هاوڕێی ئازیز كاك سه‌ردار، ڕێز‌و خۆشه‌ویستی زۆرم. نوسینه‌كه‌ی به‌ڕێزتانم خوێنده‌وه‌و حه‌زده‌كه‌م له‌و ڕووه‌وه هه‌ندێ شت بڵێم، دیاره قسه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌وه نییه ئاخۆ من مامۆستا‌م یان نا... نامه‌وێت ئه‌و دۆخه كۆمیدییه وه‌ربگرم‌و به‌شداری ئه‌و به‌شه‌ی قسه‌كان بكه‌م. به‌ڵام پێموایه گرفتی «مامۆستا/ قوتابی» له‌خۆرهه‌ڵاتی ئێمه‌داو له‌هه‌موو وڵات‌و له‌هه‌موو سوچ‌و كه‌لێنێكی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بهبارگهیهكی دینی باركراوهو سروشتێكی پهتریاركیانهی وه‌رگرتوه، به‌جۆرێك هه‌ندێجار په‌یوه‌ندی نوسه‌رو خوێنه‌رانیشی هه‌ر له‌و چوارچێوه دینییه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیكه‌م، به‌شدارییه‌كه له‌قسه‌كردندا له‌سه‌ر كێشه‌یه‌ك تادێت به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌چێت، پێشموایه له‌پاشه‌ڕۆژدا ئه‌م كێشه‌یه زیاتر‌و توندتر ڕووبه‌ڕووی دونیای ئێمه ده‌بێته‌وه، چونكه به‌بێ پاككردنه‌وه‌ی بواری «فێربوون» له‌و عه‌قڵییه‌ته باوكسالاره ئه‌سته‌مه هه‌تا پرۆسه‌ی «كتێب خوێندنه‌وه»ش ڕه‌وته سروشتییه‌كه‌ی خۆی وه‌ربگرێت. له‌هه‌ر عهقڵییهتێكدا موقه‌ده‌س ژێرخانێكی به‌هێزو قایمی هه‌بێت، مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه په‌یوه‌ندی قوتابی‌و مامۆستا ببێته په‌یوه‌ندی ئاغا‌و كۆیله، یاخود ئه‌گه‌ر واش نه‌بێت به‌وجۆره بخوێنرێته‌وه. سه‌ره‌تا ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كه له‌و ته‌پوتۆزه موقه‌ده‌سه‌ی له‌سه‌ری نیشتوه بتهكێنرێت، بێئه‌وه‌ی ئه‌مه رێگا خۆشكردن بێت بۆ زیاندان لهماناو گرنگی مه‌عریفه‌تو فێربوون. كێشه‌كه له‌وه‌دایه «قودسییه‌تی مامۆستا» له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا یهكسانكراوهتهوه به«قودسییه‌تی مه‌عریفه‌ت» ئه‌مه‌ش شتێكه ده‌بێت جیابكرێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن ته‌قدیسی مه‌عریفه‌ش درێژكراوه‌ی ڕه‌هه‌نده دینییه‌كه‌ی ناخمانهو مه‌عریفه‌ی پیرۆز‌و ئه‌به‌دی بوونی نییه. ئێستا له‌خه‌یاڵدانی ئێمه‌دا مامۆستا سه‌مبولی باوكی مه‌عریفییه، ئه‌ویدی گه‌وره‌یه كه ده‌بێت كڕنوشی بۆبهرین. كولتووری «من علمنی حرفا صرت له عبدا»، كولتوورێكی ترسناكه كه مانای مامۆستای له‌نێوان دوو جه‌مسه‌ردا گیركردوه، جه‌مسه‌ری تهقدیسو جه‌مسه‌ری نه‌فره‌ت، ته‌قدیس له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵگری مه‌عریفه‌ته، نه‌فره‌تیش له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌مبولی دهسهڵاتو هێما ناشیرینهكانێتی. ئه‌م قسانه‌ی به‌ڕێزتان كردتان وه‌ك به‌هانه‌یه‌ك ده‌بینم ڕوونتر له‌سه‌ر ئه‌و گرفته ڕابوهستینو ڕای خۆم له‌و ڕووه‌وه كه‌مێك ڕوونتر بهیانبكهم.
سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێم من هه‌میشه خۆم به‌قوتابی ده‌زانم، ئه‌وه لهتهوازوعێكی موزهیهفهوه نه‌هاتووه، ڕقم له‌هه‌موو خۆبچوككردنهوهیهكی درۆزنانه‌یه، هه‌ڵوێسته‌كه‌م دوور‌و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ته‌وازوعه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی بهپێناسهكردنهوهی مانای قوتابی‌و مامۆستاوه هه‌یه لهكولتووری ئێمه‌دا. كولتوورێك گه‌ر ئه‌مڕۆ بتێك بشكێنێت، به‌یانی به‌رله‌وه‌ی له‌خه‌و هه‌ستابین بتێكی تازه‌ی خستۆته جێگا. قوتابیبوون دۆخێكی وجودییه، هه‌ر بوونه‌وه‌رێك بیه‌وێت لهخۆیو ئه‌وانیتر تێبگات، قوتابییه... به‌ڵام خۆت ده‌زانیت كێشه‌كه هه‌روا ئاسان نییه. ئێمه ده‌توانین له‌دوو گۆشه‌نیگاوه سه‌یری قوتابی بكه‌ین. یه‌كه‌میان ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌یه كه ته‌نها له‌ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌قوتابی ده‌ڕوانێت، ته‌نیا بوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه بچوك‌و شوناسه كۆمه‌ڵایه‌تییه تهسكو ڕادهستهكهی لهبهرچاودهگرێتو مانای قوتابی كورتده‌كاته‌وه بۆ مانا «مهكتهبییهكهی»، واته ته‌نیا له‌بازنه‌ی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا قوتابی ده‌بینێته‌وه، لهچێوهیهكدا تێیدا قوتابی لایه‌نه لاواز‌و گوێگرهكهیه، مامۆستاش لایه‌نه به‌هێزو قسه‌كه‌ره‌كه‌یه. لێره‌دا قوتابی بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بچوك‌و بێدهنگو بێكاراكتهره. ئه‌مه بۆچوونی سوننهتیو ته‌قلیدییه بۆ دۆخی قوتابیبوون، بۆچوونێكه هه‌ستی ڕووكه‌ش په‌رستی ئێمه تێیدا نوقمهو ناتوانێت له‌م وێنه ڕه‌مزییه‌ی قوتابیبوون ده‌ربازبێت، ته‌واو وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه‌ی له‌منداڵییه‌وه له‌ڕۆحی خۆماندا وه‌ك قوتابی ههڵمانگرتووهو له‌ناخماندا چێنراوه. دۆخی دووه‌م قوتابی به‌پێی مه‌ودای نێوان مرۆڤ‌و ته‌واوی كایه‌ی مه‌عریفی ده‌پێورێت، واته قوتابیبوون وه‌ك په‌یوه‌ندی نهزانێكی بچوك «كه ئینسانه» بهنهزانراوێكی گه‌وره‌وه «كه دونیایه» سه‌یرده‌كرێت. قوتابیبوون لای من ئه‌و هه‌سته وجودییه‌یه كه ده‌توانین پرسیار له‌تاریكی بكه‌ین، تاریكییه‌كی ناكۆتا.
به كورتی قوتابی لای من دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵكو دۆخێكی ئه‌نتۆلۆژییه.
كاك سه‌رداری ئازیز. مرۆڤ ره‌نگه لێره‌دا بپرسێت كه ئێمه ده‌زانین بوونه‌وه‌رێكی بچوكین كه سنووری زانینمان له‌چاو گه‌وره‌یی نه‌زانراوه‌كاندا بچوكه، بۆ ده‌بێت له‌فێربوون نه‌وه‌ستین، بۆ ده‌بێت قوتابی ئه‌به‌دی بین؟ ئه‌و تاریكییه گه‌وره‌یه‌ی پێیده‌ڵێین كایه‌ی نادیار، ئه‌و كایه‌یه‌ی هه‌میشه بانگمانده‌كات بۆ بینینی، تاریكییه‌كی بێسنووره، هیچ كات كۆتایی نایه‌ت. به‌ڵام ئه‌م نه‌زانراوه گه‌وره‌یه‌ی ده‌رونمان له‌به‌رئه‌وه گرنگ نییه كه ده‌بێت بیناسین، ئه‌م نه‌زانراوه له‌فیكری مرۆڤدا به‌ده‌یان ناوی جیاوازه‌وه دێته‌پێشێ، وه‌ك «شت له‌خۆیدا»ی كانتی، وه‌ك «نه‌ستی فرۆیدی»، وه‌ك «ریزیۆمی دۆلۆزی» وه‌ك «كۆشكی كافكایی» وه‌ك «لابیرێنتی بۆرخیسی» وه‌ك «ڕیالی لاكانی»و چه‌ندین شێوه‌ی تریش، كه پێكڕا ئاماژه‌ن بۆ ئه‌و مهعما ناكۆتایهی گه‌مارۆی ئێمه‌ی مرۆڤی داوه، ئه‌و نه‌زانراوه ئه‌به‌دییه، ئه‌و «هه‌رگیز»ه دووباره‌یه‌ی كه له‌ده‌نگی قهڵهڕهشهكهی «ئه‌دگار ئالان پۆ»وه دهیبیستینو به‌رده‌وام ده‌یبیستینه‌وه. پرسیاره‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه كه ئاڵۆزیی‌و گه‌وره‌یی ڕووبه‌ری نادیار ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت كه هه‌میشه قوتابی بین، به‌هیچ جۆرێك من له‌و ڕوانگه‌یه‌وه قسه‌ناكه‌م. قوتابیبوون ڕه‌نگه به‌دیوێكدا به‌ره‌نجامی ئه‌و دۆخه بێت كه هایدگه‌ر ناوی ده‌نێت «بوون ـ له ـ جیهان»دا، به‌ڵام من له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه لێیناڕوانم. مه‌به‌ستی من ئه‌و ساته‌یه كه «سوبێكت ـ خود» ده‌رگاكان له‌سه‌ر خۆی دادهخاتو ده‌ڵێت ته‌واو. قوتابی ئه‌و به‌شه‌ی ناخمانه كه ناهێڵێت ده‌رگاكه دابخهینو بڵێین ته‌واو. ڕه‌نگه ئاسایی بێت ڕۆژێك پرسیارێكمان له‌دونیا نه‌مێنێت، چیتر هیچ شتێكی سروشت‌و كۆمهڵگاو مێژوومان بۆ گرنگ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پرسیارمان له‌خودی خۆمان نه‌مێنێت ئه‌وه‌یان كوشنده‌یه. مرۆڤ له‌پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی چنینی خود‌و دروستكردنی خوددایه، مه‌عریفه‌ی دونیا كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ ناسینی خود... قوتابی هیچ نییه جگه له‌ناوێكی تر بۆ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی به‌رده‌وام خۆی ده‌چنێت، جاڵجاڵۆكه‌یه‌ك له‌بری ئه‌وه‌ی تۆڕێك له‌ده‌ره‌وه بچنێت له‌ناوه‌وه ده‌یچنێت، فێربوونیش به‌شێكی گرنگی ئه‌وكاری «خودچنی»و «سوبێكتسازی»یه یه. ئه‌مه ڕیتۆریك نییه وه‌ك هه‌ندێك لهئهكادیمیستی خه‌یاڵ تهسكو پۆزهتیڤیستو چه‌قیو له‌زمانی مردوی خۆیاندا ناویده‌نێن، به‌ڵكو ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و تاریكییه‌ی هیگڵ به‌هۆیه‌وه مرۆڤ به«شه‌وی جیهان» ناوزه‌دده‌كات، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و قه‌ڵه‌ڕه‌شه‌ی ئادگار ئالان پۆ له‌ناخی خۆماندا، كه پێمانده‌ڵێت «هه‌رگیز» ... هه‌رگیز تاریكی ناخمان ته‌واو نابێت، هه‌رگیز «من»ێكی ساف‌و بێگرێ‌و بێپرسیارو بێ‌دوودڵی بوونی نییه، خود یان نییه یان كه هه‌بوو خودێكی هه‌لاهه‌لایه. مرۆڤ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه فێرنابێت چونكه چوارده‌وری پڕه له‌نهێنی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی فێربوون تاكه به‌ڵگه‌یه‌كه له‌سه‌ر مرۆڤبوون كه به‌ده‌ستمانه‌وه ماوه. لێره‌دا قسه‌یه‌كی «ئه‌دگار دیگاس»م دێته‌وه‌یاد كه ده‌ڵێت «نیگاركێشان قورس نییه، تا ئه‌وكاته‌ی هیچی