادرێتەوە، بەس نییە بڵێین دەسەڵات لە جێگایەکدا کۆبۆتەوە و گەر ئازادیبکەین و دابەشیبکەین، ئیتر دەرگای فاشییەتمان داخستووە، ئەم زاراوانە بە کەڵکی شیکردنەوەی فۆرمە زۆر دێرینەکانی حوکمڕانیش نایەن، نەوەک بۆ ئەم فۆرمە نوێ و ئاڵۆزانەی سەردەمی جیهانگیریی بشێن. ئەمجۆرە لە دیدگا بۆ کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی بە سیستمێکی تیوریی هێند لاواز ئیشدەکات، وەک ئەوەیە لای ئەم عەقڵییەتە هێشتا مارکس ڕەخنەی لە کەپیتالیزم نەگرتبێت، هێشتا فرۆید باسی نەستی نەکردبێت، هێشتا لاکان هیچی لەسەر ئارەزوو نەنوسیبێت، هێشتا «هایدگەر» ڕەخنەی تەکنۆلۆژیای نەکردبێت، هێشتا ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر ڕەخنەیان لە عەقڵی دیالەکتیکی نەگرتبێت، هێشتا فۆکۆ لەسەر دەسەڵات و مەعریفەی نەنوسیبێت، هێشتا دۆلۆز شتێکی لەسەر «ماشێنەکانی ئارەزوو» نەگووتبێت... هێشتا لاکلاو و ژیژیک و بادیۆ لەدایک نەبووبن. وەک ئەوەی زانست و فیکر هیچ میتۆدێکیان بۆ خوێندنەوەی دیاردەکان پێ نەبەخشی بین. بۆئەوەی لە خۆرهەڵات تێبگەین، هەم پێویستمان بە تێگەیشتن لە جەوهەری تەکنۆلۆژیای مۆدێرن هەیە، هەم پێویستمان بە چەمکی نەست و غەریزەی مەرگ و ئارەزوو و لەزەت هەیە، واتە پێویستمان بە مارکس و فرۆید و لاکان و دۆلۆز و دەیان تێزەی تر هەیە کە دەبێت بیانخەینە کار، خۆرهەڵات بە هەندێک تێرمی سەرەتایی شیناکرێتەوە کە قوتابیانی سیاسەت لە کۆرسی یەکەمی پۆلی یەکەم دەربارەی مۆدێلەکانی حوکم دەیخوێنن. ناسینی خۆرهەڵاتی نوێ «لەوانە بەشە کوردییەکەشی» بە زاراوەی سیاسی سادە کە لە وەسفی حاکم و مۆدێلی حوکمڕانیدا گیردەخۆن و دەوەستن نەوەک هەر مەحاڵە، بەڵکو سادەکردنەوەی کێشەکانە تا ئەو جێگایەی بکرێت دروشمی سیاسی زەقیان بۆ بەکارهێنانی پۆپۆلیستی لێ دروستبکرێت.
بە گشتی لە ڕوانینی مندا، نە فەرد هەیە کە بە جەوهەر فاشیست بێت، نە هێزیش هەیە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دروستبوونییەوە نوێنەری شەیتان بێت لەسەر زەوی، نە هیتلەر لە لە دایکبوونییەوە هیتلەر بووە و نە مۆسۆلینی، بەڵکو فاکتەرگەلێک یان کۆنتێکستێکی مادیی و مێژووی و کولتووری و سایکۆلۆژی هەن کە ترس لە ناو شوناسەکاندا دروستدەکەن و ئامادەگییان پێدەبەخشن بەجۆرێکی فۆبیایی و پڕ ترس لەگەڵ جیهاندا بەرخوردبکەن، ئەو سیستمەی فاشیزمی دروستکردوە ناوی کەپیتالیزمە و هەر ناونانێکی تر هەڵهاتن و خۆدزینەوەیە، نەمانی ئەگەری فاشیزم لە خۆرهەڵاتیشدا بە نەمانی ئەم فۆرمە لە کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی دڕندە و سەرەتاییەوە گرێدراوە، بەڵام کەپیتالیزم سیستمێکی سیاسی ـ ئابووری ڕووت نییە، بەڵکو ماترێکسێکی دینی و کولتووری و سەمبولی و ئەخلاقیشە، لێرەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی ڕووت نییە . خودی وشەی فاشیزمیش، زاراوەیەکی سیاسی رووت نییە ، وەک چۆن فاشیزم خۆی دیاردەیەکی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو کاریگەریی دەرکەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر فاکتەرە لە ناو کایەی سیاسییدا، کە دیارە هەوڵی منیش بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی هەندێکیانە.... بۆیە ئەم خاڵانەم باسکرد تا خوێنەر بچێتەوە سەر کۆی تێڕوانینی من و بزانێت لە سەرەتاوە هەوڵی من لە کۆی کێشەکاندا بۆ گەیشتنە بە جێگایەکی دوورتر لەوەی سیاسەت و دروشم و شەڕی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن داوایدەکەن. وشەکە راستەوخۆ بە هەموو مێژووی نوسینی منەوە نوساوە. ڕۆمان و نوسینی من خاڵی نەبووە لەو هاوارە دژ بە فاشیزم. لە مەرگی تاقانەوە، لە قەسیدەی نیشتیمانەوە، بەجۆرێکی بەردەوام لەسەر فاشیزم دەنوسم ... گەڕانەوەشی لە ئێستادا هەوڵە بۆ تەواوکردنی سوڕێکی گرنگ لە ناو بازنەکەدا، چەمکی فاشیزم، چەمکێکی گرنگە بۆئەوەی لە تەواوی چەمکەکانی تر تێبگەین کە لەو بیست و پێنج ساڵەی دواییدا کەم و زۆر بەکارمهێناون، وەک چەمکی «کۆمەڵگای پرسە» «غەیبانییەت» «گووتاری مانەوە» «کۆلاجی ئایدۆلۆژی» «مردنی حیزب» و چەندان چەمکی تریش ... چەمکی فاشیزم لای من شتێکی نوێ نییە، بەڵکو تێگەیشتنی ئەستەمە بە بێ خوێندنەوەی زۆرینەی وتارەکانی پێشووش. فاشیزم لێرەدا زاراوەیەکە تەنیا لە ڕێگای پەیوەندی بە زاراوەکانی ترەوە دەتوانێت تەواو ئیشبکات، تەنیا پێکەوەش سیستمێک لە ئامڕازی تەفسیرکردن پێکدەهێنن. ئەوەی نوێیە زاراوەی خۆرهەڵاتییە لە پاڵ فاشیزمدا. واتە تێگەیشتن لە فاشیزم لە رووبەرێکی جوگرافی و مێژوویی دیاریکراودا، تێگەیشتن لەسەر هەڵدان و بناوانە گەورەکانی لە ناو ئەو دونیا ئاڵۆزەی سەدەی بیستدا، خوێندنەوەی لە ڕێگای کۆمەڵێک تەوەر و پەیوەندی و چەمکی نوێوە. واتە گرنگ نییە بزانین فاشیزم هەیە، گرنگ ئەوەیە بزانین بۆ هەیە و چۆن هەیە و چۆن وزە وەردەگرێت و چی دەکات و چۆن درێژە بە خۆی دەدات، واتە بتوانین پەیوەندیی بە مۆدێرنەوە بخوێنینەوە، بەو زەمینەلەرزە گەورانەی هاتنی سیستمێکی نوێ لە هەناوی شوێنەکان و جەستە سیاسییەکان و شوناسەکاندا دروستیاندەکات، قسەی من لەسەر پەیوەندی توندوتیژییە لەگەڵ بنەماکانی کەپیتالیزم و هاتنی تەکنۆلۆژیاوە، قسەیە لە کارکردی مۆدێرنە لە پرۆسەی روخان و دروستبوونەوەی شوناسەکاندا لە هەناوی سەدەی بیستدا، هەڵبەت بەو ڕەهەندە سایکۆلۆژییە نوێیانەشەوە «لە ئاست سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا» کە لەم فەزایەدا هاتوونە مەیدان و ئەکتیڤ بوون. ئەمە ئەو بەشە گرنگەیە کە بە هیوام بتوانین زۆرتر قسەی لەسەر بکەین. هەڵبەت ئەوەم لە یادنەچێت، کە قسە لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی دەکەین، مانای ئەوە نییە کە فاشیزمی خۆرهەڵاتی ئەسڵەن لە هیچدا لە فاشیزمی خۆرئاوایی ناچێت، فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەڵگری زۆرینەی سیفەتەکانی فاشیزمی خۆرئاواییە، بەزیادەی چەندین دیاردە و دەرکەوتەی ترسناکتریش... کە هیوادارم لەم قسانەماندا دەرفەتمان بێت باسی لێوە بکەین.

No comments:

Post a Comment