سه‌رۆكی كوردی به‌گشتی مه‌خلوقێكی كه‌مدووه. وشه‌ی كه‌مدوو به‌ته‌نیا به‌و مانایه نایه‌ت كه سه‌رۆك كه‌م قسه‌ده‌كات، به‌ڵكو به‌و مانایه دێت كه ئه‌و ڕوبه‌رانه‌ی قسه‌كردنیشی ده‌یگرنه‌وه «بابه‌ته‌كان‌و ته‌وه‌ره‌كانی» بچوك‌و سنووردارن. واته ده‌شێت سه‌رۆك زۆر زۆریش بڵێت به‌ڵام دواجار هیچ نه‌ڵێت جگه له‌دووباره‌كردنه‌وه‌ی یه‌ك دوو گووتاری كلێشهییو سواو. به‌بڕوای من سهرۆكو سیاسییه‌كانی ئێمه پتر ده‌میان ده‌جوڵێنن نه‌وه‌ك قسه‌بكه‌ن... قسه‌كردن به‌مانای وه‌ڵامی پرسیاره گه‌وره‌كان بده‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر كێشه ڕاسته‌قینه‌كان بدوێن. ئه‌م بێتواناییه له‌سه‌ر قسه‌كردن له‌هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی كورددا هه‌یه، جێگای سه‌رسامییه، من له‌سه‌ده‌ی بیستدا هیچ سه‌رۆكێكی قسه‌كه‌ر نادۆزمه‌وه. ئه‌م بێده‌نگییه پێمانده‌ڵێت؛ نه‌وه‌ك ته‌نیا عه‌قڵی سیاسی كوردی عه‌قڵێكی لاوازه، به‌ڵكو ئینشای سیاسیشمان له‌نزمترین ئاستدایه. ئه‌مڕۆ ئێمه له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه سه‌رده‌می هه‌ژارییه لهبهلاغهتی سیاسیماندا، سه‌رده‌مێك درێژكراوه‌ی ڕابوردووه، هه‌موو بێده‌نگی مێژووی هه‌زار ساڵه‌ی ئێمه به‌جۆرێكی ترسناك له‌سه‌رو له‌گه‌رووی سه‌رۆكه‌كانی ئێمه‌دا ده‌نگده‌داته‌وه، كه به‌گشتی بوونه‌ته قوبه‌ی موقه‌ده‌سو بۆش. ڕه‌نگه بۆ زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی تر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ده ساڵه‌ی دوایی له‌مێژووی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیمان كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری گرنگتری هه‌بێت، له‌وانه گه‌شه‌ی ئازادییه سیاسییه‌كان، به‌رقه‌راری عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، چه‌سپاندنی كولتووری دیموكراسیوچهندان پێوه‌ری تر كه هه‌ڵبه‌ت پێوه‌ری گرنگن، به‌ڵام جگه له‌مانه شتێكی دیكه‌ش گرنگه، ئه‌ویش شوێنی دهنگو بێده‌نگییه له‌میكانیزمه‌كانی دروستكردنی سته‌مكاریدا له‌مێژووی ئێستا‌و ڕابوردووماندا. هه‌ڵبه‌ت بێده‌نگی سه‌رۆك وه‌ك بێده‌نگی كۆیله نییه. بێده‌نگی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه هیچ كات وه‌ك بێده‌نگی كه‌سانێك نین كه لهخوارهوهدان. به‌جۆرێك ده‌توانین بڵێین بۆئه‌وه‌ی له‌كۆمه‌ڵگایه‌ك تێبگه‌ین ده‌بێت له‌جۆرو چۆنێتی بێده‌نگییه‌كانی ناوی تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی جیاواز له‌یه‌ك ژووردانو هیچ ناڵێن