لێتێناگه‌یت». ئه‌وه بۆ قوتابی بوونیش دروسته... هه‌موومان ده‌بین به‌قوتابی به‌و ئومێده‌ی ڕۆژێك چیتر قوتابی نه‌بین، به‌ڵام هێنده‌ی ده‌زانین «قوتابی ـ بوون» چییه ئیتر هیچ كات بۆمان ته‌رك ناكرێت. من لهبیستو دوو ساڵیمدا زانكۆم به‌جێهێشت، به‌و نیازه نه‌هاتمه ده‌رێ كه واز لهقوتابیبوون بهێنم، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه نیازی هه‌ره گه‌وره‌م ئه‌وه بوو ئیتر بۆ ئه‌به‌د قوتابی بم. له‌به‌رئه‌وه هیچ كات نه‌مویستووه له‌جێگایه‌كدا بم كه قوتابی نه‌بم. گرنگترین شتێك له‌ژیان فێریبووم ئه‌وه‌یه مرۆڤ بهگشتیو له‌وڵاتانی ئێمه‌شدا به‌تایبه‌ت ناتوانێت له‌قوتابخانه‌كاندا ببێته قوتابی. كاره‌ساتی سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئێمه ئه‌وه نییه مامۆستای تێدا نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌یه كه قوتابی تێدا نییه. كه واده‌ڵێم چاوم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌شه، كه هه‌موو سیستمی خوێندنی مۆدێرن، بۆئه‌وه‌یه قوتابییه‌كه‌ی ناخمان دهستهمۆبكاتو ڕامیبكاتو بیبه‌ستێته‌وه. به‌ڵام سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئێمه به‌تایبه‌ت سیستمی دروستكردنی مامۆستایه، سه‌یرێكی بچوكی دونیای ئێمه بكه ده‌بینیت هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت تێیدا ببێت به‌مامۆستا، به‌ڵام كێن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن قوتابی ئه‌به‌دی بن؟ من كێشه‌م له‌گه‌ڵ نوسینی زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی كورددا ئه‌وه‌یه كه نوسین‌و بهلاغهتو داڕشتن‌و ڕوونگهرایی له‌ناو تێكسته‌كانیاندا وه‌ك ستایلی مامۆستای مه‌كته‌بی لێهاتووه «به‌ڵام ئه‌وه باسێكی دیكه‌یه»، مۆراڵی مامۆستا له‌ڕۆشنبیریی كوردیدا هێدی هێدی خه‌ریكه ده‌بێته مۆراڵێكی كوشنده‌و من زۆر لێیدهترسم. هه‌ر نوسه‌رێك زۆر به‌یه‌قینه‌وه بنوسێت، به‌عه‌قڵی ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت دهسهلمێنێتو دهیچهقێنێتو دایدهكوتێت، سڵی لێده‌كه‌مه‌وه. ماوه‌یه‌ك له‌وه‌وبه‌ر خوێنه‌رێك لێی‌پرسیم «بۆ نوسینه‌كانت وه‌ها درێژن، زۆربه‌یان به‌چه‌نده‌ها به‌ش ته‌واو ده‌بن، هه‌ست ناكه‌یت خوێنه‌ر وه‌ڕز دهبێتو ناتوانێت بیخوێنێته‌وه؟» له‌وه‌ڵامدا گوتم «بێگومان ده‌زانم، چۆن نازانم. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من یه‌قینێكی كۆتاییم نییه بیبه‌خشم به‌خوێنه‌ر، بۆ هه‌موو تێزێك چه‌ند بچوك بێت، پێویستیم بهگومانو گومانی پێچه‌وانه هه‌یه، به‌سوڕانه‌وه‌ی زۆر هه‌یه به‌ده‌وری ئه‌و شته‌دا كه ده‌مه‌وێت بیبینمو بیڵێم. خۆشبه‌ختن ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌تای نوسینه‌وه ده‌زانن ده‌گه‌ن به‌كوێ. مه‌عریفه‌ت وه‌ك حیكایه‌ت نییه، من له‌ڕۆماندا له‌سه‌ره‌تاوه ده‌زانم ده‌گه‌م بۆ كوێ، زۆرجار لهكۆتاییهوه