مانای ئه‌وه نییه كه بێدهنگییهكانیان هه‌مان شته. سیاسه‌ت دواجار هیچ نییه جگه لهكایهیهكی سیمۆتیكی، له‌شوێنێك بۆ ناردنی ئاماژه‌و وه‌رگرتن، له‌به‌گه‌ڕخستنی چالاكانه‌ی كه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندی، بۆیه خودی بێده‌نگی یان كه‌مدوویی نیشانه‌یه‌كی گرنگه‌و ده‌بێت بخوێنرێته‌وه. كه‌مدوویی سه‌رۆكه‌كانی ئێمه سیفه‌تێكی شه‌خسی ڕووت نییه، بێ تواناییان له‌وه‌ی بدوێن په‌یوه‌ندی بهپێكهاتو ستراكتوری كۆی كایه‌ی سیاسییه‌وه هه‌یه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا گه‌ر له‌لوتكه‌ی ئه‌م هه‌ره‌مه سیاسییانه‌ی ئێمه‌دا هه‌میشه دیكتاتۆرێكی كه‌مدوو دانیشتبێت، كه‌سێك كه ته‌نیا هه‌ندێك قسه‌ی دیاریكراوی هه‌یه، هه‌ندێك وشه‌ی كه‌می هه‌یه، بۆ بازنه‌یه‌كی بچوك ده‌دوێت، ڕیتۆریكێكی خراپی هه‌یه، قسه‌كانی یان په‌یمانی درۆن یان هه‌ڕه‌شه‌ن... چۆن ئه‌م بوونه‌وه‌ره ده‌توانێت ئه‌م دونیا پڕ ده‌نگه‌ده‌نگه‌ی ئه‌مڕۆ كۆنترۆڵبكات؟ ئه‌مه پرسیارێكی گرنگه: بێدهنگیو كه‌مدوویی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا چ وه‌زیفه‌یه‌كی هه‌یه؟ سه‌رۆكی كورد له‌رێگای چ جۆره زمان‌و وێنه‌و ئاماژه‌یه‌كه‌وه حوكمماندهكهن؟ ئه‌م بوونه‌وه‌رانه كه ناتوانن قسه‌بكه‌ن كه‌ره‌سته‌ی حوكم له‌كوێ ده‌هێنن؟ ئاخۆ ئه‌و ڕسته كورت‌و كه‌مانه كه هه‌میشه له‌چوارچێوه سیناریۆیه‌كی پێشوه‌خت داڕێژراودا دێنه‌ده‌رێ به‌سن بۆ حوكمكردن؟ بۆ سیاسی كورد به‌گشتی ناتوانێت قسه له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆی بكات؟ ئاخۆ سیاسه‌ت «نه‌وه‌ك ده‌سه‌ڵات به‌ته‌نیا» نه‌بۆته كرده‌یه‌كی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ڕه‌ها كه پێویستی به‌هیچ قسه‌یه‌ك نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك دوای خۆی بخات؟ ئایا سیاسه‌ت به‌گشتی نه‌بۆته كایه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی قسه، شوێنێك قسه تێیدا كاریگه‌رییه‌كانی خۆی وندهكاتو له‌ماناكانی خۆی ده‌كه‌وێت؟ ئایا هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی كه به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه ده‌كرێن شاردنهوهنین بۆ ئه‌و بێده‌نگییه قووڵ‌و دووباره‌و ڕیشه‌ییه‌ی كه له‌سیاسه‌ت خۆیدا چه‌قیوه، ده‌مامك نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕاستیدا كایه‌ی سیاسی كوردی لهخۆدووبارهكردنهوهیهكی هه‌میشه‌ییدا دهژیو تلیاكفرۆشهكانی «گۆڕانكاری بچوك» جگه له‌وه‌هم هیچی تر ده‌رخواردی مرۆڤی كورد ناده‌ن؟
ئه‌وه‌ی سهرهنجبدات ده‌بینێت دونیای ئێمه له‌نێوان دوو دیارده‌ی سه‌ره‌كیدا گه‌مارۆدراوه، به‌سه‌رێك دهنگهدهنگێكی زۆر له‌سه‌ر سیاسه‌ت كه هه‌موومان تیا بهشدارینو سه‌رتاپای عهقڵو دیالۆگه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی داگیركردوین، به‌سه‌رێكی تریش بێده‌نگییه‌كی ترسناك وه‌ك بێده‌نگی «ابو الهول» لای سیاسییهكانو سهرۆكهكانو ڕاوێژكارو قسه‌كه‌ره‌كانیان... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌و ده ساڵه‌ی دواییدا سه‌دان پرسیاری گرنگ كه‌ڵه‌كه بووه، له‌پرسیاری فهلسهفیو فیكری‌و ئه‌خلاقییه‌وه بیگره تا پرسیاری ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و یاسایی، كایه‌ی سیاسی‌و سه‌رۆكه‌كانیش به‌تایبه‌تی له‌هه‌موو ئه‌م پرسه گه‌ورانه‌دا بێده‌نگن... ئه‌م نه‌خۆشی بێده‌نگییه نه‌خۆشی كۆی كایه‌ی سیاسییه. بێده‌نگی سه‌رۆكی هه‌رێم، بێده‌نگی بێكاریگهریی سه‌رۆك كۆمار، بێده‌نگی ته‌لیسماوی سه‌رانی ئۆپۆزسیۆن سهمبولو ئاماژه‌ن بۆ بێده‌نگی هه‌موو كایه‌ی سیاسی خۆی. سروشتی ریتۆریكی سه‌رۆكه‌كان ئاوێنه‌ی سروشتی ڕیتۆریكی مێژووی سیاسی كوردییه. لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه بۆ خاڵێكی گرنگی ناكۆكی بكه‌م له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی برایانی رۆشنبیردا، كێشه‌كه له‌وه‌دایه ڕۆشنبیر هه‌موو ئه‌م پرسیار‌و گرفته گه‌ورانه هه‌ڵبگرێت‌و بیبات بۆ كایه‌ی سیاسی‌و له‌وێدا به‌ته‌نیا بۆ وه‌ڵامه‌كانیان بگه‌ڕێت. له‌سه‌د ساڵی ڕابوردووداو به‌تایبه‌ت له‌ئێستاشدا ڕۆشنبیری كورد ئه‌مه ده‌رده سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بووه كه هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ی هه‌ڵگرتووه‌و بردونی بۆ ناو كایه‌یه‌كی كهڕولاڵی وه‌ك سیاسه‌ت تا وه‌ڵامی ده‌ستبكه‌وێت‌و هه‌میشه‌ش نائومێد‌و ده‌ستبه‌تاڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. كایه‌ی سیاسی ئێمه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بێده‌نگی نه‌وه‌ك له‌سه‌ر زمان‌و بیركردنه‌وه‌و باوهڕسازیی ئیشده‌كات. لێره‌وه په‌یوه‌ندی له‌نێوان «فیكری»و «سیاسی»دا بۆته كاری نه‌كرده، وه‌ك چۆن ئیشكردنی پێكه‌وه‌یی ڕۆشنبیرو سیاسی بۆته ئه‌سته‌م. ڕۆشنبیریی له‌ناو جیهانێكی زمانهوانیو گوزارشتدا كارده‌كات، سیاسیش له‌جیهانێكی تری زمانهوانیو گوزارشتدا قه‌تیس بووه، پێكگه‌یشتنه‌وه‌ی ئه‌م دوو دنیایه له‌ئێستادا، نه‌وه‌ك كاری نه‌كرده‌یه، به‌ڵكو له‌سنووری خه‌یاڵیش به‌ده‌ره.