ده‌ستپێده‌كه‌م، به‌ڵام مه‌عریفه‌ت جۆرێكی تره، مرۆڤ ده‌توانێت ده‌ستپێبكات، به‌ڵام هیچ كۆتاییه‌ك نییه پێیبگات. خۆشبه‌ختن ئه‌و نوسه‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه ده‌زانن له‌كۆتاییدا له‌كوێ وه‌ستاون. ڕه‌نگه ئه‌وه داواكاریی مامۆستایه‌كی زانكۆ بێت لهقوتابییهكهی كه له‌سه‌ره‌تاوه بزانێت ده‌گاته كوێ، به‌ڵام ئه‌وه داواكاریی نوسه‌ر نییه له‌ڕۆحی خۆی. من مامۆستایه‌ك نیم كه وانه ده‌ڵێته‌وه، من نوسه‌رم، نوسه‌ریش ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌ناو بیركردنه‌وه‌كانی خۆیدا ونده‌بێت، درێژی نوسینه‌كانم په‌یوه‌ندی به‌گه‌ڕانه‌وه هه‌یه به‌دوای حهقیقهتو ڕاكردنیش لێی له‌یه‌ككاتدا». دیاره نازانم ئه‌و خوێنه‌ره له‌من تێگه‌یشت یان نا، به‌ڵام واتێده‌گه‌م هه‌تا نوسینیش ده‌شێت ملكه‌چی دوو جۆره عه‌قڵییه‌ت بێت، عه‌قڵییه‌تی مامۆستا به‌رامبه‌ر به‌عه‌قڵییه‌تی قوتابی. مامۆستا هه‌میشه حه‌قیقه‌تێكی گه‌وره‌و دروشم ئاسا‌و گه‌وره‌ی پێیه، ڕێ نیشانده‌ری سیاسی‌و ئهخلاقیو مه‌عریفییه، حه‌زی لهمینبهرو وهعزدادانو فێركهربازییه. به‌پێچه‌وانه‌ی قوتابییه‌وه كه دوودڵییه‌كی نه‌بڕاوه‌یه، به‌رده‌وام ده‌مانگێڕێته‌وه سه‌ر هه‌مان بابه‌ت، به‌رده‌وام شێوازمان پێدهگۆڕێت، كتێبمان پێدهگۆڕێت، بواری كاركردنمان پێدهگۆڕێت، لهكایهیهكی مه‌عریفییه‌وه ده‌مانبات بۆ یه‌كێكی تر، له‌بوارێكی نوسینه‌وه بۆ بوارێكی تر، لهمیتۆدێكهوه بۆ ئه‌وی تر، لهمامۆستایهكهوه بۆ ئه‌وی تر، له‌شێوازێكی گوزارشته‌وه بۆ شێوازێكی تر. قوتابیبوون واده‌كات هه‌موو نوسینێك به‌زۆر بپچڕێنیت، چونكه نوسین به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان مانیفێستی گومانهكانمانه، نه‌وه‌ك چه‌قاندنی یه‌قینێكی ناكۆتا بێت. بۆ نمونه كه من سه‌یری «دۆن كیشۆت» ده‌كه‌م، ده‌زانم ئه‌و تێڕوانینه، تێڕوانینی منه، كوردێك به‌ئه‌زموونێكی تایبه‌تییه‌وه كه به‌ته‌نها له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و دوور له‌زێدی خۆی ده‌ژی، ده‌زانم ئه‌م دۆن كیشۆته دۆن كیشۆتی ئه‌وانی تر نییه، بۆیه كه ده‌نوسم هه‌وڵده‌ده‌م له‌زۆرترین دۆن كیشۆتهكان نزیكببمه‌وه تا بكرێت لهدۆن كیشۆتی خۆم تێبگه‌م. به‌كورتی زۆرجار ده‌نوسین ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی له‌تێگه‌یشتنی خۆمان تێبگه‌ین، بۆئه‌وه‌ی ڕیشه‌ی ئه‌و وێنه‌یه بدۆزینه‌وه كه لهسهرماندایه، بۆئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و خوده دێرینه‌ی له‌ناوماندا چه‌قیوه، چی پێیه‌و له‌كوێوه هاتووه. ئه‌وه هه‌ستێكه پێمده‌ڵێت هه‌موو ئایدیایه‌ك به‌شێكه له‌زنجیره‌یه‌كی ناكۆتای ئایدیا كه تێگه‌یشتن له‌هه‌ر ئایدیایه‌ك گرێدراوی جێگای ئه‌و ئایدیایه‌یه له‌ناو زنجیره‌كه‌دا. ئه‌وه‌ی «لاكان» ناویده‌نێت «زنجیری داله‌كان ـ سیگنیفیكانته كێته» ته‌نیا فۆرمێكی زمانه‌وانی نییه، به‌ڵكو شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی ئایدیاكانیشه، كه هه‌موو ئایدیایه‌ك مانای خۆی له‌وانی تره‌وه وه‌رده‌گرێت. ئه‌و ڕسته به‌ناوبانگه‌ی كه ده‌ڵێت «بۆئه‌وه‌ی له‌یه‌ك تێبگه‌ین پێویستیمان به‌دوو هه‌یه» ته‌واو لێره‌دا ده‌سه‌لمێت، به‌ڵام به‌زیاتره‌وه، بۆئه‌وه‌ی له‌یه‌ك تێبگه‌ین پێویستیمان به‌دوو و به‌سێو بهناكۆتاش هه‌یه. ڕۆحی «مامۆستای گه‌وره» ناتوانێت ئه‌م پرۆسه‌یه ببینێت، به‌ڵكو ته‌نیا ڕۆحی «قوتابی گه‌وره» ده‌توانێت ئه‌م ئه‌زموونه بژی. لێره‌دا بۆ چاوروونی زیاتر، شتێكی دی هه‌ر لهدیگاس وه‌رگرم، ئه‌و ده‌ڵێت «زۆر به‌خته‌وه‌رم كه ستایلی خۆم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، گه‌ر ستایلی خۆم بدۆزیبایه‌ته‌وه لهوهڕزیدا ده‌مردم». ستایل لای نیگاركێشێكی وه‌ك دیگاس، مانای حه‌قیقه‌تی باڵا، ئه‌و شته‌ی گوایه ده‌بێت هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كان هه‌یانبێت، به‌ڵام ستایل مانای كۆتایی شته‌كانیش، مانای داخستنی زنجیره‌كه، مانای دركاندنی دوا قسه كه ته‌واوی شته‌كان له‌دوا قاڵب‌و فۆرمی خۆیاندا دیلدهكات. ئه‌وه دۆخی راسته‌قینه‌ی مرۆڤی ڕۆشنبیرو هونه‌رمه‌نده، كاره‌سات ئه‌وه‌یه دواماڵی خۆت بدۆزیته‌وه... ستایلی خۆت بدۆزیته‌وه. واته هه‌موو ڕۆژێك هه‌مان خود دووباره‌بكه‌یته‌وه، هه‌مان بابه‌ت، هه‌مان شێوازی گوزارشتو هه‌مان بیركردنه‌وه. لێره‌وه هه‌میشه سه‌رسامم به‌و نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی تا مردن هه‌ندێك ڕسته به‌شێوه‌ی جیاواز‌و له‌سیاقی جیاوازدا به‌ڵام به‌هه‌مان مانا‌و به‌هه‌مان ڕه‌هه‌ندی عه‌قڵییه‌وه دووباره‌ده‌كه‌نه‌وه. جارێكیان لههاوڕێیهكم پرسی كه زۆر له‌سه‌ر باسێكی دیاریكراو قسه‌ده‌كات، گووتم «بێزار نه‌بوویت له‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ر یه‌ك شت ده‌نوسیت، وه‌ك ئه‌ڵمانه‌كان ده‌ڵێن پاسكیل دووجار نادۆزرێته‌وه، یه‌كجار ده‌دۆزرێته‌وه‌و ئیتر هه‌موو پاسكیلێكی تر، ڕه‌نگه‌كه‌ی هه‌ر جۆرێك بێت، پاسكیلێكی دووباره‌یه، دۆزینه‌وه‌یه‌كی نوێ نییه؟». هاوڕێكه‌م وه‌ڵامێكی دامه‌وه كه ماناكه‌ی شتێكی له‌مجۆره بوو «به‌وه‌دا واقع له‌خۆیدا چه‌قیوه‌و خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه، ئێمه‌ش ناچارین به‌رده‌وام ڕاستییه‌كان دووباره‌بكه‌ینه‌وه تا زۆرتین خه‌ڵك تێدهگهنو شته‌كان ده‌گۆڕێن». دیاره من كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو كه واقع چه‌قیوه، به‌ڵام كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو كه هاوڕێكه‌شم له‌گه‌ڵ واقعدا چه‌قیبوو. من خودی ئه‌و جیاوازییه‌ش له‌چوارچێوه‌ی جیاوازی نێوان تێزی «قوتابی ئه‌به‌دی»و «مامۆستای ئه‌به‌دی»دا ده‌بینمه‌وه، مامۆستای ئه‌به‌دی خۆدووبارهكردنهوهیهكی ئهبهدیشه، له‌كاتێكدا قوتابی ئه‌به‌دی فۆبیایه لهخۆدووبارهكردنهوه. هه‌موو مامۆستاكان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌ده‌ست ده‌ردی وهڕزییو خۆدووبارهكردنهوهوه ده‌ناڵێنن. مرۆڤ گه‌ر بیه‌وێت مامۆستایه‌ك بێت خۆی دووباره نه‌كاته‌وه به‌ده‌ری «ڤیتگنشتاین» ده‌چێت، ده‌بێت هه‌موو وانه‌یه‌ك ماوه‌یه‌كی زۆر بێده‌نگ بێت‌و بیربكاته‌وه. به‌كورتی پرسیاره‌كه ئه‌وه نییه مرۆڤ ئایا قوتابییه‌كی ئه‌به‌دی بێت یان نا؟ به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆن قوتابییه‌كی ئه‌به‌دی بێت؟ ئه‌وه پرسیاره هه‌ره سه‌خته‌كه‌ی ژیانه «لایه‌نی كه‌م پرسیاره هه‌ره سه‌خته‌كه‌ی ژیانی منه».
ڕه‌نگه لێره‌دا جیاوازییه‌كی بچوك له‌نێوان قوتابی‌و كۆیله‌دا بكه‌م. قوتابی به‌بڕوای من ئه‌و كه‌سه‌یه كه هه‌میشه له‌ژێر سیحری پرسیاردایه، له‌كاتێكدا كۆیله یه‌ك وه‌ڵام ئه‌فسونی لێده‌كات‌و ده‌كه‌وێته ژێر سیحرییهوهو واده‌زانێت له‌وێوه ته‌واوی وه‌ڵامه‌كانی ده‌ستده‌كه‌وێت. قوتابی ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌زانێت «هێشتا تێنه‌گه‌یشتووه»، ئه‌م «هێشتا»یه‌ش ئه‌به‌دییه، هه‌میشه‌ییه، شتێك نییه به‌یانی ته‌واو بێت، شتێك نییه لای مامۆستایه‌ك، حه‌كیمێك یان فه‌یله‌سوفێك بگیرسێتهوهو بگاته كۆتایی، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ڕاده‌وه‌ستێت بێئه‌وه‌ی گه‌یشتبێته هیچ وێستگه‌یه‌كی كۆتایی. به‌كورتی قوتابی ئه‌و كه‌سه‌یه كه قوتابخانه‌ی نییه. ئه‌مه به‌و مانایه نییه من دژی قوتابخانه بم، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه قوتابی له‌قوتابخانه ناگاته مه‌قامی قوتابێتی، مه‌قامێك كه به‌بڕوای من مرۆڤ ئه‌و كاته پێیده‌گات كه له‌ناو كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا بمرێت... بمرێت‌و هێشتا ئه‌و كتێبه‌ی نه‌دۆزیبێته‌وه كه بۆی ده‌گه‌ڕێت. مه‌قامی قوتابی هه‌میشه له‌مه‌قامی مامۆستا گه‌وره‌تره. مامۆستا له‌جێگایه‌كی بچوكی مه‌عریفه‌دا گیرده‌خوات، زانیارییه‌ك ده‌گه‌ێنێت، به‌ڵام قوتابی هه‌میشه شتێكی زۆرتری ده‌وێت له‌وه‌ی مامۆستا ده‌توانێت بیبه‌خشێت، مامۆستابوون هه‌میشه ڕۆڵێكی كاتییه، قوتابی ده‌توانێت بۆ ههتاههتایهو له‌هه‌موو جێگایه‌ك قوتابی بێت، به‌ڵام مامۆستا ناتوانێت هه‌میشه مامۆستا بێت. به‌ڵام له‌ڕاستیدا قوتابی ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌زانێت «یه‌ك مامۆستا‌و دوا مامۆستا» بوونی نییه، ده‌زانێت هه‌موو شتێك «پۆتێنسیالیتهیتی فێربوون‌و پرسیار لێكردن‌و وهڵامگیری» تێدایه، وشه‌ی مامۆستا یه‌كسان نییه به‌وشه‌ی ئاغا، به‌وشه‌ی شێخی ته‌ریقه‌ت، به‌ڵكو ساتێكه له‌ساته‌كانی ئاڵوگۆڕی مه‌عریفی، نزیكبوونهوهیهكه له‌فیكری ئه‌ویتر، مامۆستا ئه‌و كه‌سه نییه كه خۆی خۆی ناوده‌نێت مامۆستا، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌ساتێكی دیاریكراودا، له‌به‌رامبه‌ر پرسیارێكی دیاریكراو، ده‌رهه‌ق به‌ئه‌زموونێكی تایبه‌تی من ناویده‌نێم