به‌ڵام به‌ده‌ر له‌م ڕیشه سه‌ره‌كییه‌ی بێده‌نگی لای سهرۆكهكانو هه‌ژاریی زمانی گوزارشتی سیاسیمان. خودی ئه‌م بێده‌نگییه چه‌كێكی گرنگ‌و پراكتیكی ده‌سه‌ڵاتی باڵادهستیشه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌بێ ناواخنكردنی ئه‌و بێده‌نگییه بۆ ناو وێنه‌ی خۆی، ناتوانێت بوونی هه‌بێت... بێ‌زمانی سه‌رۆكه‌كانمان، بێزمانییهكی پاك‌و بێگوناهـو منداڵانه نییه، بێده‌نگییه‌كی مهعسومانه نییه، به‌ڵكو بێده‌نگییه‌كه هه‌موو دیوه خورافییه‌كه‌ی دهسهڵاتو دیوه خورافییه‌كه‌ی كایه‌ی سیاسه‌تیش خۆی له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌ده‌كاته‌وه. لێره‌دا به‌خێراییه‌كی زۆر كورت هه‌ندێ له‌ماناكانی ئه‌و بێده‌نگییه ده‌ستنیشانده‌كه‌م، باوه‌ڕیشم وایه تێڕوانینی ته‌واو له‌و بێده‌نگییه، تێڕامان‌و رووبه‌ری زۆر زیاتری پێویسته.
1. بێده‌نگی سهرۆكهكهكان، نیشانه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیكتاتۆرییه‌ته. دیكتاتۆر خۆی بوونه‌وه‌رێكه كه‌م قسه‌ده‌كات، هه‌تا گه‌ر وه‌ك هیتله‌ر زۆر بڵێ‌و چهنهبازیش بێت، قسه‌كانی هێشتا ده‌مامكی بێده‌نگییه‌كی قووڵترن. قسه‌كردن زاده‌ی بیركردنه‌وه‌یه. دیكتاتۆر له‌رێگای لۆژیك‌و ئیقناعهوه ده‌سه‌ڵات ناباتهرێوه، به‌ڵكو له‌ڕێگای هێزو پاره‌و میدیاوه. لێره‌وه قسه شتێكی گرنگ نییه، سه‌رۆك ده‌توانێت ده‌ستبه‌رداری بێت، یان هه‌ر كاتێك ئاره‌زووی لێ‌بوو بهكاریبهێنێتو دواتر بیخاته لاوه‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ بێده‌نگی. قسه له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا، دیكۆره نه‌وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی حوكم بێت.
2. بێده‌نگی سه‌رۆكه‌كان ڕیشه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی هه‌یه. تا سه‌رۆك بێده‌نگتر بێت خۆی دوورتر نیشانده‌دات، خۆی بهشهبهنگێكی پیرۆز گه‌مارۆده‌دات. پتر خۆی له‌وێنه‌ی خودا نزیكده‌كاته‌وه. خودا خۆی ئه‌و بكه‌ره نادیاره، دووره، كاریگه‌ره، بێده‌نگه‌یه كه ئێمه نایبینین‌و نایبیستین. لێره‌وه كه‌م دهركهوتنو كه‌م قسه‌كردن لای سه‌رۆك نمایشێكی دینییه، جۆره خۆشوبهاندنێكی ناڕاسته‌وخۆیه به‌خودا.
3. بێده‌نگی سه‌رۆكه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه قسه‌كانیان نرخی بمێنێت. قسه‌ی سه‌رۆك هه‌میشه ده‌بێت شتێكی مێژوویی بێت، ده‌بێت سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدان یان كۆتایی كێشه‌یه‌ك بێت. سه‌رۆك كه‌م قسه‌ده‌كات تا له‌نمایشی ده‌سه‌ڵاتدا واده‌ربكه‌وێت له‌ناو هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌دا كه زۆر ده‌دوێن، ده‌نگی ئه‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه. ده‌نگی سه‌رۆك لێره‌دا وه‌ك ده‌نگی مرۆڤێك ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو وه‌ك ده‌نگی باڵای یاساكان خۆی نیشانده‌داته‌وه. من یا قسه‌ناكه‌م یان كه كردم دونیا به‌لایه‌كدا ده‌خه‌م "ئه‌وه زمانحاڵی بێده‌نگی سه‌رۆكه". لێره‌دا سه‌رۆك مه‌خلوقێكی قسه‌كه‌ر نییه، به‌ڵكو بڕیارده‌ره... ئه‌و قسه‌ناكات، به‌ڵكو یاسا داده‌نێت.
4. كاتێك سه‌رۆك كه‌م قسه‌ده‌كات، له‌نێوان خۆی‌و كۆمه‌ڵگادا كۆمه‌ڵێك ده‌زگای تر دروستده‌كات كه له‌بری ئه‌و قسه‌ده‌كه‌ن. قسه‌كردنی سه‌رۆك له‌كرده‌یه‌كی زمانهوانیو عه‌قڵانییه‌وه ده‌بێته كرده‌یه‌كی سه‌مبولی... له‌بری سه‌رۆك شته‌كانی تر قسه‌ده‌كه‌ن. سوپا قسه‌ده‌كات، ئاسایش، پۆلیس، بازرگانه‌كان، باڵه‌خانه‌كان، بانكه‌كان، پاره زۆره‌كان. سه‌رۆك بێده‌نگ ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی سه‌مبوله‌كانی بدوێن، درێژكراوه مه‌جازییه‌كانی. ئه‌م بێده‌نگییه بۆ ئه‌وه‌یه هێماكانی تر بكه‌ونه قسه... بۆ ئه‌وه‌ی زه‌برو پڕتهویی كه‌ره‌سته كاریگهرو راسته‌قینه‌كانی تری ده‌سه‌ڵات ده‌ربكه‌وێت.
5. بێده‌نگی سه‌رۆك ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك دیارده‌یه‌كی سروشتییه، سه‌رۆك پێویستی به‌خۆ ڕوونكردنه‌وه نییه، پێویستی به‌وه نییه به‌هانه‌یه‌كمان بداتێ. وه‌ك چۆن چیاكان به‌شێكن له‌سروشتی نیشتمان، جه‌نابی سهرۆكو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی به‌شێكن له‌و سروشته. سه‌رۆك گه‌ر قسه‌بكات بۆئه‌وه نییه شتێك بۆ ئێمه ڕوونبكاتهوه یاخود قه‌ناعه‌تمان پێبهێنێت كه ئه‌و هه‌ر سه‌رۆك بێت باشه، به‌ڵكو سه‌رۆكی ئێمه هه‌تا گه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌یه‌كی زۆر بچوكیش بێت هیچ كات بۆ ئه‌ندامه‌كانی خۆی قسه‌ناكات، به‌ڵكو هه‌ركات دێته‌گۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌دوێت، بۆ دوژمن، بۆ ناحه‌زان... بوونی خۆی له‌سه‌رۆكایه‌تیدا پێویستی به‌قسه نییه، پێویستی بهلۆژیكو سه‌لماندنه‌وه نییه. كێ ده‌توانێت بیخاته ژێر پرسیاره‌وه تا ئه‌و هه‌وڵبدات شه‌رعییه‌تی بۆ بگێڕێته‌وه? ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێیه‌تی وه‌ك دیارده‌یه‌كی سروشتی وه‌ریانگرتووه، لێره‌وه هه‌تا باوه‌ڕ به‌مردنیشی ناكه‌ن. بێده‌نگی لێره‌دا ئاماژه‌یه بۆ نه‌گۆڕان، بۆ ئه‌به‌دییه‌ت، بۆ شتێكی چه‌سپاو كه هیچ هێزێك نییه بیخاته‌وه ژێر گومان «دوژمنان نه‌بێت».