مامۆستا... مامۆستا نازناوێك نییه ئه‌وانی تر بیبه‌خشن به‌كه‌سێك، به‌ڵكو نازناوێكه قوتابی خۆی ده‌یبه‌خشێت به‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت. لێره‌وه په‌یوه‌ندی مامۆستا‌و قوتابی به‌بڕوای من خاڵێكه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی «ئاغا‌و كۆیله»ی هیگڵی، پۆڵه پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، ئه‌نتی تێزه ڕه‌هاو بێ سنتێزهكهیهتی. مامۆستا ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌ژێر هیچ فشارێكدا وه‌ك مامۆستا ناناسرێت، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه بێئه‌وه‌ی به‌دوای دانپیاناندا بگه‌ڕێت، له‌لایه‌ن قوتابییه‌وه وه‌ك مامۆستا ده‌ناسرێت، بۆیه مامۆستای راسته‌قینه زۆرجار ئه‌و كه‌سه‌یه كه نایبینین، ره‌نگه هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئێمه‌شدا نه‌ژی، ره‌نگه لهمێژبێت مردبێت... ئه‌و كه‌سه‌ی قوتابخانه، كۆمه‌ڵگا، زانكۆ وه‌ك مامۆستا به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنن، مامۆستا نین. مامۆستای ڕاسته‌قینه كه‌سێكه مرۆڤ خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێت، سروشتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شی به‌بڕوای من ته‌عبیر له‌وپه‌ڕی ئازادی مرۆڤ ده‌كات، لێره‌وه بۆئه‌وه‌ی ته‌واو ته‌عبیر بێت له‌ئازادی، ته‌عبیر بێت له‌كردارێكی هوشیارو سه‌ربه‌ست ده‌بێت به‌وازهێنان كۆتایی بێت. جیاوازی په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا‌و قوتابی به‌وه له‌په‌یوه‌ندی عاشق‌و مه‌عشوق جیاده‌بێته‌وه، كه مه‌به‌ست تێیدا توانه‌وه نییه له‌ناو یه‌كتردا، به‌ڵكو مه‌به‌ست نزیكبوونه‌وه‌و لێكترازانه. مه‌عشوق ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌سه‌ره‌تادا ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵیدا بگه‌ینه پله‌ی یه‌كگرتنی مه‌حاڵ، واته توانه‌وه له‌ناو یه‌كدا، به‌ڵام په‌یوه‌ندی مامۆستا‌و قوتابی له‌سه‌ره‌تاوه بۆئه‌وه داده‌مه‌زرێت بۆئه‌وه‌ی له‌جێگایه‌كدا كۆتایی بێت‌و بپچڕێت. به‌كورتی مامۆستا به‌شێكی گرنگی خودی منه، یه‌كێ له‌چالاكییه باڵاكانی هه‌ر سوبێكتێك ئه‌وه‌یه كه ده‌توانێت مامۆستای خۆی دروستبكات‌و وازی لێبهێنێت، دۆزینه‌وه‌ی مامۆستا‌و وازلێهێنانی گرنگترین پرۆسه‌ی ژیانی هه‌موو خوێندهوارێكه... به‌بڕوای من مامۆستای باڵا «میتا ـ مامۆستا» «مامۆستایه‌ك هه‌موو مامۆستاكانی تر بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه‌و ڕیزبه‌ندیان بۆبكات» بوونی نییه، به‌ڵكو وشه‌ی مامۆستا ئاماژه‌یه بۆ كه‌سێك كه ئێمه هه‌ڵیده‌بژێرین نه‌وه‌ك ئه‌و ههڵمانببژێرێت، ئێمه بڕیارده‌ده‌ین گوێی لێبگرین، بێئه‌وه‌ی ئه‌و زۆرمان لێبكات یان داوامان لێبكات یان هه‌ر له‌بنه‌ره‌ته‌وه به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه قسه‌بكات.