6. كاتێك سه‌رۆك بێده‌نگ ده‌بێت، خۆی واده‌رده‌خات كه «نێره‌ر ـ مرسل» نییه. واته ده‌چێته به‌رگی ئه‌و كه‌سه‌وه كه له‌هاوكێشه‌ی «ناردن ـ ارسال/ وه‌رگرتن ـ استقبال»دا، ڕۆڵی وه‌رگر ده‌بینێت. سه‌رۆك قسه‌ناكات چونكه ده‌یه‌وێت ئه‌و خه‌یاڵه‌مان لا سهوزبكات كه ئاماژه‌كان له‌خودی خۆیه‌وه نایه‌ن. زمانی ئه‌و زمانێكی شه‌خسی نییه، به‌ڵكو زمانی گروپه، زمانی ئه‌و بنكهیهیه كه رایگرتووه... بێده‌نگی ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نیا كاتێك قسه‌ده‌كات كه ئه‌و ده‌نگه ده‌سته‌جه‌معییه ده‌یه‌وێت بدوێت كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات. بێده‌نگی لێره‌دا ده‌مامكه تا له‌رێگایه‌وه سه‌رۆك بڵێت ده‌نگی من ده‌نگی ئێوه‌یه، جه‌سته‌ی من جه‌سته‌ی ئێوه‌یه، زمانی من زمانی ئێوه‌یه... كه من ده‌جوڵێم ئه‌وا من ته‌نیا ئاوێنه‌یه‌كم ئه‌و تیشكه ده‌ده‌مه‌وه كه له‌ئێوه‌وه دێت. ده‌مێك زاری من هیچ ناڵێت، واته هه‌موو شته‌كان له‌جێگای خۆیانن، واته رۆحی ئێوه ئاسووده‌و بێده‌نگه. بێده‌نگی سه‌رۆك لێره‌دا وه‌ك گه‌رمی پێوێكه كه ئارامی شته‌كان ده‌رده‌خاته‌وه. به‌وه‌دا ڕۆحی ئه‌و ئاوێنه‌ی ڕۆحی ئێمه‌یه، كه‌واته هه‌موو بێده‌نگییه‌كی ئه‌و، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئارامی‌و هێمنی دونیایه... ده‌مێك ئه‌و قسه‌ناكات، واته شته‌كان له‌شوێنی خۆیاندان، واقع لههێمنیو به‌رقه‌راری خۆیدا ڕه‌وته ئه‌به‌دییه‌كه‌ی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه.
له‌واقعێكی وه‌هادا، كه بێده‌نگی، قسه‌نه‌كردن، وه‌ڵامنه‌دانه‌وه یاسای سه‌ره‌كی كایه‌ی سیاسین... له‌شوێنی وادا، نوسینی سیاسی ئه‌و گه‌مه‌یه‌یه كه سیاسییه‌كان پێماندهكهن تا له‌و وه‌همه‌دا بژین گوایه خه‌ریكی گۆڕینی دونیا‌و سیاسه‌تین. به‌بڕوای من تا ده‌نگه‌ده‌نگه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی كایه‌و سه‌نته‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات زیاتر به‌رزبێته‌وه، بێده‌نگی وه‌ك میكانیزمێكی سه‌ره‌كی حوكم به‌هێزترو به‌هێزتر ده‌بێت. هه‌موو سه‌نته‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌دونیای ئێمه‌دا، سه‌نته‌ری بێده‌نگن كه وه‌ڵامی پرسیاری ستراتیژی‌و گرنگ ناده‌نه‌وه، یان بهئینشایهكی لاواز وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه... تا ئه‌م بێده‌نگییه‌ش قووڵتربێته‌وه، ئه‌و خه‌ره‌نده‌ی له‌نێوان «فیكری»و «سیاسی»دا دروستبووه قووڵتر ده‌بێته‌وه. تا ئه‌م خهرهندهش قووڵتربێته‌وه پتر ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی تێده‌كه‌ون كه بێئه‌وه‌ی بزانن له‌كایه‌ی سیاسی له‌م ناوچه‌یه‌دا چی ده‌گوزه‌رێت، هه‌وڵده‌ده‌ن فیكر كورتبكه‌نه‌وه بۆ ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌كانی.